|
پەیام بۆ ڕێوڕەسمی ڕیزلێنان لە مامۆستا شێخ
عێزەدین حوسەینی
ئووپسالا - سوێد ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٨٩ واتە
2011/2/13
ئەحمەد ئەسکەندەری
زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ
ئایا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خوتوور
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!
"نالی"
مامۆستا خۆشەویستی بۆگەلی کورد پێویستی
تێکۆشەری مامۆستا کۆڵنەدەری مامۆستا
ئەمە دروشمەکانی خەڵکی کوردستان بوون! من کە ئەو
شانازیەم هەبووە چەندین ساڵ لە نزیکەوە لەگەڵ
مامۆستا شێخ عێزەدیندا بم، لە مەیدانی چوارچرای
مەهاباد و ناوشاری بۆکان، لە مەیدانی هەڵۆی سەقز،
لەسەر باڵکۆنەبەرزەکەی مەیدانی ئازادی شاری سنە،
لە ناوشاری بانە و مەریوان و دیواندەرەو لە زۆر
گوند و لادێی موکریان ئەم دروشمانەم بیستووە و
بیستوومەتەوە. . .
کە نێلسۆن ماندێللا کەوتە نەخۆشخانە یەکێک لە
هەزاران پەیام نووسیبووی: "تکایە جارێ بەجێمان
مەهێڵە، ماوەیەکی دیکەیش پێویستی!" ئەم پەیامە
چەندە بۆ مامۆستایش لەجێگای خۆیدا بوو.
پاش بڵاوبوونەوەی یەکەم ڕاگەیاندنی بنەماڵەی
مامۆستا لەسەر نەخۆشییەکەی بە کوردی کرمانجی،
تێکۆشەرێکی خەڵکی دیاربەکر لە ئیمەیلکدا ئەمەی بۆ
نووسیبووین: "ئەو کەسێ دەلال و شێرین، گولا
کوردستانێ یە. ئەو مۆراڵ و سەربلندیا کوردستانێ
یە."
نێلسۆن ماندێللا ئەڵێت: "سەرێکی چاک و دڵێکی
پاک
هەمیشە تێکەڵاوێکی ئێجگار زۆر باشن!" ئەو دوو
تایبەتمەندییە هەردووکیان لە مامۆستا شێخ
عێزەدیندا کۆببوونەوە. مامۆستا بە مێشکێکی پڕ لە
زانیاری و بیروهزری پڕبایەخەوە، هاوکات خاوەنی
دڵێکی گەورە و پڕ لە خۆشەویستی بوو نەک هەر بۆ
میللەتی کورد بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەو
هەم سیاسەتی بەباشی دەکرد و خاوەنی تیژبینی و
هەڵوێستی ژیرانە بوو، هەم لە باری ئایینییەوە
لایەنگری تولێرانس، پێکەوە هەڵکردن و ڕێزدانان بوو
تەنانەت بۆ کەسانی خاوەن ئایین و بیروباوەڕی
جیاواز.
یەکەم دانیشتنی من لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین
32
ساڵ پێش ئێستا
لە مەهاباد بوو ماوەیەکی کورت پاش رووخانی ڕژیمی
شای ئێران. لەگەڵ هاوڕێیەکی سەقزی سەردانمان کردو
کاتێک گەڕاینەوە و هەتا ئەمڕۆیش ئەم وتەیەی
مامۆستا لە گوێمدایە کە گوتی: دەبێ گرینگی بدەن بە
مەسئەلەی کوردستان و خەبات لە دژی ستەمی میللی و
ئەوەی کە ئاسۆی سیاسی زۆر بەرینترە لە ئاسۆی
ئایین. یان هەر وەکوو خۆی فەرمووی؛ "افقی سیاسی
زۆر وەسیعترە لە افقی مذهبی!"
مامۆستا وەکوو فەیلەسووفێک باسی ئینسان، ژیان،
خودا و بەهەشت و کائینات و خەبات و مافخوازی
دەکرد؛ کە قسەی دەکرد و بەڵگەی دەهێنایەوە بیری
لەوە نەدەکردەوە ئایا ئەم دەربڕینە لەباری
سیاسییەوە قازانجی لێدەکات یان نا، بیری لەوە
دەکردەوە ئەوەی کە دەیڵێت چەندە لە حەقیقەتەوە
نزیکە، چەندە خزمەت بە خەڵک و بە ئامانجەکەی دەکات
. . . مامۆستا رووناکبیرێکی بەتەواوی مەعنا
بەدەربەست بوو. ئەم بەدەربەست بوون و شێلگیربوونەی
لای هێندێک کەسی کورتبین بەواتای توندڕەوی
دەهاتەوە!
کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی ئەو کەسە ژیر و دووربینە
بوو زۆر زوو هەستی کرد کە مامۆستا خۆشەویستە و بۆ
گەلی کورد پێویستە! پاش فەرمانی جیهاد و هێرشی
ڕژیم بۆ سەر کوردستان، بیرۆکەی پارێزگاری و
ئاگالێبوون لە مامۆستا و دواتر دوروستبوونی
دەفتەری مامۆستا، لەلای کاک فوئادەوە هات. منیش
یەکێک لەو کەسانەبووم کە شانازی ئەوەم پێبەخشرا
لەو دەفتەرەدا و زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستادا
کاربکەم.
هەر لەو ساڵانەدا هەوڵێکی زۆر درا کە حیزبێک
دابمەزرێت و مامۆستا ببێتە سەرۆک، بەڵام سەرەڕای
هەوڵدانی کەسانێکی زۆر مامۆستا تەسلیم نەبوو؛ ئەو
پیوابوو حیزب لە کوردستان هەیە و پێگەی ئەویش بۆیە
نابێت رێکخراوی سیاسی پێکبهێنێت و هەڵبەت بەو
زیرەکی و تیژبینییە تایبەتییەی خۆیشییەوە دەیزانی
ئەو حیزب یان رێكخراوەیە زۆری پێناچێت کە بە نێوی
مامۆستاوە کاردەکات بەڵام بەبێ بیرو بۆچوون و
هەڵوێستەکانی ئەو! زۆر بە ڕاشکاوی دەیگوت ئەمن
حیزبم بۆ بەڕێ ناچێت!
بەرامبەر بە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان
مامۆستا بێلایەن بوو بەڵام بەرامبەر بە ژیانی
سیاسی و ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران بێ هەڵوێست
نەبوو! ئەمە بوو خاڵی سەرەکی کێشەی هێندێک لایەنی
سیاسی و ئایینی لە کوردستان لەگەڵ مامۆستا! لایەنی
وا هەبوون کە پێداگرییان دەکرد مادام مامۆستا
فڵانە هەڵوێستی ئەوانی قبووڵ نییە، ئەوە
بێلایەنییەکەی تێکدەچێت! بەڵام ڕاستییەکە ئەوە بوو
کە ئەو نەیدەتوانی لەبەرامبەر سیاسەتی ناڕەوا و
هەڵوێستی چەوتدا بێدەنگ دابنیشێت.
مامۆستا لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێز و حورمەتی لایەنە
سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانیشی دەگرت، لایەنگری
بیروبۆچوونەکانی خۆی بوو. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە
مامۆستا بەقووڵی باوەڕی بە ئایین هەبوو. سەربەرزی
و سەربەستی کوردستان ئاواتی بوو، لە کۆمەڵگادا
لایەنگری چینەچەوساوەکان بوو، خوازیاری دیموکراسی
و مافی بەرابەری ژن و پیاوبوو، دژ بە هەرچەشنە
دیکتاتۆرییەک بوو لەوانە دیکتاتۆری ئایینی. نزیکی
و دووری هێزە سیاسییەکان بەم باوەڕانە بوو
دیاریدەکرد مامۆستا چەندە لەوانەوە دوور یان
نزیکە.
فرانسوا میتران سەرۆکی پێشووی فەرانسە لە باسێکدا
وتوویەتی جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان
ڕێبەرایەتی کردن وەکوو ئەرک و ئەوەی کە ڕۆڵی
رێبەرایەتی بنوێنیت. مامۆستا قەت بەدوای ئەرکی
رێبەرایەتییەوە نەبوو. هەموو کۆششی ئەوە بوو کە ڕێ
نیشاندەر و ڕێنوێن بێت. زۆرجار لە گێڕانەوەی دیدار
یان گفتوگۆی بە تەلەیفون لەگەڵ بەرپرسان و
ڕێبەرانی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستاندا لەگەڵ
گوێگرتن و ڕێزدانان بۆ بیرو بۆچوونیان، دەیفەرموو
ئەوە و ئەوەشم پێگوتن و بەم چەشنە ئەو ڕۆڵە
تایبەتییەی دەبینی کە دوای مامۆستا شێخ عێزەدین بە
داخەوە جێگاکەی لە کاتی ئێستادا خاڵی دەبینم! هەر
بۆیە منیش وەکوو ئەو منداڵەی پەیامەکەی بۆ
ماندێللا نووسیبوو لە کاتی نەخۆشییەکەی مامۆستادا
لەم شارە لە دڵی خۆمدا دەمگوت : " تکایە جارێ
بەجێمان مەهێڵە، ماوەیەکی دیکەیش پێویستی!"
مخابن ماسمێدیای ئورووپا لەم ساڵانەی دواییدا کە
لە سوید دەژیا، مامۆستایان نەناسی و نەیان ناساند.
من بەشبەحاڵی خۆم هەوڵی زۆرم دا؛ بەڵام ئەگەر
مامۆستا توندڕەوێک بووایە کە قسەکانی بوایەتە هۆی
بارگرژی و بانگەوازی توندوتیژی لەوانەبوو زۆر لە
نزیکەوە باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابایە. کریس
کوچێرا نووسەر و ڕۆژنامەنووس و دۆستی کورد و
دۆستی مامۆستا، جارێکیان لەپاریس پێی گوتم بۆچی
بۆخۆت دانانیشیت، لەسەر ژیان و خەباتی پرسیاری
لێبکەیت و تۆماری بکەیت! منیش هەڵبەت ئەوەندی بۆم
گونجا ئەوکارەم کرد.
مامۆستا دڵێکی زۆر گەورەو فراوانی هەبوو؛ هێندێک
پرەنسیپی هەبوو کە ئەگەر لەگەڵ ئەوانەدا بهاتایەوە
و زانیبایەی کە هەنگاوێک بۆ پێشکەوتنی خەباتی گەلی
کورد و بۆ مرۆڤایەتی هەڵدەگریت، ئیتر زۆر بەلایەوە
گرینگ نەبوو سەربە کامە بیروباوەڕ و دین و
ئایینیت. . .
هێندێک تایبەتمەندی کەسیەتی هەن کە دەتوانن بێ
وێنە و تاقانە بن. مامۆستا قەت هەوڵی نەدا جێگا بە
کەسی دیکەدا لێژبکات؛ هەڕەشەیەک نەبوو بۆ هیچ
سەرۆکێکی سیاسی لە کوردستان، تەنانەت بۆ هیچکام لە
پیاوە ئایینییەکانیش. . . تەنانەت لەگەڵ نەیاران و
کەسانێکیش کە بیروبۆچوونەکانی ئەویان قبووڵ نەبوو،
چاک هەڵیدەکرد و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردن.
دیدارەکەی مامۆستا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی بی بی سی
فارسی نیشانیدا کە چەندە ژمارەی ئەو کەسانە زۆرن
کە لەگەڵ بیرو بۆچوون، ئاوات و ئارەزووە تازەو
کۆنەکانی ئەودا هاودەنگن. ئەم دیدارە کە پاییزی
رابردوو بەڕێوەچوو دەنگدانەوەی لە کوردستان
بەجێگای خۆی، هەر لە خوزستان و بلوچستان و
تارانەوە بگرە هەتا ئورووپا و کانادا و ئەمریکا،
بە شێوەی جۆراوجۆر کاردانەوەکەیمان بیستەوە . . .
ئاوات و ئارەزووەکانی مامۆستا ئاوێنەی باڵانوێنی
هەمان خواست و ویستی گەلی کوردە. لە ڕۆژهەڵات
ببووە خاڵی باڵانس راگرتن و لێک نزیکبوونەوەی
هێزەسیاسییەکان و مەکۆی راوێژکاری و پێکەوە
هەڵکردن. لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش – کە زۆر
بەپەرۆشەوە، بە وردی و لەنزیکەوە ئاگاداری رەوتی
رووداوەکان بوو - لەو پەڕی ڕیز و حورمەتدا بوو و
رێبەران و تێکۆشەران و رووناکبیران بەردەوام دیدار
و ڕاوێژیان لەگەڵ دەکرد. مامۆستا ئەو گۆرانییەی
رەزازی پێخۆش بوو – لە شێعری ڕێبوار - کە دەڵێت .
.
لەسەر ئارێزەوە با بڕوانم
بۆنەکەی خۆشە دەگاتە گیانم . . .
گردی سەیوانی سنە کوچکە ڕەشە
. . .
تێکۆشەرێکی هەژاری کوردم . . .
هیچ پەشیمان نیم لەوەی کە کردم . .
ئەو ئارەزووی بوو ئەگەر لەسەر ئارێزەوە ناتوانێت
بڕوانێتە وڵاتەکەی، بەتایبەت پاش رووخانی رژیمی
سەددام زۆری پێخۆش بوو بۆی بگونجێت لەسەر ئەزمەڕ و
پیرەمەگروون و قەندیلەوە بڕوانێتە وڵات، بەڵام
مخابن سەرەڕای هەوڵدانی زۆر و چەند لایەنەمان،
کارئاسانی بۆ ئەو سەفەرە نەکرا و دیداری باشووری
کوردستان وەکوو ئاواتێک لە دڵە گەورەکەیدا مایەوە.
سەرەڕای ئەوەش لە بۆنە جیاوازەکاندا هیچ سڵی لەوە
نەدەکردەوە پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتی
سیاسی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بکات یان بەشداری
خەم و کارەساتەکان بێت و هیوای سەرکەوتنیان بۆ
بخوازێت.
مامۆستا هەم لێزان و زیرەک بوو، هەم هێمن و مەند و
لەسەرەخۆ و بەڕێز. ئەو لە کەسایەتی خۆیدا مێژوو،
دەسکەوت، ئیلهام و شانازی میللی تێک
ئاڵاندبوو.
من زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ڕیگای ژیانم لە
ساتەوەختێکی مێژووییدا کەوتە سەر بەشێک لە ڕێگای
ژیانی مامۆستا شێخ عێزەدین و ئەو شانازییەم پێبڕا
کە زۆر لە نزیکەوە بیناسم و لەگەڵی ئاشنابم. من
هەتا ماوم بیرەوەرییە خۆشەکانی مامۆستام لەلا
ئازیز و خۆشەویست دەبن و بەردەوام یەکێک لە
هۆگرانی شێلگیری کەسێک دەبم کە لە زۆر بواردا
نزیکەی وەکوو باوک ڕەفتاری لەگەڵدا کردووم.
لە دوایین رۆژەکانی ژیانیدا لە نەخۆشخانەیش سیمای
بیرمەند و تێکۆشەرێکی کوردت دەبینی کە بە
ویژدانێکی ئاسوودەوە ڕاکشاوە و هیچ پەشیمان نییە
لەوەی کردوویەتی.
کەوابوو لێرەدا و لەبەردەم بنەماڵەی سەربەرزیدا،
لەبەردەم خزمان و دۆستان و هۆگران و شتایشگەرانیدا
ئەڵێم ماڵئاوا ئەی ڕێبەر و ڕێنوێنی بەرجەستە ئەی
مرۆڤی هەتا سەر ئێسقان مرۆڤدۆست.
ئهو رێبهرێک و کهسایهتییهک بوو که ههموو
میللهتهکهی هیواو ئومێد و باوهڕ به دوارۆژی
روونی لێوهردهگرت.
مامۆستا خۆشەویستی، بۆ گەلی کورد پێویستی!
ئەحمەد ئەسکەندەری
بۆ ناردنی کۆمێنت یا روانگه و
بۆچوونی خۆت لهسهر ئهم بابهته، لهم فۆرمه
کهلک وهرگره
|