|
هەڵەکانی ئیسڵاحخوازان
سوهەیل رۆحانی
بۆ کوردی: خەلیلی غەزەڵی
بەشی دووەم:
هەلومەرجی ناوخۆیی و جیهانی بۆ ڕاپەرین لەبار بوو
پاش کودتای 22 جۆزەردان، دژبەرانی تەقەلوب لە
هەڵبژاردن کە
زۆرینەی
دەنگدرانیان پێکدەهێنا بەشێوەیەکی یەکگرتوو لە
رێبەرانی ئیسڵاحتەلەب پشتیوانیان کرد. ئەم
یەکگروییە هۆکارگەلی ناوخۆ و دەرەکی هەبوو.
ئێرانییەکان خاوەنی ٣٠ساڵ ئەزموون و ژیان لە
دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر، نالایەق و کۆنخواز هەبوون و
خوازیاری گۆڕان بوون. بۆیە وایان بیر دەکردەوە کە
بە پشتیوانی کردنی ئیسڵاحخوازان، لانیکەم بە
بەشێک لە داخوازەکانیان دەگەن. هۆی دیکەی ئەو
یەکگرتنەی خەڵک، ئەو هەلومەرجە جیهانییە بوو کە
پاش رووخان و لێکبڵاویی یەکێتی سۆڤیەتی
سوسیالیستی لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هاتبوە
ئاراوە.
رووخانی ئوردوگای سوسیالیستی یارمەتیدەری
یەکگرتوویی هێزەکانی دژبە دەسەڵات
جیهان لە سەدەمی شەڕی سارد دا، واتا لە کاتی
کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانیی دوەم لە ١٩٤٥ تا
رووخانی یەکێتی سۆڤیەت(سەرەتاکانی ١٩٩٠)لە نێوان
دوو ئوردوگای دژبەری سەرمایەداری بە رێبەرایەتی
ئامریکا و سوسیالیستی بە رێبەرایەتیی سۆڤیەت دابەش
ببوو. ئامریکا لە دەسەڵاتەکانی دژ بە سۆڤیەت
پشتیوانی دەکرد و شەورەویش لە دەسەلاتەکانی دژ بە
ئامریکا. هەردوو زلهێز لەهەوڵی ئەوەدا بوون کە
هاوپەیمانانێکی زۆرتر لە نێو وڵاتانی جیهانی سیهەم
لە ئاسیا و ئافریکا و ئامریکای لاتین دا ببیننەوە،
بەبێ ئەوە کە بایەخەێک بە ناوەرۆکی هیچکام لەو
وڵاتانە لە باری شیوەی دەسەڵاتداریەوە بدەن.
ئامریکا
ترسی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی وڵاتانی جیهانی
سییەمی لەدڵدا بوو و دەترسا ئەم بزووتنەوانە پاش
بەدەسەڵات گەیشتن هەڵوێستیان دژی ئیمپریالیستی و
دژ بە ئامریکا بێت و، لە بەرەی سۆڤیەتدا جیگیر بن.
شۆڕشی کووبا نموویەک لەو بزووتنەوانە بوو.
ئامانجی شۆڕشی کووبا لە ساڵی ١٩٥٧ بە رێبەریی فیدل
کاسترۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرەرۆیانەی
"پاتیستا" و دامەرزانی دیموکراسی بوو. بەڵام
شۆڕشگێڕان پاش سەرکەوتن بڕیاریان دا کە نیزامێکی
کۆمونیستی دامەرزێنن و بە دژی ئامریکا لەگەڵ
یەکێتی سۆڤیتەت بچنە هاوپەیمانییەکی
ستراتێژییەوە. شۆڕشی کووبا ئامریکای خستە ترس و
دڵەڕاوکەوە، بۆیە لە هیچ شۆڕشێکی رزگاریخوازی
پشتیوانیی نەکرد.
یەکێتی سۆڤیەت ئاڵاهەڵگر و بڕبرەی پشتی دونیای
سوسیالیستی بوو و باری گرانی ڕاوەستان لە بەرابەر
ئوردووگای سەرمایەداریی لەسەر شان بوو. ئەم
دەسەلاتە رژیمەکانی دژ بە ئامریکای بە هاوپەیمانی
ستراتژیکیی خۆی بەحیساب دەهێنا و لەو باوەڕەدا بوو
کە ئەم وڵاتانە بەهۆی دژایەتی کردنی ئامریکا،
دەورێکی پێشکەوتنخوازانە لە خەباتی چینایەتیدا
دەگێڕن. بۆ سۆڤیەت و حیزبە کومونیستەکانی
لایەنگری، ئەوەی بایەخی نەبوو سەرەرۆ بوون،
گەندەڵ، نالایەق و دیکتاتۆر بوونی ئەو دەسەڵاتانە
بوو. ئەم تایبەتمەندیە خراپانە لای سۆڤیەت بەگشتی
"لاوەکی" و " کەم بایەخ" دەژمێردران کە لەبەرابەر
کێشەی گرینگ واتا "خەباتی دژی ئیمپریالیستی" جێگەی
چاوپۆشی و فەرامۆش کردن بوون.(هەرئەوەش بوو) کە
سۆڤییەت بە ڕەچآوکردنی ئەو رێبازە دەسەڵاتە
سەرکۆتگەرەکانی جیهانی سێهەمی (وەک قەزافی لە
لیبی و حافز ئەسەد لە سووریە) بەهۆ دژایەتی کردنی
ئامریکا بە پێشکەوتوو دەناساند و پشتیوانیی
دەکردن.
لە ئێران،پاش شۆڕشی ١٣٥٧،باڵێک لە دەسەڵات، کە بە
باڵی رێرەوانی خەتی ئیمام خومەینی ناویان
دەرکرد،ئاڵای خەبات بە دژیی ئامریکا و داکۆکی
کردنی مافی موستەزعەفان(ستەملێکراوان- م) دژی
موستەکبرین(ستەمکاران-م) بەرز کردەوە و بەمەبەستی
دەرپەڕاندنی لیبراڵەکان (دەوڵەتی بازرگان- م) لە
گۆڕەپانی سیاسی و دەستخستنی دەسەڵات بەتەواوی لە
هەوڵ و تێکۆشاندا بوو. ئەوەی کە ئەم باڵەی
حکوومەتی دەکردە جێی مەترسیی و ئەگەری دژایەتی
کردنی دەهێنایە گۆڕ، دواکەوتوویی فەرهەنگیی ئەم
باڵە بوو. ئەم باڵە لە دەسەڵات نەک هەر لە هەوڵی
مۆنۆپول کردنی دەسەڵات بوو، بەڵکو دەیویست
رەورەوەی مێژووش بۆ دواوە بگێڕێتەوە و بایەخەکانی
سەدەکانی نێوەڕاست بە سەر کۆمەلگەی تا ڕادەیەک
مودێڕنی ئەو دەمێ ئێراندا بسەپێنێ. بۆ پێشگرتن لە
روودانی کارەساتیكی ئەوتۆ، دەبوا جیاوازبیران و
لەوانە لیبراڵەکان، مارکسیستەکان و هێزە
مەزهەبیەکانی دژی دیکتاتۆریی مەزهەبی لە دەوری
ئازادیە مەدەنییەکان واتا ئازادیی
دەربڕین،چاپەمەنی، پێکهێنانی حیزب و چالاکیی سیاسی
یەکیان بگردایە. بەڵام ئەم یەکگردنە سەرینەگرد و
یەکێک لە هۆیەکانی ئەم سەرنەگردنە دووجەمسەریی
بوونی جیهان و پشتیوانیی حیزبی توودە لە ئەو بالە
بوو کەلە پەیجۆری سەپاندنی سەرەرۆیی مەزهەبیدا
بوون.
لە روانگەی حیزبی توودەوە سەرکوتی نیهزەتی
ئازادیی، جیبهەی میللی، جیبهەی دێموکراتیکی میللی
و رێکخراوە لیبراڵەکانی دیکە لەلایەن حکوومەتی
ئیسلامییەوە نەک هەر گرفتێک نەبوو، بەڵکوو بۆ
لاوازکردنی نیزامیی سەرمایەداری و کزکردنی
هاوپەیمانانی ستراتێژیکی "ئیمپریالیزم" لە ئێران
پێویست بوو و بە هەنگاوێکی پێشکەوتنخوازانە لە
قەڵەم دەدرا. دەسدرێژیی رۆژ لە رۆژ زیاتری
حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر مافە مەدەنییەکانی
خەڵکیش کێشەیەکی "گرینگ" نەبوو. دابەزاندنی ژن بۆ
ئاستی شارەوەندی پلە دوو، سەپاندنی یاساگەلی دژ بە
ژن،سەپاندنی حێجاب بەسەر ژناندا، بانگەشەی
هاوسەرگیریی کاتی (سیغە) و یاساخ کردنی
بڵاوکردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژی ژن لە رادیۆ و
تەلەفزیونیش کێشەیەکی "گرینگ" نەبوو. هەڵاوردن دژی
کەمایەتیە مەزهەبی و قەومییەکانیش کێشەیەکی
"گرینگ" نەبوو. خۆ هەڵقوتانی حکوومەت لە
تایبەتیترین لایەنی ژیانی شەخسیی هاوڵاتیان وەک
هاتووچووی ژن و پیاویش هەر "گرینگ" نەبوو.
بڕەودانی موجازاتی وەحشیانەی وەک بەردباران(رەجم)
و بڕینی دەست و پێ و شەلاخ لێدان لە شەقامەکانیش
"گرینگ" نەبوو. شۆڕشی فەرهەنگی و داخستنی
زانکۆکانیش کارێکی "گرینگ" نەبوو. کیشەی "گرینگ"
خەبات دژی "ئیمریالیزمی ئامریکا" بوو!! رەێرەوانی
"ڕێبازی خەڵکی و دژی ئیمریالیستیی ئیمام خومەینی"
تا ئەوکاتەی کە ئاڵای دژایەتی کردنی ئامریکایان
شەکاوە ڕا دەگرت و لەگەڵ سیاسەتی دەرەکیی سۆڤیەت
تەبا دەبوون، دەیانتوانی سەرەرای هەر جەنایەتێک کە
دژی خەڵکی ئێران ئەنجامی دەدەن، لەسەر پشتیوانیی
بێدرێخی یەکیەتی سۆڤیەت و حیزبی تودە حیساب بکەن.
بەڵام جیهانی ساڵی ١٣٨٨ لەگەڵ دونیای ساڵەکانی
سەرەتای ژیانی کۆماری ئیسلامی جیاوازیی گەورەی
بەخۆ دیتبوو. کاتێک کە ئیعتراز بە کودێتای ١٣٨٨
دەستیپیکرد و خەڵک رژانە سەر شەقامەکان تا دژی
وەلی فەقی بەناو "دژی ئیمپریالیست" راوەستن، ئیتر
یەکێتی سۆڤیەتێک نەمابوو تا لە هات و هاواری دژی
ئیمریالیستیی وەلی فەقی و زڕە زڕی سەرکۆمارە
داسەپاوەکەی دژی سەرمایەداریی لیبراڵ وەسەما
کەوێت. ئەوسا هەموو توانای خۆی بۆ دیفاع لە کۆماری
ئیسلامی وەگەڕ بخات و لایەنگرانی خۆیئ لە
ئێران(توودەئیزم-م) وەپێش بدات و بۆ داکۆکی کردن
لە وەلی فەقیی "دژی ئیمریالیست" قەڵەمەکانیان
وەگەڕ بخەن و وبیر ئێرانییەکان بێننەوە کە
خەباتی خامنەیی دژی ئیمریالیزم "گرینگە" و
داخوازەکانی بزووتنەوەی سەوز بێبایەخن. بۆیە دەبێ
لە خامنەیی و سەرکۆمارەکەی کە ساڵانێکی زۆرە
لەبەرابەر ئیمریالیزم و زایونیزمدا ڕاوەستاون
دیفاع بکەن، بۆوەی ئیمریالیزمی جیهانی نەتوانێ
کۆماری ئیسلامی لە بەرەی دژی ئیمپریالیستی بێنێتە
دەر و بیباتە ریزی هاوپەیمانانی خۆیەوە.
لێکبڵاوی یەکێتی سۆڤیە هۆیەکی گەورە کە دیتوانی
ببێتە هۆی ئاژاوە و جیایی لە ریزەکانی بزووتنەوەی
سەوزی نەهێشتبوو. هەر ئەوەش بۆ یەکگرتوویی و
هاودەنگیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەریو یارمەتیدەرێکی
گەورە بوو.
کۆتایی بەشی دووەم
لە بەشی سێیەمی
دا ئەم تەوەرە دەخوێنێتەوە:
گیرانی کەسایەتیەکانی ئیسلاحتەلەب لە شکست
هێنانی بزووتنەوەی سەوز چارەنوويسساز نەبوو
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|
بەشی یەکەم
پێشەکیی وەرگێڕ
پاش هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی سەرکۆماری لە ئیران و دەستێوەردان و تەقەلوبی
بێشەرمانەی باڵی دەسەڵاتدار، حەرەکەتێکی ئیعترازیی خۆجۆش و چاوەروان نەکراو لە
لایەن لاوانەوە سەریهەڵدا کە لە ماوەیەکی کورتدا پەرەی ئەستاند و بوو بە
ڕاپەرینێکی جەماوەریی دژی دەسەڵات. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ئوپۆزیسیونێکی بەهێز
لە ناوخۆ، هەر زوو رێسمەی ئەو راپەرینە کەوتە دەست باڵی دۆڕاوی شەڕی دەسەڵات لە
کۆماری ئیسلامی، واتا ئیسڵاح خوازەکان. ئەگەرچی نابێ ئەو جەماوەرە ملوێنییە بە
لایەنگری ئیسڵاحخوازن بزانرێت، بەڵام لە تەوەهومێکدا کە ئیسڵاحخوازن و هێندێک
هێزی(داتەپیوی) ئوپۆزسیون و فەزای حاکم بەسەر کۆمەڵگە پێکیان هێنا، هەروەها
بەهۆی ئەوەی حكوومەت هیچ دەرفەت و دەرەتانێکی بۆ لەمەیدان دا بوونی جیابیرانی
دەروەی دەسەڵات نەهێشتبوو، خۆ بە خۆ رێسمەی ئەو ئیعترازە کەوتە دەستی ئیسڵاح
خوازەکانەوە.
ئێمە لە هەڵوێست هەر ئەوکات ڕامانگەیاند کە ئیسڵاحخوازان ناتوانن زەفیەتی
خۆدەقدان لەگەڵ داخوازەکانی خەڵکیان هەبێ و هیچکات ئامادە نابن بۆ رووخانی
دەسەڵات یا لانی کەم لێدانی وەلی فەقی بچن، بۆیە ڕامان گەیاند کە خەڵکی ڕاپەریو
دەبێ خۆیان ئیبکاری عەمەلیان بەدەستەوە بێت و گەریش هاوکاریی ئیسڵاحتەڵەبەکان
دەکەن، دەبێ وەپێشیان کەون و ئەوان لە دوی خۆیان بکێشن. هەروەها بە ڕاشکاوی
پێشبینی ئەوەمان کرد گەر خەڵکی راپەریو و جەماوە، چی تر بەناوی "خەباتی گرژی
پارێز"(مبارزە مسالمت آمیز)، دەستەوسان لەبەرابەر هێزی سەرکوتگەری دەسەڵاتدا
ڕاوەستن، خەڵک چاوترسێن دەبن و پاشەکشە دەکەن. لەهەمان حاڵەتدا چەند بابەتمان
لەسەر خەباتی مەدەنی و گرژی پارێز بڵاو کردوە و جیاوازیی تەسلیم تەڵەبی و
خەباتی هێمنانەمان دەست نیشان کرد.
زۆر بەداخەوە پێشبینیی ئیمە راست هەڵگەرا ئەو ڕاپەڕینە بەشکۆ و جەماوەریە
پاش ماوەیەک بە هۆی بێ تەدبیریی ئیسڵاحخوازەکان ( و هاوکات بێرەحمی،
جەنایەتکاریی و دەس نەپارێزیی هیزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات) تووشی پاشەکشە و
سەرەنجام شکست هات. ئەگەرچی هەست و داخوازی خەڵک هەر وەک خۆی ماوە و بێگومان لە
دەرفەتی دیکەدا لەو ڕاپەینە شکۆدارتر و بە تەوەژم تر دێتەوە مەیدان. هاتنە
مەیدانێک کە ئەمجارە کڵاوی هێندێک حیزبی داتەپێو و تاقمی شەریکی دەسەڵاتی
ناچێتە سەر و، کۆماری ئیسلامی بەتەواوی باڵەکانیەوە رەوانەی زبڵدانی مێژوو
دەکات.
ئێستە پاش دوو ساڵ یەکێک لە روناکبرانی هاو بیری ئیسڵاحخوازەکان کە ئەوکات
داکۆکیکاری "بزووتنەوەی سەوز" بوە، بە نووسینی وتارێکی دوور و درێژ ، ستراتێژی
و شێوە کار و تاکتیکەکانی ئیسڵاحتەڵەبەکانی داوەتە بەر رەخنەیەکی قووڵ و
لۆژیکانە. بۆیە من بە پێوێستم زانی ئەو دەنگە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی تا
هیندێک هاونیشتمانیی خۆشمان لە زمانی خودی ئیسڵاحخوازانەوە ، ئەو ڕاستیانە
ببیسن کە ئێمە دووساڵ پێش بانگەوازمان دەکرد. پێویستە ئەوەش ئیزافە بکەم من
هەوڵ دەدەم دەقەکە وەک خۆی بکەمە کوردی. بەو تێبینییەوە کە وەرگێڕانی ئەم دەقە
بەمانای سەلماندن و قەبووڵ کردنی هەموو نەزەراتی نووسەر نییە.
خەلیل غەزەڵی
|