|
شیرکۆ جیهانی : حکوومه‌تی ئێران له هه‌رچی بتوانێ
جه‌ماوه‌ر بێنێته مه‌یدان وه‌حشه‌تی هه‌یه،
بۆیه له کوردستان که‌وتووه‌ته گیانی چالاکانی
مه‌ده‌نی
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێست
وه‌ک پێشتر ڕامانگه‌یاندبوو رووناک‌بیر و چالاکی
مه‌ده‌نیی و تێکۆشه‌ری بواری مافی مرۆڤ، شیرکۆ
جیهانی سه‌ره‌نجام پاش هه‌ڕه‌شه‌کانی حکوومه‌ت و
وه‌مه‌ترسیکه‌وتنی گیانی ناچار به به‌جێهێستنی
نیشتمان که‌وت. ئێمه له‌و خه‌به‌ره‌دا
ڕامانگه‌یاندبوو که وتووێژێکی تێروته‌سه‌لمان
له‌گه‌ڵ شێرکۆ ئه‌نجام داوه. لێره‌دا
سه‌رنجتان بۆ ده‌قی ئه‌م وتووێژه ڕاده‌کێشین
پێشه‌کی
وه‌ک ده‌بینین له‌م رۆژانه حکوومه‌تی ئیران زۆرتر
زه‌خت و فشاری خستووه‌ته سه‌ر چالاکانی مه‌ده‌نی
و تێکۆشه‌رانی بواری مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌وانان و
نووسه‌رانی ئازادبیر. ئه‌وه‌یه که رۆژ نێ‌یه
خه‌به‌ری بانگکردن و گرتن و بڕینه‌وه‌ی زیندان و
ئیعدامی ئه‌م تێکۆشه‌رانه له رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان بڵاو نه‌بێته‌وه. تا ئه‌و ڕاده‌یه
ته‌نانه‌ت ناوه‌نده نیونه‌ته‌وه‌یه‌کانی مافی
مرۆڤ و.. که به‌گشتی له ئاست سته‌م دژی کوردان
خۆیان ده‌گنخێنن، وه‌ده‌نگ هاتوون و له
ڕاگه‌یه‌ندراوی تایبه‌تدا حکوومه‌تی ئێران به‌هۆی
سه‌رکوتی بێبه‌زیه‌نانه و زه‌بروزه‌نگی
سازماندراو دژی تێکۆشه‌رانی کوردی بواری مه‌ده‌نی
مه‌حکووم ده‌که‌ن.
حکوومه‌تی ئێران ئێسته که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به
سه‌قامگیر ده‌زانێ له هه‌رکاتێک زۆرتر له‌ئاست
مافخوازیی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ترسی رێ‌نیشتووه،
بۆیه له ئاست هه‌ر جموجووڵیکی تێکۆشه‌رانی
کورد(له هه‌ر بوارێک‌دا بێت) به توندی دژکرده‌وه
نیشان ده‌دات و به "مشتی ئاسنین" به گژی‌دا
ده‌چێته‌وه. تا ئه‌و جێگه‌یه که ته‌نانه‌ت له
کۆنه موریدانی خۆشی وه‌شک و گومان که‌وتووه و
هه‌رچی ئه‌وان هاوار ده‌که‌ن که خزمه‌تگوزارێکی
باشن، گوییان نادرێتی و به‌هیچیان ده‌گرێت.
حکوومه‌تی ئێران بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی خه‌باتی
مه‌ده‌نی( که وه‌ک له قسه‌کانی کاک شێرکۆدا
ده‌یخوێننه‌وه،که حه‌ساسیه‌تی ریژیم
به‌نسبه‌تیانه‌وه له خه‌باتی چه‌کداریش زۆرتره)
ته‌نانه‌ت یاسا و رێسا کۆنه‌په‌رستانه‌کانی خۆشی
ره‌چاو ناکات و ده‌ستی موۆره‌کانی له کوردستان
ره‌ها هێستووه تا وه‌ک حه‌یوانی دڕنده بکه‌ونه
گیانی تێکۆشه‌رانی مه‌ده‌نی و به‌که‌یفی خۆیان
بیانگرن، ئه‌شکه‌نجه‌یان بده‌ن و ته‌نانه‌ت له
ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا بیانکوژن . یا ئه‌وه‌ی هێندیان
فشار بۆ بێنن و په‌روه‌نده‌یان بۆ ساز بکه‌ن و
حوکمی ته‌علیقی و ته‌عزیریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن
که ناچار بن وڵات به‌جێهێڵن. ئامانجی سه‌ره‌کیش
بۆ ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته وه‌حشیانه، دابڕانی ئه‌م
چالاکانه‌یه له کۆمه‌لانی خه‌ڵک و له
نه‌تیجه‌دا ترس له ڕاپه‌رینی جه‌ماوه‌ری.
بۆ تیشک خستنه سه‌ر شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی
حکوومه‌ت له‌گه‌ڵ چالاکانی مه‌ده‌نی و هه‌روه‌ها
شێوه‌ی گرتن و بازجوویی کردن و هه‌لسوکه‌وتی
حکوومه‌ت و ئه‌شکه‌نجه‌گه‌رانی له‌گه‌ڵ چالاکان و
ره‌فتار له زیندانه‌کان و هێندێک لایه‌نی دیکه
له‌گه‌ڵ شێرکۆ جیهانی که خۆی یه‌کێک له
هه‌ڵسووڕاوانی بواری مافی مرۆڤ و ... بووه و پاش
ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی جیدی گیانی وه‌مه‌ترسی
ده‌که‌وێت نیشتمان به‌جێ دێڵی، وتوێژێکی تێر و
ته‌سه‌لم پێک هێناوه. هیوادارم چ پرسیاره‌کانی من
و چ وڵامه‌کانی شێرکۆ بتوانن یارمه‌تیده‌ری
تێکۆشه‌رانی مه‌یدانی خه‌باتی مه‌ده‌نی بن و
هاونیشتمانانیش که‌ڵکیان لێوه‌رگرن. هه‌ر لێره‌دا
دیسان سپاس و پێزانینی خۆم و ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێست
پێشکه‌ش به کاک شێرکۆ ده‌که‌م که وا دڵسۆزانه و
مه‌سئوولانه به ده‌م پرسیاره‌کانمه‌وه هات و
به تێر و ته‌سه‌لی و حه‌وسه‌له‌وه، وه‌ڵامیانی
دایه‌وه.
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی
******
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی:
سه‌ره‌تا له لایه‌ن خۆم و ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێسته‌وه
به‌خێرهاتنت ده‌که‌م و بێ هیچ پێسه‌کی و
په‌راوێزێک ده‌چمه سه‌ر پرسیاره‌کان.ئه‌گه‌ر
مه‌وافق بن با هه‌ر له سه‌ره‌تای چۆنیه‌تی ژیان و
تێکۆشانی خۆته‌وه ده‌سپێ بکه‌ین. ده‌کرێ بڵیی
شیرکۆ جیهانی کێ‌یه و چۆن گه‌یشته ئێره؟
شیرکۆ جیهانی:
سه‌ره‌تا خۆم وه‌ک خوێنه‌رێکی ماڵپه‌ڕی به‌نرخی
هه‌ڵوێست، سڵاو و ڕێزی خۆم پێشکه‌شی
به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه و ئێوه و هه‌موو
خوێنه‌ران ده‌که‌م.
له باره‌ی خۆ ناساندنه‌وه ده‌بێ بڵێم که ئه‌مه
سه‌خت ترین پرسێکه که ده‌کرێ له مرۆڤێک بکرێت
! خۆت بناسه، په‌یامی سوقڕات و فیلسووفه‌کانه.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ به باشی خۆی نه‌ناسێت، چۆن ده‌توانێ
خۆی بناسێنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانج ته‌نیا شتێکی
ساده‌یه، ده‌توانم بێژم، ناوم شێرکۆ و پاشناوم
جیهانی، خه‌ڵکی شاری مه‌هابادم. له دایک بووی
ساڵی 1977ی زایینیم. له منداڵییه‌وه باوکم به
ناوی عه‌لی له لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه له تاران
له سێداره درا و هه‌رگیز ته‌رمه‌که‌یمان
نه‌دیته‌وه. برام نییه و دوو خوشکم هه‌یه که
له خۆم بچووکترن، وه‌ک خۆم، هه‌میشه له ژێر
کاریگه‌ری ڕووداوی له سێداره‌دانی باوکم دا بوون
له لایه‌ن رژیمی ئێرانه‌وه. دایکم هه‌رگیز میردی
نه‌کرده‌وه و به گه‌وره کردنی ئێمه، ژیانی خۆی
فیدا کرد. به‌ڵام له هه‌مان کات دا هانده‌ری
سه‌ره‌کی ئێمه بووه له پێناو تێکۆشانی
فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا. له ساڵه‌کانی 1990
هه‌وڵم دا له بواری ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فیی و
دواتریش مێتۆلۆژی و هونه‌ر، هێندێک زانیاری
وه‌ده‌ست بخه‌م و خۆم تاقی بکه‌مه‌وه. هه‌ر
بۆیه‌ش سه‌ردانی کۆڕی ئه‌ده‌بیم کرد و کۆمه‌ڵێک
شێعر و چیرۆکم به‌رهه‌م هێنا که هه‌تا ئێستاش
نه‌متوانیوه بڵاویان بکه‌مه‌وه. هه‌روه‌ها له
بواری هونه‌ریشه‌وه،له ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای
جه‌وانانی مه‌هاباد، له بواری سینه‌ما و فۆتۆگڕاف
خولێکم ته‌واو کرد و له موئه‌سه‌سه‌ی دانیشگاهی
ڕسامی هونه‌ریش، ده‌وره‌ی کارگه‌ردانیم به
نمره‌یه‌کی باش کۆتایی پێ هێناوه. له ساڵانی
ڕابڕدووش دا چه‌ند کورته فیلم و سه‌دان فۆتۆگڕافم
به‌رهه‌م هێناوه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه بۆ من
وه‌ک تاقی کردنه‌وه و له پێناو ناسینی خۆم و
جیهانی ده‌وروبه‌رم دابووه. من ئێستاش له
لێگه‌ڕین دام. به قه‌ولی "کڕیشنا مۆڕتی"، مرۆڤ تا
ده‌ژی شاگرده و تا ده‌شمرێ هه‌ر شاگرده. له
ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای 2000 له بواری چالاکی مافی
مرۆڤ و ڕێکخستنی مه‌ده‌نی له گه‌ڵ هێندێک له
دۆستان ده‌ست به کار بووین و له ساڵی 2004
یه‌کێک بووم له بنیادنه‌رانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی
کوردستان
RMMK
که بیرۆکه‌ی به‌ڕێز مه‌حه‌مه‌د سه‌دیق
که‌بودوه‌ند بوو. له ناو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ،
وه‌ک یه‌که‌م که‌س له هه‌رێمی مه‌هاباد و
ئه‌یاله‌تی ئورمیه، ده‌ستم کرد به کۆ کردنه‌وه‌ی
ئه‌ندامی نوێ و ئاماده کردنی راپۆڕته‌کانی
پێشێلکاری مافی مرۆڤ و هه‌روه‌ها چه‌ندین کلاسی
په‌روه‌رده‌ی خاڵه‌کانی ناو نه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ
( جاڕنامه‌ی ناونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ ) م
به‌ڕێوه برد.
له‌و نێوه دا تێکۆشه‌رانێکی وه‌ک زه‌ینه‌ب
بایه‌زیدی، سروه کامکار، یاسر گوڵی، غه‌فور
مه‌حه‌مه‌دی و چه‌ندین که‌سی دیکه، هاوڕێ و
هاوکارم بوون. هه‌ر له‌و پێناوه‌ش دا چه‌ندین جار
ڕوبه‌ڕوی زیندان هاتمه‌وه و هه‌موو کاتێکیش له
ژێر هه‌ڕه‌شه و گوشاری هێزه‌کانی ڕژیمی ئێران و
به تایبه‌ت ئیتلاعات و به‌کرێگیراوانیان، ژیانم
ده‌برده سه‌ر.
خه‌لیل
غه‌زه‌ڵی:
باسی گرتنت کرد، له‌بیرمه دواجار که گیرای زۆر
ترساین که نه‌وه‌ک بتکوژن.دیاره دواتر باسی
ده‌که‌ین، به‌ڵام ده‌کرێ بڵیی تا ئێستا جه‌ند جار
گیراوی و هۆکاره‌کانی چی بوون؟
شیرکۆ جیهانی:
له وڵاتێکی وه‌ک ئێران و له خاکێکی داگیر کراوی
وه‌ک کوردستان، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیهه‌وێت له پێناو
مافی مرۆڤ دا هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت،ئه‌وا بێگوومان
ڕوبه‌ڕووی زیندان و بگره مردنیش ده‌بێته‌وه. له
وڵاتی ڕه‌ش و دیکتاتۆڕی دا، تێکۆشه‌ری ماف، له
پێناو ماف دا ڕه‌نج ده‌دات. دڵه‌ڕاوکێ، خه‌م و
حه‌سره‌ت، ڕه‌نج و زیندان و هێندێک جاریش
ئاواره‌یی و هه‌ڵات هه‌ڵات و مه‌رگ، به‌شێکن له
چاره‌نووسی مرۆڤی ئازادیخواز. منیش وه‌ک زۆر که‌سی
دیکه، چه‌ندین جار له لایه‌ن رژیمی ئێرانه‌وه
گیراوم. له زستانی 2000.2001 و هه‌روه‌ها له
ساڵی 2003 بۆ 2004 و ساڵی 2006. جاری یه‌که‌م
نزیکه‌ی 5 مانگ له زیندان ڕاگیرام. ئه‌و کات
تاوانم هاوکاری کردن بوو له گه‌ڵ پارتی
کارگه‌رانی کوردستان پ ک ک. من له ساڵه‌کانی 1990
له گه‌ڵ ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه و ئه‌ندێشه‌کانی
ئاپۆ ئاشنا ببووم و ده‌مزانی که ڕێبه‌رێکی
جیاوازه. وته‌کانی ئه‌و له باره‌ی ئه‌ده‌بیات و
سیاسه‌ت و که‌سایه‌تی و شێوازی فیدایی گه‌ریلا،
هه‌موو ئه‌مانه بۆ من وه‌ک کوردێک که له
ڕێبازێک بۆ ئازادی ده‌گه‌ڕێت، سه‌رنج ڕاکێش و
ئه‌ویندارانه بوون. له یه‌ک که‌لام دا من
ئه‌وینداری ئازادی و ئه‌ویندارانی ئازاد بووم.
له کاتی گیرانی جاری یه‌که‌مین دا حووکمی 5 ساڵ
زیندانم پێ درا. به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی دان
پێ‌یانان ( هه‌رگیز له ته‌واوی ژیانم دا و له
ته‌واوی ده‌ورانی گرتنه‌کانم دا نه‌یانتوانی
بچووکترین دان پێیانانم لێ وه‌رگرن. ئه‌وانه‌ش
هه‌مووی له ناو دۆسیه‌کانم دا وه‌ک به‌ڵگه ماون
) دوای نزیکه‌ی 5 مانگ زیندان، ئازاد کرام. به‌ڵام
له ئێران دا به‌سه مرۆڤێک جارێک بگیرێت، ئیدی بۆ
هه‌میشه ناسراوه و له ژێر چاوه‌دێری ئیتلاعات
دا ده‌بێت. چوونکه ڕژیم باش ده‌زانێت که ئه‌و
ئینسانه، بێگوومان نه‌فره‌ت له سیاسه‌ته‌کانی
ده‌کات و شیمانه‌ی هه‌یه که دوای زیندان جارێکی
دیکه ده‌ست بکاته‌وه به تێکۆشان.
جاری دووم به پیلانێک گیرام و سه‌رنج ڕاکێشیشه
که تۆمه‌تی کافر بوون و لادان له دینیان لێدام !
به‌م شیوه‌یه ده‌یانهه‌ویست ڕووبه‌ڕووی حوکمی
ئێعدامم بکه‌نه‌وه ! به‌ڵام من، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش
دا که به منداڵی زۆر ڕادیکاڵ موسلمان بووم،
به‌ڵام ئه‌و کات به ته‌واوی چه‌پ بووم و هه‌تا
ئێستاش بڕوام به ئیسلام نییه، به ناچار باسم
له‌وه کرد که من موسڵمانم و باوه‌ڕیم به خودا
هه‌یه. له‌و ناوه‌ش دا چه‌ند مه‌لا و خه‌ڵکی
گه‌ڕه‌ک به ناچار نامه‌یه‌کیان کۆ کرده‌وه و
نوسیبویان که ئێمه شاهیدی ده‌ده‌ین ئه‌و
ئینسانه هه‌موو کاتێک هاتووه بۆ نوێژ و ڕۆژۆ !
ئه‌و جاره‌ش پاش نزیکه‌ی مانگ و نیوێک زیندان،
ڕزگاریم هات.
جاری سێیه‌م له ساڵی 2006، به هۆی پشتیوانیم له
کچه چالاکی هاوڕێم، سروه کامکار گیرام. ئه‌و
جاره‌شیان ڕوبه‌ڕوی لێدان و ئه‌شکه‌نجه هاتمه‌وه
و له ژوره‌کانی تاکه‌که‌سی ئورمیه و زیندانی
مه‌هاباد بووم.
هه‌ڵبه‌ت زۆر جاری دیکه‌ش له خۆی و سنه و بانه
و چه‌ند شوێنی باشوور به شیوه‌ی کاتی و کورت
خایه‌ن گیراوم. بۆ وێنه له جاده‌ی سنه بۆ
هه‌مه‌دان به هۆی نه‌بوونی کارتی پێناسه گیراوم
و دوای ماوه‌یه‌ک لیدان و ڕاگرتن له ژوری
تاکه‌که‌سی و لیپرسین، ئازاد کرام. دیاره
ئه‌وانه زۆر گرینگ نین. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و
شتانه ڕاپۆڕت ده‌کران بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی
مه‌هاباد و ڕژیم جار له گه‌ڵ جار په‌روه‌نده‌که‌ی
منی قورس‌تر ده‌کرد.
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی:
گوتت جاری سێیه‌م له سه‌ر جه‌ریانی سروه کامکار
گیرای. له سه‌رێش باست له‌وه کردووه که سروه
ئه‌ندامێکی ڕیکخراوی مافی مرۆڤ بووه. ده‌کرێ بڵیی
جه‌ریانه‌که چی بوو ، دیاره مه‌به‌ستی من زۆتر
ئه‌وه‌یه چۆنیه‌تی تێکۆشانی چالاکی مه‌ده‌نی و
شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی حکوومه‌ت بۆ خه‌ڵک به‌تایبه‌ت
لاوانی تێکۆشه‌ر باسبکه‌ین؟
شیرکۆ جیهانی:
من و سروه و زه‌ینه‌ب
بایه‌زیدی که ئێستا له زیندانی شاری زه‌نجانه،
به یه‌که‌وه کارمان ده‌کرد. سروه و زێنه‌ب، دوو
له‌و کچه کوردانه‌ن که به ڕاستی که‌م وێنه
بوون له جه‌ساره‌ت و هه‌ستی شۆڕشگه‌ری دا. من له
ژیانم دا کچی وا به توانا و به غیره‌تم له
بواری تێکۆشان دا ( مه‌گه‌ر له ناو چیاکانی
کوردستان) له هیچ شوێنێک نه‌دیت بوو. له گه‌ڵ
سروه کامکار زۆر کارمان کرد، بۆ وێنه هه‌ر جار
له سه‌ر بابه‌تی مین (خۆتان ده‌زانن ئێسته‌ش مینی
چێندراوی حکوومه‌ت له کوردستان قوربانی ده‌گرێ)،
جارێک له سه‌ر بابه‌تی خۆکوژی و خۆسوتاندنی ژنان
و جارێک بۆ ساز کردنی کورته فیلم و هه‌ر جار له
بابه‌تێک دا کارمان ده‌کرد. ته‌نانه‌ت جارێک
لیستێکمان له‌و ژنانه‌ی که خۆیان سوتاند بوو یان
کوژرابوون، له نه‌خۆشخانه‌ی مه‌هاباد دزی!
لیسته‌که (که ئاماری ئه‌و ژنانه بوو که له
ساڵێک دا گیانیان له ده‌ست دابوو ) ناوی سه‌دان
کچی تێدا بوو، له ماڵپه‌ڕێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دا
بلاومان کده‌وه. سروه به راستی چالاک بوو.
من له ڕیگای ئه‌ده‌بیاته‌وه ئه‌وم ناسی. شێعری
ده‌نووسی و له زانکۆی نه‌غه‌ده ده‌یوێند.
زێنه‌ب‌یشم له زانکۆی ئورمیه ناسی. چالاکیه‌کانی
سروه ببوو به هۆی توڕه‌یی ڕژیم. مرۆڤی چالاک له
شارێکی بچووکی وه‌ک مه‌هاباد، دره‌نگ یان زوو
ده‌ناسرێ. هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ
زه‌ربه لێدان له ئه‌ندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی
کوردستان، ویستیان له کوشتنی سروه ده‌ست
پێبکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش پیلانێک له لایه‌ن ئیداره‌ی
ئیتلاعاتی سپا و ژماره‌یه‌ک به‌کرێگیراو داڕێژرا.
پیلانه‌که ڕفاندن و کوشتنی سروه کامکار بوو.
ئه‌گه‌ر له‌و پیلانه دا سه‌رکه‌وتنیان وه ده‌ست
هێنا بایه، بێگومان ده‌ستیان به کوشتنی
ئه‌ندامانی دیکه‌ش ده‌کرد. ئه‌وان ویستیان له
سروه را ده‌ست پی بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش که‌سیکیان
به ناوی خالید که سه‌ر به ڕژیمه،له سروه
نزیک کردبۆوه. ئه‌و خالیده هه‌میستاکه له
گه‌ڕه‌کی مه‌یدانی شۆڕش و له نزیک مزگه‌وتی
حه‌سه‌ن زاده ده‌ژی. نێوبراو ده‌ستی هه‌بووه له
به گرتن دانی گه‌ریلایه‌کی سنه‌یی به ناوی
سیروان له مه‌هاباد که دواتر ڕووبه‌ڕوی
ئه‌شکه‌نجه و دورخستنه‌وه بۆ زیندانی شاری
ئه‌هه‌ر هاتبۆوه. خالید هه‌وڵی ده‌دا که سروه
کۆنتڕۆڵ بکات و هاوکات له ڕێگای ئه‌و خۆی له
منیش نزیک بکاته‌وه. ئێواره‌یه‌کی پاییزی ساڵی
2006 ڕۆژێک سروه زه‌نگی بۆ لێدام و گوتی که بۆ
ماوه‌ی چه‌ند ده‌قیقه کاری پێمه و ده‌بێ بیبینم.
پێم گوت که ناتوانم بێم و خه‌ریکه تاریک دادێت.
به‌ڵام سروه پێداگری کرد و به ناچار ڕۆیشتمه
لای. له مه‌یدانی مه‌لاجامی مه‌هاباد و له نزیک
سینه‌مای شار یه‌کترمان بینی. ئه‌و خالیده‌ش له
گه‌ڵی بوو. به منی ناساند و گوتی که که‌سێکی
وڵاتپارێزه و ده‌یهه‌وێت کار بکات. من ده‌مزانی
که سروه به نهێنی له گه‌ڵ په‌ژاک کار ده‌کات،
به‌ڵام هه‌رگیز باسی له کاره‌کانی نهێنی خۆی
نه‌ده‌کرد. له گه‌ڵ دیتنی ئه‌و کوڕه، هه‌ستم
به‌وه کرد که ئینسانێکی باش نییه. سروه‌م برده
که‌لێنێک و پێم گوت که بڕوام به‌و کوڕه نییه.
سروه گوتی که که‌سێکی باش دیاره. به‌ڵام من
به‌رده‌وام پیداگریم له سه‌ر ئه‌وه کرد که جیا
له بابه‌تی مافی مرۆڤ، هیچ باسێکی سیاسی دیکه
نابێ بکه‌ین. هاوڕێ له گه‌ڵ سروه و خالید
به‌ره‌و مه‌یدانی چراوچرای مه‌هاباد ڕۆیشتین و له
درێژایی ڕێگا دا من باسی مافی مر‌ۆڤم ده‌کرد و
خالیدیش هه‌وڵی ده‌دا که باسی سیاسیم له گه‌ڵ دا
بکات، ئه‌وه‌ش شک و گومانی منی زۆرتر ده‌کرد.
ده‌مزانی که‌سێک که له ئێران دا به بێ ترس باسی
سیاسی له دژی ڕژیم ده‌کات، یان که‌سێکه پستی به
ڕژیمه‌وه گه‌رمه و ناترسێ، یانیش که‌سێکی
نه‌زانه و نه‌زانیش مه‌ترسیداره. ئه‌و کوڕه
هه‌ر دوکیان بوو. له هه‌مان کات دا هه‌ستم به‌وه
ده‌کرد که چوارده‌ورمان پڕ بووه له هێزه‌کانی
ئیتلاعاتی و جاش که به جل و به‌رگی شه‌خسی دێن و
ده‌چن ! به سروه‌م گوت که ڕه‌وش ئاسایی نییه.
به‌ڵام سروه که هه‌رگیز شتێک به ناوی ترسی
نه‌ده‌ناسی پێکه‌نی و گوتی، بۆ هێنده ده‌ترسێی.
نۆڕماڵه. هه‌موو ڕۆژێ شار پڕه له‌و جاشانه.
که‌م که‌م هه‌وا تاریک داگه‌ڕا بوو.سروه گوتی
ده‌چمه‌وه ماڵ. ماڵیان له گه‌ڕه‌کی کانی سۆفی
ره‌شید له سه‌ره‌وه‌ی مه‌جبورئاوا بوو. له
بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار. من کارتێکی ئینته‌رنه‌تیم
له ناوه‌ندی(سیروان ڕایانه) کڕی بوو. به‌ڵام نه
ئه‌وه بوو که کارته‌که‌مان بداته‌وه، نه
ئه‌وه‌ش بوو که پاره‌که‌م بداته! به سروه‌م گوت
که به‌ر له چونه‌وه‌ی بچێت و پاره‌که‌م له‌و
شیرکه‌ته ( که ئه‌وکات له نزیک مه‌یدانی
چوارچرا له ڕوبه‌ڕووی دادگا بوو)
وه‌ربگرێته‌وه. سروه به مۆڕاڵێکی به‌رزه‌وه
گوتی، هه‌ر ئێستا ده‌چم لێیان ده‌ستێنم !
سروه به‌ره‌و شیرکه‌تی سیروان ڕایانه ڕۆیشت و
منیش له گه‌ڵ ئه‌و خایینه به‌ره‌و چوارڕای
ئازادی وه‌ڕی که‌وتم و هه‌وڵم ده‌دا به جۆرێک له
کۆڵ خۆمی بکه‌مه‌وه. به هه‌ر شیوه‌یه‌ک بوو له
چواڕڕای ئازادی له کۆڵ خۆم کرده‌وه و به‌ره‌و
ماڵ گه‌ڕامه‌وه. ڕێگاکه‌م به چوارچرا دا ده‌رباز
ده‌بۆوه. کاتێک گه‌یشتمه نزیک چوارچرا، واتا
ئه‌و شوێنه‌ی له سروه جودا ببوومه‌وه، دیتم که
خه‌ڵکێکی زۆر کۆ بوونه‌ته‌وه و هاتوهه‌ڵڵایه‌کی
سه‌یر و سه‌مه‌ره ساز بووه. چوومه پێش و
پرسیارم کرد که چی بووه !؟ کابرایه‌ک گوتی،
کچێک‌یان ئه‌لحان ڕفاند ! ته‌نیا چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک
ده‌بێت ! کاتێک پرسیارم کرد بۆ چی !؟ له وڵام دا
چه‌ند که‌س گوتیان، کاکه گرینگ نییه، کێشه‌ی
بنه‌ماڵه‌ییه. پیاوێک هاتووه و ده‌زگیرانه‌که‌ی
خۆی بردووه !
دواتر زانیم که ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و قسه‌یان
گوتووه، خۆیان به‌کرێگیراوی ڕژیم بوون ! بیرم
له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که ئه‌و کچه سروه بووبێت
که رفێندراوه. هه‌ر بۆیه‌ش به بێ خه‌یاڵی
به‌ره‌و ماڵی هاتمه‌وه. له گه‌ڵ کو گه‌یشتمه‌وه
ماڵێ، خوشکی سروه، به ناوی ئاسکۆڵ،که ئه‌ویش
دواتر به هۆی گوشاره‌کانی رژیم، وه‌ک سروه چووه
ناو ڕیزی گه‌ریلاکانی په‌ژاک و هه‌مێستاکه له
چیاکانی ئازادی وڵات ده‌ژی، ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و
به گریانه‌وه گوتی که سروه‌یان رفاندووه !
پێم گوت، که‌ی !؟ کێ !؟ چۆن وا ده‌بێ ؟! خۆ من و
سروه پێکه‌وه بووین !؟
ئه‌و به ده‌م گریانه‌وه و پچڕ پچڕ ده‌یگوت که
ئه‌مڕۆ کاتژمێر 6 ی ئێواره له نزیک چوارچرای
مه‌هاباد !
ئه‌و جار تیگه‌یشتم که ئه‌و کچه‌ی ڕفیندرا بوو،
سروه بووه.
به په‌له له گه‌ڵ زێنه‌ب بایه‌زیدی و که‌سێکی
دیکه له ئه‌ندامانی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی
کوردستان خۆمان گه‌یانده ماڵی سروه کامکار و
له‌وێشه‌وه چووین بۆ چوارچرا !
وڵات تاریک تاریک داهاتبوو و یه‌ک که‌سیش له
شه‌قام نه‌مابوو. لینگه که‌وشێکی سروه له
که‌لێنێکی شه‌قام و له نزیک پلیکانه‌کانی
شاره‌داری که‌وتبوو. ته‌نیا دوکانێکی کراوه،
دوکانی بیلیاڕدێک بوو. گوتمان خۆمان و شانسی خۆمان
ده‌چین بزانین چیمان ده‌ست ده‌که‌وێت. چووینه
ژوور و له‌وێ پرسی ئه‌و ڕوداوه‌مان کرد. چه‌ند
که‌س له‌وێ بوون که خۆیان دوکاندار بوون و
ڕووداوه‌که‌شیان دیت بوو. ئه‌وان ڕوداوه‌که‌یان
باس کرد و گوتیان که ده‌زانن کێ سروه‌ی
ڕفاندووه. دواتر ده‌قی ڕووداوه‌که‌شم له خودی
سروه بیسته‌وه.
سروه کاتێک ده‌چێت که پاره‌ی من وه‌ربگرێته‌وه،
له شیرکه‌تی سیروان ڕایانه دێته ده‌رێ و
ده‌یهه‌وێ بچێته‌وه ماڵێ. هێشتا 20 شه‌قام له
شیرکه‌ت به‌ره‌و چوارچرا دوور نه‌که‌وتۆته‌وه که
کابرایه‌کی عه‌جه‌م ده‌چێته پێشی و یه‌خه‌ی
ده‌گرێت. سروه که کاڕاته‌ی کار کردووه، به
هه‌موو هیزی خۆیه‌وه لێی ده‌دات و فڕێی ده‌دات.
به‌ڵام له هه‌مانکات دا به‌کرێگیراوێک و
پاسداریکی دیکه به جل و به‌رگی مه‌ده‌نی، له
پشته‌وه ده‌ستی ده‌گرن و ڕایده‌کێشن. دوو ماشێن (
له‌نده‌وێرێک و تاکسییه‌ک ) که هه‌موو جاش و
پاسدارن و جل و به‌رگی مه‌ده‌نیان له به‌ر
دابووه، له‌و ڕفاندنه دا ده‌ستیان هه‌بوو. سروه
ده‌ست ده‌کات به هاوار و له به‌رابه‌ر لێدان و
ڕاکێشانی ئه‌وان دا به‌رخۆدان ده‌کات. خه‌ڵک
کۆده‌بنه‌وه. له‌و کاته دا جاشه‌کان که ده‌بینن
ڕه‌وش خه‌ریکه خراپ ده‌بیت، تفه‌نگێک ده‌رده‌هێنن
و ده‌ڵێن، بکشێننه‌وه، ئه‌وه کێشه‌یه‌کی
بنه‌ماڵه‌ییه و ئه‌و کچه‌ش ده‌ستگیرانی منه.
هه‌ر چی مه‌داخه‌له بکات ده‌یکوژم !
خه‌ڵک له ترسی کوژران پاشه کشه‌ی ده‌که‌ن.
به‌ڵام سروه له کاتێک دا که له پشتی
له‌نده‌وێری ده‌هاوێن، هاوار ده‌کات و ده‌ڵێت،
جه‌ماعه‌ت، ئه‌من سروه کامکارم. ئه‌وانه جاشن،
ده‌مکووژن !!!
سروه له پشت ماشێن ده‌هاوێن و به لێدان،سێ پیاو
له سه‌ر پشتی داده‌نیشن و له کاتێک دا که تا
نزیکه‌ی چوارڕای ئازادی لاقێکی هه‌ر له ده‌ره‌وه
ڕاگرت بوو، به ده‌رگاکه له‌و لاقه‌ی ده‌دن !
سروه ڕووبه‌ڕووی زۆر ئه‌شکه‌نجه و سووکایه‌تی
هاتبۆوه و جنێوی وایان پێ دابوو که ته‌نیا به
که‌سێک ده‌درێت که ئیتر ڕه‌نگی ژیان
نابینێته‌وه. جنێویان به ئۆجه‌لان و په‌ژاک و
به نامووسی کوردان دابوو.
به هه‌ر حاڵ شانسه‌که‌مان گرتی. بینه‌رانی
ڕوداوه‌که، ده‌قی ڕووداوه‌که‌یان گێڕاوه و
ژماره‌ی ماشینه‌کانیان نووسی بوو و ناوی یه‌کێک
له به‌کرێگیراوانیشیان ده‌زانی که پێیان داین.
پێم وابێت ناوی ئه‌و به‌کرێگیراوه ڕه‌حمان
عه‌زیزی بوو.
ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕوداوه‌که‌یان دیت بوو
نامه‌یه‌کیشیان نووسی و واژۆیان کرد و دواتریش
گوتیان که ئاماده‌ن له هه‌ر دادگایه‌ک دا شاهیدی
بده‌ن.
ئێمه به په‌له ناوی ئه‌و به‌کرێگیراوه و
ژماره‌ی ماشێنه‌کانمان به باوکی سروه و
بنه‌ماڵه‌که‌ی که شیوه‌ن که‌وتبووه ناویان،
ڕاگه‌یاند. باوکی که سه‌ره‌تا چووبووه ئیداره‌ی
ئاگه‌هی، سه‌رۆکی ئاگه‌هی پێی گوتبوو، ئێمه
نازانین کێ کچه‌که‌تی ڕفاندووه، ره‌نگه
ده‌ستگیرانه‌که‌ی پێشووی !
باوکی سروه‌ش گوتبووی، ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌ستتان
له‌و پیلانه دا نییه، که‌وابوو له کوێ ڕا
ده‌زانن که کچه‌که‌ی من پێشتر ده‌ستگیرانی
هه‌بووه !؟
به‌م شیوه‌یه کابرای ئاگه‌هی مرته‌قی لێ بڕابوو.
دواتر باوکی سروه ناوی ئه‌و به‌کرێگیراوه و
ژماره‌ی ماشینه‌کانی دابوونێ و گوتبووی که
ئه‌وانه ماموری ئێوه‌ن و باشیش ده‌زانم که
کچه‌که‌ی من ئه‌مشۆ ڕه‌نگه ته‌جاوزی پێ بکرێت و
بیشیکوژن،به‌ڵام من و تایفه‌که‌م تۆڵه‌ی
ده‌ستێنینه‌وه له ده‌وڵه‌ت !
له راستیش دا ئامانجی ڕژیم کوشتن بوو، چوونکه
ئه‌گه‌ر ئامانج کوشتن نییه، ئایا ده‌وڵه‌تێک به‌و
هه‌موو هێزه، نه‌یده‌توانی به فه‌رمی کچێک بگرێت
! ئه‌گه‌ر ئامانج کوشتن نییه، بۆ چی به جل و
به‌رگی مه‌ده‌نی و به ڕفاندن و ڕاکێش ڕاکێش و به
پڕۆپاگه‌نده‌ی خاوه‌ن ده‌ستگیران بوون و به
تاریکایی شه‌و، به‌م جۆره ڕه‌فتار له گه‌ڵ ئه‌و
کچه کرا !؟ ئایا ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و ماشینانه
و ناوی ئه‌و جاشه نه‌زاندرابا که ده‌ستی هه‌بوو
له‌و پیلانه دا، هه‌رگیز سروه‌مان ده‌دیته‌وه !؟
ڕژیم دوای ئه‌وه‌ی که پیلانه‌که‌ی ئاشکرا بوو،
به ناچار دوای چه‌ند کاتژمێر، له 12ی شه‌و،
سروه‌یان ئازاد کرد.
سروه خۆشی له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو که
ده‌یانکوشت و باسی له‌وه ده‌کرد که به جۆرێک
ڕه‌فتاری له گه‌ڵ کراوه که ته‌نیا له گه‌ڵ
که‌سێک ده‌کرێت که ڕه‌نگی ژیان نابینێته‌وه.
ئێمه بیرمان له‌وه کرده‌وه که دوای سروه
نۆبه‌ی کچانی دیکه‌ی چالاک و ئه‌ندامانی دیکه‌ی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دێت. به تایبه‌ت
ئه‌وه‌ی که ئێمه وه‌ک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، به
ئاشکرا ناسنامه‌ی خۆمان وه‌ک پارێزه‌ی مافی مرۆڤ
ڕاگه‌یاند بوو. ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت که
ڕژیمی ئێران هه‌میشه ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه له
تێڕۆڕ و بێ سه‌روشوێن کردنی دژبه‌رانی له ناو خۆ
و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی ئێران. هه‌ر بۆیه‌ش
بڕیاڕمان دا که بۆ پێش‌گرتن له‌و ڕووداوه،
چالاکیه‌ک ده‌ست پێ بکه‌ین. له سه‌ر ناوی ژنانی
مه‌هاباد، نامه‌یه‌کمان نووسی و بۆ فه‌رمانداری
مه‌هابادمان برد. نامه‌که من و زه‌ینه‌ب و سروه
کامکار و خوشکی سروه به یه‌که‌وه بردمانه
فه‌رمانداری. فه‌رمانداری مه‌هاباد، سه‌مه‌دی له
سنه بوو. هه‌ر بۆیه نامه‌که‌یان وه‌رگرت و
گوتیان کاتێک فه‌رماندار هاته‌وه، ئێمه وڵامتان
ده‌ده‌ینه‌وه.فه‌رمانداری مه‌هاباد، کابرایه‌کی
به‌کرێگیراو بوو. هه‌موو کاتێکیش بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت
که‌سێکی جێگای متمانه‌یه، جنێوی به ڕژیم ده‌دا و
به شه‌ڕه‌فکه‌ندی و قاسمڵووی هه‌ڵده‌گووت!!!
کابرایه‌کی پاشکه‌وتووی له خۆڕازی که مۆره‌یه‌کی
ئیتلاعات بوو. ئێمه نامه‌که‌مان به جێ هێشت و
گه‌ڕاینه‌وه ماڵێ. به‌ڵام هه‌ر له ڕۆژی 2
شه‌ممه‌وه تا شه‌وی هه‌ینی، واتا ڕۆژێک به‌ر له
چالاکی، هێزه‌کانی ئیتلاعاتی مه‌هاباد، له سه‌ر
ئه‌و بابه‌ته کۆبوونه‌وه‌یان ساز کرد بوو.
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی:
سپاس
بۆ ئه‌و هه‌موو ته‌وزێحه به‌که‌ڵکانه. راستی
ده‌کرێ بڵیی نامه‌که چی تێ دا نووسرابوو ؟
شیرکۆ جیهانی:
له نامه‌که دا
نووسرابوو که ئێمه ژماره‌یه‌ک له ژنانی شار به
هۆی ئه‌وه‌ی که ئاسایشمان که‌وتووه‌ته
مه‌ترسیه‌وه،ده‌مانهه‌وێت به شیوه‌یه‌کی فه‌رمی
و به پێی خاڵه‌کانی یاسای ئێران که مافی ڕێپێوان
ده‌دات ( هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا به قسه ) ڕۆژی شه‌ممه
بۆ ماوه‌ی 20 ده‌قیقه، به بێ هیچ درووشمێک و به
زاری چه‌سپ کراو، ناڕه‌زایه‌تی خۆمان ده‌رببڕین و
پشتیوانی خۆمان له سروه کامکار ده‌رببڕین.
به‌ڵام ڕژیم ته‌حه‌مولی شتێکی وای نه‌ده‌کرد.هه‌ر
بۆیه‌ش ئێواره‌ی هه‌ینی به ژوماره ته‌له‌فۆنی
فه‌رمانداری زه‌نگیان بۆ من لێدا. که‌سێک له، پشت
هێڵی ته‌له‌فۆن پێی گوتیم که ئه‌و له لایه‌ن
فه‌رماندار سه‌مه‌دی زه‌نگ لێ ده‌دات و پێویسته
بچمه لای فه‌رماندار.
گوتم، فه‌رماندار چ کارێکی به منه.
ئه‌و گوتی، له باره‌ی ئه‌و نامه‌یه و ڕێپێوانی
سبه‌ینێیه !
من گوتم، ئه‌و نامه‌یه پێوه‌ندی به منه‌وه
نییه و هی ژنانی ئاشتیخوازی شاره.
به‌ڵام ئه‌و به پیداگری گوتی، تکایه وه‌ره،
چونکه فه‌رماندار ده‌ڵێ، ئه‌و ژنانه گوێ رایه‌ڵی
تۆن و حه‌زیش ده‌کات قسه‌ت له گه‌ڵ دا بکات.
به ناچار گوتم باشه، دێم. له‌و کاته‌ش دا
زه‌ینه‌ب بایه‌زیدی له ماڵی ئێمه بوو. هاوسه‌رم
پێ‌داگر بوو که نه‌چم، به‌ڵام زێنه‌ب گوتی،
ئه‌گه‌ر تۆ نه‌چی، ئه‌وا ئه‌وان دێن و ده‌مانگرن.
بچۆ، منیش دێم !
به یه‌که‌وه له گه‌ڵ زێنه‌ب چووین به‌ره‌و
فه‌رمانداری. به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینێ به‌ر ده‌رگه‌ی
فه‌رمانداری، زێنه‌ب گوتی که ده‌بێ زه‌نگ بۆ ماڵێ
لێ بدات و پێیان بڵێت که نیگه‌ران نه‌بن و دره‌نگ
دێته‌وه. ئه‌و چوو که زه‌نگ لێ بدات و منیش
به‌ره‌و ده‌رگه‌ی فه‌رمانداری چووم. به‌ر له‌وه‌ی
که بگه‌مه به‌ر ده‌رگه‌ی فه‌رمانداری، چه‌ند
که‌س له هێزه‌کانی ئیتلاعات ( که به‌شێکیان
پێشتر له کاتی گیرانه‌کانی ڕابڕدووم دا بازجووی
من بوون ) هاوڕێ له گه‌ڵ عه‌زیز کانه‌بی جاش،
هێرشیان کرده سه‌رم و له ماشێنیان هاویشتم و بۆ
ئیتلاعاتیان بردم. له ڕێگه دا پێم گوتن که
ئێوه مافی ئه‌وه‌تان نییه من بگرن، کوا کاغه‌زی
دادگاتان !؟
به‌ڵام ئه‌وان یان لێم توڕه ده‌بوون یان پێ
ده‌که‌نین و گاڵته‌یان ده‌کرد.
بیرم له زێنه‌ب کرده‌وه و له خودام بوو که
زێنه‌ب نه‌گیرابێت. به‌ڵام زێنه‌بیشیان دوا به
دوای من هێنا. زێنه‌ب کاتێک که دیتبووی من
گیراوم، به په‌له له کیوسکه‌که‌وه به ماڵی
ئێمه‌ی راگه‌یاند بوو. به‌ڵام خۆشیان دیت بوو و
گرتیان.
من و زێنه‌بیان له ژورێک کرد و خۆشیان بۆ
لێپرسینه‌وه و هه‌ڕه‌شه هاتن. سه‌رۆکی ئیتلاعات
که به هیدایه‌تی ناسراوه، به‌رده‌وام
هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌کرد و ده‌یگوت که نابێ سبه‌ینێ
ئه‌و ڕێپێوانه به‌ڕێوه بچێت. هه‌روه‌ها ده‌یگوت
که چه‌ندین ساڵتان حوکم ده‌ده‌مێ. ئێمه‌ش
ده‌مانگوت که ئه‌وه پێوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه
و پێوه‌ندی به ژنانه‌وه هه‌یه و چ ئێمه بگرن و
چ نه‌مانگرن، ئه‌وا ژنه‌کان خۆیان کۆ ده‌بنه‌وه.
له‌و ئێواره‌یه دا بوو که من به ڕاستی
ئافه‌رینم به زێنه‌ب گوت. من تا ڕاده‌یه‌ک ترسا
بووم، به‌ڵام زێنه‌ب هیچ نه‌ده‌ترسا و به
پێکه‌نین و مۆڕاڵێکی ئێجگار به‌رز، قسه‌ی ده‌کرد و
گاڵته‌ی پێیان ده‌کرد. بۆ وێنه به پێکه‌نین و
گاڵته‌وه ده‌یگوت، ده‌مانگرن !؟ ده‌مانکوژن !؟
ده‌مانڕفێنن !؟ هه‌ر که‌س و لایه‌نێک شتێکی که
له ناوه‌ڕۆکی دایه له خۆی نیشان ده‌دات. ئایا
ناوه‌ڕۆکی حکوومه‌تی ئێوه‌ش ئه‌وه‌یه !؟ ده‌ی
باشه چی ده‌که‌ن بیکه‌ن ...
ڕه‌فتاری زێنه‌ب ئه‌وانی تووڕه و تووڕه‌تر
کردبوو. دواتر ئێمه‌یان برده‌وه فه‌رمانداری !
فه‌رمانداری پڕ پڕ بوو له کادری ئیتلاعاتی و سپا
! سه‌رم سوڕ مابوو. لێره دا لاوازی ده‌وڵه‌تم بۆ
ده‌رکه‌وت. له‌و په‌ڕی هێزی جاسوس و چه‌کداری، له
به‌رابه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کی بچووکی جه‌ماوه‌ری وا
وه‌له‌رزین که‌وتبوون.
کابرایه‌کی ئیتلاعاتی که ناوی ڕه‌زایی و خه‌ڵکی
سایین قه‌ڵا بوو پێی گوتم، له ڕۆژی دوشه‌ممه‌وه
هه‌تا ئێستا، ته‌نانه‌ت بۆ پیرۆز کردنی جه‌ژنیش
نه‌چوومه‌وه و ژن و منداڵه‌که‌م لێم توڕه‌ن.
هه‌مووی خه‌تای ئێوه‌یه !
بردیانینه ژووری فه‌رماندار. سه‌مه‌دی
فه‌رماندار، جه‌عفه‌ر ئایین په‌ره‌ستی به ناو
نوێنه‌ری مه‌هاباد، حه‌زره‌تی، دادستانی دادگای
ئینقیلابی شار، سه‌رۆکی ئیتلاعات و شووجاعی،
به‌رپرسی ئیتلاعاتی دژ به په‌ژاک که ئێستا له
ئورمیه‌ی و ژماره‌یه‌کی دیکه له به‌رپرسانی سپا،
له‌و ژووره بوون. به ده‌یان که‌سیشیان له
ده‌ره‌وه و ساڵۆنه‌که کۆ ببوونه‌وه.
دوای ماوه‌یه‌ک سروه‌شیان هێنا، به‌ڵام نازانم بۆ
کام وتاغیان برد.
من و زێنه‌ب بووین و کۆڵێک هێرش و هه‌ڕه‌شه.
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی:
چیان
لێ ده‌پرسین !؟ ئامانجیان له هێنانی ئێوه بۆ
ئه‌و شوێنه چی بوو!؟
شیرکۆ جیهانی:
ئامانجیان ئه‌وه بوو
که به ترساندنی ئێمه، ڕیگا له کۆبوونه‌وه‌که‌ی
سبه‌ینێ بگرن. ئه‌وان ده‌یانزانی که ئه‌و
کۆبوونه‌وه‌یه به‌ڕێوه هه‌ر ده‌چێت، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر زیندانیش بکرێین. چه‌ند جاران
"حه‌زره‌تی"، دادستانی دادگای ئینقیلاب به
توڕه‌یی گوتی، ئه‌وانه په‌ژاکین، ئه‌و نامه‌یه‌ش
په‌ژاک پێی نووسیون. بیانگرن و بیانبه‌ن بۆ
زیندان. من و زێنه‌ب هه‌ستاین که بمانبه‌ن،
به‌ڵام به نمایشێک فه‌رماندار و ئایین په‌ره‌ست
ده‌یانگوت که نابێ و با لێره بن، قسه ده‌که‌ین
!!!
زێنه‌ب جه‌ساره‌تی ده‌دا به من. هیچ نه‌ده‌ترسا.
من به خۆم زۆر به زێنه‌ب و ڕووحیه‌ی شۆڕشگه‌ری و
قاره‌مانه‌نه‌ی ئه‌و ڕووحیه‌م ده‌گرت. به خۆم
گوت، ترسی بۆ چییه !؟ ئه‌گه‌ر زیندانیمان بکه‌ن،
هه‌ر ده‌یکه‌ن. که‌وابوو با قسه‌ی خۆم بکه‌م. هه‌ر
بۆیه ڕووم تێ کردن و گوتم:
جه‌نابی دادستان، ئێوه به ئێمه ده‌ڵێن که
په‌ژاک ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ ئێمه نووسیوه ! باشه
په‌ژاک به کوێ دا گه‌یشتووه‌ته ئێره تا ئه‌و
نامه‌یه بدات به ئێمه ! خۆ ڕۆژی دوای ڕفاندنی
سروه ئه‌و نامه‌یه نووسراوه ! له هه‌مان کات
دا ئێوه مافتان نییه تۆمه‌تی حیزبی له ئێمه
بده‌ن. ڕامانی تاکه‌که‌سی هه‌ر که‌سێک گرێدراوی
خۆیه‌تی، به‌ڵام باش بزانه که ئه‌و نامه‌یه
ته‌نیا له لایه‌ن ژنانه‌وه نووسراوه و
ده‌شمانهه‌وێ ئێمه‌ش وه‌ک لایه‌نی ڕێکخراوی مافی
مرۆڤی کوردستانن ببینن، نه‌ک وه‌ک ئه‌ندامی
حیزبێک، چونکه ئێمه نه چه‌کدارین و نه که‌سیش
ڕێنوێنی کردووین و ئه‌گه‌ریش وه‌ک لایه‌نێکی نهێنی
کارمان کردبا، ئه‌وا ده‌م وچاوی خۆمان گرێ ده‌دا و
له مه‌یدانێکی وه‌ک مه‌یدانی شۆڕشی مه‌هاباد
ئاگرمان ده‌کرده‌وه و درووشمیشمان له دژی
ده‌وڵه‌ت ده‌دا. به‌ڵام ئێمه به ئاشکرا هاتووین
تا کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن. ئێوه که خۆتان به
به‌رپرسی دادگای شار ده‌زانن، هیچ ده‌زانن له ناو
شاری مه‌هاباد دا چ باسه !؟ ڕۆژێک شوانه‌ی سه‌ید
قادر ده‌کوژرێت ! ڕۆژێک شێرکۆ ئه‌مینی ده‌کوژرێت !
ڕۆژێک سروه کامکار ده‌ڕفێندرێت ! هه‌موو
ئه‌وانه‌ش له لایه‌ن کێوه ده‌کرێت ؟ له لایه‌ن
ئێمه‌ی پارێزه‌ری مافی ئه‌و ئینسانانه، یان له
لایه‌ن کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت !؟ ئایا قاتڵی شوانه
دادگایی کرا !؟ بۆ ئازاد ده‌گه‌ڕێ؟ قاتڵی شێرکۆ
ئه‌مینی بۆ دوای کوشتنی ئینسانێکی بێ تاوان خه‌ڵات
کرا !؟ ئایا ئه‌وه‌ی که ده‌بێ مه‌حاکه‌مه بکرێن
ئێمه‌ین یان ئه‌و که‌سانه‌ی که پیلانی ڕفاندنی
سروه کامکاریان به‌ڕیوه برد؟ ئایا ئێمه‌ین که
ئاسایشی شار ده‌شێوێنین و ده‌بێ بچینه زیندان یان
ئه‌و که‌سانه !؟ چ ته‌زمین و گاره‌نتیه‌ک هه‌یه
که سبه‌ینێ نۆره‌ی کوشتن و رفاندنی من و ئه‌م و
ئه‌وی دیکه‌ش نه‌یه ! ئه‌و ژنانه ده‌یانهه‌وێت
ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن، تا ده‌نگیان بگاته گوێی
خه‌ڵک و به‌رپرسانی تاران و جیهان، تا پێش به
ڕووداوی هاوشێوه بگیرێت !
زۆر باس و هێرش و هه‌ڕه‌شه کران. ئه‌وان پێ‌داگر
بوون له سه‌ر ئه‌نجام نه‌دانی کۆبوونه‌وه‌که و
ئێمه‌ش ده‌مانگوت که پێوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه
و ژنان هه‌ر به‌ڕیوه‌ی ده‌به‌ن. جالبتر ئه‌وه بوو
که به‌رده‌وام له ئورمیه و تارانه‌وه
ته‌له‌فۆن بۆ ئیتلاعاتیه‌کان ده‌کرا و ڕاپۆڕتیان
لێ وه‌رده‌گرتن!
زێنه‌ب زۆر توندتر له‌وان و به پێکه‌نین و
گاڵته‌وه وڵامی ده‌دانه‌وه. هه‌ر جار
ده‌سته‌یه‌ک ده‌ڕۆیشت و ده‌سته‌یکی تازه بۆ به‌حس
و هه‌ڕه‌شه ده‌هات. له‌و هه‌مووه که‌سه تا
کاتژمێر 1 و 30 ده‌قه‌ی شه‌و 5 که‌س ماینه‌وه، من
زێنه‌ب و فه‌رماندار و سه‌رۆکی ئیتلاعات و ئایین
په‌ره‌ست.
ئه‌وه‌نده‌مان قسه کرد بوو که ماندوو ببووم.
له‌و کاته دا له ناکاو پیلانێکی دیکه‌یان خسته
گه‌ڕ. نوێنه‌ری ده‌ستنیشانده‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ شاری
مه‌هاباد، ئایین په‌ره‌ست، مۆبایله‌که‌ی زه‌نگی
خوارد و به هه‌یه‌جانه‌وه به فارسی له گه‌ڵ
که‌سێک قسه‌ی کرد و دواتر ته‌له‌فۆنه‌که‌ی گرت و
گوتی:
مزگێنیم بده‌نێ. ئێستا له تارانه‌وه وه‌زیری
ئیتلاعات ته‌له‌فۆنی کرد و گوتی که سبه‌ینێ مافی
ڕێپێوان به ژنان دراوه و ده‌توانن بچن ! من و
زێنه‌ب زۆر خۆشحاڵ بووین، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش
دا که شیمانه‌مان ده‌کرد پیلان بێت، گوتمان، زۆر
باشه. تکایه به فه‌رمی ئیجازه‌نامه‌یه‌کمان بۆ
ڕێپێوانه‌که بنووسن . به‌ڵام فه‌رماندار به
به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که شه‌و دره‌نگه و هیچ
کارمه‌ندێک له ئیداره نه‌ماوه و مۆره‌کان له
ناو گاوسه‌ندوق دان، گوتی که سبه‌ینێ به‌یانی سێ
ژن بێنه فه‌رمانداری و ئیزننامه‌که‌ی وه‌ربگرن.
گوتمان، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ هاتن و ئێوه
ئیزننامه‌که‌تان نه‌دانێ چی !؟ فه‌رماندار گوتی،
کاک شێرکۆ،من وه‌ک فه‌رمانداری مه‌هاباد، قه‌ولی
مه‌ردانه‌ت پێ ده‌ده‌م که سبه‌ینێ
ئیزننامه‌که‌تان به‌ر له کاتژمێر 9 پێ بدرێت و
ئێوه‌ش ده‌توانن به ژنه‌کان بڵێن که کاتژمێر 10
ده‌توانن بچنه مه‌یدانی چوارچرا بۆ کۆبوونه‌وه،
به‌ڵام نابێ درووشمێک له دژی ده‌وڵه‌ت بدرێت و
ده‌شبێ خێرا بڕۆن !
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا که باوه‌ڕمان نه‌ده‌کرد، به
خۆشحاڵییه‌وه له گه‌ڵ زێنه‌ب کاتژمێر 2ی شه‌و
چووینه‌وه ماڵ. هه‌مان شه‌و له کیوسکه‌وه
زه‌نگمان بۆ زۆر ژن لێدا و زۆر که‌سمان له خه‌و
هه‌ستاند.
به‌یانی کاتێک سێ کچمان نارده فه‌رمانداری که
وه‌ک نوێنه‌ری ژنان، ئیزننامه بستێنن، ڕوبه‌ڕووی
هێرشی کارمه‌ندانی فه‌رمانداری هاتبوونه‌وه.
فه‌رماندار و ئایین په‌ره‌ست ته‌له‌فۆنه‌کانی
خۆیان داخست بوو و ولامی ته‌له‌فۆنه‌کانی ئێمه‌یان
نه‌ده‌داوه. زیادتر له 400 به‌سیجی و ئیتلاعاتی
که به‌شێکیشیان له شاره‌کانی دیکه هێنابوون،
به جل و به‌رگی مه‌ده‌نی له مه‌یدانی چوارچرا
ڕاوه‌ستابوون و کاتێکیش ژنه‌کان بۆ کۆبوونه‌وه
چوونه ئه‌وێ، ڕوبه‌ڕووی هێرش و سووکایه‌تی ئه‌وان
هاتبوون. به‌ڵام ژنه‌کان بۆ پڕۆتستۆ کردن و
شه‌رمه‌زار کردنی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی مامورانی
ڕژیم، به زانا بوون شیرنیان له ناو ئه‌وان دا
بڵاو کردبۆوه و ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارانی ئه‌وانی
توڕه تر کردبوو.
به‌م جۆره ناڕه‌زایه‌تی به ته‌واوی سه‌ری
نه‌گرت. به‌ڵام ڕه‌قی ده‌وڵه‌ت هه‌ر مابۆوه. به
تایبه‌تیش به هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی خه‌به‌ری
کۆبوونه‌وه‌ی ژنان و پێشتریش بڵاو بوونه‌وه‌ی
دیمه‌نه‌کانی جه‌سته‌ی شکه‌نجه کراوی سروه له
ڕۆژ تی وی و دواتریش په‌یوه‌ست بوونی سروه بۆ ناو
ڕیزی گه‌ریلاکانی کورد ...
کۆتایی به‌شی یه‌که‌م
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|