په‌یامی بنه‌ماڵه‌ی تێکۆشه‌ر و سه‌ربه‌رزی مسته‌فا سوڵتانی به بۆنه‌ی کۆچی دوایی "مامۆستا شێخ عیزه‌دین"ـه‌وه
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵویست
وه‌ک خوێنه‌رانی هه‌ڵوێست ئاگادارن رۆژی یه‌کشه‌مه‌ی ڕابردوو به بۆنه‌ی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزه‌دین‌ـه‌وه و بۆ یاد و رێزگرتن له‌م رێبه‌ره ئه‌مه‌گناس و کۆڵنه‌ده‌ری بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری – نه‌ته‌وه‌یی رۆژهه‌لاتی کوردستان، له شاری ئوپسالای ولاتی سوئێد رێوره‌سمێکی پڕشکۆ به به‌شداریی سه‌دان که‌س به‌ڕێوه چوو، که که ڕاپۆرت و وێنه‌ی ئه‌و مه‌راسمه هه‌ر ئه‌و رۆژه له هه‌ڵوێست بڵاوکرایه‌وه.
له‌و رێوره‌سمه‌دا ژمارێکی زۆر حیزبی سیاسی و ناوه‌ندی مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تی په‌یامی سه‌رخۆشیان پێشکه‌ش کرد. یه‌کێک له‌و په‌یامانه‌ی که له کۆڕه‌که‌دا خوێندرایه‌وه و له لایه‌ن به‌شدارانه‌وه پێشوازیه‌کی گه‌رمی ڵێکرا، په‌یامی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رز و نیشتمانپه‌روه‌ری مسته‌فا سوڵتانی بوو که له‌لایه‌ن خاتوو مه‌له‌که مسته‌فا سوڵتانی‌یه‌وه خوێندرایه‌وه. مالپه‌ری هه‌ڵوێست ده‌قێکی ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتوه که خوێنه‌ران ده‌توانن لێره‌دا بیخوێننه‌وه:
بەشداربوانی بەرێز سڵاوێکی گەرم!
خۆم زۆر بە بەختەوەر ئەزانم کە لەلایەن بنەماڵەی مستەفا سوڵتانییەوە ئەو ئەرکەم پێ سپێردراوە و شانازی ئەوەم پێبڕاوە کە لەم ڕێوڕەسمە شکۆدارەدا و بۆ ڕێزگرتن لە یادی مامۆستا شێخ عزالدین‌ی ئازیز و پایەبەرزدا قسەبکەم.
مامۆستا شیخ عزالدین حسینی رابەری سیاسی گەلی کورد، مایەی شانازی و سەربەرزی هەموو میللەتی کورد، ڕاستە بۆ هەمیشە بە جەستە بە جێ هێشتین، بەڵام بیر‌و بۆچوونەکانی، ئامۆژگارییە حەکیمانەکانی و ڕێبازی خەباتگێڕانەی بەردەوام لەگەڵماندا دەمێننەوە.
مەرگی ئەو رابەرە تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە، دیسان خەم و پەژارەیەکی یەکجار زۆری خستوەتە دڵی هەموومانەوە.
ئیمرۆ لە دەور یەک کۆبووینتەوە تا رێز لە خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی مامۆستای زانا و بیرمەند، قەڵای ڕاوستان، تیکۆشەری رزگاری بی بەشان بگرین.
مامۆستا کەسایەتێکی لیبڕاو و خاوه‌ن هه‌ڵویستی شۆرشگێڕانە، له ناخی دڵیه‌وه ڕێز و ئیحترامی بۆ هه‌موو ئینسانه‌کان بە بیر و بووچون جیاوازەوە هەبوو. تەفسیری مامۆستا وەک رەهبەرێکی ئایینیش لە دین و مەزهەب خزمەت بە بشریت و ئینسان دۆستی بوو.
مامۆستا قەت قەت دوودڵی و ڕاڕای بە خۆ رێنەدا و تا دواین کاتەکانی ژیانی زۆر بە ڕاشکاوی لە ئازادی و عەداڵەت بەرگری کرد و لە بەرانبەر سیاستە جنایتکارانەکانی جەمهوری ئیسلامی دا وەک پۆڵا ڕاوستا.
مامۆستا لایەنگری بێ ئەم لاو ئەو لای ئازادی و بەرابەری ژنان بوو. بەمەبەستی دەربەڕینی بێروڕای پێشکەوتووانەی خۆی لە هەموو فرسەتێک کەڵکی وەر ئەگرت. لە شاکارە جوانەکانی مامۆستا لەم عەرسە دا وتوووێژەکانی لەگەڵ رادیو زاێڵە و بی بی سی فارسییە. لەو وتوووێژەانە دا زۆر بە ڕۆشنی بیر و بۆچوونەکانی خۆی بۆ جارێکی‌تر دووپات کردوەتەوە.
مامۆستا لایەنگری مافی میللەتان، لایەنگری جیایی دین لە دەوڵەت و لایەنگری رزگاری ئینسان لە هەر چەشنە زۆڵم و چەوسانەوەێک بوو.
جێی خۆیەتی ئاماژەی پێبەکەم کە بە درێژای ٣٢ ساڵی رابردوو مامۆستا شێخ عزالدین حسینی یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەرحەق بە بنەماڵەی هەموو گیانبەختکردوان بە گەشتی و بنەماڵی ئێمە بە تایبەتی زۆر لوتف و بزرگواری هەبوو. لە دیدارەکاندا بەو پەڕی خۆشەویستەوە هیز و توانا و سەبووری پێ دەبخشین. مامۆستا زۆر رێز و حورمەتی تایبەتی بۆ باوک و دایکی چەند جار جەرگ سۆتاومان هەبوو.
لەم ڕۆژەدا و بۆ مێژوو ئەڵێم کە مامۆستا شێخ عزالدین تەنیا رێبەرێکی بزوتنەوی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو کە لەکاتی سەفەرکەیان بۆ ناوچەی مەریوان، تەشریفیان هێنایە ئاوایی ئەڵمانە و چووە سەر گڵکۆی کاک فوئاد و براکانم و ئازیزەکانی دیکە و ڕێزی لیان گرت. ئەو هاودەردی و بزرگواریە قەت لە بیر ناچیتەوە.
تیاماوم و نازانم پرسە و سەرخۆشی خۆم لە پێشدا ئاراستەی کامە چین و توێژی کۆمەڵگای کوردەواری بکەم. لە ژنان یا لە خەڵکی مەحروم و زۆڵم لێ کراوی کوردەواری، لە بنەماڵە جەرگ بڕاو و ڕۆڵە کوژراوەکان، یا لە بنەماڵەی سەر بەرزی مامۆستا.
بژی بیر و بۆچوونەکانی مامۆستا
یادی ئازیزی مامۆستا لە دڵی بنەماڵەی دڵ‌برینداری مستەفا سۆڵتانی دا هەتا هەتایە بەرز و بەرێزە
لە لایەن بنەماڵەی مستەفا سۆلتانیەوە مەلەکە
بیست‌وچواری ڕێبەندانی ١٣٨٩ 2011-02-13

