|
هەڵەکانی ئیسڵاحخوازان
سوهەیل رۆحانی
بۆ کوردی: خەلیلی غەزەڵی
بەشی سیهەم:
گیرانی کەسایەتیەکانی ئیسلاحتەلەب لە شکست هێنانی
بزووتنەوەی سەوز چارەنوويسساز نەبوو
کوودتاچیەکان پاش هەڵبژاردن کەسایەتیەکانی
ئیسڵاحتەلەبیان یان دایەبەر هێرش و پەلامار و
دەسبەسەریان کردن. مەستیشیان ئەوە بوو کە هەم
خەڵکی نارازی لە ئەنجامی هەلبژاردن لە ڕێبەرانی بە
ئەزموون مەحرووم بکەن، هەمیش بە نیشاندانی کۆتا
نەهاتن و لێبڕاوی دژ بە ئیسڵاحخوازان،
خەڵکەکەشیان ترساندبێ. موحسین میردامادی سەرۆکی
جێبهەی موشارکەت، عەبدوڵای رەمەزانزادە جێگری
سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، بێهزادی نەبەوی و مستەفا
تاجزادە لە ڕێبەرانی سازمانی موجاهێدینی ئینقلابی
ئیسلامی و موحسێن ئەمین زادە بەرپرسی ستادی
هەڵبژاردنی مووسەوی لە قوربانیەکانی هێرشی یەکەمی
کوودێتاچیەکان بوون.ئەم کەسانە لە حەفتەی یەکەمی
پاش هەڵبژاردن دسبەرسەر و زیندانی کران. پاشتر
شەپۆلی گرتنەکان پەرەی ئەستاند و لەماوەیەکی
کورتدا هەزاران کەس دەسبەسەر کران.
گیرانی کەسایەتی و چالاکانی ئیسڵاحتەلەب میرحوسێن
مووسەوی و مێهدیی کەڕووبیی لە ڕاوێژکارانێکی
بەئەزموون بێبەش کرد. ئەمە گەرچی زەبرێکی گەورە لە
ئیسڵاحتەلەبەکان بوو، بەڵام وەهاش نەبوو کە
ئیفلیجیان بکات. نارەزایەتیی خەڵک لە نیزامی
ویلایەتی فەقی بەرینتر لەوە بوو کە گیرانی چەند
سەد کەس لە چالاکانی سیاسی ببێتە هۆی دڵسارد
بوونەوە و دامرکانەوەیان. ستراتێژیی ڕێبەرانی
ئیعترازەکان وەرێخستنی خۆپیشاندانی هێمنانەی
سەرشەقامەکان بوو. خۆپیشاندان لە شەقام پێویستیی
بە خەبەر گەیاندن و پێوەندیی بەردەوام و بە
رۆژکردن بوو، کە سەرەرای نەبوونی چالاکانی
دەسبەسەرکراو، بەهۆی هەبوونی تێکنۆلۆژیی نوێ و
ئیمکانی ئینرتێنێت( یوو تیوب، فەیس بووک، تویتر
...-م) و تەلەفوونی موبایل و کاناڵە
تەلەفزیونییەکان بەباشی بەرێوە دەچوو. ئەوەی کە
جەماوەری ڕاپەریو تەنانەت پاش دەسبەسەرکرانی
چالاکانی سیاسی توانیان خۆپیشاندانی مەزن و
بێوێنە لە رۆژی قودس(٢٧ی خەرمانان) و رۆژی
داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا(١٣ی خەزەلوەر)
رۆژی خوێندکار(١٦ی سەرماوەز)، تاسوعا(٥ی
بەفرانبار)،عاشوورا(٦ی بەفرانبار)، ٢٢ی ریبەندان
سالرۆژی شۆڕش و چوارشەمە سووری(٢٦ رەشەمە) وەری
بخەن، دەری دەخات کە دەبی بۆ سەرچاوەی دامرکانەوەی
بەرە بەرەی خۆپیشاندانەکان نە لە
دەسەبەسەرکردنەکان، بەڵکوو دەبێ لە شوێنی دیکەوە
بۆی بگەڕین.
ئیسڵاحخوازان دەبوو پاش ٣٠جۆزەردان لێدانی
خامنەیییان بکردایەتە ئامانج
خامنەیی
وەک لووتکەی دەسەڵات، بەرپرسی سەرەکیی خەفەقان،
قەتڵە سیاسییەکان، تێکچوونی باری ئابووری و
کۆمەلایەتیی ئێرانە لە سەردەمی دەسەلاتیدا وەک
وەلی فەقی. دامودەزگای تەبلیغیی حکوومەت بە
هەزینەکردنی بەشێکی داهاتی ئێران و
بەکەڵکوەرگرتنی خراپ لە باوەڕی مەزهەبیی خەڵک،
کۆشسیان کردوە کە خامنەیی وەک حاکمێکی پاک، عادڵ
و دڵپاک کە شوێن هەوەس و ماڵی دونیا نەکەوتوە
نیشان بدەن. بەڵام کودیتای ٢٢ی جۆزەردان بەدەنگی
بەرز ریسوایی خامنەیی جاڕ دا و سیمای ڕاستەقینەی
وەک گورگێک لە کەوڵی مەڕدا بە ملوێنان ئێرانی کە
تا ئەو دەم نەیاندەناسی، بەدەنگی بەرز هاوار کرد و
نیشانیدا کە نەک پێاوێکی ئایینی بەڵکە
جەنایەتکارێک کە بۆ دەسەڵاتە پر لە تاوانەکەی
ئامادەی هەر جینایەتێکە بەسەریاندا حکوومەتی
کردوە. کرداری خامنەیی زۆرێک لە ئێرانیەکانی
هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە ویلایەتی فەقی بەتەواوی
لەگەڵ خەڵک سالاری ناسازگارە و بەو شیوە رەوایەتی
(مەشرووعیەت)ی چووە ژێر پرسیارەوە.
خامنەیی دیکتاتۆرێکە وەک دیکتاتۆرەکانی دیکە و بۆ
مانەوە و ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، نایهەوێ "سام"ی لە
نێو خەڵک و بەتایبەت لایەنگرانیدا ىشکێ. رەخنە لە
دیکتاتۆر، لە قاودانی، دانی دروشم بە دژی سامی
خەوشدار دەکات و کۆڵەکەی دیکتاتۆریەکەی لەق
دەکات. دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" هەروەک ئەزموونی
شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران و شۆڕشەکانی ئەم دوایانەی
توونس، میسر، لیبی، یەمەن و سووریە دەریان خست بۆ
داڕمانی سامی دیکتاتۆر زۆر بەکەڵکن. ئەم دروشمە
ترس لە دڵی خەڵکانی وەزاڵەهاتوو دەرەوێنێتەوە و
باوەڕ بەخۆیان بە هیز دەکات و لەبەرابەردا
لایەنگرانی دیکتاتۆر تووشی داهێزان و ترس و
پرشوبڵاوی دەکات. گرینگترین ئەرکی ڕیبەرانی هەر
ڕاپەڕینێک ئەوەیە کە هەلی لەبار بۆ کەڵکوەرگرتن
لە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر بقۆزنەوە و بە هێنانە
ئارای
لە لایەک ئوردووی دوژمن تووشی دوردونگی و پەرش و
بڵاوی بکەن و لە لایەکی دیکەوە ببنە هۆی چوونە
سەری ورەی خەڵکی ڕاپەریو.
مير حوسين موسەوی بە نیزامی کۆماری ئیسلامی کە
بنەڕەتەکەی ویلایەتیفییە،باوەڕی هەبوو. ئەو لە
چوارچێوەی ئەم حکوومەتەدا کە باوەڕی پێ بوو لە
هەڵبژاردندا بەشداریی کرد. هەر بۆیە نەدەبوو
چاوەروانی ئەوە بین کە هەر پاش هەڵبژاردن دەست بە
جێ لە رووی خامنەیی دا دەستەو شمشیر راوەستی.
وەکیش دیتمان ئەو کارەی نەکرد. بەڵام کاتێک
خامنەیی بەپەلە فریای دۆڕاوی هەڵبژاردن (ئەحمەدی
نێژاد)کەوت و براوەی ڕاگەیاند و، لە یەکەمین نوێژی
هەینیی پاش هەڵبژاردن فەرمانی سەرکوتی خەڵکی
موعتەرزی راگەیاند و بەکرێگیراوانی خۆی وەک سەگی
هار بەردایە گیانی خەڵک، دەبوا مووسەوی بیزانیبای
کە دوژمنی ڕاستەقینە و کۆسپی گەیشتن بە داخوازی
زۆرینەی خەڵکی ئێران خامنەیییە و دەبوا لەسەر ئەو
بناغە ستراتێژی و تاکتیکەکانی خۆی دارشتایە.
مووسەوی پاش ٣٠ی جۆزەردان دەیتوانی ڕابگەیەنێت کە
خامنەیی بەهۆی پشتیوانی کردنی دەستێوەردان لە
دەنگی خەڵک و تەقەلوب لە هەڵبژاردن و سەرکوتی
خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی خەڵکی نارازی، لە
رێگای عەداڵەت لایداوە و ئیتر جێگەی باوەر نییە و
ئیتر ناتوانێ رێبەری کۆماری ئیسلامی بێت و دەبێ
وەلابنرێت. ئەگەر مووسەوی ئەو کارەی بکردایە، ئیتر
دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەبوە دروشمی سەرەکیی
بزووتنەوە و ئامانجێکی روون واتا وەلانانی
دیکتاتۆری دەکردە دروشمی سەرکی. ئاشکرایە ئەو
دروشمە حەتمەن بەمانای رووخانی کۆماری ئیسلامی، یا
تەنانەت وەلا نانی ئەسڵی ویلایەتی فەقییش نەبوو.
بەلام گەر مووسەوی هەڵوێستێکی وەهای گرتبای، ئەوە
دەبوە هۆی چوونە سەری باوەڕ بەخۆ و ئیعتمادی خەڵکی
ڕاپەریو و لە بەرابەردا دوودڵی و دلەرزەی دەخستە
ناو ریزی لایەنگرانی خامنەیی و بەتایبەت "ئوسووڵ
گەراکان"ـەوە.
بەڵام سەرکردەکانی ئیسڵاحخوازان نەک هەر ئەم
رێبازەیان نەگرتە پێش، بەڵکوو بەردەوام هەڕيشەیان
دەکرد کە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" یا "مەرگ بۆ
خامنەیی" دەبێتە هۆی توورەیی خامنەیی و
دارودەستەکەی و بەتوندی ڕاپەرینی خەڵک سەرکوت
دەکەن! بێگومان هەڵوێستێکی ئەوتۆ بەمانای
باوەڕکردنی هێز و توانایی دوژمن(لایەنی بەرابەرـو)
و لاوازیی ئیسڵاحتەڵەبەکان بوو. کاتێک رێبەران و
سەرکردەکانی بزووتنەوەیەک لایەنگرانی خۆیان
دەنێرێنە شەری دوژمنێکی سوێندخواردووەوە کە دەس
نەپارێزانە وەبەر گوللەی داون و بەردەوام پێیان
دەڵی کە ئەگەر دروشمی مەرگ بۆ دوژمن بدەن بە
ئاسانی دورێنەتان دەکەن؛ ئایا دەکرێ جاوەروانی
سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە بکرێ؟ ئەگەر رێبەرانی
ئیسڵاحتەلەب بە خامنەیییان نیشانبدایە کە سەبر و
خۆڕاگریان لەبەرابەر جەنایەت و سەرکوتیدا ئاست و
ڕادەیەکی هەیە و هەمیشەیی نییە و گەر (خامنەیی)
کوشتاری خەڵک درێژە بدا لەگەڵ دروشم و داخوازی
توندتر و قووڵتر رووبەروو دەبێ، بێگومان خامنەیی
وەها بێباکانە نەدەجووڵایەوە.
خامنەیی گەڵاڵەدارێز، سەرکردە و فەرماندەی کوودێتا
بوو. خامنەیی بە هەموو هێز و توانییەوە هاتبوە
شەڕی بزووتنەوەی سەوزەوە. بەڵام مووسەوی ئاگری ڕق
و توورەیی کۆمەڵانی خەڵکی بە لاڕێدا دەبرد و رووی
لە ئامانجی لاوەکی، واتا ئەحمەدی نێژاد، و پاشان
جێبەجێ کردنی "بێئەملاو ئەولا"ی قانوونی ئەساسی
دەکرد. (ئەرێ چەند کەس لە ئێرانییەکان مانای
"بێئەملاو ئەولا" دەزانن. مەگەر نابێ دروشمەکانی
بزووتنەوەی خەڵک سادە و گشتفام بن؟). ئەگەر فەرخە
دووپشکێک لە تەنیشت دووپشکیکی گەروەی تووکنەوە
ببینین، عاقلانە نییە کە چاو لە دووپشکە کوڵکنەکە
کە هەر جزێکی بۆ مردنی مرۆڤ بەسە وەگێرین و بێچووە
دووپشکەکە بکوژین. چوونکە لەوکاتەدا دەرەتانمان بۆ
دووپشکی گەروەی ژاراوی هێستوەتەوە کە پێمانەوە
بدات. میر حوسین موسەوی بەجێگەی ئەوەی پیی قورس و
بەسامی خەڵکی ڕاپەریو بەرەو خامنەیی (دووپشکی
کوڵکن ـ و) ڕێنوێنی بکات کە گورزی کوشندەیانی
لێبدەن ، رق و توورەیی خەڵکی (ئەویش بۆ ماوەیەکی
کورت) ئاراستەی ئەحمەدی نژاد(فەرخە دووپشک) کرد.
هەر ئەوەش بوو کە دووپشکی کوڵکن (خامنەیی) بە
خەیاڵی ئاسوودە توانی چزی خۆی لە بزووتنەوە
بوەشێنێ و پەکی بخات.
هەڵوێستی لاوازیی ئیسڵاحتەڵەبەکان بوەهۆی
یەکگرتوویی ئوسووڵگەراکان
سەرکوتی خوێناویی ئیعترازیی هێمنانەی خەڵک لە ٣٠ی
جۆزەردان نیشانی دا کە ستراتیژیی خامنەیی و
هاوپەیمانانی کوودێتاچی راوەستانی لێبڕاوانەیە
لەبەرابەر خەڵکەوە. بۆیە ئیسڵاحتەلەبەکانیش دەبوو
لێبڕاوانە رووبەرووی کودێتاچییەکان راوەستایەن و
لە دروشمەکانیاندا خوازیاری تێکشکانی بوتی گەورە
وا خامنەیی بوایەن. بەڵام هێشتا خوێنی رژاوی
خۆپیشاندانی حەوتووی یەکەمی پاش هەڵبژاردن لەسەر
شەقامەکان وشک نەبووبوەوە کە ئیسڵاحتەلەبەکان
دەستەوداوێنی "رێبەری پایەبەرز" و کوودێتاچیی
خۆیان بوون کە گەورەیی بکات و دڵی شکاوی بنەماڵەی
کوژراوان، ئازارچێشتوان و گیراوان بهێنێتەوە جێ!
ئەم هەڵوێستە بەمانای هەڵکردنی ئاڵای تەسلیم و
کزیی ئیسڵاحخوازان بوو. کە بێگومان بوە هۆی چوونە
سەری ورەی وەلی فەقی و هاودەستانی کوودێتاگەری.
سیاسەتی ئیسڵاحخوازان ئەوەی سەلماند کە
ئیسڵاحتەڵەبەکان هیچ باوەڕێکیان بە خۆیان نەبوو و
لەبەرابەر خامنەییدا بێهێز و توانان و گەر
دروشمی وەلانانی بدەن بەئاسانی سەرکوت دەکرێن.
ئایا دەکرێ چاوەروانی ئەوە بکەین کاتێک خامنەیی و
هاودەستانی لاوازیی و بێباوەڕی بەخۆی
ئیسڵاحتەڵەبەکانیان دەدەیت، پاش ئەو هەموو زەحمەت
و دەردیسەر و کێشە و بێئابروویی و تەقەلوب لە
هەڵبژاردن و هێنانە سەری ئەحمەدینێژاد و ...
پاشەکشە بکەن و دوودەستی دەسەڵات بدەنە دەستی
ئیسڵاحتەلەبەکانەوە؟ ئاخۆ هیچ کەسێکی عاقڵ و
تێگەیشتوو بە دیتنی سیاسەتی ئیسڵاحتەڵەبەکان
چاوەروانی ئەوەی دەکرد لایەنی خامنەیی تووشی ترس و
دوردونگی ببن؟
دەگوترێ زۆرینەی کادری دیپلوماتیکی وەزارەتی دەروە
لایەنگری مووسەوی بوون. ئەی بۆچی پاش تێپەڕینی ٢
ساڵ لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ تەنیا چەند کەسیان
روویان لە ئیسڵاحتەڵەبەکان کرد؟ ئاخۆ گرینگترین
هۆی هەر ئەو لاواز هەڵوێست گرتنەی ئیسڵاحخوازان
نەبوو؟ کاتێک ئیسڵاحخوازان بەشێوەیەکی لاواز و بێ
باوەڕ بە خۆ لە گەڵ دوژمن رووبەروو دەبن و بە قسە
و کردەوەیان وەها نیشان دەدەن کە وەلی فەقی پاش
هەموو جەنایەت و دڵڕەقی و کوشتارێک کەلە خەڵک
کردی، هێشتا لە گوڵ کەمتری پێ نەگوترێت، چۆن دەبێ
چاوەروانی ئەوە بکرێ کە مەسەلەن کارمەندانی
ناڕازیی وەزارەتی دەرەوە، داهاتووی کاری خۆیان
وەمەترسی بخەن و لەو هەموو ئەو ئیمتیازانە کە
بەهۆی خزمەت بە دەسەڵات دەستیان خستوە چاوپۆشی
بکەن و خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەیان وەمەترسی
بخەن و بچنە پاڵ ئیسڵاحتەلەنەکانەوە؟
جیا لە وەزارەتی دەرەوە، لە بوارەکانی دیکەی
دەسەڵاتدارت
وەک سپای پاسداران، بەسیج و ناوەندە
سەرکوتگەرەکانی دیکەی حکوومەتدا هەر بەو شێوەیە.
ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و بەسیج و سپا و...
بەشێوەی بەردەوام لە لایەن فەرماندەکانیان و
هەروەها ژمارێکی زۆر ئاخوندی بەکرێگیراو تەبلیغیان
بۆ دەکرێ و مێشکیان پڕ دەکرێتەوە کە سامی وەلی
فەقی بچێتە مێشک و درونیانەوە و کوێرانە
گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن. ئەو ئاخوندانەی کە لە
مەکتەبی مسباحی یەزدی و هاوبیرانی دەرسی شەڕی
رەوانییان خوێندوە، بەردەوام لە گویی هێزە
سەرکوتگەرەکاندا بانگی ئەوە دەدەن کە خەڵکی ناڕازی
دوژمنی ئینقلاب و ئیسلامن و ئەوانەی لە شەقامەکان
کاتی خۆپیشاندان گوڵتان پێ دەدەن، بەهۆی کزی و
لاوازییانەوەیە و ئەوە سیاسەتی شۆڕشی مەخمەلییە
کە ئیستکباری جیهانی فیری کردوەن. تا بەو شێوە
ببنە هۆی دڵسارکردنەوەی هێزەکانی وەفادار بە
"ویلایەت". هیزە سەرکوت گەرەکان مووچەی مانگانەی
باش وەردەگرن و ئیمتیازێکی زۆریان دەدەنی و لەباری
ئابوورییەوە دابین کراون. ئەمە لە وڵاتێکدا کە
بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی بێکارن دەبێتە هۆیەکی
گرینگ کە بەئاسانی دەس لە کۆماری ئیسلامی
هەڵنەگرن. حکوومەت بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی
حەریمێکی ئەمنی پێکهێناوە دەستیانی بۆ زوڵم کردن
لە خەڵک ئاواڵە هیشتوە و بۆ جەنایەتەکانیان پاساوی
شەرعیی دێنێتەوە تا کوو بێ ئەوە هیچ هەست بە گوناح
بکەن، و تەنانەت بە شانازیەوە دەست درێزی بکەنە
سەر مافەکانی خەڵک. پیس ترین کەسانی هێزە سەرکوت
گەرەکان، تەنها بەهۆ نۆکەری بۆ حکوومەت، ئەو
ئیمتیازەیان پێ دەدرێت کە بە دەسدرێژیی بۆ سەر
ناڕازیە گیراوەکان، حەزە حەیوانییەکانی خۆیان بە
شێوەیەکی قانوونی و شەرعی دامرکێنێتەوە. جیا
لەمانەش هێزەکانی سپا و بەسیج خۆیان گرژی و
خوشونەت خوڵقێنن و لەگەڵ بێبەزیی و دڵڕەقی و
وەحشیگەریی حکوومەت ئاشنان. بۆیە باش دەزانن گەر
پشت لە رژیم بکەن چارەنووسێکی تاڵ چاوەروانیان
دەکات. ئاخۆ کەسێکی عاقڵ باوەڕ دەکات کە
ئیسڵاحتەڵەبەکان بتوانن بە خۆ دوورگرتن لە دروشمی
مەرگ بۆ دیکتاتۆر، یا داواکردن لە خامنەیی کە
دڵداریی زیان لێکەوتووانی ئیعترازە خیابانییەکان
بداتەوە،( ئەڵبەت لایەنگرانی وەلایەت ئەو داخوازە
بە کزی و پاڕانەوەی دەزانن) و تەنیا بە رێپێوانی
هێمنانە و پێشکەش کردنی گوڵ بە سەرکوتگەران، یەکدا
بە دوو هیزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت لە خەو ڕا
دەچڵەکێن و دەس لەو هەموو موچە و ئیمتیازانە
هەڵگرن و هەزاران کاتژمێر ئامووزشی عەقیدەتی
فەرامۆش بکەن و بچنە ریزی ئیسڵاحتەڵەبەکانەوە؟
ئاشکرایە ئەم قسانە بەمانای رەد کردنەوەی بایەخی
رێبازی هێمنانە بۆ راکێشانی سەرنجی سەرکوتگەران
نییە، بەڵکوو دەس نانە سەر ئەو ڕاستییە کە ئەم
ڕێبازە(ڕاکێشانی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ ناو خەڵک)
لە کاتێکدا ئیسڵاحتەڵەبەکان رێبازی پارانەوە و
دەستەوداوێن بوونی خامنەیی دەگرنە پێش،
ناسەرکەوتوووە و هێزەکانی حکوومەت ئەو ڕەفتارانە
بە لاوازی و ترس لێکدەدەنەوە و هچ چەشنە
کاریگەریەکی لەسەریان نابێت.
کۆتایی بەشی سیهەم
لە بەشی چوارەم و کۆتاییدا ئەم تەوەرە
دەخوێنیتەوە:
هەوڵدان بۆ راکێشانی سەرنجی کۆنپارێزان،
بیانوویەک بۆ خۆ سانسۆر کردن و سانسۆرکردنی
خەڵکانی دیکە
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|
بەشی یەکەم
بەشی دووەم
پێشەکیی وەرگێڕ
پاش هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی سەرکۆماری لە ئیران و دەستێوەردان و تەقەلوبی
بێشەرمانەی باڵی دەسەڵاتدار، حەرەکەتێکی ئیعترازیی خۆجۆش و چاوەروان نەکراو لە
لایەن لاوانەوە سەریهەڵدا کە لە ماوەیەکی کورتدا پەرەی ئەستاند و بوو بە
ڕاپەرینێکی جەماوەریی دژی دەسەڵات. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ئوپۆزیسیونێکی بەهێز
لە ناوخۆ، هەر زوو رێسمەی ئەو راپەرینە کەوتە دەست باڵی دۆڕاوی شەڕی دەسەڵات لە
کۆماری ئیسلامی، واتا ئیسڵاح خوازەکان. ئەگەرچی نابێ ئەو جەماوەرە ملوێنییە بە
لایەنگری ئیسڵاحخوازن بزانرێت، بەڵام لە تەوەهومێکدا کە ئیسڵاحخوازن و هێندێک
هێزی(داتەپیوی) ئوپۆزسیون و فەزای حاکم بەسەر کۆمەڵگە پێکیان هێنا، هەروەها
بەهۆی ئەوەی حكوومەت هیچ دەرفەت و دەرەتانێکی بۆ لەمەیدان دا بوونی جیابیرانی
دەروەی دەسەڵات نەهێشتبوو، خۆ بە خۆ رێسمەی ئەو ئیعترازە کەوتە دەستی ئیسڵاح
خوازەکانەوە.
ئێمە لە هەڵوێست هەر ئەوکات ڕامانگەیاند کە ئیسڵاحخوازان ناتوانن زەفیەتی
خۆدەقدان لەگەڵ داخوازەکانی خەڵکیان هەبێ و هیچکات ئامادە نابن بۆ رووخانی
دەسەڵات یا لانی کەم لێدانی وەلی فەقی بچن، بۆیە ڕامان گەیاند کە خەڵکی ڕاپەریو
دەبێ خۆیان ئیبکاری عەمەلیان بەدەستەوە بێت و گەریش هاوکاریی ئیسڵاحتەڵەبەکان
دەکەن، دەبێ وەپێشیان کەون و ئەوان لە دوی خۆیان بکێشن. هەروەها بە ڕاشکاوی
پێشبینی ئەوەمان کرد گەر خەڵکی راپەریو و جەماوە، چی تر بەناوی "خەباتی گرژی
پارێز"(مبارزە مسالمت آمیز)، دەستەوسان لەبەرابەر هێزی سەرکوتگەری دەسەڵاتدا
ڕاوەستن، خەڵک چاوترسێن دەبن و پاشەکشە دەکەن. لەهەمان حاڵەتدا چەند بابەتمان
لەسەر خەباتی مەدەنی و گرژی پارێز بڵاو کردوە و جیاوازیی تەسلیم تەڵەبی و
خەباتی هێمنانەمان دەست نیشان کرد.
زۆر بەداخەوە پێشبینیی ئیمە راست هەڵگەرا ئەو ڕاپەڕینە بەشکۆ و جەماوەریە
پاش ماوەیەک بە هۆی بێ تەدبیریی ئیسڵاحخوازەکان ( و هاوکات بێرەحمی،
جەنایەتکاریی و دەس نەپارێزیی هیزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات) تووشی پاشەکشە و
سەرەنجام شکست هات. ئەگەرچی هەست و داخوازی خەڵک هەر وەک خۆی ماوە و بێگومان لە
دەرفەتی دیکەدا لەو ڕاپەینە شکۆدارتر و بە تەوەژم تر دێتەوە مەیدان. هاتنە
مەیدانێک کە ئەمجارە کڵاوی هێندێک حیزبی داتەپێو و تاقمی شەریکی دەسەڵاتی
ناچێتە سەر و، کۆماری ئیسلامی بەتەواوی باڵەکانیەوە رەوانەی زبڵدانی مێژوو
دەکات.
ئێستە پاش دوو ساڵ یەکێک لە روناکبرانی هاو بیری ئیسڵاحخوازەکان کە ئەوکات
داکۆکیکاری "بزووتنەوەی سەوز" بوە، بە نووسینی وتارێکی دوور و درێژ ، ستراتێژی
و شێوە کار و تاکتیکەکانی ئیسڵاحتەڵەبەکانی داوەتە بەر رەخنەیەکی قووڵ و
لۆژیکانە. بۆیە من بە پێوێستم زانی ئەو دەنگە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی تا
هیندێک هاونیشتمانیی خۆشمان لە زمانی خودی ئیسڵاحخوازانەوە ، ئەو ڕاستیانە
ببیسن کە ئێمە دووساڵ پێش بانگەوازمان دەکرد. پێویستە ئەوەش ئیزافە بکەم من
هەوڵ دەدەم دەقەکە وەک خۆی بکەمە کوردی. بەو تێبینییەوە کە وەرگێڕانی ئەم دەقە
بەمانای سەلماندن و قەبووڵ کردنی هەموو نەزەراتی نووسەر نییە.
خەلیل غەزەڵی
|