|
بێ تاوان نیین
کوێستان داودی
لە سپیدەی ڕۆژێکدا کە گوایا خودا پشووی تێدا
دەدات، پەتی مەرگ لە گەردنتان جەڕێندرا و هەر ئاوا
بە ئاسانیی بە داردا کران. تەنها هەر خۆتان دەزانن
ساتەوەختەکانی پێش مەرگتان چۆن بە سەر بردووە.
خۆشەویستان و هاوڕێیان و دۆستانتان هەموو پێکەوە
هەر وەک لە خەوی مەرگ ڕاپەریبن پڕ بە دەنگ هاوار
دەکەن “ئێوە بێ تاوان بوون”.
هەموویان، وەک بەوری لە بێشەدا گیرخواردوو، بە
هەموو هێز و توانایەکیانەوە بە ڕاست و چەپ و سەر و
خوارەوەدا هەلدەزنن. هەموو لە هەڵپەی خۆ بزوواندنی
بێهوودەدا وزەیان لێ چۆڕاوە. نە هاواری حەسرەت
دەگاتە گوێی خوداکان و نە ناڵەی برینی ناسۆر.
هەموو ئەوانەی خۆشتانیان گەرەکە بەرامبەر بە یەک
وێستاون و لەگەڵ “شیرین دا مەچۆ*”
گۆرانی “ئێوە بێ تاوان بوون” دەچڕن.
بەڵام من دەزانم ئێوە بێ تاوان نیین. پەتی مەرگ
هەر ئاوا لە خۆ ڕا ناکرێتە گەردنی کەس. کەسانی بێ
تاوان لە نیوەشەوێکدا کە نیوەی دونیا لە شیرین
خەودایە، بە پاڵ و بە ڕاکێشان و بە دەم جوێن و
پێکەنینی گاڵتەجاڕەوە، بەرگی ژینیان لەبەر دا
ناکەندرێت.
ئێوە بێگومان تاوانبارن.
مەگەر لە خاکێکی داگیرکراودا لەدایک نەبوون؟ مەگەر
لەدایکبووی نەتەوەیەکی بندەست نیین؟ مەگەر کورد
نیین؟ مەگەر خەتای خۆتان نییە کە کوردن؟ مەگەر
نەتاندەتوانی پێش وەخت بەر لەدایکبوون
ئەرزەوحاڵێکتان بۆ خوداکان بنووسیایە کە بە کورد
لەدایک نەبن؟
ئێوە تاوانبارن!
گەر کوردیش بوون بۆ حاڵی نەبوون کە دەبێ قەبوول
بکەن زمانتان قەدەخە بێت، کە چارەنووسی بێکاریی و
نەخوێندەواریی چاوەروانتان بکات، کە بە بەشی
خوداکانی داگیرکەر ڕازی بن؟ بۆ حاڵی نەبوون کە
داوای مافی مرۆڤ بۆ کورد بە مەرگ تاوانەکەی
دەدرێتەوە؟ کە داوای مافی دیموکراسی و شارۆمەندی و
ئازادیی ئاخافتن و کۆبوونەوە و میتینگتان بۆ کورد
دەکرد نەتان دەزانی ئەو داواکارییانە سزای مەرگی
لە سەرە؟
ئێوە تاوانبارن!
تاوانبارن کە تینووی ئازادیی بوون، کە چاوەروانی
ژیانێکی ئازاد بوون، کە پێتان خۆش بوو هاوسێ و
هاوگەڕەک و هاوشاری و هاووڵاتیتان وەکو ئینسان
مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئایا تاوانی لەوە
گەورەتر هەیە؟
هاورێیانم، ئەزیزانم، ئێوە تاوانبار بوون.
داگیرکەر، وەکو کەڵەشێری باڕ، ڕۆژ تا ئێوارێ بە
سێبەری پۆپەی خۆیدا دەخوێنێت. و سەرمەستی ڕەنگ و
دەنگی خۆی، هیچ جۆرە رەنگ و دەنگێکی دیکەی قبوڵ
نییە. داگیرکەر وەکو ماری ژەهراوی هیچ پێچێک بێ
مەبەست بە خۆی نادات، و وەکو حەیوانی دڕندە کەڕی
سێمفۆنیای بۆنی خوێنە.
خۆشەویستانم، بێگومان تەرمی تاوانباران نادرێنەوە.
تاوانباران چۆن دەبێت لە باوەشی خۆشەویستان و
یارانی خۆیاندا لەشیان ئاونگی ژیانی لێ هەلوەرێت؟
کەنگێ قەرار بووە کێلیان وەک گەردنی خۆیان ڕوو لە
ئاسمان و ئاسۆ، بڵند بێت؟
خۆشەویستانم، بێگومان تەرمی تاوانباران نادرێتەوە.
هاوڕێیانی تاوانبار، لە ناو پانتایی خەیاڵی
ڕۆژگارمدا گۆڕی بێ ئەژمار هەن کە لەسەر هەنسکی وەک
دوا لەرەی دەنگتان هەڵم چنیون. کێلی سەر ئەو
گۆڕانە پەڕەی گوڵی ئەرخەوانن، خاک خوێنی گەرم و
ڕێژنەی بارانیش بەستەی ئاوازێکی شادی دڵمە، ئا
لەوێدا دەتانپارێزم. کە دەستی داگیرکەر و تەنانەت
خوداکانیشیان ناتانگاتێ.
ئا لەوێدا، دەست لە ناو دەستی ملوێن لە
تاوانبارانی وەکو ئێوەدا، پێکەوە شان لەیەک هەڵسوو
لە هەڵپەڕکێی دووبارە لەدایکبوونەوەی ئێوەداین.
ڕەشبەڵەکێکی چەند خۆشە، گۆڤەند و بەزم و هەرایەکی
چەند شیرینە کە فەرزاد و عەلی و ئیحسان و شیرین و
فەرهادەکان سەرچۆپیان لێ گرتووە. تەرمەکان با بۆ
ئەوان بێت کە چەهچەهەی حەزرەتی نەمری ڕۆحتان بۆ
ژیانێکی ئازاد دەخوێنێت.
تاوانبار بوون، هاوڕێیانم، تاوانبار بوون، کە
ئێستا تەرمی پڕ ژیانی ئازادتان وەک خۆری ناو ئاڵای
وڵاتەکەم گەرم و پرشنگدارە .
١١/٥/٢٠١٠
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|