|
داگیرکه‌رێکی خۆشه‌ویست
جه‌لال چوارتایی
هه‌ر
داگیرکه‌رێک ڕووی له کوردستان کردبێت ماڵوێرانی و
شیرازه تێکدانی کوردانی به دیاری هێناوه ، ڕووی
له هه‌ر جێگه‌یه‌ک کردبێت ئه‌و جێگه‌یه‌ی
خه‌ڵتانی خوێن کردووه ، هه‌ر جێگه‌یه‌کیش بۆ
چرکه ساتێک له چاوی داگیرکه‌ران به دوور
بووبێت فتوای جیهاد و ئه‌نفالی له‌سه‌ر پیاده
کراوه و ته‌ڕ و وشکی تێدا سوتاوه .
لێ به‌ڵێ ؛ له ساڵانی ڕابردوودا به
داگیرکه‌رێکی دیکه ئاشنا بوین به‌ڵام نه
داگیرکه‌ری خاک و نه دوژمن به مرۆڤه‌کان به‌ڵکو
داگیرکه‌ری ماڵه‌کان و دۆستی هه‌موو خێزانه‌کان
بوو ، ئه‌و داگیرکه‌ره له میوان ڕێزدارتر و له
جگه‌رگۆشه‌کانمان خۆشه‌ویستتر بوو ، هیچ شتێکی به
تاڵان نه‌برد ، هیچ که‌سیشی به یه‌کدی نامۆ
نه‌کرد به‌ڵکو هه‌موو ماڵه‌کانمانی پڕ له زانیاری
کرد و ڕه‌چه شکێنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بوو ،
ئه‌و داگیرکه‌ره‌ش " ڕۆژ
– تیڤی
" بوو له زانیاری گه‌یاندن وه‌کو زانکۆ و
له ڕاستگۆی‌دا بێ هاوتا بوو .
ڕۆژ–تیڤی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو داگیرکه‌رێکی دیکه
بوو . نه زمانی قه‌ده‌غه کرد و نه
نه‌ته‌وه‌کانیشی له یه‌کدی هه‌ڵبڕی ، به‌ڵکو به
هه‌موو زاراوه‌کانی کوردی ده‌دوا و ده‌نگ و
ڕه‌نگی که‌مه نه‌ته‌وه‌کانیش بوو .
ڕۆژ–تیڤی هه‌ر جێگه‌یه‌کی داگیرکردبێت ئاوه‌دانی
کردۆته‌وه و مێشکی خه‌ڵکه‌که‌ی پڕ کردوه له
زانیاری به به‌رنامه ڕازاوه‌کانی :- {
ڕۆژباش کوردستان ،
ڕۆژه‌ڤ ، ده‌نگ و باس ، پێڤاژۆ ، ده‌نگی گه‌ل ،
تیشکی هونه‌ر ، ته‌ندروستی ، ڕه‌نگی ژیان ،
ڕۆژه‌ڤا جوانان ، هانه ڕه‌نگینه ، مه‌دیا کریتیک
، ڕۆژ ئه‌نالیز ، ڕۆژ ئاکتووه‌ل ، ڤینایش ، سێلا
سۆر ، ده‌نگی ئازاد ، به‌رنامه‌ی ئافره‌تان "کادن
گونده‌م" ، ده‌نگبێژی کوردی ، ستێرکێن هێڤی ،
تانیا ئادری ، که‌زی ، ڕۆژ ئارشیڤ ، ئۆل و جڤاک ،
وڵاتی ڕۆژ ، ده‌نگڤه‌دانا په‌یڤێ ، شاری ژیان ،
شه‌ڤبێرک ، جوان ، ئاخ و ژیان ، فلیمی کارتۆن ،
باخچه‌ی زارۆکان ، چیرۆکێن ڤه‌ساری ، سه‌یر و
سه‌فا ، ژ ئه‌وروپایێ ، به‌رنامه‌ی تایبه‌ت و
ده‌یان به‌رنامه‌ی دیکه به زمانه‌کانی تورکی و
ئاسوری و عه‌ره‌بی و ئه‌رمه‌نی و ئینگلیزی
} .
ڕۆژ–تیڤی ئاماده نه‌بوو ده‌س له ملانی
داگیرکه‌رانی دیکه بێت و په‌یمانی هاوشێوه‌ی
چاڵدێران و قه‌سری‌شیرین و سه‌عدئاباد و
الجه‌زائیریان له‌گه‌ڵ واژۆ کات به‌ڵکو
په‌رده‌لاده‌ری نهێنیه‌کان و پوچه‌ڵکه‌ره‌وه‌ی
هه‌ر پیلانێکی دژ به کوردان بوو .
ڕۆژ– تیڤی‌یه‌ک که خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو به‌رنامه
پڕ له زانیاریانه بێت و هه‌موو شتێکی جوانی له
خۆ گرتبێت و په‌رده‌لاده‌ری نهێنیه‌کانیش بێت ،
ئیدی چۆن نابێته نیشانی دوژمنانی دژ به ئازادی ؟
دوژمنانێک که هه‌میشه له بۆسه‌دا(ئێشکدا) بن بۆ
خنکاندنی ده‌نگه ئازاده‌کان و کوشتنی شته
جوانه‌کان ئه‌وا هیچ کاتێک چاوپۆشی له ڕۆژ–
تیڤی‌یه‌ک ناکه‌ن که سه‌رچاوه‌ی زانستی و ده‌نگی
ئازادیخوازان بێت . هه‌ر بۆیه‌ش چ له ڕێگه‌ی
پارازێت و چ له ڕێگه‌ی ته‌شویشه‌وه ، چ له
ڕێگه‌ی قه‌ده‌غه‌کردن و چ له ڕێگه‌ی
هێرشکردنه‌وه ده‌یان جار خۆیان تاقیکرده‌وه .
هه‌ر تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی دوژمنان جگه له نوشوستی
هیچ شتێکی دیکه‌ی به دیاری بۆ نه‌هێنان . ناچار
ڕوویان کرده دۆسته دێرینه‌کانیان ، ئه‌و دۆسته
دێرینانه‌یان که به گوته بناغه‌دانه‌ری
دیموکراتین به‌ڵام به کرده‌وه هۆکاری شێواندنی
جیهان و ئاژاوه‌گێڕی نێوان گه‌لانن . ئه‌و دۆسته
دێرینانه‌ش بریتین له ئه‌مریکای ئیمپریالیستی و
ئه‌وروپای که‌پیتالیستی .
هێشتا پارازێتی سه‌ر ڕۆژ-تیڤی به ته‌واوه‌تی
لانه‌برابوو که هێرشی هاوبه‌شی پۆلیسی
به‌لچیکی-تورکی ده‌ستی پێ‌کرد بۆ ناوه‌ندی
ته‌له‌فزیۆن و زیاتر له یه‌ک ملیۆن ئیرۆ زیانیان
گه‌یاند به دام و ده‌زگاکانی و چه‌ندین
کارمه‌ندیان بریندار و ده‌سبه‌سه‌ر کرد ، هێشتا
زیانه‌کانی ڕۆژ-تیڤی قه‌ره‌بوو نه‌کرابوونه‌وه
که دادگای هاوبه‌شی دانمارکی-تورکی دۆزیان له
دژی ئه‌م ده‌نگه زوڵاڵه کرده‌وه و سزای
هه‌زاران ئیرۆیان بۆ ته‌له‌فزیۆن بڕیه‌وه ، هێشتا
سه‌ره‌تای سزا داسه‌پێنراوه‌کانه که پیلانی
هاوبه‌شی فه‌ڕه‌نسی-تورکی که‌وته کار بۆ
خامۆشکردنی ڕوناکی ڕۆژ و کپکردنی ده‌نگی
ئازادیخوازان .
بورکانی ئازادیخوازان نه‌ک هه‌ر سارد نابێته‌وه
به‌ڵکو هه‌میشه له کڵپه و بڵێسه سه‌ندندا
ده‌بێت ، ڕۆژ-تیڤیش که به ملیۆنان ئازادیخوازی
له پشت بێت نه‌ک هه‌ر بێ ده‌نگ و ڕه‌نگ نامێنێت
به‌ڵکو هه‌موو پیلانێکی دوژمان مایه‌پوچ
دێڵێته‌وه . بێگومان ئه‌م گه‌له‌کۆمه‌کیه
هاوبه‌شه‌ش وێنه‌ی به‌فری به‌ر خۆره‌تاو
ده‌توێته‌وه و به‌ری "ڕۆژ"
به بێژنگی دوژمنان ناگیرێت .
22 – 1 - 2012
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|