|
نووسینی:
دیاکۆ زه‌ندی
diyako24roje@yahoo.se
ئه‌م نووسراوه‌م
پێشکه‌ش ده‌که‌م به گیانبه‌ختکردوان
و خه‌باتکارانی رێگای ئازادی و
سه‌رفه‌رازی. ئه‌و به‌رێزانه‌ی که
له‌م بریڤانییه‌دا به‌شداربوون و
ناویان هاتووه، و له‌وانه ئه‌م
خۆشه‌ویستانه: ئارام، ئاران،
ئاسیرتا، میترا، ئارێز، شاهۆ،
شوان، سه‌ی ئه‌یوب،
خه‌سره‌و، و
حه‌مامینی سۆفیپوور...
د.
ز
به‌شی بیست و دوو
سێ
شه‌مه(وه‌رهرامرۆژ)ی
١٦یگوڵانی
٢٦٨٠ی
کوردی رۆژی میترا، میتره، مێهر.
ئیزه‌دی تیشکی به‌ربه‌یان و رووناکی،
پارێزه‌ی ئاشتی، په‌یمان و خۆشه‌ویستی
هه‌موو چینی کۆمه‌ڵگایه. گوڵی
وه‌نه‌وشه گوڵی تایبه‌تی ئه‌وه.
٦ی
مانگی مای١٩٨٠ز.
_____________________________________________________
ئاسمانی
سورمه‌یی به هه‌ڵاتنی تیشکی
به‌ربه‌یان، ئه‌ستێره‌کانی له نێو
باوه‌شی لانکی خۆیدا کرده خه‌و.
ئاسۆی چیاکانی رۆژهه‌ڵات، ره‌نگی
ئاسۆی رۆژیان کرد به ئاڵای سووری
گوڵخار و نارنجی و زره‌د. ئاسمانی
سورمه‌یی به مزگانی هاتنی تیشکی
هه‌تاو روومه‌تی گه‌شایه‌وه. کراسی
فیروزه‌یی ره‌نگی خۆی له‌به‌رکرد بۆ
سه‌مای رۆژ.
مژێکی سپی پاش شێی شه‌وی به‌هاری،
دۆڵه‌کانی چه‌مشاری ئاخنی بوو. ده‌فی
هه‌تاوی ده‌ستی سروشت سوور و پلخوێن
له ته‌نیشتی شاخه‌چه‌رمگه‌وه
هه‌ڵبه‌زیه نێو ئاڵای ئاسۆی سوور.
تیشکی زێرینی هه‌تاو ره‌نگی سووری له
خۆیدا توانده‌وه. ته‌می سپی
دۆڵه‌کانیشی بۆلای ئاسۆ هه‌ڵمژی.
داوێنی که‌سکی به‌هاری چیاکانیشی گه‌ش
کرده‌وه. هه‌تاوی زێڕین، هه‌ڵهاته
نێو مژه سپییه‌که‌ی ژێری هه‌وره
سووره‌کان. به‌یانی ئه‌مڕۆی سروشت
ئاڵای کوردستانی بۆ بینه‌رانی شار له
رۆژهه‌ڵاتدا نه‌خشاند. گڕی دڵی
ئه‌ویندارانی ئاو پرژێن کرد. وره‌ی
بریڤانانی مه‌تینا و هایای له
کووره‌ی خه‌باتدا خارا کرد. چه‌قڵی
له چاوانی دوژمن چه‌قاند.
سیروان
به‌یانی زوو پێش ئه‌وه‌ی که ئارام
ماڵ به جێبهێڵێ له خه‌و هه‌ستا. به
ئارامی وت: ئه‌مه چه‌ند رۆژه که تۆ
وچان و حه‌سانه‌وه‌ت نه‌بووه. زۆر
ماندویت، هێزی ماسولکه‌کانت ئیتر
نایکێشن. وه‌ره با پێکه‌وه ئه‌مڕۆ
بچین بۆ ماڵی میترا.
ئارام:
من ئه‌ویندار و کوژراوی سه‌نگه‌ری
پاراز و بریڤانیم. ئه‌گه‌ر رۆژێک
نه‌چمه ژوانی ئه‌م یاره شۆخ و
شه‌نگه‌ی
خۆشه‌ویسته‌م، ده‌بم به مه‌می ئاڵان،
به سیامه‌ند یان فه‌رهادی کۆکه‌ن.
ئه‌مه‌یه خۆشترین ژیانی من.
ماسولکه‌کانم با له ئێش و ژاندا بۆ
خۆیان بزریکێنن. هه‌ر رۆژێک دێ ئه‌وان
به‌حه‌سێنه‌وه و ئارام بگرن. به‌ڵام
ره‌وان و ده‌روونم ئێستا ئارامن. هیچ
گرفت و ئاڵۆزییه‌کیان نییه، ئه‌مه
بۆ من گرنگه. تۆ بچۆ بۆ ژوانی
خۆشه‌ویسته‌که‌ت، کات به فیڕۆ
مه‌ده. ئه‌م رۆژانه ده‌گمه‌نن.
ئه‌گه‌ر له ده‌ستت بچێت قه‌د
ناگه‌ڕێنه‌وه. بایه‌خی بزانه له‌م
رۆژانه‌دا، ژیان تا سه‌ر نییه. له
لایه‌ن منه‌وه پیرۆزبایی پێ بڵێ. به
هیوام رۆژێک به یه‌کتر شاد ببن و
بگه‌ن به ئاواته‌کانتان. تاکوو
ئێواره لای تۆ خۆش ئابرا گیان.
ئارام
به په‌له چوو بۆ ئامێزی ده‌زگیرانی
خۆی سه‌نگه‌ری بریڤانی.
سیروان
پاش رۆیشێتنی ئارام له حه‌وشدا وستا
و به تاسه‌وه سرنجی کوێستانی
رۆژهه‌ڵاتیدا. ماڵی ئه‌وانیش وه‌ک
زۆربه‌ی ماڵه‌کانی کوردستان له سه‌ر
بناخه‌ی ئایینی میترای روو به
رۆژهه‌ڵات واته هه‌ڵاتنی تیشکی
به‌ربه‌یان چێکرا بوو.
جوانی سروشتی چیاکان و ره‌نگی
ئاڵواڵی هه‌ڵاتنی خۆر سیروانی خسته
نێو رامان. له به‌ر خۆیه‌وه دیگوت:
ماوه‌ی زۆرتر له نیوه مانگێکه دیلی
نێو شارم و دوور له ئامێزی دڵڕفێنی
چیاکانم. له به‌هاراندا له ژینگه‌ی
شاردا دڵم خه‌مگینه، چیا و باوه‌شی
سروشت بۆمن خه‌م ره‌وێنه. دڵی
بریندارم خولیای ئه‌وینه. ئه‌ی
خۆشه‌ویستم میترای چاو گه‌شم، به
ئه‌وینی تۆ، مه‌ست و سه‌رخۆشم. ده‌ستم
ناگاته سروشت تا گوڵی جوان و هۆڤت بۆ
بچنم. به تاروپۆی ئه‌وینم بیکه‌م به
چه‌پک و بۆتی بێنم.
له‌م رۆژه سه‌خته و ئاگربارانه،
دوژمن خه‌ریکی خوێن رژانه. ئه‌وینی
تۆ له دڵم سواره. چاره‌نووسیشمان ون
و نادیاره. وه‌ره با بچینه نێو
ناخی کێوستانان، بنۆشین ئاوی شه‌تاوی
نساران. له باوه‌شی مێرگ و چیمه‌ندا
رازین. مه‌ستی بۆنی خۆشی گوڵ‌و گیا
بین. ده‌مێکه بووین به وشکه سۆفی،
په‌رێز ده‌که‌ین له مه‌ی و خۆشی.
دیلی ژینگه‌ی گه‌مارۆدراوی شه‌ڕی
شارین. مانگی گوڵانه و له گوڵ بێ
به‌شین. که چی ئه‌هریمه‌نی داگیرکه‌ر
بۆنی مه‌رگی هێناوه و ژیان ده‌مرێنی
و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێنیت.
سیروان
چوو بو لای یاده‌گاره‌کانی کێوستان.
که له‌نێو باخچه‌ی حه‌وشدا رواندو
بوونی. چه‌ند چڵێکی وه‌نه‌وشه‌ی چنی
گوڵپه‌ره‌کانی به سه‌ر لێوانیدا
خشاند و رایمووسی. ئه‌وسا چڵ چڵ رنی و
کردی به چه‌پکێکی تایبه‌ت. چه‌ند بن
له شلێره‌کان که پیازه‌کانی له
ئه‌واڵان و شاهۆوه‌وه، هێنا بووی
گوڵیان دابوو. دوو بنی بڕی که هه‌ر
کامیان چوار تا پێنج گوڵی لێ شۆڕ
ببووه‌وه. شه‌ش چڵی گوڵاڵه‌یشی بڕی
که ره‌نگیان سووری تۆخ و زه‌رد بوون.
له به‌شی نساری باخچه‌که چه‌ند بن
گوڵی گوڵاڵه نه‌ورۆزی له سه‌ر
پیازه‌که‌ی قرتاند که پیازه‌که‌ی له
کۆساڵانه‌وه هێنا بوو. ئه‌م گوڵانه
به ره‌نگی به‌نه‌وش و ره‌گه‌ی زه‌رد
له نێو گوڵپه‌ره‌کانیدا جوانیکی
ئه‌وتویان هه‌بوو...
ئه‌م سێ جۆره گوڵانه‌ی پێکه‌وه
به‌ست. هه‌موویان گوڵی کێوین، و زۆر
جوانترن له گوڵی ده‌سته‌مۆی باخچه.
سێ چڵی ناسکی له داره‌کانی نێو
حه‌وشه‌که‌یانی قرتاند و گوڵه‌کانی پێ
رازانده‌وه و کردی به دوو چه‌پکه
گوڵی وه‌نه‌وشه و هه‌ڵاڵه. هێنایه
ماڵه‌وه له گه‌ل دیاریه‌که‌ی به
چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی کاخه‌زی ره‌نگی
رازانده‌وه و خستیه نێو نایلۆنێک
که دیار نه‌بن. ئه‌وسا به‌ره‌و ماڵی
میترا، سنیگی رێگای چوارباخی
گرته‌به‌ر. به دڵه خۆرپێوه
هه‌نگاوی ده‌نا. له‌وه خۆشحاڵ بوو،
که بۆ یه‌که‌مین جار له رۆژی
له‌دایکبوونی خۆشه‌ویسته‌که‌یدا
به‌شدار ده‌بێت. هه‌م نیگه‌رانی
ئه‌وه‌ش بوو که نه‌یده‌زانی
چاره‌نووسیان چی به سه‌ردێ.
له لایه‌کی دیکه‌وه شه‌رمی له خۆی
ده‌کرد. که له‌م بارودۆخه ناخۆشه‌ی
شاردا، که گێژاوی شین و گریانی
سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی له خۆیدا قووت
داوه، ئه‌و خه‌ریکی چییه. دووباره
به خۆیدا ده‌چووه‌وه و دڵداری خۆی
ده‌دایه‌وه. به خۆی ده‌سه‌لماند و
وا بۆی ده‌چوو. ژیانی ئێمه‌ی کورد له
رۆژهه‌ڵاتی ناوڤیندا، قه‌د خۆشی
درێژخایانی به خۆیه‌وه نه‌دیوه.
دوژمنانی داگیرکه‌ر له هه‌موو
نه‌ورۆزمانگێکدا، ئاژاوه و ئاگریان
به سه‌ر گه‌لی ئێمه‌دا
داسه‌پاندوه. بۆ ئه‌وه جه‌ژن و
خۆشی نه‌ورۆزمان لێ تێکبده‌ن. به‌ڵام
به‌وگشت زه‌بر وزه‌نگه‌یان، هیچ
نه‌یان توانی نه‌ورۆز له بیری کورد
به‌رنه‌وه، به‌پێچه‌وانه جه‌ژنی
خه‌بات و به‌رخوردانیشی به خۆوه‌وه
گرتووه.
به درێژایی مێژوو، کوردستان مه‌یدان
و گۆڕه‌پانی جه‌نگ بووه و کاوڵی و
قات‌و قڕی لێ به‌جێماوه. ئاوه‌دانیمان
وێران کراون. کۆمه‌ڵگامان له یه‌ک
ترازاوه. داب و نه‌ریت له گه‌ڵ
وێژه و په‌رتووکمان سووتێنراوه.
کۆمه‌ڵگای شارستانیمان تاراوه‌ی دۆڵ و
زناری چیاکان کراوه. ئامانجی دوژمنان
ئه‌وه بوو که گه‌لی کورد به
پرژوبڵاوی، و خه‌یڵه‌کی و دوور له
یه‌کیه‌تی و زانست بژین. تاوه‌کوو
مۆم، ده‌سته‌مۆی کرداری ئه‌وان بین.
هه‌میشه دوو دیارده‌ی شین و شادی
پێکه‌وه له نێو کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا
گه‌شه‌ی کردووه. هاوکات له گه‌ڵ
گێڕانی چه‌مه‌ری له گه‌ڕه‌کێک،
شریخه‌ی چۆپی له لایه‌کیتر ئاکاری
رۆژانه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه بووه. به‌م
شێوه‌یه گه‌له‌که‌مان وره‌ی خۆیانیان
له ده‌ست نه‌داوه و له نێو کۆمه‌ڵی
داگیرکه‌ردا نه‌توانه‌ته‌وه. به‌م
کرده‌وه‌یه چاوی نه‌یارانی خۆیان
کوێر کردووه.
ئه‌مه‌یه دۆزی ژیانی ئێمه، ده‌بێ
بژین تا سه‌رکه‌وین.
سیروان
وا له نێو رامانی خۆیدا نوقم ببوو،
هه‌ستی به‌وه نه‌کرد که چۆن وا زوو
له به‌ر ده‌روازه‌ی ماڵی میترا
وستاوه. پێی سه‌یر بوو که چۆن ئه‌و
رێگایه له ژێر ئاگری هێلیکوپتر و
تۆپبارانی شاردا هاتووه و گه‌یشته
ئێره به بێ ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێ.
ده‌روازه‌که‌یان تاک بوو. خه‌ڵک له
هاتو چووی ئاو هێناندا بوون.
سیروان به رازی نێوانی خۆی و میترا
دوو ته‌قه‌ی له ئه‌ڵقه‌ڕێزی
ده‌روازه‌که دا و دوو زه‌نگی کورتیش
له زه‌نگه‌که.
میترا که له نێو حه‌وشدا بوو، زانی
که ئه‌مه سیروانه خێرا هاته
پێشوازیه‌وه. یه‌کتریان له ئامێز
گرت و پێکه‌وه چوونه نێو
ژێرخانه‌که‌یان.
ئارێز
ماته‌می ئه‌وه بوو که چیبکات؟ چۆن و
له کوێ دیارییه‌ک
ته‌دارک ببینێ؟ چه‌ند جار ئه‌مسه‌ر و
ئه‌وسه‌ری ژووره‌که‌یانی کرد. له
نێوی بیر و رامانی خۆیدا ون ببوو، که
چۆن چاره‌یه‌ک ببینێته‌وه. خۆشکه
گه‌وره‌که‌ی که ئارێزی هه‌رگیز وا
نه‌بینی بوو پرسیاری لێکرد: ئه‌وه
چییه ئارێز بۆ ئارامت لێبڕاوه؟
ئارێز: ئا! هیچ نییه! که‌مێک سه‌رم
ده‌یشێت. راست بوو که ئارێز سه‌ری
دیشا. بۆیه نه‌یده‌زانی چیبکات.
بازار و دووکانه‌کان داخرا بوون.
ئه‌ویش حه‌زی نه‌ده‌کرد به ده‌ستی
به‌تاڵ بچێت بۆ دیده‌نی یاری باشترین
هه‌ڤاڵی. له نێو پیاسه کردنه‌که‌یدا
بوو وه‌بیری هاته‌وه، که شه‌ماڵی
هاوسێیان زێڕینگه‌ری هه‌یه. زوو له
ماڵی خۆیان وه‌ده‌رکه‌وت و زه‌نگی
ماڵی شه‌ماڵی
لێدا.
ده‌لالی خۆشکی شه‌ماڵ، ده‌روازه‌که‌ی
کرده‌وه و سڵاوی کرد.
ئارێز:
سه‌رچاوان! ده‌لال خانم زحمه‌ت نه‌بێت
کاکت له ماڵه؟
ده‌لال: ئه‌رێ کاک ئارێز! فه‌رمۆ
وه‌ره ژوورێ تاکوو بانگی ده‌که‌م.
ئارێز
باشه زۆر سپاس!
ده‌لال
رۆیشت و زوو شه‌ماڵ هاته پیری
ئارێزه‌وه. پاش سڵاو هه‌واڵپرسی له
گه‌ڵ خۆیدا بردیه ماڵه‌وه.
ئارێز گوتی: ئه‌من به په‌له‌م و
ده‌مه‌وێت هه‌ر ئێستا دوو دیاری بکڕم.
تۆ بۆ خۆت ده‌زانی که بازار داخراوه
و ته‌نها هیوام تۆیت و به‌س.
شه‌ماڵ
قاقا پێکه‌نی و گۆتی: کڕیاری باش له
ماڵیشدا دێ بۆلام. باشه چیت ده‌وێت؟
ئارێز:
دوو دیاری یه‌ک جۆر له زێڕم ده‌وێ
که جوان و رازاوه بن.
شه‌ماڵ: زۆر باشه وه‌ره ئه‌وانه‌ی
که هه‌مه پیشانت بده‌م.
ئارێز به بزه‌ی ره‌زامه‌ندیه‌وه
سپاسی کرد و له ته‌کیا چوو بۆ بینینی
زێڕه‌کان.
شه‌ماڵ چووه سه‌ر یه‌خانێک له
ژێرخانه‌که و قفله‌که‌ی کرده‌وه.
که‌شه‌فێکی تایبه‌تی ده‌رهێنا که به
چه‌ند به‌ش دابه‌ش کرابوو، و له
هه‌رکام له خانه‌کاندا له هه‌موو
چه‌شنه زێڕی تێدابوو. پرسیاری له
ئارێز کرد: گواره، بازنه و خرخاڵ،
گه‌رده‌نبه‌ند و ئه‌مانه‌م ماوه که
ده‌یبینیت.
ئارێز: با گواره بێت. ئه‌وسا سه‌یری
گواره‌کانی کرد و دوو، دووجوتی
هه‌ڵبژارد که له هه‌موویان جوانتر و
پڕ له نه‌خش و نیگارتر بوون.
شه‌ماڵ: ئه‌مانه زۆر پڕبه‌هان و
کاری ده‌ستی زۆری له سه‌ر کراوه.
ئارێز:
له نرخی مه‌ترسه! ئه‌من دراڤم
هه‌یه و له گیفانمدا ژه‌نگی هێناوه
و خه‌ریکه ده‌رزێ. سۆزی جێگای من
چیایه و چی لێکه‌م. رێز گرتنێک،
دڵخۆش کردنێک بۆ من بایخی هه‌یه نه
درا‌ڤ. ئێستا چه‌ند بده‌مه خزمه‌تت؟
شه‌ماڵ: له قووڵایی دڵمه‌وه ده‌ڵێم
نه وه‌ک دووکاندارێک، مێوانی خۆم
به.
ئارێز:
نا سپاس! هه‌ر ئه‌وه‌ی که تۆ توانیت
نیازم به‌جێ بهێنیت، کارێکی زۆر
مه‌زنت کردوه.
شه‌مال
گواره‌کانی له نێو دوو قوتوی تایبه‌ت
نا و جوان رازانیه‌وه و دای به
ئارێز و گۆتی: پیرۆزیان بێت.
ئارێز:
دووباره سپاس شه‌ماڵ گیان!
من ده‌بێت زوو وه‌ڕێ که‌وم. لای تۆ
خۆش! پاش ماڵ ئاوایی گه‌ڕایه‌وه ماڵی
خۆیان. له حه‌وشه‌که‌یاندا که له
گوڵی هۆڤ و ده‌سته‌مۆی ره‌نگینی تێدا
بوو و له مانگی گوڵاندا هه‌مووان
گوڵیان دابوو. چه‌پکێکی جوان و
رازاوه‌ی لێیان چنی. به په‌له
به‌ره‌و ماڵی چنووری هه‌ست و هه‌ناوی
وه‌ڕێکه‌وت. وه‌ک پێشینیان ده‌ڵێن "
هه‌موو رێگایه‌ک به‌ره‌و بانه ده‌روت
" بۆ ئارێزیش هه‌موو رێگایه‌ک به‌ره‌و
رووگه‌ی ئه‌وینی واته ماڵی چنوور
ده‌رۆیشت.
له هه‌نگاوه‌کانیدا هه‌ستی به‌وه
ده‌کرد که خێراتر ده‌بێ و تا ئه‌و
راده‌یه پێوابوو خه‌ریکه وه‌کوو
باڵه‌نده ده‌فڕێ. که گه‌یشته ماڵی
چنوور، دیی ئه‌ویش خۆی رازانوته‌وه و
به نه‌رمه ئارایشێک جوانی له ته‌ک
تیشکی خۆردا به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌کات.
ئارێزی که‌مڕوو دیاریه‌که‌ی چنووری
له پێش چاوانی بنه‌ماڵه‌که‌ی پێدا.
به ئارامی گۆتی: به یارمه‌تی دایک و
باوکت، چنوور گیان! ئه‌مه دیاری
خۆشه‌ویستی منه بۆ تۆ. هه‌ر چه‌ند "
دیاری شوان هاڵه‌کۆکه " به هیوام
به دڵت بێت.
چنوور
که چاوه‌ڕێ
ئه‌وی نه‌ده‌کرد له لای
بنه‌ماڵه‌که‌ی وا پێش بێت، له
شه‌رمدا وه‌ک ده‌نکه هه‌نار سوور
هه‌ڵگه‌ڕا. دیاریه‌که‌ی لێوه‌رگرت و
هاوکات سه‌یری باوکی کرد.
کا کامه‌ران به بزه‌یه‌که‌وه گۆتی:
کچم لێوه‌ربگره دڵی مه‌شکێنه. ئارێز
جێ متمانه‌یه.
چنوور که چاوه‌ڕێ ئه‌وه بوو که له
زمانی بابیه‌وه ببیسێ. دیاریه‌که‌ی
له ئارێز وه‌رگرت و له ئامێزی گرت
بۆ یه‌که‌مین جار، له پێش چاوانی
بنه‌ماڵه‌که‌دا.
ئارێز که ده‌موچاوی له ئاره‌قه‌ی
شه‌رمدا خووسابوو و روویشی نه‌بوو که
له‌وێ دانیشێ، گوتی: به‌یارمه‌تیتان
ده‌بێ بچین دره‌نگه.
چنوور گورج گواره‌کانی به یارمه‌تی
خاسێ خانم له گوێ کرد و گۆتی: زۆر
جوانه ئارێز گیان ده‌سته‌کانت خۆش
بێت.
ئارێز:
شایانی نییه!
له‌مێژه ده‌مه‌ویست دیاریه‌کت بۆ
بێنم. رووم نه‌بوو. ئێستاش به هه‌زار
شه‌رمه‌وه ئه‌و کاره‌م کرد. ئیتر نه‌متوانی
خۆم رابگرم و ئه‌وینی تۆ له دڵمدا
له بنه‌ماڵه‌ت بشارمه‌وه. به هیوام
تۆ و بنه‌ماڵه‌یشت له‌م کرده‌وه‌مه
نه‌ره‌نجن.
چنوور
سه‌ری داخست و هیچی نه گوت.
باوکی: نا ئارێز گیان ئێمه تۆ
ده‌ناسین و له‌م کرده‌وه‌ت که راستی
ده‌روون و ئه‌وینت درکاند ئێمه
پێخۆشحاڵین. به هیوام چنووریش وه‌کوو
تۆ بیر بکاته‌وه. ئێسته که
په‌له‌تانه بچن بۆ ئه‌وێ شه‌و
که‌هاتنه‌وه زۆرتر باسی لێده‌که‌ین.
تا ئه‌و کاته چنووریش هێوه‌ر
ده‌بێته‌وه.
سیروان
که هاته ژوورێ باوک و دایکی میترا
به گه‌رمی هاتنه پێشوازیه‌وه.
سیروان سڵاوی کرد و خۆی ناساند. کا
میروه‌یس، تریفه‌خانم و براچکوله‌که‌ی
میترا، ماریانۆ له گه‌ڵ سیرواندا
ده‌ستیان دا و یه‌ک یه‌ک خۆیان ناساند.
کا
میروه‌یس سیروانی لای ده‌ستی خۆیه‌وه
دانا، و گوتی: زۆر خۆش هاتی! نه
وه‌کوو مێوان به‌ڵکوو وه‌ک ئه‌ندامێکی
نوێ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه. تۆ وه‌کوو
که‌سێک، که میترای کچم خۆشیده‌وێ، بۆ
ئێمه‌یش جێگای رێزی. میترا تاقانه
کچی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه. ئێمه‌ش وه‌کوو
گلێنه‌ی چاومان خۆشمان ده‌وێ و
هیواشمان خۆشبه‌ختی ئه‌وه، وه‌ک هه‌ر
ماڵباتێکیتر.
تریفه‌یش ئه‌و بیر و بوچوونه‌ی منی
هه‌یه. تریفه بۆخۆی بیر و ڕای
ده‌رده‌بڕێ دیاره ئه‌و وه‌کوو دایک
به شێوه‌یه‌ک به‌رپرسیاره و منیش
وه‌ک باوک به چه‌شنێکی دیکه.
تریفه
خانم: میروه‌یس راست ده‌کات. ئێمه
ده‌مێکه له سه‌ر ئه‌م باسه ساق
بووینته‌وه، بۆیه میترا هه‌ر کات
ویستوبووی بێ بۆ لای ئێوه ئازاد
بووه. ئێمه ده‌مار وشکی سۆفی ئاسا
نین. بڕوامان به رێز و خوازی مرۆڤ
هه‌یه. میتراش وه‌ک مرۆڤێک له پێشدا
و پاشان وه‌کوو کچ ئێمه هیچ
ته‌گه‌ره‌یه‌کمان نه‌خستووه سه‌ر
رێگای. ئه‌و بۆی بووه و بۆیشی هه‌س
که شێوازی ژیانی داهاتوی خۆی
هه‌ڵبژێرێت. چۆن ده‌ژی و له گه‌ڵ
کێدا، ئه‌و بڕیار ده‌دات. ئێمه وا
بیر ناکه‌ینه‌وه که میترا چون کچه
له ماڵدا ده‌بێ بزر و پاوان بکرێت.
نه‌کا خه‌ڵک یان هاوسێکی چاوچنۆک و
ده‌مبه‌تاڵ پشته سه‌رمان قسه بکات.
ئه‌وه ده‌یبینین که کۆماری
ئیسلامی ئێران و هه‌روه‌ها داب و
نه‌ریتی ئاینی چۆن له رۆژهه‌ڵاتی
ناوڤیندا بایخی ژنیان وه‌ک مرۆڤ
پوچه‌ڵ کردوته‌وه.
ئه‌مڕۆ
به‌ها و بایه‌خی ئاژه‌ڵ له ژن لای
ئه‌وان زۆرتره. ئێمه له ماڵی
خۆمانه‌وه خه‌باتی سه‌ر به‌خۆییمان
ده‌ست پێکردووه. گه‌ر هه‌موو خه‌ڵک
له ماڵی خۆیانه‌وه ده‌ستی پێبکه‌ن و
کۆمه‌ڵگاکه‌یان به‌ره‌و پێشکه‌وتن
بگۆڕن، ئه‌وسا رژیمه پاشه‌ڕۆه‌کانیش
به‌رگه ناگرن. ئێسته له‌وانه
گه‌ڕێن! منیش سه‌ره‌ڕای وته‌کانی
میروه‌یس وه‌ک ئه‌ندامێکی ئه‌م
ماڵباته خۆشهاتنت لێده‌که‌م. خۆش
هاتی سه‌رچاوان.
سیروان:
منیش به گوێره‌ی خۆم له ئاشنایتان
زۆر خۆشحاڵم. له‌هه‌موو شتێکی دیکه
گرنگتر ئه‌وه‌یه، که من و میترا
وه‌کوو یه‌ک هه‌ستی خۆشه‌ویستیمان بۆ
یه‌کتر هه‌یه.
له‌یه‌کتر به باشی تێده‌گه‌ین. میترا
نه ته‌نیا جوان و ره‌نده و
دڵڕفێنه، مرۆڤێکی پڕ هه‌ست و دڵ
فراوانه. ته‌نها که‌سێکه تاکوو
ئێسته توانیوه دڵی هۆڤی من
ده‌سته‌مۆ بکات. منی ئه‌وینداری سروشت
وا لێبکات که هه‌موو خۆشی و
جوانیه‌کانی سروشت له ئامێزی ئه‌ودا
ببینمه‌وه. له لایه‌کی تره‌وه
دووباره خۆم به خۆشبه‌خت و به‌ختیار
ده‌زانم که بنه‌ماڵه‌یه‌کی تێگه‌شتو
و، جێ رێز و متمانه‌ی هه‌یه، که
پاپۆ و پشتیوانن بۆمان. من به ئه‌م
ئاشناییه خۆشحاڵم. هه‌روه‌ها بۆ من
ئێوه جێگای شانازی و رێزن. منیش
ئێوه دڵنیا ده‌که‌م که رێزی میترا
وه‌کوو خۆشه‌ویستێکی هاوسه‌ر، وه‌ک
هه‌ڤاڵێک، و وه‌کوو ژنێکی خه‌باتار
گرتوومه و ده‌یگرم. ئه‌وه‌ش به
ئه‌رکی خۆم ده‌زانم، که له
کرده‌وه‌یشدا جێبه‌جێ بکه‌م.
کامیروه‌یس:
له ئێستاوه ده‌توانین دۆستایه‌تیمان
وه‌ک یه‌ک بنماڵه پته‌وتر بکه‌ین.
ئه‌مه خواستی میترایه، که‌تۆی زۆر
خۆشده‌وێت. منیش وه‌ک باوکێک
ره‌زامه‌ندی و خۆشبه‌ختی کچی خۆمم
ده‌وێت. له‌وانه‌یه ساڵێک ببێ که
میترا به ئێمه‌ی راگه‌یاندوه که
تۆی خۆشده‌وێت.
منیش وه‌ک باوکێکی به‌رپرسیار،
په‌یجۆری و لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆرم له
سه‌ر تۆ کردووه. خۆشبه‌ختانه له
هه‌موو لایه‌که‌وه له سه‌ر مێرخاسی
و به ئه‌مه‌کی تۆ باس کراوه.
ئه‌وه‌م پێ سه‌یر بوو ته‌نانه‌ت
یه‌کجاریش باسی خراپی تۆ نه‌کرا.
کاتێک له له‌نده‌ن لای ئاریانۆی
کوڕم بووم، باسی تۆ و میترا هاته
گۆڕێ. ئه‌ویش له تۆ و میترا پشتیوانی
کرد. تۆی باش ده‌ناسی و ره‌زامه‌ندی
خۆی ده‌ربڕی. هه‌رچه‌ند من ده‌مه‌ویست
که میترا تا خوێندنی باڵا
ته‌واو نه‌کات، نه‌که‌وێته نێو
ره‌وتی ئه‌وینداری. کاتێک وا پێشهات،
منیش رێزم بۆ هه‌ست و خوازی میترا
دانا. هه‌رکات ده‌ته‌وێ بیت بۆ ماڵی
ئێمه خۆشهاتی و شه‌رم مه‌که.
هه‌رچه‌ند له میترام بیستووه که
له به‌ر که‌مڕووی ئامشوی ئێره‌ت
نه‌ده‌کرد. ئه‌وه میترا خۆیشی گوێی
لێیه، ئێوه رۆژێک شار به‌جێده‌هێڵن.
ئێوه ده‌رفه‌تێکتان هه‌یه که که‌م
که‌س بۆی ده‌ره‌خسێ. ئه‌ویش گه‌ر
بتانه‌وێ بۆ درێژه‌دان به خوێندن بچن
بۆ ئوروپا. من به‌رنامه‌ی هه‌موو کار
و رێگای
رۆیشتنم
بۆتان
داڕشتووه. ته‌نیا کاری سه‌خت بۆ
ئێوه ئه‌وه‌یه که خۆتان بگه‌ینه
شاری ورمێ. له‌وێڕا به دۆست و
ناسیاوم راسپاردووه که له‌ڕێی گۆندی
مڵکه‌ڕه‌شه‌وه بتان به‌نه باژێری
وان.
بازه‌رگانێکی دۆستم له ستامبوله‌وه
دێته ئه‌وێ، هه‌موو کاری ویزا و
پاستان بۆ چێده‌کات.
ئه‌وسا هه‌تاکوو شاری له‌نده‌ن به‌ڕێتان
ده‌کات. به مه‌رجێک درێژه به
خوێندنتان به‌دن. ئیتر خۆتان ده‌زانن.
ده‌توانن چنوور و ئارێزیش به خه‌رجی
من له گه‌ڵ خۆتاندا به‌رن.
سیروان:
زۆر سپاس! به وردی بیری
لێده‌که‌ینه‌وه. دیاره شتێکی وا
ده‌گمه‌نه و بۆ که‌م که‌س ده‌لوێ.
به یارمه‌تیتان حه‌زده‌که‌م هه‌ندێک
یارمه‌تی ماریانۆ بده‌م.
کا
میروه‌یس: فه‌رموو تکایه!
ماریانۆ خه‌ریکی رازانه‌وه‌ی سوچێک
له ژێرزه‌وینه‌که بوو. سیروان به
بیانۆی یارمه‌تیدانی حه‌زی ده‌کرد که
زۆرتر له گه‌ڵیدا نزیک ببێته‌وه و
ببن به دۆست. چووه پێشه‌وه و گوتی:
ماریانۆ!
ده‌توانم یارمه‌تیت بده‌م؟
ماریانۆ:
به دڵ‌و به گیان!
تکایه فه‌رمۆ کاک سیروان، له
ئاریکاریت خۆشحاڵ ده‌بم. هه‌ر دووکیان
پێکه‌وه خه‌ریکی جێبه‌جێ کردنی ئه‌و
نه‌خشه‌یه بوون که ماریانۆ بۆ خۆی
دایڕشتو بوو. به ده‌م کاره‌وه
پێکه‌وه له ئه‌و شتانه‌ی که
گه‌نجێک به دڵی بوو، له یه‌کتر
پرسیار و راڤه‌یان ده‌کرد.
میتراش گوڵه هۆڤه‌کانی له
گوڵدانێکی فیروزه‌ییڕه‌نگ که
ده‌ستکردی هه‌وڕگه‌ری دێرینی
کورده‌واری بوو، و به‌نه‌خشی دیمه‌نه
خورۆسکیه‌کانی کوردستان رازاندرا بوووه،
دانا.
چه‌پکه گوڵه وه‌نه‌وشه‌کانیشی له
گوڵدانێکیتر
نا، و له ته‌نیشت گوڵه هۆڤه‌کان و
له سه‌ر کورسیه‌کی دانا، و
دیاریه‌کانیشی لای دانا. ئه‌وسا هاته
یارمه‌تیانه‌وه.
سیروان:
ئه‌رێ میترا مێوانی زۆرتان دێ؟
میترا: نا هه‌ر خۆمانین. سه‌ری
هێنایه لای گوێ سیروانه‌وه و به
ئه‌سپایی پچاندی به گوێ سیروانا و
گۆتی: ئه‌مه به‌س بیانوویه‌که تا
له ده‌وری یه‌کتر کۆ ببینه‌وه. چون
ده‌مزانی که تۆ هه‌ر ئه‌مڕۆژه به
نیاز بوویت بۆ ئێره بیت. ئه‌گه‌ینا
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که'' باوان
شێویاگ سه‌ر له کاری خۆی ده‌رناکات''
که‌ی کاتی ئه‌م به‌زمووره‌زمه‌یه.
به‌س ده‌مه‌ویست بیسه‌لمێنم که
زه‌بروزه‌نگی دوژمنان ناتوانێ وره‌مان
بڕۆخێنێ و شێوازی ژیانمان بشێوێنێت.
ئێمه به‌وه راهاتوین که کۆڵ به
داخوازی پیلانی قه‌ڵاچۆی دوژمن
نه‌ده‌ین. له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا،
شایی و شیوه‌ن دوو دیارده‌ی هاوبه‌شن
که تێکه‌ڵاوی خوێنی ئێمه بوون.
له‌م
کاته‌دا، کا میروه‌یس بانگی له
ماریانۆ کرد و گۆتی: وه‌ره یارمه‌تیم
بده تاکوو هه‌ندێک که‌لوپه‌لی پیویست
بنینه به‌رده‌ست. ئه‌وسا رووی له
سیروان کرد و گوتی: به‌یارمه‌یتان!
سیروان:
تکایه فه‌رموون!
ئه‌وان له ژووره‌که وه‌ده‌رکه‌وتن.
سیروان و میترایان به ته‌نیا له‌وێ
به‌جێهێشت.
میترا
سیروانی له ئامێز گرت و به
ئاهه‌نگێکی خۆش و ئارامه‌وه گۆتی:
ئای سیروان چه‌نده ئامێزی تۆ خۆشه!
چه‌نده دڵنیایی و ئه‌رخه‌یانیم
پێده‌به‌خشێ. تا ئه‌و راده‌یه هه‌موو
ئێش و په‌ژاره‌یه‌ک فه‌راموش ده‌که‌م.
گوێی له سه‌ر دڵی سیروان نا و
بێده‌نگ بوو. له کاتێکدا سیروان به
ده‌ستی چه‌پی ئه‌وی له باوه‌ش گرت‌و
بوو، به په‌نجه‌ی ئه‌و ده‌سته‌که‌ی
تری قژه کرژ و خۆرمایی ره‌نگه‌که‌ی
شانه ده‌کرد و به‌رزی ده‌کرده‌وه و
ده‌یهێنا به ده‌مو چاویدا وتی: منیش
ئه‌و هه‌ستم هه‌یه و ته‌نها له
ئامێزی گه‌رمی تۆدا ده‌حه‌سێمه‌وه.
ته‌نها تۆی ده‌توانی زامی ده‌روونم
ساڕ‌ێژ بکه‌ی. ئارامش و هێمنی
ده‌گه‌ڕێنیته‌وه نێو جه‌سته‌ی
بوورکانیم. خوزگا هه‌میشه بمتوانیبا
گوێم له ئاهه‌نگی هه‌ناسه و ریتمی
دڵت بگرتبا.
میترا
سه‌ری هه‌ڵبڕی و به چاوه
که‌سکه‌کانی سه‌رنجی چاوانی سیروانی
دا و گوتی:
راستی یه‌که‌م جار له ئامانییه‌ی
ئاوییه‌ردا، یه‌کترمان ناسی، چی بوو
به هۆی ئه‌وه که هۆگری ئه‌وینی من
بیت؟.
سیروان:
خۆشه‌ویسته‌که‌م! جاری یه‌که‌م که
تۆم دیی له ته‌مه‌نی شانزه ساڵیدا
بوویت. ئه‌و کاته له خۆپیشاندانێکدا
ئه‌من چه‌ند دروشمم نووسی بوو، له
سه‌ر مه‌قه‌بای ئه‌ستور به پانتایی
نزیکه‌ی یه‌ک میتری چوارگۆش. ئه‌و
دروشمانه‌م له نێوان خۆپیشانده‌راندا
دابه‌ش ده‌کرد، که هه‌ڵی بده‌ن.
یه‌کی له‌وانه‌م دا به ده‌ستی
تۆوه‌وه که هه‌ڵیبگری. ئای له‌و
رۆژه!
له ده‌روونمدا بوورکانێکی ئاگرین
ته‌قییه‌وه.
که سه‌رنجی چاوه‌کانتم دا،
راسته‌وخۆ گه‌رای خۆشه‌ویستیت له نێو
دڵی ئاگراویمدا چاند. ئه‌وه بوو به
هۆی ناسینت. هه‌ر ئه‌و کاته پرسیم
ناوت چییه؟ له‌وڵامدا گوت‌و میترا!
گه‌ر له بیرت بێت وتم چه‌ند جوانه!
تیشکی هه‌تاوی به‌ر به‌یانه! تۆیش
به زه‌رده‌خه‌نه‌وه گوتت سپاس!
پاشان ناو و نیشانتم په‌یا کرد. که
زانیم خۆشکی ئاریانۆی هه‌ڤاڵمی،
پاشگه‌ز بوومه‌وه. چه‌ند جارێکی‌تریش
له خۆپیشانه‌کاندا تۆم بینی، تێر و
پڕ سه‌یری به‌ژنووباڵا و روومه‌تم
ده‌کرد. ئه‌وسا به کێوێکی پڕ له
ته‌مه‌وه، لێت دوور ده‌که‌وتمه‌وه.
بۆ ئه‌وه که که‌متر دڵم بیانۆت بگرێ
و به سه‌ریدا زاڵ بم. تاکوو پاری له
سه‌یرانی ئاوییه‌ردا که دووباره تۆم
دییه‌وه ئه‌م جاره هه‌رچێکم کرد
دوور بکه‌ومه‌وه بۆم نکرا.
وه‌کوو په‌یکه‌رێکم لێهاتو بوو که
لاقم به زه‌ویه‌که‌وه نووسابێت.
نازانم که جادوو و ماژی تۆ بوو، که
وا بێ ئێختیاری کردم یان هه‌ستی
پیرۆزی ئه‌وینداری؟ زوو پروسه‌ی
ئاشنایی و ئه‌وینداری ده‌ستی پێ‌کرد.
به خۆم په‌یمانم دا که ئیتر تۆ ون
نه‌که‌م. بتکه‌م به رووگه‌ی ئه‌وینی
خۆم. ئه‌و کاره‌شم کرد و تاکوو ئێستا
تێدا سه‌رکه‌وتوم. بۆیه هه‌ست به
سه‌رکه‌وتن و خۆشبه‌ختی ده‌که‌م.
ئه‌و کاته کورته په‌خشانێکم بۆت
نووسی بوو، که هه‌میشه له کاتی
ته‌نهایمدا بۆ خۆمم ده‌خوێنده‌وه.
میترا:
باش له بیرم دێت که ناومت پرسی. من
نه‌مزانی که مه‌به‌ستت چی بوو.
به‌ڵام دوو هاوڕێ ته‌نیشتم پیان گۆتم:
خاس خۆش شانسی میترا ئه‌و کوڕه حه‌زت
لێده‌کات. ئه‌زانی ئه‌وه کێیه؟
من
گۆتم نا نایناسم. کاتێک هانی ویستی
ناوت پێم بڵێ براکه‌ی بانگی لێکرد و
ئیتر له بیرم چوو، که له کاتێکی
دیکه‌دا لێ بپرسم. ئێسته وه بیرم
هاته‌وه. ئای چه‌نده من ساکار و خاو
بووم. ئه‌گه‌ر په‌خشانه‌که‌ت له
بیره تکایه بۆم بخوێنه‌وه؟
سیروان:
به چاوان! که‌مێکم له بیر ماوه
به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات.
چاو! سرنجی چاوه‌کانت، بوو به
گوڵێکی سوور. له پڕ که‌وته نێو گۆمی
مه‌نگی، کانیاوی دڵی ژینم. ئارامی
ژیانی راچه‌ڵه‌کاند،. گیانی دا به
گه‌رای خۆشه‌ویستی دڵم، و کردی به
ماسیه‌کی کاس و وڕ. رووباری نیشتمانی
به جێهێشت و تاراوه‌ی زریا بوو.
زریاش به شه‌پۆڵی خۆشه‌ویستی،
هه‌ڵیگرت و بردیه نێو، سنووری
نادیاری ئه‌وین.
میترا
: سپاس بۆ هه‌ستی ئه‌وینداریت. چه‌ند
جوانه! بۆ تاکوو ئێستا باست
نه‌کردبوو؟
ئه‌مه دوو ساڵه که تۆ منت
خۆشده‌وێت ومن به‌س له ساڵێکی
ئاگادارم. تۆ گوڵت دا به من و منیش
دڵم. تۆ مرواری ئه‌وینی خۆتت له ناخی
گوڵدا پێشکه‌ش کرد. منیش دڵی پڕ له
سۆزی خۆشه‌ویستیم کرد به هێلانه‌ی
تۆ. بریا منیش له رۆژی یه‌که‌مه‌وه
بمزانیبا.
سیروان:
زۆر شت هه‌یه گه‌ر ده‌رفه‌ت بێت بۆت
باس ده‌که‌م. ئێمه ته‌مه‌نێکی
درێژمان له پێشه گه‌ر کاره‌سات
وازمان لێبێنێ.
ده‌نگی
زه‌نگی ده‌روازه هات!
میترا:
ئه‌وه چنوور و ئارێزن با بچمه
به‌ره‌وپیریانه‌وه. ماچێکی ئاوداری
لێوانی سیروانی کرد و به په‌له
به‌ره‌و حه‌وشه رۆیشت.
سیروان له ده‌لاقه‌ی
ژێرزه‌وینیه‌که‌وه سه‌یری حه‌وشی
ده‌کرد. که پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی
هه‌بوو پڕ له دار و گوڵ. زۆرتر له
باخێک ده‌چوو تاکوو حه‌وشی ماڵێک. له
ناڤینی ئه‌م حه‌وشه گه‌وره‌یه‌دا
ئه‌ستێرێکیان چێکردوبوو به به‌ردی
شیرمایی. که به‌ردێکی شیری ره‌نگ
به‌ره‌و خۆڵه مێشی ره‌نگه، و له
ئاستی زوقوم و سه‌هۆڵ و گه‌رمادا زۆر
خۆراگره و سه‌خته. هه‌موو قه‌راخی
ستێره‌که به‌م به‌رده چنرابوو، که
به نه‌خشی پووله‌که‌ماسی
هه‌ڵکه‌ندراو رازاندرا بووه‌وه. له
فواره به‌ردینه‌کانه‌وه
ئاو به هێزه‌وه هه‌ڵده‌قوڵا. یه‌کی
له فواره‌کان له قه‌راخی
ستێره‌که‌وه، ده‌ڕژا نێو پلووسکێکی
له به‌رد داتاشراو. خه‌ڵک که‌ره‌سه‌ی
ئاو بردنیان له‌م پلووسکه پڕ ده‌کرد
و ده‌یان برد.
ئاوه‌که ئه‌وه‌نده زۆر بوو پێویستی
به‌وه نه‌ده‌کرد که خه‌ڵک له نێو
ریزدا بوه‌ستن.
میترا
له گه‌ڵ ئارێز و چنووردا هاتنه
ژوورێ. له گه‌ڵ سیرواندا خۆش و
دۆشیان کرد.
کا میروه‌یس و تریفه‌خانمیش
به‌رووخۆشیه‌وه هاتنه پێشوازی
مێوانه‌کانیانه‌وه.
میترا خێرا دوو چه‌پکه گوڵه‌که‌ی
ئارێز و چنووری له دوو گوڵدانی جوان
و جیاواز، له‌ته‌ک دیاریه‌کانیاندا،
له
سه‌ر کورسییه‌که‌ی دانا.
هه‌موویان
پێکه‌وه سه‌رقاڵی ئاخاوتن و باسی رۆژ
بوون. هه‌رکام به شێوه‌یه‌ک بیر‌و
ڕای
خۆی ده‌رده‌بڕی و شی ده‌کرده‌وه.
به‌ڵام ئاکامی تبینی و
بیرکردنه‌وه‌کان زۆر له یه‌کتر نزیک
بوون. نیگه‌رانی ئه‌وان به گشتی
ژیانی خه‌ڵک بوو له نێو ئه‌م ژینگه‌ی
ئاگربارانه‌دا. هه‌روه‌ها چاره‌نووسی
نادیاری داگیرکردنی شار.
میترا
پێش ئه‌وه‌ی که دیاریه‌کانی
بکاته‌وه گوتی: زۆر سپاس بۆ ئێوه
هاوڕێیانی به‌رێز و بنه‌ماڵه‌ی
خۆشه‌ویستم! که وا له رۆژێکی
ناخۆشدا منتان له بیر نه‌کرد. هیچ
پێویست نه‌بوو که دیاری بۆ من بکڕن.
به‌تایبه‌ت له‌وه‌ها بارودۆخێکدا که
بازار داخراوه و هاتو چوویش جێ
مه‌ترسییه. ئێسته که ئێوه ئه‌و
هه‌موو زه‌حمه‌ته‌تان کێشاوه
دووباره سپاس! ده‌ستان خۆش بێ!
به هیوام منیش رۆژێک بتوانم پاداشتی
ئه‌م ئه‌رکه‌ی ئێوه بده‌مه‌وه.
ئه‌وسا دیاریه‌کانی کرده‌وه.
یه‌که‌م، دیاری سیروانی هه‌ڵبژارد، و
کردیه‌وه. سه‌یری کرد که زۆر جوان و
ده‌گمه‌ن بوو. شتێک که له‌و شاره‌دا
که‌م که‌س هه‌یبوو یان هه‌ر نه‌بوو.
ئه‌مپه‌یکه‌ره به‌س له سه‌ر به‌رد
هه‌ڵکه‌ندرا بوو و له سه‌ر دیواری
ماڵی خۆیانیش له ئاجۆر و خشتی سوور
داتراشا بوو.
ئه‌و هه‌ر له منداڵیه‌وه ئه‌م
په‌یکه‌ره‌ی دیی بوو.
به‌ڵام
ئه‌م په‌یکه‌ره بۆ ته‌نیا به‌شێکی
زۆر که‌می خوێنده‌وارنی مێژوو له
ئاستێکی به‌رزدا ئاشنا بوو. ئه‌مڕۆ
له ئێرانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی مه‌لادا،
په‌یکه‌ر و وێنه‌ی ئه‌هۆرامه‌زدا
پاوان کراوه. ئه‌و ئێستا به زێڕ له
گه‌رده‌نی ده‌کات. چووه پێشه‌وه بۆ
لای سیروان و له ئامێزی گرت و ماچی
کرده‌وه و گوتی: سپاس سیروان گیان!
شتێکی پیرۆز و جوانت بۆ هێناوم.
ده‌زانم ئه‌مه ده‌بێ کاری خۆت بێت.
ئه‌گینا ئه‌من ساڵانی ساڵه به دوای
شتێکی وا له هه‌موو ئێران‌دا گه‌ڕام
و ده‌ستم نه‌که‌وت. ئێسته خۆت
زه‌حمه‌ت بکێشه بیکه گه‌رده‌نم.
سیروان هه‌ر دوو ده‌ستی خسته ژێر
خه‌رمانه‌ی قژی به‌ڕوویی ره‌نگی و
به‌رزی کرده‌وه تاکو ملی به‌ی ره‌نگی
بێگه‌ردی وه‌ده‌رکه‌وت. ئارام و هێدی
قفڵی زه‌نجیره‌که‌ی
له یه‌ک به‌ست. شه‌پۆڵی تاڤگه‌ی قژی
به‌رداوه سه‌ر شان و ملی و گوتی: به
پیرۆزت بێت سۆمای چاوانم و وزه‌ی
ژیانم. به هیوام، به به‌خته‌وه‌ری و
ته‌مه‌ن درێژی بژیت.
میترا
یه‌ک یه‌ک دیارییه‌کانی کرده‌وه و
به ئامێزێکی گه‌رم و بزه‌ی سه‌رلێونی
سپاسیانی کردن. ئه‌وسا له گه‌ڵ دایکی
و چنووردا خوانی فراوینیان راخست و
وتی: فه‌رموون فراوین ئاماده‌یه.
ژینگه‌ی
نێو ژووره‌که، به ئاهه‌نگی ده‌ردی
ئه‌وینی هونه‌رمه‌ند خاله‌قی
هه‌وایه‌کی پڕ سۆزی ئافڕاندوبوو. ئه‌و
ده‌نگه هه‌ست بزوێنه‌ی کاک مه‌زهه‌ر
ئارامشێکی ئه‌وتۆی دابوو به
هه‌موویان، به تایبه‌ت سیروان که
ماوه‌یه‌که گۆی له گۆرانی نگرتوبوو.
ماریانۆ:
بابۆ به یارمه‌تیت ده‌مه‌وێت بچم بۆ
بنکه هه‌واڵنامه بێنم بزانین چ
باسه؟
کا میروه‌یس: باشه رۆڵه گیان زو
وه‌ره‌وه.
کامیروه‌یس پرسیاری له سیروان کرد:
له‌وه ده‌چی له‌م رۆژانه هێزی
چه‌کداری گه‌ل شار به جێبهێڵن. بۆ
ئه‌وه که رژیم که‌متر شار وێران
بکات و خه‌ڵک بکوژێ. چۆن بۆیان
ده‌رکه‌وتووه که تاکوو پێشمه‌رگه
له نێو شاردا بێ ئه‌وان ناتوانن
بێنه نێو شار. واته به پێشمه‌رگه
نا‌وێرن و تۆڵه‌ی له خه‌ڵک
ده‌که‌نه‌وه.
من
پێم وایه ده‌بێ پێشمه‌رگه تاکتیکی
خۆی بگۆڕی. له شه‌ڕی بریڤانییه‌وه
بیکات به
شه‌ڕی
هێرشوانی. ده‌توانن به‌شێک له
هێزه‌کانیان له شار به‌رنه ده‌رێ.
چۆن پێویست ناکات ئه‌و هه‌موو هێزه
له نێو شاردا بێ. بۆیه خه‌ڵکی
بنکه‌کان و گه‌ڕه‌که‌کانی شار به
باشی بریڤانی ده‌که‌ن.
له ده‌ره‌وه‌ی شار پێشمه‌رگه
ده‌ستی ئاوه‌ڵایه، ده‌توانێ به‌باشی
پاده‌گان، و فڕۆکه‌خانه که پسا پس
هێزی تازه‌ی لێ داده‌به‌زێنن، بخه‌نه
به‌ر ده‌ستڕێژی خۆیان. که ئه‌و کاره
بکه‌ن هه‌ژماری تۆپبارانی شار
داده‌به‌زێ و که‌متر خه‌ڵک ده‌بن به
به‌رخێ و قوربانی رژیم و زیانی ماڵیش
که‌م ده‌بنه‌وه.
له لایه‌کی دیکه‌وه بۆیان ئه‌سته‌م
ده‌بێ که هێزی تازه بێنن. ئه‌وه
نییه که هه‌موو جاده‌کانی سنه بۆ
ده‌ره‌وه له ده‌ستی خه‌ڵکدایه؟
من نازانم ئه‌م هێزانه بۆ به‌س
خۆیان به شاره‌وه سه‌رقاڵ کردووه؟
ئه‌گه‌ر شێوازی شه‌ڕکردن نازانن، خۆ
ده‌توانن ئه‌و په‌رتووکانه
بخوێنه‌وه که له سه‌ر شه‌ڕی
بریڤانی و هێرشڤانی نووسراون. کات
زێڕه نابێت ته‌نانه‌ت یه‌ک کاتژمێرێک
بدۆڕێنین.
چۆن ئیتر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان
بۆ ناگه‌ڕێته‌وه.
هێزی دوژمن رۆژ به رۆژ به هێزتر
ده‌بێ و کارامه‌یی وه‌ده‌ست دێنێ.
ئه‌گه‌ر به سه‌ر مێترێک له ئاخی
کوردستاندا زاڵ بێ، به قه‌دری هه‌زار
مێتری چوارگۆش هێزی ده‌وێ که
ده‌ربکرێ.
سیروان:
وایه منیش هاوبیری ئێوه‌م. ئارێز
ئاگای لێیه، که له کۆبوونه‌وه‌ی
هێزه‌کاندا له‌م رۆژانه وه‌کوو
پێشنیار رامگه‌یاند. که ده‌بێ
تاکتیکی شه‌ڕ بگۆڕدرێ. ئه‌گێنا
ئێمه‌ین که ده‌یدۆڕێنین نه ئه‌وان.
راستییه‌ک هه‌یه له کۆمه‌ڵگای
ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
که به گشتی خه‌ڵکی کوردستانی
رۆژهه‌ڵات کارامه‌یی و لێزانینی شه‌ڕی
پێشمه‌رگایه‌تی، یان بریڤانییان
نییه. هۆه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه، شه‌ڕ
نه‌کراوه. ته‌نانه‌ت چه‌ند ئه‌فسه‌ر
و ده‌ره‌جه‌دارێک له گه‌ڵ
پێشمه‌رگه‌دایه ئه‌وانیش شه‌ڕیان
نه‌دیوه به کرده‌وه. به‌کورتی بڵێم
که شۆڕشه‌که‌مان زۆر کۆرپه‌یه.
هه‌روه‌ها وته‌کانی درێژه‌دا و وتی:
به‌م زووانه شار به جێده‌هێڵین و
خه‌باتی خۆمان له چیاکانه‌وه درێژه
پێده‌ده‌ین. میترا و چنووریش
قازانجیان له‌وه دایه که شار
به‌جێبهێڵن. له چیاکانه‌وه وه‌کوو
ته‌واری به‌رزه فڕ بژین باشتره
تاکوو دیلی کۆماری ئیسلامی ئێران بن.
ئیتر نازانم رای ئێوه چییه؟
کامیروه‌یس: هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا،
و وتی: ئه‌من نه‌خشه‌ی زۆرم بۆ میترا
دانا بوو. وا دیاره ئه‌و ئاوات و
خواستانه‌م ناێته‌دیی. زووتر به
میترام راگه‌یاندو بوو، گه‌ر ده‌ته‌وێ
خوێندنی خۆت درێژه پێبده‌ی له
ده‌ره‌وه‌ی و‌ڵات. من هه‌موو شتێکت بۆ
ئاماده ده‌که‌م. ئه‌وه‌یشم پێگۆت و
خۆیشی گوێی لێیه، مانه‌وه له ژێر
ره‌کیفی کۆماری ئێران‌دا جگه له
چه‌وسانه‌وه، سه‌رکوتکردن، دیلیه‌تی
و سێداره، هیچێکی دیکه‌تان ده‌ست
ناکه‌وێ. به‌ڵام ئه‌و حه‌زی ده‌کرد
که خه‌باتی خۆی دژ به داگیرکه‌ر
درێژپێبدات.
میترا بۆ خۆی ده‌زانێت له شار
ده‌مێنێته‌وه یان ده‌چێته چیاکان
وه‌کوو پێشمه‌رگه‌یه‌ک، له
نیشمانه‌که‌ی پارێزگاری ده‌کات. منیش
ده‌زانم له شار مانه‌وه‌ی، جێگای
زیندان و به‌شی ئه‌شکه‌نجه ده‌بێت.
دیاره ئێمه‌ش به‌وه حه‌ز ناکه‌ین.
هێشتا
دره‌نگ نییه گه‌ر ئێوه هه‌ر چوارتان
بتانه‌وێ له ئێران ده‌رباز بن من
هه‌روا پێمگۆتی رێگاتان بۆ خۆش
ده‌که‌م. ئێستا ئێوه بۆ خۆتان
خاوه‌نی هه‌ڵبژاردنی رێگای داهاتوی
خۆتانن.
میترا:
من و چنووریش بڕیارمان داوه له
ده‌ره‌وه خه‌باتی خۆمان درێژه
پێبده‌ین.
باوکی:
باشه رۆڵه گیان ئه‌وه‌م پێباشتره
تاکوو له نێو شاردا بمێنیته‌وه.
ماریانۆ چه‌پکێکی بڵاۆک و
هه‌واڵنامه‌ی هێناوه ماڵێ و گۆتی
ده‌تانه‌وێ بیخوێنمه‌وه؟
باوکی:
کوڕم! به ده‌نگی به‌رز بۆ هه‌موومان
بیخوێنه‌وه.
ماریانۆ په‌ڕه په‌ڕه بڵاۆکه‌کانی
وه‌لا نا تا گه‌یشته چه‌پکێکی دوو تا
سێ لاپه‌ڕه‌یی وتی: هه‌واڵنامه‌ی
ژماره‌ی
٣٥
کۆمه‌ڵه.
''
سنه
١٦ی
٢ی
٥٩
کوشت و بڕ قه‌ڵاچۆ کردنی خه‌ڵک به
ده‌ستی ئه‌رته‌ش و پاسداران له سنه
هه‌ر وه‌ها درێژه‌ی هه‌یه.
رۆژانه به ده‌یان گولله هاوه‌نی
١٢٠
م‌م و تۆپ گه‌ڕه‌که‌کانی نێو شاری
پێده‌کوتن. له ئاکامدا ده‌یان خانۆ
وێران ده‌بێ و ده‌یان که‌سیش له
خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کوژرێن یان بریندار
ده‌بن. سه‌ره‌ڕای ئه‌م چه‌که
قورسانه، فڕۆکه‌ی فانتۆم و
هێلیکوپتره‌کانیش به راکت و ره‌شاش
له خه‌ڵک ده‌ستڕێژ ده‌که‌ن.
هێزه‌کانی دوژمن به چه‌کی
دوورهاوێژه و نۆژه‌نی سه‌رده‌م
وه‌کوو داراگۆن و دووربینداره‌کانیتر
ته‌قه له هاتوچووی خه‌ڵکی سیڤیل
ده‌که‌ن. به‌تایبه‌ت له سه‌ر ئه‌و
شوێنه به‌رزانه‌وه. وه‌ک یانه‌ی
ئه‌فسه‌ران و گردی توشنه‌وزه‌ر که
به‌رجه‌وه‌نی به‌ربڵاوی هه‌یه.
بۆ وێنه ژنێک که ده‌یه‌ویست زبڵ
بڕێژێنێ، ته‌نیا هه‌نگاوێک له
ده‌روازه‌که‌یانه‌وه دوور که‌وته‌وه
کوژرا.
ئه‌مڕۆ
له سه‌ر پردی مه‌ڵاوه‌یسی سێ رێبواری
سیڤیل که‌وتنه به‌ر دیدی چه‌که
دوورینداره‌کانی یانه‌ی ئه‌فسه‌ران و
هه‌ر سێیان کوژران. به‌هۆی ئاژین
بوونی گولله هاوه‌ن و تۆپ
١٢
که‌س له خه‌ڵکی سیڤیل کوژران و
کۆمه‌ڵێک بریندار بوون.
له ماڵێکدا هاوه‌نێک ته‌قییه‌وه و
بوو به‌هۆی کوشتنی سێ کوڕی ئه‌و
ماڵباته. باوکیان ناچار بوو هه‌ر سێ
جگه‌رگۆشه‌کانی له نێو
حه‌وشه‌که‌یاندا بنێژێ. ئه‌وسا به
خوێنی مناڵه‌کانی دار و دیواری
ماڵه‌که‌ی ره‌نگین ده‌کرد و به
ده‌نگی به |