|
بەرەی
یەکگرتووی "کورد"، بووکەڵە بیبیجانەکانی
ئاخوندەکانی ئێران
!
شێرکۆ جیهانی
چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک کەس کە ناوی "بەرەی
یەکگرتووی کورد"یان لە سەرخۆیان داناوە، بە
راگەیاندنی بڵاوکراوەیەک داوایان لە خەڵکی
رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە بەشداری لە
هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی رژیمی دیکتاتۆری ئیسلامی
ئێران بکەن! ئەم کەسانە من وە بیر بووکەکانی بی بی
جان دەخەنەوە.
دایە گەورەم دەیگێڕاوە کە لە گوندەکەیان بە ناوی
"ئازاد" سەر بە شاری مەهاباد، لە رۆژگارانی قەدیم
خەڵکانێک دەهاتن کە بووکەچینی و ورچ و پاڵەوانیان
لە گەڵ بوون. پاڵەوانەکان زنجیریان دەپساند و
نمایش ورچ و مەیمون دەدرا و دواتریش چەند کەس
بووکیان لە دەستیان دەکرد یانیش بە دار لە سەرەوە
جووڵەیان پێ دەکردن و دەنگیان لە خۆیان دەردەهێنا.
خەلکیش لە بەرامبەر کارەکانی ئەم تاقمە گەڕۆکەدا،
پارە و گەنم و جۆیان پێ دەدان. ئێستەش ئەم
تاقمە،بەو هەڵوێستانەیان لە بەرابەر حکوومەتی
ئێراندا،بۆ من وەبیر هێنەرەوەی ئەم بووکە چینیانەن
کە بی بی جانیان پێ دەگووتن.
و ڕێسمەیان بەدەستی خاوەنەکانیانەوە بوو و بە هەر
شیوەیەک حەزی لێبوایە هەڵی دەپەراندن و وەسەمای
دێنان.
لە راستی دا "بەرەی یەکگرتووی کورد" سەرەتا لە دوو
دەستە خەڵکانی چالاک پێک هات. دەستەیەک کە بە
راستی تێکۆشەری مەدەنی بوون و ئامادە بوون باج بۆ
خەباتێکی بەرفراوانی مەدەنی و ئیعترازی بدەن و
ئەوینیان بە ئازادی و ناسنامەی کوردستانی هەبوو.
بەلام تاقمی دوویەم کە زۆرتر سینگیان دابووە پێش و
ئیدیعای نوێنەرایەتی کوردی هەموو ڕۆژهەڵاتی
کوردستانیان دەکرد، تاقمێکی پان ئێرانیست بوون و
بە دووپات کردنەوەی ئەوەی کە رۆژهەڵاتی کوردستان
بەشێکە لە ئێران و ئێمە لە ئێرانی گەورە دا دەژین
و قۆڕیاتی لەم جۆرە، دووپات کەرەوەی هەمان سیاسەتی
کۆن و لەمێژینەی دەسهەڵاتداران و دەوڵەتان بوون !
باش لەبیرمە کە لە کۆبوونەوەی گشتی چوارەمی ئەو
ڕێخراوەیەدا بۆ یەکەمین جار بەشداریم کرد. سەردەم
سەردەمی کۆتایی سەکۆماریی خاتەمی بوو، بەلام هێشتا
مرۆڤ هیوادار بوو کە بتوانێ ڕێخستنی مەدەنی نیوە
ئاشکرا و ئاشکرا وەڕی بخات. لەو کۆبوونەوەیە دا
بوو کە ژمارەیەک لە دۆستانی خۆیشم و بە تایبەتیش
خوێندکارە چالاکەکانی زانکۆی تاران بەشداریان کرد.
بەڵام ئەم کەسانە بە بیستنی "ئەدەبیاتی
پانئێرانیستی" و "زمانی هیرش بۆ سەر پارتە
کوردیەکان" کە لە وتاری چەند کەسێک لە گۆیا
بەرپرسانی ئەو بە ناو بەرەیە بیسترا، ناڕەزایەتیان
دەربڕی و شوێنی کۆبوونەوەکەیان بە جێ هێشت. بەم
جۆرە بوو کە تێکۆشەرانی راستەقینەی خەباتی مەدەنی،
ئەو تاقمەیان بە جێ هێشت و دواتریش بەشێک لەمانە
لە ناڕەزایەتیەکان و خەباتی مەدەنیان دا باجی
زیندان و شکەنجەشیان دا، بەلام سەریان بۆ سیاسەتی
هەڵە دانەنواند. کەچی بەرپرسانی بەرەی یەکگرتووی
کورد کە بێ کۆبوونەوە یا سمینار و کۆنگرە
دەستنیشان کراون، دواتریش و بەردەوام لە تاران (!)
بە ئاشکرا و بە بێ هیچ کێشەیەک لە لایەن
دەوڵەتەوە، درێژەیان بە جەلەسە و کۆبوونەوەکانی
خۆیان دا و ناوی نوێنەر و تەرەف موخاتەبی خەڵکی
کوردیان لە سەر خۆیان دانا
!
ئەم تاقمە، جیا لە کردەوە و لیدوانەکانیان، هەر لە
سەرەتاوە لە دانانی ناوی "بەرەی یەکگرتووی کورد"
لە سەر خۆشیان، کێشەیان هەیە. باش لەبیرمە یەکێک
لەو باسانەی کە لە کاتی ساز بوونی بەرەی یەکگرتووی
کورد هاتە پێش، مەسەلەی ناوی ئەو تاقمە بوو. ئەو
کاتیش هێندێک کەس ئاماژەیان بەوە کرد کە تەنانەت
هەڵبژاردنی ناوی "بەرەی یەکگرتوو" هەڵەیە. بەرە لە
چەندین پارت و ڕێخکراو بە بیروڕای نزیک لە یەک یان
جیاواز، کە بۆ مەبەستێکی تایبەتی لە ژیر چەترێکدا
یەکیان گرتووە، پێک دێت. چەندین حیزب یان ئۆرگان
دەتوانن بەیەکەوە بێنە ژێر چەتری بەرەیەک. بەڵام
ئەم تاقمە لە چەند حیزب و ئۆرگان و سازمان پێک
نەهاتوون تا بەرە بن. ئەوان هەر خۆیانن و خۆیان.
کەوابوو بەرەی چی؟! هەڵبژاردنی ئەم ناوە زەلامە بۆ
ئەم ژمارە کەمە و بەم چالاکیە لاوازانەش کە
هەیانە، جیا لە فریودان و خۆ گەورە کردنەوە چی
دیکەی لە پشت سەرە؟!
با بێینە سەر کار و لێدوانەکانی "بەرە"!!
تاقمی بە ناو "بەرەی یەکگرتووی کورد" تا ئێستا هیچ
چالاکیەکی نارەزایەتی لە بەرامبەر کردەوەکانی
رژیمی ئێران نەبووە و تەنانەت هەڵویستی سادەشی
نەنواندووە. لە کوژرانی "شوانە سەید قادری"ـەوە
بگرە تا تۆپ بارانەکانی رژیمی ئێران لە دژی
چیاکانی قەندیل و کوژرانی کاسبکارانی کورد و گرتنی
بە لێشاوی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و شکەنجە و لە
سێدارەدانی کەسانێکی وەک فەرزاد کەمانگەر، حوسێن
خزری، شیرین عەلەم هولو، فەرهاد وەکیلی، عەلی
حەیدەریان، حەسەن حیکمەت دەمیر، ئیحسان فەتاحیان،
فەسیح یاسەمەنی و عەزیز خاکزاد و گەلێک کەسی و
کارەساتی تر... بێدەنگیان هەڵبژارد. بەڵام زمانیان
بۆ بەشداری پێدانی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی
کورد بۆ پارلەمانی هەمان ڕژیم کە قاتڵی ڕۆڵەکانی
ئازادیخوازی کوردە، درێژ دەکەن و لە گەڵ هێندێک
مێدیای بە ڕوواڵەت ئۆپۆزۆسیۆن(بەڵام موبەلغی
تەسلیم تەڵەبی) دەست دەکەن بە وتووێژ و خۆیان بە
ئاقڵمەندی جەماوەر دەناسێنن و تێکۆشەرانی ئازادیش
بە کەسانێک دەناسێنن کە گۆیا دەبێ وانەی سیاسەتیان
پێ بدرێ و لە هەڵە و تاریکی دا دەژین !!!
درێژ کردنی زمان لە وەها کاتێک دا مرۆڤ دەخاتە ئەو
گومانە کە گەلۆ ئەم بە ناو بەرەیە تەنیا بۆ کاتی
هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پارلەمانی رژیمی
ئێران ساز کراون؟ یان بۆ ئەوە ساز کراون کە بێن و
لێدوان لە دژی پارتە کوردیەکان بدەن و بە
تێنەگەیشتوو یان تێڕۆڕیستیان ناوزەد بکەن، هەر وەک
چۆن لە کاتێکدا کە خەڵکی بناری قەندیل ماڵ و
ملکیان لە ژێر ئاگری تۆپ و کاتیۆشاکانی ئێران و
بۆمبی فڕۆکەکانی تورکیادا دەسووتا و منداڵی تەمەن
دوو مانگە دەبوو بە زوخاڵ، نوێنەرانی بەرەی
یەکگرتووی کورد لە تارانەوە لێدوانیان دەدا و
شۆڕشگەرانی کوردیان بە تێڕۆڕیست ناو دەبرد و بەم
شێوەیە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەستخۆشیان لە
ئێران و تورکیا دەکرد! ئەمەش نیشانی دەدا کە ئەوان
نەک نوێنەرانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی، بەڵکوو
نوێنەرانی سیاسەتی دەوڵەتێکی داگیرکەری وڵاتی
کوردانن.
هاوکات ئەو راستیە سەلمێندراوە کە ئەم تاقمە نەک
تەنیا خاوەن تێگەیشتنی سیاسی نین ، بەڵکوو لەوپەڕی
جەهالەت و نەزانی دا دەژین، یان خۆیان لە نەزانی
داوە و هەوساری خۆیان بە دەستی دەسهەڵاتدارانی
رژیمی ئێران و نوێنەرانی ئەم ڕژیمە سپاردووە و بەس!
لە دواترین قسەکانی نوێنەرانی دەسنیشان کراوی بەرە
دا، باس لەوە کراوە کە پارتە کوردیەکان، بە هۆی
بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی لە ئێران،
پەلەیان کردووە و لە جیاتی ئەم کارە دەبوایە
داخوازیەکانی خۆیان بە شێوەیەک لە شێوەکان رادەستی
بەرپرسیارانی کۆماری ئیسلامی کردبا !!! ئایا بە
راستی ئەم کەسانە پێیان وایە خەڵک ئەحمەقن!؟ بڵیی
جنابانی سەرکردەی "بەرە" ئەوەندە لە "گوێ گادا
نوستبێتن" کە نەزانن رژیمی ئێران کەنگێ ولامی
داخوازەکانی خەڵکی کوردی داوەتەوە کە لەم قۆناغە
دا و بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە تەنانەت
ڕێفۆڕمخوازەکانیشیان کۆ کردەوە و تەنیا تاقمی
خامنەیی دەستیان بە سەر هەموو شتێکدا گرتووە،
دەداتەوە؟ ئایا ئێمەی کورد لە گەڵ وڵاتێکی
دێمۆکرات یا پێشکەوتوو تەرەفین یان لە گەڵ کۆماری
مەلاکانی ئێران کە تەنیا کوردی جاش و
بەکرێگیراویان (بۆ نۆکەری) قەبوڵە و سەری
مامۆستایەکی وەک فەرزاد کەمانگەر کە جیا لە پێنوس
هیچیان لێنەگرت بوو دەباتە سەر سێدارە و بە پەتک
دەیخنکێنێت؟! ئایا ئەم بە ناو بەرەیە پێیوایە کە
کوردان دەبێ بەشداری لە هەڵبژاردن بۆ پارلەمانێک
بکەن کە سێبەری خامەنەیی لە سەرە و بۆ ئەمەش لە
دەولەت بپاڕێنەوە کە ڕێگە بدات چەند کەسێکیان لە
فیلتێر تێپەڕێنێ تا ببنە دەنگی خەڵکی کورد لە
پارلەمانی ئێران!؟ جا ئەگەر پێیان وایە رژیمی
ئێران هێندە بە رەحم و بەزەییە کە مافی نەتەوە
بندەستەکان بە پێشکەش کردنی داخوازنامە و
ئەماننامە دەدات، بۆ چی خۆیان داوا لە دەوڵەت
ناکەن و بۆ ئەم مافانە و وەری ناگرن!؟ مەگەر نە
ئەوەی کە ناوی خۆیان ناوە "بەرە یەکگرتووی کورد"
لە ئێران و خۆیان پێ ئاقڵمەند و چاوساغی چەند
میلیۆن کەسە کە بە قەولی خۆیان فریوی پارتە
تێڕۆڕیستەکانیان خواردووە و سیاسەت هەر لە لای
ئەوانە و بەس
!
بە گشتی و بە دوور لە هەر شێر و ڕێویەک، ئاشکرایە
کە ئەم هەموو هەوڵ و دەوڵەی ئەم تاقمە تەنیا بۆ
ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بکێشنە سەر سەندووقەکانی
بی کەڵکی دەنگدان و ویستی کۆماری ئیسلامی کە
مەشروعیەت دانی زۆرترە بە هەبوون و دەسهەڵاتی خۆی
بە جێ بێنن. بەڵام ئەم دەوڵ کوتانە بە جلی کوردی،
لە باکگراندی دا دەنگێکی ناخۆشی لێ دێت، دەنگێک کە
بە ساڵانە گوێچکەمان دەیەشێنێ، دەنگی مەلاکانی
کۆماری ئیسلامی... هاوکات ڕووخساری ئەم بووکە بی
بی جانانەش، تۆفانێک لە پێکەنین دەخوڵقێنێت،
چوونکە شانۆی ئەم جارەیان لە تام بەدەر مەسخەرەیە.
شانۆیەک کە ئیتر بازاڕێکی ئەوتۆی نییە و لە گەڵ
ئەوەشدا کە بە خۆڕڕایی و لە هەر شەقام و کۆڵانێکی
ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە شاشەی
هێندێک تەلەڤیزیۆنی ئۆپۆزۆسیۆنی (داتەپیو)ی کوردی
دا پێشکەشی دەکرێت، بەلام ناتوانێ خەڵک بۆ لای خۆی
رابکێشێت. خەڵکانێک کە دەزانن ئەمانە تەنیا بووکە
چینین و لە سەر سەریان سێبەر و سیمای مەلاکان
دەبیندرێت، ئەو مەلایانەی کە بە سیم و پەت، لە
سەرەوە بووکەکان دەجووڵێننەوە و بە زمانی کوردئ
دەنگیان دەردێنن: " وەرن بەشداری هەڵبژاردنەکان
ببن، هیواتان لە دەوڵەتی خودا، لە خامنەیی و لە
کۆماری ئیسلامی ئێران نەبڕێ."!!!
ئەوان خەریکن بە زۆری پێمان بقەبڵێنن کە لە
بیابانی ویشکی سیاسەتی ئێران و لە داری کاکتوسی
دەسهەڵاتی مەلاکان، دەبێ چاوەڕێ بکەین کە ڕۆژێک،
گوڵ و میوەیەکیش بۆ کوردەکان بەرهەم بێت. بەڵام
کاکتوس، نە ئیسلاح دەکرێ و نە میوەیەک بەرهەم
دێنێت، جیا لە دڕک و دال، کە ئەویش پێشکەش بە
خۆیان. هاوکات ئەوەی لەم بیابانە دا نیشانمان
دەدرێت، نەک ئاو بەڵکوو تراویلکەیە، بەڵام دەبێ
دڵنیا بن کە گەلی کورد وەک تا ئێستا نیشانی داوە
تەکلیفی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و نۆکەرانی
خۆجێی روون کردوەتەوە و کڵاوی سەر ناچێت.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|