|
هەناسە تاساوەکانى ئەشکەوت
فاتێح سەلام
دواى پرۆسەى جێبەجێکردنى هەر هەشت قۆناغەکەى
ئەنفال و ماننەوەى خاکێکێى چۆڵ و کاول ونغرۆى بێ
نەتەوە، کۆمەڵێک پێشمەرگەى خۆنەویستى (ئەو سەدەمە)
بریاریاندا بە ماننەوەیان لە ئەشکەوت و کەڵۆز و
کونە تاوێر و هەندێ حەشارگەى هەرد و دەشتەکانى
گەرمیاندا بمێننەوە و درێژە بە خەباتى پارتیزانى
خۆیان بدەن. گرووپێک لەو کەڵە پیاوانە ( مەلا
ئەحمەدى گەرمیان و هاورێکانى ) بوون کە بە داخەوە
رۆژى 19-3-1989 (ساڵێک دواى ئەنفال) لە ئاکامى
هەرۆژانى ئەشکەوتەکەى "دارى خلە" بەسەریاندا هەر
حەوتیان شەهید بوون و تا دواى راپەرین لە ژێر ئەو
شەشکەوتەدا مانەوە و دواتر بە یارمەتى ئەو خەڵکە و
بە بەکارهێنانى چەندین شۆڤەڵ ئامێرى قورس
تەرمەکانیان دەرهێنرانەوە.
ساڵێ پاش مێژووى وونبوونى دەست و پەنجەى
نیشتمانم
پاش تەزینى هەر چوار پەلى سمکۆڵانى ئەسپى شێم و
رەوکردنى گوندەکانم .
پاش خوێن بەربوونى جەستەم و
کوێر بوونى چاوى تەناهى و کانیاو و...
خولانەوە لە وەڕەسى خۆم و خۆمدا و ،
لە گۆ کەوتنى زمانم .
بە هارێک پێش کووڕ بوونەوەى تیشکى خۆر بۆ زێدى
نغرۆم
پێش ئەوەى خاک بانگى هەڵدا و...
بەرائەت بەرماڵى راخاو
دۆزەخم بۆ بێتە جۆش و..
نەتەوەیەک بڵێت دەرۆم ؛
رێبەندانێ زەرد دواى ئەوەى
زریان بردى سەرى کاسم
جوانییەکان بوون بە شەیتان و..
(عەرعەر) هۆرەى لێسەندمەوە و
کەڵپەى سەگ و لم و عەجاج
مێخەک بەنیان بڕیمەوە و ..
گیربوون لە ئێسک و کراسم .
****
پاش ئەوەى لە وێرانەدا
ئەنفال لە ناو لەپى خوێندا چراکانمى کوژانەوە
نامۆیى لە وێستگەى رەشیا
وانەى مەرگ و..
گوڵ وەرین و..
چیرۆکەکانى برسێتى و ..
نەعل بە خەیار زانینى
لە فەرهەنگما توانەوە .
ئا.. براکەم
بەڵێ ئەوان ،
حەوت ئەستێرە .
حەوت ئاگردانى پڕ پشکۆى
خومخانەیى کپى گەرمیان
کەمتر لە ساڵێ دواى وەرزى
بومەلەرزە و کرگان و کرێوە و زریان
خەم ناخیانى داخ دەکر د و ..
لە ئەشکەوت و بن بەردانێ
بەردەوام دووجار دەسووتان .
جارێک لە نێو قورگى کەژ و....
دڕدان بە تاریکى شەوى سرەوتى و پارتیزانیدا.
جارێکیش بۆ هەڵ لووشینى خەڵک و خاکى دەستەپاچە
لە نێو نینۆکى خوێن بەستووى ترۆپکى نا
ئینسانیدا.
ئەوان حەوت سوارى مێژوو بوون!
ترسیان کردبووە پێڵاو
مەرگ ناسنامە و..
ئەشکەوت ماڵ و بەرگ و کڵاو،
بەرەو مێرگى بەرەنگارى و ئەفسوون دەچوون.
گوێ بۆ چرپە و ..دەست بۆ چەک و ..
خوێنیش لە دەریا سوورەکەى کوردستانا
قوڵپى دەداو ..تێکەڵ دەبوون.
****
وەک کۆڵەپشتى تۆزاوى
"دمدم" یان لە کۆڵ بەستوو.
"خانى لەپ زێرین" لە دوور ڕا
بەرزە نیگا تێیدەروانین:
ئەوانە چین ..ئەوانە کێن ..؟!.
وا هێندە شپرزەن و شەویان کردۆتە
ئاورزەنگى و..
خەرمانەیان لە پاشکۆى رمبازێ ناوە و بۆ
ئێرە دێن.
ووتیان میرم:
ئەوانە حەوت شۆرەسوارى لە ئەشکەوتا داگیرساون
ملیان ناوە بە رێگاوە و میوانى تۆن وا بە
تاون.
ئاسمان ووتى:
ئەوان لە دواى نمەى باران
پەڵە هەورە کۆچەرییەکەى جارانن و..
دەچنەوە رۆخى کەنار و هەوارى سووتاوى باوان.
دەنگێک ووتى :
رۆژمێرى بەرباخەڵى شەهیدێکیانم خوێندەوە
تیا نووسرابوو لە برسانا
لە چاوەروانى مردنا رۆحمان دەسپارد.
رەنگە تاس بتانباتەوە، کاتێک دەڵێم:
بۆ چەند رۆژێ هیچمان نەبوو
تەنهاو تەنها گیامان دەخوارد.
( با ) دەنگى بڵند کردەوە :
ئەمان لە خەوێکى قووڵدان
کاتێ بە ئاگا دێنەوە
بوونە بە حەوت بیرۆکەى سەوز،
لە نوکى قەڵەمێکەوە
گوڵى دەمیان دەکرێتەوە و سەر دەردێنن.
مانیڤێستێ دەنووسنەوە و
هەرۆژان و داڕمانێ،
بۆ یەک بەیەک شاخ و ئەشکەوتى کوردستان
دەگێرنەوە و یەک دەدوێنن.
****
بەدەم زامى کێم لێچۆرین و ژانەوە
"دارى خلە" ش شریخاندى بە بنارا
ئەوا وەک قوتکەو گرد، شاخ وملە
بە گەورەیى لە دایکبوون
بۆیە ئاواش بە مەزنى لە سەر شانى مردن وەستان
سەربەرزم بەو شانازییەى
بۆ حەوت پێشمەگە و شۆرشێ
کرام بە ویرد و ناونیشان.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|