سه‌ره‌تا / كوردستان / كۆمه‌ڵكوژیی / ئەنفال: دەرهاویشتەی ڕەگەزپەرستی، تۆتالیتاری و کولتوری توند و تیژی (بەشی دوەم)

ئەنفال: دەرهاویشتەی ڕەگەزپەرستی، تۆتالیتاری و کولتوری توند و تیژی (بەشی دوەم)

بۆ ئەوەی لە کێشەیەک بە شێوەیەکی زانستی بکۆڵینەوە پێویستمان بە ڕێکەوتن هەیە لە سەر چەمک، زاراوە و دەستەواژەکان و دیاریکردنی چوارچیوەکەی. بەر لە هەر شتێک دەبێت پێناسەیەکمان بۆ ئەنفال هەبێت و هەموومان لە سەری ڕێکبکەوین. ئایە ئەنفال تەنها ئۆپەراسیؤنێکی سەربازی بوو، وەک دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەعس بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی وێنایان ئەکرد و بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد گوایە لە دژی “دوژمنی ئێرانی و دەست و پێوەندەکانی لە باکوری وڵات سوپای قادسیە” جێبەجێی ئەکات؟. یا کردەوەیەکی ڕەشەکوژی بوو لە دژی کورد لە ژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ دوژمنی دەرەوەدا؟.

دەستەواژەی ئۆپەراسیۆن بە وتەی توێژەری ناوداری عیراقی فالح عبدالجبار زاراوەیەکی بێلایەنە، لە جێگەی خۆیدا نیە و ناگونجێت بۆ پێناسەی دایکی تاوانەکان. ئەم دەستەواژەیە بە خشکەیی و بەبێ ئاگایانە خزاوەتە نێو گوتاری سیاسی و ئەدەبیات و ڕۆژنامەوانی کوردەوە. هەر ئەو نووسەرە عەرەبە داوامان لێدەکات ناوێکی تر لە شاڵاوەکانی ئەنفال بنێین کە دڕندەیی و هۆڤێتی کردەوەکە دەخاتە ڕوو لە چەشنی قەڵاچۆکردن، ڕەشەکوژی، قڕکردن، کوشتارگەکانی ئەنفال، ڕەشە ئەنفال یا ئەنفالە غەمگینەکان(١).

ئەنفال بۆ کورد کارەساتێکی نەتەوەیی سامناک بوو کە پێموایە هەموو کردەوەکانی قەڵاچۆکردن، ڕەشەکوژی، تاڵانکردن، بەکۆیلەکردن، تێکدان و وێرانکردنی کوردستان سەردەێڕ و ناونیشانە ترسناک و درشتەکانی بوون. بۆیەکا لە جێگەی خۆیدایە یەکێ لەو دەستواژانە بەکار بێنین و دەست لە زاراوەی بێلایەنی ئۆپەراسیۆن (عملیات)هەڵگرین.

پرسێکی تری گرنگی پێناسەکردنی ئەنفال و دیاریکردنی چوارچیوە و دەستەواژەکانی پەیوەندی بە چەمکی جینۆسایدەوە هەیە. لێکدانەوەی تاوانی ئەنفال لە بەر ڕۆشنایی قانونی نێودەوڵەتی کاری قانونزانانە و من ئەوەندە ئاماژەی پێدەکەم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەم باسەوە هەیە و ئەو پەیوەنەدییە ڕوون ئەکاتەوە.

ڕافائیل لیمکین Raphael Lemkin، کە جوویەکی پۆڵۆنی و بە پیشە پارێزەر بوو، لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ یەکەمین جار لە کۆنفرانسێکدا لە مەدرید ئاماژەی بە وشەی جینۆسایدی کردووە و بە نووسینیش لە ساڵی ١٩٤٤ بەکاریهێناوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پێش ئەوەی لیمکین ئەم دەستەواژەیە بەکاربێنێت کردەوەی کوشتار و جینۆساید ڕوویاننەداوە. بە درێژایی مێژوو مرۆڤەکان یەکیان کوشتووە، هۆز و خێلەکان ڕەشەکوژییان لە دژی یەک ئەنجامداوە، یەکتریان کۆیلە کردووە، ماڵ و حاڵی یەکیان بە تاڵان بردووە. لە سەدەی بیستەمیندا، لە دوای کوشتاری ئەرمەنەکان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و ڕەشەکوژییەکانی شەڕی دووەمی جیهانی، زۆر پێویستی بەوە هەبوو ئەم کوشتار و قڕکردنانە ناویان لێ بنرێت و پێناسەی دروستیان بۆ بدۆزرێتەوە. واتا جینۆساید دەستەواژەیەکی نوێ بوو بۆ کردەوەگەلێک کە بە هەزاران جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دووبارە بوونەتەوە.

جینۆساید لە لێکدانی دوو وشەوە پێکهاتۆتە ، جینۆ (Genoss) وشەیەکی یۆنانییە کە ڕەگەز، ڕەچەڵەک یا هۆز ئەگەیەنێت، و (cide) وشەیەکی لاتینییە بە واتای فەوتاندن و لە ناوبردن دێت. بە لێکدانی هەردوو وشەکە جینۆساید واتای قەڵاچۆکردنی گەلێک یا گروپێکی ئەتنیکی دەگەیەنێت (٢).

لە بەر ڕۆشنایی ئەو پێوەرانەی لە (پەیماننامەی پێشگرتن و سزادانی تاوانکاریی جینۆساید)، کە لە  ٩دیسەمبەری ١٩٤٨ لە لایەن جڤاتی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بڕیاڕێکی تایبەت لە ژێر ژمارە (260 a) بڵاوکرایەوە، دەتوانین ئەنفال وەک کردەوەیەکی جینۆساید پێناسە بکەین. لە مادەی دووەمی ئەم پەیماننامەیە بەم شێوەیە باس لە جینۆساید کراوە (لەم پەیماننامەیە جینۆساید هەموو ئەم کردەوانەی خوارەوە دەگرێتەوە، کە بە مەبەستی لە نێوبردنی تەواوی یا بەشێک لە گروپێکی نەتەوەیی، ئەتنیکی، ڕەگەزی یا ئاینی ئەنجام دەدرێن:

a: کوشتنی ئەندامانی گروپەکە.

b: گەیاندنی زیانی گیانی یا ڕۆحی ترسناک بە ئەندامانی گروپەکە.

c: دانانی ئەندامانی گروپەکە بە مەبەست لە ژێر بارو دۆخێکی وادا کە دەبێتە هۆی فەوتانی بەشێک یا تەواوی گروپەکە.

d: پێشگرتن بە زاوزێ کردن لە نێو گروپەکەدا.

e: گواستنەوەی بە زۆری منداڵانی گروپەکە بۆ لای گروپێکی تر(٣).

حکومەتی عیراق و دەزگا سەربازی، ئەمنی و مەدەنییەکانی هەموو ئەو خاڵانەیان، کە لەو مادەیەدا ئاماژەیان پێکراوە لە دژی کورد لە کاتی ئەنفالەکاندا، ئەنجامداوە. بەر لە ئەنفال و دواتریش حکومەتی بەعس گەلی تاوانی تری لە دژی گەلی کورد ئەنجامداوە وەک سیاسەتی پاکتاوی نژادی و بەعەرەبکردن، ڕاگوێزانی زۆرەملێ، تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابوری …تاد. هەموو ئەمانەش دەچنە چوارچیوەی جینۆسایدەوە، بەڵام لە خانەکانی تریدا وەک ئیتنۆ- ساید، کولتورۆساید و جینۆسایدی ژینگەیی و گەلێکی تر.

زۆربەی ئەوانەی لەم تاوانەی بەعس کۆڵیونەتەوە لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەنفالەکان کردەوەیەکی جینۆسایدە، تەنانەت ناوەندێکی بەناوبانگی مافی مرۆڤی وەک”هیومان ڕایتس ۆچ Human Rights Watch “ ناونیشانی جینۆسایدی هەڵبژاردووە بۆ ئەو کتێبەی لەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال بڵاویکردەوە. ئەم کتێبە بەرهەمی لێکۆلێنەوەی توێژەرانی ئەم ڕێکخراوە بوو لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەتی عیراق(٤).

پەڕاوێز و سەرچاوەکان:

  1. بڕوانە گۆڤاری “ئەنفال”، ژمارە ١، سلێمانی ٢٠٠٠، ل ١٧٩ – ١٨٠.
  2. Grant, R.G, Praten Over Genocide, ver. Uit. Engels, 2000, PP. 2-4.
  3. بۆ دەقی پەیماننامەکە بڕوانە:

Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, UN documents 1948, P.41.

هەروەها بڕوانە: دکتۆر مارف عومەر گوڵ، جینۆسایدی گەلی کورد لە بەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا،

ئەمستەردام ١٩٩٧، ل. ١٥

  1. Genocide in Iraq: The Anfal Campaign against the Kurds, A division of Middle East, Human Rights Watch, New York 1993.

شایانی باسە ئەم کتێبە کراوە بە کوردی و عەرەبیش. بۆ چاپە کوردییەکەی بڕوانە:

عیراق و تاوانی جینۆساید- شاڵاوی ئەنفال دژی کورد، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ/ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جمال میرزا عزیز کردوویە بە کوردی، بەڕلین ٢٠٠٠.

ده‌رباره‌ دکتۆر جەبار قادر

Profile photo of دکتۆر جەبار قادر

ئه‌مه‌ش ببینه‌

هارپ چییە؟

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەگەرچی لە سەر “پڕۆژەی یونسوفیربە فڕێکانسی هەرەژوور” ناسراو بە ” هاڕپ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز