|
" پاییز له چاوانی مێدیا "
ده‌قێکی دیکه له فه‌رزادی که‌مانگه‌ر
بۆ کوردی: شێرکۆ جیهانی
پاییز به هه‌موو جوانیه‌کانیه‌وه، ببووه میوانی
سرووشت و سرووشت به چه‌شنی بووکێکی له خۆ بایی،
به جلوبه‌رگێک له هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه‌وه
خه‌مڵێندرا بوو. به شه‌یداییه‌وه له نێوان باغ
و مه‌زراکان دا، که وه‌ک تابڵۆیه‌کی ڕازاوه،
تووله‌رێی باریک و پڕ پێچ و خه‌می گوند له ناوی
دا ون ده‌بوو، له‌و هه‌مووه جوانیه‌م ده‌ڕوانی.
بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ناو گوند، هه‌موو کاتێک
تووله‌رێیه‌م له‌و جادده مردوویه پێ باشتر بوو،
که زۆر خراپ و بێ به‌زییانه، ناخ و دڵی
مه‌زراکانی هه‌ڵدڕی بوو. سێ ڕۆژ وچان و دووری له
قووتابخانه و حه‌زی سه‌رله‌نوێ دیتنه‌وه‌ی
منداڵه‌کان، هه‌نگاوه‌کانی خێراتر ده‌کردم.
پێوه‌ندی من و خوێندکارانم، ته‌نیا پێوه‌ندی
مامۆستا و شاگرد نه‌بوو، ئه‌وان بۆ من، وه‌ک
ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌م بوون. ده‌تگووت به ساڵان
له گه‌ڵ یه‌کتر ژیاوین. هه‌موو ڕۆژێ، له گه‌ڵ
مندالانی پۆلی یه‌که‌م، ڕوخساری یه‌کترمان ماچ
ده‌کرد. بۆ خواردنی به‌یانی، بۆنی ڕۆنی خۆماڵی و
ئاش و ئه‌و نانه تازه‌ی که منداڵان بۆ میوان
کردنی من له گه‌ڵ خۆیان ده‌یانهێنا، به هه‌موو
خوێندنگاکه دا وه‌رده‌بوو. له کاتژمێر هه‌شتی
به‌یانییه‌وه تا پێنجی پاش نیوه‌ڕۆ، له‌و
خوێندنگایه دابووم. له نێو منداڵانی پۆلی
یه‌که‌م دا، کچێک هه‌بوو به ناوی "مێدیا" که
چاوه جوانه‌کانی ، پرچی زێڕینی درێژ و قسه
خۆشه‌کانی، سیمای فریشته‌یه‌کی بێ گه‌ردیان لێ ساز
کردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی که من و ته‌واوی خه‌ڵکی ئه‌و
گونده خۆشمان بوێت.
هه‌موو ڕۆژێک"مێدیا" منی بۆ ناو ئاڵقه‌ی کایه‌ی
منداڵانی پۆلی یه‌که‌م ده‌کێشا و منیش به بێ
ویستی خۆم، تێکه‌ڵاوی کایه‌ی منداڵانه‌ی ئه‌وان
ده‌بووم. دایکی مێدیا ژنێکی جوان و میهره‌بان بوو
که گرینگیه‌کی زۆری به راهێنان و په‌روه‌رده‌ی
منداڵه‌که‌ی ده‌دا. حه‌فته‌ی جارێک ده‌هاته
قووتابخانه و سه‌ری منداڵه‌که‌ی ده‌دا به‌ڵام
باوکی مێدیا، پیاوێکی تووڕه و ته‌وسن بوو که
قوورسایی سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ر ژیانی
ئه‌و ژنه دا کێشا بوو. هه‌رکات که مێدیا دایکی
له قووتابخانه دا ده‌دیت، به وێنه‌ی په‌پووله
له ده‌وری ده‌سووڕایه‌وه و ئه‌ویش به
شه‌یداییه‌وه له منداڵه‌که‌ی ده‌ڕوانی. هێندێک
جاران له شوێنێکی دووری ده‌ڕوانی و له ناخی
دڵه‌وه ئاخێکی هه‌ڵده‌کێشا. ئه‌وین و خۆشه‌ویستی
ئه‌و به مێدیا، له لای من له ڕازێک ده‌چوو.
هه‌موو کاتێک خه‌م و خه‌فه‌ت و ئازارێک، له
قووڵایی نیگای ئه‌و دا نیشته جێ بوو.
ئه‌وێ ڕۆژێ مه‌زراکان چۆل بوون. به قه‌راغ
کانیاوێک دا تێپه‌ڕیم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆنی
چایی تازه دێم کراو نه‌ده‌هات، ته‌نانه‌ت به
پێچه‌وانه‌ی جاران، هیچ که‌سێک کاری نه‌ده‌کرد.
دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کی سه‌یر دایگرتم. به قه‌راغ
گۆڕستان دا تێپه‌ڕیم، گۆڕێکی تازه‌ی سه‌رنجی
ڕاکێشام. له به‌ر خۆمه‌وه گوتم: " به پێی یاسای
نه‌نووسراوی سرووشت، ڕه‌نگه که‌سێکی به ساڵاچوو،
له‌و شوێنه‌دا نێژرابێت". که گه‌یشتمه
قووتابخانه، هیچ منداڵێک وه‌کوو جاران خۆی له
باوه‌شم نه‌هاویشت. راسته‌وخۆ چوومه ناو
پۆله‌که. سڵاوم کرد. چه‌ند که‌سێکیان به هێمنی
و‌ڵامیان دامه‌وه. ده‌مهه‌ویست هۆکاری ئه‌و مات
بوونه‌یه‌یان لێ بپرسم که ده‌رگای پۆله‌که، ئه‌و
ده‌رگایه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌کرێته‌وه به‌ردێکمان
له پشت داده‌نا، به جیڕه‌جێر کرایه‌وه و "مێدیا
" هاته ژووره‌وه. من که ئاگام له ئاماده
نه‌بوونی مێدیا نه‌بوو، بزه‌یه‌کم هاتێ . مێدیا
سه‌ری داخست و به چاوه‌کانی پڕ له فرمێسکه‌وه،
سڵاوی کرد و له سه‌ر جێگاکه‌ی خۆی دانیشت.
پرسیارم کرد:
_چی بووه مێدیا؟ به منیش بڵێن ! "
که‌ژاڵ، دۆست و هاوسێی مێدیا گوتی:
_ مامۆستا، مه‌گه‌ر ئێوه نازانن " داده خه‌یاڵ"
خۆی سووتاندووه؟
گوتم: _ خه‌یاڵ ؟
گوتی: _ به‌ڵێ، دایکی مێدیا !
به دیتنی چاوه فرمێسکاویه‌کانی "مێدیا"، به بێ
ویستی خۆم ده‌ستم به گریان کرد و هه‌موو منداڵانی
ناو پۆله‌که‌ش، له گه‌ڵ فرمێسکه‌کانی مێدیا،
ده‌گریان. مێدیا دایکی له کاتی خۆسووتاندن به
چاوی خۆی بینی بوو. له‌و ڕۆژه به دواوه، نه من
و نه هیچ که‌سی تر، ئیتر بزه‌ی منداڵانه‌ی سه‌ر
لێوی مێدیامان نه‌دیت. ئیتر چاوه‌کانی، زۆرتر له
چاوه‌کانی دایکی ده‌چوون: ژنێک، ئازارێک له
قوولایی چاوه‌کانی دا جێی گرت و پۆلی گه‌رم و گوڕی
ئێمه‌ش، هه‌تا کۆتایی ساڵ، ڕه‌نگی چاوه‌کانی
پاییزیی "مێدیا"ی به‌خۆوه گرت.
مامۆستای به ئێعدام حوکم دراوی کورد " فه‌رزاد
که‌مانگه‌ر"
زیندانی ئێوین _ ئاپریلی 2010
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|