دیزاینی پێشوو    نووسه‌ران   ‌  سیاسی     نه‌ته‌وه‌یی     دێموکراسی     ئه‌زمونی‌خه‌بات     هـونــه‌ر     تـه‌نــز     وتووێژ     فارسی     پێوه‌ندی   

 

 

دەستە سەرەتاییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قەندیل دەگیرسێنەوە

لڤین:

لە ناوەڕاستی مانگی مارسی رابوردوودا لە سنگی چیاکانی قەندیلدا، دوو گروپی سیاسیی خۆرهەڵاتی کوردستان، پرۆتۆکۆلێکی مێژوویی یەکگرتنیان ئیمزا کرد کە شایانی ئەوەیە هەڵوەستەی لە سەر بکرێت.

ئەم یەکگرتنە هەرچەند لەم بڕگە مێژووییەدا بە بچوک دەربکەوێ، بەڵام لە ناوەرۆکی خۆیدا گەلێک واتا هەڵدەگرێت.

سەرباری ئەوەی میدیاکانی لای خۆمان سەرنجی ئەم هەنگاوە بەراییانەیان نەدا کە بە ئاراستەی دەستپێکردنی لاپەڕیەکی نوێ لە مێژووی بزاڤی رزگاری نیشتمانیی کوردستانیدا دەڕوات، دیسان گەرای مقاوەمەیەکی چەکداریی تازەیە کە لە قەندیل دادەنرێت و پێدەچێ ئەوەندە نەخایەنێ کە بە هەموو لایەکی خۆرهەڵاتی نیشتمانەکەماندا بڵاوببێتەوە.

خۆی هەنگاوە مێژووییە گەورەکان لە سەرەتادا نادیارن و وەبەرچاو ناکەون. ئەوەندەش لە کپیدا بەڕێوەدەچن کە سەرەنجی سەرەنجدەران راناکێشن. پاشان لە چەند بڕگەیەکی تردا کاتێک گەرا داخراوەکان گیان دەگرن و بە کون و قوژبنەکاندا وەردەبن و لە بواری ژیان دەگەڕێن، ئەوسا دەردەکەوێ کە ئەو هەنگاوە بەراییانە، مانای وەرگۆڕانێکیان لە خۆ گرتووە.

 

دوو گروپی سیاسی یەکدەگرن

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان_ رەوتی یەکگرتنەوە لە گەڵ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان لە زنجیرە چیاکانی قەندیلی گەورەدا کۆبوونەوەکانی یەکگرتنیان دەستپێکرد. ئەم کۆبوونەوانە بە ئارمانجی بە یەکبوونی ئەم دوو گروپە هاتەکایەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان_ رەوتی یەکگرتنەوە لە ساڵی 2008 لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیابووەوە. ئەم باڵەی خانەوادەی کۆمەڵە، لە رووی بیروبۆچوونی سیاسیەوە رادیکاڵەو هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجی داگیرساندنەوەی کوانووەکانی خۆڕاگری لە خۆرهەڵاتی کوردستان پێناسەی سیاسی بۆ خۆی دۆزییەوە. هەروەها پێ لە سەر ئەوە دادەگرێ کە مقاوەمەی چەکداری دەستپێبکاتەوەو ستراتیژی سەربەخۆییش هەڵبگرێت.

کۆمەڵە_ رەوتی یەکگرتنەوە لە دژی شێوازی کەمپ نشینی گروپە سیاسییەکانی خۆرهەلاتی کوردستان بوو. بۆیە لە دەرەتانێک دەگەڕا هەتاوەکو بتوانێ لە شوێن و کاتی گونجاودا مەشخەڵی خۆڕاگری چەکداری هەڵبکاتەوە. بۆیە لە ئەنجامی دانوستاندن لە گەڵ (پ.ک.ک) ئەم باڵەی کۆمەڵە خۆی گواستەوە بۆ زنجیرە شاخەکانی قەندیل.

عەبدۆڵا کۆنەپۆشی و سەبری بەهمەنی و ژمارەیەک لەو کادرانەی کە بەرەو قەندیل بەرێکەوتن، لە قەندیل بە هەماهەنگی لە گەڵ (پ.ک.ک) سەرلە نوێ کەمپی خۆیان لە قەندیل رێکخستەوە. ئەو رەوتەی کۆمەڵە سەرباری ئەوەی لە لایەن باڵەکانی تری کۆمەڵەوە بە زەندیق ناوزەدکران، دیسان بە هۆی کادرو کارەکانیانەوە توانییان بوونی خۆیان بسەلمێنن. لە زڕگوێز لە ناوچەی سلێمانی چادرەکانیان خرایە کۆنترۆڵەوە. هەروەها تووشی گیروگرفتی هاتوچۆو ئەمنی بوونەوە. ئەمەش وای لێکردن هەتاوەکو پتر خۆیان بخزێننە شاخەکانەوە.

ئەم رەوتە لە رووی بیروباوەڕی فیکری _ سیاسیەوە هەرچەندە نەیتوانی شتێکی جیاواز بخاتە روو یا خود هەڵگری تێزو تیۆرێکی تایبەت و جیاواز بێت، بەڵام لە رووی پراکتیکەوە توانیی کۆتایی بە قۆناغی ئاوارەنشینی لە باشووری کوردستان بهێنێت.

هەندێک لە شارەزایانی کاروباری کۆمەڵە پێیانوایە ئەم چوونە شاخەی کۆمەڵە_ رەوتی یەکگرتنەوە بۆنی وەرگۆڕانێکی نوێی لێدێت.هەتا وای لێکدەدەنەوە کە ئەم پارتیزانانە کە بە هاوکاریی (پ.ک.ک) لە قەندیل گیرساونەتەوە، ئەو دەستە چەکدارە بەراییانە بن کە مۆری خۆیان لە تۆمارکردنی قۆناغێکی نوێ دەدەن.

لە بەرانبەر ئەمەدا رەوتەکانی تری کۆمەڵە پێیانوایە ئەمانە هیچ مافێکیان بە سەر هەڵگرتنی ناوی کۆمەڵەوە نەماوەو بە تەواوەتی بوونەتە داردەستی (پ.ک.ک). واتا پێیانوایە کە ئەمانە زیاتر لەوەی سەر بە میراتی کۆمەڵە بن، ئیتر بە بەشێک لە میراتی (پ.ک.ک) بوون و ناشتوانن لە سەر کەلەپوری سیاسی و جەماوەریی کۆمەڵە سەرمایەگوزاری بکەن.

ئەوەندەی خۆیان دەڵێن ئەوان وابەستەی (پ.ک.ک) نین و بێ مەرج یارمەتیی لۆجستیی لێوەردەگرن و نەک (پ.ک.ک) رێی مقاوەمەی لێنەگرتوون، بەڵکو بۆ دەستپێکردنەوەی مقاوەمەیەکی رەوا پشتیوانییان دەکات.

(پ.ک.ک) لە بواری رەسمییەوە زۆر خۆی لە قەرەی ئەم بابەتە نادات، چونکە نە ئەوەندە پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن کە رۆڵی pjak کاڵبکەنەوە، نە ئەوەندەش حەزیان لەوەیە کە لە بەر ناوهێنانی ئەمان ئەو تاڵە ناسکەی

 

پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران بپچڕێنن.

(پ.ک.ک) خۆی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانی هەیە، هەرکات بیەوێ ئەوە قەیرانی کاتی لە گەڵ ئێران دروست دەکات. ئەوجا ئێران دەکێشێتە ناو دیالۆگەوەو ئیمتیازی پێویستی لێوەردەگرێت. بۆیە سەردەمێک کە ئەمریکا بە شێوەی نهێنی پشتیوانی لە چالاکیەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان(باڵی سەربازی پ.ک.ک) دەکرد، ئەوە (پ.ک.ک) بواری بۆ PJAK خۆشکردبوو کە لە خۆرهەڵاتی کوردستان هەر لە داڵەهۆوە هەتاکو چیای ئاگری چالاکی ئەنجامبدات.

دوای ئەوەی ئەمریکا ناوی PJAK یشی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەوسا (پ.ک.ک) چالاکیەکانی ئەم هێزەی بەشێوەی رێژەیی و بەروەخت کز کرد. بۆیە لەم ساتەوەختەدا کە (پ.ک.ک) بۆخۆی لە باکووری کوردستان رووبەرووی شەڕێکی بێئامان بووەتەوە، ئەوەندە حەز لەوە ناکات کە دواهەمین تاڵی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران بپسێنێت. واتا بە بێدەنگی پشتیوانی لەم باڵەی کۆمەڵە دەکات.

 

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

ئەم پارتە لە ساڵی 2008ەوە لە ئیسکاندیناڤیا سەریهەڵداوە. خۆی بەرهەمی قەیرانەکانی ناو کۆمەڵەیە. ئەمانە بە تەمای ئەوە بوون کە ئەو بەشەی کۆمەڵە کە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیادەبنەوە، بە یەکجاری واز لە میراتی چەپی خۆرهەڵاتی بهێنن و بڕۆنە ناو چەپی ناوەڕاستەوە. بۆیە لە ئەنجامی کێشەی فیکری_ سیاسی و رێکخستەییان هەوڵی ئەوەیان دا کە خۆیان پارتێکی نوێ بنیاتبنێن و بە ئەندامی خانەوادەی سۆسیال دیموکرات ببن. بۆ ئەمەش لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی ناوخۆیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیان بنیاتنا. ئەم پارتە هەرچەند لە تاراوگە لە دایکبوون، بەڵام دامەزرێنەرانی هەمیشە لە بیری ئەوەدا بوون کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بگەڕێًنەوە ناو وڵات. کاتێک رەوتی یەکگرتنەوە رووی لە شاخەکانی قەندیل کرد، دەستبەجێ لە نێوان هەردوولایاندا پەیوەندی و دیدار هاتەکایەوە.

لە ساڵی 2009ەوە ئەم پەیوەندییانە ئاراستەی جدیتری وەرگرت. ئەوسا بیرۆکەی هاوپەیمانی لە نێوانیان هاتەئاراوە. لە زستانی ئەمساڵدا ئەو کاتەی کە شاندێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گەڕایەوە بۆ باشووری کوردستان، دەستبەجێ بەرەو ناوچەی قەڵاتوکانی قەندیل بەرێکەوتن. ئەم شاندە کە پێشتر هەماهەنگی بۆ کرا بوو، لەوێ لە لایەن رەوتی یەکگرتنەوەوە پێشوازیی لێکرا. پاشان گفتگۆکانی یەکگرتن لە نێوانیان دەستیپێکرد. لە مانگی شوباتەوە ئەم دانوستاندنە ئاراستەی جدیی بە خۆیەوە وەرگرت. لە کوتایی شوباتدا هەردوولا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا مژدەی ئەوەیان بە کۆمەڵانی خەڵک دا کە بە زووترین کات یەکدەگرن و بزاڤێکی سیاسی تازە پێکەوەدەنێن.

لە ئەنجامی ئەم زنجیرە کۆبوونەوانەدا لە دەروبەری نەورۆزی ئەمساڵدا هەدوولا سەرەنجام دوابەیاننامەی ئاکامی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشەیان بۆ رای گشتی بڵاو کردەوەو یەکگرتنی خۆیان راگەیاند.

سەنتێزی کۆمەڵە_ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

لە ئاکامی کۆبوونەوە هاوبەشەکانیاندا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان_ رەوتی یەکگرتنەوە و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە سەر ئەوە ساغ بوونەوە کە کۆمەڵە_پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێکەوە بنێن.

ئیتر لەوساوەوە ئەم ناوە تازەیە بووتە شوناسنامەی هاوبەشی هەردوو لایەنەکەی پێشووتر. ئەوەی لەم یەکگرتنەوەیەدا سەرنجمان رادەکێشێ بریتیە لەوەی کە بەرەو ئەوە دەڕۆن کە دیاردەیەکی نوێ بنیاتبنێن.

ئەم جیاوازییەش کە سەرنجی ئێمەی راکێشاوە، ئەوەیە کە هەردوولا تێگەیشتوون پێویستە هەوڵی پێکەوەنانی رەوت و بزاڤێکی نوێتر بدرێت. ئەگەر سەیری مێژووی نوێی بزاڤی رزگاری نەتەوەیی کوردستان لە باشوور بکەین، دەزانین کە نمونەی ئەمە گەلێک بووە. کاتێک لە ساڵی 1964 پارتی دیموکراتی کوردستان دووپارچە بوو، ئەو باڵەی کە جیابوونەوە، خۆیان لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان مەکتەبی سیاسیدا رێکخست. سەرباری ئەوەی ئەم بەشە لە پشتیوانی حکومەتی ئەوسای عێراقیش بەهرەمەند بوون دیسان هەمیشە قەیرانی رەوایی و شوناسنامەی هەبووە. واتە پڕۆژەکەیان سەرینەگرت و بەو شێوە شایستەیە نەیانتوانی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان خەبات بکەن.

بەڵام ئەوەی لە ساڵی 1965دا نەکرا، لە ساڵی 1975دا بە هێزەوە کرا. بۆچی؟ چوونکە ئەمجارەیان ئەوانەی کە پێشتر بە هەمان ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خەباتیان دەکرد، لە ساڵی 1975ەوە هاتن و ناوو شوناسنامەیەکی تازەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوو دەستیان بۆ چەک بردو لە گۆڕەپانی مقاوەمەی چەکداریدا دەرکەوتن و بە رێبازێکی تازەوە دەستیان بە خەبات کرد. لە لایەکی تریشەوە لە نەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەمان توانیان درێژە بە خەباتی رزگاریی نەتەوەیی بدەن. ئەمەش وای لێکردن کە زوو ببنە هێزێکی وەها کە لە تەرازووی هێزەکانی ناوچەکەدا حسابیان بۆ بکرێت.

باشە گەلۆ بۆچی ئەوەی لە 1965 کردیان نەیگرت، کەچی لە ساڵی 1975 سەری گرت؟ پێموابێ تاڕادەیەک پێوەندی بە دوو هۆی باسکراوی سەرەوە هەبێت. واتا لە لایەک بە شوناسنامەو رێبازێکی تازەو جیاوازەوە هاتنە مەیدان، لە لایەکی تریشەوە غیابی سیاسی و سەربازی (پ.د.ک) زەمینەی گەشە کردنی لەپڕی ئەم هێزە نوێیەی خۆش کرد. هەندێک لە شارەزایانی خۆرهەڵاتی کوردستان پێیان وایە ئەگەر ئەم جیابوونەوانەی کە لە ناو بزاڤی سیاسی ئەو بەشەی کوردستاندا روودەدەن، بەناوو شوناسنامەو پراتیکێکی سیاسی نوێیەوە بکرێن، ئەوە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی بزاڤی نوێ.

کێشەکەیان ئەوەیە کە ئێستا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پارچە بووە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پارچە بووە. پارتی ئازادی کوردستان پارچە بووەو تەنانەت خەباتیش لەمەبەدەر نەبووە.

جا لەبەر ئەوەی پراتیکی سیاسی و سەربازی لە گۆڕێ نییەو هەموو ئەو گروپانەش لە دۆخی ئاوارەنشینیدان بۆیە ناتوانن قەیرانی شوناسی سیاسیان چارەسەر بکەن. بۆیە هەموویان هەوڵدەدەن بە هەمان ناوی پێشووەوە کار بکەن. رەوشەکە تەنیا بەوەوە ناوەستێ، بەڵکو هەرلایەو بۆ ئەوەی رەوایی زیاتر بە خۆی ببەخشێت، هەوڵدەدات کە کەڵک لە هێماو سیمبۆلەکانی رابردوو وەربگرێت. ئەم رەوشە ئەوەندە بەرەو کۆمیک بوون رۆیشتووەو ئەوەندە قەیرانی رەوایی هەیە کە دەستیان بۆ پڕوپیرێژن و کەس وکاری سەرکردەکانی رابردووشیان درێژ کردووە!

ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا خەباتی شۆڕشگێڕانە(لەبەر ئەوەی ئەم پارتانە ئێستا ناتوانن بە شێوەی قانونی لە ئێران بخەبتن)و ئامادە بوون لە ناو خاک و خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان دەتوانێ رەواییان پێببەخشێت نەک کۆمەڵێک پاشماوەو پڕوپیرێژنی پەککەوتوو لە ئەرووپا.

بۆیە ئەوەی دەکرێت تا رادەیەک بە دیاردەیەکی تازەی لە قەڵەم بدەین ئەمەیە کە ئەمان بە ناوێکی تازەوە هاتوونەتە مەیدان جگەلەوەش بڕیاری دەستپێکردنی مقاوەمەیەکی چەکداریان داوە. ئەم دوو تایبەتمەندیە بۆی هەیە کە ئەم رەوتە تازەیە گەشە پێبدات.

 

هێزی پێشمەرگەی کوردستان

یەکێکیتر لە تازەگەریەکانی ئەم بزاڤە ساوایە کە لە قەندیل لە دایک بووە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەست بە مقاوەمە بکەنەوە، رێکخستەو ئۆرگانێکی تایبەتیان بە ناوی "هێزی پێشمەرگەی کوردستان" پێکەوە ناوە. ئەم هێزە هەرچەند ئێستا لە سەرەتای خۆیدایە، بەڵام ئەگەر بێت و بە وردی کاری بۆ بکرێت و لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان پەرەبە بزاوتنی چەکدارانەی بدرێت، ئەوە بۆی هەیە گەشە بکات. راستیەکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی لە سەر میراتی لەشکری پێشمەرگەی کوردستان دامەزراوە کە پێشتر باڵی سەربازی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان- رەوتی یەکگرتنەوە بووە. ئەو لەشکرە ژمارەیەکی یەکجار کەمی ئەندامی هەبوو، بەڵام بە شێوەی نیوەچڵیش بووبێت لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان ئامادەیی رێژەیی هەبوو. جگە لەوەش لە چەند کات و شوێندا چالاکیان ئەنجام داوە تەنانەت ژمارەیەک کوژراویشیان هەبوو. بۆیە بە هاوکاری کردنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەردووکیان ئۆرگانی سەربازی سەربە (پ.ک.ک)ن، بۆی هەیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بتوانێت خۆی رێکخات. ئەوەشی لێرە گرینگە ئاماژەی پێبکەین ئەمەیە کە ئەم هێزە لە ماوەی ئەم دووساڵەی رابردوودا بە پێی نەریتی گەریلایی وسەربازی (پ.ک.ک) بارهێنراون. ئەمەش وادەکات کە پێشمەرگەکانی ئەو هێزە لە باتی ئەوەی بێنەناو کەمپە داخراوەکانی باشوری کوردستانەوە، بەردەوام لە ناو سنورەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بمێننەوە.

ئەگەر ئەم ئامانجە بێتەدی، دوور نییە ئەم هێزە بتوانێ کوانووەکانی مقاوەمەی چەکداریی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان دابگیرسێنێتەوە.

سەرچاوە: ژمارە 125ی گۆڤاری لڤین

 


بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه‌ و بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، له‌م فۆرمه‌ که‌لک وه‌رگره‌

  ناو :

  ئیمه‌یل :

 ئیمه‌یله‌که‌ت ده‌پارێزرێت

 ناوی بابه‌ت*:

 ڕا و بۆچوون:

* -  ناوی ئه‌م بابه‌ته‌ یا نووسه‌ره‌که‌ی بنووسه‌

هه‌ر کۆمێنتێک ئادره‌س ئیمه‌یلی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، بایه‌خی پێ‌نادرێت

 

 

 

 

هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت          Copyright © 2004-2010               Helwist.com