|
خۆتان لاده‌ن، وه‌زعه‌که ئاڵۆزه!
برای خاس
شه‌ڕێکی قورس له نێوان حیزبی
کۆمۆنیست و حیزبی حیکمه‌تیست هاتووه‌ته ئاراوه.
شه‌ڕه‌که جارێ هه‌ر له مه‌یدانی
ئینترنێت دایه و خۆشبه‌ختانه هه‌تا ئێستا کوژراو
و برینداری نییه.
هێزی شه‌ڕکه‌ر و لایه‌نگر و
ته‌شکیلاتی نهێنی دووحیزبه‌که، له ئینترنێت
کۆکراونه‌ته‌وه و له ئاماده‌باشی
ته‌واو دان. له هه‌ر دوو لا ئاماده‌باش به پله‌ی
”شێر“ ڕاگه‌یه‌ندراوه! ژماره‌ی
نیگابانه‌کان له ئینترنێت زیاد کراون و،
فیشه‌کدانه‌کان پڕ کراونه‌ته‌وه
.شه‌یپووری
شه‌ڕ لێدراوه و، هێزی هه‌ردوولا له‌سه‌ربانه‌کانی
پاڵتاک دووته‌پڵه
ده‌کوتن وده‌فه لێده‌ده‌ن. ئه‌و قسانه‌ی به
یه‌کتری ده‌ڵێن بۆنی خوێنی لێدێ،
به‌ڵام هه‌تا ئێستا گاردی ئازادی له بنکه‌کانی
خۆی نه‌بزووتووه.
محه‌ممه‌دی فه‌تاحی، له
ڕابه‌رانی حیزبی حیکمه‌تیست له وتارێکدا
نووسیویه‌تی ”کۆمه‌ڵه‌ی حیزبی کۆمۆنیست
له لای ئیداره‌ی ئیتلاعات خێمه‌ی هه‌ڵداوه و...
فه‌رهادی شه‌عابی ئه‌ندامی
ڕابه‌ریی حیزبی کۆمۆنیست گرای ئه‌منییه‌تیی داوه
به کۆماری ئیسلامی و... حیزبی
کۆمۆنیست بووه‌ته تووده‌یی و خه‌ده‌ماتی
ئه‌منییه‌تی ده‌دا به ڕژیمی ئیسلامی و
جاسووسیی بۆ ڕژیم کردووه...
“
محه‌ممه‌دی فه‌تاحی، جگه
له‌و قسانه، هه‌ندێک باسی "شه‌رافه‌ت"ی که‌سانی
ناو حیزبی کۆمۆنیستی کردووه و،
باسی ئه‌وه‌شی کردووه حیزبی کۆمۆنیست ژماره‌یه‌ک
له ژنانی، که حه‌وت هه‌شت که‌س
ده‌بن، بۆ له‌شفرۆشی ناردووه‌ته سلێمانی!!
له جه‌بهه‌ی ئه‌ولاش،
ئه‌ندامێکی خوێنگه‌رمی حیزبی کۆمۆنیست نووسیویه‌تی
”حیزبی حیکمه‌تیست به ڕواڵه‌ت
کۆمۆنیست و به ناوه‌رۆک فاشیسته“. هه‌ر ئاوا بێ
پێچ و په‌نا ده‌ڵێ حیزبه‌که
فاشیسته. هه‌روه‌ها له به‌رانبه‌ردا، هێندێک
باسی "شه‌رافه‌ت"ی حیکمه‌تیسته‌کانی
کردووه و نووسیویشییه‌تی که حیکمه‌تیسته‌کان
وه‌ک شیعه‌کانی لایه‌نگری حه‌سه‌ن و
حوسێنی که‌ربه‌لا، سنگ بۆ مه‌نسووری حیکمه‌ت
ده‌کوتن.
بۆ ئاگاداریتان ئه‌م دوو
حیزبه (کۆمۆنیست و حیکمه‌تیست) هه‌تا پاره‌که
نێوانیان زۆر خۆش بوو. هاونه‌زه‌ر و هاوپه‌یمان و
هاوجنێو بوون. له
ڕۆژنامه‌کانیاندا، هه‌ر کامێکیان وتارێکی نووسیبا
و جنێوێکی تازه‌ی که‌شف یان
ئیختیراع کردبا له دژی ناسیۆنالیسته‌کانی کورد،
خێرا حیزبی هاوپه‌یمان
ده‌یقۆسته‌وه و به‌کاری ده‌هێنا. "خوالێخۆشبوو"
مه‌نسووری حیکمه‌ت، ڕابه‌ری
حیکمه‌تیسته‌کان به کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی گوت
”سازمانی چه‌قۆکێشان“. حیزبی
کۆمۆنیست قسه‌که‌ی مه‌نسوری حیکمه‌تی به‌دڵ بوو،
هێنده ئه‌و جنێوه‌ی دووپات
کرده‌وه هه‌تا جوان جوان ڕه‌وانی کرد.
نازانم چ قه‌وما، نێوانی
کۆمۆنیست و حیکمه‌تیست تێکچوو. ئێستا قسه‌ی وا به
یه‌کتر ده‌ڵێن ده‌بێ منی
"ناسیۆنالیست"
بچم ناوبژیوانییان بکه‌م و بڵێم کاکه وه‌ڵلا
عه‌یبه! خۆ هیچتان
به‌یه‌که‌وه نه‌هێشت. ئاخر چۆن حیزبێکی کۆمۆنیست
و حیکمه‌تیست له ناکاو، به
مانگێک ده‌بێته فاشیست؟ یانی گۆڕانی کۆمۆنیست بۆ
فاشیست ئه‌وه‌نده ئاسانه؟ چۆن
کۆمه‌ڵه‌ی کۆمۆنیست له ناکاو ده‌بێته هاوکاری
ئیتیلاعات و جاسووس و دراوسێی
وه‌زاره‌تی شکه‌نجه؟ گۆڕانی
کۆمۆنیست بۆ جینایه‌تکار ئه‌وه‌نده
ئاسانه؟
خۆ
ناسناوی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و شتی دیکه‌ی له‌م
چه‌شنه، پێشتر هه‌ر خۆتان به یه‌کترتان دابوو.
خۆ ئه‌گه‌ر سنووری نێوانی
حیکمه‌تیست و فاشیست هێنده ته‌سک بێ و هێزێکی
کۆمۆنیست به فوویه‌ک ببێته فاشیست
و، به نقورچکێک ببێته ئیتیلاعاتی، خه‌ڵک ده‌بێ
زۆر له کۆمۆنیسته‌کان
بترسن.
به‌ڵام تکایه ته‌کلیفی خه‌ڵک مه‌علووم بکه‌ن،
چونکه ئێوه زۆر لایه‌نگری خه‌ڵکن و هه‌میشه
به‌ده‌ربه‌ستی ئه‌وه‌ن ئاگاهی بده‌ن به خه‌ڵک،
تکایه لێمان مه‌علووم بکه‌ن سه‌ره‌نجام کامه‌یان
ناسناوی ڕاسته‌قینه‌تانه؟ کۆمۆنیست و حیکمه‌تیست
و موژده‌به‌خشی حورمه‌تی مرۆڤ، یان فاشیست و
ئیتیلاعاتی و خاین و جاسووس؟ ئه‌ڵبه‌ت من واتان پێ
ناڵێم. ئه‌وانه قسه‌ی خۆتانن له سه‌ر یه‌کتر.
له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئێوه ته‌نیا گوناحن.
بێسووده خه‌ڵکی دیکه خۆی به‌وه ماندوو بکا،
ئه‌مانه کۆمۆنیست و حیکمه‌تیستن، یان شتی دیکه‌ی
وه‌ک خێمه‌ی ئیتیلاعات و فاشیست و... ئه‌وانه له
سه‌ر هیچ ناوێک دووساڵ ڕاناوه‌ستن. خۆیان ناو له
خۆیان ده‌نێن و که تووڕه‌بوون، هه‌رچی میداڵی
داویانه به یه‌کتر ده‌یئه‌ستێننه‌وه.
مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه. گوناحن. جێگه‌ی
به‌زه‌یین.
من جاران پێم سه‌یر بوو که
جنێوی هێنده سووکیان به موخالفینی ئیدئۆلۆژی و
نه‌یاری سیاسیی خۆیان ده‌دا. ئێستا
که ده‌بینم جنێوی چۆن به هاومه‌رام و هاوپه‌یمان
و هاوجنێوی خۆیان ده‌ده‌ن، ده‌ڵێم وه‌ڵا
ئێمه باشمان نه‌جات بووه.
ئه‌م دوو حیزبه، پێشتر
هاوڕیشه و هاوحیزب بوون. له‌وه‌تی ده‌یانناسم
هه‌ر ئاوا بوون. هه‌رکات ڕقیان
هه‌ڵده‌ستێ لێکدانه‌وه و ته‌حلیل و هه‌ڵوێستیان
له سه‌ر "طبقه و انقلاب و دشمن و
متحد" و هه‌موو شتێکی دیکه ده‌گۆڕدرێ. له‌به‌ر
به‌دبه‌ختیش، زیاتر ته‌حلیله‌کانیان
له کاتی تووره‌یی و ڕق هه‌ستاندا ده‌نووسن. که‌س
نییه پێیان بڵێ: کاکه جارێکیش
له وه‌ختی ئاسایی‌دا ته‌حلیل بنووسن که ڕقتان
هه‌ڵنه‌ستابێ. به‌شکم وا باشتر
بێ.
ساڵهایه ده‌ڵێن "کارگران
جهان متحد شوید". جێگه‌ی شوکره که هه‌تا ئێستا
کارگر تووڕه‌ی نه‌کردوون. ئه‌گینا
خوا ده‌زانێ کاتێک له کارگه‌ر تووڕه بن چی
پێده‌ڵێن: فاشیست! له برسان مردوو!
بێده‌رپێ! قوونڕووت! هه‌ر ئێوه‌بوون بوونه
به‌سیجی! هه‌ر ئێوه بوون شاهه‌نشاتان
ڕووخاند! خوا به‌و ڕۆژه نه‌کا له کارگه‌ر تووڕه
بن. هه‌موو ته‌حلیله‌کانی تا
ئێستایان له‌سه‌ر کارگه‌ر ده‌گۆڕێ. ئاخر وه‌ک وتم،
کاتێک که تووڕه بن،
ته‌حلیله‌کانیان ده‌گۆڕێ. له خوا به‌زیاد بێ، تا
ئێستا تووشی کارگه‌ر نه‌بوون،
ده‌نا ئه‌وه‌ی به یه‌کتری ده‌ڵێن، به کارگه‌ریشی
ده‌ڵێن.
دوو پیاو هه‌ن، یه‌کیان به
ناوی ئیره‌جی ئازه‌رین و ئه‌وی دیکه به ناوی
ڕه‌زا موقه‌دده‌م خۆیان ده‌ناسێنن.
کاتی خۆی ئه‌و دوو که‌سه له گه‌ڵ مه‌نسووری
حیکمه‌ت، به هه‌رسێکیان ”کۆمۆنیزمی
کارگه‌ری“یان بنیاد نا. ئه‌و سێ که‌سه له ناو
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا، سه‌ره‌تای
هه‌شتاکان، به ڕاستی هه‌تا ئاستی پێغه‌مبه‌رانی
ڕزگاریبه‌خشی چه‌وساوه‌کان به‌رز
کرانه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو نوێژیان بۆ
نه‌ده‌کردن. به‌ڵام سوێندی گه‌وره له
حیزبی کۆمۆنیست‌دا به‌سه‌ری ئه‌و سێ که‌سه بوو.
ئێستا یه‌کیان، به دوو که‌سه‌که‌ی
دیکه ده‌ڵێ خاین و ئیتیلاعاتی و جاسووس.
لایه‌نگرانی حیکمه‌ت به ئیره‌ج و ڕه‌زا
ده‌ڵێن خاین و جاسووس. یانی له لای هاوڕێیانی
کۆمۆنیستی کارگه‌ری سنووری نێوان
پێغه‌مبه‌رێکی ڕزگاریبه‌خشی کارگه‌ران و خاینێک
هێنده ته‌سکه به موویه‌ک
به‌نده.
له نێو کۆمۆنیزمی
کارگه‌ریدا، هاوڕێیه‌کی کۆمۆنیست هێنده خێرا
ده‌کرێ ببێته خاین و پیاوی
ئیمپریالیزم و جیهادی ئیسلامی، شووتی به بڕکه‌وه
له‌به‌ر گه‌رمای شاره‌زوور
هێنده زوو پێناگا. پیاوێکی تێکۆشه‌ری وه‌ک سه‌ید
مه‌جیدی حوسێنی و نه‌سانی
نه‌ودینیان، هه‌ر که له حیزبی حیکمه‌تیست
چوونه‌ده‌ر، پێیان وتن ”مه‌ش قاسم“.
ڕه‌نگه هه‌مووتان مه‌ش قاسمی ناو زه‌نجیره‌ی
"دائی جان ناپلئۆن" بناسن ،
کابرایه‌کی فشه‌که‌ری درۆزنی ، هیچ نه‌زانی
خۆتێهه‌ڵقوتین بوو. ئیتر بزانن
قه‌ده‌ری ئینسان لای ئه‌و ته‌فه‌کوره چه‌نده که
هاورێیه‌کی 30 ساڵه‌ی خۆیان
وا
به‌ئاسانی به "شخصیت"ێکی وه‌ک "مه‌ش قاسم"
ده‌ناسێنن.
له نێو حیزبی کۆمۆنیستیشدا،
ئه‌ندامانی فراکسیۆن، ئیتر هه‌موو ڕۆژێ به جنێو و
قسه‌ی سووک باربوو ده‌کرێن.
پێیان ده‌ڵێن ئێوه بوونه‌ته ناسیۆنالیست،
بوونه‌ته هاومه‌رامی سازمانی
چه‌قۆکێشان، بۆ ناڕۆن؟ ئه‌وه حیزبی خۆمانه.
سوێند ده‌خۆن که خۆمان دروسمان کردووه. له به‌ر
نێوی
سوێنده‌که‌ش، ئه‌وانه‌ی ئێستا له ڕابه‌ریی حیزبی
کۆمۆنیستدان، پێم وایه هه‌ر دوو
که‌سیان ئاگاداری پێکهێنانی حیزبه‌که بوون.
ئه‌وانی دیکه، کاتێک حیزبه‌که
پێکهات، هه‌ر له هه‌وێڵدا نه‌بوون. دواتر که
بیستیان حیزبی کۆمۆنیست پێک هاتووه
کوتیان وه‌ڵا زۆر زه‌ریفه. موباره‌ک بێ. ئه‌رێ
ده‌مانکه‌نه ئه‌ندام؟ وه‌ڵلاهی هی
وایان تێدایه ئێستا ده‌ڵێ ”حیزبی خۆمه“ ئه‌وکات
شه‌ش مانگ دواتر به به‌رئه‌ندام
وه‌رگیرا و دووساڵیش بوو به‌رئه‌ندام بوو، جا بوو
به ئه‌ندام. ئێستا پاڵ به
ساعیدی وه‌ته‌ندووسته‌وه ده‌نێ ده‌ڵێ حیزبی
خۆمه، جێی تۆ نابیته‌وه و جێگه‌مان
ته‌نگه، تۆ بڕۆ جێگایه‌ک بۆ خۆت په‌یدا بکه.
به کورتی، ئه‌و
جه‌ماعه‌ته وه‌فا و به‌قایان بۆ یه‌کتریش
نییه. بۆرژوازی چاوی ده‌رهات، برا له
گه‌ڵ خۆتان هێنده خراپ مه‌بن. ئاخر ئێوه ناڵێن
"تنها راه رهایی، اتحاده اتحاد؟"
ئێوه له‌گه‌ڵ که‌س ناحاوێنه‌وه، اتحاد له گه‌ڵ
کێ ده‌که‌ن؟ ئه‌وه‌ی سی ساڵه
پێکه‌وه‌ن به شه‌وێک ده‌بێته فاشیست و
ئیتیلاعاتی و خاین، ئه‌دی که‌ستان له کوێ
بۆ بدۆزینه‌وه ئێوه سازمانی بده‌ن و ڕه‌هبه‌ریی
بکه‌ن بۆ ئینقیلابی
کارگه‌ری؟
که‌سی واتان له کوێ بۆ
په‌یدا بکه‌ین؟ کاک کوورشی موده‌ڕره‌سی پاره‌که
له داخی
حه‌میدی ته‌قوایی
که‌وتبووه تاریفی حیزبوڵلای لوبنان. نه‌تیجه‌ی
ئه‌وه که به ڕق هه‌ستان ته‌حلیل
ده‌گۆڕن ئاوایه. به دووری نازانم حیزبی
کۆمۆنیست‌یش له داخی فراکسیۆن، یان له
داخی حیکمه‌تیست، بکه‌ویته تاریفکردنی ڕابێرت
مۆگابه، یان گوڵبه‌ددین حیکمه‌تیار
.
ئه‌ڵبه‌ت شتی وا ئیمکانی زۆر نییه، مه‌گه‌ر ئیتر
زۆر زۆر تووڕه بن. به‌ڵام که
تووڕه بوون، به خوا هه‌موو شتێک ده‌گونجێ.
|