تکایه‌ که‌س له‌گه‌ل ‌گیڤارا به‌راورد مه‌که‌ن

گیرو گرفته‌کانی جیهان بواری ئه‌وه‌ ناده‌ن من به‌زیندویی بمێنمه‌وه‌ ( ئێرنه‌ستۆ گیڤارا)

ده‌شێ و گومانم نی‌یه‌ ،گه‌لی کورد هه‌زاران گیڤارای له‌شۆڕشه‌کاندا  له‌ده‌ست دابێ ،ده‌شێ و گومانم نی یه‌ هه‌نوکه‌ش هه‌زاران گیڤارا له‌ناو گه‌له‌که‌مدا خه‌ونی ئازادیان هه‌بێت. لێ زیندوه‌به‌ناو شۆڕشگێڕه‌کان وایاین لێمان کردوه‌ گومانمان له‌شه‌هیدانیش بێت. من زۆرجاران بیر ده‌که‌مه‌وه ‌ده‌ڵێم ڕه‌نگه‌ گومان بوون له‌شه‌هیدان  هه‌ڵه‌ بێت و نابێت ئێمه‌گومانمان له‌و قاره‌مانانه‌بێت. که‌چی بێ په‌روا ئه‌وپرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئه‌ی ئه‌وه‌نی‌یه‌ له‌پشتی هه‌موو به‌رپرسێکه‌وه‌ وێنه‌ی شه‌هیدێکی هاوڕێی هه‌یه‌. به‌ڵام کاره‌کانی ئه‌و به‌ر پرسه ‌دژ به‌په‌یامی هاوسه‌نگه‌ره‌ شه‌هیده‌که‌یه‌تی؟

 ئێمه‌گه‌لێکین هه‌میشه ‌بۆ ناوی حازر ده‌گه‌ڕێین. وه‌ک چۆن هه‌ڵه‌بجه‌مان به‌راورد ده‌کرد له‌گه‌ڵ هێرۆشیمادا و که‌رکوک له‌گه‌ڵ قودس! به‌وه‌شه‌وه ‌ناوه‌ستین سه‌رکرده‌کان ده‌که‌ینه‌ ماندێلا و گیڤارا و گاندی و هۆشیمین و کێ و کێ.

 له‌م بابه‌ته‌دا من ده‌خوازم باس له‌که‌سایه‌تی گیڤارابکه‌م  و ئه‌و پرسیاره‌ بکه‌م داخۆ که‌سێکی کورد هه‌یه ‌تاکو هه‌نوکه‌ وه‌ک گیڤارابێت؟ یان گیڤارا له‌و بچێت ؟ گیڤارا ده‌ڵێت: "هیچ سه‌رمایه‌یه‌کم بۆ منداڵه‌کانم جێ نه‌هێشتوه‌و له‌و کاره‌شم په‌شیمان نیم". گیڤارا دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کووبا و وه‌رگرتنی پۆستی  وه‌زیری پیشه‌سازی  بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئیمپریالیزم  و شۆڕشی نوێ و به‌رده‌وامی خه‌بات ده‌ستی له‌وکاره‌ کێشایه‌وه‌ و له‌پێناو پره‌نسیپ و باوه‌ڕدا، کوبای به‌جێ هێشت. مردنی نه‌مری هه‌ڵبژارد له‌کاتێکدا ‌ده‌یتوانی هه‌رنه‌بێ به‌پیری و له‌سه‌ر جێگه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌ست دانێ. زیادبوونی سه‌رسام بوون به‌گیڤارا له‌دوای مردنه‌که‌‌یه‌تی. گیڤارا ئه‌و مرۆڤه‌ی دوژمنه‌کانیشی پێ ی سه‌رسام بوون ،  سه‌رسام بوون به‌گیڤارا  تاڕاده‌یه‌ک گه‌شتۆته‌ئاست و پله‌ی   په‌رستن ، له‌چ شه‌قامێکدا ڕێپێوان هه‌بێت وێنه‌یه‌کی گیڤارا  به‌ده‌ر ناکه‌وێت ، تاک و هه‌نوکه ‌نه‌مان بیستوه ‌مردوویه‌ک چیرۆک و به‌سه‌رهاتمان بۆ بگێڕێته‌وه‌، لێ گیڤارا ڕامان ده‌کێشی بۆ ده‌یان چیرۆکی پڕ سه‌روه‌ری و وێنه‌که‌ی فێرمان ده‌کات و پرسیار گه‌لێکمان لادروست ده‌کات  هه‌موومان له‌ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌کاته‌وه‌و پێمان ده‌ڵێ نابێ بهێڵێن  ئیمپریالیزم و جاشه‌کانی  پشوو بدات ،  ئه‌گه‌ر چی په‌رستنی مرۆڤ له‌ڕیاکاری و گه‌مژه‌ی به‌ده‌ر نی یه .‌لێ گیڤارا  قه‌ت خواستیاری ئه‌وه‌نه‌بوه‌ئاوا سنوره ‌ده‌ست کرده‌کان بشکێنێ و وێنه‌که‌ی ببێته‌هیواو به‌سه‌ر نه‌داراندا  په‌خش کرێته‌وه‌  وله‌شه‌قام و سه‌نگه‌ره‌کاندا  له‌پێشه‌وه‌بێت ،ساڵی 1991 که‌له‌شاری  ئه‌سینای پایته‌ختی گرێک له‌ند بووم (جۆرج بۆشی باوک) هات بۆ ئه‌وێ  گرێکێکان  ئه‌وشاره‌یان سوتاند  . له‌هه‌موو جێگه‌یه‌ک به‌ده‌ست سه‌دان پیرو لاوه‌وه ‌وێنه‌ی گیڤارام ده‌دی  ،ئاخر من به‌بێ ئه‌وه‌ی زمان بزانم نه‌م توانی تێکه‌ڵی ئه‌و  خه‌ڵکه  توڕه‌یه‌نه‌بم  که‌ده‌یان زانی ئه‌و میوانه‌ ناوه‌خته‌یان جگه‌له‌به‌ڵا هیچی تریان بۆ به‌رهه‌م ناهێنێ  ،بۆشی باوک وێنه‌یه‌کی  له‌گه‌ڵ (میچۆ تاشی) سه‌رۆک وه‌زیردا گرت له(‌ئه‌کرۆ پۆلیس) و به‌خێرای ڕۆی و گرێکله‌ندی جێ هێشت  .گیڤارا خۆی له‌وێ نه‌بوو ئه‌وه‌ڕۆحی ئه‌و پیاوه‌گه‌وره‌یه‌بوو  له‌پێشی پێشه‌وه‌ی هه‌موو ڕاپه‌ڕوه‌کانه‌وه‌بوو ،ئیتر  گیڤارا بۆ من بووه‌ئازیز ترین که‌س و به‌دڵ خۆشم ویست ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم من له‌مێژبوو ئه‌و که‌سه‌ مه‌زنه‌م  ناسیبوو له‌ڕێگه‌ی نامیلکه‌ قاچاغه‌کانی شۆڕشه‌وه‌  ، ئه‌و ته‌مه‌نی پانزه‌ساڵ بوو کاتێک له‌ئه‌رجه‌نتین هاوڕێ قوتابیه‌کانی  ده‌یانه‌وێ ڕێپێوانێ بکه‌ن  و به‌گیڤارا  ده‌ڵێن که‌به‌شداربێت له‌گه‌ڵیانا له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ ( دابه‌زینه‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بوار به‌پیاوانی پۆلیس بده‌ین به‌کوته‌کانیانی ده‌ستیان دامان پڵۆسن ؟ بێئه‌وه‌ی ئێمه‌هیچ شتێ بکه‌ین    به‌ڵێ خۆپیشان دان ده‌که‌م ، به‌ڵام وه‌ختێک ده‌یکه‌م که‌تفه‌نگێ له‌مشتما بێت )  ئه‌گه‌ر چی زۆر که‌س بڕوای وایه‌سه‌ر ده‌می گیڤارا به‌سه‌ر چوه . ‌به‌ڵام  گیڤارا ئه‌و که‌سایه‌تی یه‌یه ‌تا ژیان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا هه‌بێت ئه‌ویش ده‌ژی و هه‌وێنی هیواو شۆڕشه‌، نه‌ته‌کنه‌لۆژیا و نه‌بانگه‌وازی به‌ناو دیمکراسی و جیهانگیری و  دنیا بوون به‌گونێک ناتوانێ  گیڤارا  له‌بیر خه‌ڵک بباته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی  سیسته‌ماتیک کار ده‌کرێ بۆ لێدانی که‌سایه‌تی گیڤارا دواجار به‌پیاوکوژ و دڕنده‌یان له‌قه‌ڵه‌م دا چونکه‌هیچ وه‌ختێک له‌جاسوسێک خائینێک  نه‌ده‌بوراو سزای شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌دا به‌سه‌ریاندا ، و له‌هیچ له‌و کارانه‌شی ژوان نه‌بۆته‌وه‌، گیڤارا زاده‌ی پێویستی یه‌کی مێژووی نه‌بوو  به‌ڵک و شۆڕشگێڕێک بوو ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد که‌به‌و چه‌شنه‌بێت ، سارته‌ر  ووتی  (گیڤارا  کامڵترین پیاوی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیه‌تی  )  ئاخر گیڤارا ته‌نها 39 ساڵ ژیا   قه‌ت خواستیاری ئه‌وه‌نه‌بوو  پیربێت و  به‌گومانه‌وه ‌بمرێت . ئاخر که‌سمان ناتوانین له‌خه‌یاڵماندا وێنه‌یه‌کی پیری گیڤارا  بکێشین  چونکه‌ ئه‌و  باوه‌ڕی به‌وه‌ستان نه‌بوو ئه‌و به‌مردویش  سیفه‌تی ژیانه‌وه‌ی تیا یه‌، خوێنه‌ری ئه‌زیز به‌هیوام ئیتر له‌وه‌بگه‌ین که‌بۆچی  که‌س به‌گیڤارا  به‌راورد نه‌که‌ین  ، بائه‌و که‌ڵچه‌ره‌ فێر بین که‌سه‌کان به‌که‌سی تر به‌راورد نه‌که‌ین   ،ناوه‌کان وه‌ک خۆیان تۆمار که‌ین ، وه‌ک چۆن ناتوانین بڵێین هێرۆ شیماو ناکازاکی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، قودسیش هیچی له‌که‌رکوک ناچێ  ،ئه‌وه‌ڕۆحی گیڤاراشه‌ پێمان ده‌ڵێ من له‌که‌س ناچم  ،به‌ڵام ده‌کارن کرده‌وه‌تان وه‌ک من بێت وه‌ک من بیربکه‌نه‌وه‌ ،چۆن به‌جه‌لاده‌که‌ی ووت( ته‌قه‌ بکه‌ من نه‌ له‌ئێوه‌ نه‌له‌مردن ناترسم ).

  ئه‌گه‌ر چی هه‌موو ڕوداوه‌کان به‌خێرایه‌کی ترسناک ده‌ڕۆن به‌ڵام سه‌رده‌می گیڤارا قه‌ت به‌سه‌ر ناچێ تاک و چه‌وسانه‌وه‌هه‌بێت له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه‌دا  گیڤارا له‌پێشی پێشه‌وه‌ی هه‌موو ڕاپه‌ڕینێکه ‌دژ به‌چه‌وسانه‌وه‌ وێنه‌که‌یتان نه‌دی له‌شاره‌کانی تون.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌  هه‌موو ئه‌و جاشه‌ کوبایه‌ی  به‌شداریش بووله‌ دیل کردنی گیڤارادا  شانازی ده‌کات و وێنه‌که‌ی که‌ به‌رله‌شه‌هید بوونی گرتوێتی له‌ته‌کیدا له‌ماڵه‌که‌یدا له‌مه‌یامی هه‌ڵی واسیوه‌   و ئه‌وانیش به‌بۆنه‌ی گه‌وره‌ی گیڤاراوه‌ ناسراون به‌ڵام چۆن ناسینێک؟

لێره‌دا   ئه‌وه‌ستین  و دوو نامه‌‌ی گیڤارا  ده‌نوسینه‌وه‌ که‌ بۆ منداڵه‌کانی و دایک و باوکی نوسیوه‌ به‌ر له‌چونی بۆ پۆلیڤیاو به‌جی هێشتنی  پۆستی وه‌زیری ،   له‌کتێبی (خه‌ونه‌کانم بێسنورن) وه‌رمان گرتوه‌ 

بۆ منداڵه‌کانم !  (1)

ئازیزان: ئیلدینا، کامیلیۆ، سیلیا، ئێرنه‌ستۆ!

گه‌ر توانیتان ڕۆژێک له‌ڕۆژان ئه‌م نامه‌یه‌ بخوێنه‌وه‌، هۆیه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌من نه‌م توانی له‌نێوانتادابم . ئه‌و یادگاریانه‌ی که‌ده‌رباره‌ی من له‌بیرتانه‌، به‌ته‌مه‌ن بچوکیتان به‌ته‌واوی منی بیر ده‌چێته‌وه‌. ده‌زانن باوکتان ئه‌و مرۆڤه‌بوو که‌به‌جۆرێک ڕه‌فتاری ده‌کرد ڕه‌فتاره‌کانی خزمه‌تی بۆچونه‌کانی بکه‌ن و، به‌بێ هیچ گومانێکیش  به‌گوێره‌ی باوه‌ڕه‌کانی خۆی ده‌ژیا. چونکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌شۆڕشێڕگه‌لی باش پێویسته‌ له‌سه‌رتان زۆر فێر بن تافێری ئه‌و تاکتیکه‌ بن که‌ده‌رفه‌تی تێگه‌یشتن له‌سروشت و کارتێکردنیتان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت . ئه‌وشته‌تان له‌یاد بێت که‌گرنگترین شت له‌ژیاندا شۆڕشه‌. هه‌موو یه‌کێکیش له‌ئێمه‌ به‌ته‌نها هیچ به‌هایه‌کی نی یه‌ ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌  توانای هه‌ستکردنتان به‌ناداتپه‌روه‌ری ،گه‌ر ناداتپه‌روه‌ریه‌کی که‌میش بێت ، به‌چاو پۆشی  پێشێل کردنی  ئه‌و دادپه‌روه‌ریه‌  له‌ده‌ست نه‌ده‌ن . ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌جوانترین ئه‌و تایبه‌ت مه‌ندییانه‌ی که‌ له‌شۆڕشگێڕیدا هه‌یه‌ .

ماڵئاوا منداڵه‌ ئه‌زیزه‌کانم، هیوادارم ڕۆژێک له‌ڕۆژان به‌دیدارتان شاد بم. به‌سۆزه‌وه‌ له‌ئامێزتان ده‌گرم جاوتان ماچ ده‌که‌م

باوکی خۆتان

ئه‌رنه‌ستۆ  گیڤارا

ئازیزانم دوو به‌ساڵاچووه‌که‌! (2)

وامن جارێکی دیکه‌ ده‌ڕۆم ، هه‌ست به‌نزیکی مه‌رگم ده‌که‌م .

ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نامه‌یه‌کی ماڵئاوایم بۆ نوسین هێنده‌ی له‌یادم بێت تێیدا باسی ئه‌وه‌م کرد که‌من نه‌بومه‌ته‌ سه‌ربازێکی باش و نه‌بومه‌ته‌ پزیشکێکی باش . سه‌باره‌ت  به‌نه‌بوونم به‌پزیشکێکی باش ، ئه‌وه‌ شتێکه‌ لام گرنگ نییه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌یه‌که‌میان ، بومه‌ته‌ سه‌ربازێک که‌ خراپ نیم . ئیتر له‌و کاته‌وه‌ هه‌موو شتێک به‌ سێوه‌یه‌کی گشتی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام  من هوشیارترو مارکسیتر بووم . من پێم وایه‌ خه‌باتی چه‌کداری  تاکه‌ ڕێگا چاره‌یه‌ بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی که‌ له‌پێناوی ئازادییاندا  خه‌بات ده‌که‌ن ، من به‌بۆچونه‌کانی خۆمه‌وه‌ پابه‌ندم و زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ سه‌رکێشم ده‌زانن . ئه‌وان ڕاست ده‌که‌ن من سه‌رکێشم ، به‌ڵام سه‌رکێشێکه‌م جۆره‌ سه‌رکێشیه‌کی تایبه‌ته‌ ، له‌جۆری ئه‌و که‌سانه‌ی  که‌ له‌پێناوی وه‌رگێڕانی  بۆچونه‌کانیان بۆکردار ، ژیانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسێوه‌ .  دور نی یه‌ بۆ داین جارم بێت ئه‌و کاره‌ بکه‌م .من سۆراغی ئه‌و کۆتایه‌ ناکه‌م به‌ڵام گه‌ر به‌جۆرێکی لۆجیکی بیر بکه‌ینه‌وه‌  ڕه‌نگه‌ ئه‌و کۆتایه‌ ئه‌گه‌رێکی دوور نه‌بێت ، گه‌ر به‌و جۆره‌ش بێت ، ئه‌وه‌ مۆڵه‌تم بده‌ن که‌بۆ دواهه‌مین جار  له‌ئامێزتان بگرم .  زۆرم ئێوه‌ خۆش ویست به‌ڵام به‌باشی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌م ده‌ر نه‌بڕی ، له‌هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیشما تائه‌وپه‌ڕی راست و ڕه‌وان بووم ، پێم وایه‌ که‌ئێوه‌ لێم تێگه‌یشتن ، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بڕوا بکه‌ن  ،تێگه‌یشتن لێم، لایه‌نی که‌م له‌م ڕۆژه‌دا ئاسان نه‌بوو.سه‌رباری لاقه‌ لاوازه‌کان و سییه‌ شه‌که‌ته‌کانم ،ویست و خواستم ڕووه‌و کار کردن هانم ده‌دات  . به‌ڵام هه‌ر به‌ئاماج ده‌گه‌م .

له‌جیاتی من ماچی  سیلیا ، ڕۆبێرتۆ ،خوان، مارتین ، بکه‌ن ... به‌کورتی له‌جیاتی من ماچی هه‌موان بکه‌ن .

کوڕی سه‌رگه‌رتانتان  که‌گۆڕینی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاسته‌ ڕێیه‌  دژواره‌  ، به‌توندی له‌ئامێزتان ده‌گرێت.

ئێرنه‌ستۆ