|
"بزووتنەوەی
بایکوتی هەڵبژاردنەکانی ئیڕان" چالاکانە دێتە
مەیدان
هەڵوێست
حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە لە رەشەمەی ئەمساڵدا
خولی نۆیەمی هەڵبژاردنی مەجلسی خۆی بەڕێوە ببات.
بۆ ئەم مەبەستە ئەوە ماوەیەکە باڵی دەسەڵات کەلە
تەیفی کۆنپارێز پێکهاتوە وەخۆ کەوتون و، وەک سەگی
هار بەربوونەتە گیانی یەکتر و تومەت لەیەکتر دەدەن
و دزی و کردەوە دزێوەکانی یەکتر لەقاو دەدەن. کە
نموونەیەکی چکۆلەی ئاشکراکردنی دزینی ٣٠٠ میلیارد
تمەنە لەلایەن دارودەستەی ئەحمەدی نێژادەوە. بۆ
روونکرنەوە و بۆ ئەوەی خراپ لێمان تێنەکەن,
ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنین کاتێک باسی لایەنی کۆن
پارێز دەکەین، ئەمە بەو مانا نییە کە ئێمە
باوەڕمان بە لایەنی نوێخواز یا باشتر لە
کۆنخوازەکان لە دەسەڵاتی ئیسلامیدا هەبێت. لە
روانگەی ئێمەوە هەموو لایەنێکی بازنەی دەسەڵاتی
حكومەتی ئێران( چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ
ئەوانەی پاش هەموو خزمەتەکانیان بە دەسەڵات و
جەنایەتەکانیان، بە شەق فڕێ دراون)کۆنەپەرست،
دواکەوتوو و شەریکی تاوان و جەنایەتەکانی ٣٣ سالەی
ئەم حکوومەتەن.
ئێستە کە لایەنی "خەتی ئیمامی" رابردوو و
ئیسڵاحتەلەبی ئەمڕۆ لە نەشتەرگەریەکی پڕ ژان پێچ
دا لە بازنەی دەسەڵات فڕێ دراون، شەڕی دەسەڵاتی
ناو بازنەی حکوومەت لە نێو تەیفی بەناو
ئوسووڵگەرا توند بوە و هێشتا چەند مانگێک بە
هەڵبژاردن ماوە، شەڕەکەیان هێندە توند بوەتەوە کە
هاکا پێش هەڵبژاردن بکەونە حەزفی فیزیکیی یەکتر،
بە پێچەوانەی هەڵبژادنی پێشوو(سەرککۆماری) کە تا
پاش هەڵبژاردن یەکتریان تەحەمول کرد. ئەڵبەت تا
ئێستە لەباری تەبلیغییەوە دارودەستەی ئەحمەدی
نێژاد لە حالی زەعف و پاشەکشەدان.
جیا لە شەری دەسەڵاتی لایەنەکانی ناو حكوومەت، لە
هەلومەرجی ئێستادا دەسەڵاتی ئیسلامی چ لەباری
نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا لە خراپترین
هەلومەرجی تەمەنی پڕ لە قەیران و کێشەی خۆیدایە.
لەلایەک پاش هەڵبژاردنەکانی دوو ساڵی پێشی
سەرکۆماری بوەتەهۆی ئەوە کە بەتەواوی هیچ
تەوەهومێک بۆ کۆمەڵانی خەڵک نەمێنێ، بەتایبەت ئەو
بەشە لە خەڵک کە هێشتا تۆزێک هیوایان بە شەڕی
باڵەکان و هەڵبژاردن بوو !! بە واتایەکی دیکە
حکوومەت لەو هەڵبژاردنە بەدواوە، ئەوەی پێگەی
کۆمەڵایەتی و پشتیوانی خەڵکی بوو لەدەستی دا .
ئیتر لە ئاستی جەماوەریدا هیچ باوەڕێ بە دەسەڵات
نەماوە. بۆیە لێرە بەدواوەیە کە حکوومەت هەموو
پەردەکانی فریو و خەڵک هەلخڵەتێنی وەلا دەنێ و
چۆن لە رۆژی ئەوەڵەوە(٣٣ ساڵ پێش) لەگەڵ نەتەوەی
کورد هەڵسوکەوتی کردوە، واتا سەرکوتی بێبەزییانە،
گرتن ، زیندانی کردن، دەسدرێژی و ئیعدام و...، هەر
ئەو سیاسەتە لە ئاستی ئێران و دژ بە
نارازیان،دەگرێتە پێش. دیارە کە ئەمجارە ئیتر
تەنیا نەتەوەی کورد نییە و هەموو دانیشتوانی
ئێرانن،(بێجگە لە رێژەیەکی زۆر کەمی نانخۆر) کە
لات و چەقۆکێش و قەمە زەنەکانی دەخاتە گیانیان.
بۆیە ڕاشکاوانە دەکرێ ئیدیعا بکەین کە ئیستە ئیتر
حکوومەت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی بێجگە لە هێزی
چەکدار و ناوەندی ئەمنیەتی و لات و چەقۆکێسی
بەسیجی و ، سەرکوت و گرتن و کوشتن، هیچتری بۆ
نەماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بە هۆی سیاسەتە ئاژاوەگێرانەکانی
کە هەڵقوڵاوی باوەڕی ئیسلامی سیاسییە، و هەوڵدان
بۆ بە ئەتۆمی بوون، بەشێوەیەکی کەم وێنە کۆمەلگەی
جیهانی لە بەرابەریدا راوەستاوە و بەرنامە
ئەتۆمییەکانی و سیاسەتە ئاژاوەگێرانەکانی ( کە
ئاخرینیان پەلاماردان و وێران کردن و تاڵانی
باڵوێزخانەی بریتانیا و خانووی کارمەندانی لە
قولهەکی تاران بوو)، کۆمەڵگەی جیهانیی هێناوەتە
ئەو باوەڕە کە بوونی ئەم حکوومەتە بە مەترسی بۆ
سەر ئاشتی و هێمنی جیهان بزانێ و خەریکی
بەرنامەداڕشتنن بۆ چارەسەری ئەم کۆسپە. دیارە لەم
نێوانەدا دەسەلاتدارانی ئامریکا و کۆمەڵگەی
ئورووپا لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە هاتوونە
مەیدان و تێکۆشەران و لایەنەکانی ئوپوزیسیون وێرای
ئەوەی دەبێ هەل و دەرفەتەکان باش بناسن و
بێانقۆزنەوە، نابێ هەموو هێلکەکانیان لە سەبەدی
ئەو وڵاتانە بنێن و لایەنی سەرەکی بۆ هەرچەشنە
ئاڵوگۆرێک (واتە گۆمەڵانی خەڵک و بزووتنەوە
جەماوەریەکان-چ ناوخۆ و چ دەرەکی) لەبیر بکەن.
بەو حاڵەی حکوومەتی ئێران هەیەتی، هێشتا بانگەشەی
هەڵبژاردن و ڕاگرتنی "خەیمەی ئیسلام" بەهەر نرخ و
قیمەتێکی لەبیر نەکردوە و وێڕای وەگەر خستنی
ناوەندە تەبلیغییەکانی خۆی، هاوکات بە وەگەر
خستنی ناوەندە ئەمنیەتیەکان و بەکار گرتنی هێندێک
دەست و پێوەند، بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردن دەست
پێکردوە. لەم نێوانەدا هێندێک کەس و لایەنی
جێگۆمانیش لە کوردستان، هێشتا هیچ نەبوە، وەخۆ
کەوتوون و بێ ئەوە چاو لە هەلومەرجی حکوومەت و
شەرایەتی ناوچە و جیهان بکەن، بەچەشنێکی
ناشیانە و ئابڕووبەرانە بوونەتە کەوا سووری پێش
لەشکری ئیسلام و بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حکوومەتیان
دەست پێکردوە و دەیانەوێ جموجووڵی چەند خۆفرۆشێک
بە ناوی گەڵی کورد لە قەڵەم بدەن کە گۆیا بەقەولی
ئەوان"خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکات". ئەوەی
جێ داخە لەم نێوانەدا هێندێک ماڵپەریش دانستە یا
نەدانستە کەوتوونەتە داوی ئەو کەسە مەشکووکانەوە و
کاوێژەکانیان بۆ بڵاو دەکەنەوە.
لەبەرابەر هەموو ئەمانەدا، کۆمەڵانی خەڵک و
بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تێکۆشەرانی جیهانی
مەجازی و ژمارێک لایەنی باوەڕمەند بە رووخانی
حکوومەت، لە حەرەکەتێک دا بەناوی "بزووتنەوەی
بایکۆتی هەڵبژاردن" کۆ بوونەتەوە. ئەم حەرەکەتە
زۆربەی چالاکانی هەر ئەوانەن کە جاری پێشوو
هەڵبژاردنیان ئاگاهانە تەحریم کرد و هەروەها ئەو
لاوانەی کە بەنیسبەت کەرووبی و موسەوییەوە
تەوەهومیان هەبوو، ئێستە ڕاشکاوانە روویان لە
سیاسەتی تەحریم و کردوە. بۆیە ئەم بزووتنەوە هەر
لە ئێستەوە توانیویە سەرنجی زۆرێک لە کۆمەڵانی
خەڵک و حێزب و لایەنەکان بۆلای خۆی ڕابکێشێ.
بەشێوەیەک تا دێت بەرینتر دەبێ. ماڵپەڕی هەڵوێست
ڕیبازی خۆی لە ئاست حکوومەتی ئێران و بەتایبەت ئەم
هەڵبژاردنە، لەو بزاڤە کۆمەڵایەتییەدا
دەبینێتەوە و چالاکانە بەشداری ئەو
حەرەکەتە(بزووتنەوەی بایکوتی هەڵبژاردن) دەبێت.
هەر لێرەشدا چاوەروانین ئەو هاونیشتمانانەی خۆیان
بە بەشێك لە بزووتنەوەی بایکوت پێناسە دەکەن،
توانایەکانیان بۆ هەرچی جەماوەریتر کردنی ئەو
خواستە(تەحریم) وەگەر بخەن.
نوسین لەمبارەوە بەردەوام دەبێت
بەرەو تەحریمی هەموو هەڵبژاردنەکانی کۆماری
ئیسلامی
سەرکەوێ بزووتنەوەی رزگاری-نیشتمانیی کوردستان
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|