نووسه‌ران   ‌  سیاسی     نه‌ته‌وه‌یی     دێموکراسی     ئه‌زمونی‌خه‌بات     هـونــه‌ر     تـه‌نــز     وتووێژ     فارسی     پێوه‌ندی    

 

ژن  وشعر و شاعیر

 

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

1

شیعرێکم بۆ ئاسمان نووسی

زەوی خۆی لێی توڕە کردم

شعرێکم بۆ هەتاو نووسی

هەور خۆری لێ وون کردم

شعرێکم بۆ باران نووسی

تەرزە بەرد بارانی کردم

شعرێکم بۆ نێرگز نووسی

دەمی دڕکێک پەنجەی گەستم

شعرێک بۆ خۆشەویستەکەم

هاتن گۆڕیان بۆ هەڵکەندم ؟!

2

چەپکێ ووشەم

لەباخی هەستم چنیەوەو

کردمە دیاری

بۆخاکء نیشتیمانەکەم

هەموو دایانە پێکەنین

پێیان ووتم

خاک کەی ئیلهامە بۆ نووسین !

3

منء شاعیرێکی پیاو

دوو پارچە شیعرمان نووسی

ئەو شعرێکی تەڕ بۆ کچێک

منیش کۆپلەیەک بۆ کوڕێک

کوڕەکە هۆنراوەکەمی برد

بەهاوڕێکانی نیشاندا

هەموو کردیان بە گۆرانی

کچەکە خستیە کەنتۆرەکەی

تووند کلیلی دا ؟!

4

ووتم دایە ، گوێم لێ بگرە

ئەم شعرەت بۆ دەخوێنمەوە

باس لەکیژۆڵەی دەست قڵیشاو

لەمناڵی برسی دەکا

دایکم قاقا پێم پێکەنی !

چەند مناڵی

کەی شعر برسی تێردەکا !

5

پێنووسەکەم هاتە دوانء

پێ ووتم رێگە نەدەی لەناخمدا

مانای چەند ووشەیەک بڕوێ

(دووروویی ،خیانەت ، حەسادەت)

ئەو نەیزانی لەم ووڵاتە بێ ئەمانە

پێنووس، بێ لاشەو، بێ گیانە ؟

6

شعرەکانی (شیرکۆ بێکەس)فێریان کردم

ئەبێ شعر گۆرانی بێ

بۆمناڵە ئەنفالەکان

تۆڵە بێ بۆ جەستەی سووتاو

لووتی بڕاوی کیژۆڵەکان

ئەبێ تاجە گوڵینە بێ

بۆسەر لاشەی شەهیدەکان

تێنەگەیشتم ئێوە هەمووتان شاعیرن

یان بەتەنها (شێرکۆ بێکەس)؟!

7

ووتیان وەرە

گەر دەتەوێ شاعیر بیتء

خاوەن دەنگء رەنگی خۆت بی

وازبێنە لەشعری ماچء خۆشەویستی

لەهەناسەی مناڵێکء

لەعشقی پەپولەو گوڵێک

ئەمە مانای شاعر نیە ؟!

8

لێوەکانت سوور سوور بکە

بەوێنەی کەو

قژت زەردبکە وەکوو تاڵەکانی هەتاو

بەرگێکی شەراب لەسەر مێزەکەمان بنۆشە

ئەوسا دەڵێن

تۆ ئەو کیژۆڵە شاعیرەی

سەدان ساڵە بۆ شیعرو ووشە دەسوتێی !

9

من نازانم ئێوە شعرتان لێم دەوێ

یاخود قژو لێو گۆنام

ئێوە هاتوون وەسفی ووشەکانم بکەن

یاخود لەش و لارو باڵام !

10

من شاعیر نیم

بەڵام ئەگەر لێم بپرسن

کۆرپەی کام هۆنراوە جوانە

دەڵێم ئەوەی

ژانی سروشتی کێشاوەو

بەبێ بەنج ء بێ دکتۆرو بێ دەرمانە ؟!

 

**دێڕی یەکەم هۆنراوەی بەرێز (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیرە لە کۆپلەی (10)

 

گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه‌ ئێره‌ کلیک بکه‌

مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه‌ ، به‌‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته‌ ئازاده‌