|
خونچە هەڵوەریوەکانى شیعر
کەژاڵ ئیبراهیم خدر
هاورێکەم
1
نە من وون بوم و نەگوڵ و خونچەى شیعرەکانم
بۆنیان کزە
تۆ نەشارەزای هاتوویت و ماڵى شیعرم پێ نازانیت
بۆ ئەوەى بمدۆزیتەوە..
بڕۆ تێر تێر بۆنى دەستە ماندووەکانى
باوکم بکەو
تەنیا دوو دڵۆپ لەفرمێسکى نیگا
کاڵبووەکانى دایکم و
شەرمى قەیرە کچەکانى وڵاتەکەم
بخۆرەوە
من وام لەوێ..
دواتر لەنێو سۆزى هەناسە بەگوڵ چێنراوەکانى
کۆرپەکانمدا هەناسەکانم بەدى بکەو
لەنێو باخچە رەنگینەکانى هاوسەرەکەمدا
ساباتێکم هەیە بۆ پشوو
وەرە لەوێم ..
2
سوراو
کچە ناسکۆڵەکە ..
بەم وشە خەڵەفاوانە بڕوا مەکە
کە پیاوەکان
مەستی نیگات دەبن و پێت دەڵێن
وەک مەجنون بۆ عەشقی لەیلێ
عاشقم بە لێوەکانت ..
ئەوان تامەزرۆن بە ئاڵی سووراوەکەت
نەک لێوەکانت
وەک هەنگێک
لە یەک ساتدا دوا سووراوی لێوەکانت دەمژن و
بێ باکانە
پەرەی گوڵی لێوەکانت جێ دەهێڵن
مەرقەد
3
ئەگەر کەسێ لە خەویشا
نیگاو روخسارت ببینێ
من زیز دەبم
گەر مناڵێکی بێ نازی شارەکەم
ماچت بکا
خەم لە ناخم دەبارێ و
وەکو درەختێکی بێ ئاو
ووشک دەبم
لێم ببوورە ، من پێم وایە
تۆ مەرقەدی رۆحی منی
نابێ هیچ کەس بۆنت بکا
لەخەویشا سەیرت بکا
4
رەنگ
رەنگى سوورم کردە بەرم
شەهید وتى خوێنى منە
رەنگى زەردم کردە بەرم
حزبێک وتى رەنگى منە
رەنگى سەوزم کردە بەرم
خاکێک وتى بۆنى منە
رەنگى مۆرم کردە بەرم
گوڵێک وتى پەرەى منە
رەنگى سپیم کردە بەرم
چەندان شمشێر
لەسەر سەرم هاتنە وەڵام
خێرا ئەو بەرگە فڕێدە
ئەم رەنگە رەنگى ژن نییە
ئەمە رەنگى پەڵەى هەورە
رەنگى هەموو فریشتەکان
رەنگى ناسنامەى مردووەکان
5
رێم بدە
رێم بدە بێمە دڵتەوە
تا بزانم لەنێو دڵتا
خەم و گریانى ژن هەیە
ئەى تۆ بڵێى لەنێو دڵتا
وڵاتێکى جیاواز هەبێت
بۆ عاشقانى وڵاتەکەم
ژوانگەیەکى ئازاد هەبێ..
6
یاد
هەر بۆ ئەوەى یادت نەکەم
گشت وێنەکانتم ناردەوە
کتێبەکە و کراسەکەت و پێنوسەکەتم
شاردەوە
کە شەو داهات، لەدوورى تۆ
خەم دایگرتم
شنەى شیعرێ لاى تۆوە هات
خۆى خزاندە ئامێزمەوە
ئەم ئازارانەى پێ رشتم
7
کۆچ
کە رۆیشتى
گوڵى ناو ئینجانەى ماڵەکەم
کزوومات بوو
دەمى نا بە گوێچکەمەوە
بە ئەسپایى پێی ووتم
ئەمشەو هەتاکوو بەیانى نەخەوتم
بۆ ژوانێکتان ئێشکگربووم
8
ئیرەیى
مێژووى ژیانى من وایە
قەت ئیرەیى بەکەس نەبەم
هەر بە تەنیا
بەو چڵە گوڵە نەبێ
چوار وەرزى ساڵ، عاشقانە
دەستى کردۆتە، ملى وێنەکەت و
بێ باکانە بۆن بەقژتەوە دەکا..
9
پیاو
هەرگیز بڕوا ناکەم
پیاوان رقیان لەژن بێ
تەنها ئەو کاتانە نەبێ
کە دەبینن ژنێک
لەوان گەورەترە..
10
ماچ
کەس هێندەى دایکانى وڵاتەکەم
رقیان لەماچ کردن نیە
چونکە بە درێژایى تەمەنیان
فێرنەبوون
باوکەکان ماچیان بکەن؟
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|