|
سۆڤیەت كوردستان
ڕۆژنامە ژمارە:1 ساڵ: 1937 لاچین
فەخرەدین تاهیر
بزاڤی ڕۆژنامەگەریی كوردی زۆر پەرتو بڵاوە،
كۆكردنەوەی ئەوەی دەرەوەی كوردستان ئەوەندە ئاسان
نییە،چونكە هەندێكیان هەن تا ئێستاكە بەشی
زۆربەمان یان ناومان نەبیستوون یانیش ئەگەر
ناویشمان بیستوون بەناوەڕۆكیان ئاشنانین.
ئەز هاوینی ساڵی پار سەردانی شاری مۆسكۆم كرد، و
بەمەبەستی دۆزینەوەی هەندیك لە چاپەمەنییە
كوردیەكان چەند ئەرشیفخانەیەكەم بەسەركردەوە،
لەبەرئەنجامدا لە ئەرشیفخانەیەكی دەرەوەی شاری
مۆسكۆ ڕۆژنامەیەكی تازەم بەسەر ناوی (شورا
كوردستان 1936-1937) دۆزیەوە و لە وتاری پێشترمدا
باسم لێوەكردوە، هەر لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیە تازەیە
ژمارەی یەكەمی ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستانیشم
بەدەستخست،هەروەك دەزاندرێت بەندە لە شوباتی ساڵی
2001 دا، لە شاری سانكت پیترسبوورگ لە ڕوسیا لە
ئەرشیفخانەی ڕۆژنامە كۆنەكاندا هەندێك لە
ژمارەكانی ڕۆژنامەی (سۆڤیەت كوردستان)ی، نێوان
ساڵانی 1938- 1945م، دۆزیبۆوە و دواتر لە تۆیی
كتێبێكدا لەلایەن دەزگای خەندان بۆ پەخش و وەشاندن
لەساڵی 2006 دا لە هەولێر بەچاپ گەیشت و
بڵاوكرایەوە و لە ڕۆژنامەكانی هەولێر و سلێمانی
زۆریان لەسەر نووسی و ڕۆژنامەی( المدی) بەزمانی
عەرەبی لەشاری بەغدا دەردەچێت، وتارێكی تێر و
تەسەلی لەسەر بڵاوكردەوە و هەمان وتار تەرجەمەی
كوردی كرابوو و جارێكی تر لە ڕۆژنامەی خەبات
بڵاوكرابۆوە، هەرچەندە پێشتر ڕۆژنامەی خەبات
وتارێكی بە پێنووسی شاعیر و نووسەر مەسعود پەرێشان
بەدوور و درێژی لەسەر بڵاوكردبۆوە و پێموایە یەكێك
لە وتارە باشەكان بوو لەسەر كتێبەكەم
نووسرابێ،هەروەها وێڕای ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ و
ئاسۆ و هەفتەنامەی هەرێمی كوردستانیش بە پێنووسی
بەبڕشتی مامۆستا مەحموود زامدار وتارێكی باشی
لەسەر بڵاوكردەوە.
ڕۆژنامەی شورا كوردستان دوا ژمارەی لە ڕۆژی 10ی
مانگی حوزەیرانی ساڵی 1937 دا،كە ژمارە: 31(303)ە
و ڕۆژی هەینی سەرلە ئێوارە چاپ و بڵاوكراوەتەوە،
ڕۆژنامەی شورا كوردستان و سۆڤیەت كوردستان بە
زمانی ئازەری و بەئەلفوبێی لاتینی ولەسەر ئەلفوبێی
كریلی/ سلاڤی بڵاودەكرایەوە،مەبەستم ئەوەیە ببێژم:
ئەو ئەلفوبێیە لاتینیە لەسەر ئەلفوبێی كریلی/
سلاڤی دروستكراوە. هەڵبەتە بە دیقەت ئەو ژمارانەی
هەردوو (ڕۆژنامەی شورا كوردستان و سۆڤیەت
كوردستان)م خوێندەوە بۆم دەركەوت ڕۆژنامەیەكی
هەفتانە بووە و ئەو ژمارانەی لە ڕۆژانی نۆرمالی
هەفتەدا دەرچووبێتن سەر لە بەیانیان بڵاوبوونەتەوە
و تەنیا ژمارەی ڕۆژی هەینی سەرلە ئێواران دەرچووە،
چونكە ژمارەی ڕۆژانی هەینی بەم شێوەیەی لەسەر
نووسراوە: جوومە- ئەقشام واتە جومعە- ئێوارە ،بەشی
زۆری ژمارەكانی تری
لە ڕۆژانی شـەمە و چوارشـەمە بڵاوبوونەتەوە.
ئەوی جێگەی گوتنە پێموایە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی
كوردیدا ئەگەر لەسەرتاسەری كوردستانیش
نەبووبێ،وەلێ لەو باوەڕەدام لەدوای هەڵوەشانەوەی
قەزای كوردستانی سۆر لەساڵی 1929دا، هەردوو
ڕۆژنامە (شوراكوردستان و سۆڤیەت كوردستان) لەشاری
لاچین پایتەختی كوردستانی سۆری پێشوو لە نێو
سنووری یەكێتی سۆڤیەت كە بۆ یەكەمین جار دوو
ڕۆژنامەی كوردی بەزمانی ئازەری لە دوو قۆناخی
جیادا هەفتەی جارێك ڕۆژانی هەینی ئێواران
بڵاوبۆتەوە.
پسپۆر و شارەزایانی بواری زانستی ڕۆژنامەوانی
لەسوید لە كتێبی بەسەرناوی (مێژووی پرێسی سویدیی)
كە نووسەران كلاس- یۆران هاڵمبێری و ئینگمار
ئۆسكارشۆن و پێر رایدن لە ڵاپەڕە 2 دا بەم
شێوەیەیان نووسیوە:(هەر ڕۆژنامەیەك بەشێوەیەكی
ڕێكوپێك بڵاوببێتەوە و بەلای كەم هەفتەی یەك
ژمارەی لێدەربچێت لەبزاڤی ڕۆژنامەگەریی مۆدێرندا
بە ڕۆژنامەی ڕۆژانە هەژمار دەكرێت).
نووسەری كوردی سۆڤیەت شامیل عەسكەرۆڤ لە كتێبی خۆی
بەسەرناوی (دیاسپۆرا كورد واتە ڕەوەندی كورد) كە
بەزمانی ڕوسی لەساڵی 2007 دا چاپ و بڵاویكردۆتەوە
و لەڵاپەڕە 61 دا بەم شێوەیە دەربارەی (ڕۆژنامەی
سۆڤیەت كوردستان)ی نووسیوە:(دوای هەڵوەشاندنەوەی
دەڤەری ئۆتۆنۆمی كوردستانی سۆر،لە كۆتایی ساڵی
1930دا بڕیاردرا كە ڕۆژنامەیەك بەزمانی كوردی و
ئازەری بەسەرناوی سۆڤیەتیسكی كوردستان لە شاری
لاچین چاپ و بڵاوبكرێتەوە،ڕۆژنامەی سۆڤیەتیسكی
كوردستان لە ساڵی 1931 دا ،تەنیا بەزمانی ئازەری
لەلایەن نووسەر ئیبراهیم ئاڵڵاوێردی دەرچوو و ئەم
ڕۆژنامەیە تا 13ی مانگی تەمووزی ساڵی 1962
بڵاوكرایەوە).
ئەوی جێگەی گوتنە ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان ژمارەی
یەكی لەبەر دەستی مندایە بەم شێوەیەی لەسەر
نووسراوە: (سۆڤیەت كوردستان ژمارە:1 ، مانگ :
پووشپەڕ ، ساڵ: 1937 لاچین).
ئەوی ڕاستی بێ ڕۆژنامەكە ناوی سۆڤیەت كوردستانە
نەك سۆڤیەتیسكی كوردستان. هەرچەندە لە زۆربەی هەرە
زۆری كۆمارەكانی ئەودەمەی یەكێتی سۆڤیەتدا ڕۆژنامە
بەسەرناوی سۆڤیەتیسكی یان سۆڤیەتیسكایە هەبووە،
هەر بۆنموونە: سۆڤیەتیسكایە ئیستۆنیا،
سۆڤیەتیسكایە بیلاڕوسیا، سۆڤیەتیسكایە
ئەرمینیا،سۆڤیەتیسكایە سپۆرت و...تاد. بەڵام
دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان
ناوەكەیان بەكوردی و بە ئەلفوبێی لاتینی لەسەر
ئەلفوبێی كریلی نووسیوە و چۆن نووسراوە هەرئەوهاش
دەخوێندرێتەوە.
ئەوی جێگەی گوتنە ژمارە یەكی ڕۆژنامەی ( سۆڤیەت
كوردستان) تەنیا یەك ڵاپەڕەی قەوارە گەورەیە و
بەزمانی ئازەری لەشاری لاچین چاپ و بڵاوكراوەتەوە
و سەرنووسەرەكەشی ئیبراهیم ئاڵڵاوێردی نییە و
لەژێری ژێرەوەی ڕۆژنامەكە لە دەستەڕاستدا
نووسراوە: مەسئول ریداكتۆر: سەدیخ بەیرەمۆڤ، واتە
(بەرپرسی دەستەی نووسەران سەدیخ بەیرەمۆڤ)ە.
مخابن شامیل عەسكەرۆڤی نووسەری كوردی سۆڤیەت
وادیارە زۆر ئەركی نەكێشاوە بۆ زێدەتر زانیاری
بەدەستخستن دەربارەی چاپەمەنیەكانی دوای
هەڵوەشاندنەوەی دەڤەری قەزای كوردستانی سۆر،
ئەگەرنا دەیتوانی زانیاری وورد و بەدیقەت
بەدەستبخات،وەك دیارە زانیاریەكانی نێو ڕووپەڕی
كتێبیەكەی ئەو بەشەی تایبەتە بە ڕۆژنامەی سۆڤیەت
كوردستان زۆر هەڵە و ناتەواوی تێدا بەدی دەكرێت كە
بەداخەوە هیچ سوودێكمان لەو چەند ڵاپەڕەیەی نێو
كتێبەكەی ناوبراو كە تایبەت بوون بەم ڕۆژنامەیە
نەبینی.
ئەوی ڕاستی بێ تا ئێستاكە سێ پرسیار لە لامان بەبێ
وەڵام ماونەتەوە و هیچ وەڵامێكمان لەم بارەوە
بەدەست نەخستووە و هەر بۆیە بەپێویستی دەزانین هەر
سێ پرسیارەكە لێرەدا بەم شێوەیە بخەینە ڕوو، كە
بریتین لەمانە:
·
ئایە ڕۆژنامەی شورا كوردستان یەكەمین ژمارەی
لەساڵی 1931 دا ،دەرچووە ...؟
·
ئایە پێش ڕۆژنامەی شورا كوردستان ڕۆژنامەیەكی دیکە
بەناوێكی تر دەرچووە...؟
·
ئایە ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان درێژە پێدەری
ڕۆژنامەی شورا كوردستانە...؟
بێگومان ئەم سێ پرسیارە جارێ وەڵامدانەوەیان
ئەوەندە ئاسان نییە،چونكە نە ژمارە سەرەتاییەكانی
ساڵی 1931 مان بەدەستخستووە و هەروەها یەكەمین
ژمارەی ڕۆژنامەی شورا كوردستانیشمان نەدۆزیوەتەوە
و دوا ژمارەی ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستانیش هەر
دیارنییە ،بێگومان جارێ هەندێك سەر داومان
دۆزیوەتەوە تا هەموو سەرداوەكان
نەدۆزرێتەوە،ناتوانین هیچ كۆمەنتارێك لەم بارەیەوە
بخەینە ڕوو،هەڵبەتە ئەمەش پشوو درێژی و ماندووبوون
و گەڕانی چڕ وپڕی دیكەی گەرەكە.
سوید2010
سەرچاوەكان:
1.
Claes-Göran Holmberg, Ingemar Oscarsson, Per
Rydén
EN SVENSK
PRESSHISTORIA
Stockholm 1983
2.
ЩАМИЛЯ
АСКЕРОВА
КУРДСКАЯ ДИАСПОРА
БИШКЕК 2007
3.
فەخرەدین تاهیر
ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان بیبلۆگرافیا و شرۆڤە
لەبڵاوكراوەكانی خەندان بۆ پەخش و وەشاندن هەولێر
2006
4.
ژمارە یەكی ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان ساڵی 1937
لاچین.
5.
هەر پانزە ژمارەی ڕۆژنامەی شورا كوردستان
1936-1937 لاچین.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|