سه‌ره‌تا / ئه‌زموونی خه‌بات / بە بیانووی بەیاننامەکەی ئەم رۆژانەی بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە

بە بیانووی بەیاننامەکەی ئەم رۆژانەی بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە

زیانەکانی یەکتر قبووڵنەکردن، ئەزموونی خومان و خەڵکی دیکەش

میژوو شتێک نیە جگە لە رووداوەکانی رابوردوو. ئەوەی دوێنێ روویدا ئەمڕۆ رابوردووە و ئەوەش ئەمڕۆ روودەدا سبەێنێ ئەوێتە رابوردوو. ئێمە هەم وەک  نەتەوە و هەم وەک تاکیش، رابوردوویەکی تاڵ، خوێناوی و پڕلە کارەساتمان هەیە. رابوردوویەک کە دژوارە تاکە ساڵێکی لێ پەیدا بکەیت کە رەوتی روولەپێشی کۆمەڵەگای کورد، لە سەر رەیل و رێگای هەموارەوە بووبێت و خوشبەختێیەکی بۆ خەڵکەکەمان بەرهەم هێنابێت.

داگیرکاریی و ژێردەستییەکی ستەمکارانە، لە دژمان پەیڕو کراوە کە هەموو جۆرە تاوانێکی تێدا بەکار هاتووە و گشت قوربانیەکانیشی ئێمە بووین. هاوسا داگیرکەرەکانی کورد جیاوازن لەگەڵ گشت داگیرکەرێکی دیکە. ئەمان زیاتر وەک گورگی هار و ورچی بریندار دەچن. دڵیان پڕ لە قین و کرداریان بەزەیی ناناسێ. لە داپڵۆسین، هەڵدڕین و تەنانەت سەربڕینی ئێمەش ناپرینگێنەوە. تورکەکان خراوتر لە عەرەب و، عەرەبەکان خراوتر لە فارسەکان تاوانیان لە ناو ماڵ، خەڵک و وڵاتی ئێمەدا ئەنجام داوە. بە راستی مرۆڤ سەرسام دەبێت کاتێک چاو لە رابوردووی سەدانساڵەی (ئەگەر نەڵێم هەزارانساڵە) کورد دەکات و ئەبینێ هێشتاش ئەم نەتەوە بە سەر پێوە ماوە.

بێشک یەکێک لە سەبەبە سەرەکییەکانی ژێرچەپۆکمانەوەی کورد، ئەو دڕەندەخووییەی دژمنەکانیەتی. بەڵام هۆیەکی سەرەکی دیکەش خۆخوری، یەکتر قبووڵنەکردن و نەسازانی کوردان لەگەڵ یەکتر بووە.

شەرەفنامە جێ‌بڕواترین کتێبی میژووی کوردە چوونکە، نووسەرەکەی لە لایەک ریشەی لە ناو عەمارەتێکی کوردی دایە و لە لایەکی دیکەوە لە دەربار و ناو قورنگەی دەسەڵاتی داگیرکەرێکی کورددا مەزن بووە. لەم سەرەوە بۆ ئەوسەری ئەم کتێبە بەنرخە، باسی شەڕی نێوان هۆز و خێڵە کوردەکانە لە دژی یەک و لە قازانجی یەکێک لە داگیرکەرانی کورد. هەر خێڵ و سەرۆک هۆزە پەنا بۆ دوژمنێک دەبات تا چەک و پیاوی بداتێ تا بڕوات خێڵ و ئەمارەتێکی تری کوردی بۆ بڕووخێنێ هۆزێکی دیکەی کوردی بۆ دیل و ملکەج بکا.

هاواری “ئەحمەدی خانی” و “حاجی قادری کۆیە” لە دەست ئام ئافەتە گەییشتووەتە عەرش و نووسەرانی دیکەی کوردیش وەک ئەمین زەکی بەگ، کەماڵ مەزهەر، نۆشیروان موستەفا، سادقی شەرەفکەندی و… بە درێژی باسی ئەم ئافەتە گشتگیرەیان بۆ کردووین . نووسەرانی بێگانەش، لە “واسیلی نیکیتین” و “مینورسکی”یەوە بگرە تا، ئێدمونز، میجێرسۆن، مارتین فۆن براونسێن و کریس کۆچرا و… دەستیان لە سەر ئەم ئازارە پڕژانەی کوردان ناوە.

میر و سەرۆک خێڵەکان بە زۆری نەزان و نەخوێندەوار بوون. هاسان و فرە  هەرزان لە داوی دژمن دەکەوتن و ریشەی خویان بۆ دەبڕیەوە. بەڵام زەحمەتە مرۆڤ بتوانێ حاڵی ببێت کە چۆن حیزب و رێکخستنی کوردیش کوێرانە و بێ سڵمینەوە، درێژەی ئەو رێچکە روو لە هەڵدێر و زیانبارەیان گرتەبەر و ئەوە بۆ نزیک حەفتا ساڵیش دەچێت کە ئەم ئامرازە لە رواڵەتدا پێشکەوتووە (حیزب)، لە ماڵ و وڵاتی کورد، عەینی عەشیرەت و خێڵ کار دەکات؟ چۆن حیزب و رێکخستن نەیانتوانیوە ببنە هۆی یەکخستن و لێکنزیک کردنەوەی لایەنە لێک زویر و لێک دوورەکانی ناو کۆمەڵگە؟ 

چۆنە کە تەنانەت کاتێک خەڵکیش یەکریز و یەک هەڵویستن  حیزبەکان ناکۆک، ناتەبا و خەریکی سڕینەوەی فیزیکی و رێسواکردنی سیاسی یەکترن؟ من هیچ گومانێکم نیە کە شەڕی ناوخویی کوردان و هی حیزبان بە تایبەت، چەندین قات زیاتر لە گشت هێرش و فشارەکانی دوژمن زیانی بە بزاڤی ئێمە گەیاندووە و هەر بەو نیسبەتەش لە بایەخ و ئێعتباری ئەم رابوونە رەواویەی کەم کردووەتەوە.

لەمم قۆناخە چارەنووسسازەی ئیستا دا،  وەزعی کوردی رۆژهەڵات و حیزبەکانی لە هەرکات و ساتێکی دیکە خراپترە. لە لایەک لێکدابڕاو و ناسازگارین، لە لایەکی دیکەوە لاواز و بێ کاریگەرین لە سەر سەرجەمی رووداوەکانی کۆمەڵگە. هەر کەسە خوی بە ”مێحوەرێک” ئەزانێ و روو لە خەڵکیش باسی “رۆژهەڵات مێحوەری” دەکات. لە کاتێکدا کوێر و مناڵیش دەزانن کە، بەم وەزعە ناهەموارەی ئیستامانەوە، نەک هەر مێحوەر و ئەنجامدەر، بەڵکوو هەموومان ئامرازێکی هاسانبەکاهاتووی دەستی کەسێکن و هیچی دیکە.

ئەمە ئافەت و بەڵایەکی گەورەیە و من ناوی ئەم بەڵاو ئافاتە ئەنێم “نەخوشی یەکتر قبووڵنەکردن”.من وەک تاکێک دروەستی کورد، نزیک بە دە ساڵ پێش ئیستا، وەک کەسێک کە بەشداریی تاوانی شەڕی یەکترکوشتنی کردووە، دەستم نایە سەر زامی پەترۆکە نەبەستووی شەڕی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات. ئەوەی لە نزیکەوە بینیبووم و بەشداریم تێدا کردبوو هێنامە سەر کاغەز و بڵاویشم کردەوە. ئەو دەمیش وەک ئیستا بڕوام وابوو کە ئێمە بە جێ شاردنەوە و خۆدزینەوە، پیویستە باسی ئەم ئازارە و زیانەکانی بکەین. قبووڵ بکەین کە نەزانانە و نابەرپرسانە درێژەمان بە رێبازی کارەساتباری خێڵ و عەشیرەتەکانی پێش خومان دا و بە دەستی خومان تا ئاستی لێکهەڵوەشان خومان و بزووتنەوەکەمان لاوازکرد. ئازایانە و بەرپرسانە، هەرکەسەمان بەشی خوی تاوانی ئەم کردارە  زیانبارانە هەڵبگرێ و داوای لێبووردنیش لەو خەڵکەی کە زیانمەندی سەرەکیی ئەم هەڵەشە بوونەی ئێمە بوون، بکات.

دوای ئەم دوو هەنگاوە بوێرانانە، تێکڕا دەست لە ملی یەکتر بکەین و وێڕای رێزگرتنی روانگە و بۆچوونی جیاوازی لایەنی هەمبەر، بوون و بەشداری یەکتر لە مەیدانی خەباتی کورددا قبووڵ بکەین، خەتێکی سوور بە سەر ئەم رێڕەوە روو لە هەڵدێرەدا بێنین کە ئێمەی تووشی ئەم ماڵوێرانییە کرد و جووڵانەوە و خەڵکی کورد بخەینە سەر رێبازێ هەستانەوە و پێشخستن.سەیرێکی دەور و بەری خومان کەین. ئێرانییەکان (فارسەکان) هەموو شتێکیان هەیە بۆ ئەوە وڵات و نیشتمانێکی ئازاد و ئاوەدانیان هەبێت. زیاتر لە سەد ساڵە خەریکن دەوڵەت و دەسەڵاتێکی شیاوی مرۆڤ بنیاد بنێن بەڵام هێشتاش لە سەرەتای رێگادان و تاقە هەنگاوێک نەچوونەتە پێش.دوای تێکڕووخانی دەسەڵاتی قاجار بە نیازبوون شازادەیەک بدۆزنەوە، کڵاوی لە سەر نێن و بڵین تاجە!. لە پەنایەوە دەوڵەت،پارلەمان و سیستەمێکی دیموکراتیک دامەزرێنن.

 یەکتر قبووڵ نەکردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەکتر بوو بە ئافات و دایرزاندن. دواتر دیتیان لە مناڵدانی بزاڤی ”مەشرووتە” دا دیکتاتۆرییەکی خوێنڕێژ لە ژێر رێبەری نیزامییەکی بێ ناوو نیشاندا هاتە دەر و گشت ماف و ئازادییەکی لێ زەوت کردن. ٥٠ ساڵ دواتر هەل و دەرفەتیان بۆ رەخسایەوە،  بەڵام دیسان ئافەتی یەکتر قبووڵنەکردن لە گیان و ژیانیان کەوت و ئاکامی خوێن و فرمیسکیان، کۆماری ئیسلامی و مرۆڤخورێکی وەک خومەینی لێ دەرچوو . ئیستاش ٣٥ ساڵ دواتر، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ دواڕۆژیان دیار نیە و کەس نازانێ حکوومەتی دوای ئەم ”هەیولایەی” ئیستایان چە رەنگ و لە چی جنسێک ئەبێت.

دیارە بۆ درێژنەبوونەوەی باسەکە نموونەی ئێران بە کافی ئەزانم دەنا سەدان نموونەی دیکەی هاوچەشن هەن و هەمووشیان مایەی لێفێربوونن کاتی.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی گشتمانە، بە حیزب و تاک و کۆمەڵگامانەوە، لە ئەزموونی تاڵی خومان و خەڵکی دیکەش دەرس وەرگرین و وەک گەل و نەتەوەیەکی خاوەن دەرک و ئاوەز، قبووڵ بکەین کە بیر و بۆچوونی جیاواز تەنیا قازانجی بۆ کۆمەڵگا هەیە و پێچەوانەکەی درێژەدانە بەم کارەساتەی کە هەموو مئژووی ئێمەی ئاخنیوە.

ده‌رباره‌ هه‌ڵوێست

Profile photo of هه‌ڵوێست

ئه‌مه‌ش ببینه‌

لە نیشتمانی کۆڵبەراندا

پاییزی ساڵی ١٩٨١ز، بە نیازی چوونە ناو هێزی پێشمەرگە، خۆم گەیاندە گوندی خنجیلەی (بارەپانە)، کە …

لە یادی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان

  تێبینی ماڵپەڕی هەڵوێست ئەمڕۆ ١٩ی مانگی ٦ زایینی ساڵیادی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەری باشووری …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز