ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە گەڕاندنەوە بۆ سلێمانی،
ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
خەڵکی تێکۆشەر و بە وەفای کوردستان، هاووڵاتیانی بەڕێز!
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان واتە ١٦ی مانگی دووی 2011 ئێمە بەدڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە بە فرۆکەیەک لە ستۆکهۆلمەوە کە هەڵگری تەرمی پیرۆزی بیرمەند و رێبەری گەورەمان مامۆستا شێخ عێزەدین بوو، گەیشتینەوە کوردستان و فرۆکەخانەی سلێمانی. لە فرۆکەخانە ژمارەیەک لە رێبەران و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە لەبەردەم فرۆکەکەدا پێشوازییان کرد لە تەرمی مامۆستای خۆشەویستمان. دواتر تەرمەکە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ناوشاری سلێمانی. لێرەدا بە پێویستی دەزانین سپاسێکی زۆر ئاراستەی ئەو چەند هەزار کەسە بکەین کە رۆژی گەیشتنی فرۆکەی هەڵگری تەرمی مامۆستا لە بەردەم فرۆکەخانەی شاری سلێمانیدا هاتبوون بۆ پێشوازی و زۆر بەداخەوە نە بنەماڵەی مامۆستا توانییان لە نزیکەوە بیانبینن و نە دەرفەت هەبوو بۆ ئەوان کە لەنزیکەوە چاویان بکەوێت بە تابووتی هەڵگری تەرمی پیرۆزی مامۆستای خۆشەویستمان.
هەر ئەو ئێوارەیەی کە گەیشتینەوە شاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی پەیوەندیدار، وردەکاریی و گەڵالەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتن و دواتر مەراسمی ڕێز لێنان لە هۆڵێکی گەورەی ئەو شارە کەوتە بەر باس و هەموو چەشنە ئامادەکارییەکی بۆ کرا. تەنانەت شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسمەکە بە وێنە و دروشمی تایبەت بە بیروبۆچوونەکانی مامۆستا شێخ عێزەدین ڕازێندرابووەوە.
رۆژی دواتر واتە پێنجشەممە ٢٨ی ڕێبەندان کە دەبێتە ١٧ی مانگی دوو، سەرەتا تەرمی پیرۆزی مامۆستا گوێزرایەوە بۆ مزگەوتی قازی محەممەد و پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئایینی و نوێژی مەییت و دوایین ماڵئاوایی لەلایەن بنەماڵەوە، لەکاتێکدا کە کاروانێکی زۆر گەورەی خەڵک و ئوتومبیل بەڕێیان دەکرد، گەیشتە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی. پاش خوێندنی تەڵقین و وتاری پارێزەری سلێمانی بە ئامادەبوونی جەماوەری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە رێبەران و بەرپرسانی رێکخراو و حیزبە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، ڕێوڕەسمی ناشتنەکە بەڕێوەچوو.
دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ پرسە و سەرەخۆشی ژنان و پیاوان لە مزگەوتی قازی محەممەد بەڕێوەچوو.
بەڵام رووداوە دەڵتەزێنەکانی ئێوارەی پێنجشەممە ١٧ی مانگی دووی شاری سلێمانی و ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە باڵی بەسەر ئەو شارەدا ڕاکێشا، بووە هۆی ئەوەی کە هیچ چەشنە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری نەتوانێت بەڕێوەببرێت. ئێمە چاوەروانی ئەوەمان دەکرد کە چەند هەزار کەس بەشداری ئەو مەراسیمە بن و هەڵبەت بەشداریکردنیش بە راگەیاندنێکی گشتی دەبوو و پێمان وابوو هەموو مرۆڤێکی تێکۆشەر و وەفادار – لە هەر پارچەیەکی کوردستانەوە هاتبێت – دەبوو بتوانێت ئازادانە لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مامۆستای خۆشەویست و بەڕێزی گەلەکەماندا بەشداری بکات. ئەمەش دیاربوو کە لەو بارودۆخە هەستیارەدا زۆر بەداخەوە نەگونجاو بوو.
ئێمە خۆمان زۆر بە بەختەوەر دەزانین کە لە مەراسمە شکۆدار و گەورەکەی زانکۆی شاری ئووپسالای سوێد لە رۆژی بیستوچواری ڕێبەندان واتە سێزدەی مانگی دوودا کە بە پێی هەڵسەنگاندنی پۆلیس زیاتر لە دووهەزار کەس بەشداری کۆڕەکە ببوون، ڕێوڕەسمێکی شیاو و بێ وێنە بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستای خوشەویست و بەڕێزمان بەڕێوە چوو. کاردانەوەی ئەو ڕێوڕەسمە و دەنگدانەوەکەی و ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە دۆستان و ئاشنایان و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان راستەوخۆ یان بە تەلەیفوون و ئیمەیل پەیوەندیان لەگەڵدا گرتین دریخست کە ئەو مەراسمە لە ئاستی گەورەیی و ڕێز و حورمەتی مامۆستا شێخ عێزەدیندا بووە.
لە کوردستان و لە شاری خۆشەویستی سلێمانی ئێمە خۆمان ئامادەکردبوو و چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی مەراسمێک بووین کە بە ڕەنگ و بۆنی کوردستانەوە – کە ئەو هەمووە لە لای مامۆستا ئازیز و خۆشەویست بوو – مەراسمێکی زۆر گەورەتر و بێوێنەتر بێت. بەڵام مخابن ڕەوتی رووداوەکان بە چەشنێک چووە پێش کە ئەو هەلەمان بۆ نەرەخسا.
هەر لە رۆژی یەکەمی چوونە نەخۆشخانەی مامۆستاوە هەتا رۆژەکانی پاش ناشتنەکەی لە کوردستان، دەنگدانەوەی هەواڵەکە و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا شێخ عێزەدین و یان لەگەڵ ئەم کۆمیتەیە و دۆستان و کەسانی نزیک لە مامۆستا ئێجگار زۆر بووە. لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، لە ئێران و عێراق و تورکیاوە، لە ئورووپا و ئەمریکا و ئوسترالیاوە بەشێوەی جۆراوجۆر پەیوەندیمان لەگەڵدا گیراوە و دەریایەک لە رێز و خۆشەویستی و وەفاداری ئاراستەی مامۆستای ئازیزمان کراوە. دەنگدانەوەی لە هەموو میدیاکاندا، لە وڵات و لە دەرەوەی وڵات، بە ئاراستەیەکدا چوو کە پێشتر کەمتر وێنەی هەبووە.
ئێمە نازانین چۆن سپاسی ئەو هەموو وەفاداری و هاوخەمی و هاودەردییە بکەین؛ بەڵام ئەوەندە دەڵێین کە ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەیە کە بیرو بۆچوون و هەڵوێست و ئاوات و ئارەزووەکانی مامۆستا شێخ عێزەدین ئاوێنەی باڵانوێنی خواست و ئامانجەکانی گەلی کورد و خوازیارانی ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤە.
سپاس بۆ مامۆستای گەورەمان و سپاس بۆ گەلی سەربەرزی کورد و بە هیوای وەدیهاتنی ئامانجە پیروزەکانی.
کۆمیتەکەمان بەم چەشنە کۆتایی بەکارەکانی دێنێت. پێویستە رایبگەیەنین کە ناوی ئەو کەسایەتی، ڕێکخراو و حیزب و لایەنانەی کە بەم بۆنەوە پەیامیان ناردووە و هەر وەها هەموو راگەیاندنەکان لەسەر سایتی مامۆستا www.mamosta.info بڵاو دەکرێنەوە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
هەشتی ڕەشەمەی ١٣٨٩
27/2/2011

