|
شێركۆ جیهانی بۆ رووبەری داهێنان: سینەماكانی
كوردستان لە وێرانە دەچن
دیمانە: شكار ئەحمەد
لەم
دیمانەی "رووبەری داهێنان"دا سینەماكار و
فۆتۆگرافەری رۆژهەڵاتی كوردستان
شێركۆ جیهانی
باس چەند لایەنێكی هونەری سینەمای كورد و جیهانی
دەكات. ئاماژە بەوەش دەكات كە سینەما ئەوەندەی
دەتوانێت خەڵك بەرەوپێش هان بدات، هێندەش دەتوانێت
مەترسیدار بێت.
رووبەری داهێنان:
دەوترێت لە ئێستادا پەیوەندی نێوان خەڵكی كوردستان
لەگەڵ سینەما بەتەواوی پچڕاوە، ئێوە هۆكارە
جەوهەری و سەرەكییەكانی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
شێركۆ جیهانی:
كورد نەتەوەیەكە كە خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەتی خۆی
نەبووە و داگیركەرانیش لە كوردستان گرنگیان بەو
بوارە كلتووریانە نەداوە، چۆن دەكرێ چاوەڕوانی
ئەوەیان لێبكرێت پەیوەندیەكی چروپڕیان لەگەڵ
سینەما هەبێت. جیا لە فاكتۆرەكانی دەرەكیش،
فاكتۆری ناوخۆییش ئەوەمان نیشان دەدەن كۆمەڵگای
كوردی تازە خەریكی دەربازكردنی جڤاك و كۆمەڵگایەكی
فێئۆداڵییە بەرەو كۆمەڵگایەكی كۆمپرادۆر. لە وەها
كۆمەڵگایەكدا سینەما هێشتا نەبووەتە بەشێك لە
كلتوور و گلەییشی زۆر لەسەر نییە. سینەما لە
رۆژئاوا سەریهەڵداوە، سینەما پیشەسازییە،
بەرهەمێكی سەرمایەدارییە كە دواتر بەرەی چەپیش
بەشێوەیەكی هونەری و ئیعترازی بەكاریهێنا. بەڵام
هالیود چیها قازانج لە سینەما دەبینێ؟ لە
كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووی وەك ئامریكا یان فەرانسە،
بۆ دەرهێنەرێكی فیلم، هونەری سینەما دەتوانێت هەم
پیشەسازی و دەرامەت بێت و هەمیش حەز و هونەر. لە
هەموو شارەكانی وڵاتانی رۆژئاوا و بگرە لە هێندێك
گوندەكانیشدا سینەما هەیە و خەڵك بە حەزەوە دەچنە
سینەما و بەشێكە لە فەرهەنگیان. بەڵام لە شارێكی
وەك مەهاباد كە خاوەنی گرنگییەكی سیاسی و
كلتوورییە، هێشتا سینەمایەكمان نییە. لە سەردەمی
شای ئێراندا دوو سینەما، ئاریا و هیلالی ئەحمەر لە
مەهاباد هەبوون، لەگەڵ شۆڕشی دژی شا، سینەمای
ئاریا سووتێندرا و چاكیش نەكرایەوە و بۆ هەمیشە
كۆتایی پێهات. سینەمای هیلال ئەحمەریش راستەوخۆ
كەوتە دەستی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی و
هێندێك پاسدار و بەسیجی سینەمانەناس بەڕێوەیان
دەبرد، بەبەهانەی ئەوەی خەڵك ناچنە تەماشای
فیلمەكانیان و دەرامەتی كەمە، چەندین ساڵە
داخراوە!، هەر لە قەراغ سینەمای هیلال ئەحمەریش،
پاسگایەكی لێیە، لەپێش دەرگەی ئەو ناوەندە
چەكدارییە تابڵۆیەك دەبینی لەسەری نووسراوە: "هەر
مۆسیقایەك مرۆڤ لە یادی خودا غافڵ بكات، حەرامە"!.
دەسەڵاتی شا بەجۆرێك سینەمای لە ئێران دەخستە ناو
رێبازی رابواردن و فیلمی سێكسی و دەسەڵاتی نوێی
خومەینیش سینەمای دەخستە ناو بازنەی مەزهەب و
ئایین و شەڕی دژە ئێراق و دژە پێشمەرگە. بۆ ئەم
دەوڵەتانە شتێك بەناوی پەرەپێدانی سینەمای كوردی
یان سینەما لە كوردستان گرنگ نەبووە و نییە. ئەوان
سینەما وەك چەكێكی ئیدیۆلۆژیكی خۆیان و لە بازنە
فیلتێر و سانسۆرەكانیاندا بەكاردەهێنن. بەڵام
ئەوەی كە سینەمات هەبێت لەناو شارەكەتدا و
بەردەوام فیلم نیشان بدات، تەنانەت لەو فیلمە
بێمانایانەش، دیسان قازانجی خۆی هەیە. چونكە
كەسانێك ئەگەر لەڕووی بێكاریش بێت دەچنە ناو
سالۆنەكە و چاو لە فیلم دەكەن و هێندێ هێدی فیلم
وەكو حەزی هێندێك كەسی لێدیت. لەناویشیاندا
كەسانێك هەڵدەكەون ئەو حەزە هانیان بدات تاكو قۆڵی
لێهەڵماڵن و كامێڕایەك پەیدابكەن و فیلم سازبكەن.
واتا هەبوونی سینەما لە شار و شارۆچكەكاندا
ئەنگیزە دەدات و هاندەرە. بەهمەن قوبادی منداڵێكی
شارێكی دوور هەوڵكەوتوو و بچووكی وەك بانەیە،
بەڵام كاتێك لە سنە دەژی و لە منداڵییەوە چاو لە
فیلم دەكات، بیر لە سازكردنی فیلم دەكاتەوە و ئەو
ئیلهامەش لە تەمەنی جەوانی دەكەوێتە بواری
پراكتیكیەوە و دەبێتە ئەو بەهمەنەی خەڵاتی
نێونەتەوەیی كانی فەرانسە دەباتەوە.
رووبەری داهێنان:
خوێندنەوەتان بۆ داخستن و رووخاندنی هۆڵەكانی
سینەما لە باشووری كوردستان چییە؟
شێركۆ جیهانی:
زۆر ئاگاداری باشووری كوردستان نیم. تەنیا دەزانم
هێندێك جەوانی چالاكی وەك شەوكەت مەحەمەد ئەمین و
چەند كەسی دیكە بەباشی دەستیان بە كاری دەرهێنانی
فیلمی هونەری كردووە و هێندێك خەڵاتی باشیشیان
وەدەست هێناوە. بەڵام لەبارەی ساڵۆنەكانی سینەمای
ئەوێ شتێك نازانم، بەڵام ئەگەر سەدام لە باشوور و
خومەینی لە رۆژهەڵاتی كوردستان كارێكیان بۆ
سینەمای كوردی نەكردووە، خۆ ئێستا لە باشووری
كوردستان دەسەڵات خۆماڵییە و ئیمكانی ماڵی
حكومەتیش هەیە، دەكرێ خەڵك بۆ سینەماكان هان بدرێن
و سینەماكان ئاوەدان بكرێنەوە. دەكرێ شارۆچكەی
سینەمایی سازبكرێت، لە شار و شارۆچكەكاندا سینەمای
نوێ سازبكرێت، هەم وەك پیشەسازی و هەمیش وەك هونەر
كاری بۆ بكرێت. لە هەولێر شوێنی وەك "ماجیدی مۆڵ"
و چەند مۆڵی دیكەم دیت پڕبوون لە خەڵك، چونكە
شوێنەكانیان خۆش سازكردوون و سەرنجڕاكێشن، بەڵام
ئەوەندە سینەمایەی لە باشووری كوردستاندا دیتمن
زۆرتر لە وێرانە دەچوون تا سینەما. چەند ساڵ
لەمەوپێش لە هەولێر سینەمایەكیان نیشاندام، حاڵم
پێی تێكچوو! سینەما دەبێ خاوێن بێت، فیلمی باشی
هەبێت و خەڵك هانبدات بۆ دووبارە هاتنەوەی ناو
سینەما. ئەوكات سینەماكانی هەولێر تەنیا هێندێك
فیلمی نیوە سێكسی بڵاودەكردەوە و بەو هۆیەشەوە
هێندێك جەوانی لە خۆی دەهاڵاند، كە ئەوەشم پێباش
نەبوو. سینەما ئەوەندەی دەتوانێت خەڵكێك بەرەوپێش
هانبدات، ئەوەندەش دەتوانێت مەترسیدار بێت. هیتلێر
بەرلەوەی شەڕی جیهانی دووهەم دەست پێبكات، بە
سینەمای نازیست خەڵكی ئاڵمانی هاندا. واتا سینەما
لەو سەردەمەدا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشێك بوو
لەو كەرەسانەی كاریگەری لەسەر هەستی خەڵكی ئاڵمان
دانابوو. ئێمە وڵاتێكی دواكەتووین، دەبێ خەڵك
بەتایبەت نەسلی جەوانی بۆ پێشكەوتن هانبدەین.
هەزاران هەزار فیلم هەن ئینسان سازن. دەكرێت نیشان
بدرێن. ناڵێم فیلمی ئاكشێن هەر بەتەواوی
كۆبكرێتەوە، بەڵام دەكرێ لەناو فیلمە
ئاكشێنەكانیشدا گوڵبژێرمان هەبێت و هەموو فیلمێك
بڵاونەكەینەوە. ئەوە كێشەیەكی نێونەتەوەییە. هەر
ئەو فیلمە ئاكشێنانە جاری وایە منداڵێكی ئامریكایی
هاندەدات دەست بداتە تفەنگێك و لە مەدرەسەدا
ژمارەیەك هاوكلاسی خۆی بكوژێت! واتا ئەو فیلمانە
بۆ خودی كۆمەڵگای رۆژئاواش دەردیسەری سازكردووە.
ئەوانە ئینسان ساز نین. ناوەڕۆكی ئینسانكوژیان
هەیە و بەس. هەروەها هەڵگری چەمكێكی درۆیینی
قارەمان سازین. ئامریكا چووەتە ڤێتنام و كوشت و
كوشتاری لێكردوون. بەڵام لەو فیلمانەدا بۆ وێنە لە
فیلمەكانی رامبۆدا، بینەر بەهۆی هەستی هاوهەستبوون
لەگەڵ كاراكتێری سەرەكی فیلم پێی خۆشە رامبۆ قەت
نەكوژرێت!، هەمان شت لە هێندێك فیلمی ئێراندا
دەبینین. لەبیرمە منداڵ بووم لەگەڵ ئەوەشدا كە
پێشمەرگەم زۆر خۆشدەویست و بگرە باوكی خۆم بەدەستی
ڕژێمی ئێران و بە تاوانی سیاسی ئیعدام كرابوو،
كاتێك دەمبینی پاسداری ئێرانی شەڕیان لەگەڵ
پێشمەرگە دەكرد، لەخۆوە پێمان خۆشبوو پاسدارەكە
نەكوژرێت! ئەوە مەترسی سینەمایە. سینەما هەستی
هاوهەستبوون لەگەڵ كاراكتێری سەرەكی سازدەكات.
واتا فیلم دەتوانێ هەست بەسەر لۆژیك و عەقڵدا زاڵ
بكات. هونەرێكی تێكەڵاوە لە موزیك و شانۆ و
ئەدەبیات و دانس و ...، هونەرێكە هەم دەتوانێت
رووخێنەر بێت و هەمیش خوڵقێنەر. توركەكانیش لەو
ساڵانەی دواییدا هێندێك فیلمیان لەدژی پارتیزانی
كورد لە توركییە سازكرد، بۆ وێنە كابرای تورك
بەتەنیا دێتە كەركوك و هەموو وڵاتەكە دەشێوێنێت!
كەوابوو بڵاوكردنەوەی فیلمی ئاكشێن دەبێ بە
هەڵبژاردن و دیقەتەوە بكڕیت و هاوكاتیش فیلمگەلێك
تەنیا جەوانان بەرەو هەوەسی جنسی هاندەدەن كەم
بكرێنەوە. كەوابوو ئێمە سەرەتا پێویستیمان بە
ساڵۆنی پاك و خاوێن و سەرنجڕاكێشی سینەما لە هەموو
شار و شارۆچكەكانی كوردستان هەیە. دواتر
پێویستیمان بە نیشاندانی فیلمی باش و هاندەر هەیە،
ئەوەش بینەر هانداتەوە بۆ ناسینی ناوی
دەرهێنەرەكان و هێدی هێدی كەوتنە ناو بازاری فیلم
و سینەماش. ئەوسا پێویستیمان بەوەیە سینەما وەكو
پیشەسازی و هونەر سەرمایەی بۆ دابندرێت و ئەو
جەوانانەی لەو بوارەوە حەز و تواناییان هەیە خولی
تایبەتی بۆ ببێنن و دەستبەكار بن بۆ بەرهەمهێنان.
رووبەری داهێنان:
وەزارەتی رۆشنبیری تەنها كار بە واسیتە دەكات،
ئەگەریش واسیتەت نەبێت بەهیچ شێوەیەك فیلمت بۆ
بەرهەمناهێنن"، ئەمە وتەی شیرین جیهانی خوشكتانە،
هاوكات بڕوای زۆرێك لە سینەماكارانی دیكەشە، رای
ئێوە چییە؟
شێركۆ جیهانی:
من زۆر بە یاسا و رێساكانی باشووری كوردستان ئاشنا
نیم، بەڵام مەخابن لە زۆر كەس و ناوەندم بیستووە
پارتیبازی و واسیتەگەری لە ئیدارەكانی باشووری
كوردستاندا رۆڵ دەبینێت. پێموایە، یەكەم سینەما
زۆر بەجددی نەگیراوە، ئەگەر جددی گیرابا كەسانی
پسپۆری بوارەكە دەبوایە لە وەزارەتی رووناكبیریدا
راستەوخۆ رۆڵیان هەبوایە. دووهەم دەبێت پەرە بە
تواناكان بدرێن و یارمەتیان بدرێت، نەك دەرهێنەرێك
لەجیاتی ئەوەی بیر لە كارە هونەریەكەی بكاتەوە،
ساڵیك بەدوای بودجەدا هەڵبێت. هونەرمەندی خاوەن
تواناییش دیارە. شیرین فیلمێكی سازكرد و خەڵاتی
كاتانزارۆی لە ئیتالیا هێناوە. شەوكەت ئەمین
بەرهەم و خەڵاتەكانی دیارن. چۆن دەبێت ئاستەنگ
سازبكرێت بۆ ئەو كەسانەی كاریانكردووە؟ تەنانەت
ئەگەر لە كارێكیشدا سەركەوتوو نەبن، حكومەت دەبێت
هەڵیانبستێنێتەوە و یارمەتیان بدات لە بەرهەمەكانی
دیكەدا سەركەوتوو بن. دەبێت سینەما پووڵی بۆ خەرج
بكرێت، بە دەستی بەتاڵ و پارەی كەم چۆن دەتوانرێت
كامێڕایەكی باش و چوار ئەكتەر لە شوێنێك
كۆبكرێتەوە؟ لە دەنگ هەڵگر و مۆنتاژكارەوە تا
دەگاتە شۆفیر دەبێت پووڵ و پارەیان بدرێتێ. چۆن
دەبێت بۆ فیستیڤاڵی كلتووری نەتەوە جیاوازەكان
پارەیەكی زۆر خەرج بكەین، بەڵام بۆ كاری فەرهەنگی
نەتەوەی خۆمان لەڕێگای سینەماوە، لەچەر بین و
ئاستەنگی بۆ دەرهێنەرە جەوانەكان سازبكەین؟ هەموو
حكومەتێك بودجەیەكی ساڵانەی بۆ كاری كلتووری هەیە
و سینەماش یەكێكە لە ستوونە سەرەكییەكانی كلتووری
مۆدرێن كە دەبێ بەشێكی سەرەكی ئەو بودجەیەی بۆ
خەرج بكرێت. كێ ئەو مافە بە خۆی دەدات ئاستەنگی بۆ
سازبكات؟ با لەگەڵ ویژدانی خۆی رووبەڕوو بێتەوە و
بزانێت ئایا بەو كارەی خۆی خزمەتی كردووە یان
خیانەت؟ دیارە كۆنترۆڵ دەبێت لەسەر شێوازی
خەرجكردنی پووڵ و پارەكان هەبێت. بەڵام ئەوە بەو
مانایە نییە ئیتر بەو بەهانانە رێگە لە كار
بگیرێت. ئێمە دەبێت ساڵانە بەرهەمی بەهێزی
سینەماییمان هەبێت و پشتیوانی لە یەكتر بكەین و
لەگەڵ ویژدانی خۆمان و خەڵكەكەمان رووراست بین.
رووبەری داهێنان:
ئایا ئەم واستە و واستەكارییە بووتە بەربەست
لەبەردەم كارەكانی ئێوەش؟
شێركۆ جیهانی:
من تەنیا جارێك لەڕێگای شیرینی خوشكمەوە داوام لە
وەزارەت كردووە بودجەیەكم بدەنێ بۆ سازكردنی
هێندێك فیلمی دیكۆمێنتی لە سوێد، بەڵام بەداخەوە
تائێستا وەڵامم وەرنەگرتووە. جارێكیش پێشانگایەكی
فۆتۆگرافم لە ساڵی 2008 لە هۆڵی میدیای هەولێر
بەڕێوەبرد. دیارە سپاسیان دەكەم یارمەتیاندام بۆ
پێكهێنانی ئەو پێشانگایە، بەڵام دەبێت بشڵێم
نزیكەی ساڵێك چاوەڕوانی وەڵامیان بووم تا توانیم
پێشانگایەكی سێ رۆژە بكەمەوە. بەهەرحاڵ زۆر تێكەڵ
بەو سیستەمە نەبووم و پێداگریشی لەسەر ناكەم.
داواكاریم پێشكەش كردووە، ئەگەر خۆیان بەڕاستی
هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن، دەبێت وەڵام بدەنەوە.
ئەگەریش نا، خۆ شەڕیان لەگەڵ ناكەم. تەنیا دەتوانم
ئاواتی ئەوە بخوازم ئاستی دەرك و تێگەیشتنی
كاربەدەستانمان لەو ئاستە دابێت بزانن چ
بەرپرسیارەتیەكی هەستیار و جددیان لەسەر شانە و
كام رێگا باشترە بۆ گرتنەبەر. ئەگەر كاری ئەوان
فەرهەنگسازییە، دەبێ بزانن فەرهەنگسازی چۆن و لە چ
رێگایەك دەكرێت. بەڵام سەرەتا دەبێ بزانن خودی
فەرهەنگ چییە و پەرە بە كام فەرهەنگ بدەن؟
واستەگەری و گەندەڵی فەرهەنگێكی خراپە. كانیاو
ئەگەر قوڕاوی لێ بێتەدەرێ، خەڵك ناتوانن ئاوی
لێبخۆنەوە. ئەوەشی لێی بخواتەوە نەخۆش دەكەوێت.
ئەوەشمان لەبیربێت كۆمەڵگایەك كە فەرهەنگێكی
بەهێزی هەیە، بەئاسانی ناشكێت و شكست ناهَێنێت.
رووبەری داهێنان:
پێتانوایە هەوڵەكان بۆ پێشخستن و ناساندنی سینەمای
كوردی تا ئێستا لەسەر ئاستی تاكەكەسی بوون یان
دەستەجەمعین؟
شێركۆ جیهانی:
تائێستا زۆرتر تاكەكەسەكان كاریان كردووە. كارەكەش
لەچوارچێوەی سینەمایەكی هونەری لە وێنەی سینەمای
سەردەمی "شەپۆلی نوێ"ی فەرانسە بووە. بۆ وێنە
ساڵەكانی دوای ١٩٧٠ زایینی ژمارەیەك سینەماكاری
وەك "ژان لۆك گۆدار" لە فەرانسە بە كەمترین
ئیمكانات و تەنانەت بە هێندێك كامێڕای سادە
دەكەوتنە ناو خەڵك و فیلمی هونەری زۆر باشیان
بەرهەمدەهێنا. یڵماز گۆنای لە زیندانی جەزیرەی
ئیمرالیەوە كە ئەوكات سێ هەزار كەسی تێدابووە،
سیناریۆی دەنووسی و دەیگەیاندە دەستی شەریف گۆرەنی
هاوڕێی لە باكووری كوردستان و ئەویش دیمەنەكانی بۆ
دەگرت. كام دەوڵەت پشتیوانی لە یڵماز گۆنای دەكرد
بۆ فیلمی كوردی؟ ئێستاش ئەو تاقمە كەم هەژمارە
جەوانەی لە كوردستان حەزیان لە سینەمایە، بەشێوەی
تاكەكەسی و بە ئیمكاناتی كەمەوە خەریكی كارن.
سینەما كارێكی گشتییە. تەنانەت ئەگەر چاو لە
كاناڵێكی وەك "ئارتێ" یان "بی بی سی" و "ناشناڵ
جۆگرافیك" بكەی، دەبینی بۆ سازكردنی دیكۆمێنێتك
چیها كەس بەشداریانكردووە و چیها هەزینەی بۆ
كراوە. سینەمای كوردی ئەگەر بیەوێت سازبێت و شكڵ
بگرێت پێویستە سەرەتا پەروەردەی سینەمایی لەئاستی
زۆر باش و ئاكادێمیكدا هەبێت. خولی تایبەت لە
ناوخۆی وڵات و دەرەوە ببیندرێت. بەبێ رەچاوكردنی
هیچ جۆرە پارتیبازی و واستەگەری، ئەسڵی توانایی
كەسەكان رەچاوبكرێت و پشتیوانیان لێبكرێت. گروپی
سینەمایی گەورە سازبكرێن و حكومەتیش بۆ
رەوانەكردنی بەرهەمەكان بۆ فیستیڤاڵەكان و
شوێنەكانی دیكەی پێویست، كەسانی تایبەتی هەبێت و
یارمەتیان بدات.
رووبەری داهێنان:
سینەمای كوردی خاوەنی چەند فیلم و دەرهێنەرێكی زۆر
باشە كە توانیویانە جێپەنجەیان هەبێت و بەشداری لە
كێبڕكێ و فیستیڤاڵە جیهانییەكان بكەن و تەنانەت
خەڵاتی باشیش ببەن، بەڵام ئەوەی تێبینیم كردووە لە
ناوخۆی كوردستان ئەم خۆشەویستی و كۆدەنگییە بۆ
فراوانكردنی مەودای كاری سینەما نییە، ئێوە
هۆكارەكەی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
شێركۆ جیهانی:
ئەمانە هۆكاری شەخسین. ئینسانی كورد بەداخەوە هزری
نەخۆشە. یەكێك كە لە بوارێكی هونەریدا كاردەكات،
چاوی بە سەركەوتنی تەنانەت دۆستەكەی خۆی هەڵنایەت!
ئێمە هێشتا بە چاوێكی ئینسانی و نەتەوەیی بەباشی
چاومان لەو شتانە نەكردووە. لەخۆباییبوونی
لەڕادەبەدەر و تەنگ نەزەری ئیدیۆلۆژیك و تەنانەت
حیزبی و عەشیرەیی زۆر جاران چاوی رووناكبیری كورد
دەگرێت و تەمومژێكی وای بۆ سازدەكات چاوی دیتنی
ئەو كەسانەی بە رەقیبی دەزانێت نییە. خۆم وەكو
تاكەكەس حیزبێكی وەكو یەكێتی نیشتمانیم
خۆشنەویستووە و ناوێ. دیارە هۆكاری زۆرە و
هەركەسیش مافی خۆیەتی چۆن بیردەكاتەوە، بەڵام
ئەگەر بمەوێ بە چاوی حیزبیەوە بۆ وێنە لە شێركۆ
بێكەس بڕوانم، دەبێ بڵێم شێركۆ بێكەسم نابێ پێ
شاعیر بێت! ئایا ئەوە راستە؟ بەڵام ئەگەر بە
چاوێكی ئینسانی یان نەتەوەییەوە چاو لە
بەرهەمەكانی شێركۆ بێكەس بكەین، دەبێت بڵێین لە
زۆر شیعری ئەودا هەستی زەریف و تەشبیهاتی جوان
دەبینین كە كاریگەریان هەبووە لەسەرمان و هاوكات
سەركەوتنی شێركۆ بێكەس وەكو شاعیر، سەركەوتنی من و
تۆی كوردیشە. ئەگەر شیعری شێركۆ بێكەس بە خەڵكانی
جیهان بناسرێت و خەڵات بێنێتەوە، ئەوە شیعری
كوردییە كە ناسراوە و خەڵاتی وەرگرتووە. من و
تۆیەك كە لە بواری سیاسییەوە وەكو ئەو
بیرناكەینەوە، بەڵام لە یەك نەتەوەین. ئەگەر
بەهمەن قوبادیش لە بواری سینەماوە خەڵات
دەهێنێتەوە، ئەوە سینەمای كوردییە خەڵاتی
هێناوەتەوە. واتا سینەمای من و تۆی كوردە و
كابرایەكی تورك رەنگە پێشی ناخۆش بێت. لەو كێشانەی
لەنێوان هونەرمەندانی كورددا هەیە تەنیا شتێك
تێناگەم ئەوەیە: هونەرمەندی كورد هەمیشە خۆی وەكو
روونابیریش پێناسەكردووە و ئیدیعای ئەوە دەكات
بەڕێگای هونەرەكەی جیا لە دەربڕینی هەستی خۆی،
رێگایەك یان بیرۆكەیەك نیشانی خەڵك دەدات. بەجۆرێك
خۆی وەكو كەسایەتیەكی لۆژیك نیشاندەدات، بەڵام چۆن
دەكرێت كەسێكی وا خۆی پێویستی بەوە هەبێت كە كەس
یان كەسانێكی دیكە رێنوێنی بكەن بۆ ئەوەی بە
سەركەوتنی هاوڕێكانی خۆی شاد بێت نەك ناڕەحەت؟
یارمەتی یەكتر بدەن، نەك ئەوەی لەپشت سەری یەك قسە
بكەن و لەدژی یەكتر بابەتی ناڕەوا بنووسن. رەخنە
بگرن نەك سووكایەتی بە یەكتر بكەن. هەر نیوەی
بەتاڵی لیوانەكە نەبینن، نیوەی پڕیشی چاو لێبكەن و
یەكتر هانبدەن بۆ كار و بەرهەمی گەورەتر. راستە
هونەر سەرچاوەی لە هەست و ئیحساسدا هەیە، بەڵام
ئەو بەشەی پەیوەندی بە هەست و ئیحساسی خراپەوە
هەیە، بۆ دوژمنی رابگرن نەك بۆ دۆستانی خۆیان یان
هونەرمەندانی دیكەی نەتەوەكەیان، تەنانەت ئەگەر
رەقیبیشیان بن.
رووبەری داهێنان:
زۆر جار لێرە و لەوێ بەرگوێم دەكەوێت دەوترێت
ئەوەی سینەمای كوردی لە دەرەوە كردوویەتی هیچ
نوێنەرێك و باڵوێز و لایەنێكی سیاسی نەیكردووە،
ئایا سینەمای كوردی لەو ئاستە بەرزەدا بووە
بتوانێت پێش كاری سیاسی و دیبلۆماسی بكەوێت لە
ناساندنی كورد بە جیهانی دەرەوە؟
شێركۆ جیهانی:
سینەماش بەئەندازەی خۆی رۆڵی هەبووە، هەروەك چۆن
كارەساتێكی دڵتەزێنی وەك هەڵەبجە، ڕێپێوانی
كوردانی باكوور لە ئەوروپا و سازبوونی دەسەڵاتی
كوردی لە باشوور هەموویان رۆڵیان هەبووە. سینەما
دەتوانێت بۆ كوردان چەكێكی باش بێت. چەكێك كە
وڵاتەكەمان بە رووداوە خۆش و ناخۆشەكانیەوە بە
خەڵكانی جیهان بناسێنێت و هەستی هاوهەستبوونیان
تێدا ببزوێنێت. تەنانەت دەبوایە دەسەڵاتی باشووری
كوردستان هەروەك چۆن زۆر سیاسەتمەدار و باڵوێز و
بازرگانی نەوت بانگهێشت دەكەنە باشوور، هێندێك
فیلمساز و دەرهێنەری بەناوبانگ و بەتوانای
ئەوروپایی و ئامریكایشیان بانگهێشت كردبایە تا لە
كوردستان فیلمیان سازكردبایە و سوژەیان پێدابان.
رووبەری داهێنان:
ئێوە لەگەڵ خاتوو شیرین جیهانی چەندە هاوكاری
یەكتری دەكەن لە كاری سینەماییدا؟ ئایا بەیەكەوە
كاری هاوبەشی سینەماییتان كردووە؟
شێركۆ جیهانی:
لەگەڵ شیرین كارێكی زۆرم نەكردووە. تەنیا لەكاتی
دەرهێنانی فیلمی "ئەستێرەكان لە رۆژدا بێڕەنگن"
وەك یارمەتیدەر و فۆتۆگرافیستی پشت سەحنە كارم
كردووە. شیرین زۆر باش دەستی پێكردووە. لەبیرمە
كاتێك لە مەهاباد دەژیاین، من لە "ئەنجوومەنی
سینەمای جەوانانی مەهاباد" سینەمام دەخوێند
هەروەها لە "موسسە دانشگاهی رسام هنر". حەزێكی
زۆرم لە فیلم و فۆتۆگرافی و ئەدەبیات هەبوو. هەر
لە "ئەنجوومەنی سینەمای مەهاباد"یش بوو شەوكەت
ئەمین محەمەد و چەند كەسی دیكەم ناسی كە ئەوكات
ئاوارەبوون و لە نەغەدە دەژیان. شیرین زۆر سەردانی
ئەو ئەنجوومەنەی نەدەكرد، بەڵام لەناكاو رۆژێك
كامێرای هەڵگرت و لەگەڵ گروپێك دەستی بە سازكردنی
زنجیرەیەك فیلمی دیكۆمێنتی لەسەر ئاسەوارە
مێژووییەكانی ناوچەكەمان كرد. زۆرم پێ سەیر بوو.
دایكم نزیكەی یەك ملیۆن تمەنی بۆ قەرزكردبوو، بەبێ
ئەوەی بە من بڵێت. دایكم لە هاندانی ئێمە بۆ كاری
هونەری رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو. بەتایبەتی بۆ دایكم
زۆر گرنگ بوو كچەكەی پێشكەوێت و ببێتە
هونەرمەندێكی باش. قەت باوەڕم نەدەكرد ئەو زنجیرە
فیلمە باش دەربێت، بەڵام كاتێك كۆتایی بە كارەكەی
هێنا، سەرم سووڕما. بەرهەمێكی باش دەرهاتبوو كە
ئێستاش جاروبارە لە كوردستان تی ڤی بڵاودەبێتەوە.
ئەوە ستارتێكی باش بوو بۆ شیرین. بەڵام هەروەك
ئاماژەم پێكرد، من هیچ دەورێكم لەو فیلمە و چەند
كورتە فیلمی دیكەی ئەودا نەبوو كە دواتر سازیكردن،
تەنیا لە فیلمی سینەمایی "ئەستێرەكان"دا، وەك
یارمەتیدەر بەشداربووم. لەكۆتاییشدا دەبێ بڵێم
خۆشحاڵم شیرین دەستی داوەتە كامێڕا. هەم وەكو
خوشكم، هەم وەكو ژنێك و هەمیش وەكو ئەندامێكی
نەتەوەكەم. هیوای سەركەوتن بۆ ئەو و هەموو
جەوانانی ئەوینداری سینەما لە كوردستان دەخوازم.
سەرچاوە:
گۆڤاری ڕووبەر
http://www.rubernet.net/
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|