ڕاگەیاندنی ژمارە چوار
سەبارەت بە ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
لە کوردستان
هەروەکوو پێشتر ڕامانگەیاندبوو، لە سەر خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەر و وەفاداری کوردستان و بە پێی بڕیاری بنەماڵەی مامۆستا شێخ عیزەدین، ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی پیرۆزی بەڕێزیان لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن کاربەدەستانی بەڕێزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆستانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کارئاسانییەکی زۆر کراوە و زۆر دڵسوزانە هاوکارییان لەگەڵدا کردووین. فرۆکەی هەڵگری تەرمی پیرۆزی مامۆستا و بنەماڵەی بەڕێزیان و هاوڕێیانیان پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان واتە ١٦ی مانگی دووی 2011 لە ستۆکهۆلمەوە بەرەو کوردستان وەڕێدەکەوێت و پێش بینی دەکرێت دەوروبەری کاتژمێر چواری و نیوی دوای نیوەڕۆ بگاتە فرۆکەخانەی سلێمانی. بۆ ئەوەی دەرفەتێکی شیاو بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەدا بە جەماوەری خەڵکی وەفادار و تێکۆشەری کوردستان بدرێت، ئەم ڕێوڕەسمە پێش نیوەڕۆی رۆژی دواتر واتە پێنجشەممە ٢٨ی ڕێبەندان کە دەبێتە ١٧ی مانگی دوو لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
دوای نیوەڕۆی ئەوڕۆژە و پێش نیوەڕۆی هەینی، لە مزگەوت پرسە و سەرەخۆشی دادەنرێت.
ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٩ی ڕیبەندان و ١٨ی مانگی دووی 2011، ڕێوڕەسمێکی شیاو و شکۆدار بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستای خوشەویست و بەڕێزمان لە هۆڵیکی گەورە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
ئێمە هەمووان بانگهێشت دەکەین، بۆ یادکردنەوە و ڕێزلێنان لە کەسایەتییەک کە هەموو ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و هەروەها بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بەتایبەت کۆمەڵگای کوردستان، لەم ڕێوڕەسمانەدا بەشداری بکەن.
بێگومان لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە لە کوردستان، زانیاری ورد لەسەر کات و شوێنی پرسە و هەروەها مەراسمی ڕێزلێنانەکە بڵاو دەکرێتەوە. بۆ هەرچەشنە زانیارییەک دەتوانن لە ڕێگای ئەم ئیمەیلەی خوارەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بگرن.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
بیستوشەشی ڕێبەندانی ١٣٨٩
15/2/2011

