دیزاینی پێشوو    نووسه‌ران   ‌  سیاسی     نه‌ته‌وه‌یی     دێموکراسی     ئه‌زمونی‌خه‌بات     هـونــه‌ر     تـه‌نــز     وتووێژ     فارسی     پێوه‌ندی   

 

 

بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ مەجلێسی ئێران نەک خراب بەڵکوو جۆرێک خۆفریودانیشە

(بەشی دوەم)

حاتەم مەنبەری

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارە دا باسی ئەوەم کرد کە لە ماوەی تەمەنی ٣٣ ساڵەی کۆماری ئیسلانی ئێران دا هیچکام لە شانۆگەرییەکانی ناچنە خانەی هەڵبژاردنەوە و ئەوەی لەم بارەشەوە قازانجی کردووە رژێم بوە. لە سەر بنەمای ئەم ئاکام وەرگرتنەش جارێکی دیکە بەشداری کردنی خەڵک،ئەویش خەڵکی کورد، زیانبار،بێمانا و بەجۆرێک کڵاو لە سەرخۆنانی دەزانم.

ئایا رێگای دووهەم بایکوت،تەحریم و بەشداری نەکردنە؟

گومانێکی تێدا نیە کە وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ‌یە. بەڵام بۆ ئەوە بایکوت و بەشداری نەکردن ئاکامی دڵخوازی لێ بکەوێتەوە ئەبێت بەشێوەیەکی جیاواز لەوەی تا ئیستا گەلێک لایەن و،لەوانە لایەنە کوردییەکان کردوویانە، هەڵس و کەوت بکرێت. لە هەمووان روون و ئاشکرایە کە ئەمڕۆ هەلومەرجەکان گۆڕاون. تێکنۆلۆژیی دونیای مەجازی مەجال و فرسەتێکی بەنرخی بۆ خەڵکی فەراهەم کردووە، کە ئەکرێ سوودی لێ وەربگیردرێ و لە‌و رێگایەوە بە گژ دیکتاتۆر و ستەمکاران دا بچینەوە. ئێمە دەزانین کە گەلێک جار حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر،هەرکەسە و لە لای خویەوە بەیانییەیەکی دەرکردووە،بە حەق ئەم کارەی بە شانۆگەری داناوە و بایکۆتی کردووە.بەو حاڵەش دیومانە خەڵکانێک رویشتوون و بێ ئەوە گوێ لەم داوایەی حیزبەکان بگرن خویان کاندیت کردووە و خەڵکانێکی زۆرتریش دەنگیان پێداون. تەنانەت جاری وابووە کە نوێنەرانی شارە کوردییەکان خویان لە بەرەی خەڵک(لە راستی دا بەرەی رێژیم) پێناسە کردوە و حیزبە کوردییەکانیان لە بەرەیەکی دیکە دا ناساندوە!! ئەم کارە هەردەم ئامانجی دەسەڵاتدارانی داگیرکەری کوردستان بووە و نابێت بە کەمبایەخ حیساب بکرێ.

بەڵام هەموو ئانالیست و شرۆڤەکارانی شارەزای وەزعی ئێران لە سەر ئەوە ساغن کە یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی کارا و یەکگرتوویە. لەوەش خراپتر، پرژ و بڵاوی ئەم نەیارانەی رێژیم بووەتە هوی ئەوە قسەیان لای خەڵک بێبایەخ بێت و لە کات و ساتە گرنگەکان دا گوی لە داواکانیان نەگرن. بێ هیچ گومانێک ئەم قسەیە لە سەر ئۆپۆزیسیونی کوردی رێژیمیش راستە و پارچەبوونی ئەم حیزبانە نەک هەر بووەتە هوی لاوازی خویان، بەڵکوو بزووتنەوەکەشی پارچە و لاواز کردووە و یەکدەنگی و هاوهەڵویستی کوردی بە تەواوی  تێکداوە.

یەکخستن و پێکهێنانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی نە بە کورد ئەکرێ و نە ئەرکی ئێمەشە. بەڵام گەر تۆزێک بە ئینسافەوە بڕوانینە رووداوەکانی کۆمەڵگەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان،بە هاسانی ئەبینین کە خەڵکی کورد نەک هەر خوازیاری یەک دەنگی و یەک هەڵویستیی هێز و لایەنەکانیەتی بەڵکوو تینووی ئەم کارەشە. بە کردەوەش ئەم شتەیان نیشان داوە چوونکە هەرکاتێک تێکڕای، یان زۆربەی هێزەکانی کورد لە سەر کارێک هاودەنگ بوون؛ خەڵکی بە کردەوە بە هاواریانەوە هاتوون و بەو یەکدەنگیەشان میژوویان نووسیوەتەوە.

بۆیە بە دڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر لەم بارەشەوە تێکڕای حیزبە کرودییەکان لە سەر بایکوت و بەشداری نەکردن هاوئاهەنگ و بە بەرنامە کار بکەن دەتوانن پشتیوانی خەڵک،کە گەورەترین سەرمایەیە بۆ حیزبێکی سیاسی مسەوگەر بکەن و لە سەنگەری ئەو دەستکەوتەشەوە ئەکرێ چەندین قات رێز،سەنگ و هێزی بزووتنەوەی کوردستان ببرێتە سەرەوە. واتا بۆ شوێنی شیاوی خوی هەڵکشێ. بۆ گەییشتن بەم جێگایە من ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک پێشنیاری خوم دێنمە گۆڕێ:

١-هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ هیچ شک و گومان درووستکردنێک، هەرچێک زووترە بڕیاری بایکوتکردنی ئەم شانۆگەرییە بدەن.

٢-ئەگەر ناشتوانن هەموو پێکەوە،لە دوو لیستەی جیاواز دا ئیمزای خویان بخەنە ژێر ئەم بەیانییە و بڵاوی کەنەوە.

٣-جگە لە خەڵکی کوردستان بە شێوەی گشتی، لە ئەلیتی سیاسی و ئەو کەسانەی کە نیازی خۆکاندیتکردنیان هەیە داوا بکەن کە ئەو کارە نەکەن.واتا هیچکەسێک لە کوردستان دا خوی کاندیت نەکات و ئەگەر کەسانێکیش ئەم کارەیان کرد داوایان لێ بکرێ پەشیمان ببنەوە و زیانباربوونی کارەکەیان (پارچەکردنی ریزەکانی خەڵک) دەستنیشان بکرێن.

٤-هەموو مێدیاکانی رۆهەڵاتی کوردستان،(تەلێڤیزیون، رادیو، رۆژنامە و سایتەکان) بە بەرنامە و هاوئاهەنگییەکی جیاواز لە جارانی پیشوو بەرنامەکانیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکەن و بە بەڵگە و فاکتی روونەوە بێ ئاکامی بەشداریکردن بۆ خەڵک روون کەنەوە. وتو وێژ لەگەڵ ''نوێنەران'' پێشووی مەجلێس بکرێ و بۆچوون و ئەزموونی ئەوان وە بیر کۆمەڵانی خەڵک بهێنرێتەوە کە نوێنەرایەتی مەجلس لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و لە چەشنی شیعەی ئەسنا عەشەریبەتایبەتی بێ سوود بووە و نوێنەران تەنیا دەبێ ئەوە ببڵین و ئەنجام بدەن کە بۆیئان دیاریدەکرێ.

٥-هەوڵ بدرێ هەڵویستی روون و هاودەنگی کورد بە خەڵکی ئێران و نەیارانی رێژیمیش بگەیەندرێ و داوای هاوهەڵویستییان لێ بکرێ.دیارە فەزا و ئاتمۆسفەڕی ئیستا بۆ ئەم کارە لە گشت ساڵانی پێشوو لەبار ترە و ئیمکانی دەستخستنی دەستکەوتی زۆر لەم بارەوە هەیە.

بێ شک گەلێک کاری دیکەش لەم بارەوە دەکرێ ئەنجام بدرێن کە من نایانزانم و لە مەیدانی کردەوە دا دێنە پێش. بەڵام دڵنیام ئەم هاوکاری و هاودەنگییە جگە لەوە ئەبێتە هوی بایکوتکردنی ئەم بە ناو هەڵبژاردنە بەڵکوو ئەبێتە بناغە بۆ کاری هاوبەش و دڵگەرمییەکی فرەیچ ئەداتە خەڵکی کوردستان کە بە کردەوە تاوانی درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم رێژیمە ئەهریمەنییە دەدەن.

١٦-١٢-٢٠١١


بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه‌ و بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، له‌م فۆرمه‌ که‌لک وه‌رگره‌

  ناو :

  ئیمه‌یل :

 ئیمه‌یله‌که‌ت ده‌پارێزرێت

 ناوی بابه‌ت*:

 ڕا و بۆچوون:

* -  ناوی ئه‌م بابه‌ته‌ یا نووسه‌ره‌که‌ی بنووسه‌

هه‌ر کۆمێنتێک ئادره‌س ئیمه‌یلی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، بایه‌خی پێ‌نادرێت

 

 

 

 

 

 

لاپه‌ره‌ی تایبه‌ت

 

 

 

 

هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت          Copyright © 2004-2010               Helwist.com