|
زیندانیانی سیاسی کورد و گیراوانی تاوانه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، تێکه‌ڵ مه‌که‌ن
شێرکۆ جیهانی
گه‌رچی دوژمن وا ده‌زانێ من به دیلی ڵاڵ ئه‌بم
باش بزانێ کونجی زیندانم قووتابی خانه‌یه
(مامۆستا
قانع
)
یه‌که‌م جار که له زیندانی مه‌هاباده‌وه منیان
بۆ دادگایی کردن برده دادگای ئینقیلاب، ئێمه
شه‌ش که‌س بووین. من و پێنج تورکی میاندواوی. دوو
به دوو لاقیان به زنجیر به‌ستبووین. به‌و
شێوه‌یه به گشتی ده‌بووینه سێ ده‌سته‌ی دوو
که‌سی. لاقی چه‌پی من و لاقی ڕاستی کابرای تورک
له یه‌ک به‌سترابوو. دیمه‌نێکی سه‌رده‌می
سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ده‌هاته‌وه زه‌ینی مرۆڤ.
سواری مینی بوسیان کردین. له ڕێگه دا کابرای
میاندواوی هاوزنجیر لێی پرسیم: له سه‌ر چی
گیراوی؟ گوتم: - بێ تاوانم، به‌ڵام ده‌ڵێن
نووسراوه‌کانت بۆنی سیاسیان لێ دێت ! کابرا به
تووڕه‌یی ناوچاوانی تێک نا و به زمانی فارسی و
به له‌هجه‌یه‌کی تورکی گوتی: - بابه ئه‌وه
چییه، سیاسه‌ت میاسه‌ت. ده‌ست هه‌ڵگرن له‌و
کارانه. به‌ڵام کاتێک من لێم پرسی: - باشه ئه‌ی
خۆت به چ تاوانێک گیراوی؟ به بێ هیچ شه‌رمێک
گوتی: - مه‌وادمان لێگیراوه !!! منیان له گه‌ڵ
که‌سانێک ده‌برده دادگا که به تاوانی فرۆشتنی
مۆرفین گیرابوون و هه‌مان دادوه‌ر منی دادگایی
ده‌کرد که ئه‌وانی ده‌دگایی ده‌کرد ! ( دادگای
ئینقیلاب په‌روه‌نده‌ی زیندانی سیاسی و ماده
سڕکه‌ره‌کان و ئه‌سله‌حه و چه‌ته‌ی پێیه و
ئه‌مانه‌یان له یه‌ک ڕیز داناون ).
له زیندانی مه‌هاباد و له زیندانه‌کانی زۆر شاری
دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران، هێشتا به‌ندی
سیاسی و به‌ندی تاوانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به
ته‌واوی له یه‌کتر جیا نه‌کراونه‌ته‌وه ( جیا
له به‌ندی موعتاده‌کان نه‌بێت). له زیندانه‌کانی
وه‌ک ئورمیه و تارانیش که به‌ندی سیاسی هه‌یه،
گه‌لێک جاران مرۆڤی سیاسی له به‌نده‌که‌ی دوور
ده‌خه‌نه‌وه و له به‌ندێکی دیکه و له گه‌ڵ
مه‌ترسیدارترین قاتڵه‌کان یان تریاکفرۆشه‌کان
ده‌یانکه‌نه هاوبه‌ند! به‌ڵام بۆ چی ئه‌و کاره
ده‌کرێت؟ یه‌کێک له مه‌به‌سته‌کان ئه‌وه‌یه که
زیندانیانی سیاسی یه‌کگرتووییان نه‌بێت. به‌ڵام
مه‌به‌ستێکی له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌وه‌یه که
که‌سایه‌تیان تێک بشکێنن. ئه‌وه شه‌ڕی
که‌سایه‌تیه که ده‌کرێت و له ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌ت
به چۆک داهێنانی که‌سایه‌تی مرۆڤێکی سیاسی، واتا
سه‌رکه‌وتن به سه‌ر ئه‌و مرۆڤه و ئامانجه‌کانی
دا !
کابرایه‌کی موعتاد یان که‌سێکی لۆمپه‌ن کاتێک
هاوبه‌ندی زیندانیه‌کی سیاسییه و له به‌ر چاوی
ئه‌و ده‌ست ده‌کات به سووکایه‌تی کردن به ڕێباز
و ئامانجه‌کانی ( بگره زۆر جاران شه‌ڕیشی پێ
ده‌فرۆشێت و وه‌به‌ر شه‌قیشی ده‌دات)، وه‌ک
شکه‌نجه‌گه‌ره‌که‌ی له ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی
ئیتلاعات، که‌سایه‌تی ئه‌وی تێکشکاندووه. هه‌ر
بۆیه‌شه که ده‌وڵت به دوورخستنه‌وه و ته‌بعید
و گۆڕنی به‌نده‌کانی زیندانی سیاسی، هه‌وڵ ده‌دات
له گه‌ڵ زیندانیانی تاوانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،
له یه‌ک ئاست و له یه‌ک خانه‌یان دابنێت!
به‌ڵام ئه‌گه‌ربێت و تاکێکی کۆمه‌ڵگای خۆمان،
چالاکێکی سیاسی یان مه‌ده‌نی کورد، زیندانی سیاسی
خۆی له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تر له یه‌ک خانه و ئاست
دابنێت، ده‌بێ چی پێ بگوترێت؟! مه‌خابن ئه‌و کاره
ڕۆژانه و له فه‌یسبووکی هێندێک که‌س و
ژماره‌یه‌ک سایت و ته‌له‌ڤیزیۆنی کوردی دا
ده‌کرێت! ماوه‌یه‌که وێنه‌ی چه‌ند ژنی مه‌حکوم
به ئێعدام که به تاوانی له‌شفرۆشی و کوشتنی
مێرد و هێندێک تاوانی کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه گیراون،
له گه‌ڵ وێنه‌ی زیندانیانی سیاسی و ویژدانی کورد
له وێنه‌ی "حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی، زه‌ینه‌ب
جه‌لالیان، حه‌بیبوڵڵا گوڵپه‌ری پوور، حوسێن خزری
و ..." بڵاو ده‌کرێنه‌وه!!! ئه‌وه‌ی که مرۆڤ
به پێوانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ پێویسته به‌رگری له
گیانی هه‌موو مرۆڤێک بکات، شتێکی ئینسان دۆستانه
و جێگه‌ی ڕێزه. به‌ڵام ئایا له یه‌ک ڕیز دانانی
ئه‌و دوو تاقمه جیاوازه زیندانییه له گه‌ڵ
یه‌کتر کارێکی درووسته؟ ئایا که‌سێک که به
تاوانی کوشتنی مێرد و دزی کردن و له‌ش فرۆشی و
فرۆشتنی ماده‌کانی سڕکه‌ر و گه‌لێک کاری ناڕه‌وای
دیکه حوکمی ئێعدامی پێدراوه له گه‌ڵ که‌سانێکی
که به مه‌به‌ستێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئازادی
نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ژیانی خۆیان به‌خت ده‌که‌ن له
یه‌ک ڕیز دان؟ ئایا به راستی ژنێکی قاره‌مانی
وه‌ک " زه‌ینه‌ب جه‌لالیان " یان " شیرین عه‌له‌م
هولو" له باری که‌سایه‌تییه‌وه له گه‌ڵ
"سه‌کینه مه‌حه‌مه‌دی و مه‌حه‌به‌ت مه‌حمودی " و
کێ و کێ وه‌ک یه‌کن؟ ئایا "فه‌رهاد وه‌کیلی و
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و عه‌لی حه‌یده‌ریان" له گه‌ڵ
" مه‌شهه‌دی حوسێن قوڵی" دز و چه‌ته و
کۆنه‌پاسدار که مه‌حکوم به ئێعدام بووه ده‌بێ
به یه‌ک چاو، چاو لێ بکرێن؟ ئایا "مه‌تین
ئه‌رجان" که له ژێر شکه‌نجه دا بۆ ئه‌وه‌ی
گیانی ده‌یان که‌س بپارێزێت زمانی خۆی ده‌قرتێنێ،
یان ئه‌و زیندانیه کوردانه‌ی که ساڵی 2009
نزیکه‌ی 47 ڕۆژ مانیان له خواردن گرت، له گه‌ڵ
که‌سانێک که چه‌کیان کێشاوه و پووڵی خه‌ڵکیان
خواردووه و کڵاوی عیسایان له سه‌ر مووسا ناوه
به‌رامبه‌رن و له یه‌ک ئاست دان؟! بێگومان له
باری مافه‌کانی مرۆڤ و پێوانه‌کانی حقوقییه
هه‌موو به‌رابه‌رن و ده‌بێ مافی ژیان و ئازادی و
گه‌لێک شتی دیکه‌یان وه‌ک یه‌ک بێت و له
به‌رامبه‌ر شکه‌نجه کران و حوکمی ئێعدامی
ئه‌وانیش ناڕه‌زایه‌تی نیشان بدرێت. به‌ڵام له
باری شه‌خسیه‌تی و که‌سایه‌تییه‌وه
جیاوازیه‌کانیان عه‌رز تا ئاسمانه.
باسه‌که لێره دا له سه‌ر ئه‌وه نییه که نابێ
دیفاع له گیانی زیندانیانی ناسیاسی بکرێت نا.
ده‌بێ به‌رگریان لێ بکرێت. به‌ڵام پێویسته ئه‌و
کاره له دوو خانه‌ی جیاواز دابکرێت و له یه‌ک
ته‌رازوو نه‌خرێن. واتا پێویسته که‌مپینی زیندانی
سیاسی مه‌حکوم به ئێعدامی کورد و گیراوی تاوانه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی مه‌حکوم به ئێعدام له یه‌کتر
جوودا بکرێنه‌وه. هاوکات ئه‌وه‌شمان له بیر بێت
که ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت ناوی هه‌موو زیندانیانی
کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌حکوم به ئێعدام له ئێران دا
بنووسین و که‌مپینیان بۆ ساز بکه‌ین، ته‌نیا ئه‌و
چه‌ند ژنه‌ی له وێنه‌ی "سه‌کینه مه‌حه‌مه‌دی"
ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو به هه‌زاران گیراوی دیکه‌ش
له خۆ ده‌گرێت. چوونکه ڕۆژ و شه‌و و ساعه‌ت و
چرکه نییه که له ئێران دا جه‌نایه‌ت و ڕووداوی
خراپی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕوونه‌دات ( هه‌ڵبه‌ت له
سایه‌ی سه‌ری ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئابووری و کولتوری
و حکومه‌تیه‌ی که به سه‌ر ئێران دا زاڵه). له
راستی دا به‌شێک له‌وانه‌ش شایانی سزادانن و ناکرێ
ئازاد بکرێن (هه‌ڵبه‌ت ناشبێ هیچ که‌س به هه‌ر
تاوانێک که هه‌یه‌تی ئێعدام یان شکه‌نجه بکرێت).
سه‌رنج ڕاکێشه که به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئێران
نه ته‌نیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌سایه‌تی زیندانیانی
سیاسی تێک بشکێنن و له گه‌ڵ دز و چه‌قۆکێش و قاتڵ
و فاسید له یه‌ک ڕیزیان دابنێن، به‌ڵکوو هاوکات
حاشا له هه‌بوونی زیندانی سیاسی له ئێران‌دا
ده‌که‌ن و زۆر بێ شه‌رمانه ده‌ڵێن که له ئێران
دا زیندانی سیاسیان نییه! به‌ڵام با له خۆمان
بپرسین: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسی بوون بۆ ڕژیمی
ئێران هێنده هه‌ستیار نه‌با، ئایا به‌م جۆره
حاشای له زیندانی سیاسی ده‌کرد؟ ده‌وڵه‌ت نه
ته‌نیا حاشا له زیندانی سیاسی ده‌کات، به‌ڵکوو
زیادتر له زیندانیانی دیکه شکه‌نجه‌یان ده‌کات،
و له به‌ر چاوی ئه‌وان پوه‌ن ده‌دات به زیندانی
ناسیاسی. نموونه‌ی ئه‌مه‌ش نه‌دانی مافی موروخه‌سی
به زیندانیانی سیاسی وه‌ک فه‌رزاد که‌مانگه‌ر بوو
که له دوای گیرانی ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕۆژیش
نه‌یتوانی به موره‌خه‌سی له زیندان بێته ده‌ر.
ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه که مرۆڤی قاتڵ و تریاک
فرۆش گه‌لێک جاران مافی موره‌خه‌سی له زیندانی پێ
ده‌درێت !
ئێستا ئێمه ناوی نزیکه‌ی بیست زیندانی سیاسی
کوردمان هه‌یه که ده‌توانن ببنه سه‌مبول، هه‌ر
وه‌ک چۆن فه‌رهاد و فه‌رزاد و عه‌لی و شیرین بوون.
هه‌ر کام له‌وان ده‌بێ ناوی ناودێر بێت و وێنه و
نووسراوه و ده‌نگ و باسیان به‌رده‌وام بڵاو
بکڕێته‌وه. که‌چی به‌شێک له ئه‌حزاب و
ڕاگه‌یاندنه‌کانی کوردی نه ته‌نیا له‌و بواره‌وه
تووشی که‌م کاری هاتوون، بگره به تێکه‌ڵ کردنی
وێنه‌ی ئه‌وان له گه‌ڵ گیراوانی تاوانه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و له یه‌ک ئاست دانانیان،
خه‌ریکن ( به شێوه‌ی دوژمن ) له‌تمه له
که‌سایه‌تیان ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر به راستی گیانی
زیندانیانی سیاسی کورد بۆ پارت و ڕێکخستنه‌کان و
تاکه‌کانی کورد و ئازادیخوازان گرینگه، پێویسته
ڕێز له ئاستی که‌سایه‌تی ئه‌وانیش بگرن و هاوکات
بۆ به‌رگری کردن له‌وان چالاک‌تر بن. ڕێپێوانیان بۆ
بکه‌ن، ماڵپه‌ڕیان بۆ ساز بکه‌ن، به‌رده‌وام ناو و
ده‌نگ و باسیان بده‌ن به ڕێکخراوه‌کانی
ناونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ و فشار بۆ هه‌موو
لایه‌نێک بێنن. ( کارگه‌لێک که مه‌خابن زۆر به
که‌می و لاوازی کراوه) . ئه‌گه‌ریش هێنده خۆیان
پێ چالاکه و دایره‌ی مرۆڤ په‌روه‌ریان زۆر
زیادتره له مه‌سایلی سیاسی کوردستان و
ده‌یانهه‌وێ به‌رگری له گیانی زیندانیانی تاوانه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی هه‌موو ئێران بکه‌ن، با
که‌مپینی تایبه‌ت و جیاواز بۆ ئه‌وانیش ساز بکه‌ن.
ئه‌گینا هۆکاری چییه که ناو و که‌سایه‌تی
زیندانی مه‌حکوم به ئێعدامی چه‌ته و ڕێگر و
مۆرفین فرۆش که تا دوێنێ خوێنی خه‌ڵکیان مشتووه
له گه‌ڵ مرۆڤه سێمبۆلیک و شۆڕشگه‌ره‌کانی ئێمه
که بۆ داهاتووی ڕوونی منداڵانی وڵاته‌که‌مان
گیانی خۆیان خستووه‌ته مه‌ترسی ، تێکه‌ڵ بکرێن؟
من وه‌ک شه‌خسی خۆم گومانێکی زۆرم له‌و ڕووداوه
هه‌یه و هه‌ست ده‌که‌م ده‌ستی پیلانێکی کۆماری
ئیسلامی له پشت ئه‌و کاره دا هه‌یه یانیش له
ڕووی نه‌زانییه‌وه ده‌کرێت
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|