|
به
بۆنه‌ی فڕینی ڕووحی په‌پووله‌یی مامۆستا
عووبه‌یدوڵڵا ئه‌یوبیان ، یادگاری کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف
شێرکۆ جیهانی –
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هه‌ڵوێست
کابرایه‌کی پیری هه‌شتا ساڵ سه‌رتر، جلوبه‌رگێکی
کوردی له به‌ر دایه و له سه‌ر جلوبه‌رگه‌که‌ش،
کراوات ده‌به‌ستێت. غروورێکی زۆر و به جێی هه‌یه
و شانازی به ڕۆژانی ڕابڕدووی ژیان و
به‌رهه‌مه‌کانی خۆی ده‌کات. به ته‌نیا ده‌ژی و
به ته‌نیاییش دێته ناو شه‌قامه‌کانی شاری
مه‌هاباد و پیاسه ده‌کات. هێندێک جه‌وانی که‌لله
خام که نایناسن، به دیتنی سمێڵه گه‌وره‌کان و
کڕاواتی سه‌ر جلی کوردی، ده‌ست ده‌که‌ن به
پێکه‌نین و گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و
هه‌رگیز وه‌ڕووی خۆی ناهێنێت و وه‌بیریان
ده‌هێنێته‌وه که ئه‌و کاته‌ی له ته‌مه‌نی
ئه‌وان دابووه، خامه‌ی نیشتیمان په‌روه‌ری به
ده‌ست گرتووه و کاری بۆ گه‌له‌که‌ی کردووه. ئه‌و
که‌سانه‌ش که تا ڕاده‌یه‌ک ده‌یناسن و ده‌زانن
کێیه، ڕێزی لێ ده‌گرن و ته‌نانه‌ت زۆر جاران
شۆفیر تاکسیه‌کان، نایانهه‌وێت پاره‌ی تاکسی لێ
وه‌ربگرن، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و زۆریش ده‌وڵه‌مه‌نده و
بنه‌ماڵه‌که‌ی له بنه‌ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی
مه‌هاباد بوون که به وته‌ی خۆی چه‌ند نه‌سل
پێشتر له دیاربه‌کره‌وه هاتبوونه مه‌هاباد و
نیشته جێ بوون. هه‌ر بۆیه‌ش دوکتور ئه‌یوبیان
پاره‌ی زۆرتری ده‌دا به شۆفێر تاکسیه‌کان به‌م
جۆره وڵامی مه‌حه‌به‌تی ئه‌وانی ده‌داوه. هه‌موو
ڕۆژێ ده‌چوو بۆ که‌بابخانه‌ی پارس و نانی له‌وێ و
ده‌خوارد و دواتر ده‌هاته‌وه ماڵێ و به
خواردنه‌وه‌ی که‌مێک شه‌ڕاب، سه‌رخۆش ده‌بوو.
ئه‌مجاره‌یان قسه‌ی بۆ ده‌هات و ئه‌گه‌ر که‌سێکی
وه‌ک من سه‌ردانی کردبا، به سه‌رهاتی ڕۆژانی
سه‌رده‌می ژێکافی بۆ ده‌گێڕاوه.
هه‌ر کات ده‌چوومه سه‌ردانی به زۆری شه‌ڕابی
له پێش داده‌نام و ده‌یگوت" بخۆوه به خۆشی
کوردستان". کاتێکیش که ده‌مگوت من ناتوانم
بخۆمه‌وه، پێده‌که‌نی و ده‌یگوت: باپیرت
یه‌که‌مین که‌س بوو که له شاری مه‌هاباد
مه‌یخانه‌ی هه‌بوو. ڕه‌حمه‌ت له قه‌بری. هه‌موو
جارێ ده‌چومه مه‌یخانه‌که‌ی ئه‌و. چۆن تۆ
ناخۆیه‌وه؟" . ئه‌وسا ده‌چۆوه ناو دونیای
قه‌دیم. ساڵه‌کانی 1945 و 46. ئاشقی بارزانی بوو.
به شان و باڵی سمایل ئاغای سمکۆ و قازی
مه‌حه‌مه‌د و گه‌لێک که‌سی دیکه‌ی هه‌ڵده‌گوت و
وه‌سفی ڕۆژانی خۆشی هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستانی
له شاری مه‌هاباد ده‌کرد. گه‌رم داده‌هات و
ده‌رۆیشت و ده‌ڕۆیشت. به‌ڵام دواتر ده‌ستی ده‌کرد
به ڕه‌خنه گرتن و ده‌یگوت" سمایل ئاغای سمکۆ یان
قازی مه‌حه‌مه‌د فڵانه کاریان نه‌ده‌با کردبا.
ژێکاف نه‌ده‌بوایه تێکچووبا. ڕووسی نائینسان چی
له ئێمه کرد. ڕه‌حمان زه‌بیحی که‌سێکی گه‌وره
بوو به‌ڵام غه‌درێکی گه‌وره‌ی لێ کرا و ..." شتی
له‌م جۆره. گه‌لێک وێنه و کتێبی له لا بوون که
متمانه‌ی به که‌س نه‌بوو تا نیشانیان بدات.
متمانه‌ی به من کرد و چه‌ندین جاران نیشانی دام.
گه‌لێک وێنه بوون که هێندێکیان له هیچ شوێنێک
چاپ نه‌کرابوون. وێنه‌ی هێندێک که‌سایه‌تی له
وێنه‌ی "حوسێن فر‌وو‌هه‌ر" ( له بنیادنه‌رانی
ژێکاف) که هه‌ر خۆی باش ده‌یزانی چ که‌سێکی
گه‌وره و ئازادیخواز بووه. گله‌یی ده‌کرد که
ئه‌و که‌سانه بۆ خه‌ڵک به باشی نه‌ناسراون و
گرینگ‌یان به گوێره‌ی پێویست پێ نادرێت. خه‌می
کتێبه‌کانی بوو که ئه‌گه‌ر بمرێت، چیان لێ
به‌سه‌ر دێت. ده‌یگوت خۆزگه کوردیش ئاڕشیوێکی
باشی هه‌بوایه و ته‌حویلم دابا. یان ده‌یگوت" تۆ
بڵێی نه‌توانم له گه‌ڵ ئه‌نه‌ستیتوی کورد له
فه‌رانسه قسه بکه‌م و کتێبه‌کانم بده‌م به
ئه‌وان هه‌ڵیبگرن؟". ئه‌وانه(کتێبه‌کان)
منداڵه‌کانی بوون، به‌رهه‌می ته‌مه‌نێک ڕه‌نج و
تێکۆشان. خۆی ده‌یگوت چه‌ندین جاران ئاڕشیوه‌کانی
له لایه‌ن هێزه‌کانی داگیرکه‌وه به تاڵان
بردراون و سه‌ر له نوێ کۆی کردوونه‌وه، هه‌ر
بۆیه‌ش نیگه‌رانی ئه‌وانه‌یه که ئێستا بۆی
ماون.
ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه به ڕووحی خه‌بات
ژیانی ده‌ست پێ کردبوو. هزرێک که له درێژایی
ژیانی به‌ری نه‌دا: له سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنی
کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه کورد له ته‌مه‌نی چوارده
ساڵه‌یی وه‌ک که‌م ته‌مه‌ن ترین ئه‌ندام و وه‌ک
که‌سێکی جێگه‌ی باوه‌ڕی له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه
وه‌رده‌گیراوه و ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی منداڵی
خۆی دا و له کاتێک دا که که‌متر که‌سێک کوردی
نووسینی زانیوه، ده‌ستی کردووه به فێر بوونی
نووسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی کوردی و ته‌نانه‌ت
دواتر مه‌دره‌سه‌یه‌کی کوردی ساز ده‌که‌ن و له‌وێ
ده‌رس به منداڵه کورده‌کان وتووه‌ته‌وه.
وێنه‌کانی ئه‌یووبیان له کاتی ده‌رس گووتنه‌وه
به منداڵانی دیکه‌ی شاری مه‌هاباد هێشتاکه‌ش
ماون.
مامۆستا ئه‌یووبیان له ژێر کاریگه‌ری و به هۆی
هاندانی براکه‌ی " مه‌حه‌مه‌د ئه‌یووبیان " ( که
ئه‌ندامی سه‌ره‌کی ژێکاف بووه و به گوته‌ی خۆی
یه‌که‌مین که‌س بوو له شاری مه‌هاباد دا که
شانۆی "سه‌لاحه‌ددین ئه‌یوبی" نووسی و بردیه سه‌ر
شانۆ)، به هاوکاری زه‌بیحی شانۆنامه‌یه‌کی به
ناوی " دایکی نیشتیمان " نووسی و هاوکاتیش وه‌ک
ئه‌کته‌ر ده‌وری تێدا گێڕا. ئه‌م شانۆیه له
ساڵه‌کانی به‌ر له 1946 و له تاکه ساڵۆنی ئه‌و
سه‌رده‌مه‌ی شاری مه‌هاباد ( ساڵۆنی شافعی ) نمایش
ده‌درێت.
شانۆی " دایکی نیشتیمان " کاریگه‌ریه‌کی زۆری له
سه‌ر هه‌ست و ڕامانی بینه‌رانی شانۆکه ده‌بێت.
له‌و شانۆیه دا گه‌لێک که‌س وه‌ک ئه‌کته‌ر ده‌ور
ده‌بینن و ناوه‌ڕۆکی شانۆکه باس له‌وه ده‌کات
که نیشتیمان وه‌ک دایکێک له لایه‌ن چوار
ده‌وڵه‌تی ئێران- تورکیه - سووریه و عێڕاق
خه‌ریکه ده‌ست درێژی ده‌کرێته سه‌ر و پێویستی
به ڕزگار کردن هه‌یه.
مامۆستا ئه‌ییوبیان دواتر له کاتی تێک چونی
کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف، تا ڕاده‌یه‌کی که‌م ده‌توانێ
به‌شداری کار و باری سیاسی بێت و له ئه‌نجام دا
وه‌کوو زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه‌ی
ژێکاف تووشی وه‌لا خستن و گۆشه‌گیر کردن ده‌بێت.
له درێژایی ته‌مه‌نی دا دژایه‌تی تێکچوون و
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ژێکافی کردووه و به
شانازییه‌وه خۆی به ئه‌ندامی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه
زانیوه. ئه‌یوبیان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو
که کۆمه‌له‌ی ژێکاف، بڕوای به یه‌کیه‌تی خاکی
کوردستانی گه‌وره هه‌بووه و له‌و پێناوه دا
تێکۆشانی به‌ڕێوه بردووه، به‌ڵام ئه‌و حیزبانه‌ی
که له ساڵه‌کانی دوایی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
سازبوون، بیری پارچه‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ریان پێشت
خستووه و له‌و ڕامانه دوور که‌وتوونه‌وه. بڕوای
به کوردستانی گه‌وره هه‌بوو. له‌و په‌یوه‌ندیه
دا یه‌کێک له‌و شته جێگه‌ی سه‌رنجانه‌ی که له
ئه‌یوبیان ده‌یگێڕنه‌وه ئه‌وه‌یه:
ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای 1980یه و پاسدارانی ئێران
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان داگیر کردووه‌ته‌وه و
سه‌رده‌می بگره و بکوژه‌یه. گه‌لێک کورد به
تۆمه‌تی سیاسی زیندانی کراون و ئێعدام کردنیش له
ئاستێکی به‌رفراوان و ئاسایی به‌ڕێوه ده‌چوو.
له‌و قۆناغه دا جارێک ته‌له‌ڤیزیۆنی ده‌وڵه‌تی
ئێران که بیستوویانه گۆیا دوکتور ئه‌یوبیان له
دژی پڕۆژه‌ی خودموختاری دوکتور قاسمڵوو و حیزبی
دێمۆکراته، بۆ وه‌رگرتنی وتووێژێک ده‌چنه لای و
ده‌یانهه‌وێت بڵاوی بکه‌نه‌وه. کابرای په‌یامنیری
ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که لێی ده‌پرسێت:
_ به‌ڕێز ئه‌یوبیان، گۆیا ئێوه له دژی
خودموختارین. وایه؟
ئه‌یوبیان به تووڕه‌یی ده‌ڵێت:
_ خودموختاری چی کاکه؟ ئه‌وانه هه‌مووی قسه‌ی بێ
مانان. ئه‌وه قسه‌ی قۆڕه.
په‌یامنێره‌که که دلی خۆش بووه، له ناکاو به
بیستنی قسه‌یه‌ی دواتری دوکتور ئه‌یوبیان،
وتووێژه‌که ڕاده‌گرێت و به په‌له ده‌ڕۆن.
چونکه دوابه‌دوای ئه‌مه دوکتور ئه‌یوبیان
ده‌ڵێت:
_ کاکه ئێمه کوردین. نه‌ته‌وه‌یه‌کین وه‌کوو
هه‌موو میلله‌تانی دونیایه. ئێمه ده‌بێ
سه‌ربه‌خۆییمان هه‌بێت، نه‌ک خودموختاری و
مودموختاری!!
ئه‌یوبیان له سه‌رده‌می شای ئێرانیش دا چه‌ندین
جار زیندانی کراوه، به‌ڵام هه‌رگیز له
هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی پاشه‌گه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه و
هاوکاتیش له ته‌نیایی و گۆشه‌ی ماڵه‌که‌ی دا،
ده‌ستی کردووه به لێکۆڵینه‌وه و نووسین له
سه‌ر ئه‌ده‌بیات، مێژوو، فۆلکلۆر و چه‌ندین مژاری
دیکه و گه‌لێک کتێب و مه‌قاله‌ی چاپ کراو و
نه‌کراوی هه‌یه.
مامۆستا ئه‌یوبیان به ته‌نیایی ده‌ژیا و هه‌رگیز
زه‌ماوه‌ندی نه‌کرد، ئه‌گه‌ر چی هه‌موو کاتێک
ئه‌ویندار بوو. ئه‌و ئه‌وینداری ئازادی و نیشتیمان
بوو و به خه‌یاڵ و بیره‌وه‌ریه‌کانی سه‌رده‌می
کۆماری کوردستان و کۆمه‌له‌ی ژێکافه‌وه ده‌ژیا و
له کاتی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یمانی به خۆی دابوو که
تا ڕۆژێک ئازادی کوردستان به چاوی خۆی نه‌بینێت
ئه‌وا زه‌ماوه‌ندێ ناکات.
ئه‌مڕۆ ئیتر مامۆستا ئه‌یوبیان، له ناو ئێمه دا
نییه. ئه‌و کۆچی دوایی کرد و یاد و
به‌رهه‌مه‌کانی به جێ ما. به‌ڵام هێشتا بۆنی خۆشی
هه‌ست پێ ده‌که‌م. باوه‌ڕ بکه‌ن بۆنێکی تایبه‌تی
هه‌بوو. بۆنێکی خۆش... چاوه‌کانی پڕ له فڕمێسکی
له به‌ر چاومه، ئه‌و کاتانه‌ی که بۆ زه‌بیحی و
فروهه‌ر و کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و ئاڵای کوردستان چاوی
پڕ ده‌بوون ئاوێکی ڕوون... وه هه‌روه‌ها ڕووحی
په‌پووله‌یی و بزه و پێکه‌نینی هه‌رگیز له بیر
ناکه‌م.
به بۆنه‌ی یاد و ڕێزگرتن له مامۆستا ئه‌یوبیان،
نووسراوه‌ی یه‌کێک له سه‌ردانه‌کانی خۆم له گه‌ڵ
ئه‌و، که له ساڵی 2006 دا ئه‌نجامم دابوو، لێره
ده‌هێنمه‌وه. ئه‌و نووسراوه‌یه‌م ئه‌و کات به
ناوی نهێنی " فورات عه‌لی دۆست" له هێندێک له
ماڵپه‌ڕه کوردیه‌کان دا بڵاو کردبۆوه. هه‌ڵبه‌ت
من گه‌لێک فیلمم لێ گرتووه و چه‌ندین وتووێژم له
باره‌ی کۆماری کوردستان و کۆمه‌له‌ی ژێکاف و
بارزانیه‌کان و... هتد له گه‌ڵ مامۆستا ئه‌یوبیان
ئه‌نجام داوه. به‌ڵام تا ئێستا هیچ کامه‌یانم
نه‌نووسیوه‌ته‌وه و بڵاوم نه‌کردوونه‌وه. ئه‌م
نووسراوه‌یه که زۆرتر وه‌رگرتنی وڵامی چه‌ند
پرسیارن، ته‌نیا شتێکه که له کاتی خۆی دا بڵاوم
کردووه‌ته‌وه و ویستوومه بیر و ڕای دوکتور
ئه‌یوبیان له سه‌ر هێندێک بابه‌ت و له
ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه بزانم:
***
" یادگاری ژێکاف، له ژیانه‌وه ده‌ده‌وێت "
کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف کێ بوون و چیان به سه‌ر هات؟
دوکتور ئه‌یووبیان له‌م باره‌وه ده‌ڵێت:
" کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد ژێکاف ، ( له
ساڵه‌کانی به‌ر له 1946 له شاری مه‌هاباد و له
لایه‌ن که‌سانێکی وه‌ک حوسێن فره‌وه‌هه‌ر، ڕه‌حمان
زه‌بیحی، و چه‌ند که‌سی دیکه دامه‌زرا)
کۆمه‌ڵه‌یه‌کی گه‌لی بوو. خه‌ڵک سازیان کردبوو
نه‌ک ده‌ستی ده‌ره‌کی. تۆ سه‌یرکه له سه‌ره‌تا و
ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ته‌واوی
جووڵانه‌وه‌کانی کوردی له لایه‌ن ئینگلیس،
ڕووسیه و ... ساز ده‌کران یان سه‌ر به ئه‌وان
بوون، به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف له ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی " هێڤی " له شاری
سلێمانیه‌ی باشووری کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی " خۆی
بوون " به سه‌رۆکایه‌تی " شه‌ریف پاشا " له
باکووری کوردستان، ته‌نیا ڕێکخستن گه‌لێک بوون که
خه‌ڵکی کورد به خۆیان سازیان کرد بوون و هه‌ر
بۆیه‌ش هه‌میشه هێزه‌کانی کۆنه‌په‌ره‌ست و
داگیرکه‌ر و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته بیانیه‌کان
لێیان ده‌ترسان. "
دوکتور ئه‌ییوبیان ده‌ڵێت:
" له‌و سه‌رده‌مه دا کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد
یان " ژێ کاف " به نهێنی کاری ده‌کرد و
ژیانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کوردی به بنچینه
گرتبوو. کۆمه‌ڵه ناوه‌که‌ی به ته‌واوی کوردی بوو
و ناوگه‌لی وه‌ک " حیزب " و " دێمۆکرات " له
وشه‌کانی بیانی عه‌ڕه‌بی و ئه‌رووپاییه‌وه هاتوون
و له ڕاستی دا ڕووسه‌کان بۆ پێکاندنی ئاماجه‌کانی
خۆیان ئه‌و ناوه‌یان هێناوه. ڕووسه‌کان هاتن تا
نه‌وتی باکووری ئێران به تاڵان ببه‌ن و
ده‌بووایه ئازه‌ری و دواتریش کوردیان به کار
هێنابا. به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف هه‌م به ته‌واوی
ناوه‌که‌ی کوردی بوو و هه‌میش به ته‌واوی گه‌لی و
نه‌ته‌وه‌یی. "
دوکتور له به‌رده‌وامی قسه‌کانی دا به‌م جۆره
دوا:
" له ناو کۆمه‌ڵه دا وه‌رگرتنی ئه‌ندام وه‌ک
حیزبی دێمۆکرات نه‌بوو. له حیزبی دێمۆکراتی
سه‌رده‌می پێشه‌وا دا ده‌فته‌رێکیان دانا بوو و
هه‌ر که‌س له ڕێوه ده‌هات ده‌یتوانی ناوی خۆی
به ئه‌ندام بنووسێت. هه‌ر بۆیه‌ش دواتر هه‌ر ئه‌و
خه‌ڵکه‌ی که ئه‌ندامی حیزب بوون ، زۆرینه‌یان
هاتن و نامه‌یان ئیمزا ده‌کرد که قازی له
سێداره بدرێت ! به‌ڵام کۆمه‌ڵه سه‌ره‌تا
که‌سایه‌تیه‌کانی هه‌ڵده‌سه‌نگاند و ئه‌گه‌ر
جیگه‌ی متمانه بوانایه ئه‌و کات بانگی ده‌کردن و
به ئه‌ندام وه‌ری ده‌گرتن. ته‌نانه‌ت خوودی قازی
مه‌حه‌مه‌د دوای ماوه‌یه‌کی درێژ وه‌ک ئه‌ندامی
کۆمه‌ڵه وه‌رگیرا و ئه‌ندامێکی ساده‌ش بوو.
کاتێک که‌سێک بۆ ئه‌ندامه‌تی ده‌ستنیشان ده‌کرا،
ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه ده‌چوو بۆ لای و پێشنیاری پێ
ده‌کرد که ئایا ئاماده‌یه له پیناو نیشتیمانی
دا گیانی فیدا بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه ئاماده
بووایه ئه‌و جار دوو – سێ که‌سیان پێ ده‌ناساند و
له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و دوو سێ که‌سه به کۆمه‌ڵه
ده‌ناسێندرا و دواتر ڕێ و ڕه‌سمی سوێند خواردنی
به‌ڕێوه ده‌برد. له‌و ڕێ و ڕه‌سمه دا سوێندیان
به سێ شت ده‌خوارد: یه‌که‌م ئاڵای کوردستان،
دوویه‌م چه‌پکه گوڵێکی وڵات و نیشتیمان که له
ناو ئاویان ده‌نا و سێیه‌م قووڕئان. چوونکه
خه‌ڵکی ئێمه ئایینی بوون و که‌م سه‌واد. "
دوکتور ئه‌ییوبیان جیا له مه‌سه‌له‌ی به‌ڕێوه
بردنی شانۆ و ئاشنا کردنی خه‌ڵک به بیری
نه‌ته‌وه‌یی و دانانی قووتابخانه‌ی کوردی، یه‌کێکی
دیکه له کاره‌کانی باشی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف ی به‌م
جۆره ده‌ستنیشان ده‌کات :
" زه‌بیحی و چه‌ند که‌سی دیکه له ئه‌ندامانی
سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه له شاری ته‌ورێز به دزی
ڕۆژنامه‌یه‌کیان به ناوی " نیشتیمان " چاپ
ده‌کرد. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه نیزیکه‌ی 9 ژووماره‌ی
له ته‌ورێز ده‌رکرد و ژووماره‌ی ده‌یه‌م له شاری
سلێمانی و دوای کۆماری کوردستان له مه‌هاباد
ده‌رچوو. "
ئه‌ییوبیان له مه‌ڕ ڕاده‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه
ده‌ڵێت:
" ئێمه نه‌مانده‌زانی که چه‌ند ئه‌ندامی هه‌یه
و چ که‌سانێک ئه‌ندامن. وه‌ک گووتم که‌س که‌سی
نه‌ده‌ناسی و کاره‌که نهێنی بوو. زۆر که‌سی
بازاڕی، کاسبکار، عه‌شیره، خوێندکار و که‌سانی
ساده و ئاساییش ئه‌ندام بوون. له هه‌موو چین و
توێژێکی له ناو دابوو. به‌ڵام کۆمه‌ڵه خه‌ریک
بوو په‌ره‌ی ده‌ستاند و جیا له مه‌هاباد و بۆکان
و شاره‌کانی موکریان خه‌ریک بوو له کرماشان و
سنه و گه‌لێک شاری دیکه‌ش ئه‌ندامی وه‌رده‌گرت.
له مه‌ڕ هۆکاری تێکچوونی کۆمه‌ڵه به‌م جۆره
دوا:
" کۆمه‌ڵه‌ی ( ژێ کاف ) به ده‌ستی کورده‌کان و
به فه‌رمانی ڕووسه‌کان تێک چوو. ئه‌من زۆر ڕێزم
هه‌یه بۆ قازی مه‌حه‌مه‌د و خۆشم ده‌وێت، به
ڕاستی که‌سێکی سادق و پاک بوو، به‌لام ئه‌و سوێندی
خوارد بوو له کاتی ئه‌ندام بوونی له ناو
کۆمه‌ڵه دا، نازانم چۆن توانی ئه‌و سوێنده
بشکێنێ و به بێ ڕه‌زایه‌تی ئه‌ندامانی دیکه‌ی
کۆمه‌ڵه و به بێ ئاگاداری ئه‌وان کۆمه‌ڵه‌ی
هه‌ڵوه‌شانده‌وه و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی
ڕاگه‌یاند. ئه‌و حیزبه سه‌ره‌تا به ناوی حیزبی
دێمۆکراتی ئازه‌ربایه‌جان له لایه‌ن
ڕووسه‌کانه‌وه بۆ ئازه‌ریه‌کان ساز کرابوو و
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش به لاسایی کردنه‌وه
له‌وان به ده‌ست ڕووسه‌کان ساز کرا. قازی کارێکی
کرد که زه‌بیحی له ته‌ورێز بگرن و دواتریش له
مه‌هاباد زه‌بیحیان زیندانی کرد. ئێمه بۆمان
قه‌بووڵ نه‌ده‌کرا که زه‌بیحی زیندانی بکرێت.
ئاخر زه‌بیحی یه‌کێک بوو له باشترین
که‌سایه‌تییه‌کانی نیشتیمان په‌روه‌ر، ئه‌و بوو
که زۆر که‌سی به بیری نه‌ته‌وه‌یی و خوێندن و
نووسینی کوردی و زانست و عیلمی ناسیۆنالیزم ئاشنا
کردبوو. زه‌بیحی چی کردبوو جیا له خزمه‌ت؟!
ڕۆژنامه‌ی نیشتیمانی له ته‌ورێز چاپ ده‌کرد و
ئه‌ندامی تازه‌ی له ناو کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف
وه‌رده‌گرت و ... هتد. ئایا ئه‌وه جوابی قازی
موحه‌مه‌د بوو بۆ زه‌بیحی ؟! خۆ قازی ئه‌ندامێکی
ساده‌ش بوو له ناو کۆمه‌ڵه دا ، زۆر دوای
زه‌بیحی بوو به ئه‌ندام. ئه‌دی چۆن ده‌یتوانی
ئاوا ڕه‌فتار له گه‌ل زه‌بیحی دا بکات؟! "
ئه‌ییوبیان له وڵامی پرسی : ئه‌دی زه‌بیحی دواتر
چی لێ به‌سه‌رهات ده‌ڵێت :
" زه‌بیحی به تکا و پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک ئازاد کرا.
قازی مه‌حه‌مه‌د دواتر حازر بوو ڕه‌زایه‌ت بدات
که له زیندان بێته ده‌رێ. به‌ڵام کابرایه‌کی
باسه‌وادی وه‌ک زه‌بیحی له کۆمار دا نه
پۆستێکیان دایه و نه پله‌یه‌ک و نه ئه‌رکێکیان
پێ سپارد. گۆشه‌گیریان کرد. زۆر یه‌ک له
ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی ژێکاف به‌م به‌ڵایه گریفتار
بوون. که‌سێکی بێ سه‌وادی وه‌ک " مه‌ناف که‌ریمی "
که ته‌نانه‌ت نه‌یده‌زانی کوردی بنووسێت و
بخوێنێته‌وه له لایه‌ن قازی مه‌حه‌مه‌د بۆ
وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ هه‌ڵبژێردرا و بوو به
وه‌زیری فه‌رهه‌نگ. جا تۆ خووداکه‌ت وه‌زاره‌تی
فه‌رهه‌نگی کوردستان ده‌درێ به که‌سێکی بێ
سه‌وادی کوردی نه‌زان ؟! به‌ڵام زه‌بحییان زیندانی
ده‌کرد و هیچ ئه‌رکێکیان پێ نه‌ده‌سپارد ! ئه‌وان
ده‌بوایه زه‌بیحیان له کۆڵ خۆیان کردباوه، به
ته‌گه‌ره‌یان ده‌زانی له پێش خۆیان دا، هه‌ر
بۆیه‌ش ناردیانه ناوچه‌ی شکاک و پێیان گووت که
بۆ کاری وه‌رگرتنی ئه‌ندام و شتی له‌م جۆره
بچێته ورمێ. له ڕێگه دا به پیلانێک هێزه‌کانی
ئێرانی گرتیان و دیاریش بوو که کێ به ئه‌وانی
گوتبوو که بیگرن. ده‌ستی ڕووس و به داخه‌وه
شه‌خسی قازی مه‌حه‌مه‌دیشی تێدا بوو. زه‌بیحیان
برده تاران و له‌وێ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ
زیندانیان کرد. "
له وڵامی پرسی " جیاوازیه‌کانی حیزبی دێمۆکرات و
کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف له چی دابوو ؟! "
دوکتورئه‌ییوبیان ده‌ڵێت:
" جیاوازیان زۆر بوو. کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف هه‌ر وه‌ک
گووتم ناوه‌که‌ی و ناوڕۆکه‌که‌ی کوردی بوو. کار و
تێکۆشانیان به دڵ و گیان ده‌کرد و هه‌میشه له
هه‌وڵی ناسینی باشترین که‌سایه‌تیه‌کان دا بوون
که بیانکه‌ن به ئه‌ندام. کۆمه‌ڵه ئه‌ندامه‌کانی
زۆر با سه‌واد نه‌بوون، ئه‌گه‌ر چی که‌سانی وه‌ک
زه‌بیحی و کاک حووسێنی فروهه‌ر و کاکی گه‌وره‌ی من
و چه‌ند ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری به نیسبه‌ت
خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه زانا و باسه‌واد بوون.
به‌ڵام به‌ده‌نه‌ی کۆمه‌ڵه له خه‌ڵکی ئاسایی و
که‌م سه‌واد پێک هاتبوو. ئه‌وه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵه
گرینگ بوو هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بوو. کۆمه‌ڵه بیری
کوردستانێکی گه‌وره و یه‌کپارچه‌ی هه‌بوو و شار و
عه‌شیره‌ت و خێڵ و شتی له‌م جۆره‌ی به ئه‌ساس
نه‌ده‌گرت. ئێمه قه‌ت نه‌مانده‌گووت کوردستانی
ئێران یان تورکیه یان عێڕاق. ئه‌گه‌ر ویستبامان
گوتبامان کوردستانی عێڕاق ده‌مانگووت " ئه‌ودیو،
به‌ری گه‌رمێنێ " و ئه‌گه‌ریش گوتبامان کوردستانی
تورکیا ده‌مانگووت " ئه‌ودیو، به‌ری کوێستانێ .
ژێکاف له گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌کانی " خۆی بوون " و "
کۆمه‌ڵه‌ی " هێڤی " له په‌یوه‌ندی دا بوون و
خه‌ڵکی کورد خۆیان ئه‌و جووڵانه‌وانه‌یان ساز کرد
بوو. ته‌نانه‌ت دانیشتنێکی سێ قۆڵی له نێوان
کۆمه‌ڵه‌ی " خۆی بوون " و " ژێ کاف " و " هێڤی "
دا ساز بوو. ناوی ئه‌و دانێشتنه " په‌یمانی سێ
سنوور " بوو. هه‌ر سێ لایه‌ن له ناوچه‌ی
ته‌رگه‌وه‌ڕ- مه‌رگه‌وڕ ( له نێوان سنووری سێ
ده‌وڵه‌تان دا ) له یه‌ک کۆ بوونه‌وه و په‌یمانی
پشتگیری و کوردایه‌تیان به یه‌کتر دابوو. به‌ڵام
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و عێڕاق و تورکیا
دواتر ساز بوون و ته‌نانه‌ت باسێکیش له کۆمه‌ڵه‌ی
ژێ کاف و هێڤی ناکه‌ن و باسه‌که‌شی قه‌ده‌غه‌یه
له لایان. " !!!
دوکتور ئه‌ییوبیان له درێژه دا ده‌ڵێت:
" من ئێستاش لام وایه که کورد بۆ ئه‌وه‌ی که
بیهه‌وێ سه‌ربکه‌وێ ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر
بنه‌ماکان و داخواز و ویسته‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ببێته یه‌ک. "
دوکتور ئه‌ییوبیان هه‌روه‌ها له وڵامی پرسی "
ئایا ڕه‌وشی هه‌نووکه‌یی باشووری کوردستان چۆن
ده‌بینی " ده‌ڵێت:
" من هیوام به‌وه هه‌یه که باشوری کوردستان
سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنێت. من خۆم زۆر ئاشقی
که‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانیم و یه‌کێکم له
که‌سانی هه‌ره نیزیک له‌ویم و ته‌نانه‌ت وێنه‌م
له گه‌ڵی دا هه‌یه. ( هه‌ڵده‌ستێت و وێنه‌که‌مان
نیشان ده‌دات- خۆی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی به
یه‌که‌وه دانیشتوون ) . هه‌روه‌ها ڕێزم بۆ کاک
مه‌سعوود بارزانیش هه‌یه و له ناو بارزانیه‌کان
دا له هه‌موویان به باشتری ده‌زانم. ته‌نانه‌ت
جه‌لال تاڵه‌بانیش له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا که زۆر
کاری ناڕه‌وای کردووه، ئێستا وه‌ک سه‌رۆک
کۆمارێکی کورد ڕێزی لێ ده‌گرم و بۆ هه‌موومان له
هه‌ر چوار به‌شی وڵات جێگه‌ی خۆشحاڵییه که کورد
بتوانێ له باشوور ببێته شتێک و شتێک به شتێک
بکات. به‌ڵام تۆ چاو لێ بکه، ئه‌وان به داخه‌وه
زۆر گرینگی به کوردی به‌شه‌کانی دیکه ناده‌ن.
ئه‌من که نیزیکترین که‌س بووم له مه‌لا مسته‌فا
و بارزانیه‌کان له کاتی هاتنیان بۆ مه‌هاباد له
سه‌رده‌می ساڵه‌کانی 1945 و 46 دا، کاتێک بۆ
سه‌ردانێک چومه کوردستانی عێڕاق، پێشمه‌رگه‌یه‌کی
ساده‌ی منداڵی سه‌ر سنووریش به باشی ڕێزی لێ
نه‌ده‌گرتم ! کوا وا ده‌بێ کاکه ؟! له جیاتی
ئه‌وه‌ی که به مووی سه‌ری سپییه‌وه چووم ماشێنم
بۆ بگرن و بێنه پێشوازیم ، ئه‌وه خۆم به
پاره‌ی خۆم چووم و به هه‌زار زه‌حمه‌ت توانیم
سه‌ردانێک بکه‌م و بێمه‌وه. ئێستا ئه‌وه
ئه‌تۆیه‌کی لاو هاتوویه ئێره و له سه‌ر
کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ی و
پرسیارم لێ ده‌که‌ی و بۆت گرینگه که په‌رده له
سه‌ر ڕاستیه‌کانی مێژوویی لا بده‌ی. به‌ڵام له‌وێ
گه‌نج و پیریان هیچ گرینگی به‌و شتانه و به
که‌سانی وه‌ک من ناده‌ن ! ئه‌وه کوا وا ده‌بێ ! "
دوکتور ئه‌ییوبیان هه‌روه‌ها له مه‌ڕ هێرشی
تورکیا بۆ سه‌ر که‌مپی گه‌ریلاکانی پ ک ک و
گه‌ماڕۆی سیاسی و ئابووری قه‌ندیل له لایه‌ن
هێزه‌کانی باشوره‌وه به‌م جۆره دوا:
" من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له ڕێزدار کاک مه‌سعوود
بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌که‌م که
نه‌که‌ونه داوی ئه‌و ره‌ژیمه فاشیست و دژه
کوردانه. ئه‌وانه سه‌دان جار کوردیان به ده‌ست
کوردی به شه‌ڕ و کوشتن داوه و زه‌ره‌ره‌که‌شی
ته‌نیا هه‌ر بۆ کوردانه و به‌س. به شه‌ڕمان
ده‌ده‌ن و له دووره‌وه‌ش پێمان پێده‌که‌نن. هه‌تا
ئێستاش ئه‌و ده‌وڵه‌ته تورکه حازر نه‌بووه به
کوردستانی ئێڕاق بڵی کوردستان و هه‌ر ده‌ڵێ شومالی
عێڕاق ! جا با شتێکی دیکه‌شت پێ بڵێم. ئێمه له
کوردستانی ئێران پشتگیریمان له مه‌لا مسته‌فا و
کورده‌کانی عێڕاق کردووه و نانمان داونێ و
ڕێگه‌مان پێدان. مننه‌تی نییه و خاکی خۆیانه .
ئێستاش کوردێکی خه‌ڵکی تورکیا یان ئێران ئه‌گه‌ر
له خاکی کوردستانی عێڕاق دان که خاکی خۆیانه،
ده‌بێ پشتگیریان لێ بکرێت. وه‌ڵاهی ئه‌من له
زیندانیش دا به بێ ده‌سهه‌ڵاتی و لێقه‌ومانی
خۆمه‌وه پشتیوانیم له بارزانی ده‌کرد، جا
بارزانی و تاڵه‌بانی که ئێستا پادشان و له‌و
په‌ڕی ده‌سهه‌ڵات دان چۆن ده‌بێ پشتیوانی له
کورده‌کانی شۆڕشگه‌ری به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان
نه‌که‌ن؟! ده‌بێ بیکه‌ن.
شتێکی خوێن شیرینانه و جێگه‌ی سه‌رنجیش ڕای
دوکتور ئه‌یووبیان بوو له سه‌ر پارتی ژیانی
ئازادی کوردستان په‌ژاک و کاتێک پرسیاری ئه‌و
پارته‌مان لێ کرد گووتی:
" ئه‌و حیزبه نێوه‌که‌ی خۆی له کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف
واتا ژیانه‌وه‌ی کورد وه‌رگرتووه . جه‌وانی ئازا
و وشیاری کورد په‌روه‌ر وه‌ڕێیان خستووه و چه‌ند
ساڵێکه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وه‌ک پ ک ک له
تورکیا چالاکی ده‌که‌ن و زۆرم خۆش ده‌وێن. پێم
وایه ئه‌وانیش ئامانجه‌کانیان هه‌ر ئامانجه‌کانی
ژێ کافی ئێمه‌یه...
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|