|
بایه‌خی
گیان له دوو دونیای جیاوزادا
به‌سه‌رهاتێکی نزیک له ته‌نز
چه‌توون
به‌هۆی کاره‌که‌مه‌وه، جار و بار ده‌بێ سه‌فه‌ری
ئه‌م وڵات و ئه‌و ولات بکه‌م. ئه‌مجاره ده‌بوو بۆ
یه‌کێک له شاره‌کانی فه‌رانسه بچم.
سه‌فه‌ره‌کانیش به پێی دووری و نزیکیان به
فرۆکه یا سه‌یاره ده‌بن. ئه‌م سه‌فه‌ر گه‌رچی
هێندێکیش دوور بوو، به‌ڵام به توتۆمومیل چووم.
به‌یانی که‌وتمه رێ و پاش چه‌ند کاتژمێر وڵاتی
نیشته‌جێ بوونم به‌جێ هێشت و چوومه ناو خاکی
"بێلژیک"ه‌وه . لێره(ئورووپا) کاتێک تۆ سنووری
وڵاتێک ده‌به‌زێنێ و ده‌چیته ناو وڵاتێکی
دیکه‌وه،هیچ دیارده‌یه‌ک که جیاوازی ئه‌و دوو
وڵاته نیشان بدات نابینی. نه‌چه‌کدارێک وه‌ستاوه
به ناوچاوانی مۆن و گژه‌وه داوای پاسپورتت لێ
بکا، و نه پاسگا و بنکه‌ی پۆلیس ده‌بینی که
عه‌وارز و "هه‌قی" چوونه وڵاته‌که‌یانت لێ
وه‌رگرن. ڕه‌نگه له سه‌ر "شارێگه"کان،
تابلۆیه‌ک هه‌بێ که نیشان بدات ده‌چیته ولاتێکی
دیکه‌وه، به‌ڵام له زۆرشوێنی دیکه ئه‌و
تابلۆه‌ش نی‌یه، و زۆرجار به بێ ئه‌وه هه‌ستی
پێبکه‌ی سنوور ده‌به‌زینی.
نزیک 100 کیلومێتر له ناو خاکی بێلژیک چووبوومه
پێش، که له‌سه‌ر "بۆردی ئێلێکترۆنیکی"ی
شارێگه‌که به چوار زبانی هوله‌ندی ،فه‌رانسه،
ئاڵمانی و ئینگلیزی به نۆبه ده‌نووسرا سورعه‌تت
که‌م بکه‌وه رێگاکه له ژێر کونترۆڵدایه. بۆ
چرکه‌یه‌ک موچرکم به له‌شدا هات، پێم‌وابوو له
سه‌یته‌ره‌ی قه‌ره‌قۆڵ یا عه‌سکه‌ر یا پۆستی
بازره‌سیی به‌سیج نزیک ده‌بمه‌وه. به‌ڵام زۆر زوو
هاتمه‌وه سه‌رخۆم و زانیم له شوێنێکم که هه‌م
دێموکراسی هه‌یه و هه‌م پێ‌به‌ند بوون به‌یاسا،
بۆیه جێگه‌ی ترس نی‌یه.
به‌ره به‌ره رێگاکه پر بوو له ئوتۆموبیل، تا
ئه‌و جێگه که ئیتر توانای چوونه پێش نه‌ما.
وه‌ک زۆر جار دیتبووم،که‌س له ماشینه‌که‌ی
دانه‌ده‌به‌زی و که‌س ملی له شیشه‌ی
سه‌یاره‌که‌یه‌وه نه‌ده‌کێشایه ده‌ره‌وه بزانێ
چ خه‌به‌ره! ئاخر لای ئیمه گه‌ر رووداوێکی وا
بێته گۆڕی، هه‌موو بێ ئه‌وه بزانن چ خه‌به‌ره،
ده‌یکه‌نه فره‌ته‌نه و ده‌سبه‌جێ بازاڕی ده‌نگۆ
و شایعه به‌سه‌ر که‌ش و هه‌واکه‌دا زاڵ ده‌بێ.
منیش وه‌ک خه‌ڵکه‌که له ماشینه‌که‌مدا مامه‌وه.
زۆری پێنه‌چوو، ژن و پیاوێکی پۆلیس که سه‌گێکیان
پێ بوو له دووره‌وه ده‌رکه‌وتن. هه‌ر له
دووره‌وه دیار بوو که خه‌ریک بوون
هه‌لومورجه‌که‌یان بۆ خه‌ڵکه‌که باسده‌کرد.
له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رکامه‌یان و ده‌چوه لای
ئوتوموبیلێک و له‌گه‌ڵ سه‌رنشینه‌کانی ده‌که‌وته
قسه‌کردن.
من په‌له‌م بوو که پۆلیسه‌کان زوو بمگه‌نێ و
بزانم چ باسه.سه‌ره‌نجام گه‌یشتنه نزیکی ئیمه و
ژنه پۆلیسه‌که به‌رمن که‌وت که ته‌وزیحم بۆ
بدات. پێش ئه‌وه له‌گه‌ڵ من ده‌سکا به قسه
کردن، چاوی له ژماره‌ی سه‌یاره‌که‌م کرد و پاشان
هاته پێش و وتی:
داوای لێبوردتان لێده‌که‌ین ئه‌گه‌ر ده‌که‌ونه
دره‌نگ.
با ئه‌وه‌تان لێ نه‌شارمه‌وه، ئێسته‌ش پاش
چه‌ندین ساڵ ژیان له ئورووپا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش
پێشتریش به‌هۆی چۆنیه‌تی ژیان،چه‌ندین ساڵ هیچ
ده‌سه‌ڵاتێک به‌سه‌ر ژیانمدا زاڵ نه‌بووه،به‌ڵام
وایان بار هێناوین که له‌خۆڕا هه‌ست بکه‌ین
تاوانبارین و ده‌بێ له نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات، که
لای ئێمه پۆلیس و ژاندارمه و شورته و...ن
بترسین! بۆیه گه‌رچی چه‌شنێک خۆف و ناحه‌جمینیم
هه‌ست پێده‌کرد، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوو
خۆمم (له ترسی ئه‌وه‌ی له خۆڕا و له سه‌ر هیچ
لێم له شک نه‌که‌وێت) کونتڕۆڵ کرد و پرسیم: چیه
ته‌سادوف بووه؟ که‌س کوژراوه؟
له وه‌ڵامدا گوتی:نا به‌ڕیز، ته‌سادوف نه‌بووه.
به‌ڵام سه‌گێک له ده‌س خاوه‌نه‌که‌ی به‌ر بوه‌و
له‌م ناوه وه‌یلان ده‌گه‌ڕێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
ئه‌م ناوچه وه‌ک شوێنی هاتووچووی ئاژه‌ڵی گێوی
دیاری نه‌کراوه و تابلۆی ئاگادارکردنه‌وه‌ی لێ
نی‌یه،مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که بێته سه‌ر جاده
و سه‌یاره‌یه‌ک لێی بدات یا ئه‌وه‌ی ببێته هۆی
رووداوێکی ناله‌بار، بۆیه ئیداره‌ی پۆلیسی ئه‌م
پارێزگایه بڕیاری داوه تا دیتنه‌وه و نه‌مانی
مه‌ترسی، هاتووچووی ئوتوموبیل له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه
له‌م "شاڕێ"یه ڕاگیرێت. به‌تایبه‌ت له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی تائێسته چه‌ند په‌یامی ته‌له‌فونی به
ناوه‌ندی فریاکه‌تن گه‌یشتوون که باسی ئه‌وه‌یان
کردووه، ئه‌و سه‌گه له‌سه‌ر ئه‌م جاده‌یه چه‌ند
جار ئه‌مبه‌ر ئه‌و به‌ری کردووه.
نازانم بۆ له‌خۆڕا ئه‌و پرسیاره هاته مێسکمه‌وه
که له‌و خانمه پۆلیسه‌م پرسی: باشه ئه‌وه
ئێوه ده‌یکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه که رووداوی
ئوتوموبیل روونه‌دات و گیانی خه‌ڵک بپارێزن یا بۆ
دوورکردنه‌وه‌ی مه‌ترسی‌یه له‌سه‌ر ئه‌و سه‌گه
یه؟
خانمه پۆلیسه‌که به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی
ماناداره‌وه وه‌ڵامی داوه: هه‌ردووکیان.
پاشان له‌من خوداحافیازیی کرد و رۆیشت بۆ لای
سه‌یاره‌که‌ی پشته‌وه.
هێشتا زۆر دوور نه‌که‌وتبووه‌وه که له ناو
ئاوێنه‌ی ئوتوموبیله‌که‌مه‌وه دتیم به
ته‌له‌فوونه‌که‌ی خه‌ریکی قسه‌کردنه. به‌ڵام
چه‌شنێک خۆشیم له سه‌ر و سیمای‌دا ده‌بینی.
نازانم بۆ چه‌ند ئوتوموبیلی دیکه‌ش ئه‌و قسه و
باسه‌ی کرد، به‌ڵام پاش یه‌ک دوو ده‌قیقه له
ئۆتۆموبیلی پۆلیسه‌وه (که‌له‌لاینی تایبه‌ته‌وه
نزیکی ئێمه ده‌بووه‌وه،چه‌ند قسه‌یه‌ک بڵاو
بووه‌وه، که به‌هۆی دوور بوون من تێنه‌گه‌یشتم.
خۆم پێ نه‌گیرا و دابه‌زیم و چوومه‌لای
سه‌یاره‌که‌ی پێشمه‌وه و پرسیارم لێکرد:
ده‌به‌خشی ده‌توانم بپرسم ئه‌و ماشینه‌ی پۆلیس چی
ووت؟
شۆفیری ماشینه‌که که پێاوێکی ته‌مه 25 تا 30
ساڵه دیار بوو گوتی؛ منیش به‌روونی تێنه‌گه‌یشتم
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی حاڵی بووم وا دیاره
به‌خۆشی‌یه‌وه سه‌گه‌که دیتراوه‌ته‌وه.
سپاسی کابرام کرد و گه‌ڕامه‌وه بۆ ناو
ماشێنه‌که. زۆری پێنه‌چو(ره‌نگه چوار-پێنج
ده‌قیقه‌ی) که وه‌رێکه‌وتنه‌وه‌ی ماشینه‌کانی
پێشه‌وه‌م دیت و ئه‌وجار نۆره‌ی منیش گه‌یشت و پاش
ماوه‌یه‌کی کورت، رۆیشتنی ئاسایی.
****
له ڕیگا که ده‌رۆیشتم هه‌ر فێکرم له‌و رووداوه
ده‌کرده‌وه.نازانم بۆ یه‌کڕا شته‌که له مێشکم
دا گه‌وره ببوه‌وه و له خۆمم پرسیار ده‌کرد
:باشه خه‌تای کێ‌یه که ئێمه و کۆمه‌ڵگای ئێمه
ئه‌وه‌نده دوورین له‌م ئۆمانیزم و تێگه‌یشتنه.
ڕاسته نیزامی حکووموت لێره‌ش سه‌رمایه‌داری و
چه‌وسێنه‌ره، به‌ڵام خۆ سیسته‌می زاڵ به‌سه‌ر
جیهاندا (به‌تایبه‌ت پاش رووخانی سوسیالیزمی
سه‌ربازخانه‌یی) هه‌مووی بورژوائین، ئه‌ی بۆ نه
ده‌سه‌لاتدارانی لای ئێمه(بێ جیاوازی) وه‌ک
ئه‌مان نن و نه خه‌لکه‌که‌شمان(به عام) وه‌ک
ئه‌م خه‌ڵکه‌ن؟
هه‌ر له‌و فێکر بیرکردنه‌وه‌دا بووم که خه‌یاڵم
به‌ره‌و دواوه گه‌ڕایه‌وه تا سه‌رده‌می
مێرمنداڵیم.
هاته‌وه بیرم کاتێک مندال بووم،له‌و شاره‌ی که
ده‌ژیام،هه‌موو چیت له خزمه‌ت په‌روه‌رده‌کردنی
بێ‌ڕه‌حمی و توند و تیژی دا بوو.ئه‌وسات هیچ شه‌ڕ
و شووڕێک له ئارادا نه‌بوو. به‌ڵام له لایه‌ک
حکوومه‌ت وه‌ک ئاژه‌ڵ چاوی له میلله‌ت ده‌کرد و
نۆکه‌رانی خۆی به‌رده‌دا گیانیان،له لایه‌کی
دیکه‌وه په‌روه‌رده‌کردنی خووی حه‌یوانی و
نائینسانیی کردبووه سه‌رچاوه‌ی کاره‌کانی خۆی.
هه‌ر له مه‌د‌ره‌سه‌وه تا کۆمه‌ڵگه. ئه‌لبه‌ت
خۆشمان تا ڕاده‌یه‌ک مه‌یلی وه‌رگرتنی ئه‌و شیوه
ژیانه‌مان هه‌بوو. ئه‌گینا چۆ ده‌بێ شاره‌وانی
کابرایه‌ک دامه‌رزێنی که کاری ته‌نیا سه‌گ کوشتن
بێت، ئێمه‌ش نه‌ک هیچ ئیعترازێک نه‌که‌ین به‌ڵکه
ببینه چاو ساقی و بگه‌رێن سه‌گی بۆ ببینینه‌وه
که بیانکوژێت.
له‌و شاره‌ی که من ئه‌و کات لێی ده‌ژیام
شاره‌وانی که‌سێکی به‌ناو عه‌لی که به "عه‌لی چل
درۆ" ده‌ناسرا،(به داخه‌وه ناوی بنه‌ماڵیی
له‌بیرم نه‌ماوه) دامه‌رزاندبوو که ته‌نیا سه‌گ
بکوژێت. له کاتێکدا هه‌ر ئه‌و کات له وڵاتانی
ئورووپایی شووینیان بۆ پاراستن و حه‌وانه‌وه‌ی
ئاژه‌ڵی بێ خاوه‌ن و به‌ره‌ڵا پێک هێنابوو.
ئه‌و حکوومه‌ته رویشت به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی جیگه‌ی
گرته‌وه، زۆری نه‌خایاند، که خه‌ڵکه‌که "هه‌زار
ره‌حمه‌تیان بۆ که‌فه‌ن دزی به‌روو" ده‌نارد.
ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌وی تردا به حه‌یوان
کوشتن و زه‌بر و زه‌نگی ژاندار و پاسه‌بان، گرژی و
تووره‌یی له کۆمه‌ڵگه ته‌رویج ده‌کرا،
جێگرگره‌که‌ی وه‌ها که‌ش و هه‌وایه‌کی بۆ
چه‌کداره‌کانی له کوردستان پێکهێنا له له‌باتی
نیشانه دانان، خه‌ڵکیان ده‌کرده نیشانه و
ته‌قه‌یان لێده‌کرد.
زه‌مانی زووم له‌بیر کرد و بیرم له ئێسته
کرده‌وه،دیتم ئیشته‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌یه‌ی پێش
هیچ فه‌رقێکی نه‌کردووه، له‌به‌ر ئه‌وه
ده‌سه‌ڵات به کونترۆڵ کردنی خوێندنگه و
راگه‌یه‌نه‌ره‌کان فه‌رهه‌نگ خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا
ده‌سه‌پێنێ. ئه‌وه‌نی‌یه له ئێران، ئێسته
خورافات له 30 ساڵ پێش ئێستا به‌هێزتره، ئه‌وه
نێه له باشوور به‌هۆی راگرتنی فه‌رهه‌نگی
خێڵه‌کی عه‌شیره‌تی له لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه،
هیشتا خه‌ریکی ژن کوشتنین و خۆشه‌ویستی یاساخه.
هه‌رچی بیرم لێده‌کرده‌وه ده‌مدیت، کۆمه‌ڵگه‌ی
ئێمه و جیهانی ئه‌مڕۆ(ئه‌وه‌ی که بایه‌خی مرۆڤ
هه‌ست پێ‌بکات) مه‌ودایان زۆره و ئه‌گه‌ر
ده‌سه‌لاته‌کان تاونباری سه‌ره‌کین، خۆشمان بێ
تاوان نین. نموونه‌شی په‌روه‌رده‌کردنی قین و گرژی
له دڵی منداڵه‌کانماندا هه‌ر له منداڵی‌یه‌وه،
تا ئه‌و جێگه که به ته‌عه‌سوب و ده‌مارگرژی
په‌روه‌رده‌یان ده‌که‌ین. هه‌ر ئه‌وه‌شه مه‌ودای
گرژی له کۆمه‌ڵگه، نه‌فره‌ت له ئینسان،
سووته‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆ و... ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
سه‌رماوه‌زی 2708
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|