|
دوایین ساته‌کانی ژیانی فریشته‌یه‌ک
شێرکۆ جیهانی
ناوی من ڕۆژینایه. حه‌فتا و پێنج ساڵم ته‌مه‌نه.
سێ کوڕ و دوو کچ و سێزده نه‌وه‌م هه‌یه. ئه‌مڕۆ
ڕۆژی هه‌ینیه و نه‌وه‌کانم هاتوونه لام.
هه‌موویان ده‌وره‌یان داوم و داوای حه‌کایه‌تم لێ
ده‌که‌ن و ئێجگاریش به پرسیارن. ته‌نیا یه‌کێک
له نه‌وه‌کانم خه‌ریکی کایی کردنه به کامپیوتێر.
_
دایه گه‌وره حه‌کایه‌تێکمان بۆ بگێڕه‌وه
!
_
له‌و حه‌کایه‌تانه‌مان بۆ بڵێ که باسی دێ‌و و
فریشته‌یان تێ دایه.
_
به چاوان ڕۆڵه‌کانم، به چاوان. به‌ڵام له پێشدا
پێم بڵێن بزانم، ئێوه ده‌زانن فریشته کێ یه؟!
چکۆڵه‌ترین نه‌وه وڵامم ده‌داته‌وه:
_
دایه گه‌وره. فریشته ئه‌و کچه جوانانه‌ن که
باڵیان هه‌یه و له ئاسمان ده‌ژین.
_
ئافه‌رین، ئافه‌رین، به‌ڵام له راستیدا هه‌ر
که‌سێک که پاک بێت فریشته‌یه. فریشته یانی پاک،
ئێوه‌ش فریشته‌ن.
بۆ چرکه‌یه‌ک منداڵه‌کان به سه‌رسوڕمان و
پێکه‌نینه‌وه چاوێکیان له ڕووخساری یه‌کتر کرد.
_
دایه گه‌وره، تکایه ده‌ست پێ بکه.
_
وه‌رن له ده‌ورم کۆ ببنه‌وه. ساکار ئه‌وتۆش
وه‌ره. ئه‌و کامپیوتێڕه‌ی بکووژێنه‌وه.
ساکار زۆرتر کایی کامپیوتێڕی پێ خۆشه و گوێی له
ده‌نگی من نییه، یان شایه‌دیش به ئانقه‌ست خۆی
له نه‌زانی داوه. گه‌وره‌ترین نه‌وه‌م، ئارێز،
بیست و یه‌ک ساڵیه‌تی و قووتابی زانکۆی
فه‌لسه‌فه‌یه، هه‌ڵده‌ستێت و کامپیوتێڕه‌که‌ی لێ
ده‌کووژێنێته‌وه.
ئێستا نه‌وه‌کانم به گشتی له ده‌وری من کۆ
بوونه‌وه‌ته:
_
ڕۆڵه‌کانم، نزیکه‌ی په‌نجا و پێنج ساڵ له‌مه‌و
پێش، له قووڵایی چیا به‌رزه‌کان و له گوندێکی
دوور هه‌ڵکه‌وتوو، کچێکی چاوکاڵی جوان له ناو
بنه‌ماڵه‌یه‌کی ڕه‌عیه‌ت و هه‌ژار ده‌ژیا. ئه‌م
کچه ده‌بوایه هه‌موو ڕۆژێ نانی بۆ ماڵی ئه‌رباب
ساز کردبا و له به‌یانیه‌وه تا شه‌وێ له متبه‌ق
کاری ده‌کرد. وه‌رزی پاییز بوو، له ناو ته‌م و
مژی دارستان، گه‌ڵا زه‌رده‌کان دانه‌دانه ده‌ورین
و قژی زه‌ردی کیژۆڵه‌که‌ش له نزیک ئاگر بۆنی
بارانی لێده‌هات. کیژی چاوکاڵ، به جه‌سته‌یه‌کی
خووساو له ژێر بارانه‌وه هاتبووه ناو متبه‌ق و
وه‌ک هه‌موو ڕۆژانی پێشوو، ده‌ستی به کار
کردبوو. ده‌سته ناسکه‌کانی وه‌ک جلوبه‌رگی به‌ری
پینه پینه بوون و کوڵمه خڕه‌کانی له به‌ر تینی
کووره‌که، خه‌ریک بوون سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕان.
خاتوون ژنی ئه‌رباب، به نێوچاوانێکی تووڕه‌وه
لێی هاته ژوورێ و به‌سه‌ر سه‌ریدا گوڕاندی:
_
خێراکه، ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێک میوانمان هه‌یه. ده‌بێ
تا دوو- سێ کاتژمێری دیکه هه‌موو نانه‌کانت کرد
بێت
!
دواتر به په‌له و به بێ ئه‌وه‌ی که گوێ له
وڵامێک ڕاگرێت، ڕۆیشته ده‌رێ و ده‌رگه‌ی به
توندی داخست. به‌و حاڵه‌ش کچی هه‌ژار سه‌ری داخست
و له سه‌ره خۆ وڵامی داوه:
_
به چاوان.
چاوه‌کانی به ڕاده‌یه‌ک جوان بوون، که ئه‌گه‌ر
سه‌یرت کردبان، کۆلکه‌زێڕێنه‌ت له ناویان دا
ده‌دیت. کۆلکه زێڕینه‌ی پاش باران، یان شایه‌دیش
په‌ڕه‌کانی تاووس بوون که به ئاوی فرمێسک
ده‌بریقانه‌وه. به‌رده‌وام کاری ده‌کرد: هه‌ویری
پان ده‌کرده‌وه و له ناو کووره‌ی ئاگری
ده‌هاویشت و دواتر به په‌نجه، دانه دانه
نانه‌کانی ده‌رده‌هێنایه‌وه.
تازه فرمێسکی دوویه‌م به گۆنای دا ده‌هاته
خوار، که له ناکاو گوێی له ده‌نگێک بوو:
_
هۆ کچی جوان، ماندوو نه‌بی
!
كیژی چاوکاڵ به‌ره‌و ده‌ور و به‌ری خۆی ڕوانی،
به‌ڵام هیچ شتێکی نه‌دیت. به سه‌رسووڕمانه‌وه
گوتی:
_
ئه‌و ده‌نگه له کوێوه هات؟!
هه‌ر له‌و کاته دا ده‌یان فریشته له پێش چاوی
وه‌دیار که‌وتن. هه‌ر چوار ده‌وری فریشته بوو،
باڵه‌کانیان ڕه‌نگین و ده‌م و چاویان ده‌تگووت به
نیگار کێشراوه‌ته‌وه.
کیژی چاوکاڵ هێندێک ترسا بوو:
_
ئێوه کێن ؟!
مه‌له‌که‌ی فریشته‌کان گوتی:
_
مه‌ترسێ، ئێمه فریشته‌ین.
_
نا... نا... باوه‌ڕ ناکه‌م... فریشته؟! ئێوه
فریشته‌ن ؟! لێره چ ده‌که‌ن ؟!
_
باوه‌ڕکه ئێمه فریشته‌ین. من مه‌له‌که‌ی
فریشته‌کانم و هاتووم مزگێنیه‌کت پێ بده‌م. ئێمه
چه‌ندین ساڵه ده‌مانهه‌وێت له سه‌ر زه‌وی
مرۆڤه‌کان، کچێکی جوان بۆ شازاده‌ی کوڕم
هه‌ڵبژێرین، ئێستاش تۆمان په‌سه‌ند کردووه. حازری
بێی ؟! ئێمه تۆ ده‌که‌ین به مه‌له‌کی دوا ڕۆژی
ئاسمان. له گه‌ڵمان دێی ؟!
کیژی چاوکاڵ زمانی تێکه‌ڵ ده‌هات و به لێک پچڕاوی
قسه‌ی ده‌کرد:
_
ئاخر ئه‌من ده‌بێ تا دوو- سێ کاتژمێری دیکه
هه‌موو نانه‌کانم کرد بێت، ده‌نا خاتوون لێم
تووڕه ده‌بێت.
_
ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ ئێمه بێی، ئیتر کارێکت به
خاتوون نابێت.
_
ئه‌دی دایک و باوکم ؟!
_
ئه‌وانیش دواتر ده‌هێنین.
کیژی چاوکاڵ هێندێکی بیر کرده‌وه، پاش بڕێک
بێده‌نگی، چاوێکی له مه‌له‌که کرد و گوتی:
_
باشه من دێم. من ده‌مهه‌وێ بتانناسم. به‌ڵام
ئه‌گه‌ر دوایه ویستم بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر زه‌وی چی
؟!
_
ئێمه تۆ ده‌به‌ینه به‌هه‌شتێک که هه‌رگیز لێی
په‌شیمان نابیته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش دڵنیاین که
ناگه‌ڕێیته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستت،
ده‌تهێنینه‌وه.
_
باشه من دێم. ئه‌من دێم.
هه‌ر له‌و کاته دا دوو باڵی ڕه‌نگین و گه‌وره
له پشتی کچی جوان هاتنه ده‌رێ. فریشته‌کان، جل و
به‌رگێکی سپی و ڕازاوه‌یان له به‌ر کرد و به‌م جل
و به‌رگانه‌وه له مه‌له‌که‌ی فریشته‌کانیش
جوانتر بوو.
کیژی چاوکاڵ له گه‌ڵ فریشته‌کانی تر به‌ره‌و
ئاسمان هه‌ڵفڕی. کاتێک گه‌یشته ناو هه‌وره‌کان،
کۆشکێکی گه‌وره‌ی دیت. فریشته‌کانی دیکه‌ی ئاسمان،
گوڵیان به سه‌ر دا ده‌باراند. هه‌موو شوێنێک
هه‌ر گوڵ بوو. له هه‌ر لایه‌وه بۆنی گوڵ و عه‌تر
ده‌هات.
شازاده‌ی سه‌رزه‌وی ئاسمان، به فایتوونێک له
گوڵه سێحراویه‌کان که ئه‌سپه‌کانی باڵدار
ڕایانده‌کێشا، هاته پێشوازیان. له فایتونه‌که
دابه‌زی. شازاده‌یه‌کی جوان بوو. پرچی زه‌رد و
نه‌رم، شمشێرێکی زێڕینی له که‌مه‌ر و شێنێلێکی
سه‌وزی به شانه‌وه بوو. به هێمنی ده‌ستی
ده‌ستی کیژی چاوکاڵی گرت و له پێشی دا چۆکی
داکوتا
:
_
به خێر بێی
!
به یه‌که‌وه سواری کالیسکه بوون و به‌ره‌و
کۆشکی بلوورینی ناو هه‌وره‌کان وه‌ڕێ که‌وتن.
شازاده و کیژی چاوکاڵ چوونه ناو وتاغێکی زۆر
گه‌وره.
شازاده گووتی:
_
ئه‌وه‌ش ژووری ئێمه‌یه.
چاوکاڵ به سه‌ر سووڕمانه‌وه سه‌یری وتاغه‌که‌ی
کرد. هه‌موو شوێنێک ده‌دره‌وشایه‌وه: ته‌ختی
خه‌وی بلوورین، تابڵۆکان، گوڵدانه‌کان...
په‌یکه‌ره‌ی مو‌سا له کاتی بیرکردنه‌وه، له
شاکاره‌کانی " میکێل ئانژ "، له نێوه‌ڕاستی
ژووره‌که بوو. تابڵۆکانی " ساڵڤادۆڕ دالی " و "
داوینچی " به‌دیواره‌وه بوون: "زه‌رده‌خه‌نه‌ی
ژیکۆند" و "دواترین شامی مه‌سیح". ته‌نانه‌ت
وێنه‌ی " گاندی " و " ئانتوان چێخۆف " به
دیواره‌کانه‌وه ده‌بیندران.
میوانی تازه هاتوو، هیچ کام له‌وانه‌ی
نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام له به‌ر خۆیه‌وه گووتی:
"
به ڕاستی ئه‌و شتانه سه‌ر سووڕهێنه‌ر و
ئاسمانین. فریشته‌کان، شتی سه‌یر ده‌خووڵقێنین
! "
شازاده ده‌ستی ڕاکێشا و له سه‌رسه‌نده‌ڵییه‌ک
داینیشاند. کیژی چاوکاڵ گوتی:
_
من هێشتا مێردم به تۆ نه‌کردووه. ئاخر ئێمه
هێشتا به باشی یه‌کتر نناسین. تۆ مه‌زنی،
ده‌وڵه‌مه‌ند و جوانی، به‌ڵام من، کچێکی هه‌ژارم
!
شازاده گوتی:
_
نا، له‌مڕۆ به دواوه تۆ خاتوونی ئه‌م ئاسمانه‌ی
!
کیژی چاوکاڵ گوتی:
_
ئه‌دی دایک و باوکم چی ؟!
_
دایک و باوکی تۆ له کوێن ؟!
_
ئه‌وان له مه‌زرایه خه‌ریکی کار کردنن. زۆر
پیرن، به‌م ته‌مه‌نه زۆره‌وه، پێمه‌ڕه‌یان به
ده‌سته‌وه گرتووه و له ژێر تاوی گه‌رم و له
به‌ر با و باران، به‌رده‌وام ده‌بێ دابێنه‌وه و
له سه‌ر زه‌وی ئه‌رباب کار بکه‌ن.
شازاده په‌شۆکا، به خه‌مگینیه‌وه گوتی:
_
زۆر به داخم.
کیژی چاوکاڵ درێژه‌ی به قسه‌کانی دا:
_
ئه‌دی تۆ ناتهه‌وێ بزانی ئه‌من کێم ؟! من به
خۆیشم بن ده‌ستی ئه‌و ئه‌ربابانه‌م. له
به‌یانییه‌وه تا شه‌وێ له ماڵی ئه‌رباب کار
ده‌که‌م، نانیان بۆ ساز ده‌که‌م و ژووره‌کانیان
خاوێن ده‌که‌مه‌وه، ئێمه هه‌میشه ماندوو و
برسین. ته‌نیا شه‌وانه، کاتێک ده‌چمه‌وه ماڵێ
ده‌توانم دایکم و باوکی پیرم ببینم. له سه‌ر
سفره به یه‌که‌وه داده‌نیشین و نانێکی ڕه‌ق و
په‌نیرێکی کۆن ده‌خۆین.
شازاده جارێکی دیکه به په‌رێشانیه‌وه دووپاتی
کرده‌وه:
_
زۆر به داخم.
_
ئه‌و جار زانیت ئه‌من کێم؟! ئه‌من بۆ فریشته بوون
نابم. تۆ به‌م حاڵه‌ش حازری ئه‌من بکه‌ی به
هاوسه‌ری خۆت ؟!
هه‌ر له‌و کاته دا پادشای سه‌رزه‌وی فریشته‌کان
له ده‌رگه‌ی دا و هاته ژوورێ. شازاده و کیژی
چاوکاڵ به یه‌که‌وه هه‌ستان. پادشا چووه لایان
و به پێکه‌نینه‌وه ده‌م و چاوی کیژی چاوکاڵی ماچ
کرد و گوتی:
_
ده‌ی، که‌نگێ ئاڵقه‌ی ده‌زگیرانی له ده‌ستی
یه‌کتر ده‌که‌ن. با جه‌ژنێکی گه‌وره ساز بکه‌ین.
شازاده ئاڵقه‌یه‌کی له ده‌ستی ده‌رهێنا و گوتی:
_
من به هه‌ر حاڵ ئاماده‌م له گه‌ڵ تۆ دا
زه‌ماوه‌ندێ بکه‌م.
کیژی چاوکاڵ بزه‌یه‌کی هاتێ و له خۆشیان
چاوه‌کانی پڕ بوون له ئاو. هه‌ر له‌و کاته دا
شازاده ده‌ستی کیژی چاوکاڵی ڕاکێشا و ئاڵقه‌که‌ی
له قامکی کرد. له ناکاو ژانێکی زۆر ته‌واوی
قامکه‌کانی ده‌ستی داگرت. کیژی چاوکاڵ به تووندی
ده‌ستی بۆ دوایه کێشایه‌وه و به ته‌واوی
هێزه‌وه قیرژاندی... هه‌ر له‌و کاته دا ده‌رگای
متبه‌ق کرایه‌وه و خزمه‌تکاره‌کان و خاتوونی ژنی
ئه‌رباب هاتنه ژوورێ.
خاتوون به تووڕه‌یی ده‌نگی هه‌ڵێنا:
_
چ بووه ؟!
کیژی چاوکاڵ به چاوه‌کانی پڕ له فڕمێسک، سه‌یری
ده‌موچاوی گرژی خاتوونی کرد و ده‌سته
سووتاوه‌کانی پێ نیشان دا
:
ده‌سته‌کانی
کیژی چاوکاڵ به ئاگری ته‌ندووره‌که سوتا بوون.
هه‌ر له‌و کاته دا خاتوون ده‌ستی کرد به قاقا
لێدان، کچه خزمه‌تکاره‌کانی دیکه‌ش له گه‌ڵ ئه‌و
دا پێکه‌نین. به‌ڵام کیژی چاوکاڵ، دڵۆپ دڵۆپ
فڕمێسکه‌کانی ده‌تکایه ناو ئاگره‌که و چززه‌یان
لێوه ده‌هات.
*
یه‌کێک له نه‌وه‌کانم لێم ده‌پرسێ:
_
دایه گه‌وره، ده‌سته‌کانی تۆ به چی سووتاون ؟!
به‌ڵام من هیچ وڵامێکم پێ نادرێته‌وه.
نه‌وه‌کانم به ماتیه‌وه سه‌یری من ده‌که‌ن و
منیش دوایین هه‌ناسه‌کانی ژیانم هه‌ڵده‌کێشم.
1999
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|