|
ئەو ژنە لەچى دەچێ؟!
کەژاڵ ئیبراهیم خدر
ئەو ژنە لەبووکەشوشەیەک دەچێ؟
لە بووکێکى کراس سپى،
شپرزە وەکو سێبەر،
باریکەلە وەکو ڕێواس،
ڕەشتاڵە وەکو مێخەک،
غەمگین وەک وەرزی
بارانى کۆچکردوو.
(2)
ئەو ژنە لەتەمێک دەچێ،
تەمى بەفرى ئێوارەى زستان،
لەسەکۆیەکی بێدەنگ.
لەشمشاڵی پەنجەی مۆسیقارێک،
لە کۆڵانێکى قەڵادزێ
هەناسە سارد بەئاوەدانی.
(3)
ئەو ژنە لەگوڵێک دەچێ،
پەنجەى نەرمی کیژۆڵەیەک
بۆنی خەمی پێوەدەکا.
لەشعرێکى پڕ لەبەرچنەیەک وشە
لەپەڕەى ناسکى گوڵێک،
لەهەناسەى جۆگەلەیەکی بێ ئاو
لە سەماى گەڵای وەریوی پایز،
لە گۆرانیەکى وردوخاش کراو.
(4)
ئەو ژنە لەشەقام دەچێ.
لەشەقامێکى گەرمى هاوین،
لە دارستانێکی ووشکی بێ ئاو،
کە باڵندە ناتوانێ هێلانەی تێدا بکا.
(5)
ئەو ژنە لەباڵدار دەچێ.
لەباڵندەى کۆچکردووی وەرزەکانی
گەرمیان و کوێستان .
لەنمەنمەى باران و
پێدەشتێکی تەڕ بەگوڵەکێوی .
لە عاشق بوونى دوو کۆتر،
کەدەگەڕێنەوە باوەشی یەکتری.
(6)
ئەو ژنە لەپێکەنین دەچێ.
پێکەنینێک دەئاڵێتە روومەتی.
ئەو ژنە کراسێکی تەنکی لەبەردایە.
لە وردە موروی منداڵی و
گیرفانەکانی پڕە لەبۆنی حەرام.
وەختێ کەدێت
زەردەخەنەی لێدەبارێ و...
وەختێ دەڕوا
بەردی کفری تێدەگرن.
7
ئەوژنە خۆی؛
شعرێکی رەنگاو رەنگە.
ووشەکانی کێڵگەیەکە
نەغمەی ژانێکی ناوەخت
بەسەرلێوویەوە دەبارێ.
لەپرێکدا خۆی وون دەکا و...
وێنەکانی لەباوەش دەگرێ.
هەموو رۆژێ هەموو ساتێ،
ئەمرێ و زیندوو دەبێتەوە.
8
ئەوژنە ،
رەنگ رووی دەموچاوی
هەوری هەژارێکی تێدایە و
زەردەخەنەیەکی ژاکاو میوانیەتی.
جووتێ باڵندەی فرمێسک و...
پۆلێ هەناسەی زەرد
دەبێتە هاودەنگ و هاودەمی .
دەزانی ئەو ژنە لەچی دەچێ ؟
کاتێ دەنگی یاساوڵەکان
پلار لەشعرەکانی دەدەن،
یان بەردێکی تیژی تێدەگرن
ئەو دەبێتە بەفرێکی تواوە؛
جەستەی دەبێتە بێوەژن .
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|