|
هەڵەکانی ئیسڵاحخوازان
سوهەیل رۆحانی
بۆ کوردی: خەلیلی غەزەڵی
"لەخۆگرتنی زۆرینە"، بیانوویەک بۆ خۆ سانسۆر کردن
و سانسۆرکردنی خەڵکانی دیکە
بەشی چوارەم و کۆتایی
یەکێک لە سیاسەتە ڕاگەیەندراوەکانی بزووتنەوەی
سەوز "لەخۆگرتنی زۆرینە" (شمول حداکثری) بوو.
بەپێی ئەو دروشمە دەبوا ئیسڵاحخوازان سیاسەتێکیان
رەچاو بکردایە کە بیتوانیبای ڕادەیەکی هەرچی
زۆرتری کۆنپارێزانی بۆ لای ئیسڵاحتەڵەبەکان
راکێشابای. ئاشکرایە بەهێزکردنی بزووتنەوەی سەوز
لە رێگەی راکێشانی ئوسوڵگەراکانەوە هیچ ئیشکالێکی
نەبوو، بەڵام ئەم رێباز و دروشمە لە کردەوەدا
بیانوویەک بوو بۆ خۆ سانسور کردن و بەرتەسککردنی
دروشمەکانی خۆپیشاندانەکان بە چەند دروشمی نەرم و
نیان و بێکەڵک، کە بەڕاستی زیانیان بە وەرە و
وزەی خەڵک گەیاند. ئیسڵاحخوازان بە هێنانە ئارای
سیاسەتی "لەخۆگرتنی زۆرینە"، دژی هەرچەشنە بەگژدا
چوونەوەیەکی جیدیی دەسەڵات و کاربەدەستانی حکوومەت
ڕاوەستان و لە ئەنجامدا دەرەتان و هەلێکی باشیان
بۆ لەقاو دان و زانیاریی بڵاوکردنەوە بەمەبەستی
بردنە سەری هوشیاریی لاوان و خەڵکی ناشارەزا بە
سیاسەتەکانی دەسەڵات، بەفیڕۆدا.
بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی زانینی هەڵوێست و
کردەوەی ئایەتوڵا خومەینی بۆ دەرکی نیزامی ئیسلامی
زۆر پێویستە، زۆرێک لە کەسایەتیە ناسراوەکانی
ئیسڵاحتەڵەب بە بیانووی ئەوەی کە ئەو کارە
(باسکردنی خومەینی- و) دەبێتە هۆی داتەکینی
هێزەکانی خۆیان و تۆڕان و دوورگرتنی کۆنپارێزان،
دژی هەرچەشنە باسێکی رۆشنگەرانە لە سەر خومەینی
بوون. نموونەیەکی ئەو شێوە بیرکردنەوەیە دەکرێ لە
وتارێکی "عەلی شەکووری ڕاد" ببینین بەناوی
"باسگەلی هەل بەخەساردەر". کاتێک لە پووشپەڕی
١٣٨٩ ، واتا زیاتر لە ساڵێک پاش کودێتا ١٢٨٨،
یەکێک لە نووسەرانی بڵاوکراوەی جەڕەس لە وتارێکدا
رەخنەی لە ئایەتوڵا خومەینی گرت، "عەلی
شەکووریراد" دژی جەڕەس هەڵوێستی گرت و نووسی:
"باس لە سەر ئیمام و ئەندێشە و ڕێگای جێگەی باس و
قسە و موناقشەیە... ئیمام لەدونیادا نەماوە ،
بەڵام ناوی لە مێژووی ئەم گەلەدا بە گەورەیی
تۆمارکراوە. ناو و ئەندێشە و کەسایەتیی ئیمام
سەرمایەیەکی نیشتمانییە و قورسایی ناوی لە کێبەر
کێی باڵە سیاسییەکاندا لە هەر لایەک بوەستێ
چارەنووس سازە. من تێناگەم و ناتوانم پێویستیی
چوونە ناو ئەم باسە فام بکەم. ئەویش لە کاتێکدا کە
بزووتنەوەی سەوز بوارێکی دڵخۆشکەری پێواوە و
ناکۆیی نێوان لایەنی بەرابەر ریزەکانیانی هەژاندوە
و ئاسۆی سەرکەوتن لە پێش بزووتنەوەی سەوز دایە.
بەڕاستی بزووتنەوەی سەوز لە هاتنە گۆڕی ئەم
باسانە، تەنانەت ئەگەر بەمەبەستی هوشیار کردنەوەش
بێت، زەرەرمەند دەبێت." نوسەری بەرێز لە درێژەدا
دەنووسێ: " ستراتێژیی بزووتنەوەی سەوز لەخۆگرتنی
زۆرینەی خەڵکە و لەم بوارەدا لەم مانگانەی
دواییدا پێشکەوتنێکی مەزنی هەبوە، بەتایبەت لە
نێو توێژە دیندارەکانی کۆمەڵ و لەوانە رۆحانیەتی
حەوزەکانی عیلمیە. دڵنیاکردن و راکێشانی سەرنجی
ئەم بەشە گرنگەی کۆمەڵ و خەڵک ئەرکێکی زەروورە و
نابێ لە ئاستیدا کەمتەر خەم بین.١"
پوختەی قسەکانی نووسەر ئەوەیە: ستراتێژیی
بزووتنەوەی سەوز ڕاکێشانی سەرنجی توێژە
دیندارەکانی کۆمەڵ واتا ئوسوولگەراکانە.ئەم
توێژانە ئایەتوڵا خومەینییان خۆش دەوێت، بۆیە
ئێمە نابێ هیچ رەخنەیەکی لێبگرین. لەبەر ئەوە
دەبێتە هۆی خۆدوور گرتنی ئەوان لە
ئیسڵاحتەڵەبەکان!!
پێش هەموو شت بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێ کە
رەخنەگرتن لە ئایەتوڵا خومەینی دەبێتە هۆی تۆڕانی
ئوسوولگەراکان. ئەگەر رەخنەگرتنێکی دوور لە بوغز و
قین، لۆژیکانە و گشتگر بێتە ئاراوە، رەنگە ببێتە
هۆی ئەوە کە ئوسووڵگەراکان دەرکێکی باشتر لە خاڵە
لاوازەکانی خومەینی پەیدا بکەن و دەس لە دەمارگرژی
و دەروێش مەسلەکی هەڵگرن و تەنانەت لایەنی
دژبەرانی دەسەڵاتی مەزهەبی هەڵبژێرن. جیا لەوەش،
بە پێی کام بەڵگە دەبێ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ژمارێکی
کەم ئوسوولگەرا لە کەسایەتیەکان و رووداوەکانی
کۆماری ئیسلامی نەکۆڵدرێتەوە؟ ئاخۆ راکێشانی
ئوسوولگەراکان ئەوەندە دێنێ کە تاوانێکی وا
گەورەی بۆ بدەین؟ لەکاتێکدا ئیسڵاحتەڵەبەکان
پشتیوانیی ٨٠ لە ١٠٠ی خەلکیان هەیە، چ
پێویستیەکیان بە پشتیوانیی رێژەیەکی کەمە؟ بۆ دەبێ
چاوەروان بن کە ئەو ئوسوولگەرایانەی کە پێش
جۆزەردانی ١٣٨٨ کە دەنگدان بە موسووی هیچ
مەترسیەکی بۆیان نەبوو و دەنگیان پێ نەدا، ئێستە
کە پشتیوانی کردن لە موسووی باسی سەرە، خۆیان
وەمەترسی بخەن؟ جیا لەمانەش، گریمان
ئیسڵاحتەڵەبەکان ١٠ یا ٢٠ ساڵی دیکە یا زۆرتر لە
دەسەڵات مانەوە. ئایا دەبێ ئەرکی رەخنە و
لێکدانەوەی کۆماری ئیسلامی دابخرێت و هەموو ڕۆژێک
زۆرتر لە رۆژی پێش لە ئاست ڕابرذوومان نەزانتر
بین، نەوەک رەخنە یا لێکۆڵێنەوەی ئێمە ببێتە هۆی
تۆران یا رەنجانی رۆحانیەت و حەوزەکانی عیلمیە؟
ئاخۆ باشتر نییە بە جێگەی ترس لە داتەکینی
هێزەکانمان، مێژووی سی و چەند ساڵی ڕابردوومان
بەشێوەیەکی ورد بدەینە بەر لێکۆڵێنەوە و رەخنە، تا
بەڵکوو رۆڵەکانمان هەڵەکانی ئێمە و باو و
باپیرانمان دووپات نەکەنەوە؟
پاش هەلبژاردنی١٣٨٨، ئوسووڵگەراکان تەنیا لە
کاتێکدا تووشی داتەکین دەهاتن و ریزی دەسەڵاتیان
بەجێدەهێشت و هێندێکیان روویان لە ئیسڵاحخوازان
دەکرد کە بەو ئاکامە بگەیشتایەن کە پاپۆڕی
ویلایەتی فەقی خەریکی نوقم بوونە. دروشمی رووخانی
دیکتاتۆر، دەیتوانی کابرایەکی زۆردار و خوێنرێژ
بکاتە ئامانج کە پتر لە ٢٠ ساڵە کۆسپی گەیشتنی
ئێرانیەکان بە ئازادی و ژیانی ئابڕوومەندانەیە.
ئەو دروشمە (مەرگ بۆ دیکتاتۆر- و) دەیتوانی
خۆهەڵمسانی نێوبەتاڵی خامنەیی وەها تێکبشکێنێ و
بە ئوسوولگەرکان بسەلمێنێ کە ئاغاکەیان ئەوەش
نەىوو کە ئەوان بیریان دەکردەوە و ئەوەش نییە کە
کەس نەوێرێ لەبەرابەریدا راوەستێ. تەنیا لە وەها
دۆخێکدا ئیمکانی هەبوو کە بەشێک لە
ئوسووڵگەراکان پاپۆڕی شکاوی وەلی فەقی بەجێ هڵین
و روو لە کەناری ئیسڵاحخوازان بکەن و بێنە رێزی
"رۆرینەوە". تازە ئەوکاتیش ئەو هەڵوێستەیان
هەڵپەرستانە و لە رووی ناچاری دەبوو.
هەلی لەدەسچوو
بزووتنەوەی ئیعترازیی خەڵکی ئێران بزاڤێکی بەرین و
بە رەگەز بوو و زۆرینەی ئێرانییەکان
پشتیوانیبوون. ئەم بزاڤە دەبوا سەربکەوتایە و
سەرنەکەوت. ئیسڵاحتەڵەبەکان چییان دەتوانی بکەن
و نەیانکرد؟
١- ئیسڵاحتەڵەبەکان دەبوا خامنەیییان "بە مەرگ
بگرتایە و تاوەکوو بە تا(یاو) رازی بوایە"*.
ئەوان دەبوا خوازیاری رووخانی خامنەیی بوایەن و
بەم کارە ئوبوهەتیان دەشکاند و وەرەی
لایەنگرانیان تووشی داهێزان دەکرد. ئەو کات رەنگ
بوو خامنەیی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی ئامادەی سازان
بوایە و بە لابردنی ئەحمەدینێژاد و سەرکۆماریی
مووسەوی یا دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ڕازی بوایە.
٢-
ئیسڵاحخوازان دەبوا کرێکاران و کارمەندانیان بۆ
مانگرتن و دەست لەکار کێشانەوە بانگەواز بکردایە.
نەوکارە دەبووە هۆی هەمەلایەنە کردنی بزووتنەوە و
دەسەڵاتیان ناچار بە پاشگەز بوونەوە و سازان
دەکرد. بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیی موسەووی و کەروبی
لە نێو توێژەکانی کۆمەڵگەدا، ئیمکانی ئەوەی کە
بانگهێشت بۆ مانگرتن پێشوازیی لێکرابای زۆر بوو.
بەڵام گریمان کە ئەو بانگەوازە پێشوازیی
لێنەکرابا، ئەودەم ئیسڵاحتەلەبەکان
هەڵسەنگاندنێکی راستەقینەیان لە هێز و پێگەی
کۆمەڵایەتی خۆ دەبوو.
٣- تاکتیکی "خۆپاراستن لە توندوتیژی" تاکتیکێکی
گونجار بوو، بەڵام سوور بوون لەسەر ئەو تاکتیکە لە
هەموو کاتەکان و موتڵەق کردنەوەی هەڵە بوو.
خۆپیشاندەرانێک کەلە شەقامەکان بەشێوەیەکی دڕندانە
لێیان دەدرا، بەڵام ئیجازەیان پێ نەدەرا لە خۆیان
دیفاع بکەن، بێگومان دێر یا زوو ورەیان بەر دەدا و
بەو ئەنجامە دەگەیشتن کە بوونیان لە شەقامەکان هیچ
ناگۆڕێت و لە ئەنجامدا شەقامیان بۆ سەرکوت کاران
جێدیهێشت.(٢)
٤- ئیسڵاح تەڵەبەکان دەبوا جەنایەت و سەرکوت و
ناکارامەیی حکوومەتی ئیسلامییان لە ٣٠ ساڵی
ڕابردوودا لەقاو بدایە و بە وردی باسیان لێوە
بکردایە. مێژوو سەلماندوویە لەقاودانی
خراپەکاریەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، کۆمەڵانی
خەڵک وشیار و ئاگا دەکاتەوە و هانیان دەدا کە لە
رووبەروو بوونەوەی ئەو حکوومەتە پێداگرتر بن و
ئامادەییان بۆ فیداکاریی گەورەتر و زۆرتر دەبێ. لە
شۆڕشی ساڵێ ١٣٥٧ی ئێراندا، رەوشی لەقاودانی
گەندەڵی و دزیی و جەنایەتەکانی شا لە لایەن
چاپەمەنییەکانەوە هەم قین و تووریی خەڵکی لە شا
بەرفراوانتر کرد و هەم سەرەڕای سەرکوت، خەڵک
راوەستاوانەتر هاتنە مەیدان.
ميخایيل گورباچۆف، رێبەریی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٥
بەمەبەستی کاراتر کردنی دەوڵەت و باشترکردنی
هەلومەرجی ئابووری، سیاسەتی گلاسنۆست(فەزای کراوەی
سیاسی)ی گرتەپێش و سانسۆری لە سەر ڕاگەیەنەرەکان
بە ڕادەیەکی زۆر هەڵگرت. ئەنجامی ئەو رێبازەی
گورباچۆف ئەوە بوو کە ڕاگەیەنەرەکان بە دەستێکی
ئاواڵەوە گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیان
دەگواستەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و پەردەیان لەسەر
گەندەڵی و ناکارامەیی دەوڵەتی سوڤیەت هەڵدا. بە
تێپەڕبوونی کات بواری رەخنەگرتن و لەقاودانەکان لە
رەخنە لە کەمبوونی خانوو و خواردەمەنی و خراپپی
ژینگە بەرینتر بوونەوە و گەیشتن بە لەقاو دانی
کوشتاری خەڵک و ئوردووگا زۆرەملییەکانی سەردەمی
ستالین و کوشتاری رووناکبیرانی جیاوازبیر. ئەم
شێوە باسکردنی دەسەڵات و پەردەهەڵدان لەسەر
جەنایەت و فەساد و ناکارامەیەکانی، کۆمەڵانی خەڵکی
بەو راستییە گەیاند کە ئەو سیستەمە و ئەو
دەسەلاتە دەبێ بگۆڕدرێت؛ کە ئەنجامەکەی لێکبڵاوی
و رووخانی نیزامی کومونیستی لە سۆڤیەت و وڵاتانی
ئوروپای خۆرهەڵات بوو.
ئیسڵاحتەڵەبەکان لانی کەم دەبوا لەسەر ئەو
رووداوانەی کە ئیشارەیان پێدەکەم، بێدەنگ نەبوایەن
و هەم جۆنیەتی رووداوەکان و هەم تاوانەکانی
دەسەڵاتیان لەقاو بدایە:
کردەوەی دادگانی شەرع لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ ،
کە لەو دادگایانەدا ئەو "مەلا"یانە کە تا ئەوکات
کار و پیشەیان رەوزە خوێندن بوو، لەپڕ بوون بە
"قازی شەرع" و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەما یاسایەکان
و مافی شاروەندی، حوکمی ئیعدام و دەسبەسەرداگرتنی
دارایی ئەو کەسانەیان دا کە بەچەشنێک پێوەندیان بە
حکوومەتی پەهلەوییەوە هەبوو. هەروەها لە قاودانی
کوشتار و ناعەداڵەتی دژی جیاواز بیران. داگیر
کردنی باڵوێزخانەی ئامریکا و بارمتەگیری کە
زیانێکی قەربوو نەکراوی لە میلەتی ئێران دا.یاسای
بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی کە پێشێلکاری مافی
شاروەندییە و بۆ دیکتاتۆریی مەزهەبی پاساوی
قانوونی دادەتاشێ؛ شۆڕشی فەرهەنگی و داخستنی
زانکۆکان لە ساڵی ١٣٥٩ کە بوە هۆی دەرکردنی
هەزاران مامۆستای زانکۆ و خوێندکار و سەپاندنی
کەشو هەوای پۆلیستی بەسەر زانکۆکاندا؛ سەرکوتی
کەمایەتیە قەومییەکان و هێزە سیاسییەکان و
جیاوازبیران هەر لە ساڵەکانی یەکەمی بەدەسەڵات
گەیشتنی کۆماری ئیسلامی؛ ناچار کردنی جیاوازبیران
بە دان نان بە کاری ناکەردە و ئیعترافە
تەلەفزیونیەکان (قوتبزادە، ئایەتوڵا کازمی
شەرێعەتمەداری، تاهێر ئەحمەد زادە،
موجاهێدین،چەپەکان، مێهدی هاشمی برای زاواکەی
مونتەزری و زۆری دیکە)؛ کوشتاری بەکۆمەڵی
زیندانیانی سیاسی لە خەرمانانی ١٣٦٧؛ پێکهێنانی
دەستەکانی مەرگ و کوشتن و تێرۆر بەمەبەستی تێرۆری
دژبەرانی دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران؛
تەحقیر و سەرکوتی ژنان و دابەزاندنی کەرامەتی
ئینسانیان تا ئاستی شاروەندی پلە دوو؛ هەڵاواردن
دژ بە کەمایەتیە ئاینی و مەزهەبییەکان. بەم ریزە
رووداوە دەکرێ پیلانی وەلانانی بەنی سەدر لە
سەرکۆماری، پیلانی وەلانانی ئایەتوڵا مونتەزری لە
جێنشینیی وەلی فەقی، هەڵبەستنی دۆزنانەی ئەوە کە
گۆیا ئایەتوڵا خومەینی خامنەیی وەک تاکە جیگری خۆی
ناو هێناوە و دەیان پیلان و تاوان و جەنایەتی
دیکە.
لەبەر ئەوەی کە ئیسڵاحتەڵەبەکان هەمیشە بەشێک لە
دەسەڵاتی ئیسلامی بوون و زانیاریرکی قووڵ و
بەرینیان لە بنج و بنەوانی ئەم دەسەڵاتە بە
دامودەزگا و کەسەکانییەوە هەیە، دەیانتوانی لە
زۆر سازانی ژێرەکی و نهێنی، تەخشان و پەخشانی
سەروەت و سامانی خەڵک، قاچاخچیەتیی سپای پاسداران،
شوێنی لەنگەرگا تایبەتییەکانی سپا، ڕاستییەکانی
شەری ٨ ساڵەی ئێران و عیراق کە لە خەڵک
شاردراونەتەوە، سەرکوتەکان، ئەشکەنجە، دەسدرێژیی
بۆ سەر زیندانییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری
ناوخۆیی وڵاتان و پێکێنانی دەستە و تاقمە
تێرۆریستییەکان بە پووڵ و ئیمکانی خەڵکی ئێران و
سەدان نهێنیی سەربەمۆری دیکە پەردە یان لەسەر
لادەن تا کۆمەڵانی خەڵک دەسەڵات و رێبەرەکەی باشتر
بناسن و ئاگاهانەتر درێژە بە خەباتیان بدەن. بەڵام
ئیسڵاحتەڵەبەکان بەو بیانووەی کە لەقاودانی
رووداوەکانی ڕابردوو و رەخنەگرتن لە رابردوو
دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆریان لێ بتاکێتەوە،
ئەوە کارەیان لەگەڵ سیاسەتی راکێشانی سەرنجی
زۆرینەی خەڵک بە ناتەبا دەزانی!! بەڵام لە ڕاستیدا
بە رەچاو کردنی ئەو سیاسەتە، واتا شاردنەوەی
ڕاستییەکان، هەلی گەورەیان بۆ هوشیار کردنەوەی
خەڵک فەوتاند.
٥ – ئیسڵاحتەڵەبەکان دەبوا خوازیاریی ئاسایی
کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئامریکا بوایەن. خوازیاری
کۆتایی هێنانی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە
فەلەستین و لوبنان و چارەسەریی ئاشتیخوازانەی
کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لە چوارچێوەی
بڕیارنامەکانی رێکخراوی نەتەوەکانی یەکگرتوو
بوایەن. ئەم کارانە ئاگاهیی سیاسیی خەڵکی ئێرانی
بەرزتر دەکرد و مەیل و خواستی ئامریکای بۆ
پشتیوانی لە بزووتنەوەی سەوز فرەتر دەکرد. بەڵام
ئیسڵاح تەڵەبەکان نیشنان دا لە ئاست سیاسەت و
کێشەی جیهانیدا هیچ بەرنامەیەکیان نەبوو و لەوەش
خراپتر ئەو ئیرادەیان لە خۆیان نیشان نەدا کە
بەتەمای گۆڕانی سیاسەتە کۆنەپەرستانە و
ئاژاوەگێرانە و جەنایەتکارانەکانی کۆماری ئیسلامی
لە ئاستی ناخۆ و دەرەوە بن.(٣)
٦- ئیسڵاحتەلەبەکان دەبوا لە لایەنگرەکانیان لە
نێو ریزەکانی سپای پاسداران و بەسیج و ناوەندەکانی
دیکەی سەرکۆت، بۆ پێشگرتن لە سەرکوتی خەڵک و
راوەستان لەبەرابەر دەسەڵاتەوە کەلکیان
وەربگرتایە. ستراتێژی و تاکتیکی ناکارامە و
بێکەڵکی ئیسڵاحتەڵەبەکان وایکرد کە ئەم
لایەنگرانەی بزووتنەوەی سەوز بێکەڵک و پاسیف
بمێننەوە و بەشێکیان لە لایەن دەسەڵاتەوە بناسرێن
و دەربکرێن.
لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە جۆزەردانی ١٣٨٨دا
زۆرێک لە ئێرانییەکان بۆ دەربازبوون لە زیندانی
٣٠ ساڵەی ویلایەتی فەقی ڕوویان لە ئیسڵاحخوازان
کرد، بەڵام ئیسڵاحخوازان نەیاندەویست ئەو زیندانە
بڕووخێنن، بەڵکوو تەنیا دەیانویست چەند کڵاورۆژنەی
چکۆلەی تێبکەن بۆ ئەوەی خەڵکی زیندانی تۆزێ هەوا
بمژن. هەر ئەوەش گەورەترین هۆی سەرنەکەوتنی
بزووتنەوەی ئیعترازیی خەلکی ئێران بوو.
*-
ئەمە پەندێکە کە هەم لە کوردی و هەم لە فارسیدا
هەیە.
1. جەرەس
١١ی پووشپەری ١٣٨٩
2. ئیسڵاحتەڵەبەکان و کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل
"اخبار روز"،
۲۴
سپتامبر
۲۰۱۱
3.
بزووتنەوەی سەوز و گرفتی توندوتیژیی "ايران
امروز"، 1 سپتامبر 2011
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|
بەشی یەکەم
بەشی دووەم
بەشی سێهەم
پێشەکیی وەرگێڕ
پاش هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی سەرکۆماری لە ئیران و دەستێوەردان و تەقەلوبی
بێشەرمانەی باڵی دەسەڵاتدار، حەرەکەتێکی ئیعترازیی خۆجۆش و چاوەروان نەکراو لە
لایەن لاوانەوە سەریهەڵدا کە لە ماوەیەکی کورتدا پەرەی ئەستاند و بوو بە
ڕاپەرینێکی جەماوەریی دژی دەسەڵات. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ئوپۆزیسیونێکی بەهێز
لە ناوخۆ، هەر زوو رێسمەی ئەو راپەرینە کەوتە دەست باڵی دۆڕاوی شەڕی دەسەڵات لە
کۆماری ئیسلامی، واتا ئیسڵاح خوازەکان. ئەگەرچی نابێ ئەو جەماوەرە ملوێنییە بە
لایەنگری ئیسڵاحخوازن بزانرێت، بەڵام لە تەوەهومێکدا کە ئیسڵاحخوازن و هێندێک
هێزی(داتەپیوی) ئوپۆزسیون و فەزای حاکم بەسەر کۆمەڵگە پێکیان هێنا، هەروەها
بەهۆی ئەوەی حكوومەت هیچ دەرفەت و دەرەتانێکی بۆ لەمەیدان دا بوونی جیابیرانی
دەروەی دەسەڵات نەهێشتبوو، خۆ بە خۆ رێسمەی ئەو ئیعترازە کەوتە دەستی ئیسڵاح
خوازەکانەوە.
ئێمە لە هەڵوێست هەر ئەوکات ڕامانگەیاند کە ئیسڵاحخوازان ناتوانن زەفیەتی
خۆدەقدان لەگەڵ داخوازەکانی خەڵکیان هەبێ و هیچکات ئامادە نابن بۆ رووخانی
دەسەڵات یا لانی کەم لێدانی وەلی فەقی بچن، بۆیە ڕامان گەیاند کە خەڵکی ڕاپەریو
دەبێ خۆیان ئیبکاری عەمەلیان بەدەستەوە بێت و گەریش هاوکاریی ئیسڵاحتەڵەبەکان
دەکەن، دەبێ وەپێشیان کەون و ئەوان لە دوی خۆیان بکێشن. هەروەها بە ڕاشکاوی
پێشبینی ئەوەمان کرد گەر خەڵکی راپەریو و جەماوە، چی تر بەناوی "خەباتی گرژی
پارێز"(مبارزە مسالمت آمیز)، دەستەوسان لەبەرابەر هێزی سەرکوتگەری دەسەڵاتدا
ڕاوەستن، خەڵک چاوترسێن دەبن و پاشەکشە دەکەن. لەهەمان حاڵەتدا چەند بابەتمان
لەسەر خەباتی مەدەنی و گرژی پارێز بڵاو کردوە و جیاوازیی تەسلیم تەڵەبی و
خەباتی هێمنانەمان دەست نیشان کرد.
زۆر بەداخەوە پێشبینیی ئیمە راست هەڵگەرا ئەو ڕاپەڕینە بەشکۆ و جەماوەریە
پاش ماوەیەک بە هۆی بێ تەدبیریی ئیسڵاحخوازەکان ( و هاوکات بێرەحمی،
جەنایەتکاریی و دەس نەپارێزیی هیزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات) تووشی پاشەکشە و
سەرەنجام شکست هات. ئەگەرچی هەست و داخوازی خەڵک هەر وەک خۆی ماوە و بێگومان لە
دەرفەتی دیکەدا لەو ڕاپەینە شکۆدارتر و بە تەوەژم تر دێتەوە مەیدان. هاتنە
مەیدانێک کە ئەمجارە کڵاوی هێندێک حیزبی داتەپێو و تاقمی شەریکی دەسەڵاتی
ناچێتە سەر و، کۆماری ئیسلامی بەتەواوی باڵەکانیەوە رەوانەی زبڵدانی مێژوو
دەکات.
ئێستە پاش دوو ساڵ یەکێک لە روناکبرانی هاو بیری ئیسڵاحخوازەکان کە ئەوکات
داکۆکیکاری "بزووتنەوەی سەوز" بوە، بە نووسینی وتارێکی دوور و درێژ ، ستراتێژی
و شێوە کار و تاکتیکەکانی ئیسڵاحتەڵەبەکانی داوەتە بەر رەخنەیەکی قووڵ و
لۆژیکانە. بۆیە من بە پێوێستم زانی ئەو دەنگە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی تا
هیندێک هاونیشتمانیی خۆشمان لە زمانی خودی ئیسڵاحخوازانەوە ، ئەو ڕاستیانە
ببیسن کە ئێمە دووساڵ پێش بانگەوازمان دەکرد. پێویستە ئەوەش ئیزافە بکەم من
هەوڵ دەدەم دەقەکە وەک خۆی بکەمە کوردی. بەو تێبینییەوە کە وەرگێڕانی ئەم دەقە
بەمانای سەلماندن و قەبووڵ کردنی هەموو نەزەراتی نووسەر نییە.
خەلیل غەزەڵی
|