|
پیشه‌ی مرۆڤه‌کان و باسکردنی ڕاستیه‌کان دوو شتی
له‌یه‌ک جودان
جه‌لال چوارتایی
بڵاوبوونه‌وه‌ی دیمانه‌که‌ی "عیرفان قانعی فه‌رد"
له‌گه‌ڵ گۆڤاری لڤین هه‌ڵایه‌کی هێجگار گه‌وره‌ی
نایه‌وه ، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و
هه‌وادارانی پارتییه‌وه و پاشانیش له‌لایه‌ن ئه‌و
که‌سانه‌ی که به گوته‌ی خۆیان هێنده‌ی نیوه‌ی
کور پێڵاویان له کوردایه‌تی‌دا دڕیوه‌ته‌وه و
به کرده‌وه‌ش جگه له ده‌رده‌سه‌ری و ماڵوێرانی
کوردان زیاتر ئه‌وا هیچ شتێک له هه‌گبه‌یاندا
به‌دی ناکرێت ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که که‌سانێکی
زۆر هه‌ست پاکیش خاوه‌نی هه‌ڵوێستی جۆراوجۆر بوون
له‌سه‌ر گوته‌کانی قانعی فه‌رد که هه‌ندێکیان
له‌ژێر کاریگه‌رێتی پارت و ڕێکخراوه‌کاندا
هه‌ڵوێستی نه‌رێنیان نیشاندا و هه‌ندێکیشیان له
دژایه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌وه هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیان
نواند .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوێکی دوور له سۆز و
ئه‌ویندارییه‌وه بڕۆینه نێو ناوه‌ڕۆکی
ڕووداوه‌کانه‌وه ئه‌وا ده‌بێت قبووڵی ئه‌و
ڕاستییه بکه‌ین که کرده‌وه‌کانی ڕابردوو هه‌م
سه‌نگی مه‌حه‌که و هه‌م کلیلیشه بۆ کردنه‌وه‌ی
ده‌روازه‌کانی داهاتوو که لێیه‌وه بچینه نێو
ڕاستینه‌ی ڕووداوه‌کان . له هه‌مان کاتدا ده‌بێت
ددان به‌و ڕاستییه‌شدا بنێین که پیشه‌ی مرۆڤه‌کان
و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان دوو شتی ته‌واو له‌یه‌ک
جودان ، چونکه پێده‌چێت که که‌سێک پیشه‌ی
به‌کرێگیراوێتی په‌سه‌ند بکات و ئاگاداری زۆر
ورده‌کاریش بێت و باس له ورده‌کاریه‌کانیش بکات
به‌و جۆره‌ی که هه‌یه ، هه‌روه‌ها پێده‌چێت که
که‌سانێکیش خاوه‌ن پیشه‌یه‌کی شۆڕشگێڕێتی بن
به‌ڵام هه‌م نه‌وێرن باس له ڕاستی ڕووداوه‌کان
بکه‌ن و هه‌م به‌هۆی هه‌ستی سۆزدارییه‌وه
ڕاستیه‌کانیش بشارنه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار
چه‌واشه‌کاریش بکه‌ن .
بۆ نموونه که‌سێکی وه‌کو عیسا پژمان له‌لای
زۆربه‌مان ناسراوه که که‌سێکی به‌کرێگیراو بووه
و ته‌نانه‌ت خودی خۆشی ئه‌و ڕاستییه‌ی
نه‌شاردۆته‌وه که له ڕابردوودا ساواکی بووه و
له ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر کۆماری
ئیسلامی ئێران قبووڵم بکات ئه‌وا ئاماده‌م که بچم
به ته‌مه‌نێکی 87 ساڵییه‌وه بکه‌ومه خزمه‌تی ،
هه‌رچه‌نده من گومانم له‌وه‌دا نییه که عیرفان
قانعی فه‌ردیش که‌سێکی ئیتڵاعاتی‌یه . به‌ڵام
ئایا هه‌ر که‌سێک ئه‌گه‌ر له ده‌زگا
هه‌واڵگریه‌کاندا جێگای گرت ئیتر نابێت بڕوا به
هیچ گوته‌یه‌کیان بکرێت ئه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌شه‌وه
بێت ؟
ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان له گێلی نه‌ده‌ین و شڕۆڤه‌ی
ڕووداوه‌کان بکه‌ین ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و
ڕاستییه‌ی که هێنده‌ی عیسا پژمانه‌کان و قانعی
فه‌رده‌کان خاوه‌نی ڕێز بوون له‌لای بارزانی و
تاڵه‌بانی ئه‌وا نه هیچ خانه‌واده‌یه‌کی شه‌هیدان
و نه ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش خاوه‌نی ئه‌و
ڕێزه نه‌بوون ، هه‌روه‌ها هێنده‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش
له ده‌ست تێکه‌ڵاویه‌کانی ئه‌و به‌رپرسانه
ده‌زانن له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا و چاوپێکه‌وتنیشیان
له‌گه‌ڵیاندا سازداوه ئه‌وا هیچ کوردێک هێنده
له که‌ین و به‌ینه‌کانیان نازانێت و ته‌نانه‌ت
ئه‌ندامانی خانه‌واده‌کانیشیان هێنده دیداریان
له‌گه‌ڵیاندا ساز نه‌داوه .
هه‌روه‌ها ته‌واوی په‌یوه‌ندیه‌کانی لایه‌نه
کوردیه‌کان به‌گشتی و پارتی و یه‌کێتیش
به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی
داگیرکه‌راندا بووه و ده‌زگای هه‌واڵگریش کاتێک
ئاماده ده‌بێت په‌ره به په‌یوه‌ندیه‌کانی بدات
که لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بخاته ژێر کۆنترۆڵی
خۆیه‌وه و وه‌کو داشی شه‌تره‌نج گه‌مه‌ی پێ بکات
، واته ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که عیسا پژمانه‌کان و
قانعی فه‌رده‌کان جێگه‌یان تێدا گرتووه ، به
حوکمی ئه‌و جێگه هه‌ستیارانه‌ش (ده‌زگا
هه‌واڵگریه‌کان) بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که
که‌سانێکی وه‌کو عیسا پژمان و عیرفان قانعی فه‌رد
له هه‌ر که‌سێک زیاتر ئاگاداری سه‌رکردایه‌تیه
ساتوسه‌وداکه‌ره‌کان بوون و له هه‌موو که‌سیش
زیاتر خاوه‌نی به‌ڵگه‌ی حاشا لێنه‌کراون .
ته‌نانه‌ت به‌شێک له به‌رپرسه یه‌که‌میه‌کانی
ئه‌و حیزبانه‌ی که که‌وتوونه‌ته پاکانه‌کردن بۆ
بارزانی ددان به‌و ڕاستیه‌دا ده‌نێن و ده‌ڵێن (ئه‌گه‌ر
عیرفان قانعی فه‌رد سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری
ئیتڵاعات نه‌بێت چۆن ده‌ستی به‌و هه‌موو
به‌ڵگه‌نامانه‌دا ده‌گات که له‌لای کۆماری
ئیسلامی ئێران پارێزراوه) ، هه‌ر له
ناوه‌ڕۆکی گوته‌ی ئه‌م به‌رپرسه یه‌که‌میانه‌وه
ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستیه‌ی که ئه‌و گوتانه‌ی که
قانعی فه‌رد له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی بارزانی و قازی
محه‌مه‌د درکاندوویه‌تی زۆر له ڕاستیه‌وه نزیکن
و خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش ده‌زانن که ئه‌م
به‌ڵگه‌نامانه بوونیان هه‌یه و له‌لای کۆماری
ئیسلامی ئێران پارێزراون .
گرفتاری ئێمه‌ی کورده‌واری له‌وه‌دا بووه که
هه‌ر که‌سێک به‌نێوی کوردایه‌تیه‌وه لێدوانی‌دا
ئیتر گرنگ نه‌بووه بۆمان که خوێنی خۆشمانی بۆ
بکه‌ینه کاسه‌وه و نه‌ته‌وه‌که‌شمانی بۆ
سه‌رگه‌ردان بکه‌ین و هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کیشی هه‌ر
به باشه پێناسه بکه‌ین ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک
به ڕاستی باسی له پیشه‌که‌ی خۆی کرد و گوتی سه‌ر
به فڵانه ده‌زگای هه‌واڵگریم ئیتر هه‌موو
به‌ڵگه‌یه‌کیشی وه‌کو دروستکراو ته‌ماشا ده‌که‌ین
و بڕوا به هیچ گوته‌یه‌کیشی ناکه‌ین
له‌به‌رئه‌وه‌ی که به‌کرێگیراوه .
ئایا خودی ئه‌و به‌رپرسه حیزبیانه ئاگادار نین
له‌وه‌ی که هه‌موو ساتوسه‌ودایه‌کی به‌رپرسه
حیزبیه‌کان هه‌ر له تاڵه‌بانی و بارزانی و
ئه‌وه‌کانی دیکه‌ش ته‌نها له‌گه‌ڵ ده‌زگا
هه‌واڵگریه‌کانی ده‌وڵه‌تاندا بووه ؟ ئیتر
ئه‌گه‌ر که‌سێکیش له‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه باس
له ڕووداوه‌کان بکات بۆچی نابێت بڕوای پێ بکرێت ؟
پێویسته ئه‌و به‌رپرسانه باش بزانن که پیشه‌ی
مرۆڤه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان دوو شتی
زۆر له‌یه‌ک جودان ، چونکه عیرفان قانعی فه‌رد
جگه له‌وه‌ی که زۆر دیداری له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و
بارزانی‌دا ئه‌نجام داوه و زۆربه‌ی
ڕووداوه‌کانیشی هه‌ر له خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه
زانیوه ته‌نانه‌ت هه‌ر خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش
سه‌رپشکیان کردووه بۆ نووسینه‌وه‌ی ژیان و
کرده‌وه‌کانیان ، له هه‌مان کاتدا که‌سێکی وه‌کو
عیسا پژمانیش وه‌کو پیشه ساواکی و به‌کرێگیراو
بووه به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان هه‌مووی
ڕاستینه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌رموگوڕانه بووه
که له‌گه‌ڵ بارزانی و ته‌واوی به‌رپرسه‌کانی
دیکه‌شدا هه‌یبووه . ته‌نانه‌ت له ڕۆژگاری
ئیمڕۆشدا هه‌ر جار تاڵه‌بانی و بارزانی سه‌ردانی
فه‌ڕه‌نسایان کردبێت ئه‌وا به‌ر له هه‌ر که‌سێک
سه‌ردانی عیسا پژمانیان کردووه .
له ڕابردووش‌دا زۆر باس له پیلانی کوشنده‌ی
به‌رپرسانی یه‌کێتی و پارتی و لایه‌نه‌کانی
دیکه‌ش ده‌کرا له‌لایه‌ن ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی
به‌عسه‌وه ، به‌ڵام ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه‌ی
ئێستای ئه‌و به‌رپرسه حیزبیانه بڕوامان
نه‌ده‌کرد و ده‌مانگوت ئه‌و که‌سانه به‌کرێگیراون
و قسه‌کانیان جێگای بڕوا نییه ، کاتێکیش کێشه
که‌وته نێوان تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فاوه
و که‌مێک له ڕاستیه‌کان ئاشکرا کران ئه‌و کات
هه‌موومان له ڕاستی پیلانه‌کان تێگه‌یشتین ،
به‌ڵام به حوکمی ناهوشیاریمان ده‌ستخۆشانه‌مان بۆ
سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌نارد که ڕێگه‌ی نه‌داوه نهێنی
زیاتر ئاشکرا بکرێت له‌لایه‌ن ئه‌و دوو زاته‌وه ،
ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین که ئه‌و ته‌قالایانه‌ی
سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ ئه‌وه بووه که له‌و
نێوانه‌دا به‌شێک له مه‌له‌فی خودی خۆشی ئاشکرا
نه‌کرێت .
لێره‌دا چه‌ندین پرسیار دێنه پێشه‌وه :-
1- ئایا ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که پاکانه بۆ بارزانی
ده‌که‌ن ده‌توانن بڵێن که هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له
نێوان بارزانی و ده‌زگای ساواکی حه‌مه ڕه‌زا شای
گۆڕکراودا نه‌بووه ؟
2- ئایا ده‌توانن بیسه‌لمێنن که هیچ جۆره
په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی
له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئیتڵاعات و کۆماری ئیسلامی‌دا
ئێران‌دا نه‌بووه ؟
3- ئایا ده‌توانن بڵێن که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی
تاڵه‌بانی و بارزانی له‌گه‌ڵ به‌عسی گۆڕکراودا
نه‌بووه و ڕووداوه‌کانی 66 و 31ی ئابی 96 درۆ
بوون ؟
4- ئایا ده‌توانن بڵێن ده‌ست تێکه‌ڵاوی سه‌رانی
پارتی و یه‌کێتی له‌گه‌ڵ تورکه فاشسته‌کاندا
نه‌بووه و هیچ جۆره هاوئاهه‌نگییه‌کیشیان
له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجام نه‌داوه ؟
5- ئایا ده‌توانن نکۆڵی له‌وه بکه‌ن و بڵێن که
سه‌رتاسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌لایه‌ن
سه‌رانی پارتی و یه‌کێتییه‌وه داگیر
نه‌کراوه‌ته‌وه بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و به
سه‌دان و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی دیموکرات و
کۆمه‌ڵه‌شیان له‌و مه‌یدانه‌دا نه‌کوشتووه ؟
6- ئایا ده‌توانن بیسه‌لمێنن که سه‌رانی یه‌کێتی
و پارتی نه‌بوون به به‌شێک له پیلانه‌کانی
کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوساخی پێش سوپا
دڕنده‌که‌شی نه‌بوون بۆ دوورترین شوێنی باشووری
کوردستان ؟
7- ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌توانن چاوی خۆیان
بنوقێنن له ڕاستی سه‌ردانه‌که‌ی خوالێخۆشبوو
مسته‌فا بارزانی بۆ لای شای ئێران که ته‌نها 3
ڕۆژ بوو پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له سێداره درابوو
؟
8- ئایا که‌سانی وه‌کو سلێمانی موعینی و مه‌لا
ئاواره له که‌سه هه‌ره نزیکه‌کانی پێشه‌وا
قازی محه‌مه‌د نه‌بوون که به ده‌ستی بارزانی
تیرۆر کران و ته‌رمه‌کانیشیان ڕاده‌ستی ساواک
کرایه‌وه ؟
9- ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه ئاگاداری ئه‌وه نین که
سه‌ری زمان و بنی زمانی سه‌رانی پارتی گوته‌ی
ناشیرین بوو به حیزبی دیموکرات و نازناوی
سه‌دداملوشیان به باڵای قاسملودا دابڕیبوو ؟
10- ئه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه چ به‌ڵگه‌یه‌کیان
هه‌یه که مه‌لا مسته‌فاش سوکایه‌تی به قازی
محه‌مه‌د نه‌کردووه ؟
له کۆتایدا ده‌ڵێم ، ئه‌گه‌ر گوته‌کانی قانعی
فه‌ردیش له‌سه‌ر بارزانی ڕاست نه‌بوویایه ئه‌وا
هیچ کاتێک سه‌رانی پارتی وه‌ها به خێرایی
هه‌ڵوێستیان وه‌رنه‌ده‌گرت ، چونکه
مه‌ترسیدارترین شت له‌لای سه‌رانی پارتی درکاندنی
ڕاستیه‌کانه له‌سه‌ر خودی بنه‌ماڵه ، ته‌نانه‌ت
کاتێک دکتۆر تاهیر عه‌بدول ستاری ته‌مه‌ن 76
ساڵه‌ش هه‌ندێک ڕاستی له‌سه‌ر بارزانی درکاند له
ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا تیرۆریان کرد .
من ده‌ڵێم با به‌کرێگیراوه‌کان وه‌کو به‌کرێگیراو
ببینین به‌ڵام با هه‌موو گوته‌یه‌کی
به‌ڵگه‌داریشیان نه‌خه‌ینه خانه‌ی درۆ و
ده‌له‌سه‌وه ، چونکه ئه‌و به‌کرێگیراوانه زیاتر
له هه‌ر که‌س له په‌یوه‌ندی و دیدار و گفتۆگۆدا
بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کێتی و پارتیدا و
زیاتر له هه‌ر که‌سیش له ورده‌کاریه‌کانیان
شاره‌زان . کاتێکیش ئه‌و گوتانه ده‌ڵێن که
به‌رپرسه‌کان خۆیان له ژیاندان و درۆش ته‌نها له
دوای مردوان ده‌کرێت نه‌ک له دوای زیندوان .
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|