|
بیره‌وه‌ریی رۆژانی ته‌نیایی به‌ندیخانه
کاوە قاسمی کرماشانی
پێشه‌کیی وه‌رگێر
حکوومه‌تی ئیران حه‌زناکات رووناک‌بیر و تێکۆشه‌ران
چالاک بن و له کاتی چالاکیاندا ،هه‌موو جۆره
فشار و زه‌خت و زۆریان ده‌خاته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی
یا ده‌س له چالاکیی هه‌ڵگرن، یا ئه‌وه‌ی گه‌ر
به‌رده‌وام ده‌بن، به‌وشێوه بێت که حکوومه‌ت
گه‌رکیه. ئه‌وانه‌ش که مل به داخوازی حکوومه‌ت
نه‌ده‌ن، تووشی چه‌رمه‌سه‌ری و زیندان و ته‌نانه‌ت
کوشتن ده‌بن.
له‌م پێناوه‌دا سه‌ره‌تایی ترین هه‌وڵی حکوومه‌ت
ئه‌وه‌یه که ئه‌م چالاکانه بێده‌نگ بکات،
ئه‌گه‌ر نه‌هاتنه که‌وان، ده‌یانگرێ و
په‌روه‌نده سازییان بۆ ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات
وه‌ها فشاریان بۆ بێنێ که مه‌ودای مانه‌وه‌یان
له وڵات نه‌مێنێ. ئه‌مه یه‌کێک له گرینگ‌ترین
سیاسه‌ته‌کانی حکوومه‌ته و دوور
بوونی
پێشره‌و و رووناک‌بیر له خه‌ڵک و له خاک ،به
دروستی ،به نه‌مانی مه‌رتسیی له‌سه‌ر خۆی
ده‌زانێ.
گه‌رچی حکوومه‌ت له‌م بواره‌دا تا ڕاده‌یه‌ک
سه‌رکه‌وتووه بووه(به بێ ئه‌وه‌ی هیچ
ره‌خنه‌یه‌کم له وڵات به‌جێ‌هێستنی تێکۆشه‌ران و
چالاکان هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه له‌لایه‌ک
حکوومه‌تی ئێران جه‌نایه‌تکاره و ده‌س له
تێکۆشه‌ری کورد ناپارێزێ، له لایه‌کی دیکه‌وه
زیندوو بوونی ئه‌و خۆشه‌ویستانه بۆ
نه‌ته‌وه‌که‌مان گرینگتر و به‌که‌ڵکتره)، به‌ڵام
به‌خته‌وه‌رانه کاروانی په‌روه‌رده بوون و
سه‌رهه‌ڵدانی رووناک‌بیر و موعته‌رز و پێشره‌و بێ
کۆتاییه و ئه‌گه‌ر دوو رووناک‌بیر ناچار به
ته‌رکی نیشتمان ده‌بن، زۆر ناخایه‌نێ کۆمه‌ڵگه‌ی
کورده‌واری و ره‌وا بوونی مافه‌کانی، 20ی دیکه
په‌روه‌رده ده‌کات.
من ئه‌م ده‌قه‌ی به‌ڕێز "کاوه کرماشانی"م وه‌ک
قه‌در زانینێک بۆ هه‌موو زه‌حمه‌ت و ئه‌رکه‌کانی
ئه‌و به‌ڕێزه و هه‌روه‌ها ئیزافه‌کردنی بیروه‌ریی
تێکۆشه‌رێکی کورد به ئه‌ده‌بیاتی کوردی، هێنایه
سه‌ر زمانی کوردی. وه‌ک باسکرا قه‌درزانی تێکۆشانی
کاک کاوه منی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه هانداوه، ئه‌م
ده‌قه‌ش پێشکه‌شه به زه‌حمه‌ت و ئه‌رک و
تێکۆشانه‌کانی ئه‌و به‌رێزه تا ئێسته. ئیتر له
داهاتوو دا چی روو ده‌دات و هه‌ڵوێستی کاک کاوه
چی ده‌بێ (له هه‌ر شکڵێکیدا)، پێوه‌ندیی به‌م
وه‌رگێرانه‌وه نابێ.
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی
بیره‌وه‌ریی رۆژانی ته‌نیایی به‌ندیخانه
به‌هیوای ئازادیی هه‌موو زیندانیانی سیاسی؛ ئه‌م
ده‌قه به "په‌روانه" پێشکه‌ش ده‌که‌م، کچه
پوورێک که له ته‌واوی ژیانمدا بۆ من زیاتر له
خوشک بوه. له ماوه‌ی ده‌سبه‌سه‌ربوونمدا زۆرجار
هه‌ڕه‌شه‌یان لێکرد و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ دایکم،
پووری به‌ساڵدا چووم و کچی مامم به‌هۆی مانگرتن
له پێش ده‌رکی گرتووخانه، چه‌ند کاژمێرێک
ده‌سه‌به‌سه‌رکران. هه‌روه‌ها پێشکه‌شه به
"به‌هاره"، دۆستێک که هه‌موو کاتێک بۆم پتر له
دۆستێکی عادی بوه. له ماوه‌ی گیرانم‌دا زۆرجار
خۆی خسته مه‌ترسی‌یه‌وه و، ته‌نانه‌ت به‌هۆی
ئه‌وه‌ی شه‌وی نه‌ورۆز له به‌ر ده‌رکه‌ی
گرتووخانه له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌م
کۆببوونه‌وه،کاره‌که‌ی له‌ده‌سدا. هه‌روه‌ها
پێشکه‌شه به باقی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌م و ئه‌و
دۆستانه‌ی که تا هه‌م مه‌منوون و قه‌درزانی
پشتیوانی‌یه‌کانیان و چاکه‌یانم که له کاتی
گیرانم‌دا ده‌رهه‌ق به من درێخیان نه‌کرد.
****
به ده‌نگی به‌رده‌وامی زه‌نگ(جه‌ڕه‌س)ی ده‌رکه‌ی
ماڵه‌که‌مان له خه‌و راده‌په‌ڕم. ده‌رکه‌یان بۆ
ده‌که‌مه‌وه.گه‌رچی هێشتا چاوم به خه‌وه‌وه
بوو، به‌ڵام ده‌مانچه‌ی لاکه‌له‌که‌ی یه‌کیانم
دیت.راچه‌نیم! به‌ڵام به‌سه‌ر خۆمدا زاڵ ده‌بم.
داوایان لێده‌که‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوکم نه‌خۆشه
هێدی و له‌سه‌رخۆ بن. بۆئه‌وه‌ی خۆم ئاماده‌بکه‌م
له‌گه‌ڵیان بچم،
ده‌گه‌ڕیمه‌وه رۆژه‌که‌م. یه‌ک له دوای یه‌ک
(حه‌وت که‌سن) دێن به دوامدا. ده‌که‌ونه پشکنینی
خانووه‌که‌مان. زۆرتر له هه‌موو شوێنێک
ژووره‌که‌ی من ده‌پشکنن. ئێسته ئیتر باوکم
وه‌خه‌به‌ر هاتوه. یه‌کێکیان به‌مه‌به‌ستی
هێوه‌رکردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی قسه ده‌کات، ده‌لێت:
"چیشتی نی‌یه، فه‌قه‌ت چه‌ند سواڵ ساده وه‌لی
که‌یم."(چتێک نی‌یه، ته‌نیا چه‌ند پرسیاری ساکاری
لێده‌که‌ین).
هه‌موو کون و قوشبنه‌کان ده‌گه‌رێن، ته‌نانه‌ت
"سه‌رین"ێکیش که به ورده"هه‌ور" دروستکراوه و
ئه‌گه‌ری قایمکردنی چتی تێدا به‌دی ده‌کرێ له بیر
ناکه‌ن. پاڵم به دیواری ژووره‌که‌م داوه و
چاویان لێده‌که‌م. ده‌نگی یه‌کێکیان له ئوتاقێکی
دیکه‌وه ده‌بیسم. له باوکم ده‌پرسی "چه‌ک"تان
هه‌یه؟ به‌ترس و له‌رزه‌وه خۆم ده‌گه‌یه‌نمه
ده‌نگه و چاو له ده‌ستی ده‌که‌م،نه‌وه‌ک
"چه‌ک"ێکی به‌ده‌سته‌وه بێت و خۆیان بڕیاریان
دابێ له خانووی ئێمه دیتوویانه‌وه؟! کاریان
ته‌واو ده‌بێ. ئه‌وه‌ی کۆیان کردوه‌ته‌وه له
سندووقی پشتی دوو ئوتوموبیلی ده‌نێن. له باوکم
ماڵئاوایی ده‌که‌م.(ئوتوموبیله‌کان وه‌رێ
ده‌که‌ون) باوکم به‌دواماندا هه‌ڵات هه‌ڵات هاوار
ده‌کات و ده‌پارێته‌وه: عه‌زیه‌تی مه‌که‌ن لێی
مه‌نه‌ن ئیعدامی نه‌که‌ن...
شۆفیری ئه‌و ئوتوموبیله‌ی منی تێدام، ئه‌وه‌نده
توند لێده‌خوڕی که هه‌موو ماشینه‌کان به‌جێ دێڵی،
وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌خۆشێکی "ئورژانس"ی هه‌بێ. پولیسی
رێگاوبان ده‌ستووری راوه‌ستانی پێده‌دات، به‌ڵام
شۆفیره‌که‌ی ئێمه،وه‌ک نه‌یدتبێ، وه‌ڵامی
ناداته‌وه و به‌و سورعه‌ته‌ی که هه‌یبوو درێژه
به رێگه ده‌دات. له گرتووخانه‌ی "ئیداره‌ی
ئیتڵاعاتی کرماشان" که له گۆڕه‌پانی نه‌وت
هه‌ڵکه‌وتوه، نزیک ده‌بینه‌وه، به ئه‌مری
ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم "چاو به‌ند"یکی ره‌ش به
چاومه‌وه ده‌به‌ستم و سه‌رم داده‌نوێنم بۆ ئه‌وه
هیچ شوێنێک نه‌بینم. له ناو حه‌وشه داده‌به‌زین.
ده‌ستم ده‌ده‌نه ده‌ستی پاسه‌وانێکه‌وه، له
داڵانێکی تووناتوونه‌وه تێده‌په‌ڕین. ده‌رکه‌ی
"سلوول" ده‌که‌نه‌وه و (پاش چونه ژووری من)
ده‌رکه‌که‌ی داده‌خه‌ن. که ده‌نگی داخستنی قوفڵی
سولوول ده‌بیسم، چاوبه‌نده‌که لا ده‌به‌م. ته‌ک
چه‌نده ئێره بچووک و تاریکه؟
ده‌که‌ومه پشکنین و چاولێکردنی ده‌رو دیوار.بۆ
ناوێکی ناسراو ده‌گه‌ڕێم. ره‌نگه فه‌رزاد. به‌ڵام
نایبینمه‌وه. هه‌ست به ته‌نیایی ده‌که‌م.دانه
دانه‌ی "کاشی"یه‌کان ناو ده‌نێم. فه‌رزاد،
زه‌ینه‌ب، عه‌دنان، یاسه‌ر، کۆبار، شیوا، ئاره‌ش،
کامیار، رووناک، عه‌باس، شیرین، فه‌رهاد،
عه‌بدوڵا، سه‌عید، په‌ریا، عه‌لی، حه‌بیب، شێرکۆ،
به‌همه‌ن، به‌هاره، و... "کاشی"یه‌کان ته‌واو
ده‌بن به‌ڵام ناوه‌کان هه‌روا درێژه‌یان هه‌یه.
نا ، من ته‌نیا نیم.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه کورت له هه‌موو چت ده‌پرسن و
منیش کورت وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه. خه‌به‌ر،
ڕاپۆرته‌کانم، وتووێژه‌کان، نووسراوه‌کانم:
ئه‌نجومه‌نی ژیار، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان،
که‌مپینی 1.0000.000ئیمزا، رێکخراوی خوێندکاریی
ته‌حکیمی وه‌حده‌ت، یه‌کێتیی خوێندکارانی کورد،
بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز،حیزبه کوردی‌یه‌کان؛ کیانووشی
ئاسا، ئیحسان فه‌تاحیان، سه‌فه‌ر بۆ کوردستانی
ئێراق، سه‌فه‌ر بۆ ئافریقای باشوور، هۆی دیفاعم
له زیندانیانی سیاسی و دژایه‌تیم له‌گه‌ڵ حوکمی
ئیعدام و... هه‌موو ئه‌مانه کۆده‌که‌نه‌وه و
رۆژی پاش که بۆ دادگام ده‌گوێزنه‌وه، قازی له
پێش چاوی جیگری دادوه‌ر، تاوانی "بانگه‌شه دژی
نیزام" ده‌داته پاڵم و بڕیاری گرتنم بۆ یه‌ک مانگ
واژۆ ده‌کات.
ئیعتراز ده‌که‌م و به‌نووسراوه‌ش ده‌ینووسم.قازی
ده‌که‌وێته موناقشه و به‌حس له‌گه‌ڵم. باس له
هه‌ڵبژاردن و مافی مرۆڤی ئیسلامی ده‌کات، له مافی
کورد و مافی ژن. لانی که‌م له دوو بواردا پێک
ده‌گه‌ین. ئه‌وه‌ی که قانوونی بنه‌ماڵه پێویستیی
به پێداچوونه‌وه‌یه و تله‌فزیونی ناوچه‌یی ده‌بێ
زۆرینه‌ی پڕۆگرامی به زمانی خۆجێی بێت.
له‌وکاته‌دا سه‌رۆکی ئیداره‌ی دادی ناوچه له پێش
ژووره‌که‌وه تێده‌په‌ڕێت، راده‌وه‌ستێ. قازی
ده‌چێته لای و ده‌ڵێ"حاجی" ئه‌مه(روو له من)
کوڕه‌کان هێناویانه. به لاچاوێکه‌وه ده‌ڕوانێت
و بێ ئه‌وه ده‌م بکاته‌وه تێده‌په‌ڕێت. لێم
روونه که نامناسێت.له نێوان ئه‌و هه‌موو
خوێندکاره، ناکڕی که سیمای هه‌موویانی له‌بیر
بێت. ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌م خوێندکاره یه‌کێک له
خوێندکاره فره پرسیارکاره‌کانی وانه‌که‌ی
سه‌رۆکی ئیداره‌ی داد بێت. من پرسیارم کرد، ئه‌و
وه‌ڵامی دامه‌وه.دووپاتم کرده‌وه، سوور بوو
له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌کانی. پاسه‌وانی ئیداره‌ی
ئیتڵاعات، "فه‌رمانبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا"نین،
به‌ڵام ئێسته هه‌ن.
میوانیی شه‌وی دووه‌م! به چاوبه‌نده‌وه
رووبه‌ڕووی کۆڕێکی 5-6 که‌سی داده‌نیشم،
له ژێر چاوبه‌نده‌که‌وه، بریقی واکسی
پێڵاوه‌کانیان و ئوتووی شه‌لواره‌کانیان ده‌توانم
ببینم.بۆنێ توندی
چه‌ند جۆر ئودکولون تێکچراون. هه‌رکه‌سه و
قسه‌یه‌ک ده‌کات. 5 ساڵه له ژێر چاودێریدای،پێنج
کیلو په‌روه‌نده‌ت هه‌یه. ده‌زانی بۆ لێره‌ی؟
ئێمه هه‌موو شتێک ده‌زانین.باشتره قسه بکه‌ی.
باوه‌ڕت به ئێمه هه‌بێ. هاوکاریمان بکه‌ی خۆت
قازانج ده‌که‌ی یه‌کێک به‌ڵینی خه‌ڵات ده‌دات و
یه‌کیتر کوته‌ک و لێدان. یه‌کێک دنه ده‌دا بۆ
هاوکاری و ئه‌ویتر هه‌ڕشه‌م لێده‌کات.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه ئیزم ده‌ده‌ن (به ته‌له‌فوون)
له‌گه‌ڵ دایکم پێوه‌ندی بگرم.پێوه‌ندییه‌ک که تا
کۆتایی گیرانم دووپات نه‌بوه‌وه. له
ته‌له‌فوونه‌که‌وه ده‌نگی خه‌ڵکێکی زۆر له ماڵی
خۆمان دێته گوێم. دایکم ئارامه و ده‌ڵێ"رۆڵه
وره‌ت به‌رنه‌ده‌ی و خه‌می ئێمه‌ت نه‌بێ." به‌و
قسانه‌ی دایکم تێن و گوڕ ده‌گرم،به‌ڵام له
دڵه‌وه هه‌ر نگه‌رانم. کاتێک ئیزنی پێوه‌ندی
ناده‌ن،
نگه‌رانیم فره‌تر ده‌بێت. نگرانی‌یه‌که
ئه‌وه‌یه، رێگه‌ی پێوه‌ندی ناده‌ن هیچ؛ ناوبه‌ناو
خه‌به‌رم بۆ دێنن که دایکت نه‌خۆش که‌وتوه و
باوکت خه‌ریکه ده‌مرێ.نابێ باوه‌ڕیان پێ بکه‌م،
به‌ڵام هه‌ر بیستنی ئه‌و خه‌به‌رانه دژواره.
جاریکیان که شانم هه‌ڵته‌کاند، لێکۆڵه‌ر به
دووده‌ست کوتای به ته‌وقی سه‌رمدا و گوتی:ئه‌ی
دڵڕه‌ق.چاوه‌روان بوون له پێش چاوی ئه‌وان
بگریم.به‌ڵام نا، ته‌نیایی سلوول بۆ گریان
جێگه‌یه‌کی باشتره.
کاتی گه‌ڕامه‌وه بۆ سلوول، ریزێک له‌و ناوانه‌ی
که‌له "ته‌له‌فوونی موبایل"ـه‌که‌مدا بون،
له‌گه‌ڵ هێندێک به‌رگی"ته‌ک نووسی" ده‌ده‌نه
ده‌ستمه‌وه و لێم ده‌خوازن کاتێ ده‌چمه‌وه
سلووله‌که‌م، له‌سه‌ر دانه دانه‌یان هه‌رچی
ده‌زانم له‌سه‌ر ئه‌و به‌رگانه بینووسم. به
سه‌رسوورمان له‌و داخوازه، ده‌ڵێم لانی که‌می
نیوه‌ی ئه‌و ریزه‌ناوه چه‌ند سه‌د که‌سی‌یه
ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌م، یا که‌سانێکن که هیچ
پێوه‌ندیه‌کیان به چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تیی منه‌وه
نی‌یه، خۆشتان ده‌زانن که "ته‌ک نووسین" کارێکی
یاسایی و ئه‌خلاقی نی‌یه و ئه‌گه‌ر ئێوه
ناوه‌ندێکی ئه‌منیه‌تین،خۆتان ده‌بێ هه‌رکام له‌و
ناوانه له‌من باشتر بناسن. له قسه‌وباسی نێوان
داخوازی ئه‌وان و جتێبینی‌یه‌کانی من، سه‌ره‌نجام
ناوی که‌س و کار و که‌سانێک که پێوه‌ندیان به
چالاکیه‌کانمه‌وه نه‌بوو، ده‌رهاویشت.
به ناوه‌کاندا ده‌چمه‌وه و چاوێک له ته‌ک
به‌رگه‌کان ده‌که‌م. ده‌مه‌وێ بنووسم. بنووسم که
هاوریانم چه‌نده خۆش ده‌وێ، چه‌نده بیریان
ده‌که‌م، چه‌نده نگه‌رانیانم.بنووسم
دۆسته‌کانم،ئینسان دۆسترین،خۆشه‌ویست‌ترین و
جێ‌باوه‌رترین که‌سانێکن که ده‌یانناسم. ده‌مه‌وێ
له سه‌ره‌تای ئاشنابوونم له‌گه‌ڵیان بنووسم و
بڵێم من ئه‌م دۆستانه‌م له تۆی ئه‌و بڕک و ژانه
هاوبه‌شانه‌دا دیتوه‌ته‌وه و که ته‌نیا به‌دیتنی
ئه‌و دۆستانه (ته‌نانه‌ت گه‌ر له رێگه‌ی
دووریشه‌وه بێت)داده‌مرکێنه‌وه. بنووسم من
دۆسته‌کانم له گه‌ڕان بۆ تێ‌نه‌گه‌یشتنه‌کانم
دیتوه‌ته‌وه و له هه‌ر کامه‌یان وانه‌یه‌ک فیر
بوم. ده‌مه‌وێ له ساته‌کانی پێکه‌وه بوونمان
بنووسم، له به‌شینه‌وه‌ی شادی و خه‌مه‌کانمان،له
پێکه‌وه پێکه‌نین و گریانه‌کانمان؛ له هاوفیکری
تا هاوده‌نگیمان،له وه‌ک یه‌ک بیرکردنه‌وه تا
هاوکاریمان؛له بێده‌نگی تا هاراوه‌کانمان.
ده‌مه‌ێ هه‌موو ئه‌مانه بنووسم، به‌ڵام هیچکامی
نانووسم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه ئه‌وه‌ی نین
که داوایان کردوه و، ئه‌زموونی ئه‌م شێوه
نووسینه‌م بۆ لایه‌نی به‌رابه‌رم نی‌یه. له پێش
هه‌ر ناوێکه‌وه وشه‌یه‌ک ده‌نووسم. رۆژنامه‌نووس،
چالاکی مه‌ده‌نی،چالاکی سیاسی یا هه‌ر وشه‌یه‌کی
دیکه که ده‌ربڕی بواری چالاکیی که‌سه‌که بێت.
به‌یانی‌یه‌که‌ی مه‌شقه‌کانی شه‌وم‌یان پێ
ده‌ده‌م، ئاغه‌ی بازجوو له کاتی په‌ڕه
هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رگه‌کان دا "نچ نچ"ێک ده‌کات و
ده‌ڵێ:نا، ئه‌مه ئه‌وه نی‌یه که لێتمان ده‌وێ.
ده‌بێ فره‌تر بنووسم.لانی که‌م له‌سه‌ر که‌سانێک
که لێم نزیکترن و زانیاریم له‌سه‌ریان زۆرتره.
وه‌بیرم دێنێته‌وه: تۆ هه‌موو رۆژێک له‌م
شاره‌وه بۆ ئه‌و شار ده‌جوویت و چاوت
پێده‌که‌وتن، ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ هێندێکیان
هاتووچووی بنه‌ماڵه‌ییه‌ت هه‌یه.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سلووله‌که‌م، به
به‌رگه‌کانه‌وه که ئێسته ده‌بێ زۆرتریان
له‌سه‌ر بنوسم. نووسینم بۆ نایه‌ت. حه‌ز ده‌که‌م
خاوه‌نی ناوه‌کان بدوێنم. به‌ڵام له
نه‌بوونیاندا ، له‌گه‌ڵ نووسینی ناوه‌کانیان ڕادێم
و له حاڵ و ئه‌حواڵیان ده‌پرسم و وه‌زعی خۆشمیان
بۆ باسده‌که‌م.
ئێسته ده‌یان‌هێنمه پێش چاوی خۆم و باسی خۆمیان
بۆ ده‌که‌م. له‌و خه‌یاڵاته پێکه‌نین ده‌مگرێ و
به‌ده‌م پێکه‌نین‌ه‌وه ده‌که‌ومه گریانه‌وه.
دیسان به‌م گریانه‌ش پێده‌که‌نم. شوینی
گریانه‌که‌م له‌سه‌ر ته‌ک به‌رگه‌کان
ده‌مێننه‌وه، به‌لام ئاسه‌وارێک له پێکه‌نین
له‌سه‌ر لێوانم نامێنێ. نابێ شوێنه‌واری هیچیان
بمێنێته‌وه، هه‌رکامه‌یان به‌شێوه‌یه‌کی خراپ
لێکده‌رێنه‌وه.به‌یانی زوو که ده‌مبه‌ن بۆ ده‌س
و چاو شوردن،ورده کاغه‌زه‌کان ده‌ڕێژمه چاوه‌ی
مستراحه‌که‌وه. له بازجوویی داهاتوودا باقی
به‌رگه‌کان ده‌ده‌مه ده‌ستی
بازجووه‌که‌م.چاوێکیان لێده‌کات و ده‌ڵی:ئه‌مانه‌ی
که نوسیوتن ده‌بێ له چاوه‌ی مستراحیان باوێی.
جاریکێش ده‌یانویست سه‌ری خۆم له چاوه‌ی مسته‌راح
رۆکه‌ن.ته‌نانه‌ت ده‌یانویست دوو "پاڵه‌وان"ی
زۆران(کوشتی) که هاوشاری خۆم بون و له روانگه‌ی
ئه‌وانه‌وه، به‌هۆی ره‌ت کردنه‌وه‌ی پێشنیاری
په‌نابه‌ریی وڵاتێکی ئورووپایی، به نیشتمان
په‌روه‌ر ناسراون، بهێنن و میز بکه‌ن به
جه‌سته‌ی منی نیشتمان فرۆشدا. جارێکیش بریار بوو
هه‌ر له‌وێ(واتا له زیندان) خۆم بکوژم و، ئه‌رکی
ئه‌وان که‌م بکه‌مه‌وه. یا ئه‌وه‌ی کاتێک حوکمی
ئیعدامیان به‌سه‌رمدا سه‌پاند، له‌به‌ر ئه‌وه من
جودایی خوازم، له سه‌ر ئه‌ستوونه‌کانی "ته‌ختی
جه‌مشید" هه‌ڵم واسن. ده‌ڵێم زۆر جوانه کاتێک 5
ساڵ پێش له‌گه‌ڵ دۆسته‌کانم له "ئێن.جی. ئۆ"
ـه‌کانی سه‌رانسه‌ری ئێران بۆ ئیعتراز به
دروستکردنی به‌ند‌ئاوی سێوه‌ند چووبوینه
پاسارگاد، ئیمه‌تان ده‌سبه‌جێ له ته‌ختی
جه‌مشیده‌وه بۆ پاسگای مه‌روده‌شت گواسته‌وه.
ئه‌وکات ده‌تانگوت ئیوه سه‌ڵته‌نه‌ت
ته‌ڵه‌ن.به‌لام ئێسته بوومه‌ته جودائی خواز و
ده‌تانه‌وێت له همان ئه‌ستوونه‌کانی
سه‌ڵته‌نه‌ته‌وه له دارم ده‌ن؟
له به‌رابه‌ر بازجوو دا پێم باشتره بێده‌نگ
بم.له تاو جنێو و بێ حورمه‌تی‌یه‌کانی خۆم
ده‌خۆمه‌وه، به‌ڵام دیسان به‌حسی له‌گه‌ڵ ده‌که‌م
و ته‌نانه‌ت سه‌رکۆنه‌ی ده‌که‌م که له
ده‌سته‌واژه‌ی ره‌گه‌زی و دژی ژن که‌ڵک
وه‌رنه‌گرێت. یا به هاوجنس‌گه‌را نه‌ڵێت "هاوجنس
باز"
مانگێک ده‌بوو گیرابووم که که‌سێک له تارانه‌وه
هات. پێم سه‌یر بوو کاتێک ووتی: ده‌توانی چاو
به‌نده‌که‌ت لابه‌ی.چه‌ند رۆژ ده‌مێنێته‌وه و
هه‌موو رۆژێک لیپرسینه‌وه وپرسیار و وه‌ڵام.
ده‌یه‌وێت وتووێژی ته‌له‌فزیونی ئه‌نجام بده‌م.
قه‌بووڵی ناکه‌م.پێداگری ده‌کات و ماوه‌م دۆ
دیاریده‌کات تا له‌سه‌ری بیربکه‌مه‌وه و بڕیار
بده‌م. به‌ڵێنم پێده‌دات گه‌ر وتووێژی
ته‌له‌فزیونی ئه‌نجام بده‌م، یارمه‌تیم
ده‌دات.ده‌ڵێم قسه‌یه‌کم بۆ گوتن نی‌یه. ده‌ڵێ،
ئێمه پێت ده‌ڵیین چ بڵێی! ده‌مگێڕنه‌وه بۆ سلوول
تا دیسان فیکره‌کانم بکه‌مه‌وه و هه‌رکات رازی
بووم، خه‌به‌ریان که‌م.دوو حه‌فته تێده‌په‌ڕی،
که‌س نایه‌ت به‌لامدا، منیش پرسیاری که‌س ناکه‌م.
سه‌ره‌تاکان که هێشتا رانه‌هاتبووم به
چاوبه‌نده‌وه له داڵانه پر له پێچ و
قه‌مچه‌کاندا رێگا بکه‌م،بۆ رۆیشتن بۆ توالێت و
هه‌واخۆریی یا بۆ ژووری بازجوویی، پاسه‌وانێک
ده‌ستی ده‌گرتم و به‌شووێن خۆیدا راکێشی ده‌کردم و
ده‌یگوت:ڕێگه بکه نه‌گبه‌تی ره‌قۆڵ ! هیچم
نه‌ده‌گوت و بیده‌نگ ده‌مامه‌وه. نازانم پاش
چه‌ند رۆژ، به‌ڵام زۆر نه‌بوو، ره‌فتاری
پاسه‌وانه‌کان گۆڕدرا. تا ئه‌و جێگه‌ی که رۆژی
ئاخر کاتێک خه‌ریک بوو ئازاد ببم، یه‌کیان سه‌ری
ماچ کردم و به‌هێواشی ووتی:گه‌رده‌ن ئازاییت لێ
ده‌خوازم. تۆ له‌گه‌ل هه‌موو جیاواز بووی، بیرت
ده‌که‌م.
رۆژه‌کانی ته‌نیایی سلوول تێده‌په‌ڕن. له بێ‌کاری
و نه‌بوونی کتێب‌دا، قورعان و شانامه‌ی فێرده‌سی
که بۆ به‌هێز کردنی موسڵمان بوون و ئیرانی بوون،
بۆیان هێنابووم!! چه‌ند و چه‌ند جار ده‌یان
خوێنمه‌وه. هێندێک ورده به‌رد و زیخ که کاتی
هه‌واخۆریی کۆم کردبوونه‌وه، ده‌نێمه جێگه‌ی
ئه‌و دۆستانه‌ی که خۆشم ده‌وێن و ده‌ردی دڵیان
له‌گه‌ڵ ده‌که‌م. رۆژێکیان له‌گه‌ڵ قالۆچه‌یه‌ک
که له درزێکی دیواری سلووله‌وه هاتبوه ژوور و
ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ون کردبوو، ده‌بمه هاو قسه
و هاو کایه.
رۆژێ سێ ژه‌م خواردن و توالێت، حه‌فته‌یه‌ک جارێک
هه‌واخۆریی و خۆشوردن، به‌ڵام بازجوویی رۆژ و
ژه‌می نی‌یه و، دایمه ده‌ىی چاوه‌روانی
بکه‌ی.له تاریکیی ژێر چاوبه‌نده‌وه دێن و ده‌چن.
نه‌فه‌رێک دوو نه‌فه‌ر سێ نه‌فه‌ر...پێموایه له‌و
ماوه‌دا 5 یا 6 بازجووم هه‌بوو. له جیاوازیی
ده‌نگ و کرداریان ده‌کرا بزانرێ.یه‌کیان ده‌بووه
"بازجووی باش" و ئه‌وی دیکه‌یان "بازجووی خراپ"،
یه‌کیان مۆن و تووڕه و ئه‌وی دیکه‌یان وا خۆی
نیشان ده‌دات که دڵڕه‌حم و میهره‌بانه. کاتی
واهه‌یه 3 رۆژ له دوای یه‌ک به‌یانی و ئێواری
دێن، وه‌ختی واش هه‌یه به3 حه‌فته که‌س لێت
ناپرسێ و بازجوو نایه‌ت. پاش ماوه‌یه‌ک هه‌موو
روداوه‌کان دووپات ده‌بنه‌وه،ده‌نگی بازجووه‌کان،
بازجوویی، پرسیاره‌کانیان و وه‌ڵامه‌کانی من،
هه‌موو هه‌روا درێژه‌یان هه‌یه....
رۆژه‌کانی ئاخری ساڵه، گرتووخانه که‌م که‌م چۆڵ
و چۆڵتر ده‌بێ، تا ئه‌و جێگه‌ی 3 نه‌فه‌رمان
ده‌مێنینه‌وه، گرمه‌ی تۆپ له کاتی
تازه‌بوونه‌وه‌ی ساڵ دێته گوێمان. هه‌ر سێکمان
پرمه‌ی گریانمان به‌رز ده‌بێته‌وه. من به هه‌نسک
دان وه‌ک منداڵه چکۆله‌کان،بانگی دایکم ده‌که‌م.
به‌ڵام نازانم هه‌ر ئه‌و کاته دایکم و
ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌مان و دۆستانم له رووبه‌رووی
گرتووخانه به یادی من،له ده‌وری "سفره‌ی حه‌وت
سین" دانیشتوون.
پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک ده‌نگی ئارامی پاسه‌وان
وه‌سه‌رخۆم دێنێته‌وه. کاتێ پاسه‌وان دوور
ده‌که‌وێته‌وه، به سرته پێکه‌وه ده‌که‌وینه
قسه‌کردن، هه‌رکاممان باسی خۆمان ده‌که‌ین. تازه
تێگه‌یشتم که که‌سێک له ها له سولوولی
ته‌نیشتمه‌وه. بۆ پێکه‌وه پێوه‌ندی گرتن به
مشته‌کۆڵه له دیوارمان ده‌کوتا. لاوێکی که‌م
ته‌مه‌ن بوو، به‌تاوانی هاوکاریی له‌گه‌ڵ په‌ژاک
گیرابوو. لێی ده‌پرسم:وه‌کیل(پارێزه‌ر)ت هه‌یه؟
ده‌ڵێ:ته‌نانه‌ت که‌سوکارم نازانن لێره‌م.ناوی
گونده‌که‌یان ده‌پرسم و به‌ڵێنیی ده‌ده‌مێ گه‌ر من
زووتر ئازاد بووم، هه‌م بنه‌ماڵه‌که‌ی ئاگادار
ده‌که‌م و هه‌م وه‌کیلی بۆ ده‌گرم. به‌ڵام ئه‌و
پێش من ئازادکرا. پاش ئازاد بوونم شوێنیم تا
گونده‌که‌یان گرت، بۆ ئه‌وه‌ی له ئازاد بوونی
دڵنیا بم.
رۆژژمێری دیواری سولووله‌که‌م که تاڵێک قه‌تانی
شۆڕه‌وه‌بوو له‌سه‌ر کاشی‌یه‌کان بوو و له باتی
هه‌ر رۆژ کاشی‌یه‌ک ده‌چوه پێش، مانگی دوه‌می
ده‌سبه‌سه‌ر کردنمی نیشان ده‌دا. پشووی دریژماوه‌ی
نه‌ورۆز کۆتایی هاتبوو. لای نێوه‌رۆ، ده‌نگی
سووڕانی کلیلێک له ناو قوفلی ده‌رکه‌ی
سوولووله‌که‌م وه‌نه‌وزی ته‌نیاییم
ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. پاسه‌وان دێته ژوور و وێرای
به‌ستنی چاوم ده‌مبا بۆ ژوورێک و له‌سه‌ر
کورسییه‌ک دام ده‌نێ و ده‌ڵێ :چاوه‌روانی لێکۆڵه‌ر
به. به بیستنی ناوی لێکۆڵه‌ر و دیتنی چه‌ند
کتێبی یاسا له‌سه‌ر میز دانراون خۆشحاڵ ده‌بم.
هه‌ست ده‌که‌م ده‌توانم له به‌رابه‌ر یاسا و
کاربه‌ده‌ستێکی یاسا دادخوازی بکه‌م. ئه‌وه‌ی که
بۆچی گیرانم هێنده‌ی خایاندوه؟ بۆچی له سلوولی
تاکه‌که‌سی راده‌گیرێم؟ بۆچی ئیجازه‌ی پێوه‌ندی
له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌م پێ نادرێ؟
یه‌که‌م شه‌قه‌زله که له بناگوێم ده‌درێ،
هه‌موو ئه‌و پرسیارانه له میشکم ده‌سڕێته‌وه،
ده‌ستی پان و پۆڕی کۆڵه کراوی به‌ته‌واوی هێزی
به ڕاست و به چه‌پ له سه‌روچاو و شان و پیل و
سنگم ده‌کوتێ. پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئیعتراز هه‌ڵ
بڕم،هه‌وڵ ده‌ده‌م خۆم قایم راگرم که به
مشته‌کۆڵه‌کانی نه‌که‌ومه زه‌ی. به ناشریرینترین
و سه‌خیف‌ترین وشه‌کان جنیوم پێده‌دات و ته‌حقیرم
ده‌کات. به کورد بونم بێ‌حورمه‌تی و ته‌وهین
ده‌کات ، فمنیست بوونم و هه‌موو باوه‌ڕ و بیر و
ته‌نانه‌ت چالاکیه‌کانم ته‌حقیر ده‌کات. ده‌ڵی
کورده‌کان گشتیان ئاژاوه‌گێڕ و ئینسان کوژن. ده‌ڵێ
فمنیسته ژنه‌کان هه‌موو نه‌خۆش و پیاوه‌کانیان
یش[ ....]دن
ده‌ڵێ چه‌ند ساڵه وێبلاگه‌که‌ت شوین ده‌گرم..
ته‌نیا ده‌توانی له گه‌ڵ وشه خاس کایه بکه‌ی.
وه‌کی دیکه، فیکرت شه‌یتانی‌یه و چالاکیه‌کانت
جێ مه‌ترسی! پاشان درێژه به قسه‌کانی ده‌دات:
هیچ نیت، زۆر منداڵی. کاتێک ئه‌م قسانه ده‌کات،
دوو قامکی له‌سه‌ر چاوبه‌نده‌که‌ی سه‌ر چاوم
داناوه و به ته‌واوی هێزیه‌وه فشار ده‌خاته
سه‌ری. قه‌ڵه‌مێک له نێوان قامکه‌کانم ده‌نێ و
به‌ته‌واوی هێزه‌وه رێکیان ده‌گوشێ. کاتێک ئه‌م
کارانه ده‌کات، پێده‌که‌بێ و پێم ده‌ڵی: ئیشت
پێگه‌یشت؟ ده‌ڵێ من سێ-چوار ساڵێک له تۆ
گه‌وره‌ترم، به‌ڵام من "فه‌وق لیسانس"م ،که‌چی تۆ
هێشتا "لیسانس"ت نه‌واو نه‌کردوه. من کارم هه‌یه
و ... من "ژن"م هێناوه و تۆ... من خانووی خۆمم
هه‌یه ، ماشینی خۆمم هه‌یه ،به‌ڵام تۆ چیت
هه‌یه، ئه‌رێ تۆ کێی و چیت هه‌یه؟
ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ی که تۆ هه‌ته باشن، به‌ڵام منیش
چت گه‌لێکم هه‌یه که تۆ نی‌ته. گرینگ ئه‌وه‌یه
که هه‌رکاممان له‌وه‌ی هه‌مانه و هه‌ین ڕازین و
هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری ده‌که‌ین. ناهێڵێ قسه‌کانم
ته‌واو بکه‌م، ده‌ڵێ: نه‌هاتووم بۆ ئێره که
توڕه‌هاتی تۆ ببیسم. په‌ڕێکی کاغه‌ز ده‌نێته پێشم
و ده‌ڵێ: تاوانت "جاسووسی"یه. چاوبه‌نده‌که‌م
تۆسقاڵیک ده‌کێشێته سه‌ره‌وه و داوام لێده‌کات
بنووسم. ده‌ڵێم: نه ئه‌و تاوانه‌م قه‌بووڵه و
نه چتێکیش ده‌نووسم. ده‌ڵی ڕاسته که لێکۆڵه‌رم
و بۆ من نی‌یه، ده‌ستی خۆم به لێدانی تۆ پیس
بکه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێ، له
پاڵه‌وانه‌کانی شاره‌که‌ت "لات"ترم. هێشتا
قسه‌کانی ته‌واو ناکات که به مشت و زله و ...
ده‌که‌وێته گیانم.
کوتان و داهێزانی له‌شم پاش چه‌ند رۆژ له کۆشی
دایک و باوک و کچه پوور و.. سارێژ ده‌بێ.
چاوپێکه‌وتنێکی چه‌ند ده‌قیقه‌یی (به ئاماده
بوونی بازجوو)، نه‌ک له ترسی بازجوو، ته‌نیا
به‌مه‌به‌ستی نه‌شکاندنی وره‌ی دایکم که زۆر
به‌هێز دێته پێش جاوم. هیچ باسی سلوولی
تاکه‌که‌سی و ئه‌شکه‌نجه‌ی ره‌وانی و فیزیکی
ناکه‌م. به‌ڵام له کاتی خودا حافیزیی، به گویی
دایه‌دا به سرته ده‌ڵێم: به پارێزه‌ره‌که‌م بڵی
بۆ دان پێنان به جاسووسی و سیخۆری زه‌ختیان
خستۆته سه‌رم.
پاش
۸۰
رۆژ گوێزرامه‌وه بۆ سلوولێکی 3 که‌سی، ئه‌و
دووکه‌سه‌که‌ی دیکه، یه‌کتان گومانی ئه‌وه‌ی
لێکرابوو که هاوکاری "ئه‌لقاعیده"ی کردوه و
که‌سه‌که‌ی دیکه‌ش تاوانی "چه‌ته"یی له‌سه‌ر بوو.
که‌سی سێهه‌م(چه‌ته) هه‌ر حه‌وت رۆژ جارێک
ده‌گۆڕدرێت. به‌و شیوه که چه‌ته ده‌ڕوات،
قاچاخچی چه‌ک و "ئه‌نتیک" دێت. به‌ڵام من و
ئه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده‌ی ناگۆڕدڕین. وا دیاره ک
ده‌ىێ به‌و فیکر و بۆچوونه ناته‌باوه که
هه‌مانه و به به‌حسه بێ ئه‌نجامانه که
هه‌مانه، ده‌بێ خۆره‌ی گیانی یه‌کتر بین. به‌لام
هه‌ردووکمان له هه‌لومه‌رجی زیندان و ته‌نیایی‌دا
یه‌کتر ته‌حه‌مول ده‌که‌ین. هه‌رچی بێ له
ته‌نیایی باشتره. ئه‌و باسی شه‌ریعه‌ت و یاسا
ئیسلامی‌یه‌کانم بۆ ده‌کات، منیش باسی بنه‌ما و
نۆ‌رمه‌کانی مافی مرۆڤی بۆ ده‌که‌م.به‌ڵام
هیچکام‌مان بۆ ئه‌وی دیکه چاک نابین.
مانگی سی‌یه‌می
زیندانیش ده‌گاتێ، چه‌ند رۆژی دیکه‌ش تێده‌په‌ڕی.
خه‌ریکم هیوام که ئازادیی کاتی نامێنێ. به‌و
ئاکامه گه‌یشتووم که ده‌یانه‌وێ حوکمێکم
به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و ره‌وانه‌ی زیندانم که‌ن.
هه‌ژده‌ی گوڵان ده‌مبه‌ن بۆ دادگا. هه‌ر که له
ئوتوموبیلی ئیداره‌ی ئیتڵاعات دام ده‌به‌زێنن، له
حه‌وشه‌ی دادگا چاوم به دایک و بنه‌ماڵه و
دۆستانم.20-30 که‌س ده‌بوون
ده‌که‌وێ. تاسا بووم. له هه‌ر لایه‌که‌وه سه‌ر و
چاومیان ماچ ده‌کرد و منیش ده‌ستبه‌ند له ده‌س،
ده‌ست و مشتاقم له‌گه‌ڵ ده‌کردن. له‌و نێوه‌دا
دایکم یه‌که‌م که‌س بوو که به‌ره‌ولام هه‌ڵات،
خۆڕاگر و به وره دێته پێش چاوم.
وێده‌چی دوایین لێپرسینه‌وه بێت.تاوانی "ته‌بلیغ
دژی نیزام" هه‌ر ماوه. به‌لام "سیخۆریی"یان
لابردوه و له جیگه‌ی "هه‌نگاو دژی ئه‌منیه‌تی
نیشتمانی"یان له جێگه‌ی داناوه. لێکۆڵه‌ر به
نوێبه‌ری ئیتلاعات ده‌ڵی ئیمڕۆ دواین بازجویی‌تان
ئه‌نجام بده‌ن و به‌یانی بی‌هێنن بۆ دیاریکردنی
بارمته. ده‌منێڕنه‌وه بۆ گرتووجانه. درێژترین
شه‌وی گرتنم، له خۆشیی ئه‌وه‌ی به‌یانی ئازاد
ده‌بم، تا به‌یانی خه‌وم لێناکه‌وێ. به‌یانی دێت و
له ئازادیی خه‌به‌رێک نی‌یه. به پاسه‌وان
ده‌ڵێم بڕیار بووم ئه‌مڕۆ من بچم بۆ دادگا و
(پاشان) ئازاد بم. ده‌ڵێ من ئاگام له هیچ نی‌یه.
مانگرتن له خواردن ڕاده‌گه‌یه‌نم. هۆیه‌که‌شی
دیارنه‌کردنی هه‌لومه‌رجی خۆم و نا یاسیی بوونی
مانه‌وه‌م له گرتووخانه ڕاده‌گه‌یه‌نم. چه‌ند
جار پاسه‌وان دێت و داوام لێده‌کات شه‌تیک بخۆم،
به‌ڵام بازجوو تا یه‌ک حه‌وتوو
خۆی
ون ده‌کات و هیچ ناپرسێ. (پاش حه‌وتوویه‌ک) له
کاتیکدا خواردنی به‌ده‌سته‌وه‌یه، دێت و ده‌ڵێ:
تازه پێم‌یان گوتوه که له خوردن مانت گرتوه،
بم‌زانیبای زووتر ده‌هاتم. ده‌لێم ئیتر هیچ شتێک
بۆمن بایه‌خی نی‌یه. به‌ڵینم پێ ده‌دات تا
حه‌فته‌ی داهاتوو ته‌کلیفم روون بکاته‌وه، پاشان
ده‌خوازێت ده‌س له مانگرتن هه‌ڵگرم. به
لاتاوه‌وه ده‌لێ ئێوه سیاسی گه‌ل ده‌بێ
به‌هیزتر له‌وه بن که به 3-4 مانگ زیندان
په‌کتان بکه‌وێ. وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه: هه‌موو
سیاسی‌یه‌کان وه‌ک یه‌ک نین. من فه‌رزادی
که‌مانگه‌ر نیم که بتوانم ئه‌و هه‌مووه‌تان
به‌سه‌ر هێنا ته‌حه‌مول بکه‌م. مانگرتن له خواردن
ته‌نیا رێگه‌ی ئیعتراز و خۆکوشتنه که خۆتان
پێشتر له‌منتان داوا کرد بوو.
ئه‌رێ! راسی کاکه فه‌رزاد‌ی‌شت ئیعدام کرا!
ئه‌ڵبه‌ت ئێمه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حه‌زمان
نه‌ده‌کرت ئیعدامی بکه‌ین، به‌ڵام... ده‌مه‌وێ به
ده‌نگی به‌رز پێ‌بکه‌نم. به‌ڵام به
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک قه‌ناعه‌ت ده‌که‌م. ده‌ڵێم
فه‌رزاد!؟ گه‌ر ناوی که‌سێکی دیکه‌ت هێنابا
ره‌نگه باوه‌ڕم کردبای. ناوی فه‌رهادو عه‌لی و
مێهدی و شیرین‌یش دينێ. ده‌ڵێم شیرین!؟ خۆ هێشتا
ئه‌و حوکمه‌که‌ی نه‌سه‌لمێبدرا بوو؟ ئیتر
له‌باره‌وه قسه ناکات. منیش باوه‌ڕ ناکه‌م. وای
بۆ چووم ده‌یره‌وێت وره‌ی من بشکێنێ. به‌ڵام
ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌شی تاقه‌ت پڕووکێنه. ده‌ڵی
دیتت نه‌هاته سه‌ر عه‌قڵ، له‌م
ماوه‌یه‌شدا(ده‌سبه‌سه‌ر بوون له زیندانی
ئیتڵاعات) هاوکاریت نه‌کردین. ده‌بێ 5-6 ساڵ بچیه
زیندان تا تێ‌بگه‌یی چی به چی‌یه.
به‌رهه‌می یه‌ک حه‌فته مانگرتن له خوردن
ده‌بێته ئیزن دان به پێوه‌ندیه‌کی کورتی
ته‌له‌فوونی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌م. (به
بازجوو)ده‌ڵێم دایک و باوکم له دادگا دیت، به‌ڵام
پوورم نه‌هاتبوو. ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه
بکه‌م. ته‌له‌فوون بۆ ماڵی پوورم ده‌کات و
ته‌له‌فوونه‌که ده‌دات به ده‌ستی منه‌وه.
ده‌ڵێم"بی‌بی" منم کاوه. هێشتا پوورم خه‌ریکی
قتنی قوربان و ساقه بوو که ده‌نگی کوڕه
چکۆله‌که‌ی پوورزاکه‌م هاته گوێم. به‌و شێوه که
ته‌له‌فوونه‌که له ده‌ستی نه‌نکی ده‌ڕفێنێ و
ده‌ڵی: کاوه ده‌ستبه‌نده‌کانی ده‌ستیان کرده‌وه
که بێیته‌وه و، من فێری کوردی قسه‌کردن بکه‌ی؟
به بیستنی ئه‌و قسانه، هه‌ستم کرد هه‌موو ره‌نج
و سه‌ختی‌یه‌کانی ئه‌و ماوه به‌یه‌ک جاری
ره‌وینه‌وه.به هه‌ستێکی باوه‌ر به خۆ
ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ سلووله‌که‌م و رۆژێک چه‌ند جار
به‌خۆم ده‌ڵێم:نا، فه‌رزاد وشێرین و هیچ که‌سی
دیکه ئیعدام نه‌کراون.
حه‌فته‌یه‌کی دیکه ده‌مبه‌نه‌وه بۆ دادگا،
بارمته‌یه‌کی 50 ملوێن(تمه‌ن)یم بۆ ده‌بڕنه‌وه،
که نوێنه‌ری ئیتڵاعات ده‌یکا به 100 ملوێن و تا
دابین بوونی ئه‌و بارمته‌یه، ده‌مگێڕنه‌وه بۆ
زیندانی عادڵ‌ئاوا. کاتێک له دادگا
ده‌هاتمه‌ده‌ر، له یه‌کێک له دۆسته‌کانم(که له
پێش دادگا کۆببونه‌وه) پرسیم له فه‌رزاد و
ئه‌وانی دیکه چ خه‌به‌رێکت هه‌یه. به نیشانه‌ی
خه‌فه‌ت و که‌سه‌ر، ملی خسته لا. داخی گرانم په‌س
ڕاست بوو...
24 کات‌ژمێرێک که‌له زیندانی "دیزڵ‌ئاوا"م
به‌هۆی پیس و پۆخڵه‌یی شوێنه‌که و ترس له
ده‌سدرێژیی! نه خواردنم هه‌یه و نه خه‌و،
گه‌رچی ئه‌وانه‌ی له‌وێن داماوتر له‌وه‌ن بۆ
که‌سێک جێ مه‌ترسی بن، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی لێکۆڵه‌ر
که‌به ته‌شه‌ره‌وه ده‌یگوت: ده‌ت نێرمه دیزڵ
ئاباد که هه‌ر شه‌وی یه‌که‌م ته‌رتیبت بده‌ن، تا
بزانی مافی مرۆڤ چی‌یه و له مافی چ که‌سانێک
دیفاع ده‌که‌ی، له گوێم‌دا ده‌زرینگایه‌وه.
پاش نیوه‌رۆی رۆژی دیکه ناوی ئه‌وانه‌ی ئازاد
ده‌بن ده‌خوێننه‌وه. به‌ڵام ناوی منی له‌گه‌ڵ
نی‌یه. ماوه‌یه‌ک تێده‌په‌ڕی، سه‌ربازێک دێت به
دوامدا و ده‌ڵێ: مه‌ترسه ئازاد ده‌بێ، به‌ڵام
به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆر له پێش زیندان
کۆبوونه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێ بت به‌ن له شوێنێکی
دیکه دات به‌زێنن. ده‌منێنه ناو ئامبوڵانسێک و
پاش چه‌ند خوله‌ک له شه‌قامی "که‌مه‌ر به‌ندی"
دام ده‌به‌زێنن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی که هاتبوونه
پێش ده‌رکه‌ی زیندان، له ماڵی خۆمان ده‌یان بینم.
دایکم سه‌رگه‌ردان له بێوان زیندانی دیزڵ‌ئاوا و
گرتووخانه‌ی ئیتڵاعات له هاتووچوودا ده‌بێ، بۆیه
ئاخر که‌سه که ده‌گاتێ و له ئامێزی ده‌گرم.
ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌دا هاتوه ته‌نیا
گێرانه‌وه‌یه‌کی ڕاپۆرت‌ئاسا بوو له بڕگه‌گه‌لێک
له سه‌رده‌می گیرانم. به دڵنیایه‌وه ئه‌مه
هه‌موو ئه‌و به‌سه‌رهاته نی‌یه که له کاتی
گیران و دادگا به‌سه‌رم هات ، یا له دڵ و
ده‌روونی مندا گوزه‌را. بیانووی گێرانه‌وه‌م له‌و
ماوه کورته‌ی گیرانم، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی
کاته‌کانی تاڵی زیندان و ساته‌کانی خۆشی ئازادی
بوون، که ئه‌م رۆژانه ساڵێکی به‌سه‌ردا
تێده‌په‌رێت. نووسیم بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیرم
بمێنێ:تاڵیی رۆژانی گیرانی من، له هه‌ڵسه‌نگاندن
له‌گه‌ڵ دژواریه‌کانی ئه‌و زیندانی‌یانه‌ی که
ناره‌وا گیراون، هه‌ر هیچ نه‌بوو.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له‌م فۆرمه
که‌لک وه‌رگره
|