|
هەڵەکانی ئیسڵاحخوازان
سوهەیل رۆحانی
بۆ کوردی: خەلیلی غەزەڵی
پێشەکیی وەرگێڕ
پاش هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی سەرکۆماری لە ئیران و
دەستێوەردان و تەقەلوبی بێشەرمانەی باڵی
دەسەڵاتدار، حەرەکەتێکی ئیعترازیی خۆجۆش و
چاوەروان نەکراو لە لایەن لاوانەوە سەریهەڵدا کە لە
ماوەیەکی کورتدا پەرەی ئەستاند و بوو بە
ڕاپەرینێکی جەماوەریی دژی دەسەڵات. بەداخەوە بەهۆی
نەبوونی ئوپۆزیسیونێکی بەهێز لە ناوخۆ، هەر زوو
رێسمەی ئەو راپەرینە کەوتە دەست باڵی دۆڕاوی شەڕی
دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی، واتا ئیسڵاح خوازەکان.
ئەگەرچی نابێ ئەو جەماوەرە ملوێنییە بە لایەنگری
ئیسڵاحخوازن بزانرێت، بەڵام لە تەوەهومێکدا کە
ئیسڵاحخوازن و هێندێک هێزی(داتەپیوی) ئوپۆزسیون و
فەزای حاکم بەسەر کۆمەڵگە پێکیان هێنا، هەروەها
بەهۆی ئەوەی حكوومەت هیچ دەرفەت و دەرەتانێکی بۆ
لەمەیدان دا بوونی جیابیرانی دەروەی دەسەڵات
نەهێشتبوو، خۆ بە خۆ رێسمەی ئەو ئیعترازە کەوتە
دەستی ئیسڵاح خوازەکانەوە.
ئێمە لە هەڵوێست هەر ئەوکات ڕامانگەیاند کە
ئیسڵاحخوازان ناتوانن زەفیەتی خۆدەقدان لەگەڵ داخوازەکانی
خەڵکیان هەبێ و هیچکات ئامادە نابن بۆ رووخانی
دەسەڵات یا لانی کەم لێدانی وەلی فەقی بچن، بۆیە
ڕامان گەیاند کە خەڵکی ڕاپەریو دەبێ خۆیان ئیبکاری
عەمەلیان بەدەستەوە بێت و گەریش هاوکاریی
ئیسڵاحتەڵەبەکان دەکەن، دەبێ وەپێشیان کەون و
ئەوان لە دوی خۆیان بکێشن. هەروەها بە ڕاشکاوی
پێشبینی ئەوەمان کرد گەر خەڵکی راپەریو و جەماوە،
چی تر بەناوی "خەباتی گرژی پارێز"(مبارزە مسالمت
آمیز)، دەستەوسان لەبەرابەر هێزی سەرکوتگەری
دەسەڵاتدا ڕاوەستن، خەڵک چاوترسێن دەبن و پاشەکشە
دەکەن. لەهەمان حاڵەتدا چەند بابەتمان لەسەر
خەباتی مەدەنی و گرژی پارێز بڵاو کردوە و جیاوازیی
تەسلیم تەڵەبی و خەباتی هێمنانەمان دەست نیشان
کرد.
زۆر بەداخەوە پێشبینیی ئیمە راست هەڵگەرا ئەو
ڕاپەڕینە بەشکۆ و جەماوەریە پاش ماوەیەک بە هۆی
بێ تەدبیریی ئیسڵاحخوازەکان ( و هاوکات بێرەحمی، جەنایەتکاریی و دەس نەپارێزیی هیزە
سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات) تووشی پاشەکشە و سەرەنجام
شکست هات. ئەگەرچی هەست و داخوازی خەڵک هەر وەک
خۆی ماوە و بێگومان لە دەرفەتی دیکەدا لەو ڕاپەینە
شکۆدارتر و بە تەوەژم تر دێتەوە مەیدان. هاتنە
مەیدانێک کە ئەمجارە کڵاوی هێندێک حیزبی داتەپێو و
تاقمی شەریکی دەسەڵاتی ناچێتە سەر و، کۆماری
ئیسلامی بەتەواوی باڵەکانیەوە رەوانەی زبڵدانی
مێژوو دەکات.
ئێستە پاش دوو ساڵ یەکێک لە روناکبرانی هاو بیری
ئیسڵاحخوازەکان کە ئەوکات داکۆکیکاری
"بزووتنەوەی سەوز" بوە، بە نووسینی وتارێکی دوور و
درێژ ، ستراتێژی و شێوە کار و تاکتیکەکانی
ئیسڵاحتەڵەبەکانی داوەتە بەر رەخنەیەکی قووڵ و
لۆژیکانە. بۆیە من بە پێوێستم زانی ئەو دەنگە
وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی تا هیندێک هاونیشتمانیی
خۆشمان لە زمانی خودی ئیسڵاحخوازانەوە ، ئەو
ڕاستیانە ببیسن کە ئێمە دووساڵ پێش بانگەوازمان
دەکرد. پێویستە ئەوەش ئیزافە بکەم من هەوڵ دەدەم
دەقەکە وەک خۆی بکەمە کوردی. بەو تێبینییەوە کە
وەرگێڕانی ئەم دەقە بەمانای سەلماندن و قەبووڵ
کردنی هەموو نەزەراتی نووسەر نییە.
خەلیل غەزەڵی
هەڵەکانی ئیسڵاحخوازان
سوهەیل رۆحانی
ڕاپەڕینی گەلیی و مافخوازانەی ئێرانییەکان، پاش
هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرکۆماری لە جۆزەردانی
١٢٨٨، بەمەبەستی دانانی براوەی هەڵبژاردن واتا میر
حوسێن موسەوی لەسەر کورسیی سەرکۆماری، لە
هەلومەرجی زۆر لەباری ناوخۆ و جیهانیدا هاتە
ئاواوە و شانسێکی گەورەی بۆ سەرکەوتن هەبوو.ئەم
هەوڵە گەورەیە،سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی رێبەرانی و
گیانفیدایی ملوێنان ئێرانی شکستی هینا. بزووتنەوەی
سەوز کە لە کاتی هەڵبژاردندا گەرای بەست و بەرە
بەرە ئامانجی بەرینتری لە هێنانە خواری غاسبی
ئەنجامی هەڵبژاردن نایە پێش رێگەی خۆی، بە هیچ کام
لە ئامانجەکانی نەگەیشت.مووسەوی نەک لە کۆشکی
سەرکۆماری، بەلکە لە خانووی خۆی زیندانی کراوە. ژن
لە سەردەمی پێش هەڵبژاردن زیاتر زەختیان دەکرێتە
سەر. گوشار هێنان بۆ ناوەندە سیاسی، خوێندکاری و
کرێکارییەکان زۆرتر بوە. هەزاران کەس لە شەقامەکان
دارکاری کراون و لێیان دراوە و تەحقیر
کراون.ژمارێکی زۆر خراونەتە زیندانەکانەوە،
ئەشکەنجە دراون و دەستدرێژیان کراوەتە سەر. دەیان
و سەدان کەس کوژراون. خەفەقان تا هاتوە زۆرتر بوە.
رژیم بەردەام لە هەوڵی قایمکردنی پایەکانی
ویلایەتی فەقیدایە.
سەرەرای هەموو ئەمانە، ئەو ڕاپەڕینە دەستکەوتێکی
گەڵێ گرینگی هەبوو کە ئەویش ناسینی ناوەرۆکی
سەرەڕۆیانە و دژی گەلیی نیزامی ویلایەتی فەقی بۆ
ملوێنان خەڵکی ئێران بوو. سەرکوتی خوێناویی
رابوونی ئێرانییەکان بوە هۆی ئەوە کە هێلی
تەقەدوس کە بەکرێگیراوانی دەسەڵات بە هەزینەکردنی
میلیاردها دولار و بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە
باوەڕی مەزهەبیی خەڵک بە دەوری دیکتاتۆریی
مەزهەبیدا کیشابوویان، تا ڕادەیەک وەلاوە چو بۆنی
گەنیوی دژایەتیی ئازادی، خورافە پەرستی، خەڵک
خڵەتێنی و دڵڕەقی حکوومەت، ئاسمانی ئێرانی پر کرد
و ملوێننان خەڵک دەسەڵاتیان باشتر ناسی. ئەم
ناسینە دەتوانێ یارمەتیدەری دارشتنی تاکتیک و
ستراتێژیی دروستر بێت و لە هەلو مەرجی سەرنەکەوتنی
کاتیی بزووتنەوەی ئیسڵاحخوازیدا، وەک دەستکەوتی
خوێنە رژاوەکان و زەنج و مەینەتی تێکۆشەرانی
ئیسڵاحتەڵەب ببێتە هۆی هیوای لە دڵی لایەنگرانی
بزووتنەوەدا.
ئیسڵاحخوازەکان سەرەڕای ئەوەی مەودایەکی بەرینی
شۆڕشگێری و ئەزموونی دەسەڵاتداریان
هەبوو،سەرکەوتوو نەجووڵانەوە
لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ دا ، باڵی
ئیسڵاحخوازی نیزامی ئیسلامی لەبەرابەر باڵی
دواکەوتووی ئەم حکوومەتەا راوەستا.
ئیسڵاحتەڵەبەکان لە لایەن کەسانێکی بە ئەزموونەوە
رێبەریی دەکران. مير حوسين موسەووی وەک ئەندامی
شوورای ئینقلاب، ئەندامی بەرێوەبەریی حیزبی
جمهووری ئیسلامی، وەزیری دەروە لە دەوڵەتەکانی
ڕەجایی و باهونەر و مەهدەوی کەنی،
سەررۆکوەزیر(١٣٦٨-١٣٦٠)، ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی
مەسڵەحەتی نیزام، ڕاوێژکاری سیاسیی دوو سەرکۆمار(
هاشمی رەفسەنجانی و خاتەمی) خاوەن ئەزموون بوو.
مێهدی کەرووبی ئەزموونی ئەندامەتی شوورای ناوەندیی
جامعەی رۆحانیەتی موبارز،سەرۆکی مەجلسی شوورای
ئیسلامی بۆ دوو خول،سەرۆکی مەجمەعی رۆحانیانی
موبارز و ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی لە
مێژووی تێکۆشانی خۆیدا هەبوو.
موحەمەدی خاتەمی نوێنەری مەجلسی یەکەم، وەزیری
فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، ئەندامی شوورای
ئینقلابی فەرهەنگی و دوو خول سەرکۆمار بوە.
ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانییش گەرچی بە رێبەری
ئیسڵاحتەڵەبەکان نەدەژمێردرا، بەڵام لە بەرەی
ئەواندا راوەستابوو. هاشمی لە سەرەتای هاتنە
سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوەتا هەڵبژاردنی ساڵی
١٣٨٨ یەکێک لە بەدەسەڵاتترین کەسان بووە لەو
حکوومەتەدا.ئەندامەتی شوورای ئینقلاب (١٣٥٩-١٣٥٧)
،سەرۆکی مەجلسی شوورای ئیسلامی (١٣٦٨-١٣٥٩) ،
جێگری فەرماندە گشتیی هێزە چەکدارەکان لە سەردەمی
خومەینی(١٣٦٧)دا،سەرکۆمار(١٣٧٦-١٣٦٨)، سەرۆکی
مەجلسی خوبرەگان، سەرۆکی مەجمەعی مەسڵەحەتی نیزام،
سەرۆکی شورای بەرزی ئینقلابی فەرهەنگی و سەرۆکی
شوورای بەرزی ئەمنیەتی نیشتمانی بەشێکن لە
رابردووی.
ئەم کەسانە لانی کەم سێ لە چواری ژیانی ٣٠ ساڵەی
کۆماری ئیسلامیدا(١٣٨٤-١٣٦٠)بەشێکی گەورەی لووتکەی
دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوە: هەشت ٨ ساڵ
سەرەکوەزیریی موسەوی، نۆ ٩ ساڵ سەرۆکاتەتی هاشمی
رەفسەنجانی بەسەر مەجلسدا(دەوری یەکەم و دووەم و
بەسێک لە دەوری سێیەم)، هەشت ٨ ساڵ سەرکۆماریی
رەفسەنجانی(١٣٧٦-١٣٦٨)، هەشت ساڵ سەرکۆماریی
خاتەمی(١٣٨٤-١٣٧٦)، و نزیکەی حەوت ٧ ساڵ سەرکایەتی
کردنی مەجلس لە لایەن کەرووبی(خولی سێهەم و خولی
شەشەم). رێبەرانی ئیسڵاحتەلەب لە لایەن ژمارێکی
زۆر لە وەزیر، ئوستاندار،شارەدارانی پێشوو،
نوێنەرانی ئیستا و پێشووی مەجلس، ئاخوندەکان،
بەرێوەبەرانی ئیدارە دەوڵەتییەکان، رۆژنامەوانان
و ... پشتیوانی دەکران. ئیسڵاحتەڵەبەکان لە هەموو
ئیدارە دەوڵەتییەکاندا و لەوانە ناوەندەکانی
سەرکوتی حکوومەت ،وەک سپای پاسداران، بسیج و
وەزارەتی ئیتڵاعات و هێزی ئینتیزامی خاوەنی
لایەنگرێکی زۆر بوون و لە ناوەندە نادەوڵەتیە
گرنگەکانی وەک بازاڕ، ناوەندە کرێکاری و
خوێندکاریەکان و ناوەندە مەزهەبییەکان(وەک
حەوزەکانی عیلمییە-و) دەستێکی زۆریان هەبوو.
ئەگەر کەسایەتیەکانی ئیسڵاحخواز خاوەنی ئەو هەموو
ئەزموونانە نەبوایەن، ئاسانتر دەکرا
سەرنەکەوتنەکەیان پاش کودێتای ١٣٨٨ پاساو بکرێت.
ئەوکات دەکرا بڵێین شاروەندانێک کە لەگەل
دڵڕەقیەکانی دونیای سیاسەت لە نیزامی ویلایەتی
فەقیدا نا ئاشنا بوون، بۆ وەرگرتنەوەی دەنگە
دزراوەکانی دەنگدەران هاتنە مەیدان و لە بەرابەری
لایەنێک کە خاوەنی زیاتر لە ٣٠ ساڵ
خەڵکهەڵخڵەتێنی، کەلەک و کلووکی سیاسی و سەرکوت و
کوشتاری جیاوازبیران بوو، لە ئاست فرەزانی و شڵتاخ
و فێلبازیی حەریف دا دەستو پێی خۆیان گوم کرد و
نەیانتوانی ستراتێژی و تاکتیکی گونجاو بگرنە پێش و
جۆکیان دا. بەڵام ئیسڵاحخوازان هەمیشە بەشێکی
گرنگ لە دەسەڵاتی ئیسلامی بوون، بۆیە ئەو
چاوەروانییەیان لێ دەکرا کە ئاشنا بە رێبازی
سەرکوتگەرانەی حەریف بوایەن و بۆ بەرپەرچدانەوەی
رێگە چارەیان هەبوایە. بەڵام ئیسڵاحخوازان
بەشێوەیەک جووڵانەوە کە دەتگوت نە ناوەرۆکی
نیزامێک کە خۆیان دەیان ساڵ بۆ سەقامگیرکردنی
تێکۆشابوون دەناسن و نە ئاشنا بە لمی کار و شیوە
رەفتاری هاوڕیانی پێشووی خۆیانن، کە پاش هەڵبژاردن
بووبوون بە دوژمنی سوێند خواردوویان. سەرنەکەوتیی
ئیسڵاحخوازان لەبەرابەر کودێتاچییەکاندا، بەو
هۆیە کە خاوەنی ئەزموونێکی فراوان
بوون،بەرپرسایەتیان قورستر و پێویستی هەوڵدان بۆ
زانینی هۆی ڕاستەقینەی تێکشکانیان پێویستتر
دەکات.
لە بەشی ئایەندە ئەم تەوەرە دەخێنینەوە:
هەلومەرجی ناوخۆیی و جیهانی لەبار بوو.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|