|
نووسینی:
دیاکۆ زه‌ندی
diyako24roje@yahoo.se
ئه‌م نووسراوه‌م
پێشکه‌ش ده‌که‌م به گیانبه‌ختکردوان
و خه‌باتکارانی رێگای ئازادی و
سه‌رفه‌رازی. ئه‌و به‌رێزانه‌ی که
له‌م بریڤانییه‌دا به‌شداربوون و
ناویان هاتووه، و له‌وانه ئه‌م
خۆشه‌ویستانه: ئارام، ئاران،
ئاسیرتا، میترا، ئارێز، شاهۆ،
شوان، سه‌ی ئه‌یوب،
خه‌سره‌و، و
حه‌مامینی سۆفیپوور...
د.
ز
به‌شی چوارده
شه‌مه(هه‌تاوڕۆژ)ی شه‌شی گوڵانی2680ی
ک. رۆژی هوڤارتات، هورداد، خورداد
(کارامه بوون) 26ی ئا‌پریل 1980ی
ز.
__________________________________________________
نه‌رمه وارانی شه‌و هێشتا نه‌یتوانی
بوو تۆز وخۆڵی ماڵه رووخاوه‌کانی شار
دامرێنێ.
به‌ڵام به‌روانکی مژی له به‌رۆکی
کێوستان کرد‌و بوو. رۆژ ده‌یه‌ویست
تارای سووری به سه‌ر هه‌ور و مژه
سپیه‌کاندا راکێشێ و بیکا به بۆکی
سروشت.
ئاهه‌نگی به‌زمی زه‌ماوه‌ندی گۆڕایه
سه‌ر لاوانه‌وه.
به‌ده‌نگی شیبا، ئاسمانی دڵ پڕ له
هه‌وران، به ئارامی دوور له چاوی
نه‌یاران، فرمێسکی خه‌می دڵی که‌ێڵی
داده‌رژان دلۆپ دلۆپ، به سه‌ر شاری
باوان وێران.
ته‌می ره‌شی شنه‌ی با، ئاهه‌نگی
گورانی خۆی ده‌گێڕا، و به سۆزه‌وه
پڕ به‌دڵی ئه‌وینداران ده‌یچریکاند.
شیبا ده‌شنێ، شه‌وێنی سه‌ر په‌ڕه‌ی
گوڵان دێنێته سه‌ما.
سۆمای ئاسۆ، هانای لاوێنی هێنا بۆ
ئه‌وینداران. له زۆزانانه‌وه دێنێ
مژده‌ی به‌یان، به وڵی زیوای
به‌فرینی به‌هاران.
به تارای تاسه‌ی ئه‌وین، ده‌سڕێ
فرمێسکی شه‌تاو، له سه‌ر گۆنای دڵ
برینداران.
دیاری
به‌هاری رژیم گولله‌ی مه‌رگی سه‌وز.
په‌رده‌ی هه‌ور و مژی ده‌دڕاند، دیاری
مه‌رگی ده‌برد بۆ ماڵانی بێ
ده‌ره‌تان. مناڵی ساوا و وردیلانه‌ی
شه‌وچره‌ی خۆشه‌ویستی و هیوای کۆمه‌ڵ
له ترسی هه‌ژاندن و مردن خزا بوونه
نێو شه‌وه‌زه‌نگی قۆژبنی
تاڵ. هه‌ڵده‌چۆقان، ده‌له‌رزان وه‌ک
شۆره‌بی به‌ر قامچی زریان.
ئه‌وه بوو دیاری پیره پیاوانی
کۆماری ئیسلام بۆ منداڵانی کوردستان.
ده‌یانه‌ویست به‌ربه‌ره‌کانێ بکه‌ن
له گه‌ڵ بابانویلی کریستیان. که چۆن
دیاری ده‌دا به منداڵان.
ئارام
له ته‌ک یه‌که‌م ماڵ ئاوایی
ئه‌ستێره‌دا له خه‌و رابوو.
هه‌ندێک نانی له گیفان نا و خۆی
هاویشته ئامێزی دڵداره‌که‌ی،
مه‌ته‌رێزی
گردیگه‌ڕۆڵ. بیری له ئه‌و
هاوڕێیانه‌ی ده‌کرده‌وه که چۆن
ماندو و خه‌واڵو شه‌وگاریان شه‌ق کرد.
شه‌وێن و شه‌ونمی شه‌و روومه‌تی
گه‌شیانی راده‌مووسی و کزه‌ی زریانیش
باڵای راستیانی ده‌چه‌مانه‌وه.
ته‌قه و ئاگری پڕ به باڵای شه‌و
مه‌ودای سڕینی خوناوی بارانی
پێنه‌دان.
له پاده‌گان و ده‌رڤه‌ری شار که
هێزه‌کانی ئه‌هریمه‌نی مه‌رگی لێ
ستارو بوون. به فه‌رمانی
جوولانه‌وه‌ی ده‌ستی رابه‌ری
سه‌مفۆنیای ترس و مه‌رگ، ئاهه‌نگی
کوشتن و قه‌ڵاچووی شاریان ده‌ژه‌ند.
فه‌رمانده‌ی مه‌رگ به داری
بزمارڕێژی ده‌ستی که په‌ڕۆیه‌کی
که‌سکی لێ بستو بوو. به ده‌ست و
په‌نجه‌ی خۆڵپانی، خوێنی سینگی
کۆرپه‌ی کوردی پێهه‌ڵده‌کوڵاشی.
نینۆکیشی وه‌کوو چنگی گورگ دڵۆپه
خوێنی لێده‌تکا. مێزره‌ی ره‌ش و
ئه‌ستێره‌ی سه‌رشانی له گه‌ڵ مداڵیای
نه‌ته‌وه و مرۆڤ کوژی سه‌ر سنیگی.
به روومه‌تێکی پڕ له قین و توڕه‌یی
له مرۆڤایه‌تی. له کاتێکدا که
چاوانی زیتی، خوێنی تێزا بوو،
که‌ڵبه‌ی
ددانی که هێشتا به خوێنی منداڵان
سوور بوو و به سه‌ر ردێنیدا چۆڕ چۆڕ
ده‌ڕژا سه‌ر مداڵیای سه‌ر سینگ و
به‌رۆکی.
توڕه و ترسنۆکانه که
به‌رژه‌وه‌ندی که‌وتوبوویته مه‌ترسی،
به چه‌پ و راستدا داری ده‌ستی
هه‌ڵده‌سووڕاند. ژه‌نیارانی مرۆڤ کوژ
به ریتمی ئه‌و ئاهه‌نگی مه‌رگ و
قه‌ڵاچۆی شارێکیان ده‌ژه‌ند به تۆپ و
تانگ، به هێلکوپتر و فڕۆکه. له
هه‌ر چرکه‌یه‌کدا مرۆڤێکیان ده‌کوشت
یان ماڵێکیان ده‌رووخاند. ئه‌مه ببوو
به ئاکاری کرده‌وه‌ی شه‌و وڕۆژیان.
سیروان
و ئارێز پاش واردنی ناشتا، چوون بۆ
بنکه و له سووچی تایبه‌تی خۆیاندا
رونیشتن. یه‌ک و دوو خه‌ڵک ده‌هاتنه
ژووره‌وه هه‌ر که له شوێنێک یان
له کۆڕی هه‌ڤاڵانی خۆیاندا
داده‌نیشتن. له لای سیروان و
ئارێزوه کۆمه‌ڵێکی زۆرتر کۆ
ببوونه‌وه.
هه‌ر که‌س له باسێک یان ده‌ردیکی پڕ
له په‌ژاره ده‌دوا.
هه‌واڵه‌کان زۆرتر دڵته‌زێن بوون تا
خه‌م ره‌وێن. ره‌نگی زه‌ردی ماندویی،
ترس و نا دڵنیایی له سه‌ر روومه‌تی
زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌دی ده‌کرا. ئیتر
که‌س نه‌یده‌توانی پڕ به سییه‌کانی
شنه‌ی بای ئه‌رتا و خاوێن، که له
دڵی کێوستنانه‌وه ده‌شنی هه‌ڵمژێ.
شنه بای به‌هاری، بۆنی بارووت و
تۆزی شارێکی وێرانی ده‌دا. بۆنی بۆسۆی
له‌شی سوتاو و تۆزی سه‌دان ساڵه‌ی
بینا مێژوویه‌کان، لوتی ئازار ده‌دا و
مێشکی ده‌ته‌زاند.
پرشنگ
به بزه‌ی لێو و تیشکی چاوان ئاما
خه‌رامان خه‌رامان، به باوه‌شێکی پڕ
له بڵاوکه‌وه روو له کۆری سیروان.
به پێکه‌نینی ده‌مو لێوانی، وه‌کوو
گوڵه‌باخی تازه پشکوتوو، ده‌رکه‌وت
مرواری ددانی. سڵاوی کرد به پاراوی
زمان، روونیشت وه‌ک ته‌واری کێوستان.
سڵاو سه‌د سڵاو، بۆ تۆ ئه‌ی کیژوڵه‌ی
تێکۆشه‌ر. گوڵی باخی شۆڕش، فریشته‌ی
ئامۆژگه‌ر. پرشنگ رووی له سیروان کرد
و گۆتی:
ئارام
بۆ دیار نییه؟ له کوێیه؟ چه‌ند
رۆژه نه‌مدیوه؟
سیروان: ئارام له گه‌ڵ هه‌تاوه
مه‌رجی کردوه، تاکوو هه‌تاو تیشک
داوێژێ ئارامیش سه‌نگه‌ر بپارێزێ.
منیش شه‌و به شه‌و دوور له تیشکی
چاوی
پرشنگی
خۆر ده‌یبینم.
پرشنگ:
نه‌مزانی بوو! په‌شێوی ئه‌وه بووم
نه‌کا شتێکی لێهاتوبێت. شادی خزا نێو
چاوانی و به ده‌نگێکی نه‌رم وتی:
هه‌واڵنامه‌ی تازه‌م پێیه ئه‌گه‌ر
حه‌ز ده‌که‌ن بۆتانی بخوێنمه‌وه یان
خۆتان بیخوێنه‌وه.
ئارێز:
گه‌ر تۆ به ده‌نگه خۆشه‌که‌ی خۆت
بیخوێنیته‌وه ئێمه‌ش باشتر
تێده‌گه‌ین.
پرشنگ ئاوی زاری قوتدا و لاپه‌ڕه‌ی
یه‌که‌می هه‌واڵنامه‌که‌ی کرده‌وه و
گۆتی:
''سنه!
کات یازده‌ونیوی به‌یانی رۆژی شه‌شی
گوڵان.
دوێنێ شه‌و پێشمه‌رگه‌کان هێڕشیان
کرده سه‌ر رادیو ته‌له‌ڤزیون،
فڕۆکه‌خانه، یانه‌ی ئه‌فسه‌ران،
پاده‌گان و ئوستانداری.
له هێرش بۆ سه‌ر یانه‌ی
ئه‌فسه‌راندا تانگێک ده‌شکێ. ئه‌و
پۆڵه پزیشکه که له تارانه‌وه بۆ
سنه هاتو بوون، بۆ یارمه‌تی
بریندارانی شار، دوای دوو رۆژ
راگرتنیان له فرۆکه‌خانه رێگه‌یان
پێدرا که بێنه نێو شار.
هه‌واڵێک به ده‌ستمان گه‌شتوه که
فه‌رمانده‌ی له‌شکه‌ری 28ی سنه به
ناوی سه‌رهه‌نگ سه‌دری، که له
ئه‌فسه‌رانی خوێنرێژی
کۆماری ئیسلامی بوو، به ده‌ستی
ده‌ره‌جه‌دارێکی شۆڕشگێڕ کوژراوه.
هه‌ر وه‌ها دژایه‌تی و ناکۆکییه‌کی
زۆرله نێوان چه‌کدارانی پاده‌گانی
سنه دژ به درێژه‌دانی شه‌ڕ
هاتوه‌ته گۆڕێ. ئه‌وه‌ش بووه به
هۆی ئه‌وه که له یه‌کتر
ته‌قه‌بکه‌ن و تا ئێستا چه‌ند که‌سیان
له‌و نێوانه‌دا کوژراوه.''
هه‌واڵنامه‌ی27 پاشنیوه‌ڕۆ
ده‌رده‌چێ.
زۆروان که خۆی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه
بوو گۆتی: ئه‌منیش ئه‌و هه‌واڵم بیست.
به‌ڵام هێشتا له لایه‌نێکی جێ
متمانه‌وه پشت‌راست نه‌کراوه‌ته‌وه.
چه‌ند که‌سێکی دیکه هاتنه نێو
کۆڕه‌که‌وه. کووره‌ی په‌یڤین و
ئاخاڤتن، ده‌نگو باسی گه‌رم و گۆڕتر
کرد.
ئارێز
پچاندی به گوێ سیرواندا و به
ئه‌سپایی گۆتی: ده‌زانی که کات
دره‌نگه. من به‌ڵێنم داوه به ماڵی
بابی چنوور که نیوه‌ڕۆ له وێ بین.
کاتی وه‌ڕێی که‌وتنه. وا نییه؟
سیروان: وایه ده‌بێ په‌ڵه بکه‌ین.
هه‌ستانه سه‌رپێ و ماڵئاوایان له
کۆمه‌ڵی هه‌ڤاڵان کرد و له‌وێ
وه‌ده‌رکه‌وتن.
ئارێز
ئارام و هێدی به هه‌وای شه‌له شه‌لی
پێ سیروان، به‌نیازی ژوانی
خۆشه‌ویستانیان، پێچاوپێچی
کۆڵانه‌کانیان به جێهێشت. به‌ره‌و
ئاسۆی ئه‌وین گه‌ڕه‌کی دڵان، چوارباخی
جێ گوڵان، هێزی پێ و سۆمای چاویان
تینی ده‌سه‌ند. خێرا گه‌یشتنه به‌ر
رووگه‌ی ئه‌وینی ئارێز.
ئارێز به ئاهه‌نگی خۆرپه‌ی دڵی
هه‌ڵقه‌رێزی ده‌روازه‌ی کوتا. تک
ته‌ق، تک ته‌ق! که ده‌روازه
کرایه‌وه، چنۆ تاقانه‌ی ماڵ به روو
خۆشی، سڵاو و خۆشهاتنی لێکردن.
خاسێ خانمیش به گورج و گۆڵی هاته
پێشوازیانه‌وه. له ته‌ک سیرواندا
به یه‌کتر خۆیان ناساند و به گه‌رمی
خۆش هاتنی لێکردن. که چوونه نێو
ژێرزه‌وینیه‌که کاک کامه‌ران له
به‌رده‌رگاکه‌یدا وستا بوو. ئه‌ویش
به گه‌رمی هاته پێشوازیانه‌وه و
پاش سڵاو و ده‌ستمشتاق خۆیان به
یه‌کتر ناساند.
منداڵه‌کانی ژیرانه و گه‌رم و گۆر
سڵاویان کرد و هه‌رکامیان خۆیان
ناساند. تا کاتێک سیروان گه‌یشته
میترا
په‌نجه‌کانی
به تینی ئه‌وین گوشا و به تیشکی
چاوان ئه‌مه‌کداری خۆیانیان دووپات
کرده‌وه.
سیروان و ئارێز له به‌رانبه‌ری
خۆشه‌ویسته‌کانیان و له ته‌نیشتی
یه‌کتر دانیشتن. کا کامه‌رانیش له
لای ده‌ستی راستی ئه‌واندا وه‌ک
ئه‌وه جێگای تایبه‌تی خۆی بێت
روونیشت. خاسێ لای چنوور و زریا و
ئاریایش له نێوانی چنوور و میترا به
وه‌وی و بوکه‌شوشه‌ی ده‌ستیانه‌وه
دانیشتن. چنۆیش ته‌نیشتی ئارێزی بۆ
خۆی هه‌ڵبژارد.
کا
کامه‌ران رووی له سیروان کرد و گۆتی:
کاک سیروان خۆشهاتی سه‌ری چاوانمان!
ئێره وه‌ک ماڵی خۆت بزانه. ئێمه
له دووره‌وه له لایه‌ن چنوور و
بنماڵه ئارێزه‌وه ناوبانگی تۆمان
بیستوه. ئێستا له‌وه خۆشحاڵین که
له نزیکه‌وه ده‌تبینین و ئاشنا
بوون. تۆ که هاوڕێکی گیانی به گیانی
ئارێزی، ئێمه وه‌کوو برایه‌ک سه‌یرت
ده‌که‌ین. له راستیدا تۆ به یه‌کی
له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی خۆمان
ده‌زانین.
سیروان:
بۆ منیش جێگای شانازیه که له ته‌ک
بنه‌ماڵه‌یه‌کی باش وه‌کوو ئێوه
ئاشنا ده‌بم. ئه‌من که‌سایه‌تی ئێوه‌م
زۆر جار له خه‌ڵک بیستوه. هه‌میشه
حه‌زم ده‌کرد رۆژێک له نزیکه‌وه به
خزمه‌تان بگه‌م. ئێستاش خۆشحاڵم که
به‌ئه‌و ئاواته‌م گه‌یشتم.
کا
کامه‌ران، مامۆستای به‌شی وێژه و
زوان بوو له خوێندنگه‌کانی سنه‌دا.
له‌کاتێ ده‌سته‌ڵاداری رژیمی شادا بۆ
ماوه‌ی چه‌ند ساڵان له کوردستان
ته‌خته‌قاپۆ کرا. واته به بێ
ره‌زامه‌ندی و خواستی خۆی سه‌دان
کیلومیتر له کوردستان دوورخرایه‌وه.
دوایش له کاری خۆی وه‌کوو مامۆستا
ده‌رکرا.
که‌سایه‌تیکی خۆشه‌ویسته له نێو
کۆمه‌ڵی رووناک‌بیر و تێگه‌شتوی ئه‌م
شاره‌یه. ئه‌و هه‌میشه لاوانی هان
ده‌دا که ببن به هاورڕێ و دۆستی
په‌رتووک.
له
به‌ر تیشکی رووناکی ده‌لاقه‌کاندا
مووی سپی لاجانه‌کانی وه‌ک زیو
ده‌درۆشایه‌وه.
روومه‌تی پیرتر له ته‌مه‌نی ده‌هاته
پێشچاو. ئه‌ویش ره‌نگدانه‌وه‌ی باری
خه‌م و چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی رابڕدوی
بوو. پاڵی به پشتیه‌کی ده‌ست چنی
نه‌خشی سێ تورنجه‌وه دا بوو.
نیگه‌رانی له چاوانیدا هه‌ستده‌کرا.
هه‌ر چه‌ند دیه‌ویست خۆی لێ گێل کا و
پیشانی نه‌دات.
خاسێ
چا و شیرینی ده‌ستکردی خۆی هێنا و له
پێشی هه‌موویانی دانا. خۆیشی دانیشت.
به زمانێکی شیرین و به‌زه‌یه‌کی
دایکانه، سه‌رنجی مناڵه‌کانی دا و
گۆتی: له‌م دۆزه‌دا گه‌لێک دژواره
که مرۆڤ داهاتوییه‌کی ئه‌وتۆ و
رووناک بۆ منداڵه‌کانی دابین بکات.
چۆن چاره‌نووس له ره‌وه‌ندی خرۆسکی
خۆی ته‌رازاوه. هه‌ر ده‌م
کاره‌ساتێکی نوێ و ناخوازراو
ده‌ئافڕێنێ.
روومه‌ته
کاڵ و سپییه‌که‌ی خاسێ ببوو به
کلیله به‌فری هاوین، تۆز و گه‌ردی بێ
هیوایی و ترسی لێ نیشتوبوو. چاوه شین
و گه‌شه‌کانی ئه‌و تیشک و وزه‌ی
رابوردوی تێدا نه ده‌بینرا. دوای
هه‌موو ترسێک له کاره‌ساتی
بۆردومان،له‌وه ده‌ترسا گه‌ر رژیم
شار بگرێته‌وه. ئه‌وسا پاسدار و
خۆفرۆشه‌کانی موفتی ماڵ به ماڵ
بگه‌ڕن و خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری ئه‌م
باژێره بگرن و بیده‌نه ده‌ستی
خوێنرێژانی تاران. هه‌رکه‌س رابوردوی
دار‌و ده‌سته‌ی موفتی زاده‌ی وه‌بیر
ده‌هاته‌وه که چۆن چوونه نێو شاری
قوروه و ته‌کیه و مزگه‌وتی شێخ
هادییان روخاند. چۆن هۆڤانه، زکی
خاده‌م و مجه‌وه‌ره‌که‌یشان دڕاند.
هه‌ر شتێکی تێدا بوو تاڵانیان کرد و
به فه‌رمانی کاک ئه‌حمه‌و و به
رێوه‌به‌ری قادرمه‌زی'' ماڵی خوایان''
به تاڵان برد. تا به‌گا به ماڵی
خه‌ڵکێک که ئه‌وان پێیان ده‌لێن
کافر.
چنۆ
وته‌کانی دایکی بڕی و گۆتی: سپاس بۆ
ئه‌وه که ئێران له باری زانستی
ته‌کنیکه‌وه فره دوا که‌فتگه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و توانایه‌ی ببووبایه که
چه‌کی بیولۆژیک و ناو‌کی چێبکردایه،
له پێشدا به سه‌ر ئێمه‌ی تاقی
ده‌کرده‌وه. ئه‌وه نییه که له‌م
چه‌ند رۆژه‌دا هه‌ر چه‌شنه چه‌کێک
که هه‌یبوو به سه‌ر دانیشتوانی ئه‌م
شاره‌دا تاقی کرده‌وه.
له‌پڕ ده‌نگی دوو نرکه‌ی ئاژین بوونی
به هێز شوشه‌ی ده‌لاقه و
په‌نجه‌ره‌کانی زرانده‌وه. پاش
ده‌مێکی زۆر کورت ده‌نگی فراویره و
هات و چووی ناسرۆشتی خه‌ڵک له
کۆڵانه‌کانه‌وه بیسترا.
چنۆ: بابا ده‌مه‌وێ بچم بزانم چی
روویداوه؟
باوکی: باشه رۆڵه به‌ڵام زوو
بگه‌ڕێیه‌وه. به‌م جۆره درێژه‌ی به
وته‌کانی دا،ئێمه له‌قوناخێکی زۆر
ناسکدا ده‌ژین. زۆر به ئه‌سته‌م
هه‌لێکمان بۆ ده‌ڕه‌خسێ. ئه‌ویش به
گوێره‌ی باری جوگرافیای ناوچه‌که‌وه
ئه‌گه‌ر به ژیری که‌ڵکی
لێوه‌رنه‌گرین ده‌یدۆڕێنین. چون دۆز و
قوناخه‌کان ده‌گۆڕدڕێن و له گه‌ڵ
کاتدا، دژوارتر و سه‌ختتر ده‌بن.
له ساڵانی رابوردوی دووردا بۆ
باپیرانمان زۆر ئاسان بوو وه‌ده‌ست
هێنانی سه‌ربه‌خۆیی. ره‌قه‌بیری
ئایینی وای لێکردوبوون که چاویان له
ئاستی راستیه‌کاندا کوێر بێ. ژیانی
خۆیان و منداڵانیان ده‌کرد به دوزه‌خ
بۆ ئه‌وه که خۆیان بچن بۆ به‌هه‌شت.
پێیان وابوو ئه‌گه‌ر له داگیرکه‌رانی
کوردستان جیا ببنه‌وه، ئه‌وه دینیان
نامێنێ و ده‌بن به کافر.
داگیرکه‌ران به چه‌کی ئایین
پڕوپاگه‌نده و بانگه‌شه‌ی خۆیان
ده‌کرد. به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان
پێده‌پاراست. له ئاوی لێڵ ماسیان
ده‌گرت که کورد بێت.
سه‌ره‌ڕای ئامۆژی سه‌دان ساڵه‌ی
چه‌رمه‌سه‌ری گه‌ڵلی کورد و هێزه
رامیاریه‌کان، هێشتا سه‌ربه‌خۆیی
ده‌روونی و په‌روه‌ده‌ییان وه‌ده‌ست
نه هێناوه. نه‌یان توانیوه خودی
خۆیان گه‌شه پێبده‌ن تاکوو
که‌سایه‌تی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تی
و نه‌ته‌وه‌ییان په‌یدا بکه‌ن.
تاکوو ئێمه که‌سایه‌تیکی سه‌ربه‌خۆ
وه‌ده‌ست نه‌هێنین، زۆر ئه‌سته‌مه
رووناکی تیشک بهاوێژێته نێو روچنه‌ی
ئه‌م ژووره تاریکه‌ی دۆزی کوردستان.
چنۆ
به روومه‌تێکی گرژ و په‌شێو هاته
ژوورێ. به خه‌مباریه‌که‌وه گۆتی
هه‌واڵی ناخۆش...دوو گولله هاوه‌ن
له حه‌وش و ماڵی سۆفی ره‌شۆی کوڵۆڵدا
ته‌قیوه‌ته‌وه. خۆی و خێزانه‌که‌ی
میمکه وه‌نه‌وشه به شه‌پۆڵی ئاژینی
گولله‌کان هه‌موو گیانیان بووه به
بێژنگ و ده‌مو ده‌ستیش مردن.
ماڵه‌که‌یشیان بووه به که‌ڵاوا. به
یارمه‌تی هاوسێیه‌کان له‌شی ئه‌نجن
ئه‌نجنیان له ژێر خۆڵ و پردووی ماڵه
رووخاوه‌که‌یاندا ده‌رهێنرا.
سیروان:
هه‌موو که‌سێک ئه‌م مه‌ترسیه
هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کات. ئه‌مه بووه
به چاره‌نووسی نا ئاسای دانیشتوانی
ئه‌م شاره. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که
ژێرزه‌وینی باشیان نییه. راستی
منداڵیان نه‌بوو؟
کا
کامه‌ران: سۆفی ره‌شۆی هه‌ژار ته‌نیا
یه‌ک کوڕی هه‌بوو. ئه‌ویش بێ سه‌ر و
شوێن وون بوو. شه‌ش حه‌وت ساڵانه نه
نامه‌یه‌ک، نه که‌س هه‌واڵێکی لێ
په‌یدا کردوه. سوفی ره‌شۆ پیاوێکی
ئایینی و سوفیه‌کی ته‌واو خۆپارێز
بوو. زۆر تێده‌کۆشا بو رێبازگه‌ی
ئایینی خۆی. له هه‌موو کۆڕ و
کۆمه‌ڵێکدا ده‌یه‌ویست گه‌نج و لاوان
به‌ره‌و لای خۆی راکێشێ. مزگێنی
جیهانێکی دوای مردنی پێانده‌دان.
لاوانیش گه‌مه‌یان پێده‌کرد و ده‌یان
ره‌نجان. ده‌توانم بڵێم که هه‌موو
ژیانی له رێی ئیسلامدا به‌ختکرد.
تاکوو به گولله‌ی کۆماری ئیسلامیش
کوژرا و ماڵیشی وێران بوو. خۆی که
هیچ، ژنه به‌وبه‌خته‌که‌یشی خۆشی له
ژیان نه‌دی. به هۆی ده‌ماروشکی
سوفییه‌وه، ژیان ببوو به دوزه‌خێکی
تاڵ بۆ بنماڵه‌که‌یان.
زۆر گرنگه که ئێمه وه‌کوو مرۆڤ
هوشیاری ئه‌وه‌مان بێ که له نێو
هه‌ستی که‌سانێکیتردا بژین و
تێبگه‌ین. ئه‌وه هۆیه‌کی گرنگه له
پێشکه‌وتنی ژیاندا.
ئێمه
چه‌ند جۆر هه‌ست و هۆشی تێگه‌یشتمان
هه‌یه. وه‌ک تێگه‌یشتن له خه‌ڵک.
واته تێبگه‌یی و رێز بگری له
که‌سگه‌لێکی دیکه که چۆن هه‌ست
ده‌که‌ن و بیر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش
به‌راوه‌ر‌د
بکه‌ین که مرۆڤ هه‌ستی وه یه‌ک
نییه.
هۆدانان، واته بتوانی هه‌سته‌کانی
خۆت ده‌ربڕی له ئاستی ویستگه‌لی
تایبه‌تیدا. هه‌ر وه‌ها کاری له سه‌ر
بکرێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن.
هه‌ستیاری خۆیی، واته هۆشیار و
ئاگاداری هه‌سته‌کانی خۆت ببی. بزانی
که چۆن هه‌ست پێده‌که‌ی له ئێره و
ئێستادا. که‌ڵک وه‌رگردن له ئامشو.
واته زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی. که‌ڵک
وه‌رگرتن له هه‌سته‌کانی خۆت. ده‌بێ
بزانیت که مرۆڤ هه‌ست به شتگه‌لی
تایبه‌تی ده‌کات. چۆن سه‌روکارمان له
ته‌ک په‌ژیمانییه‌کان،
دڵه‌خۆرپێیه‌کان، مه‌ترسیه‌کان و
خه‌مباریه‌کانماندا ده‌بێ. تا بتوانین
ده‌ست به سه‌ر هه‌سته‌کانماندا
راگرین.
ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که
هه‌ستی تێگه‌یشتن لای هه‌موو که‌سێک
وه‌کوو یه‌ک نییه. تاکه که‌س
ده‌توانێ بڕێک شتی باش و بۆ هه‌ندێکی
خراپ هه‌ست پێ‌بکات. گه‌لێک گرنگه که
منداڵ فێر که‌ی که هه‌ست چییه...
ئاخه‌فتن
له سه‌ر مێژوو، ده‌روونناسی، داب‌و
نه‌ریت و رامیاری و... بوو. هه‌موویان
به گه‌رمی به‌شداریان کرد.
میترا و سیروان به چاو و سه‌یری
یه‌کتریان ده‌کرد تاسه‌ی خۆیان
لێده‌شکاند. هه‌روه‌ها چنوور و
ئارێزیش. کاتژمێر به‌ره‌و ئێواره
خوار بووه‌وه.
سیروان گۆتی: به‌یارمه‌تیتان ده‌بێت
بچم. ئێواره‌یه و که‌مێک کارم هه‌س
ده‌بێت جێبه‌جێ بکه‌م. سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه زۆر له مێوانداریتان سپاس
ده‌که‌م. له ئاشنایتان فره خۆشحاڵم.
هه‌ر وه‌ها خاسێ خانم پڕ سپاس بۆ
ئه‌وه‌ی به ئێمه‌وه زۆر ماندو بووی
و ده‌ستت خۆش بێت بۆ ئه‌و خواردنه
خۆشانه‌ت.
کا کامه‌ران: شایانی نییه ئێمه
وه‌کوو مێوان مێوانداریمان نه‌کردوه
به‌ڵکوو وه‌ک ئه‌ندامێکی ئه‌م
بنماڵه‌یه ئێوه‌گه‌ل سه‌یر ده‌که‌ین.
به هیوام زۆرتر ئامشومان بکه‌ن.
که
سیروان ماڵئاوایی کرد، ئارێزیش له
گه‌ڵی که‌وت و میتراش هه‌ستا و ماڵ
ئاوایی کرد. چنووریش، تاکوو به‌ر
ده‌روازه مێوانه‌کانی ره‌وانه کرد.
ماڵی
چنووریان به جێهێشت و میترایان تا
به‌ر ده‌روازه‌ی خۆیان برد. پاش
ئه‌وه‌ی که له سه‌ر کاتی یه‌ک بینین
ساق بوونه‌وه ئه‌وسا له یه‌کتر
ماڵئاوایان کرد.
ئارێز:
سیروان ئه‌من خوڵکت ناکه‌م که بیت بۆ
ماڵی ئێمه. چون ده‌زانم تاکوو
هه‌واڵی ئارام نه‌زانی دڵنیا نابیت.
گوێمان له یه‌کتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر
هێلی ته‌له‌فۆن نه‌پچرابێت. ئه‌گه‌ر
په‌یوه‌ندیش نه‌مابێ هه‌ر دێم بۆلات.
هه‌ر کامیان به‌ره‌و گه‌ڕه‌ک و ماڵی
خۆیان وه‌ڕێ که‌وتن. سیروان شه‌له
شه‌ل و به‌سه‌ر خۆ ئه‌و رێگایه‌ی بڕی
که سێ ئه‌وه‌نده‌ی جاران کاتی بۆ
ته‌رخان کرد.
به
گوێره‌ی هه‌واڵی کۆمه‌ڵه''ئه‌مرۆ له
کاتی12ی نیوه‌ڕۆدا هێزه‌کانی ئه‌رته‌ش
هێرشێکی به ته‌وژمیان بۆ گردیگه‌ڕۆڵ
و ته‌په‌ی شێخ حه‌مه‌سادق که له
ته‌نیشتی گرده‌گه‌ڕۆڵ و باشووری رۆژ
ئاوای پاده‌گانه، ده‌ست پێکردووه.
ئه‌م ته‌په‌یه گردێکی به‌رزه و به
سه‌ر جاده و کۆڵانه‌کانی
ده‌ورووبه‌ردا زاڵه. شه‌ڕ هه‌ر ده‌م
له ژێر ئاگری هێلیکوپتر و تۆپبارانی
سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان قورس‌تر
ده‌بوو. ئه‌م جاره‌ش هێزه‌کانی رژیم
تێده‌شکێن و به‌ره‌و مۆڵگه‌کانیان له
نێو پاده‌گاندا پاشه‌کشێی ده‌که‌ن.
له ئاکامدا حه‌فت کوژراو و چه‌ند
بریندار به‌جێده‌هێڵن. دوو چه‌ک و
ره‌شاشێکی کالیبر50یش ده‌که‌وێته
ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه. له‌م
شه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌کی رێکخراوی
یه‌کیه‌تی کۆمونیستی به ناوی فواد
عه‌ره‌ب، گیانی به‌ختکرد. ئه‌وکه‌سه
خه‌ڵکی باشووری ئێران واته خوزستان
بوو و ساڵانێکی زۆر له له ریزی
فه‌له‌ستینیه‌کاندا دژ به ئیسرائیل
خه‌باتی کرد‌و بوو.
پێشمه‌رگه‌یه‌کی کارامه و به ئازمون
بوو له نێو بزووتنه‌وه‌ی بریڤانی
خه‌ڵکی کوردا.
ئه‌مڕۆ
پێشمه‌رگه‌کانی دیموکرات به هاوه‌ن
فرۆکه‌خانه‌ی سنه‌یان گولله‌باران
کرد. له ئاکامدا فرۆکه‌یه‌کی 103ی
ئه‌رته‌ش، که چه‌کداری تێدا بوو و
ده‌یه‌ویست بفڕێ، که‌وته به‌ر گولله
و تێشکا. ئه‌وانه‌ی که تێدا بوون
کوژران یان بریندار بوون.
له ناوه‌ندی شاردا یانه‌ی
ئه‌فسه‌ران بوو به ئامانجی هێرشی
پێشمه‌رگه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که
سه‌نگه‌ره‌کانیان به‌رزه
و به سه‌ر ده‌و‌رووبه‌ری خۆیدا
زاڵه، جه‌نگاوه‌رانی خه‌ڵک، توانیان
یه‌ک تانگ و ره‌شاشێکی
کالیبر50تێبشکێنن و چه‌ند پاسدارێک
بکوژن و بریندار بکه‌ن.
بینای فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر له
به‌رانبه‌ری ئوستانداریدا که‌وته
به‌ر ده‌ستڕێژی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه،
که بوو به هۆی کوژرانی سێ چه‌کداری
رژیم که یه‌کیان فه‌رمانده‌ی ئه‌و
هێزه بوو که له‌وێ ستارو بوون.
ئه‌مڕۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی گه‌شتیار
له لایه‌ن ناوه‌ندی شێر و
خۆرشیده‌وه بۆ یارمه‌تی بریندارانی
سنه گه‌یشته به‌ر ده‌روازه‌ی شار.
به‌ڵام هێزه‌کانی رژیم له سه‌ر بینای
رادیو ته‌له‌ڤزیونه‌وه، ده‌ستڕێژیان
به سه‌ردا کردن و له ئاکامدا لێخۆری
ئامبولانسه‌که و یارمه‌تیده‌ره‌که‌ی
که خه‌ڵکی تاران بوون کوژران.
هه‌روه‌ها کارمه‌ندێکی ده‌رمانگه که
خه‌ڵکی سنه بوو به ناوی ره‌شیدی،
ئه‌ویش کوژرا.
ئامبولانسه‌که به باره‌که‌یه‌وه
ده‌یبه‌نه‌وه بۆ فڕۆکه‌خانه.
له هیچ شه‌ڕێکدا ته‌قه له
ئامبولانس نه‌کراوه، و به ئازادی
هاتو چوویان کردوه. ته‌نها له خره‌د
و لوژیکی کۆمای ئیسلامی‌دا ته‌نیا
ده‌سه‌ڵاتی خۆیان مه‌به‌سته و هیچ
داد و یاسایه‌ک رێزی نییه. واته هڕ
له بڕ جیا ناکه‌نه‌وه.
له کاتژمێری پێنجی پاشنیوه‌رۆدا به
مه‌به‌ستی هێرش هێنان بۆ نێو شار،
گوردانی155ی له‌شکه‌ری28ی رژیم، که
له پشت ده‌روازه‌ی پاده‌گانه‌وه
هێزه‌کانی مۆڵ دابوو. ئه‌م جاره
به‌چه‌کی قورس‌تر وچه‌ند تانگ چاوه‌ڕێ
فه‌رمانی هێرش کردن بوون. کۆمه‌ڵه
که به‌مه‌یه زانی چوار گولله
هاوه‌نی هاوێشته نێو مۆڵگای
گوردانی155. که بوو به هۆی زیاننێکی
گه‌وره‌ی ماڵی و گیانی. هه‌روه‌ها
شپرزی دوژمن تا راده‌یه‌ک که له
هێڕش کردن پاشگه‌ز بووه‌وه.''
سێبه‌ری
بژنۆ و باڵای ئاوییه‌ر،شاری له
باوه‌ش گرت‌و بوو. ئیزه‌دی زۆروان به
سۆزی قامچی گۆێ زه‌وینی هه‌ڵده‌سوڕان،
و کاتیش ره‌وتی خۆی درێژه پێده‌دا.
گه‌واڵ گه‌واڵ هه‌ور ئاسۆی سووری
ئاوییه‌ری ده‌ئاخنێ. هه‌تاویش به
دواین تیشکی زه‌رد و سووره‌وه ئاسۆی
لۆتکه‌ی که‌ڵی به جێهێشت.
په‌ڵه هه‌وره‌کانیش له دووری تیشکی
هه‌تاو وه‌ک شاری باوان وێران، به
ره‌نگی ره‌ش و دێزیان، ئاسمانی
سورمه‌یی شاریان داپۆشی.
کۆڵانه‌کان چۆڵ بوون ئیتر پۆل پۆل
منداڵانی چاو گه‌شتت نه‌ده‌دی که
خه‌ریکی کایه بن و ئاوه‌دانی بده‌ن
به کۆڵانه‌کانی نێو شار. هه‌موویان
چه‌ند رۆژه دیلی ژێرخان و ژێرزه‌وینن.
له قوژبنێکدا له ترسی بۆردومان
هه‌ڵده‌چۆقن و ده‌له‌رزن به درێژایی
شه‌و وڕۆژ.
سیروان
له گێژاوی گۆمی بیر کردنه‌وه‌دا
په‌له‌قاژه‌ی ده‌کرد. نه‌یده‌زانی
به‌ره‌و کۆی و چۆن خۆی ده‌رباز بکات.
چۆن بگاته دوورگه‌ی ئامانجی.
هه‌نگاوی ده‌نا و ئاگای له
هه‌نگاوه‌کانی نه‌بوو. ده‌نگی هاژه و
ته‌قه‌ی شه‌ڕیشی ده‌بیست. به‌ڵام وه‌ک
ئه‌وه که نه‌یبیستوبێ بۆی گرنگ
نه‌بوو. له ناکاو ده‌نگێکی ئاشنا له
قووڵایی خه‌ونه‌کانی رایچه‌ڵه‌کاند.
ئاوری دایه‌وه خۆی له پێش بنکه‌ی
گه‌ڕه‌کی خۆیاندا بینی. چووه
ژووره‌وه و هه‌واڵی ئارامی برای
پرسی. که‌س نه‌یدی بوو و ئاگایشیان
لێینه‌بوو.
سیروان به‌ره‌و ماڵی خۆیان
هه‌نگاوه‌کانی گورج کرده‌وه. بڕێک
له دار ته‌له‌کان گوڵوپه‌کانیان له
به‌ر شه‌پۆلی ئاژین بوونی تۆپباران
شکا بوون و تاریکیکی تۆخ کۆڵانه‌کانی
داپۆشی بوو. خه‌ڵکی رێبوار به
ئه‌سته‌م به‌ر پێ خۆی ده‌دی.
تیشکی رووناکی ماڵان وه‌کوو جاران
گزنگی نه‌ده‌هاویشته نێو کۆڵانان.
خه‌ڵک خۆیان خزاندو بووه نێو
ژێرخانه‌کان. تیشکی چرای ئه‌وێ به
زه‌حمه‌ت ده‌گه‌یشته حه‌وشێ، تا
بگاته ده‌ره‌وه.
سیروان که گه‌یشته حه‌وشی خۆیان،
دایکی دی که وه‌ک هه‌میشه له سووچی
ژێرخانه‌که‌یان دوو مشقی داوه و
چاوه‌ڕێ ئه‌وه ده‌کات که گه‌نگێ
مناڵه‌کانی بێنه‌وه. سیروان چووه
پێشه‌وه و سڵاوی کرد.
دایکی هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گۆتی:
ئۆخه‌ی ئه‌مڕۆش تۆ بێ زیان
گه‌ڕایته‌وه. تۆبڵیت ئارامیش له نێو
ئه‌م ئاگربارانه بێته‌وه تاکوو
دڵنیا بم. ئای ئه‌وه چه‌ند رۆژه له
ئارانیش هیچ هه‌واڵێکم نییه. ئه‌مه‌ش
بووه به خۆره له گیانمدا.
سیروان:
دایه مه‌گه‌ر نه‌مگۆت ئاران جێگاکه‌ی
له شه‌ڕ دووره. خه‌ڵک له شار
هه‌ڵدێن و ده‌چن بۆ ئه‌وێ. سه‌یکه
ئه‌و
کێوستانه
مه‌زنه
له نێوانی ئێمه و ئاران دایه. که‌س
ناتوانێت بێ بۆ شار تاکوو هه‌واڵێکی
ئه‌ومان بۆ بێنێ. بۆ خۆت ده‌زانیت که
شار گه‌مارۆ دراوه و رێگای هاتو چوو
بڕاوه.
جیڕه‌ی ده‌روازه‌که‌یان سرنجی
ئه‌مانی بۆ لای خۆی راکێشا. کاتێک
سه‌یریان کرد ئارام بوو که هاته‌وه.
سیروان: ئا دایه ئه‌وه ئارامیش
هاته‌وه.
ئارام هاته پێشه‌وه و سڵاوی کرد.
له ئاوی شێری نێو حه‌وشه‌که ده‌ست و
ده‌موچاوی شۆرد و جلوبه‌رگه‌کانی
گۆڕا، و هاته نێو ژێرخانه‌که.
به‌گازی پشته‌وه
خۆی
راکێشا و گۆتی: ئای چه‌نده ماندوم.
ئه‌مڕۆ هێلیکوپترێک ته‌نگی لێهه‌ڵچنی
بووین. هه‌ڤاڵێکمان گیانی به‌ختکرد و
چه‌ند برینداریشمان بوو.
ئێواره
ماشینێکی ئه‌رته‌شی که ده‌یه‌ویست
له پاده‌گانه‌وه بچێ بۆ یانه‌ی
ئه‌فسه‌ران، که‌وته به‌ر ده‌ستڕێژی
پێشمه‌رگه و خه‌ڵک. گشت چه‌کدارانی
نێو ماشینه‌که‌ش کوژران و
چه‌که‌کانیان که‌وته ده‌ستی خه‌ڵک.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ جاشی خۆفرۆش و
ده‌ستی راستی موفتیزاده به ناوی
عه‌به‌یاره له شه‌ڕدا کوژرا.
جاشێکیتری موفتی به ناوی معروف شبلی
خۆی کوشت."کۆمه‌ڵه"
دۆزی
رۆژانه‌ی خه‌ڵک وای لێ هاتو بوو، که
ده‌نگو باسێکی خۆش نه‌بوو که بۆ
یه‌کتر باسی که‌ن. ته‌نها شه‌ڕ، کوشتن
وبرینداربوون، ماڵوێرانی و
ده‌ربه‌ده‌ری ببوو به شه‌وچه‌ره‌ی
ماڵان. رادیو و تێ ڤێ که هی رژیم بوو
هه‌مووی جنێو و درۆ بوو، به
پێچه‌وانه‌ی راستییه‌کان.
له هه‌ر ماڵێکدا نیگه‌رانی و
دڵه‌خورپێ چاره‌نووسی نادیار، به
سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی
بنه‌ماڵه‌که‌دا زاڵ بوو. له باری
ده‌روونییه‌وه کاری له ساخڵه‌می
هه‌موو کرد‌و بوو. ماڵه‌کانیان لێ ببوو
به زیندان. منداڵان شه‌و و رۆژ له
سووچێک‌دا ده‌مانه‌وه و نه‌یان
ده‌توانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بچن.
گه‌وره‌کانیش مه‌گه‌ر بۆ ئاریکاری
هاوسێیه‌کی ماڵ‌وێران یاکوو بۆ کڕینی
نان و خوارده‌مه‌نی وه‌ده‌ر
بکه‌وتبان.
ژیان یه‌ک جۆر و ناخۆش بوو. چاوه‌ڕێی
بۆردومان کردن و ده‌ستی مه‌رگ
راموسان. شه‌وان تاکوو چاوان گه‌رمی
خه‌و ده‌بوون، نرکه‌یه‌ک،
رایده‌چه‌ڵه‌کاند و خه‌وی له چاوان
ده‌تاراند.
درێژه‌ی هه‌یه
|