دیزاینی پێشوو    نووسه‌ران   ‌  سیاسی    ئه‌زمونی‌خه‌بات     هـونــه‌ر     تـه‌نــز     وتووێژ     فارسی     پێوه‌ندی   

 

 

 

ڕوانینێک بۆ فیلمی "کوڕە پێشمەرگە"، بەرهەمی زانیار ئادەمی

شێرکۆ جیهانی

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١، دەرهێنەرێکی لاوی کورد بە ناوی "زانیار ئادەمی" لە وڵاتی سوێد، فیلمێکی بە ناوی " کوڕە پێشمەرگە The Guerilla son " بەرهەم هێنا و بڵاو کردەوە. ئەم فیلمە لە شاری ستۆکهۆلم پێشاندرا و دواتریش لە هێندێک کاناڵ لە وێنەی "ئەلجەزیرە" بەشی ئینگلیسیەکەی بڵاو کرایەوە و تا ئێستاش بەشداری لە چەندین فێستیوال دا کردووە.

لە مێژوو بوو چاوەڕێ بووم کە هێندێک کەس لە سەر ئەم فیلمە، رەخنە یان لانی کەم ڕوانگەی خۆیان بنووسن. بەڵام ئەوەندەی کە چاوم لە ماڵپەڕە کوردیەکان کردووە، تا ئێستا چاوەڕوانیەکەم وەدی نەهاتووە. هەر بۆیەش خۆم (لە گەڵ ئەوەشدا کە رەخنەگری فیلم نیم)، بۆ جاری دوویەم چاوم لە فیلمەکە کردەوە و رەخنە یان باشترە بڵێم بۆچوونی خۆم وەکوو بینەرێک، بەم شێوەیە لە سەر نووسی:

فیلمی "کوڕە پێشمەرگە"، فیلمێکی دۆکیۆمێنتی یان بەڵگەییە. چیرۆکی بنەماڵەیەکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە زانیار ئادەمی، واتا دەرهێنەری فیلمەکە، خۆی کەسایەتی سەرەکیەتی.

ئەم بنەماڵەیە، سەرەتا لە چوار کەس پێک هاتوون: زانیار ئادەمی+ باوکی زانیار بە ناوی تاهیر کە خۆی کۆنە پێشمەرگەیە و لە ستۆکهۆلم تاکسی لێدەخووڕێ + دایکی زانیار بە ناوی لەتیفە کە ئەویش کۆنە پێشمەرگە بووە + خوشکی زانیار بە ناوی کەژاڵ.  جیا لەمانە، هێندێک کەسایەتی دیکەش لە فیلمەکە دا خۆ دەنوێنن کە بریتین لە دایە گەورەی زانیار واتا دایکی تاهیر کە بۆ سەردانیان لە کوردستانەوە دێتە سوێد و کچە خۆشەویستەکەی زانیار کە دواتر زەماوەندی لە گەڵ دەکات و کوڕی زانیار کە دواتر لە دایک دەبێت...

کورتەی فیلمەکە ئەوەیە کە زانیار لە کوردستان و لە ناو بنەماڵەیەکی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا لە دایک بووە. دایک و باوکی لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا، زانیار بە تەنیایی و بە ڕێگای فڕۆکەخانەی بەغدا، رەوانەی وڵاتی سوێد دەکەن و بنەماڵەیەکیش لە سوێد، بۆ ماوەی ساڵێک زانیار لە لای خۆیان رادەگرن و ساڵێک دوای ئەمەش، دایک و باوکی زانیار دەچنە سوێد و دەست لە ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرن و لە گەڵی دەژین. زانیار و خوشکەکەی گەورە بوون و ئێستا زانیار خاوەنی هاوژینە. باوکی زانیار ئێستا شۆفیری تاکسیە و جاروبارەش لە گەڵ زانیار بە یەکەوە دەچن بۆ مەلە کردن لە ئیستەخر. لەم نێوەدا زانیار دەزانێ کە باوکی لە گەڵ ئەوەشداکە حەز ناکات باسی ڕووداوەکانی سەردەمی ڕابڕدووی خۆی بکات لە وێنەی قۆناغی پێشمەرگایەتی و زیندانی بوونی لە ئێران و شکەنجە کرانی لە زیندان، بەو حاڵەش هەموو کاتێک ئەم بیرەوەریانەی لە مێشک دایە و ئازاری دەدەن. هەر بۆیە هەوڵ دەدات باوکی بگەیەنێتە دەرۆنناسێک و دەرمانی بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی لە گەڵ ناوەندنێکی دەرۆنناسی تایبەت بە ئەشکەنجەکراوان دەگرێت و خۆیشی سەریان دەدات. دەرۆنناسەکە هێندێک پرسیار لە زانیار دەکات و لێرەوە دەردەکەوێ کە خودی زانیاریش گریمانەی رابردووی هەیە. لێرەوەیە کە زانیاریش هەوڵ دەدات خۆی دەرمان بکات و ڕابڕدووی بدۆزێتەوە. بە تایبەت ئەم پرسیارە لە مێشکی زانیار دا دەورووژێ کە بۆ چی دایک و باوکی، کاتێک کە ئەو پێنج ساڵە بووە، بە تەنیایی ئەویان بۆ سوێد ناردووە؟ زانیار دەزانێ کە لەو تەمەنە دا زۆریش نەخۆش بووە و وا هەست دەکات کە دایک و باوکی زۆریان خۆش نەویستووە و بە جۆرێک لە کۆڵ خۆیان کردووەتەوە. زانیار دواتر خۆی دەگەڕێتەوە کوردستان و دەچێتە باشووری کوردستان و تەنانەت دەچێتە سەردانی شاخەکانی سەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتا ئەو شوێنەی کە سەردەمانێک باوکی پێشمەرگەی لەوێ بووە و لە دژی ئێران شەڕی کردووە. دەگەڕێتەوە سوێد و زەماوەند دەکات و لە کۆتایی فیلمەکەش دا خۆی دەبێتە باوک و کوڕێکی دەبێت...

فیلمی The guerilla sun خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی. فیلمێکی سوێدی-کوردیە. سوێدیە، بەو مانایە کە بە دەرفەت و ئیمکاناتی سوێد ساز کراوە و لە باری یاساییەوە وڵاتی سوێد مۆری خۆی لەم فیلمە داوە. هاوکات فیلمێکی کوردیە، بەو مانایە کە دەرهێنەرێکی کورد سازی کردووە و باس لە بنەماڵەیەکی کورد دەکات و بەشیک لە دیمەنەکانیشی لە کوردستان گیراون و لە بارەی کوردستان دایە. رەنگە ئەمە یەکەمین فیلمە لە سەر کوردان کە پێکهاتەی دەرۆن ناسی لە خۆ گرتووە و ئێمە دەباتە نێو ناخی مرۆڤی ئازار دیتووی کوردەوە. لەو فیلمە دا دەرۆن ناسی و هەستی تاکەکەسی زانیار ئادەمی دەوری سەرەکی دەگێڕێ و گریمانەی  ڵێڵ بوون ڕابڕدووی زانیار، کاریگەریەکی زۆری لە سەر ژیانی ئێستا و داهاتووی ئەو داناوە. گریمانەیەک کە زانیار هەوڵ دەدات بیکاتەوە. بەڵام چۆن دەتوانێ ئەم گریمانەیە بکاتەوە ئەگەر نەزانێ کە لە ڕابڕدوو دا چی بە سەر هاتووە و کێ بووە و چۆن هاتووەتە سوێد و بووەتە ئەم کەسەی کە ئێستا هەیە ؟! ئەمە هاوکات گەڕانە بە دوای خۆ ناسین. لێرە دایە کە پەیامێکی فەلسەفی لە چەشنی "خۆت بناسە"، لە نیگا و ئەندێشەی لاوێکی کوردی دانیشتووی ئوروپا، بە جۆرێکی تر خۆی نیشان دەدات: "خۆت بدۆزەوە". بەڵام خۆ دۆزینەوە بۆ کەسێک کە لە وڵاتێکی داگیرکراو و جەنگیەوە هاتووەتە ناو کۆمەڵگایەکی ڕۆژاوایی رەنگاورەنگ بە کولتوریکی جیاواز، کارێکی ئاسان نییە و شێوازی خۆی دەوێت. بە تایبەتیش ئەوەی کە لە سەردەمی منداڵی دا تەنیا ماوەتەوە و ڕابڕدووی خۆی و ئەم وڵاتەی کە لێی هاتووە، لە بەر چاوی ڵێڵ و ناڕوونە.  ئەو لە شێوازێک دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی خۆی و پێی وایە ڕوون بوونەوەی ڕابڕدوو، دەتوانێ کلیلی ئەم خۆ دۆزینەوەیە بێت و ڕێگای داهاتووشی لێ ڕوون بکاتەوە. هەر بۆیەش پەنا دەباتە بەر باوکی کۆنە پێشمەرگەی خۆی واتا تاهیر و بەردەوام داوای لێدەکات کە باسی سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی و منداڵی ئەو بکات. هەر بۆیە لە دەستپێکی فیلمەکەوە تا کۆتایی، زانیار پێداگرە لە سەر پرسیارەکانی لە دایک و باوکی لەم بوارەدا.

لەم فیلمەدا، بە تایبەتی لە باری تیکنیکی و هونەری جوان ناسیەوە، گەلێک دیمەنی سەرنجراکێش بەرچاو دەکەون. بۆ وێنە دیمەنی مەلەی هاوبەشی زانیار و تاهیری باوکی کە چەندین جار نیشان دەدرێت، یەکێکە لە دیمەنە سەرنجراکێشەکان. ئەمە یەکەمین دیمەنی فیلمەکەشە و باوک و کوڕ بە ڕووتی و لە ژێر ئاو، مرۆڤ وەبیر مەلەی هاوبەشی دوو ماسی لە وێنەی "دۆلفین" لە ژێر ئاو دەخەنەوە کە ژیان و چارەنووسیان بە یەکتر گرێدراوە و بەردەوام لە گەڵ یەکترن. لەو دیمەنە دا زانیار و باوکی، وەک سێمبولی دوو ئینسانن کە ڕەگ بە ڕەگ و نەسل بە نەسل دەرۆن و مەلە کردنیشیان بەرەو پێش، وەک بڕینی ڕێگەی ژیانی هاوبەشیانە. ئەوان ئێستا بە یەکەوەن، بەڵام ئایا لە رابڕدووش دا بە یەکەوە بوون؟ لە فیلمەکە دا ئاشکرا دەبێت کە لێک دابڕانێکیش هەبووە. بنەماڵەیەک کە لە قۆناغێک دا لێک دابڕوان و ئەم لێکپچڕانەش وەک باس کرا، گریمانەی دەرۆنی زانیار پێک دێنێت. کێشەی دەرۆنی باوک بەڵام، شتێکی دیکەیە. باوک شکەنجە کراوە و ئازاری دیتووە و ئێستا دەیهەوێ بە خۆشی بگات و ئەو ڕابڕدووە دژوارەی زیندان و پێشمەرگایەتی فەرامۆش بکات. بەلام لە هەر حاڵ دا هەر دوو کەس ئێستا بە یەکەوەن. وەک دوو ماسی کە هاوژینی یەکترن.

دیمەنی سەرنجراکێشی دیکەی ئەو فیلمە، دیمەنی لێخووڕینی تاکسیەکەی کۆنە پێشمەرگەیە لە ناو شاری ستۆکهۆلم. تاهیر، ماشێن لێدەخووڕێ و لە سەر شووشەی پێشی ماشێنەکە، کاروانی پێشمەرگە دەبینین کە لە شاخ سەردەکەون. بەم جۆرە و بە جوانی و سادەیی، دیسان دەرهێنەر نیشانی داوە کە لە دەرۆنی باوکی دا چی دەرباز دەبێت. ڕابڕدوو هێشتا لە گەڵیەتی،دەست لە سەر سەری باوکی هەڵناگرێت، ئەگەری چی لێی هەڵدێت و ئەگەر چی ناهێنێتە سەر زمان.

دیمەنی جوانی هاتنە خواری باوکی زانیار لە ئاسانسۆریش، دیسان پێشاندەری دووپات بوونەوە و بەردەوامیە. بەردەوامی ڕۆژەکان و ئازارەکانی دەرۆنی... دیمەنی جوانی دانیشتنی زانیار و تاهیری باوکی لە قەراغ سۆبەیەکی ئاگر و هەروەها دیمەنی ئەو کاتەی کە زانیار و تاهیری باوکی بە یەکەوە گەڕاونەتەوە کوردستان و لە سەر هەمان ئەوشاخانەن کە سەردەمانێک تاهیر وەک پێشمەرگەیەکی چەک بە دەست لە سەریان بووە و ئێستا بە جلوبەرگێکی سڤیل لە هەمان شوێن راوەستاوەتەوە. لەم فیلمە دا دیمەن و وێنە کۆنەکان و بە تایبەت ئالبۆمی فۆتۆکان، دەورێکی بەرچاویان هەیە لە نیشان دانی ڕابڕدوو و (فلاش بەک). تاهیر بە کۆت و شەڕواڵ لە سەر شاخەکانە و ئەم دیمەنە لە گەڵ دیمەنی کۆنی پێشمەرگەیەک کە بە هەمان حاڵەتی راوەستانی ئەو، ڕوو بە شاخەکانی بەرامبەر ڕاوەستاوە، تێکەڵ دەکرێ و ئەمانەش زۆر بە جوانی میکس کراون و تێک کراونەتەوە. هاوکات هێندێک دیمەنی جوانی دیکە لە وێنەی چراکانی رەنگینی شاری ستۆکهۆلم لە کاتی شەو، سرووشتی رەنگاورەنگی سوێد و دارستانەکانی و ئەوینداری کردنی زانیار و ...هتد، هاوڕێ لە گەڵ موسیقایەکی باش کە بۆ ئەم فیلمە هەڵبژێدراوە، بە راستی سەرنج راکێشن.

بەڵام لەم فیلمە دا، کوردستان بۆ زانیار واتای چییە؟ بۆ تاهیری باوکی زانیار، کوردستان مانای چییە؟ خوێندنەوەکان تا رادەیەکی زۆر جیاوازن. لە دیمەنێک دا کە زانیار و تاهیری باوکی بە یەکەوە لە ماشێن دان و لە ناو شار بە شەو دەگەڕێن، کاتێک زانیار لە باوکی دەپرسێ کە ئایا حازرە بچێتەوە کوردستان؟ باوکی بەم پرسیارە وڵامی دەداتەوە: " بۆ سەردان یان بۆ ژیان؟". وەک کاتێک زانیار دەڵێت تەنیا بۆ سەردان، ئەوسا دەڵێت: " ئەرێ"! بەڵام مرۆڤ وا هەست دەکات کە ئیتر کوردستان جیا بۆ سەردان نەبێت، بۆ ژیان شوێنی تاهیری کۆنە پێشمەرگە نییە، هەر چەند کە ئەم شتەی راستەوخۆش نەگوتووە. تاهیر، بە پێچەوانەی کوڕەکەی، لەو فیلمە دا بەردەوام هەوڵی خۆ شاردنەوە و هەڵاتن لە کوردستان دەدات. دیالۆگەکانی تاهیر، ئەو دیالۆگە بەهێزانە نین کە بۆنی خەبات و تێکۆشانی ئازادیان لێ بێت و نرخ بداتە ڕابڕدووی شۆڕشگێرانەی خۆی، بە پێچەوانەوە بۆنی پەشیمانیان لێ دێت! 

لە یەکەمین دیالۆگەکانەوە و لە دەسپێکی فیلمەکەوە کە زانیار، باوکی وەکوو کۆنە پێشمەرگەیەک دەناسێنێ کە بۆ "بەرابەری و یەکسانی" لە کوردستان و لە دژی حکومەتی ئێران شەڕی کردووە، تا کۆتایی فیلمەکەش تاهیر نیشان نادات کە بیروباوەڕێکی وای مابێت و شتێک لەم پێوەندیە دا دەرنابڕێت. لە دەستپێکی فیلمەکە دا تاهیر تاکسیەکەی لێدەخوڕێ و لە دڵی خۆی دا (مۆنۆلۆگ) قسە دەکات و دەڵێت: " ئەمە مێژووە، دەبێ بینێژم. ئەگینا لەناوم دەبات !". بەم  جۆرە، وشەی لە گۆڕنانی بە کار هێناوە. ئایا ئەمە تەنیا لە گۆڕ نانی بیرەوەریەکانە یان حەزی نیشتیمانیش؟! ئایا هاتن بۆ سوێد و بوون بە هاووڵاتی سوێدی، بە واتایە دێت کە ئیتر نیشتیمانی ئەو تەنیا هەر سوێدە و ئەو وڵاتەش کە لێی هاتووە و سەردەمانێک بۆ ئازادیی شەڕی تێدا کردووە، دەبێ بۆ هەمیشە بە گڵکۆی مێژووی بسپێرێت؟!.

لە دیالۆگێکی کۆتایی فیلمەکەشدا ، تەنانەت بە ڕاشکاوی تاهیر باس لە پەشیمانی دەکات!

تاهیر: "- دەی دوایی، دوای ئەوەی کە ئینسان هاتە سوێد و هات و ژیانی ساز کرد و ئیتر لەوە نەترسا کە بیکوژن، ماڵی بوو، ژیانی بوو، ئیتر وردە وردە پەشیمان دەبێتەوە!"

لێرە دا بە تەواوی ڕوون نییە کە مەبەستی لە پەشیمان بوونەوە چییە؟ پەشیمان بوونەوە لەوەی کە شۆڕشگێر بووە؟! لەوەی کە نرخی بۆ ئازادی و یەکسانی داوە؟ یان لە چی؟ مەگەر شتێکی دیکەی کردووە تا لێی پەشیمان بێت؟ ئەگەر شتێکی دیکە لە گۆڕێ دا بێت، بێگومان لەو فیلمە دا دیاری نەکراوە. کەوابوو پەشیمانی لە چی؟ چۆن هەبوونی ماڵ و ئاسایشی تاکەکەسی لە سوێد، بووەتە هەموو شتێک بۆ کەسێک کە بە قەولی خۆی سەردەمانێک پێشمەرگەیەکی ناودار بووە ! ئەمە خاڵێکە کە لەم فیلمە دا بۆ من جێگەی پرسیارە.

 بە گشتی خاڵی لاوازی ئەم فیلمە کەسایەتی تاهیرە کە وەک کۆنە پێشمەرگەیەک بەردەوام پەیامێکی وا دەدات، یان لانی کەم هەست بەم پەیامە دەکرێت  کە " شۆڕشگێری لە کوردستان واتا فەلاکەت و مرۆڤ دەبێ لە دانی نرخ بۆ ئازادی خۆی ڕزگار بکات و هەڵبێت." ! راستە کە ژیانی پێشمەرگایەتی ژیانێکی سادە نییە و دژواری زۆرە، بەلام شۆڕشگێر بوون، نرخە نەک بێ نرخی. هاوکات هۆکاری فەلاکەت لە کوردستان، نەک شۆڕشگێری کورد، بەڵکوو ئەو هێز و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستانەن، کە ولاتی کوردانیان داگیر کردووە و وێرانی دەکەن.

ئێمە، زانیار و باوکی تەنیا لە یەک شوێن دا، لە چالاکی سیاسی دا دەیانبینین، ئەویش ڕێپێوانی ژمارەیەک ئێرانیە کە ئالای سەردەمی رەزاشای ئێرانیان بە دەستەوە گرتووە و لە ستۆکهۆلم کۆبوونەوە! جیا لەم دیمەنە کە دەکرێ وا نیشان بدات کە باوکی هێشتا بیر لە تێکۆشان دژ بە رژیمی ئێران دەکاتەوە، لە هیچ شوێنێکی دیکەی فیلمەکە دا، نە قسەیەک لە زاری تاهیر دەبیسین کە باس لە تێکۆشان بکات و نە کردەوەیەکی لێ دەبینین. هەڵبژاردنی ئەو دیمەنەش بە رای من جێگەی پرسیارە. چۆنە زانیار و باوکی کە بە هۆی کورد بوون ئاوارە بوون، لە ستۆکهۆلم دەچنە ژێر ئالای ئێرانیەکان!؟ مەگەر نە ئەوەی کە تاهیر لە ژێر هەمان ئاڵا شکەنجە کراوە و لە ژێر هەمان ئاڵاش هاوڕێیانی لەسێدارە دراون و کوژراون و هەر ئەو دەسەڵاتانە بوونە هۆی دەربەدەر بوون و لێک هەڵپچرانی بنەماڵەکەی خۆیشی !؟ هەر لەو شوێنەیە کە کچە فارسێک سرودێکی خۆشی سیاسی دەخوێنێ کە لە گەڵ ناوەڕۆکی ئەو فیلمەشدا یەکی گرتووە. گۆرانیەک کە "خۆزگە بۆ ئەوە دەخوازێ کە توانیبای رابڕدوو فەرامۆش بکات، بەڵام ناتوانێ. هاوکاتیش باس لە هیواکانی داهاتوو دەکات". بەڵام سەڕەڕای جوان بوونی ئەو دیمەنە و سەرنجراکێش بوونی ئەم سروودە، بە رای من هەڵبژاردنی دیمەنەکە و تێکەڵ بوونەوەی کۆنە پێشمەرگەیەکی کورد بە ئێرانیەکان، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەلماندنی ناسنامەی کۆلۆنیالیزمی حاکم بە سەر کوردستان و چەمکی ئێرانی بوونە لەجیاتی ئازادیخواز بوون بە ناو و نیشانی کوردیەوە. ئەمەش واتا دوور بوونەوە لە چەمکی راستینی خۆ ناسین و دۆزینەوەی ناسنامەی راستەقینەی دوو کورد کە بە تایبەتیش یەکیان پێشمەرگە بووە  و ئەمەی دیکەشیان کوڕە پێشمەرگە!

باوکی زانیار لە شوێنێک دا کە زانیار لێی دەپرسێ کە بۆ چی ئەویان بە تەنیایی لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا ناردووەتە سوێد، تەنانەت هاوڕێ پێشمەرگەکانی کۆنی خۆی تاوانبار دەکات و هەستێکی وا بۆ بینەر ساز دەبێت کە بڵێی ئەم پێشمەرگانە چەندە زالم بووبن لە بەرامبەر ئەندامانی بنەماڵەکانی یەکتر و بە تایبەت منداڵەکان دا! واتا لە جیاتی ئەوەی کە زۆرتر لایەنی سەرەکی و سەرچاوەی ئەم فەلاکەتە رژیمی ئێران نیشان بدرێت، بە جۆرێک خەریکە هەستێکی وا ساز دەکات کە ئەمە پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی بووە کە بنیانی بنەماڵەی زانیار و باوکی شێواندووە. (هەڵبەت مرۆڤ ناتوانێ باس لەوە نەکات کە پارتە کوردیەکان و هێزی پێشمەرگە بێ خەتا بووە، نا. بەڵام ئەمانەی کە تاهیر باسیان دەکات، زۆر لۆژیکی نین). دیالۆگەکە بەم جۆرەیە:

تاهیر:- من بۆ ئەوەی تۆ ڕزگار بکەم، زۆرم هەوڵ دا !

زانیار: - بەڵام ڕوانینی منداڵی من ئەوە بوو کە تۆ نەتویست لە گەڵ من بی. وەهاتان پێ باشتر بوو کە من نەبووبام، چوونکە من نەخۆش بووم و بە بەڵاتان دەزانیم.

لێرەدا تاهیر دیاری ناکات کە ویستوویەتی زانیار لە چی ڕزگار بکات؟ مرۆڤ وا هەست دەکات کە کوردستان جەهەننەمێکە و ڕێگای رزگاریش تەنیا و تەنیا گەیاندنی زانیار بووە بە بەهەشتی نەجات واتا سوێد! ئەوە لە کاتێکدایە کە بەردەوام بێ باوەڕی زانیار لە بەرامبەر ئەم قسانەی تاهیر و قسە هاوشیوەکانی دایکی دا دەبینین و هەست بەوە دەکەین کە زانیار، نە تەنیا لە لایەن دایک و باوکیەوە هەوڵی رزگار کردنی نەدراوە، بە پێچەوانەوە لەوپەڕی بێ بەزەیی دا بە تەنیایی ناردوویانەتە ولاتێک کە هیچ شتێکی لە بارە دا نازانن و شایەدیش کردوویانە بە پردێک بۆ خۆیان تا بەم جۆرە خۆشیان لە پێشمەرگایەتی خڵاسیان بێت و بچنە ئوروپا، هەر وەک چۆن ساڵیک دوای هاتنی زانیار بۆ سوێد، ئەوانیش چوونەتە لای.

تاهیر لە درێژەی هەمان دیالۆگدا، هێرش دەکاتە سەر "سەید ئیبراهیمی عەلیزادە" (سکرتێری یەکێک لە لقەکانی کۆمەڵە) و تاوانباری دەکات بەوەی کە ئەم کەسە نەیهێشتووە لە گەڵ زانیار بچێتە فڕۆکەخانەی بەغدا و بۆ سوێد رەوانەی بکات! دیارە لێرەشدا تەنیا تاقمێکی سیاسی کورد سەید ئیبراهیم دەناسن و زۆربەی کوردانی ناسیاسی و بینەری ڕۆژاوایی نازانی سەید ئیبراهیم کێیە. تاهیر دەڵێ شەڕی لە گەڵ ئەو دا کردووە و گوتویەتی کە یا من یان هاوسەرم "لەتیفە" دەبی بچینە فڕۆکەخانە و دواتر لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا ئیجازەیان داوە کە لەتیفەی دایکی زانیار، تا فڕۆکەخانە لە گەڵی دا بچێت و منداڵی تەمەن پێنج ساڵەی خۆی بە تەنیایی رەوانەی سوێد بکات ! ئەگەر ئەم قسانەی تاهیر راست بن، مرۆڤ ئەم گومانەی لە لا درووست دەبێت کە ئایا شۆڕشگێر و پێشمەرگەی کورد، ڕزگاری منداڵانی نیشتیمانی خۆی لە چی دا دیتووە؟ ئایا بە راستی حیزبێکی وەک کۆمەڵە ئامادە بووە قەبوڵ بکات کە پێشمەرگەکانیان، منداڵەکانی خۆیان بە تەنیایی بنێرنە ئوروپا و تەنانەت ڕێگەیان نەدابێت کە دایک و باوکی منداڵەکان تا فرۆکەخانەش لە گەڵیاندا بچن؟! من وەک تاکەکەسی خۆم بڕوا بەو چیرۆکە ناکەم کە لەم دێکۆمێنتە دا هەیە و هاوکات بە خراپ کردنی سیمای پێشمەرگەی دەزانم لە لایەن کۆنە پێشمەرگەیەکی وەک تاهیر، ئەویش تەنیا بۆ داپۆشینی خەتای تاکەکەسی خۆی کە ناردنی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵە بووە بە تەنیایی بۆ سوێد. دواتریش تاهیر دەڵێت کە سپاسی زانیاری کوڕی دەکات، چوونکە ئەو بووەتە هۆی خۆ ناسینی! بەلام ئێمە گۆرانکاریەک بە شێوەی خۆناسین لە تاهیری کۆنەپێشمەرگە دا نابینین جیا لەوەی کە ئێستا تەنیا هەوڵ دەدات رابڕدووی شۆڕشگێرانەی خۆی فەرامۆش بکات. کەوابوو زانیار چۆن دەتوانێ هۆکاری خۆ ناسینی ئەو بوو بێت؟ بە رای من زانیار، زۆرتر وەکوو پردی دەرباز کردنی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو بووە، بەرەو دەستپێکردنی شێوازێکی تەواو جیاواز ژیانی لە ئوروپا و ئەمەش ناتوانی ماناکەی خۆ ناسین بێت. ئەم قسەیەی تاهیر هاوکات بەو مانایە دێت کە تا بەر لە هاتنی بۆ سوێد، واتا لەو قۆناغانە دا کە پێشمەرگە بووە، بە ئاگایی و خۆناسین نەگەیشتووە. کەسێک کە چەکی بە دەستەوە بووە و بە قەولی زانیار بۆ یەکسانی و بەرابەری شەڕی کردووە و سەختی شاخ و یەکساڵ ئازاری زیندانی دیتووە و دواتریش بنەماڵەکەی لە یەک هەڵوەشاوە، دان بەوە دادەنێ کە لەم قۆناغە پیرۆزانە دا کەسێکی وشیار نەبووە، بەڵام کاتێک کە هاتووەتە سوێد، بە هۆی منداڵێک کە بە تەنیایی و لە تەمەنی پێنج سالەیی دا ناردوویەتی بۆ وڵاتێکی نەناس، کەسایەتی وەرچەرخاوە و خۆی ناسیوە!!! بەڵام ئایا ئەم وەرچەرخانە بە راستی خۆ ناسینە؟ ئەم وەرچەرخانە چ جۆرە وەرچەرخانێکە و بە کردەوە لە فیلمەکە دا چۆنی دەبینین؟ ئەمە خاڵێکە کە بۆ بینەر، دەکرێ جێگەی پرسیارێکی گەورە بێت !

تاهیر لە شوێنی دیکەی ئەم فیلمەشدا وڵامێکی نالۆژیکی و ساویلکانە دەداتەوە. لە شوێنێکی دیکەی فیلمەکە دا، دیسان لە ولامی هەمان پرسیار کە بۆ چی بە تەنیایی و لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا زانیاری ناردووەتەوە سوێد، بەم جۆرە وڵام دەداتەوە:

-" دەزانی، ئەمن کەسێکی ناسراو بووم. لەتیفە وەکوو من بە ناو بانگ نەبوو!"

 لێرەشدا بینەر نازانێ کە تاهیر چی دەڵێت! ئایا کەسێک کە پێشمەرگەیەکی ناسراو بوو بێت، مافی ئەوەی نەبووە کە لە گەڵ کورەکەی خۆی تا فرۆکەخانەیەک بڕوات، بەڵام هاوسەرەکەی کە پێشمەرگەیکی سادە بووە، ئەو مافەی هەبووە!؟ مرۆڤ بەم قسانە وا هەست دەکات کە سیستەمێکی تەواو "پۆل پۆتی" بە سەر ئۆردوگای کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگە دا زاڵ بووە کە کەس نەیوێراوە بێ ئیزنی فەرماندە پلەدارەکان، ئاویش بخواتەوە و تەنانەت مافی سەردانی بنەماڵە و مەحەبەت کردن بە منداڵەکەشی نەبووە.  ئایا بە راستی تاهیر لە گەڵ سەید ئیبراهیم دا شەڕی کردووە تا ئیزن بدات زانیار لە گەڵ دایکی بێت!؟ لە کاتێکدا کە لە فیلمەکە دا دەردەکەوێ کە زانیار لە دوای لە دایک بوونی بۆ ماوەی یەکساڵ لە لای دایکی گەورە بووە و دواتریش تا تەمەنی چوارساڵەیی لە لای داپیر و باپیری لە لایەنی دایکیەوە ژیاوە . هاوکات هیچ لۆژیکێک ئەمە قەبول ناکات کە هێزی پێشمەرگە ڕێگەی لە پێشمەرگەیەکی ژنی خۆی گرتبێت کە لە گەڵ منداڵەکەی بوو بێت و هەموومان دەزانین، مەگەر ئەوەی کە ئەم پێشمەرگەیە خۆی لە منداڵەکەی دابڕی بێت و بۆ ماموریەت و کاری تەشکیلاتی چووبێتە شوێنێک، ئەگینا لە حاڵەتی ئاسایی دا مافی ژیان و مانەوەی لە گەڵ منداڵەکەی وەک مافێکی سرووشتی هەبووە. کەوابوو لێرە دا لە نێوان رێئالیتەیەک کە لە کوردستاندا هەبووە و گێڕانەوەی تاهیر دا، ناکۆکی و پارادۆکسیک دێتە ئاراوە، کە ئەمەش زۆرتر بە رای من بۆ داپۆشینی هۆکاری رەوانەی کردنی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵە بە تەنیایی بۆ سوید دەگووترێن. بەڵام بە چ نرخێک؟ بە نرخی خراپ کردنی سیمای پێشمەرگە بە دەستی کۆنەپێشمەرگەیەک کە دواتر لە تاکە حاڵەتی سیاسی نوێی خۆی دا چووەتە ژێر ئاڵای ئێرانیەکان، نەک ئالای کوردی! هاوکات ئەمە پێشاندەری هەستی نامۆ بوونە لە گەڵ رەوتی ڕووداوەکانی ئێستای کوردستانیش.

زانیاریش کە دێتەوە کوردستان، ئەو نامۆییەی تێدا بە دی دەکرێت. زانیار بە پێچەوانەی باوکی، نایهەوێ لە گەڵ کوردستان نامۆ بێت. ئەو هەوڵ دەدات بچێتە ناخی و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. بەڵام کاتێک کە بۆ یەکەمین جار دوای بیست ساڵ دووری دێتەوە کوردستان و دەچیتە باشووری وڵات، بە قسەکانی و بە دیمەنەکانی فیلمەکەی، ئەم نامۆییە هەست پێ دەکەین. زانیار بەم جۆرە باس لە کوردستان دەکات:

" کوردستان بۆ من وەکوو تێکەڵ بوونی تەم و مژێکی ڕەشە لە ناو حافزەیەک لە تاریکی."

هەر بەم جۆرەشە کە دیمەنی خۆی کە دوای هاتنی بۆ کوردستان لە ناو شەقامە ڵێڵ و تاریکەکان و وەکوو غەریبەیەک نیشان دەدات. ئەوەندەی لە کوردستانە، هەوڵ نادات پەیوەندی لە گەڵ خەڵکی کوردستان بگرێت و تەنیا خۆی و باوکی نیشان دەدات. دەڵێی لەم خەڵکە بێگانەیە و ڕووداوەکانی سەردەم و ڕەوشی هەنووکە بە لایەوە گرینگ نین تا لە فیلمەکەی ئەو دا رەنگ بدەنەوە. تەنیا گەڕان بە دوای رابڕدووی دا گرینگە و بەس. ئەو دەیهەوێ تەنیا لە گەڵ ئەم ڕابڕدوویە ئاشنا بێت و بەم جۆرە سیمای خۆی تێی دا بدۆزێتەوە. بەم شێوەیە شۆڕشگێرێکی سۆسیالیست کە باوکی زانیارە و کوڕەکەی کە گەورە بووی ئوروپایە، واتا خودی زانیار، تا رادەیەکی زۆر تووشی ئەم شتە هاتوون کە پێی دەگووترێ "ئێگۆئیزمی ڕۆژاوایی" و ئەمەش لە فیلمەکە دا بە ڕوونی ئاشکرایە. ئەگینا ئەگەر ئامانج دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەکان بێت و بۆ گرتنی شتێک لەم حەقیقەتە، دەست لەم تاریکیە وەر دەدرێت، واقعی ئێستا و زانیاریەکانی دیکە چی؟ نەدەکرا بۆ ماوەیەکی زۆر کورتخایەنیش بووبا، چاوێکی لەوانیش کرابا؟

لەم فیلمە دا بە جۆرێک لە جۆرەکان هەستێکی کۆنی شەرقیش دەبینین. هەستی باوک سالاری ! لە بنەمالەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی و سوننەتی دا، باوک دەوری سەرەکی هەیە لە بنیانی بنەماڵەدا. هەمان هەست لە زانیاریش دا وەدی دەکرێت. دایکی زانیار کە وەک باوکی زانیار پێشمەرگە بووە، دەوری سەرەکی نییە و پێوەندیەکانی زانیار زۆرتر لە گەڵ باوکیەتی. باوکیەتی کە زۆرتر لە باوەشی دەگرێت و وەک پەناگەی خۆی دەزانێت. پەناگەیەک کە لانی کەم ئەگەر پێی وایە لە منداڵی دا نەبووە، ئێستا دەبێ ببێت. کەمبوودی سەردەمی منداڵی چۆن دەتوانێ پڕ بکاتەوە؟ بە باوەشی باوکی و گریانێک؟! ئەمە چەندین جار لە فیلمەکە دا ڕوو دەدات. باوکی زانیار وەک خۆی لە فیلمەکە دا دەڵێت، قارەمانی ژیانی ئەوە. باوکێک کە نەخۆشە و نایهەوێ دڵی لە لێدان بکەوێت. هەر چەندە لەو پێوەندیەش دا قسەیەکی لاواز لە زانیار دەبیسین کە لە سەرەتای فیلمەکە دا بەم جۆرە دەڵێت:

" من دەمهەوێ دڵی باوکم لێ بدات، چوونکە دەمهەوێ بزانم چیم بەسەر هاتووە لە کوردستان !؟"

ئەم ڕستەیە لە گەڵ ئەوەشدا کە راستە، بەڵام هەڵەیەکی سەرەکی تێدایە. مرۆڤ حەز دەکات باوکی بژی، لە بەر ئەوەی کە حەز لە باوکی دەکات، نەوەک مرۆڤ ئاوات بخوازێ کە باوکی بژی، تەنیا لە بەر ئەوەی چیرۆکێکی بۆ بگێڕێتەوە! واتا مرۆڤ زیندوو مانەوەی باوکی بە خاتری خودی باوکی دەوێت نەوەک لە بەر شتێکی دیکە. ئەگەر وشەی " چوونکە" لەم رستەیە دا نەبا، بە رای من کێشەیەک نەدەبوو. بەڵام بەمە مرۆڤ وا هەست دەکات کە زانیاریش باوکی تەنیا وەکوو پردیک دەبینێ لە نێوان خۆی و ڕابڕدووی و بەس. هەر چەند لە راستی دا وا نییە. ئەو باوکی خۆش دەوێت و حەزی لێدەکات. باوک بۆ ئەو قارەمانە، هەر چەند بە گومانیشەوە لەو بابەتە دەڕوانێ کە لە منداڵی دا، باوکی  زۆر ئەوی خۆش ویست بێت یان زۆری گرینگی بە زانیار دابێت. ئەو لە باوکی دا سیمای کۆنە پێشمەرگەیەک دەبینێت کە دوای ئەوەی منداڵی بووە  تا تەمەنی پێنج سالەیی نەیتوانیوە لە گەڵی بێت و دواتریش هەمان منداڵی بە تەنیایی و نەخۆشی ناردووەتە سوێد! ئەمەش شتێکە کە تا ئێستاش بۆ زانیار دەرک ناکرێ کە بۆ چی وایان رەفتار لە گەڵ دا کردووە؟! ئایا هەلومەرجی پێشمەرگە و شەڕی کوردستان لەو قۆناغە دا زۆر دژوار بووە، یان بێ ڕەحمی دایک و باوکی بووە کە بەم جۆرە ئەویان ناردووەتە دەرەوە. مرۆڤ بە درێژایی فیلمەکە هەست بەوە دەکات کە زانیار، بە هۆی ئەم کەمبودی مەحەبەتەی کە لە منداڵی دا پێی کراوە، هەتا ئێستاش هەر خۆی بە منداڵ دەزانێ و هەستی منداڵی و ئاکاری منداڵانەی تێدا ماوە، بە جۆرێک کە هەموو جارێ وەکوو منداڵێک دەچێتەوە باوەشی باوکی و پێی دەڵێت کە دەیهەوێ هەمیشە لە باوەشی دابێت. ئەمەش واتا نایهەوێ بەم زووانە دەست لە منداڵ بوون هەڵبگرێ و لەم هەستە خۆشەی پێوەندی باوک- منداڵیەتی تێر نابیت،  تەنانەت ئێستا کە زانیار خۆی دەبێتە باوک و لە فیلمەکە دا منداڵی دەبێت. هەر ئەوەشە کە کاتێک دەیهەوێ بۆ دەرمانی ناڕاحەتیەکانی باوکی پێوەندی بە پزشکی دەرۆنناس بکات، لە راستی دا خۆی تووشی دەرۆنناسی و لێکۆڵینەوەی دەرۆنی خۆی دەبێت و هەوڵی کردنەوەی ئەم گریمانەیە دەدات. ئاخر هەر چیەک بێت زانیار ئادەمی، ئێستا هاوسەری هەیە و منداڵێک و لەمەو بە دوا دەبێ ڕۆڵی باوکێک بگێڕێت نەک منداڵی جاران.

بابەتێکی دیکە لە بارەی ڕووداوەکانی ئەم فیلمە و تەمەنی زانیار ئەوەیە کە زانیار لە گەڕانی بە ناخی منداڵی دایە کە هێندێک شتی وەبیر دێتەوە و ئەم شتانەش دیسان ڵێڵن و بۆ زانینی راستی ڕووداوەکان، پرسیار لە دایک و باوکی دەکات، بەڵام لە جێگەیەکی فیلمەکە دا شتێکی سەیر دەڵێت کە ئەمە لە گەڵ مەنتیق و لۆژیک دا ناگونجێت.  لە یەکێک لە دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەکە دا زانیار دەڵێ:

 - لە بیرمە لیستی ناو دەهاتنەوە. لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانەی کە دەکوژران. نیگەران بووم کە ناوی باوکیشم لە ناویان دا بێت !

بەڵام بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی کە زانیار لە کاتی پێشمەرگە بوونی باوکی دا تەمەنی زۆر زۆر کەم بووە و لە پێنج  تا شەش ساڵ تێنەپەڕێوە،  چۆن منداڵێکی لەو تەمەنە دا شتێکی وای زانیوە و نیگەرانیەکی بەم جۆرەی هەبووە کە نەکا باوکی لە لیستی ئەم کەسانە دا بێت کە کوژراون؟

زانیار لەم فیلمە دا لە دوای باوکی، لە دەوری دایکی خولاوەتەوە. ئەو لە دایکیشی زۆرتر لە سەر ئەو بابەتە پرسیار دەکات. وڵامەکانی دایکیشی زۆر لۆژیکی نین.  دایکی بە پێچەوانەی باوکی کە هەموو شتێکی لە بیرە و باس ناکات، دەیهەوێ باس لە ڕابڕدوو بکات، بەڵام دەڵێ تووشی فەرامۆشی هاتووە.

لە دیالۆگێک دا لە نێوان زانیار و لەتیفەی دایکی، بەم جۆرە هاتووە:

زانیار: - لەتیفە، بۆ منتان بە تەنیا نارد بۆ سوێد؟

لەتیفە: - ئێمە بڕیاڕمان نەبوو وا بکەین!

زانیار: - چۆن؟

لەتیفە: - رێگەی تر نەبوو. یان لەوێ رایان دەگرتی، یان دەبوایە بە تەنیا ڕۆیشتبای!

ئایا بە راستی ئەمە وڵامێکی لۆژیکیە لە لایەن دایکێکەوە لە هزری بینەر دا؟! کێ هەیە بەم وڵامە قانع بێت؟! چۆن دایكیک دەتوانێ منداڵێک بە تاقی تەنیا، جا بە هەر هۆکار و بەهانەیەک بێت، بنێرێتە وڵاتێکی دوور کە نایناسێت. ئەگەر ئەم منداڵە تووشی کێشەیەک هاتبا لەم وڵاتەدا، کێ بەرپرسیار بوو؟ ئەگەر دایک و باوکی چەند ساڵیک دواتر یان بۆ هەمیشە نەیانتوانی با چووبانە لای و دۆزیبایانەوە، چی دەقەوما؟ لێرەدایە کە رەنگە بینەرێکی سیاسی کورد بزانێت کە هۆکاری سەرەکی ئەم رەفتارە، هێزی پێشمەرگە و سەختی ژیان لە کوردستان نەبووە، بەڵکوو هەڵسوکەوتی شەخسی ئەم دایک و باوکە بووە کە دڵیان رازی بووە کە ڕۆڵەکەیان بە تەنیایی بنێرنە ئەم سەفەرە. ئەگینا کام هێز هەبووە کە بتوانێ بە زۆری ڕۆڵەکەیان بەرێت و ئەوان نەیانتوانیبێت پێشی پێ بگرن !؟  ئایا بە راستی لەتیفە و تاهیر، هیچ ڕێگایەکی دیکەیان نەبووە جیا لە ناردنی منداڵەکەیان بەم شێوەیە؟ کامە دایک ئامادەیە لە دژوارترین هەلومەرجەکانیش دا منداڵی تەمەن پێنج ساڵەی خۆی بنێرێتە وڵاتێکی دوور؟

درێژەی دیالۆگەکە بەم جۆرەیە:

زانیار: - باشە تاهیر لە کوێ بوو؟

لەتیفە: - پێم وایە لە شەڕ بوو!

لێرەدا پارادۆکسێک هەیە. لە لایەک تاهیر باس لەوە دەکات کە لە گەڵ سەید ئیبراهیم بە شەڕ هاتووە کە ڕێگە بدات یان خۆی یان لەتیفە لە گەڵ زانیار دا بڕۆنە فڕۆکەخانە! کەوابوو تاهیر و لەتیفە دەبێ بە یەکەوە بووبن و ناکرێ تاهیر لە کات و شێوازی چوونی زانیار بێ ئاگا بوو بێت. دیالۆگێکی وا لە گەڵ سەید ئیبراهیم، خۆی نیشان دەدات کە تاهیر یان لە شەڕدا نەبووە، یان ئەگەر ویستبای، ئیمکان و دەرفەتی چوونی هەبووە لە گەڵ کورەکەی دا. هاوکات لەتیفە بە شک و گومانەوە وڵامی کوڕەکەی دەداتەوە و دەڵێ: " پێم وایە" لە شەڕ دا بوو! لێرە دا وشەی پێم وایە دوو حاڵەت دەگەیەنێ، یان هەوڵی شاردنەوەی حەقیقەتێکی تر دەدا بە بەهانەی ئەوەی کە مێردەکەی لە شەڕ دا بووە، یانیش وەک لە فیلمەکە دا باس کراوە، بە هۆی ئەوەی تووشی فەرامۆشی هاتووە، وەبیری نایەتەوە کە تاهیر لە کوێ بووە !

هەر لە درێژەی ئەم دیالۆگەدا لەتیفەی دایک، بانگەشەی ئەوە دەکات کە " زانیار هەموو کەس و هەموو شتێکی ئەوان بووە" و دواتریش باس لەوە دەکات کە بە هاتنی بۆ سوێد و لە باوەش گرتنی زانیار، کەم کەم ئەم سارد و سڕیەی کە بە هۆی دووری لە زانیار تێی دا ساز ببو، لە ناو چووە ! واتا ئەگەر چاوێک بە ڕەوایەتەکە دا بخشێنین دەبینین کە زانیار، لە کاتی لە دایکبوونی، تا یەک ساڵ باوکی نەدیتووە. باوکی لە شەڕ دا بووە و لە ناوچەی سەردەشت. کاتێک هەواڵی ئەوەی بیستووە کە زانیار لە دایک بووە، ڕێگای سێ ڕۆژی پێواوە و خۆی گەیاندووەتە ئەم کەمپەی کە لەتیفە و زانیاری لێ بووە و تەنیا ماوەی چوار-پێنج ڕۆژ توانیویەتی لە لایان بمێنێ و بە جێی هێشتوون. دواتر زانیار یەکساڵ لە لای دایکی گەورە بووە کە ئەمە تەمەنی شیر خۆری و گاگۆڵە کردنی منداڵە. دوای ئەمە تا تەمەنی پێنج ساڵەیی، واتا بۆ پێنج سالان هەر لە لای داپیر و باپیری بووە لە بەرەی دایکی و ئەمەش واتا بێ بەش بوون لە مەحەبەتی دایک و باوکی راستەقینە. هەر ئەوەشە کە دوای هاتنی بۆ سوێد، کاتێک بووەتە شەش ساڵە و دایک و باوکی هاتوونە لای، (بە دان پێیانانی دایکی لەم دیالۆگە دا) ساردی و سڕیەک هەبووە لە پێوەندی دایکانە و بابانەیان دا لە گەڵ زانیار ! ساردی و سڕیەک کە بە وتەی دایکی کەم کەم لە ناو چووە !!! ئەمە تەنیا شوێنێکە کە ئەم شتە دانی پێیا نراوە و لە درێژەی ئەم فیلمە دا بەردەوام هەم دایک و هەم بابی زانیار، ئامادە نین دان بەوە دا بنێن کە خۆیان وەک تاکەکەس کەمتەرخەمیان کردووە لە بەرامبەر چارەنووسی زانیار و کەم مەحەبەتیان هەبووە بۆی و خەتاکان دەخەنە ملی هەلومەرج و شۆڕشگەرانی هاوڕێیان ! بەڵام ئەم پرسیارە بۆ منی بینەر ساز بووە کە چۆنە دایکێک باس لەوە دەکات کە "سارد و سڕی" پێوەندی لە گەڵ منداڵەکەی هێدی هێدی دوای هاتنی کەم بووەتەوە!؟ ئەسڵەن چۆن  توانیویانە لە گەڵ جگەرگۆشە و منداڵێک دا کە بە قەولی خۆیان هەموو کەسیان بووە، سارد بوو بن، تا دواتر گەرم ببنەوە؟!

خوشکی زانیار، کەسایەتیەکی دیکەیە کە زۆر لە میحوەری فیلمەکە دا نییە و تەنیا لە چەند شوێنێک، بە سانایی بە سەری دا دەرباز بووە. زانیار لە شوێنێک دا دەچێتە ماڵی کەژاڵی خوشکی و دیالۆگەکانیش ناڕوونن. واتا بینەر ناتوانێ بە باشی تێبگات کە باسی چی دەکەن و دەکرا دیالۆگەکان ڕوونتر بان.

چەند بابەتی ناتەبای دیکە لە فیلمەکە دا، یەکیان مەسەلەی زمانی فیلمەکە بوو. ئەوەی کە لەم فیلمە دا زۆرتر قسەی پێدەکرێ کوردیە و لە هێندک شوێنیش دا سوێدی. بەڵام ئەم کوردیەی کە قسەی پێ دەکرێ، گەلێک وشەی سوێدی لە گەڵدا تێکەڵ بووە. بۆ وێنە کەژاڵی خوشکی زانیار لە شوێنێک دا دەڵێت:

 - من "ئۆرکا" ناکەم.

 واتا من ناتوانم! گەلێک وشەی دیکەش لە ناو کوردی قسەکردنی زانیار و باوک و دایکی دا هەیە لە وێنەی :

سنێلا Snälla (واتا : تکایە)

بێرێتێلسێ Berättelse (واتا : چیرۆک و بەسەرهات(

ئاندرا سیدا Andra Sidan ( واتا: لایەکەی دیکە) و .... هتد.

دیارە لە بەر ئەوەی کە فیلمەکە بەڵگەیی و دۆکیۆمێنتە، رەنگە ئەمە ڕەخنەیەک نەبێت لە سەر دەرهێنەر. چونکە فیلمی بەڵگەیی دەبێ هەوڵ بدات راستیەکان وەک خۆیان نیشان بدات و مەخابن ئەو راستیەش لە ژیانی کوردانی دانیشتووی سوێد دا هەیە کە زمانی کوردیەکەیان کەوتووەتە ژێر کاریگەری گرانی زمانی سوێدی و گەلێک وشەی سوێدی تێکەڵ بووە. بەڵام لە هەمان کات دا ئەگەر کوردێک گوێ بداتە فیلمەکە، لە هێندێک شوێن بە هاتنی ئەم وشانە کە ناونەتەوەییش نین، ڕەنگە تێنەگات کە چی گوتراوە.

دوویەم، باسێکی کولتوریە. لەو فیلمەدا زانیار وەکوو ئوروپاییەک ژیان دەکات. لە گەڵ کچێکی ئوروپایی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و بە یەکەوە، تەنانەت بەر لەوەی کە زەماوەند بکەن دەژین و دەتوانن سێکسیان هەبێت و منداڵیشیان هەبێت. بە سوێدی بەو سیستەمە ژیانە دەڵین Sambo. ئەگەر هەڵەم نەکردبێت بە ئینگلیسیش پێی دەڵێن  Cohabiting کە کوردیەکەی دەبێتە"پێکەوە ژیان". هەر بۆیە کاتێک کە لە سەرەتای فیلمەکە دا زانیار، مزگێنی بە باوکی دەدات کە دۆستە کچە هاوژینەکەی زگی پڕ بووە و حامیلەیە و ماوەیەک دواتر زەماوەندی لە گەڵ دەکات، ڕەنگە بۆ کەسێک کە لە کوردستان و بە کولتوری کوردی دەژی، بە ئاسانی هەزم نەکرێ! رەنگە بینەرێک لە کوردستان کە ئاگای لەم شێوازە کولتورە نییە بە خۆی بڵێت: چۆنە لەو فیلمە دا سەرەتا ژنەکەی زگی پڕ بووە و دواتر زەماوەندیان کردووە و بوون بە ژن و مێرد ! دیارە ئەوەش بە رەخنەیەک لە سەر دەرهێنەر نازانم و هەر وەک گوتم، ئەرکی دەرهێنەری فیلمی بەڵگەیی نیشان دانی راستیەکانە وەک خۆی. تەنیا شتێک کە لێرە دا زەق دەبێتەوە ئەوەیە: ئەگەر موخاتەبمان لەم فیلمە دا زۆرتر خەلکی کورد، یان نەتەوەگەلێکی بە کولتوری سوننەتی هاوشێوەی کوردان بێت، ئەو موخاتەبانە چۆن لەو فیلمە دەتوانن تێبگەن !؟

لەم فیلمە دا کە وەک ئاماژەم پێکرد، رەنگە یەکەمین فیلمی دەرۆنناسی لە مێژووی فیلمی کوردی دا بێت، ئەنیمەیشێن زۆر بە جوانی بە کار هاتووە. رەنگە ئەمە یەکەمین فیلمی کوردیش بێت کە ئەنیمەیشێن لە ناوی دا تێکەڵ بە دیمەنی رێئال کراوە. دیمەنی زانیار لە کاتێکدا کە لە لایەن دەرۆنناسێکەوە هیپنۆتیزم دەکرێت و دەچێتەوە ناو قووڵایی ڕەش و تاریکی ڕابڕدووی، یەکێکە لە دیمەنە سەرنجراکێشەکانی ئەم فیلمە. لێرە دا بە شێوەی ئەنیمەیشێن دەرگەیەک دەکرێتەوە و کەسێک، لە تاریکایی شەو دا، بۆ لای ئەو هەڵدێت. دواتریش کۆمەڵێک چەکدار لە سەر سەربانەکان و تەقینەوەیەک نیشان دەدرێت. لێرەدا بە تەواوی، زانیار چووەتەوە ناو سەردەم و تەمەنی منداڵی خۆی و چووەتەوە گوندێک کە پێشمەرگەی تێدابووە و دواتر هێزەکانی ئێرانی هاتوون و بۆمبارانیان کردووە. زانیار بە بێ ئەوەی کەس هیچی پێ گوتبێت، بە هیپنۆتیزم ئەم دیمەنە دەدۆزێتەوە. لێرەدایە کە دیسان پێداگری لە دایک و باوکی دەکات کە باسی ئەم ڕووداوەی بۆ بکەن. ئەمە کەشفێکی دەرۆنییە بە ڕێگای هیپنۆتیزم. ئەو هەستی بە بۆنی سووتانی مرۆڤ کردبوو. هەستی بە ترس و هەڵاتن. باوکی بۆ یەکەم جار بۆی دەگێڕیتەوە کە زانیار لەم هێرشە دا بووە و ئەم هێرشە بە کردەوە ڕووی داوە. هەر لەم هێرشە دا نزیکەی بیست تا بیست و پێنج  کوژراون و ماڵەکانی دەوروبەری ئەو ماڵەی کە زانیاری لێ بووە دراونەتە بەر بۆمب و لەم نێوە دا زانیار بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا ڕزگاری هاتووە لە مردن!

لە چەند شوێنێکی دیکەش جیا لە کەرەسەی فیلم و فۆتۆ کۆنەکان، بە ڕێگای ئەنیمەیشێن، زانیار خۆی بە ڕابڕدووی خۆیەوە گرێ دەدا و کەشفی راستی ئەم ڕووداوانە و تەنانەت کەشفی دەرۆنی لە خۆی دا دەکات. بۆ وێنە کاتێک کە بۆ یەکەم جار چووەتەوە کوردستان و لە پشتەوەی ماشێنێکدا لە جاددە دایە و بە دیمەنێکی ئەنیمەیشێن، تەقینەوەیەکی لە ناکاو لە پشتە سەری خۆی هەست پێ دەکات و دیمەنی چەکدارەکانی سەر سەربان و هەڵات هەڵاتی خەلکی دێتەوە بەر چاو.

کۆتایی فیلمەکەش، کۆتاییەکی سەرکەوتووانەیە. زانیار منداڵی دەبێت و تاهیری باوکی زانیار و لەتیفەی دایکی زانیار، دەبن بە باپیر و داپیر. زانیار ئێستا ئیتر نەک منداڵەکەی جاران، بەڵکوو خۆی باوکیکە. وە لێرە دایە کە دیمەنی جوانی کۆتایی فیلم، واتا دیمەنی کوڕی زانیار لە باوەشی تاهیری باوکی زانیار دا دەبینین کە دەیلاوینێتەوە و دواتریش فیلمەکە بە نیشان دانی وێنەی منداڵی زانیار لە کوردستان و لە باوەشی تاهیری باوکی دا کۆتایی پێ دێت... وە بەم جۆرەیە کە زانیار، رابڕدوو و ئێستا و داهاتوو بە یەکتر دەگەیەنێت...

بە هیوای ژیانێکی سەربەرزانە و بەرهەمی باشتر لە کاک زانیار ئادەمی...

لەم لینکەی خوارەوە دەتوانی فیلمەکە ببینی:

  http://www.youtube.com/watch?v=nYYlLnwykJI

 


بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه‌ و بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، له‌م فۆرمه‌ که‌لک وه‌رگره‌

  ناو :

  ئیمه‌یل :

 ئیمه‌یله‌که‌ت ده‌پارێزرێت

 ناوی بابه‌ت*:

 ڕا و بۆچوون:

* -  ناوی ئه‌م بابه‌ته‌ یا نووسه‌ره‌که‌ی بنووسه‌

هه‌ر کۆمێنتێک ئادره‌س ئیمه‌یلی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، بایه‌خی پێ‌نادرێت

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

شێرکۆ جیهانی

 

 

لاپه‌ره‌ی تایبه‌ت

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت          Copyright © 2004-2010               Helwist.com