|
لاوازییەکانی گەمارۆی ئابووری لە سەر ئێران
تاهیری ئهردەڵان
٠٨/٢٠١٠
ماوەی چەند حەوتوە پڕوپاگەندەیێکی نوێی مێدیایی
لە لایەن ڕێژیمی ئێرانهوه
هاتوەتە ئاراوە کە بە شێوەی ناردنی پەیامی
ئینتێرنێتی بە نێوی کەسانی بێ لایەن و
نەناسراوەوە، بۆ نێوخۆ و هەروەها بۆ دەرەوەی وڵات
(بە تایبەت لە بەرەی ئوپوزیسیۆندا) بەڕێ دەکرێن.
ڕێژیم لەم پەیامانەدا کە زیاتر بە نێوی "لێکدانەوە
و بۆچوونی خاوەن بیرانی مێدیایی وڵاتانی ڕۆژاوا"
دەیاناسێنێت، هەوڵ دەدات لایەنە مەنفیەکانی ئەو
گەمارۆیە زەق بکاتەوە و ئەو بیرە بدات بە خوێنەر
کە "گەمارۆ لە دژی ڕێژیم کاریگەر نابێت" چون دەست
و پێوەندەکانی دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندی ئابووری
و تیجاری قاچاخەوە پێداویستیەکانی خۆیان دابین
بکەن! هاوکات پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە تەنیا
خەڵکانی ئێرانن کە تووشی زەرەر و زیان دەبن!
ئەوەی کە هەر گەمارۆیهکی ئابووری بە تەنیا، لە
نیزامە سەرەڕۆ و پاوانخوازەکاندا، زەرەری زیاتری
بۆ خەڵک دەبێت، حاشاههڵنهگره، ئهگهرچی له
ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، تا
ئێستایش زۆربەی خەڵک هەر لە نەداریدا ژیاون ،
بەڵام بە دڵنیاییەوە حکوومەتی وڵاتێکی گەورەی وەک
ئێرانیش ناتوانێت ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی قاچاخەوە
بژی و بێگومان گهمارۆکان توانایی ئەوەی لێ دەبڕن
کە وڵامدەری پێداویستە سەرەتاییەکانی بژێوی کۆمەڵ
بێت. هەتا ئێستایش پتر لە ٦٠%ی خەڵک لە ئێراندا لە
ژیر هێڵێ ههژاری(خەتی فەقر) و نەداریدان و ڕادەی
بێکاری لە ٢٥% تێپەڕیوە؛ ئەوەیش لە کاتێکدایە کە
سەرمایەی ئێران لە دەست دەرسەدێکی کەمتر لە
قامکەکانی دەست دا کۆبوەتەوە!(١)
باش و خرابی گەمارۆ باسێکە و ڕوانگەی
هەڵسەنگاندنیشی لە کات و شوێنی خۆیدا باسێکی
دیکهیه. بۆ گۆڕانی رێبازی چهوت و کرداری
نامرۆڤانەی نێزامێکی سەرەڕۆی وەک حکوومهتی ئێران
ناکرێ تەنیا پشت بە گەمارۆی ئابووری ببەسترێت لە
حاڵێکدا تەواوەتی بنەما، ئیدیولۆژی و کاراکتێری
سیستێم لە ژێر پرسیاردان. ئەم گەمارۆیە لە لایەن
زلهێزەکانەوە تەنیا بە پرۆژەی ئورانیۆم و چەکی
ئەتۆمی ئێرانەوە بەستراوەتەوە، لە حاڵیکدا گرفتی
خەلکانی ئێران نەبوونی ئازادی و دێموکڕاسی یە و
خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی و سەقامگیر بوونی
دەسەڵاتێکی خەڵکی و ئەمڕۆیین!
بەو هۆیانەوە دەبوو
بایکوت و گەمارۆی دیپلوماتیک ڕەچاو بکرێت بۆ تەریک
خستنەوە و بەربەست کردنی سیاسیی ڕێژیم؛ دەبوو
"تێروریزمی دەوڵەتی" کە سیاسەتی ئاشکرای ئەو
ڕێژیمەیە، لە لایەن ئەم دەوڵەتانە و کۆمەڵگای
نێونەتەوەییەوە بە ڕاشکاوی لە قاو بدرێت و داوای
مەحاکەمەی عامیلانی ئەو جەنایەتانە لە دادگایێکی
نێونەتەوەی وەک لاهەدا بکرێت.
ویست و خواستی ڕاستەقینەی خەلک هیچ جێگایەکی لە
سیاسەتی ئەو وڵاتانە لە حاست ڕیژیمی ئێراندا نیە،
چون گهر بێت و ئێران بێتە سەر مێزی وتوویژ و لە
پڕۆژەی چەکی ئەتومی واز بێنێت، دەرەوەیش وەک
هاوتای سیاسی چاوی لێ دەکات و حاکمیەتیشی (بە
هەموو جهنایهت و لاساری و سهرهڕۆیهکانیهوه)
نەک هەر پەسند دەکات، بەڵکە یارمەتیشی دەدات.
لێرەدا هەر خەڵک زەرەر دەکەن و دەبێ تاوانی مادی و
مەعنەوی سیاسەتی مەعامەلەکارانەی ئەو وڵاتانە
بدەن.
تەنانەت گهر تهنگهژهی نێوان حکوومهتی ئێران و
زلهێزهکان و گهمارۆ ئابووریهکان ڕیژیمیشی پێ
بڕووخیت (کە ئەمرۆکە بە هۆی ئاڵۆزی ناوچەکە ویستی
زلهێزەکان نیە) ، بەڵام چون بە هۆی حەرەکەتی
لێبڕاوانەی خەلک نەبووە و هەڵقوڵاوی نێوخۆی
ولاتەکە نیە، ئاکامەکەی دەبێتە وەرشکستەگی
درێژخایەنی ماڵی و بەستراوەیی سیاسی ئەو ولاتە بە
دەرەوە!
شایانی باسە کە هۆی سەرەکی ئەو بار و دۆخە
دەگەڕیتەوە بۆ زاڵ بوونی کولتوورێکی دواکەوتوو بە
سەر کۆمەڵگای ئێراندا کە بڕوای بە مەرجە
ڕاستەقینەکانی دیموکراسی و یەکسانی نیە، لە بەر
ئەوەیش بڕوای بە هێز و توانای خۆی نیە!
دڕەندەگی ئەو ڕێژیمە ناتوانێ پاساوی ئینفێعال و
پاسیڤی کۆمەڵگای ئێران بداتەوە کە ماوەی پتر لە سێ
دەیە ڕیگەیان بە حاکمیەتی دژی گەلی و
کۆنەپەرستانەی ئاخوندی داوە و لە جیاتی بڕوا
بە ئیرادەی لێبڕاوانەی خۆیان، بەردەوام پشتیان بە
شوعاری عەوامفریوانەی "ڕێفورمخوازی" بەستوە، یان
چاوەڕوانی دەست تێوەردانی ولاتانی دەرەوەن!
***
لە گەڵ پشتگری لە نووسراوەکەی کاک هیوا گوڵ
محەمەدی کە ماوەیێک لەمەو بەر لە ماڵپەڕی هەڵویست
لە ژێر سەردێری "ئەگەر ئەمریکا پەلاماری ئێران
بدات...." بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەسیاسەتی یەک
بان و دوو هەوای زلهێزەکان ئەکەم کە ئەمڕۆکە بە
نێوی گەمارۆی ئابووری ڕەچاویان کردوە.
بە پێچەوانەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان، ڕێژیمی
مەلاکان تا ئیستا لە هیچ کردەوەیێکی تێروریستی و
دژ مرۆڤانە لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لە
ئورووپادا خۆی نەپاراستوە و لە هەموو رێگەیەکەوە
دەستدرێژی کردوەتە سەر گیانی ئازادیخوازان.
دادگاکانی وڵاتانی غەربیش کە ئەو تێرورانەیان تێدا
کراوە، ویستوویانە تاوانبارەکان بدۆزنەوە و
بەڕێوەبەرانی ئەو جەنایەتانە دەست نیشان بکەن،
بەڵام زۆر جار لە لایەن حکوومەکانیانەوە کۆسپیان
خراوەتە سەر ڕێی و داوایان لێ کراوە کە بۆ
"پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکەیان" (بخوێنەوە
پەیوەندیە ئابووریەکانیان)، پەیگیری ڕووداوەکان
نەکەن! هەر ئەو حکوومەتانهی کە ئەمڕۆکە
بڕیاری گەمارۆی ئابووری ئێرانیان داوە، لەو لاوە
زەختیان خستوەتە سەر دەزگای قەزایی وڵاتەکانیان کە
نابێ پێی حاکمانی ئێران لەو جەنایەتانەدا ڕوو بکەن
و دەبێ پەروەندەی تێرورەکان بەستراوە ڕابگەیەنن!
***
بەنی سەدر، سەرەک کۆماری پێشووی ئێران، باس لەوە
دەکات کە ئەحمەدی نژاد (سەرەک کۆماری ئێستا) یەکێک
بووە لە کوماندۆکانی تێروری دوکتور قاسملوو و
هاوڕییانی لە ساڵی
١٩٨٩ لە
شاری وییەن! هەروەها قسەکەری ئەمنیەتی
حێزبی سەوزەکان بە نێوی ئاغای پێتێر پیلتس لە
پاڕڵمانی ئوتریش کە پەیگیری ئەو تێرورەی کردوە و
دەبێ ئاگاداری پەروەندەی مەحرەمانەی دەولەتی
ئوتریش لە سەر ئەو جەنایەتەیە بێت، لە
کونفڕانسێکی میدیایی لە سالی ٢٠٠٩دا دەڵیت:
"ئەو دەم دوو تیم دیاری کرابوون، یەکەم تیمی بە
نێو ڕاوێژکار و دووهەم تیمی ئیجرایی (زەربەت).
ئەحمەدی نێژاد یەکیک لە ئەندامانی تیمی زەربەت
بووە و ئەرکی ساز کردن و دابین کردنی چەکەکانی بە
ئەستۆوە بووە."(٢)
"سیاسەت هونەری مومکینە"؛ لە کاتێکدا تەواوی
حکوومەتەکانی دنیا و بە تایبەت زلهێزەکان بەو
ڕاستیەیان زانیوە، بەڵام نەیانکردوەتە کۆسپێک لە
رێگی پەیوەندی لە گەڵ ئێراندا و مادام ئەحمەدی
نژاد حازر بێت دەست لە درووست کردنی چەکی ئەتومی
هەڵبگرێت، دەبێتەوە هاوتای سەرەک کۆماری، ئیدی کێ
بووە و چی کردوە، گرینگ نیە!
ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە
هەتا ئێستا، (جیا له تێڕۆری سهدان تێکۆشهری
رۆژههڵاتی له باشووری کوردستان) ١٦٢
قەتڵی سیاسی لە بیست وڵاتی دنیادا ئەنجام داوە (٣).
لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەی دیکەی ئەو تێرورانە
لە دەرەوەی ئێران دەکرێت و
هەرچەند دادگاکان
تاوانباری رێژیمی ئێرانیان لە هەموویاندا
دەرخستووە، بەڵام لە لایەن حکوومەتەکانەوە پشت گوێ
خراون و مەعامەلەیان لە سەر کراوە، کەوابوو ڕەچاو
کردنی ئەم گەمارۆیەش تەنیا لە بازنەی سەوداگەرییدا
دەگونجێت:
_ ١٩٩١ فەڕانسە:
شاپووری بەختیار دوایین سەروک وەزیری ڕێژیمی
پاشایەتی ئێران، لە فەرانسە بە دەست ڕێژیمی
ئیسلامی ئێران تێرور کرا. یەکێک لە تێروریستەکان
بە نێوی عەلی وەکیلی ڕاد لە سویس وەداو دەکەوێت و
تەحویلی فەڕانسە درایەوە و لە دادگادا ڕایگەیاند
کە لە لایەن ڕێژیمی مەلاکانەوە دەستوری ئەو
تێرورەی پێ درابوو! بەو پێیە لە فەڕانسە بڕیاری
حەبسی ئەبەدی بۆ دیاری کرا، بەلام ساڵی ٢٠١٠
لە ناکاو ئازاد کراو درایەوە بە ئیران! هۆکارەکەی
لە ڕواڵەتدا بەوە لێک دەدرێتەوە کە کچێکی
فەرانسەیی بە نێوی کلوتیلد رایس کە لە
ڕێپێوانەکانی ٢٠٠٩لە شاری تاران لە لایەن
ئێرانەوە دەست بەسەر کرابوو، بە مەرجی ئازاد کردنی
قاتلەکەی بەختیار، دەدرێتەوە بە فەرانسە!
ئەوەیش لە کاتێکدا بوو کە سەرەک کۆماری فەڕانسە
نیکولا سەرکوزی رایگەیاندبوو کە ولاتەکەی تەسلیمی
شانتاژەکانی حکوومەتی مەلاکان نابێت و بە هێج
شێوەیێک قاتڵی "ئازادیخوازێکی مەزنی وەک شاپووری
بەختیار" ئازاد ناکات، بەڵام زۆری نەخایاند کە
بەڵێنیەکەی خۆی لە بیر بردەوە و بڕیاری ئازادی
نێوبراوی دا.
_ ١٩٩٢ ئەڵمان:
بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران لە پیلانێکدا سکرتێری
حێزبی دێموکڕاتی کوردستان دوکتور سەعیدی
شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تێرور دەکەن و پاش
ماوەیەکی کورت پولیسی ئەڵمان قاتڵەکان دەدۆزێتەوە
و لە دادگایێکی درێژخایەن و بێ وێنەدا، نەک هەر
تاوانی ئەو کەسانە دەر دەخات و مەحکووم بە بەندی
ئەبەدیان دەکات، بەڵکە بە ڕەسمی ڕادەگەیەنێت کە
"حاکمانی دەوڵەتی تێروریستی ئێران" ڕاستەوخۆ
دەستووری ئەو تێرورەیان داوە و هاوکاتیش حوکمی
گرتنی عەلی فەلاعیان وەزیری ئەودەمی ئیتلاعات
ڕادەگەیەنێت.
بەداخەوە سیاسەتی خۆ بەدەستەوەدەرانەی دەوڵەتی
ئەڵمان لە حاست ڕێژیمی مەلاکاندا، لە چەند بواری
تایبەتیدا ئاشکرا بوو و لە ئاکامدا زۆربەی
بڕیارەکانی دادگای لە ژێر پێ نا:
یەکەم:
لە کاتێکدا دادگای ئەڵمان بە ئاگاداری دەوڵەت، بەو
ئاکامە گەیبوو کە فەلاحیان ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو
جەنایەتە بووە و هەر مابوو کە بڕیاری ڕەسمی گرتنی
بدرێت، بەڵام دوابەدوای ئەوەیش فەلاحیان لە گەڵ
هەیئەتێکی ئێرانی بۆ دیداری ڕەسمی کاربەدەستانی
ئەڵمان چوه ئەو وڵاتە و چاوپێکەوتنیان دەبێت.
حکوومەتی ئەڵمان بڕیاری دادگاکەی خۆیانی لە ژێر پێ
نا و فەلاحیان بە شێوەی ئاسایی دەگەڕێتەوە بۆ
ئێران.
دووهەم:
دادستانی ئەڵمانی کە پەیگیری ئەو دادگاییەی دەکرد،
لە ژێر زەختی دەوڵەتەکەی بو سەرپۆش نانەوە لەو
جەنایەتە، مەجبوور دەبێت بکشێتەوە و وەلا دەنرێت.
سێهەم:
لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە ناکاو دوو کەس لە
قاتڵەکان بە نێوەکانی کازمی دارابی و عەباسی ڕایێل
کە بە حەبسی ئەبەد مەحکووم کرابوون، بە پێچەوانەی
هەموو مەرج و یاسایێکی ئەو وڵاتە ئازاد کران و
یەکەمیان بەرەو ئێران و ئەوی دیکەیش بەرەو لوبنان
بەڕێ کرانەوە!
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە دەوڵەتی ئەڵمان لە
پەیوەندی لە گەڵ تێروری هونەروەری ئێرانی فەرەیدوونی
فەڕوخزاد، کە ئەویش لە ئەڵمان و بەدەست ڕێژیمی
مەلاکان تێرور کرا، هەر ئەو سیاسەتەی ڕەچاو کرد و
بە پێچەوانەی حوکمی تاوانبار کردنی ئێران لە لایەن
دادگای وڵاتەکەیەوە، بە ڕەسمی پەروەندەی ئەو
جەنایەتەیشی بەستراوە ڕاگەیاند.
_ ١٩٩٢ ئارژانتین:
لە نزیک باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بونێس ئایرێس،
کەسێک بە بومبەوە خۆی دەتەقێنێتەوە و ٢٩
کەس دەکوژێت؛ ساڵی ١٩٩٤ هەر لەو شارە
ماشینێک لە نزیکی ناوەندی کولتووری یەهوودیەکان
دەتەقێتەوە و دەبێتە هۆی کوژرانی ٨٧ کەس.
پاش یەک دەیە لێکۆڵینەوەی ناوەندە پەیوەندیدارەکان
و دادگای ئارژانتین، دەرکەوت کە ئێران لە پشت هەر
دووک ئەو کردەوە تێروریستیانە بووە و پلانەکەی لە
تاران داڕژابوو و بەڕێوەبردنیشی لە ئەستۆی
حیزبوڵڵای لوبنان دەبێت. ساڵی ٢٠٠٦ دادگای
ئەو شارە بەوە دەگات کە بڕیاری گرتنی هاشمیی
ڕەفسەنجانی، عەلی ئەکبەری وێلایەتی، عەلی
فەلاحیان، مەحسێنی ڕزایی و چەند کەسی دیکە بدات بە
"ئینتێرپۆل" (پولیسی نێونەتەوەیی)، بەڵام بە هۆی
زەختی حکوومەتی ئارژانتین لە سەر ئەو دادگایە، نەک
هەر پەیگیری بڕیارەکە نەکرا، بەڵکە قازیەکەیش کە
ئەو بڕیارەی دابوو، لە کارەکەی وەلا نرا! (٤)
_
١٩٩٠ سویس:
کازمی ڕەجەوی (ڕ. موجاهێدینی خ.) بە دەست چوار
بەکرێگیراوی ڕێژیمی ئێران لە شاری ژنێڤ تێرور
دەکرێت. پولیس و بەرپرسانی قەزایی سویس دەریان خست
کە لانی کەم دوو کەس لە تێروریستەکان بە پاسپورتی
دیپلوماتیکی ئێرانەوە هاتبوونە ئەو وڵاتە و سەر بە
دەزگا جاسووسیەکانی ئێران بوون.(٥)
_ تێرۆری سەدان
خەباتکاری کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان.
ناحەق دەبێ ئەگەر هەر بە تەنیا لایەن و حکوومەتە
لاوەکیەکان تاوانبار بکەین و خۆمان لەو جەنایەتانە
ببوێرین!
ڕێژیمی ئێران بە هۆی بەکرێگیراوانیەوە لە هەرێمی
کوردستان و لە پێش چاوی هێزەکانی باشوور و
حکوومەتی هەرێم دا، نزیک بە ٥٠٠ ڕۆڵەی
تێکۆشەری نەتەوەکەمانی بە دڕەندەترین شێوەکان
تێرور کردوە؛ دەسەڵاتدارانی کورد کە دەبوو
بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی ئەو کەسانەیان بە
ئەستۆ بگرتبایێت، نەک هەر بێدەنگەیان لێ هێناوە،
بەڵکە لە پاساودانەوەیشیان بۆ خۆش خزمەتی بە
حکوومەتی ئێران درێغیان نەکردوە!
***
لە ئاخردا جێگایەتی ئاماژەی گشتی بە بار و دۆخی
کوردستان بکرێت! کێشەی کورد ئەو دەمە گرینگی بۆ
دەرەوەی وڵات پەیدا دەکات کە هیوایان بە مانەوی
ڕێژیمێکی یەک دەست بۆ وێنە لە ئێراندا نەمێنێت و
لەو لایشەوە لە یەکدەنگی نەتەوەیی کورد دڵنیا بن؛
دەنا تا ئەو کاتە بە نێوی ڕاگرتنی "ئاسایش و
ئەمنیەتی ناوچە" نەک هەر پشتیوانی لە مانەوەی
حکوومەتی ناوەندی (هەرچەند دژی گەلیش) دەکەن،
بەڵکە بە هەر بیانوویێک کۆسپیش دەخەنە سەر ڕێگەی
خەباتی مافخوازانەی کورد.
لەم ماویەدا لە پەیوەندی لە گەڵ باکووری کوردستان،
ئەمریکا بڕیاری داوە بە مەبەستی گۆڕانی
هەڵوێستی تورکیە لە حاست ئێران لە لایەکەوە و
نەهێشتنی ناکۆکی لە نێوان تورکیە و ئیسڕائیل
لە لە لایەکی دیکەوە، چەک و کەرەسەی مودێڕنی
نیزامی بدات بە تورکیە بۆ سەرکوت کردنی یەکجاری
ڕاپەڕینی کورد لەم بەشەدا! واتە ئاغای ئوباما!
دەیەوێت تەنانەت داکۆکی کێشەی ئیسرائیلیش لە سەر
حیسابی کورد بکات!؟ لەو لایشەوە بەرپرسانی سیاسیی
کورد لە هەموو بەشەکاندا، بە ئاواتی گەیشتن بە
سەدارەتن لە سایەی هیمەت و یارمەتی دەرەوە و ئەوەی
بە بیریاندا نایێت یەکگرتوویی، یەکدەنگی و
هاوخەباتی نەتەوەییە!
(١)http://www.dw-world.de/dw/article/0,,5487325,00.html
(٢)
Schattenarmeen –
WILHELM DIETL , Salzburg 2010, P. 46
(٣)هەر ئەو سەرچاوە (بە ئەڵمانی)، لاپەڕەی ١٦
(٤)لاپەڕەی ٦٤هەتا٦٧
(٥) لاپەڕەی ٤٩
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|