|
دەڵێن بیری منداڵی تیژە . ئێستا منش هاتوومە سەر
ئەو باوەڕە . ئەوەی دەگێڕمەوە بیرەوەریەکی هەڕەتی
منداڵیمە .لە داڕشتنەوەی ئەم بیرەوەریەدا هێندێک
تێبینیم ڕەچاو کردووە. بۆیە وەک کورتە چیرۆک
نووسیومەوه. بەڵام نەم هێشتووە جەوهەری
بابەتەکە لە خشتە دەرچێت . بە نووسینی ئەم بابەتە
، دەمەوێ یادی گەورەیەک بەرز و بەڕێز
ڕاگرم کە پێم وایە بەداخەوە هێشتا پلە و نرخ و
بایەخی وەک دەبێ نەزانراوە ،
راژانی
گوڵاڵەی مەریوان
ڕاژانی
ئێوارەی پاییز بوو. لەبەر ئەوەی خۆر زوو دەنیشت،
دەبوا زوو بچواینە ماڵەوە. بۆیە ماوەی
“گەمە”کردنمان فرە نەبوو. منش وەک زۆر منداڵی دیکە
حەزم لە بەهار و هاوین بوو . چوونکە دەمانتوانی
زۆرتر لە دەرەوە بمێنینەوە و “کایە” بکەین.
بەتایبەت بۆ کەسانی وەک من کە دایک و باوکیان
ئیجازەیان نەدەدان شەوانە لە ماڵ دەرکەون ،پاییز
زۆر ناخۆش بوو. باسی قوڕ و لیتاوەکەی با بمێنێ .
ئەو کات هێندێک لە منداڵانی گەڕەک لەسەر ئیزنی
گەورەکانیان ، ئەگەر تەڕ و تووشی نەبوایە
دەیانتوانی شەوانە پاش نانی شەو، لەبەر دەرکەی
یەکیان کۆ بنەوە و یاری بکەن.
بەپێی عادەت ئێواران هەموو مان لە دەوری یەک
دادەنبشتین و چاوەروانی باوکمان دەکرد کە
بگەىێتەوە.بە هاتنەوەی، سفرە (کەوڵ) ڕادەخرا و
نانی شەومان دەخوارد.بابم وا ڕا هاتبوو کە
نۆێژەکانی ( بێجگە لە نۆێژی عیشا) لە مزگەوت
دەکرد.بۆیە ئێمەش فێرببوین تاپاش نوێژی
“مەغریب”چاوەڕوانی بکەین.چوونکە دەبوا هەموومان
پێکەوە و لە سەر یەک سفرە نان مان بخواردایه. ئەو
ئێوارەیە هێندێک درەنگی کرد . ئێمەش (منداڵەکان)
سەرەىای ئەوە کە برسی مان بوو ، تەنیا “بۆڵە”مان
دەکرد.چوون دەمانزانی تا گەڕانەوەی دەبێ ڕاوەستین
و “نق” مان دەرنەیەت.هەرجۆرێک بوو پاش
چاوەڕوانییەکی زۆر هاتەوە.بەڵام “نوور و ناوچاو”ی
وەک جاران نەبوو .من زۆر ترسام.چوون ئەو ئێوارەیە
لەگەل منداڵێکی دیکە بەشەى هاتبووم . لە دڵی خۆم
دا پێموابوو ، ڕەنگە باوکی ئەو منداڵە لای باوکم
شکاتی لێ کردووم .بەڵام بە خۆشی یەوە زوو دەرکەوت
کە تووىە نییە و سەرقاڵی چتێکی دیکەیە .
کەهاتە ژوورەوە کتێبێکی بە دەستەوە بوو کە
بەرگەکەی سوور بو. کتێبەکەی لەسەر جێوان (جێوبان)ە
گەورەکە دانا و پاش ئەوەی وەڵامی سڵاوی ئێمەی
دایەوە ، لە وەرامی دایکم دا کە پرسیاری هۆی
دێر هاتنەوەی لێ کرد، وتی :
- هیچ ، هەروا سەرێکی لای میزا ڕەحیم م دا .
- میزا ڕەحیم ڕا ئەم دێرگەلە لە دووکانا
نامێنێتەوە .
- خاسە ، لەوە و دوا قسەت بۆ ئەکەم . با ئیسە
نانەکەمان بخوەین . مناڵەکان برسی یانە.
لەکاتی نان خواردن دا ، باوکم بە بێ ئەوە سەرنجی
ئێمە ڕاکێشێ ، ڕوویکردە دایکم و وتی:
- لای مەغریب بەرلەوە بچم بۆ نۆێژ ، لە دووکان
سەی شەمسە دیم . تواو شکیاگە.
- کێ؟ قسەی کێ ئەکەی ؟
- هەواڵی ڕەشیی ئەپرسی . فرە حەزی کردوو کە
شێعرەکانی حفز کردوو .
- ئا ... دەی .. دەی . ئیسە حالیم بوو . دەی بۆچە
تەک خوەتا نەت هاوەردەو.
- ئەوە چە ئەژی زایفە ! دا بزا ماڵ وێرانیشمان
ناکەی .
- بۆچە مال وێران ئەوی؟
- بۆ ئەوە حەڵال زا فرەس.
- دەی ئاخری چاوت پێ کەفت ؟
-
ئەرێ . سەی شەمسەم حاڵی کرد دوای نوێژ ئەچم بۆ
لایان . دوای نۆێژ چووم بۆ دووکان و چاوم پێ کەفت
. فرە نەخوەشە . تەنگەنەفەسیەکەی تەواو پەکی
خستگە .
- خوا رهحمی پێبکات !!
-
هەوال ڕەشی ئەپرسی و ئەو کتێویشیه بۆ نارد.
- خاسە بەسیە با مناڵەکان نەزانن .
پاش ئەو قسەی دایکم،هێندێک هێدی تر قسەیان دەکرد.
بۆیە ئیدی تێ نەدەگەیشتم چی دەڵێن.بەڵام دەمزانی
قسەی کێ دەکەن و باوکم کێی دیووە .
باوکم بەهۆی کارەکەیەوە لە سنەوە رهوانهی
مەریوان کرابوو و لەوێ ماندگار ببوو . هاوین کاتی
پشووی قوتابخانە، کاکم کە لە سنە
دەیخۆێند،گەڕابووەوە. ئەوکات له مهریوان خۆێندن
تا پۆلی سێی ناوەندی هەبوو. بۆیە بۆ خۆیندنی
سەرتر، دەبوا بڕۆیشتیتایە سنە .
هاوینی ڕابردوو ڕۆژێکیان من و برایەکی تر و
خوشکێکم لەگەل کاکم لە پێادەڕەو(شۆستە)ی یەکێک لە
شەقامەکان لە پێش دووکانێکەوە دەڕۆیشتین کە لە
نەکاو کاکم بە دەنگی بەرز کەوتە شیعر خوێندنەوە .
لەناو دووکانەکەدا چەند کەسێک دانیشتبوون.
کەبێجگە لە خاوەن دووکانەکە، قەڵافەتی یەکیانم
لەبیرە. پیرە پیاوێکی لەڕی چکۆلەی گۆچان بەدەس بوو
کە لەسەر کورسی یەکی تەختەیی لەدەستی چەپی
دووکانەکەوە دانیشتبوو.
پاش ئەوەی کاکم شیعرەکانی تەواو کرد، ئەو پیرە
پیاوە بانگی کرد و هێندێک پێکەوە قسەیان کرد.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە دوورتر ڕاوەستابووین،
نەمانزانی قسەکان چی بوون. تا ئەوەی گەڕاینەوە بۆ
ماڵەوە. شەو لە کاکم پرسی کە: ئەو کابرایە کێ
بوو و ئەو شێعرانەت بۆچی خۆێندەوە ؟
کاکم لە وەڵامدا گوتی ئەو کابرایە مامۆستا قانیع
شاعیری بەناوبانگ بوو .
پێشتر ناوی قانیع و ناوبانگی شیعرەکانیم بیستبوو
.دەمزانی کە خەڵکی گوندی دۆڵاش ی
مەریوانە.بەتایبەت زۆرجار باوکم و میوانەکانی
کاتێک باسی شیعر و شاعیرانیان دەکرد،حەتمەن باسی
قانیع و شیعرەکانیشی دەکرا. زۆرجار باسی بۆێری و
تیژیی شیعرەکانی دژی ئاغا و دەرەبەگ دەکرا .کە
چۆن بەشکات و
ڕاپۆرتی
بەگزادەکانی ناوچەی مەریوان و بەتایبەت بەری
بەگزادە، لەلایەن حکومەتی پاشایەتی یەوە گیراوە و
زۆر ئەزیەت و ئازاریان داوە .ئێستاش لەبیرمە کە
لەو مەجلیس و کۆڕانەدا دەیان گێڕاوە کە
گۆیا،ئاغاکانی ناوچەی مەریوان بەتایبەت بەری
بەگزادە خەبەر دەنێرێتە سەری کە چی دیکە شیعر
لەدژی ئەوان نەڵێت.بەڵام قانیع نەک هەر لە
ئەو هەڕەشەیە ناترسێ ،بەڵکە شێعرەکانی دژی نیزامی
کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە و ئاغا کان توندوتیژتر
دەکات. هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردن و عەزیەت و
ئازار درێژەی دەبێ تا ئەوەی یەکێک لە ئاغاکانی
بەری بەگزادە هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات.ئاخری قانیع
ناچار دەبێ ناوچەی مەریوان بەجی هێڵێ.بەڵام پێش
ڕۆیشتن، لەوەڵامی هەىەشەی ئەو دەرەبەگەدا ،بەشەو
دەچێتە بەر دەرکەی ماڵەکەی و بە خەڵووز دێڕێک
شیعر لەسەر دەرکەکەی دەنووسێ.ئهگهرچی شێعرهکه
بۆ ئهوه نابی بهتهواوی بڵاو بکرێتهوه،بهڵام
به جوانی بوێری و نهترسیی قانێع دهردهخات.
ئهمهش شێعرهکهیه(له جێگهی هێندێک وشهی
چهند خاڵ دادهنێم):
"بهسهری ئاغا و به .... ی خانم تۆپ و
تهیارهت به .... م ئهزانم".
من ئەو دێڕە شێعرەم تەنیا لە زبانی ئەم و ئەو
بیستووە و تائێستا بە چاپ کراوی نەمدیوە. ئەوکات
لەمانای نەدەگەیشتم و هەر کە دەیانگێڕاوە بە
وشەکانی پێدەکەنیم.جار جاریش بۆ قەڵس کردنی کوڕە
ئاغاکان لە قوتابخانە بەدەنگی بەرز دەمان وتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێ تا ئەو شەوە کە بابم باسی کرد و
بە سرتە و دزی یەوە ناوی دەهێنا ، سەرنج و سۆزێکی
تایبەتم بۆ مامۆستا قانیع نەدابوو .
هەڵس و کەوتی ئەو شەوەی بابم و شیعرخوێندنەوە و
پاشتر قسەکانی کاکم بوون بە هەۆێنی خولیایەک لە
دەروونمدا بۆ سەرهەڵدانی هەستێکی بزۆێنەر، یا
ڕەنگە پرسیارکەر. ئەوە بوو کە لە سەریدام حەتمەن
دەبێ ئەو کتێبە چاو لێ بکەم و بزانم چیی تێدا
نووسراوە .
پاش ئەوەی لە خواردن بووینەوە ،کاتی خویندن و مەشق
نووسین هات. ( ئەوکات مامۆستاکان گیر و گرفت و
موشکلەی خۆیان دەخستە قالبی مەشقەوە و دەیاندا بە
سەر قوتابیی هەژاردا.) فیکری کتێبی سوور ئۆقرەی
لێ بڕیبووم .بە ڕوواڵەت سەرم لە سەر کتێبەکەم بوو
بەڵام خەیاڵم لای کتێبە بەرگ سوورەکە. بۆیە
هەرچیم دەخویندەوە ، تێ نەدەگەیشتم. هەر چۆنێک
بوو کاتی خەوتن هات. هەموومان لەیەک ژووردا
دەنووستین. چرا کوژایەوە،بەلام من هەرچی ئەملا و
ئەو لام دەکرد و تلم دەخوارد خەونم لێ
نەدەکەوت.ئەوەندە خۆم مات کرد تا دڵنیا بووم هەموو
خەوتوون . بە خشکە خشک چووم بۆ لای جێوبان.بەڵام
جێوان کرابووەوە و لە کتێبەکەش هیچ نیشانەیەک
نەبوو . بە هەر کۆێرەوەری و دزە دزێک بوو ،
هەموو ژوورەکە بە تاق و تاقچەکانەوە گەڕام،
بەڵام کتێبەکەم نەدیەوە .ئاخری نسک و ناهۆمێد
گەڕامەوە سەر جێگەکەم . لەبیرم نییە کەی خەوم
لێکەوت. بەڵام ئەوەم لەبیرە ڕۆژی پاش لە
مەدرەسە،هەم لەسەر ئەوەی باوێشکم دەدا و وەنەوز
دەیبردمەوە و هەم مەشقەکانم تەواو نەکردبوو ،
لێدانێکی خەستم خوارد. یەک دوو ىۆژی دیکەش هەرچی
دەرفەت بوایە دەگەىام ،بەڵام هیچم نەدیەوە .هەرچی
زۆرتر دەگەڕام، زۆرتر تامەزرۆی بەرگ سوور دەبووم
.
باش لەسەر یاد نیم پاش چەند ىۆژ بوو ، پاش
نیوەىۆیەک کە لە خوێندنگە گەڕامەوە ، دایکم کە
نیوەڕۆ چووبوو بۆ حەمام هێشتا نەهاتبووەوە و تەنیا
خۆم لە ماڵەوە بووم.هەڵێکی باش بوو . دەمزانی
باوکم هێغان (سندووقێکی گەورەی دەرکەدار، لە
تەختەو تەنەکە و ئاسن دروست دەکرا)ێکی هەیە
کە زۆربەی کتێبەکانی لەنێوی دا دادەنێ .
هێعانەکە لەبەر گەورەیی لە هێشخان (پەستوو –
خەڵوەتی) دادەنرا . بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە
هێغان. بەڵام بەداخەوە ئەویش قفڵ کرابوو. ئیتر
هیوام نەمابوو . هاتمەوە ژوورەکە و دانیشتم .
لەنەکاو چاوم بە “ڕەف”ە کە کەوت . بەرز بوو و
دەستم نەدەگەیشتێ. چەند جار هەڵم خستەوە بەڵام
بێجگە لە قورعانێکی قەبە کە بۆ وەی تۆز و خۆڵ
نەیگرێ بە قوماش ێکی شین پێچرابویانەوە،هیچ ترم
نەدی .سەرەڕای ئەوەش ڕەزایەتم نەدا و بەهەر
زەحمەتێک بوو ، بە لە سەر یەک دانانی سەرین و پشتی
و بەتانی ، سەرەنجام ملم گەیشتە ئاست
ڕەفەکە.کاتێک باش سەرنجم دا هەستم کرد کە کتێبی
قورعانەکە چتێکی لە ژێردایە .
منداڵ یان وا ترساندبوو کە بە ترسەوە دەس لە
قورعان بدا .ئاخری ناوی خودام لێ هێناو و قورعانم
بەرز کردەوە. لەخۆشیان وەخت بوو بزریکێنم . بەرگ
سوور لەوێ دانرابوو .ناوی خودا و پیرۆزیی قورعانم
هەر لە بیر نەمابوو. کتێبم هێنایە خوارەوە و
چاوم لێکرد .
هەرچی زۆرم بۆ زهینم دههێنا بۆم نەدەخوێنرایەوە.
من خۆم لە خوێندن و قوتابخانەدا، قوتابییەکی زیرەک
نەبووم،جا وەرە کوردیش بخوێنەوە !؟ بەهەر بەد
بەختی و چەرمەسەریەک بوو پێتەکانم خستە
سەریەک.خوشی لەوەدا بوو، بەپێچەوانەی کتێبی
مەدرەسە کە وانەکان فارسی و نامۆ بوون ، هەرچی
بۆم دەخوێندرایەوە تێدەگەیشتم . ئەوەی لەسەر
بەرکی بەرگ سوور بۆم ساغ کراوە نووسرابوو
“گوڵاڵەی مەریوان ، قانیع”. ئای کە چەندە خۆش بوو.
بەرگ سوور ، کتێبێکی90-80 لاپەىی بوو .جنسی
کاغەزەکەی زۆر خراپ بوو .که ئهوکات به کاغهزی
کاهی(له کا دروست کرابوو) ناودێر کرابوو.
پێموایە ئەوکات پۆلی چواری سەرەتاییم دەخۆێند.
تازە فێری خوێندنەوە ببووم.خوێندنەوەی کتێبەکەی
قانێع، ئەگەرچی فرە زەحمەت بوو بەڵام تامێکی تری
بوو . هەر ئەو ڕۆژە بڕیارم دا بی نووسمەوە
.بڕیارێکی دژوار بوو . چوونکە دەبوا کەس ، تەنانەت
برا و خوشکەکانیشم هەستیان پێ نەکردبای . لەبەر
ئەوەی دەترسام بە دایک و بابم بڵێن و نەتوانم
کتێبەکە بنووسمەوە. دایکمان هەمیشە هەڕەشەی ئەوەی
لێدەکردین کە نابێ قسەی ماڵ لە دەرەوە بۆکەس
بگێڕنەوە ! بەڕاستیش وایان لێکردبووین کە ئەوەمان
رەچاو دەکرد.
پاش چەند ڕۆژ لەو پارەی ڕۆژانە کە دەیان
دامێ،دەفتەرێکی “ 100 بەرگیی کاهی” م کڕی و هەرچی
دەرفەت بوایە دەکەوتمە نووسینەوە .گەرچی سەرماش
دەستی پێکردبوو بەڵام زۆر جار دەچوومە بەر هەیوان
دەم نووسی. پاش ماوەیەک ،جێگەی کتێبەکە گۆڕدرا و
ئەم جارە باوکم لە ژێر رادیۆیەکی گەورمان
هەبوو(ئەگەر هەڵەم نەکردبێت مارکەکەی ئەندەریا
بوو) کە بە باتری تەڕ کاری دەکرد، دایدەنا . ئەو
کارەی بابم، بۆ من کار ئاسانییەک بوو . نیزیک
دوومانگ یا کەمێک زۆرتر خەریکی نووسینەوەی کتێبەکە
بووم . ئیتر کەم کەم خویندنەوە و نووسینی کتێبەکە
،تا رادەیەک بۆم ڕەوان ببون.جوان لەبیرمە بۆ
نووسینەوە لە قەڵەم جاف ی ڕەنگی(خودکار) کە تازە
هاتبوو کەڵکم وەردەگرت. لەو ماوەدا شتێک زۆرتر لە
نیوەی شیعرەکانم نووسیبوو . ڕۆژێکیان، لەکاتی
نووسیندا بووم کە باوکم، بەناوەخت گەىایەوە و تا
نەهاتە سەرم هەستم پێنەکرد. ئەوەبوو کە پێمی
زانی.کتێبەکە و نووسینەکەی لێم وەرگرت و دایکمی
بانگ کرد. سەرەىڕی تووڕە بوون لە ئەو، منیش
لێدانێکم خوارد. زۆر پاڕامەوە کە کەس نەیزانیوە و
لای کەس باسم نەکردووە، بەڵام باوەریان پێم نەکرد
و سەرەڕای گریان و شین و شەپۆڕی من ،
نووسینەکەیان دڕاند و لە کوورەیان هاویشت .
ئەگەرچی نوسینەکەیان سووتاندم و کتێبەکەیان لی
شاردمەوە ، بەڵام خۆشی ئەوە بۆۆ کە تا ڕادەیەک
فێری نووسین و خویندنەوەی کوردی ببوم .لەوەش
خۆشتر ئەوە بوو کە زۆربەی شێعرەکانم لەبەر کردبوو
. بە شێوەیەک کە زۆریان تا ئێستاش هەر لە بیر و
مێشکم دا ماوەن.هەر ئەو ماوە کورتە قانێع ،بە
شێعرە مانادار و جوانەکانییەوە، حەز و ئاواتی
فێربوونی زمانی خۆمی لە دەروونم دا پەروەردەکرد.
هەر ئەوەش بوو کە لەهەر دەرفەت و ئیمکانێک بۆ فێر
بوونی خوێندنەوە و نووسین و پاراو کردنی
زمانەکەم کەڵکم وەرگرت.
سێ چوار ساڵ پاشتر کە هێندێک گەورەتر ببوم ،
شۆىشی ئەیلوول لە گەرمەی خۆیدا بوو و کەش و هەوای
ماڵی ئێمەش بەتەواوی گۆڕدرابوو. ئیدی نەک هەر
کتێبەکانی قانێع مان لی یاساخ نەبوو بەڵکە زۆر
کتێب و دیوانی شاعیرانی دیکەو "ڕادیۆی شۆڕش"، بۆ
فێربوون بە هانا و یارمەتیمانەوە هاتبوون . بەڵام
بۆ من قانێع و شێعرەکانی بۆن و بەرامەیەکی
دیکەیان هەبوو .بۆیە هەمیشە مامۆستا قانێع بە
یەکەمین هاندەر و مامۆستایخۆم بۆ فیربوونی زمانی
کوردی و هەرلەوکاتەشدا بۆ دژایەتی کردنی
نابەرابەریی و ناعەدالەتی و داکۆکی کردنی یەکسانی
خوازی و مافی چارهنووسی نهتهکهم دەزانم و بە
قەدر زانییەوە یادی دەکەم .
ئەمەجیا لە بایەخ و پلەی بەرزی مامۆستا قانیعە لە
وێژەو ئەدەبیاتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیدا.کەدەبێ
بناسرێ و بایەخی خۆی پێ بدرێت. بێگومان ئەو جێگە و
پلە بەرزە ، ئەنجامی ئەو هەموو ىەنج و زەحمەت و
کوێرەوەریانەیە کە مامۆستا قانێع وەک پێشڕەو و
ڕۆشنبیری دەورانی خۆی ، لە درێژەی تەمەنی پر لە
سەمەری دا،تووشیان هاتووە و کۆڵی نەداوە و لە پر
میحنەت ترین کاتەکاندا بەرزترین “عیزەتی نەفس”ی
بووە . بەشێوەیەک کاتێک کە مرد میراتە ماددی کەی
بەشی کفن و دەفنی نەبوو .
شک لەوەدا نییە کە دەرک کردن و نرخ دانان بۆ
دڵسۆزانی بێ تەوەقوعی گەل،لەلایەن هەر
کۆمەڵگایەکەوە ئاستی بەرز و تێگەیشتنی ئەو گەل و
کۆمەڵگەیە نیشان دهدات. بهڵام بهداخهوه
ئێمهی کورد هێشتا زۆرمان ماوه قهدری دڵسۆزان و
خزمهتکارانی ڕاستهقینهی خۆمان بزانین. مامۆستا
گۆرانی نەمر ئهو ڕاستییهی له شێعرێکدا که بۆ
دەرویش عەبدوڵای شمشاڵ ژهنی هۆنیوهتهوه
بهجوانی دهربڕیوه که بهیتێکی بهم
چهشنهیه:
"بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا
قەدری سەنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر
وایە لەناو حەوزێکی لیخن دا"
گوڵانی 2004
تێبینی:
ئهم بابهته
6 ساڵ پێش نووسراوه و ئهوکات له یهک دوو
ماڵپهڕدا بڵاوکرایهوه، ئێسته تایبهت به
ههڵوێست بڵاو دهبێتهوه.
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|