|
کۆمەڵە
و تیرۆری مامۆستا شاریکەندی
ئەیوب ئەیوبزادە
دەسپێک
بیستو حەوت ساڵ بەسەر تیرۆری
مامۆستا مەلا کەریمی شاریکەندی دا رادەبرێ. بیستو
حەوت ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ٢ی ١ی١٣٦١ی هەتاوی لە
کاتێکدا مامۆستا شاریکەندی دوای تەواوبوونی
پێشنوێژی لە مزگەوت، تەمای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە
دەبێ لەلایەن چەند چەکدارێکی کۆمەڵەوە درایە بەر
دەسڕیژو لە چرکە ساتێکدا بۆ هەمیشە کۆتایی بە
ژیانی هێنرا.
شاریکەندی کێ بوو؟ تاوانی چ بوو؟
هاندەرو موتیڤی کۆمەڵە بۆ ئەنجامی ئەو جینایەتە
دەبێ چ بووبێ؟ باری ئایینی؟ دژایەتی کردنی
شاریکەندی لەگەڵ ماددەی ٨؟ شاریکەندی چی کردبوو کە
دەبێ تیرۆر بکرێ؟ بە بەژنو باڵای رێژیمی
هەڵکوتبوو؟ پاکانەی بۆ جینایەتەکانی رێژیم لە
کوردستان بەئەستۆ گرتبوو؟ دۆزی رەوای کوردی بە
ناڕەوا لە قەڵەم دابوو؟ وەک سەهەندییەکان هەوڵی لە
خشتەبردنی کۆمەڵەی دابوو؟ ریزەکانی ئەو
رێکخراوەیەی بەرەو لێکترازانو هەڵوەشانەوە
بردبوو؟ کادرو پێشمەرگەی کۆمەڵەی تووشی ناهومیدیو
دڵساردی کردبوو؟ بەڵگە نهێنییەکانی کۆمەڵەی لەقاو
دابوو؟ دەستی بەسەر سامانی کۆمەڵە داگرتبوو؟ لە
مەزادخانەکانی سلیمانی کەلوپەلی کۆمەڵەی هەراج
کردبوو؟ لەوانەش گرینگتر بکووژانی شاریکەندی کێ
بوون؟ لە کوێوە بڕیاری ئەم جینایەتەیان وەرگرتبوو؟
تۆ بڵێی بۆ کوشتنی شاریکەندی دەستی کەسو
لایەنێکی تریش بۆ دنەدانی کۆمەڵە لەئارا دا
نەبووبێ؟
لە ماوەی ئەو بیستو حەوت ساڵە بە
دانستە پەردەیەکی بێدەنگی بەسەر هەموو ئەو
پرسیارانەدا کێشراوە! نە لە ساڵوەگەڕی ئەم تیرۆر
باسێک لەو کەسایەتییە دەکرێو نە لە بڕیاردەرانی
ئەم تاوانە دەنگێ دەبیسرێ. لە راستیشدا مەبەستی
سەرەکی لە رەشەکوژییش هەر ئەوەیە: چاوترساندنو
خوڵقاندنی ترسو خۆف بە هۆی کوشتنی جەستەوە. بەڵام
لەهەر شوێنێکی ئەو دنیایە کاتێک سیاسەت پەنا
دەباتە بەر زمانی هەڕەشەو ترس، ئیتر ترسو خۆف
تەنیا هێزێکی سایکۆلۆژی نیە، بەڵکوو لە رەوتی
بەرەوپێشچوونی دەبێتە هێزێکی دەزگاییو سازماندراو
و لە هەناوی خۆیدا پرۆژەی خنکاندنی جیاوازیو
بنەبڕکردنی فرەڕەنگیو فرەچەشنیی پێیە.
لە تیرۆری شاریکەندیش دا مەسەلە
تەنیا کوشتنی جەستەیەک مەبەست نەبوو، بەڵکو
هەوڵدانێک بوو بۆ سەرخستنی جۆرێک لە فیکرو
کولتوورێکی سیاسی کە دەیهەویست وەک بیرێکی تاقانە
بە ناوی هەموانەوەو لە باتیی هەمووان بدوێ. ئەم
تەیارە فیکرییە بەشێوەیەکی خورافی لای وابوو لە
کۆمەڵی کوردەواریدا بەس ئەو بەتەنیا بیرۆکەی
بەختەوەریی مرۆڤی کوردو دوایین حەقیقەتی سەر گۆی
زەویی لە تەنکەی باغەڵ دایە. لە دۆزێکی واشدا ئیتر
تیرۆر تەنیا بریتی لە ئەستاندنی رۆح لە جەستەو
کەمکردنەوەی ژمارەی مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو
کردەوەیەکی تۆقێنەرو تاکتیکێکی توندوتیژانەیە بۆ
خوڵقاندنی دوخیکی گشتی بۆ دەستەبەر کردنی
مەبەستێکی دیاریکراوو شەرعییەت دان بەخۆ.
ئەزموونو تاقیکردنەوەکانی مێژووی
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نیشانی داوە چ ئەوانەی بەناوی
ئیدئۆلۆژییەکی عەدالەتخوازانەی تاقانەوە بانگەشەی
بونیاتنانی بەهەشتی سەرزەویو لە ئامێزگرتنی
دوایین حەقیقەتیان بەگوێی خەڵکدا دەداو چ رەوتی
سەر بە تەیاری بونیادگەرایی ئیسلامی کە بەناوی
ئایینەوە خۆی بە سەنتەری بێ ئەملاوئەولای گۆڕەپانی
سیاسیی هەموو ئەم جیهانە پێناسە دەکەن، دوو مۆدێلی
شکستخواردوو پتر نەبوون. بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
هەر دوو مۆدێل کوشتارو وێرانیی گەورەیان
لێکەوتۆتەوە.
نووسینی ئەو چەند دێڕە لێرەدا
دەنگێکە بۆ لەقاودانی تیرۆری مامۆستا شاریکەندیو
لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو
بێدەنگییەو بەدواداچوونی تر.
شاریکەندی کێ بوو؟
کورد لە قۆناخێکدا نیە بتوانێ
وەکوو هەموو گەلانی بەختەوەری سەرزەوی رێز لە
کەسایەتییە مەزنەکانی خۆی بگرێ. هەرچەند پاش
مەرگو نەمان گەورەپیاوانی کورد دەبنە رۆحی پیرۆزی
فریادرەسو مەزاریان دەبێتە زیارەتگەو داماوان
چلدانەیان لەسەر دەگرنەوەو لەگەل رۆحی گەورەی
ئەبەدییەت لێکیان ناکەنەوە، بزگوڕکێکی کەسکو
سووری سەرمەزاریان لەدەستو لاق دەبەستن، دەبنە
ئاوی پاڵاوتەی شەوەکی لە گۆزەی دایکۆڵان دا بۆ
دەرمان دەیخۆنەوەو دەبنە شیری بەری دای بۆ مناڵی
سەر بێشکەو چەپکە گوڵی خۆشەویستی کچو کۆڕی کورد
بە بەرۆکیانەوە یان رەشەریحانەی بەرپشتوێنو
میخەکو سمڵی نوێبووکان، لە نوێژ کردنی پێنج
فەڕزەدا بەر لە ئیمامەکان ناویان دێنن... بەڵام بۆ
ئێمەی کورد ئەمە هێشتا کەمە. داستانی بەهای
چەقەڵەکەی پشتی شووشەی دووکانێک لە شەقامێکی
بەغداو کاکە هەژاری کوردی خوای شیعرو وشە کە
فەرمووی جەستەی چەقەڵی زیندوو کەس بە قۆشەیەک
نایکڕێو وەرزێڕانی کورد لە هەموو جێیەک راوی
دەنێن بەلام لە بەغدا پەیکەری لێ ساز دەکەنو
باییەکەشی بە دە جووی پارە قورسی سنەیی هەر نادرێ.
یەک لە هەرە مەزنەکانی کورد هێژاو
بەلیمەت مامۆستا کەریمی شاریکەندی ناسراو بە مەلا
کەریم بوو. کوردپەروەرو راستگۆو نەترسو حەقوێژ،
قانعو سەربەرز، وەفادار بە گەلو نیشتمانو دوور
لە فرتوفێڵ کە ناکرێ بە پێوانەی هیچ کام لە مەلاو
پیاوە ئایینییەکانی سەردەمی خۆی هەڵسەنگێنین.
مامۆستا لە مزگەوتی مەولەویی شاری مەهاباد چرایەکی
رووناکیدەر بوو کە رێبوارانی رێگای زانستو
مرۆڤایەتی بە تیشکی زانستی کەموێنەی رێگایان
دەبڕی. زانای هەیئەتو ئەستێرەناسی بوو. جیهان
کەسێکی دیکەی لەو سەردەمەدا لە وێنەی ئەو لە
زانستی کوردیو فارسیو عەرەبیدا نەبووە. کوردێکی
پاکو بێگەردو نەترس کە وقارو مەزنایەتییەکەی
ئەوی کردبووە رۆگەی دڵدارانی کوردەواری. بەو
حاڵەوە نە ئیددعیایەکی دەکردو نەدەهاتە نێو بازاڕی
بازرگانانی سیاسەتچییەوە. مامۆستا لە هەموو
ساڵەکانی ژیانیدا بە سەربەرزی ژیاو هەرگیز لە
بەرابەر خواوەندانی زێڕو زۆر سەری شۆڕ نەکردو
شێلگیرانە دژی ئەو کەسانەی بە دژی خەڵکو لە
خزمەتی ساواک دابوون خەباتی کرد.
کاک سەید حەسەنی هاشمی لەو
پەیوندییەدا دەڵێ: ''مامۆستا مەلا کەریمی
شاریکەندی لە ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە ئاوایی
شاریکەندی نزیک شاری بۆکان لە کۆشی بنەماڵەیەکی
هەژارو دەستکورت لەدایک بوو لە تەمەنی ٧/٨ ساڵان
دەچێتە حوجرەو خەریکی خوێندن دەبێ. کاتێک بە پلەی
موستەعید بوون دەگات لە مەهاباد نیشتەجێ دەبێ. هەر
لە مەهاباد بەشی زۆری لە خزمەت مامۆستا مەلا
حوسینی مەجدی درێژە بە خویندن دەداو پاشان ئیجازەی
مامۆستایی وەردەگرێ. لە دوای ماوەیەک دەچێتە
نەغەدەو وەک مامۆستاو ''مودەرریس'' لەوێ
دەگیرسێتەوە. دواتر دێتە شاری مەهابادو لە مزگەوتی
سوور وەک مامۆستاو مودەریس بە مانگانەیەکی زۆر کەم
دەرس دەڵێتەوەو بەوپەڕی کەموکووڕی قەناعەتی ژیانی
دەبردە سەر. دەگێڕنەوە ئەو کاتەی مامۆستا لە
نەغەدە دەبێ شای ئێران بۆ سەردان دەچێتە ئەوێ.
مامۆستا شاریکەندی کەسیک بوو بە دوورو درێژی باسی
هەژاریو نەداریو بێدەرمانیی خەڵکی ناوچەکە
دەکاتو لە پێڕانەگەیشتنی کاربەدەستانی دەوڵەتی
دەدوێ. ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە نەیەڵن چی دیکە
لە نەغەدە بمێنێتەوەو پاشان بە ناچاری دەچێتە
ئاوایی خەلیفان. مامۆستا بڕوایەکی تەواوی بە مافی
نەتەوەیی کورد هەبوو بۆ ئەو مەبەستە هەرچی لە
توانای دابا کۆتایی نەدەکرد. لە کاتی
رووبەوڕووبوون لەگەڵ کاربەدەستانی رێژیمی شاو
ئاخووندەکانی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بەڕاشکاوی لە
رەوابوونی داخوازییەکانی کورد دەدواو پێی دادەگرت.
هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی لە یەزیدیش ناخۆشتری
دەویستو لە بیانوویەک دەگەڕا بەشیوەیەک لەبەینی
بەرێ. مامۆستا شاریکەندی هەمیشە وەک خۆی لایەنگرو
دۆستی فەقیرو هەژارو کەمدەسەڵات بوو. بۆ هەموو
گیروگرفتو ناتەباییەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەخەم
بوو و ئەوەندەی لە توانای دابووبێ بۆ لابردنو
کەمکردنەوەی ئەو گیروگرفتانە هەوڵی دەدا، جا ئێستا
ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کەسایەتییەکی بەو هەمووە
تایبەتمەندییە ئینسانیو زانستییەوە مەسئوولینی
کۆمەڵەی "سەردەم" بە کام سوچو تاوان دەستووری
تیررۆی ئەو کەسایەتییە مەزنەیان داوە؟!! دەبێ
رۆژێک کۆمەڵە وەڵامی ئەو تاوانە گەورەیە بداتەوە.
شەهید حامیدی کوڕی وەک پیشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات
دەگیرێو بە ئیعدام مەحکوم دەکرێ، بەلام مامۆستا
قەت داوای شکاندنی مەحکوومییەتەکەی لە جمهوریی
ئیسلامی نەکرد. دەکرێ بڵێین رەنگە سازمانی کۆمەڵە
ئەوەی بۆ بەحیسابی وابەستەگیی مامۆستای بە رێژیم
گرتبێ!... بەڕاستی بە بڕوایەکی تەواوەوە دەتوانم
بڵێم مامۆستا مەلا کەریم هەتا ژیا سادقانە
وەفاداری کوردو کوردستان بوو و بەسەربەرزی سەری
نایەوە".
کاک حەسەنی ئەییوبزادە ناسراو بە
مامۆستا گۆران لە نامەیەکدا بۆ نووسەری ئەم دێڕانە
لەسەر پلەو مەقامی زانستیی مامۆستا بەم شێوەیەی
خوارەوە لە بیرەوەرییەکانی خۆی دەدوێ: "دوکتور
محەممەدی مەجدی لە ناودارەکانی گەڕەکی مەجدیو
شاری مەهابادو کوڕی مەلا حوسینی مەجدیی بەناوبانگ
بە خەرمانلۆغەی زانستی بەرەکەتی ئەو مامۆستایە
سەری لە نێو کۆڕی عارەوزمانان بەرز کردەوە. مەجدی
لە راستیدا دانشنامەی دۆکتۆراکەی هی مامۆستا
کەریمی شاریکەندی بوو. من لە ساڵەکانی ٤٥و ٤٦ تا
٤٩ لە شاری مەهاباد بوومو هاتووچۆی ئەو زاتە
موبارەکەم دەکرد. شیعری سەردەمی کۆنی عەرەب وەکوو
حەوت شیعری هەڵاوەسراوی شاعیرانی عەرەبو
جەواهیروالبلاغەم لەلا دەخوێند. رۆژێک لەگەڵ
مامۆستای قوتابخانە ئاغای شەهیدی لەلای بووینو
هێشتا دەرسەکەمان دەست پێنەکردبوو کە ئاغای
محەممەدی مەجدی (ئەو کاتە دۆکتۆرای نەبوو) وەژوور
کەوتو لە خزمەت مامۆستادا راوەستا. پاش وتووێژێکی
کورت لە مامۆستای پرسیار کرد ئاخۆ ئاگای لە ریزە
شیعرێکی کەون هەیە کە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە لە
ناو زانایانی زمانی عەرەبی دا؟ کوتوپڕێک دوو شیعری
عەرەبیی غڵتەغڵت کردو لەبیرم نیە چیی کوت. مامۆستا
مەلا کەریم دەستی بە خوێندنەوەی سەرلەبەری کردو
کوتی ئەوە ٣٥ کۆپلەن. مەجدی واقی وڕماو چاوی لەبەر
پێی خۆی کردو چووە دە فکرەوە. دەمێک پاش لێی
پاڕایەوە کە یارمەتیی بدات زانستنامەی دۆکتۆراکەی
لەسەر ئەو شیعرانە بنووسێ. ئەو زاتە مەزنەش
بەڵێنیی پێدا. لەو رۆژەوە مەجدییش وەکوو ئێمە بوو
بە قوتابیی مامۆستا. چەند مانگ دواتر مەجدی لە
زانستگەی ئەهواز باسی مامۆستای کردبوو. گوایە
داوای لێ دەکەن بۆ زیارەتی مامۆستا کاتێکیان بۆ
وەربگرێ تا مامۆستاکانی زانستگە بێنە لای. ئەویش
پێیان دەڵێ: کاتی پیویست نیە مەلایەکی کوردەو لە
حوجرەی مزگەوتێکەو هەموو دەتوانن بچنە لای. ئەوان
کە ئەمە دەبیستن ئیدی باسی ناکەنەوە. بەڵێ
بەلیمەتەکانی گەلی بێوڵات دەبێ لە گۆشەی مزگەوتان
کەڕووهەڵێننو بێهونەران لە چێشتخانەی لۆکسی ئەم
جیهانە ورگیان بڵەوەڕێنن... وەک دەڵێن قاتڵ یان
قاتڵەکانی ناسراونو دەبێ رۆژێک بێ لیپرسینەوەو
لێکۆڵینەوەی ئەم جینایەتە رووی راستەقینەی ئەم
پیلانە خائینانەیە لادرێو ئەوانە بدرێن بە دادگای
گەلی کورد. لە کاتی کوژرانی دا گۆیا کۆمەڵە لە
میراوێی سەردەشت ئەم جینایەتە وەئەستۆ دەگرێ...''
رێزدار کاوە موکریانییش لە
نووسینێکی دا بۆ نووسەری ئەو بابەتە، لە چەند
بەشێکی نامەکەی دا ئاوا لە کەسایەتیی مامۆستا
دەدوێ: ''مامۆستا شاریکەندی دەبیری ئەدەبیاتی
عەرەبی بوو. من هەر زۆر زوو بۆم دەرکەوت کە
مامۆستا کوردێکی توندوتیژە لایەنگرێکی تۆخی
بارزانییە. ئیرادەتی مامۆستا بە بارزانی بە رادەی
ئیرادەی مامۆستا هەژار بە بارزانی بوو... شیعەی بە
ئیسلام نەدەزانی. دەگەڵ ئەو مەلا شیعانەی کە لە
عەجەمستانەوە بۆ کوردستان دوور خرابوونەوە،
بەردەوام خەریکی کێشە بوو. شەوێك لە مزگەوتی
مەولەوی کە خەڵکێکی زۆریشی تێدا کۆببۆوە، مەلا
کەریم مەلای عەجەمانی بە بەحس هەلگرتنو دەردێکی
دانێ دەرمانی نەبێ... مامۆستا مەلا کەریم لە
سەرەتای خۆپێشاندانەکانی سەردەمی ساواک دا شان بە
شانی خەلک دەهاتە دەرێ. لە شەهید بوونی جەعفەری
فەقێ یەعقووبی دا، مەلا کەریم لە سەرقەبران قسەی
کرد. شەجەرەنامەی کوردانی ئەوەندە بە قوولایی
تاریخ دا بردە خوار کە حەزرەتی ئیبراهیمو
ئیسماعیلو یەعقووبی بە کورد دانان... کوڕە گەورەی
مامۆستا شاریکەندی (حامید) پێشمەرگەی حیزبی
دێمۆکرات بوو، بەرپرسی تۆپی ١٠٦ بوو لە زۆربەی
چالاکییەکان ئازایەتیی نواند. حامید دوای ماوەیەک
پیشمەرگایەتی، هاتەوە شارو بەبێ ئەوەی خۆی بدا
بەدەستو خۆی بناسێنێ، لەنێو شاردا دەگەڕا.
سەرەنجام گرتیانو خستیانە بەندی تەنیایی. باوکمو
چەند ریشسپیی گەڕەک بە مامۆستایان گوتبوو کە حامید
لە ئەگەری ئێعدام دایەو پیویستە مامۆستا شفاعەتێکی
بۆ بکا. بەلام مامۆستا ئەوەندە جوامێرانە جوابی
دابوونەوە کە لە هەموو مەجلیسێک دا دەیانگوتەوە:
ئەوە هاتو کوڕی ئیوەیان گرتو ئێعدامیان کرد، ئەو
کات چلۆن من لەبەر ئێوە سەرم هەڵدێت؟
بەباوەڕی من مامۆستا شاریکەندی
کوردێکی زانای شارەزای راستو دروست بوو. قەت سەری
بۆ هیچ دەزگایەکی حکومەتی خوارو لار نەکردەوەو
شەڕەفی خۆی نەخستە گرەوی پلەو پایەی دەسەڵاتداری.
مامۆستا بە معاشی فەرهەنگیو دەرس گوتنەوەی خۆی
مالباتی بەڕێوە دەبرد. لەگەڵ شێخو شێخایەتی دژ
بوو. باوەڕمەندێکی راستو دروستی دینیو نەتەوەی
خۆی بوو''.
مامۆستا حەسەنی نوزهەتزادەش لەم
بارەوە لە نامەیەکدا بۆ نووسەری ئەم دێڕانە
دەنووسێ: مەلا کەریمی شاریکەندی عالمێکی گەورەی
ناوچەی مەهاباد بوو، پیاوێکی زانا بوو، ئەهلی
نەزەر بوو، لایەنگری هەبوون، بۆ زۆر شت خەڵک
دەچوونو پرسیاریان لێ دەکرد. وەکو سیاسەت حیزبە
چەپەکانی خۆش نەدەویست، تێکەڵکردنی ئیسلامو
سوسیالیزمی بۆ شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان پێ دروست
نەبوو لایەنگری قیادەی موەقەتو بارزانییەکان
بوو. بیروبۆچوونی لەسەر مەسەلەی کورد، نە وەکو شێخ
عێزەدینو نە وەکوو ئەحمەدی موفتیزادە بوو، تێکەڵ
کردنی ئیسلامو سوسیالیزمی پێ دروست نەبوو وەکو
ئەحمەدی موفتیزادەش موریدی خومەینی نەبوو...
(نامەی مامۆستا حەسەنی نوزهەتزادە لە رێکەوتی ٦ی
١٠ی ٢٠٠٠ی زایینی بۆ نووسەری ئەو دێڕانە).
نەورۆزانەی کۆمەڵە بۆ خەڵکی
کوردستان
سروشت تازە دەهات بەرگی خۆی نوێ
بکاتەوەو جێ بە سەرماو سۆڵی زستان لێژ بکا، هێشتا
تەنیا یەک رۆژ لە دەسپێکی ساڵی نوێ تێپەڕێبوو،
گەلاڵەی لەپێشدا دارێژراوی بکوژانی شاریکەندی
خرایە کار. هەواڵی تیرۆری مامۆستا شاریکەندی بە
خێرایی بەنێو شاری مەهابادو دەوروبەردا بلاو بۆوەو
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دۆخی ئاسایی شار
بەخیرایی تووشی شڵەژان هات. مهاباد بە نیشانەی
مەحکوم کردنی ئەو جینایەتەو بۆ رێزدانان لە
کەسایەتییەکی کە بە سالانێکی دوورودریژ بەشداریی
خەمو خۆشییەکانی ئەو خەڵکەی کردبوو، دووکانو
بازاڕی شار بە تەواوی داخرانو شار لە خەمێکی
گەورە راچوو. تەرمی شاریکەندی لەسەر شانو باهۆی
ئاپۆڕای خەڵک بۆ بەخاک ئەسپاردن بەرەو قەبرستان
بەڕێ کرا. ئەمە پەیامێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ
بکووژانی شاریکەندیو گەلاڵەداڕێژەرانی ئەو
جینایەتە.
دیارە بۆ کوشتنی شاریکەندی
هونەرێکی ئەوتۆی نیزامیی پیویست نەبوو. ئەو نە بە
ماشێنی ئاخرسیستەمی دژەگوللە هاتوچۆی دەکردو نە
پێوسیتیی بە پاسەوانیو پارێزەری تایبەتییش هەبوو.
مامۆستایەکی زاناو لەهەمان کاتدا خۆنەویستی کورد چ
شتێکی لە خۆیدا شک دەبرد بۆ ئەوەی بیر لە
خۆپاراستنو پارێزگاری بکاتەوە؟ ئەو سەربەرزانە
تەمەنێکی دووردرێژی لەنێو خەڵکی ئەو شارەدا بەسەر
بردبوو. بۆ خەلکی ئەو شارە ببوە جیگای هاوارو
بانگ. هەموو کەس دەیتوانی بیبینێو لە نزیکەوە
چاوی پێی بکەوێو سفرەی دڵی لای بکاتەوە. بۆیە
تیرۆر کردنیشی نەدەبوو کارێکی هێندە زەحمەتو
چەتوون بێ. هەتا ئێرە بۆ بکوژانی شاریکەندی هەموو
شتێک لەسەرچۆکو بە سانایی چووە پێش. ئەوان
توانیان لە کەمتر لە چەند چرکەیەکدا کردەوەی
تیرۆریستیی خۆیان بە سەرکەوتن بە ئەنجام بگەیەنن.
بەلام لێرە بەدواوە نەدەبوو هەموو شتێک بە سوودی
بکوژانی شاریکەندی بچێتە پێش. رەنگە بکوژانی
شاریکەندی بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەی
جینایەتکارانەیان بیریان لە هەموو کارقایمییەک
کردبێتەوە، بەلام لە هەڵسەنگاندنی رەوانناسیی
خەڵکدا بە هەڵەدا چوونو بەتەواوی تووشی شکستو
ناکامی بوون. بەشداریی بەرینی خەڵک لە رێورەسمی
بەخاکسپاردنی شاریکەندی نیشانەیەک بوو لە
خۆشەویستیی شاریکەندی لە نێو دڵی خەڵکدا. ئەگەر بۆ
کۆمەڵە کەسایەتیی شاریکەندی وەک بەکریگیراوێکی
کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسەر درابوو، بۆ کۆمەڵانی
خەڵک ئەمە راست بەپێچەوانە بوو. دوایین مالاوایی
خەڵکو شاریکەندی لێکتر بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بوو
بۆ قوولایی ئەو پەیوەندییە. رقو بێزاریی خەڵک
بەرامبەر بە تیرۆری ناجوامێرانەی مامۆستا
شاریکەندی، ریبەرانی کۆمەڵەی تووشی سڵەمینەوە کرد.
ئەوە راستە لە میراوێی سەردەشت بۆ چەند کاتژێرێک
لە پتەیان دەردەچێو بەرپرسایەتیی ئەم جینایەتە
سامناکە دەگرنە ئەستۆ، بەلام زۆر زوو دوای
بیستنەوەی دژکردەوەی خەلک لە شاری مەهاباد بڕیاری
بێدەنگی دەگرنە بەر. ترس لە بیروڕای گشتی هۆکارێکی
هەرە گەورە بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵە بەرپرسایەتیی ئەم
تاوانە بەڕەسمی نەگرنە ئەستۆ.
بەلام لە لایەکی دیکەشەوە بە
ئاشکرابوونی دەستبەجێی ناسنامەی بکووژانی
شاریکەندیو مەحکووم کردنی ئەو تاوانە لەلایەن
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە کۆمەڵە
نەشیدەتوانی خۆی لەو تاوانە بێبەری بکا. وتاری:
''چرا حزب دمکرات از ملا کریم شاریکندی دفاع میکند
و ترور او را بە کوملە نسبت میدهد''، رەنگدانەوەی
ئەو دۆخە بوو کە رێبەرانی کۆمەڵە بەدەستی خۆیان
خوڵقاندبوویان. لەلایەک دەستیان دابووە جینایەتێکی
بێبەزەییانەو بێسووچوتاوان شاریکەندییان تیرۆر
کردبوو لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی ترس لە بیروڕای
گشتیی کۆمەڵی کوردەواری نەیاندەوێرا بەڕەسمی
بەرپرسایەتیی ئەو کردەوەیەیان بگرنە ئەستۆ. کۆمەڵە
بۆ دەرباز بوون لەم تەنگژەیە رووی لە
گەندەڵفێڵییەکی تر کرد. لەو گەندەڵفێڵیە دا
بێشەرمیی سیاسی بەوپەڕی خۆی گەیاند. کۆمەڵە کاتێک
نەیوێرا دان بە کردەوەی تیرۆریستیی خۆی دابێنێ،
رووی لە ناوزڕاندنو تۆمەتلێدانی ناڕەوا کرد. هەر
دەڵێی بۆ بڕیاردەرانی تیرۆری شاریکەندی، تیرۆری
جەستەی شاریکەندی هێشتا کەم بوو نەیدەتوانی
سووکنایی بە قین لەدڵیی ئەوان بێنێ. دەبوو
جینایەتکارانی کوردکوژ بیر لە سیناریۆیەکی قێزەونی
تریش بکەنەوە. سیناریۆی دوای تیرۆری جەستە، تیرۆری
ناوونابانگ بوو. تیرۆری کەسایەتیو لێدانی تۆمەتی
ناڕەواو بێبەڵگەو تەنانەت ئێعدامی سەرلەنوێی رۆحی
شاریکەندی بە مردوویی بوو. لەو تەوژمە نوێیەدا با
پێکەوە لە دژکردەوەی کۆمەڵە بڕوانین: ''روز ٢،١،٦١
ملا کریم شاریکندی یکی از همکاران و مدافعین رژیم
جمهوری اسلامی در مهاباد ترور شد... حزب دمکرات
همزمان و هماهنگ با مزدوران رژیم و مزدوران قیادە
موقت ملا کریم را شهید مینامد، ترور او را محکوم
میکند، برایش عذاداری مینماید، او را استاد مبارز
و روحانی بزرگ لقب میدهد... حال این حزب دمکرات
است کە باید بە خواست خلق کرد جواب دهد کە چگونە
بە خود اجازە میدهد با بیشرمی تمام، یک همدست
آشکار و مهم رژیم جمهوری اسلامی را شهید بنامد؟...
آنان چنان از ملا کریم سخن میگویند کە گویا او
شهید خلق کرد است و بە مردم مهاباد تسلیت میگویند.
خیر، ملا کریم شهید خلق کرد نبودە، او همیشە علیە
خلق کرد بود''. (چرا حزب دمکرات از ملا کریم
شریکندی دفاع میکند و ترور او را بە کوملە نسبت
میدهد؟ سازمان انقلابی زحمتکشان کردستان ایران
کوملە بە نقل از خبرنامە ١٦٨ کوملە).
تاوانی شاریکەندی چ بوو؟
لە روانگەی کۆمەڵەوە شاریکەندی
تاوانبارێکی گەورە دەهاتە ئەژمار. لە ئەدەبیاتی
سیاسیی کۆمەڵەدا کەسایەتیی شاریکەندی وەک
بەکرێگیراوێکی خۆفرۆش بە کۆماری ئیسلامی پێناسە
دەکرا. لە کەشوهەوای سیاسیی ئەو کاتی کوردستانیش
چارەنووسی کەسێکی خۆفرۆشو بەکرێگیراو جگە لە
کوشتن نەیدەتوانی شتێکی تر بێ. مێژووی دژایەتیی
کۆمەڵە لەگەڵ شاریکەندی لەو ساڵانەدا بە دوو
قۆناغی جیاوازدا تێپەڕی. قۆناغی یەکەم ئەو کاتە
بوو کە تازە رێژیمی پاشایەتی لە ئێران دا
رووخابوو، هەموو شارو گوندەکانی کوردستان لە ژێر
دەسەڵاتی هێزە سیاسییەکانی کورد دابوو. بۆ کۆمەڵە
گەورەترین تاوانی شاریکەندی لەو قۆناغە دەست
پیدەکا، ئەویش دژایەتیی شاریکەندی لەگەڵ ماددەی ٨
بوو. لە دوای رووخانی رێژیمی شا کۆمەڵەو مامۆستا
شێخ عێزەدینی حوسێنی هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی
ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبی سەرەکیی باشووری
کوردستان بۆ سەحنەی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی
کوردستان راگویزرێ. کۆمەڵەو مامۆستا شێخ عیزەدین
لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی ماڵی یەکیەتیی نیشتمانیی
کوردستانەوە ئەرکی دژایەتی کردنیان لەگەڵ پارتی
دێمۆکرات (قیادەی موەقەت) لە کوردستانی بندەستی
ئێران گربوە ئەستۆ. کاتێک بۆ یەکەم جار گەڵاڵەی
داخوازییەکانی کورد لە شاری مەهاباد بۆ پێشکەش
کردن بە دەوڵەتی کاتیی بازرگان ئامادە دەکرا،
لەسەر پیداگریی کۆمەڵەو مامۆستا لە بەندی ٨ی ئەو
گەڵاڵەیەدا بە ناڕەوا داوا لە دەوڵەتی ئێران
دەکرێت قیادەی موەقەتە لە ئێران دەر بکرێ.
شاریکەندی بە تەواوی دژی ئەو ماددەیە بوو.
موخالیفەتی شاریکەندی لەگەڵ ماددەی ٨، بەخێرایی
ئەوی خستە پۆزیسیۆنی نەیاری کۆمەڵەو مامۆستا شیخ
عێزەددینەوە.
حیزبی دێمۆکراتی کورستانی ئێران لە
بنەڕەت را لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە بۆ جۆری داڕشتنی
سیاسەتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی دەڕوانی. لە
روانینی ئەو حیزبەدا جێگایەک بۆ تۆڵەئەستاندنەوەی
سیاسی لە ئارادا نەبوو. سەرەڕای ئەو غەدرە
گەورەیەی لە ساڵەکانی ٤٧-٤٦دا لە تێکۆشەرانی ئەو
حیزبە کرابوو، هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو سەحنەی
سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرێتە گۆڕپانێک بۆ
دژایەتی لەگەڵ لایەنێکی سیاسیی باشووری کوردستانو
پشتیوانی کردن لە لایەنێکی تر. لە چوارچێوەی ئەو
سیاسەتەدا ئەسڵ لەسەر رێزدانانی بەرامبەرو دەست
تێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی هێزە سیاسییەکانی
کورد دانرابوو. بەڵام لە کەشوهەوای سیاسیی ئەو
کاتەی رۆژهەڵاتی کوردستان بردنە پێشی سیاسەتێکی
سەربەخۆی ئەوتۆ کارێکی ئاسان نەبوو. ئەم سیاسەتە
بەتوندی لەلایەن کۆمەڵەو مامۆستا شیخ عێزەدینەوە
کۆسپو تەگەرەی دەخرایە سەر رێو بە هێنانە گۆڕێ
مەسەلەی وەک ماددەی ٨ لەگەڵ گرفتی بەرەوپێش چوون
بەرەڕوو دەکراوە. بۆ تیگەیشتن لە کەشوهەوای
سیاسەتی کۆمەڵە لەو کاتەدا وەبیرهێنانەوەی ئەو
چەند دێڕەی خوارەوە لەوە ناچێ چ زەرەرێکی بۆ پەز
هەبێ، کۆمەڵە دەنووسێ: ''قیادەی موقت بسیار صریح و
روشن میگویدکە ملا کریم اولین کسی بود کە بر علیە
بند ٨ ضد انقلاب در کردستان و پشتیبانی از پارتی
دمکرات کردستان (قیادە موقت) موضعگیری کرد. مقصود
قیادەی موقت از بند ٨ ''ضد انقلاب'' مادەی هشتم
اولین طرحی است کە بعد از قیام در شهر مهاباد بە
نمایندگان دولت ارائە شد کە در آن بعضی از مطالبات
دمکراتیک و عادلانەی خلق کرد را در برابر دولت
موقت مطرح میسازد. رفقای ما در گنجاندن مادە هشتم
و طرح مذکور نقش فعالی ایفا کردند. حزب دمکرات بعد
از مدت کوتاهی متوجە شد کە این مادە زد و بند او
را با قیادە موقت میبندد و بسیاری از مسئولین حزب
بارها از اینکە بە امضای چنین مادەای تن در
دادەاند ابراز نارضایتی و پشیمانی کردەاند''.
(بڕوانە خبرنامە کومەڵە ژمارە ١٦٨، چرا حزب دمکرات
از ملا کریم...)
بالانسی هێزو پیگەی جەماوەریی
حیزبی دێمۆکرات رێگای ئەوەی لە کۆمەڵە بڕیبوو بۆ
جێخستنی سیاسەتەکانی بیر لە سیناریۆیەکی تر
بکاتەوە. بەلام داخوا لە تێهەڵکەوت لەگەڵ مامۆستا
شاریکەندی چی؟ شاریکەندی نە خاوەنی حیزبی سیاسی
بوو نە خاوەن هێزێکی چەکدار بۆ بەرەنگار بوونەوە
لە حاند هەر چەشنە هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی
بوایەتەوە. هیزی شاریکەندی لە راستیدا هێزێکی
مەعنەویو پەیوەندییەکی رۆحی بوو لەگەڵ خەڵکی
شارەکەی. هەر بۆیە دەکرا بیر لە گرتنە بەری
توندوتیژیو تیرۆری جەستەی مامۆستایەکی تەنیاباڵی
کورد بکرێتەوە. حەوت رۆژ بەر لەوەی تیرۆری
شاریکەندی بەڕێوە ببردرێ (واتە دووشەمە ٢٤ی
رەشەمەی ١٣٦٠ لە خبرنامەی ١٦١دا) بێ هیچ هۆکارێکو
بەبێ ئەوەی چ هەڵوێستێکی تایبەتی لە لایەن
شاریکەندییەوە بەدژی کۆمەڵەوە راگەیەنرابێ، بە
خۆفرۆشی رێژیم ناسێنرا. رەنگە لەو کاتەدا کەس
ئەوەی بەبیردا نەهاتبێ ئەم هێرشە تەبلیغاتییە
شتێکی مەبەستدارەو تەمەنی شاریکەندی تەنیا حەوت
رۆژی تری بەبەرەوە ماوەو بڕیاری کوشتنی دراوە.
کۆمەڵە بۆ رەچەشکێنیو پێکهێنانی زەوینەی لەبار بۆ
تیرۆری شاریکەندی لە وتارێکیدا بە ناوی حزب دمکرات
برعلیە کوملە با هر مرتجعی همصدا میشود، دەنووسێ:
''چە کسی با کثیفترین مرتجعین محلی از قیادە موقت،
سران مزدور رزگاری، اربابان منگور (کە اکنون همە
جاش مسلح رژیماند) تا اشخاص خودفروختەی نظیر ملا
کریم شاریکندی و مالکین و سرمایەداران در سراسر
کردستان، علیە مردم و نیروهای انقلابی ساخت و پاخت
کردە است؟'' (بڕوانە خبرنامەی کوملە ژمارە ١٦١،
شنبە بیست و چهار اسفند ماە ١٣٦٠).
شاریکەندی کێی فرۆشتبوو، چیی
فرۆشتبوو، لەو نووسینەی کۆمەڵەدا نادیارو
بێوەڵامە، هەروەها بۆ خوێنەر روون نابێتەوە
شاریکەندی لە بەرامبەر چ دا خۆی بە کۆماری ئیسلامی
فرۆشتبوو. جگە لەوەش کاتێک بە وردی لەم چەند دێڕەی
کۆمەڵە ورد دەبینەوە مەسەلەیەکی سەرنجڕاکیشی تر
هەست پێدەکەین. ئەویش ئەوەیە کە حوکمی تیرۆری
شاریکەندی لە بەرزرترین ناوەندی بریاردانی کۆمەڵە
هاتۆتە پەسند کردن. (خبرنامەی کۆمەڵە لەو کاتەدا
تەنیا ئۆرگانی کۆمەڵە بوو کە لە دووتوێی ئەودا
رێبەریی کۆمەڵە لە جۆری هەڵوێستو سیاسەتەکانی
دەدوا). هەر بۆیە لەبەردا بەهۆی ئەم بڵاڤۆکە باس
لە خۆفرۆش بوونی شاریکەندی لە ئەدەبیاتی سیاسیی
کۆمەڵەدا دێتە گۆڕێو پاشان لە رۆژی ٢ی٢ی ١٣٦١دا
تیرۆر دەکرێ. ئەم دوو کردەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە
تیرۆری شاریکەندی و هێرشی تەبیلغاتی بە وێنەی
تەواوکەری یەکتری لە رێبەریی کۆمەڵدا بڕیاری لەسەر
دراوە. هەموو نیشانەکان لەوە دەدوێین تا ئەو کاتەی
شاری مەهاباد لەژێر دەسەلاتی هێزی پیشمەرگەدابوو،
کۆمەڵە نەیدەتوانی بەتاوانی دژایەتیی شاریکەندی
لەگەڵ ماددەی ٨ بیر لە تیرۆری ئەو بکاتەوە. بەڵام
بە داگیرکردنەوەی شارەکانی کوردستانو حاکمبوونی
کەشو هەوای شەڕ، کۆمەڵە دێنێتە سەر ئەو باوەڕە
دەتوانێ بیر لە کوشتنی شاریکەندی بکاتەوە. هەر
راست لەو قۆناغە دایە توندترین هێرشی تەبلیغاتیی
کۆمەڵە کرایە سەر شاریکەندی. لە چاوترووکانێکدا
کرا بە خۆفرۆشو کرا بە هاوکارو بەکرێگیراوی
رێژیم. لە پشت لێدانی ئەو جۆرە تۆمەتانەشەوە
مەبەستێکی شاراوە نووستبوو. بە لەقەڵەمدانی
شاریکەندی وەک کەسێکی خۆفرۆش بە رێژیم، کۆمەڵە لە
هەوڵی ئەوە دابوو بەرەبەرە تابڵۆیەکی قێزەونی
ئەوتۆ لە سیمای شاریکەندی وەکێشێ کە خەڵک بە
بیستنی هەواڵی تیرۆری نە تەنیا بە دژی کۆمەڵە
نەورووژێن، بەڵکوو دەستخۆشانەشی لێبکەن. لەنێو
هەناوی خوێندنەوەیەکی وا دایە گەڵاڵەی تیرۆری
شاریکەندی دادەڕێژرێو بەڕێوە دەچێ. دژکردەوەی
خەڵک کۆمەڵە ناچار دەکا بەڕەسمی تیرۆری شاریکەندی
نەگرێتە ئەستۆ، بەڵام لە بەرامبەردا بە ریزکردنی
کۆمەڵێک تۆمەتی هەڵبەستراوی نەسەلمێندراو، دەیهەوێ
لە کردەوەدا ئەوە بە خوێنەری خۆی بڵێ کە شاریکەندی
شایانی کوشتن بوو، دەبوایە تیرۆر کرابایە. ئەوەی
لێرە بەدوایە دەخرێتە روو لە راستیدا ئیددیعانامەی
کۆمەڵەیە بۆ ئەنجامی ئەو جینایەتە.
ئیددیعانامەی کۆمەڵە لەمەڕ تیرۆری
شاریکەندی
کۆمەڵە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم تیرۆرە
هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بەو هۆکارانەی خوارەوە
شەرعیەت بە تیرۆری شاریکەندی بدا: ''اگر گفتەهای
ما تاکنون برای اثبات این امر کافی نبودە است
بگذارید بطور مختصر تاریخچە زندگی سیاسی او را طی
چند سال اخیر مرور کنیم: هنگامیکە تظاهرات و جنبش
سرتاسری تودەها علیە رژیم شاە در حال اوجگیری بود
او در گسترش این جنبش در میان مردم مهاباد نقش
ترمزکنندەای داشت. او تحت عنوان اینکە (این
جریانیست مربوط بە شیعەها و ما کە سنی هستیم نباید
خود را قاطی آنها کنیم) هم مانعی در برابر تظاهرات
علیە رژیم شاە بود و هم بە اختلافات مذهبی دامن
میزد. اما زمانیکە رژیم شاە سرنگون شد و جهت قدرت
را تشخیص داد، طرفدار سرسخت رژیم جمهوری اسلامی در
ایران و قیادە موقت در کردستان بود. خود اظهارات
رادیوی قیادە موقت پشتیبانی او را از این نیروی
مزدور کە در سرکوب خلق کرد نقش فعال ایفا کردە است
بە بهترین وجهی ثابت میکند. بعلاوە مردم این را
فراموش نکردەاند کە هنگام تدفین ملا مصطفی
بارزانی در اشنویە چندین بار فریاد زد: (برقرار
باد رژیم جمهوری اسلامی بە رهبری امام خمینی!).
بعد از هجوم نیروهای سرکوبگر جمهوری اسلامی بە
کردستان، او در شهر ماند و نە تنها هیچگونە دفاعی
از خلق کرد ننمود بلکە هنگام آمدن بازرگان بە
مهاباد بە استقبال او شتافت. وقتی کە آتش بس
برقرار شد و کنترل شهرها در دست پیشمرگان بود او
چون این پیروزی نسبی را بە حال خود مفید نمیدید و
بە امید اینکە این وضع دوام نیاوردە و رژیم دوبارە
بە شهرها مسط خواهد شد گوشەنشینی اختیار کرد (در
این بارە ما از همکاری مخفیانە او با رژیم و حزب
دمکرات خبر نداریم). اما درست بعد از اینکە رژیم
جنایتکار جمهور اسلامی بر شهر مهاباد حاکم میشود
ملا کریم هم فعالیتهایش را آغاز میکند، رژیم
صحبتهایش را همیشە از رادیو پخش میکند و بە مجامع
و میتینگها اعزامش میدارد. و برخلاف ادعای حزب
دمکرات همدست کسانی بود کە فرزندش را بە شهادت
رساندند و بنا بە ماهیتش نمیتوانست کوچکترین
اعتراضی هم بە جانیان همکارش بکند. رفتن ملا کریم
بە هفتەی وحدت بنا بە دعوت منتظری همزمان با آغاز
موجی دیگر از اعدامهای دستە جمعی در شهر مهاباد
بود. او سپس کوشش میکند کە با آرایش چهرەی رژیم،
کینە و نفرت مردم مهاباد را نسبت بە رژیم جلاد
تخفیف دهد (ما بە موقع این کار او را افشا کردیم).
فکر میکنیم دیگر کافی باشد. اگر ما کشتن ملا کریم
را از سوی خود تکذیب میکنیم نە بدان دلیل است کە
او را از گناهانش مبرا بدانیم بلکە بدان علت است
کە ما بدلیل اینکە او هنوز بطور کامل بین تودەهای
مردم افشا نشدە بود نمیتوانستیم و نمیخواستیم چنین
سیاستی را اتخاذ کینم. (سازمان انقلابی زحمتکشان
کردستان ایران کوملە، خبرنامە شمارە ١٦٨).
ئیددیعانامەی کۆمەڵە بۆ بەڕەوا
زانینی تیرۆری شاریکەندی بەجۆرێک لە جۆرەکان حوکمی
دادگاکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتەوە بیر. لەم
بێداگاییەی کۆمەڵەدا نە بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی
تاوانی تاوانبار بە پێویست دەزاندرێو نە تاوانبار
مافی ئەوەی دەبێ دەنگێکی لێوە بێو نە دەرفەتی
ئەوەی پیدەدرێ دیفاعێک لە بێتاوانیی خۆی بکات.
سەرجەمی ئەو بەناو تاوانانەی بۆ حەڵاڵکردنی خوێنی
شاریکەندی خرانە روو شتێک زیاتر لە کۆمەڵێک دروشمی
بێبەڵگەو تاوانی هەڵبەستراو نین. با لە نزیکەوە لە
کۆتایی ئەم وتارەدا بڕۆکەیەک لە هەرکام لەو
تاوانانە ورد بینەوە
– بەگوێرەی ئەوەی لە دەقی
ئیددیعانامەکەی کۆمەڵە خرایە روو، یەکێک لە
تاوانەکانی شاریکەندی ئەوە بوو دژایەتیی لەگەڵ
شیعەگەری کردووە، خەڵکی لە خۆپێشاندانەکانی دژی
رێژیمی شا دڵسارد کردۆتەوەو دەوری تیکدەرانەی
گێڕاوە. ئەم ئیددیعایەی کۆمەڵە لە بنەڕەت را فڕی
بە راستییەوە نەبووە. شاریکەندی نەتەنیا خەڵکی بۆ
خۆپێشاندان بە دژی رێژیمی شا دڵسارد نەکردۆتەوە،
بەڵکوو بۆخۆی لە ریزی پێشەوەی ئەو خۆپێشاندانانە
بووە. وتەکانی رێزدار کاوە موکریانی باشترین بەڵگە
بۆ نیشاندانی ئەو چەواشەگەرییانەیە.
– بەگوێرەی ئەوەی لە وتارەکەی
کۆمەڵەدا هاتبوو تاوانی دووهەمی شاریکەندی ئەوە
بوو لە کاتی بەخاکسپاردنی بارزانی، چەند کەڕەت
دروشمی: "برقرار باد رژیم جمهوری اسلامی بە رهبری
امام خمینی"، بەزار داهاتوە. ریز کردنی ئەم
تاوانەش وەک تاوانی یەکەم پتر لە هەڵبەستراوێکی
دوژمنانە شتێکی تر نەبوو. بەگوێرەی وتەی چەند
شاهیدێک کە لەو رێورەسمەدا بەشدار بوون، شاریکەندی
لەوانە گەورەتر بوو دروشمێکی وای بەزار دابێ.
ئەگەر لێرەدا بە وردی لە هەردووکی ئەو تاوانانە
بڕوانین ناتەباییەکی گەورەش لە نێوان ئەم دوو
تاوانەدا دەبینرێ. لە لایەکەوە لە تاوانی یەکەم
شاریکەندی بە دوژمنی شیعەگەری پێناسە دەکرێ، بەڵام
لە تاوانی دووهەم دەکرێتە کەسێکی لایەنگری
روحانییەتی شیعە.
– بە وتەی کۆمەڵە بڵاوبوونەوەی
سوخەنرانییەکانی شاریکەندی لە رادیوی سەر بە رێژیم
تاوانێکی تری شاریکەندی بوو. گرفتی ئەو شیوە
حوکمدانەی کۆمەڵە لێرەدا ئەوەیە ناڵێ لە کام
رادیۆو لە چ بۆنەیەکدا سوخەنرانیی شاریکەندی بڵاو
کردۆتەوە. ئەوەش بۆ خوێنەر روون ناکرێتەوە
نێوەرۆکی قسەو بابەتەکانی شاریکەندی چ بوون؟ دەکرێ
دوای تێپەڕبوونی پتر لە ٢٧ ساڵ لەو تیرۆرە داوا لە
کۆمەڵە بکرێ گۆشەیەکی بچووک لە نێوەرۆکی ئەو
قسەوباسانە بۆ خەڵک بخەنە روو و خەلک قەزاوەتی
لەسەر بکەن؟
- دوایین تاوانی وەپاڵدراوی
شاریکەندی بریتییە لەو دوو دێڕەی خوارەوە: (او
برخلاف ادعای حزب دمکرات همدست کسانی بود کە
فرزندش را بە شهادت رساندند و بنا بە ماهیتش
نمیتوانست کوچکترین اعتراضی هم بە جانیان فرزندش
بکند). ماهییەت چیەو مەبەستی کۆمەڵە دەبێ لە
ماهییەت چ بێ، ناڕوونە! ماهییەتی هەر ئینسانێک،
رەفتارو کردارو فەلسەفە ژیانی دیاری دەکات.
پێوەریش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ماهییەتەش کۆمەڵگایە،
کۆمەڵگاش بە ئاگاییو زانستەوە لە کارو کاردانەوەی
کەسایەتییەکانی دەڕوانێ. ماهیەتی مامۆستا
شاریکەندی ماهییەتی ئینسانێکی خاوەن کەرامەت،
باوەڕمەند بە گەوهەری پاکی ئینسانی، سەردانەنواندن
لە حاند دوژمن دا تەنانەت بۆ نەجاتی کوڕەکەی خۆی
بوو. لە فەلسەفەی ژیانی شاریکەندی دا جێگایەک بۆ
پاڕانەوە لە دوژمن نەبوو. هەر ئەوەی کە کۆمەڵە
نەیوێرا بەڕەسمی دان بە ئەنجامدانی ئەو جینایەتە
دابنێ، هەم لەلایەک جیگاو پلەو ماهییەتی
شاریکەندیی لە نێو خەڵکدا بەباشی دەرخستو هەم
ماهییەتی بڕیاردەرانی ئەم جینایەتە. لە رێگای ئەو
دێڕانەوە مرۆڤ بەتەواوی هەست پێدەکا کۆمەڵە تا سەر
ئێسقان رقو قینێکی پەنگخواردووی بە دژی
شاریکەندیی لە هەناو دا بووە. ئەو رقو قینە نە
سنوورێک بۆ ئینسافو راستگۆیی دێڵێتەوەو نە
سنوورێک بۆ دوژمنایەتییش. بە مەبەستی سەرپۆش
دانانی تیرۆری شاریکەندی کۆمەڵە دەبوو تابڵۆی
نفرەت لە ماهییەتی شاریکەندی چێ بکات. بۆیە
ماهییەتی شاریکەندی دەبوو تا ئەو رادەیە قێزەون
بکرێ تەنانەت لە کاتی ئیعدامی کورەکەشی (بەگوێرەی
ماهییەتی بە وتەی کۆمەڵە) بزەی خۆشیو پێکەنینی
بەسەر لێوەوە دیار بێ! دەڵێن لە پشت هەموو
کردەوەیەکی جینایەتکارانە بیرێکی جینایەتکارانە
نوستووە. تیرۆی شاریکەندییش لە هەر روویەکەوە لێی
بڕوانی، کردەوەیەکی جینایەتکارانە بوو. بۆ پاساوی
کوشتنی مرۆڤی بێتاوانو کردەوەی جینایەتکارانەش،
بیری جینایەتکارانە پیویستە. کوتنی ئەوەی کە
شاریکەندی بەپێی ماهییەتی بۆی نەدەکرا ''ئیعترازێک
بە جانیانی هاوکاری'' تەنانەت لەمەڕ ئیعدامی
کورەکەی بکات وێنەی ئەو بیرە جینایەتەکارانەیە.
دوا وتەی بەر لە کۆتایی
لە مێژووی کۆنو نوێی مرۆڤایەتیدا
کەم نەبوون وێنەی ئەو کەسانەی لەسەر دەستی زۆرداری
رووبەڕووی کوشتنو تیرۆر بوونەتەوە. یەکێک لەو
کەسانەش مامۆستا شاریکەندی بوو. بێبەزەییانە هەم
درایە بەر دەسڕێژو هەم بە ناڕەوا گەلێک تۆمەتی
سازکراوی بۆ هەڵبەسترا. لە بەدواداچوونی ئەو
ماوەیەدا پتر لە هەمیشە لەو راستییە نیزیک بوومەوە
پێویستیمان بە نووسینەوەی مێژوویەکی ترە. گەلێک
بڕگەی مێژووی ئێمە پێویستە سەرلەنوێ وەخوێندرێ
پێداچوونەوەی دیکەی بۆ بکرێ. لەم کارەش دا بەر لە
هەر شتێک پیویستە ئەسڵ لەسەر بێلایەنیو
حەقویستیو ئینساف بۆ دۆزینەوەی راستی دابنرێ.
ئینجا بەدوور لە دەمارگرژیو قەزاوەتی پیشوەخت،
بەدوای بەڵگەو فاکتەکاندا بگەڕێین. لەم
بەدواداچوونەدا پێویستە بە چاوی گومانەوە لەو
حوکمانە بڕوانین کە لە رابردوودا بڕیاری لەسەر
دراوە. دەشێ گەلێک لەو حوکمانە بۆ چەواشەگەریو
رکەبەریی سیاسی بووبێن. بەتایبەتی بۆ ناسینەوەی
کەسایەتییەکانمان پێویستیمان بە وردبینییەکی پترە.
کەیسی مامۆستا شاریکەندی یەکێک لەوانەیە. بۆ
تێگەیشتن لە حەقیقەتی ژیانی شاریکەندی نابێ چی تر
لە دەلاقەی ماڵی کۆمەڵەوە لەو کەسایەتییە بڕوانین.
لە دەلاقەی ماڵی کۆمەڵەوە هیچ گۆشەیەک لە ژیانو
بەسەرهاتی شاریکەندی، شیاوی لێوردبوونەوەو
بەدواداچوونی پتر نیە. بە گەزو ربەی کۆمەڵە
شاریکەندی خۆفرۆشێکی کۆماری ئیسلامی بوو، درەنگ یا
زوو دەبوایە کوژرابا. لە جیهانی داخراوی
ئیدئۆلۆژیی کۆمەڵەدا پێش وەختە بۆ هەموو شتێک
حوکمێکی رەهای لەسەر درابوو: چاکو خراپ، رەشو
سپی، دۆستو دوژمن. بەڵام ئەگەر کەسێک نەیهەوێ لە
دەلاقەی ماڵی کۆمەڵەوە لە ژیانی شاریکەندی بڕوانێ
چی؟ داخوا ژیاننامەی شاریکەندی پێویستیی بە
نووسینو خویندنەوەیەکی تر نیە؟ لە مێژوو دا کەم
نەبوون ئەوانەی بە تاوانی سیخوڕیو هاوکاری لەگەڵ
دوژمنانی گەل بەبێتاوانی لەناوبراون، بە ناڕەوا
تووشی ئەشکەنجەو زیندان بوونەتەوە، بەڵام دواتر
هەموو ئەو حوکمانە بە ناڕەوا لە قەڵەم دراوەو لە
قوربانییەکان ئیعادەی حەیسییەت کراوە. لە یەکیەتیی
سۆڤیەتی بەری بوخارین وێنەی هەرە زیندووی ئەو
قوربانیانە بوو. ئێستاش تۆ بڵیی دوای تێپەڕبوونی
٢٧ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە رێبەرانی کۆمەڵەش
بوێریی ئەوەیان هەبێ دان بە هەڵەی خۆیان دابێننو
داوای لێبوردن لە رۆحی گەورەی شاریکەندیو
بنەماڵەکەیو گەلی کورد بکەن؟
٧/٤/٢٠١٠
مافی بڵاوکردنهوهی ئهم
بابهته بۆ ههڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سهرچاوه
کهڵک وهرگرتن لهم بابهته ئازاده
|