سه‌ره‌تا / كوردستان / كۆمه‌ڵكوژیی / ئەنفال: دەرهاویشتەی ڕەگەزپەرستی، تۆتالیتاری و کولتوری توند و تیژی (بەشی یەکەم)

ئەنفال: دەرهاویشتەی ڕەگەزپەرستی، تۆتالیتاری و کولتوری توند و تیژی (بەشی یەکەم)

تێبینی: کورتەیەکی ئەم وتارە بەر لە ١٥ ساڵ لە کۆنفرانسی ئەنفاڵ لە هەولێر پێشکەش کرا. ئەو دەمە لێکۆڵینەوە و سەرچاوە لە سەر ئەنفال زۆر کەم لە بەردەست بوون. ئەو کارانەی لە کوردستان دەکران نەدەگەیشتنە دەستی ئێمە لە هەندەران و ئەوانەی ئێمەش نەدەگەیشتنە ئەوێ. لە چەند ئەڵقەیەکدا بە بێ دەسکارییەکی ئەوتۆ پێشکەشی هاوڕێیانی خۆشەویستی ئەکەم.           “نووسەر

ئەنفال لە بیری گشتی کوردا هاوتای قڕکردن و تەڤکوژییە. ئەنفال کۆدێکی سەربازییە بۆ ئەو زنجیرە پەلامار و شاڵاوە بەرفراوانانە، کە سوپای وێرانکەری دەوڵەتی بەعس لە ٢٣ شوباتی ١٩٨٨ تا ٦ ئەیلولی هەمان ساڵ لە دژی کوردی ئەنجامیدان، لەو دەڤەرانەی کوردستان کە لە لایەن حکومەتی عیراقەوە بە ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیاندرابوون. ژمارەی شاڵاوەکانی ئەنفال هەشت پەلامار بوون و ناوچەیەکی فراوانی باشوری کوردستانیان گرتەوە. لێکەوتەکانی ئەنفال لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و کولتوری کورد لە ڕادەبەدەر سامناک و ترسناک بوون. شوێنەوار و ئازارەکانی زیندوون، برینەکانی ساڕێژ نابنەوە و یادەوەرییە تاڵەکانی وەک کارەساتێکی نەتەوەیی و کردەوەیەکی بێبەزییانەی ڕژێمی بەعس دەبێت هەمیشە بە زیندوویی ڕابگیرێن. 
پێموایە هێشتا نەمانتوانیوە بە میتۆدێکی زانستییانە و هەمەلایەنە لەم کارەساتە وەک زۆر لە کارەساتەکانی تری مێژوومان بکۆڵینەوە. هەروەها بۆشمان نەلواوە بیکەین بە سەرمایە و کارتێکی گرنگ لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بە باشی بەکاری بێنین بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان و سزادان و ڕووڕەشکردنی دوژمنە سەرسەختەکانمان، کە بەو کردەوە سامناکەیان تاوانیان نەک بەتەنیا دژی گەلی کورد، بەڵکو لە دژی هەموو مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

لێکدانەوەی هەمەلایەنەی شاڵاوەکانی ئەنفال کارێکی پێویستە نەک تەنیا بۆ یادکردنەوەی ئەم کارەساتە سامناکە، بەڵکو گرنگییەکی زانستی و تەنانەت سیاسیشی هەیە بۆ ئەمڕۆ و دوا ڕۆژی دۆزی نەتەوەیی کورد و ڕزگارکردنی کوردستان. 
ئەم باسە بۆ وەڵامدانەوەی پرسێکی سەرکی تەرخان کراوە، ئەویش ئەوەیە: چۆن کردەوەیەکی بەو ئەندازەیە سامناک و ڕەشەکوژییەکی وا توانی لە کۆتایی سەدەی بیستەمیندا ڕوو بدات؟. هەڵبەتە چەندین وردە پرسیار و لق و پۆپی تر لەم پرسیارە سەرەکەییەوە سەرچاوە دەگرن وەک: دەبێت ئەو دید و بۆچوونە هزری و سیاسییانە چی بن کە زەمینەیان بۆ ئەم کردەوەیە خۆش کرد؟، ئەو هێزانەی ڕەشەکوژی ئەنفالیان جێبەجێ کرد چۆن ڕاهێنران و گەیشتنە ئەو بارە دەروونیە کە بەو خوێن ساردییە ئەو هەموو مرۆڤە قەڵاچۆ بکەن؟، ئایە ئەنفال کردەوەیەکی جینۆسایدە؟، ئەی ڕۆڵی کۆمەڵگەی داخراو و تۆقێنراو چی بوو لە بەرهەمهێنانی ئەنفالدا؟، ڕۆڵی مۆدێرنیتە چی بوو لە ئاسانکردنی ئەنجامدانی ئەنفالدا؟. ئەم وتارە ناتوانێت لافی ئەوە لێبدات کە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دەداتەوە. ئەگەر توانیبێتمان تیشکێک بخەینە سەر خاڵە سەرەکییەکانی و هەندێ پرسیار لەم بارەوە بوروژێنین، ئەوا ئەم باسە ئەرکی خۆی بەجێهێناوە. هەموو ئەم پرسیارانە تایبەتن بە ئەوی دی، واتا ئەو لایەنەی ئەنفالی ئەنجامداوە. کە وا بوو من خۆم لەو پرسانە دەبوێرم کە پەیوەندییان بە بارودۆخی سیاسی و سەربازی بزاڤی کورد و شەڕی ئێران و عیراق و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە هەیە، کە تا بڵێی پرسی گرنگن و پەیوەندی زۆریان بە کارەساتی ئەنفالەوە هەیە و پێویستییان بە لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە و قووڵ هەیە بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە لە بارەی ئەم کارەساتە نەتەوەیی و نیشتمانیەوە بخرێتە بەردیدی خوێنەران و پەند لە ڕووداوەکان وەربگیرێت. 

لە ڕێگەی لێکدانەوەی هەندێ لە پرسە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبەوە لە عیراق، کە بەعس نموونە هەرە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکەیەتی، بە تایبەتی لەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەڵوێستی ئەم ناسیۆنالیزمەوە هەیە بەرامبەر بە کورد و دۆز و مافە نەتەوەییەکانی، هەوڵدەدەین چوارچێوەی هزری ئەو ناسیۆنالیزمە دیاری بکەین. وردبوونەوە لەم ژینگە هزرییە گرنگە بۆ ئاشنابوون لە سیاسەتەکانی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد. پرۆسەی کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتی سیاسی، کارگێڕی، ئابوری و ئەمنی لە دەستی عەرەب و لە ناو عەرەبیش لە دەستی کەمینەیەکی سوننەدا پرۆسەیەک بوو لە دامەزراندی دەوڵەتی عیراقەوە دەستیپێکرد. ئەمە ژینگەیەکی سیاسی دژ بە کورد و شیعەی ئەفراندبوو. ڕژێمی سەدام ئەڵقەکانی دەسەڵاتی ئەوەندەی تر تەسک کردەوە بەوەی هەموو پۆستە هەستیارەکان و پلە و پایە باڵاکانی دەوڵەتی لە نێوان ئەندامە نزیکەکانی هۆز و خێزانەکەی خۆی و سوننە عەرەبە دڵسۆزەکانیدا کۆکردەوە و بۆ خۆی لە ترۆپکی ئەو دەسەڵاتەدا پاڵی لێدابووە. ئەمە ئەو ژینگەیە بوو کە ئەنفالی تێدا جێبەجێ کرا. 

وەک هەموو دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری کەمینەی دوور لە خواست و ئارەزووەکانی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوان، دەبوایە لە پێناو مانەوە و دەستگرتن بە سەر هەموو داهاتی عیراقدا پەنا بباتە بەر توندترین شێوازی سەرکوتکردن و سەپاندنی سیستەمی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا. کەش و هەوای تۆقاندن، بێدەنگ کردنی خەڵک و لە نێوبردنی هەموو دەنگێکی جیاواز، چاندنی گومان و بێ متمانەیی لە نێو دانیشتواندا، ئەو ژینگەیە بوو کە کۆمەلگەیەکی لە پەل و پۆ کەوتوو و داخراوی نەخۆشی هێنایە کایەوە. لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال کارێکی ئاسان بوو، چونکە بەعس ڕوو بە ڕووی هیچ کاردانەوەیەک نەبووەوە.  دەزگاکانی دەوڵەت لە سەردەمی بەعسدا گەیشتبوونە هەموو کونج و قوژبنێکی کوردستان. توانای دارایی زۆر و هێزی سەربازی زەبەلاح بە نوێترین ئامراز و ئامێرەکانی چەنگەوە لە بەردەستی حکومەتی بەعسدا بوون. تۆڕی ڕێکخستنەکانی حیزبی، دەزگا ئەمنی و هەواڵگری، چەکداری کرێگرتە و ڕێکخراوی بە ناو جەماوەری لە هەموو کوچە و کۆڵانێکدا ئامادەییان هەبوو. هەموو ئەمانە لە تەک پەیوەندییە توند و تۆڵەکانی ڕژێمی سەدام حوسێندا لە گەڵ بەهێزترین دەولەتەکانی هەردوو بەرەی سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا کارئاسانی تەواویان بۆ ئەنجمادانی تاوانی ئەنفال ڕەخساند. کولتوری توند و تیژی لە عیراقدا مێژووییەکی دێرینی هەیە و لە مێژووی هاوچەرخدا لە ساڵی ١٩٥٨ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیدەسەند. هەموو هێزە سیاسییەکان هەریەکەیان بە پێی پێگە و بەرپرسیارێتییەکانی ڕۆڵی لەمەدا هەبوو و کەسیان ناتوانن خۆیانی لێ بدزنەوە. هەڵبەتە بەعس زیاتر لە هەموو سیاسییەکان دەستی بە خوێنی نەیارەکانی سوور بوو، لەو کاتەشەوە کە دەسەڵاتی گرتە دەست هەموو سنوورەکانی بەزاند و هێزێکی تۆقێنەری وای هێناوە کایەوە کە ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵبجە و وێرانکردنی کوردستانی ئەنجامدا.

ده‌رباره‌ دکتۆر جەبار قادر

Profile photo of دکتۆر جەبار قادر

ئه‌مه‌ش ببینه‌

هارپ چییە؟

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەگەرچی لە سەر “پڕۆژەی یونسوفیربە فڕێکانسی هەرەژوور” ناسراو بە ” هاڕپ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز