سه‌رپه‌ڕ   نووسه‌ران   ‌  سیاسی    ئه‌زمونی‌خه‌بات     هـونــه‌ر     تـه‌نــز     وتووێژ     فارسی     پێوه‌ندی   

 

                        

 

دڵم باڵندەیەکی سپی پۆشە

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

1        

گوڵی دڵم دەنکە هەنارێکی سوورە

بۆهەمیشە پێ دەکەنێ

باڵندەیەکی سپی پۆشی بەربەیانە

شعر لەباوەشیا هەڵئەگرێ

گوڵی دڵم تریفەی

بای بارانی بەهاران و

قوڵپی خوێناوی هاوین و

پرچی شەوانی پایزو

کلوەبەفری زستانێکە

چواروەرزی ساڵ خۆشەویستی

تیا گەورە ئەبێ

2

ئاوێنەی هەتاوی رووتم هێناو

وەکوو گۆزەیەکی دەستی کیژۆڵەیەکی سەرکانی

لەبەردەمیدا راوەستام

رەنگ و روخساری خەیاڵی خۆمم

لەژوورەکەمدا نەدیبوو

کراسێکی باخچەی دڵت پێدام 

لەبەرم کرد

کراسی و گوڵ گوڵی جوانم

لەژیانمدا نەپۆشی بوو

کاتێکیش ماچێکت دامێ

بووم بەتاسەو هەناسەیەکی خەم رەوێن

هەرگیز شعرم نەنووسی بوو

3

گەر شعر حەرفی ووشەکانی

ماڵئاوایی لێ کردم و ،بەجێی هێشتم

گەرستران باوەشی بۆنەکردمەوە

باڵندەی رەزەکان هەڵنەفڕین و 

نۆتەی مۆسیقای مۆسیقارێک و 

تابلۆ جوانەکانی دەستی نیگارکێشێک

سەراسیمەی نەکردم

ئەو رۆژە دڵم دەبێتە وێرانەو

منیش ئەمرم

4

پایزدێت و خەیاڵی وەرزی تەمەنی

گەڵاکانی دەنوسَتەوە

دڵم دەبێتە هێلانەو

ئازارێک دەگێڕتەوە

ئەوە وەرزی نیشتمانە

باڵای لەهەمووان جوانترە

بەردەوام نمەی باران

سەروقژی ئەشواتەوە

لقەکانی لەدەستی بەفر دەچێ

رەنگی زەردی لەنێو دڵماندایەو

تەمەنی هەڵوەرینی لەمن دەچێ

5

لەسوچێکی  ئەم تەمەنە ناکامەدا

 هەریەکەمان جیاواز دەژین

هەندێ سەرکردەو،هەندێ کۆیلە و

هەندێ عاشق،هەندێ ئازادیخواز

کەمردیشین

دادپەروەرو یەکسانی خواز

6

قەڵەمەکانم چوون یەک نین

هەندێکیان بۆباخچەی جوانی

هەندێکیان بۆشەوچەرەی شەوانی زستان

هەندێکیشیان کورت ئەنوسن

بۆبیرەوەری و بەجێماوو

شەقەی باڵی چرکەی نائومێدی و

هەندێکیشیان هێندە گەورەن

بەقەد گەورەیی سنگی ئاو

بەقەد وەرزی پڕ تەموومژ

هەناسەی دەشت و رووباری خۆڕو

تاریکی هەتاو

7

ئەوکاتانەی شعرێکت بۆئەنووسم

هەندێ جار شەو کۆتایی نایەو

هەندێ جاریش رۆژی تەزیوو

کەباس لەعەشقت دەکەم

تیشکی خۆر جێم ناهێڵێ

کەباسی زیزبوونت دەکەم

مانگەشەو ئەبێ بەهاودەم و جێ ناهێڵێ

جێم ناهێڵێ

8

وەرە بۆلام

هەمیشە بەبەرچنەی هەژارانەوە وەرە

وەک شەقامێکی راستەرێ

وەک پەیڤێکی سپێدەباش و بەجەرگ وەرە

وەرە وەک خوێندنی گمەی کۆتر

وەک شەونمی چرایەکی داگیرساو

وەک شەپۆلێکی هێمن و

سنەوبەرێکی باڵابەرزو

شاسۆیەکی پێشەنگ

وەک شەونمی بەربەیان وەرە

9

ئەوکاتانەی هاژەدێت و

ئەبی بەروبارێکی سەرشێت

بەرێگاو بانی عەشقا وەرەو

رووبکەرە دەریایی چاوانم

بمدەرە بەر شەپۆلەکانت

قژم پرکە لە بێ گەردی بەرفراوانت

رقی دڵم پاکژپاکژبشۆرەوە

تێکەڵی کە بەروناکی  هەتاوت

10

تیشکی تەڕی نیگاکانت

روخساری شەپۆلی دەریایە

خۆشەویستی لەناودڵ و  لەدەستمایە

سحری شەوێکی دەیجورەو

 دەبێتە لێزمەو رێژنەی باران

دەبێتە زناری تاڤگەو

سینەی شینایی زەوی و

وەرزی خۆشەویستی ئینسان

11

بەفرناتوانێ

وەرزی جوانی خۆی بسپێرێت

بەئینجانەی پایزی خەم

بەفر ناتوانێ،دەست بەردا

لە رووتانەوەی چیا

عەشق دڵی پەپولەیەکی ناسکە

چرکەیەک لەخۆی داببڕێ

دەبێتە وەرزی تاریکستان

12

نێرگز ماچم دەکات

بولبول کەدەمبینێ بۆم دەخوێنێ

کەشەو دادێ دەبمە هاورێی باران

دەبمە ئەشکی کچانی شۆخء شەنگ

دەبمە ئاوازو گۆرانی و چڵێ لاولاو

دەبمە ماچی سەررومەتی

کیژۆڵەیەکی پەنجە ناسکی بەرهەتاو

13

 ئەوکاتانەی کەدێت بۆلام

دەبیتە گوڵێکی پەمەیی

دەبیتە شەونمێکی

بەربەیانی وەنەوشەیی

دەبیتە گوڵێکی ژاڵەی هەمیشەیی

14

ئێوارەیەک بێدەنگی هاورێمەو

لەگەڵ تیشکی زەردپەڕدا

خۆت ئەکەی بەماڵی دڵمدا

کراسێکی پەپولەیت لەبەردایەو

بۆنی مێخەک لەجەستەت دێ

توند توند دەتگرمە باوەشم

هەناسەمان بۆنی شعرەو

 تێکەڵاوی خەممان دەبێ

15

تۆ هەندێ جار

ووشەکانم دەخوێنیەوەخۆشت دەوێن

هەندێ جاریش دەستەو وەسستان

لەبەردەمیان دائەنیشی

هاواردەکەی و هیچ تێ ناگەم

ئەبی بەووشەیەکی پڕ لە خەیاڵء 

خۆت وون دەکەی

16

ووشەی جوانیش

پڕن لەنیگای عەشق و

پرشنگی چرکەکانی تەمەن

ووشەی جوانیش پڕن

لەئەستێرەی بەربەیان و

پرچی ژاکاوی زەمەن

17

هەندێک جار

بەدیار کزی چراێکەوە

روو لەئاوێنەی وەرینی تەمەن دەکەم

مات و مەلوول دادەنیشم

دەبمە دەروێشی تەریقەت

ناچار دەبم

ئێوارەیەکی پڕ لەزامم بنوسمەوەو

پەراووپێنوس فڕێدەم

18

بەبیرت دێ

لەقەراغی شەقامێکدا

بەخۆت وگوڵێکی شپرزەوە

دەهاتی و دەچووی

چاوێکت لەسەر کاتژمێری دەستت و

ئەوی تریان لەسەر کۆڵانەکەی ماڵی ئێمە

نەسەعات ئەهات و ئەرۆشت

نەتۆش لەتەماشام بێزار ئەبوویت .


بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه‌ و بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، له‌م فۆرمه‌ که‌لک وه‌رگره‌

  ناو :

  ئیمه‌یل :

 ئیمه‌یله‌که‌ت ده‌پارێزرێت

 ناوی بابه‌ت*:

 ڕا و بۆچوون:

* -  ناوی ئه‌م بابه‌ته‌ یا نووسه‌ره‌که‌ی بنووسه‌

هه‌ر کۆمێنتێک ئادره‌س ئیمه‌یلی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، بایه‌خی پێ‌نادرێت

 

 

 

 

 

 

 

هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت          Copyright © 2004-2010               Helwist.com