|
به‌یاننامه
کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له به‌زۆر نه‌ناردنه‌وه‌ی
په‌ناخوازانی کوردستان
ئاشکرایه ژماره‌یه‌کی زۆری هاووڵاتیانی کوردستانی
باشوور ( عیراق ) بۆ ماوه‌یه‌کی درێژه له سوید
داوای مافی په‌ناخوازیان کردووه، زۆریان
ماوه‌یه‌کی زۆر له‌و وڵاته ماونه‌ته‌وه، زۆریان
چاوه‌روانکردووه، له‌گه‌ڵ زۆر بواره‌کانی ژیانی
ئه‌و وڵاته ئاوێته‌بوون، پرۆسه‌ی هاوسه‌رییان
کردووه، ده‌خوێنن، مۆله‌تی کاریان هه‌یه،
کارده‌که‌ن، زمانی سویدیان زۆر باشه و له گه‌ڵ
سستمی کۆمه‌ڵایه‌تی لێراهاتوون، زۆریان له
کوردستان مه‌رجی ژیانیان نه‌ماوه، ئاسته‌مه له
گرانیه‌کانی بازار‌و سستمی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان
بتوانن خۆیان بگونجێنن و بژین، له‌وانه ره‌وشی
ته‌ندروستیان خراپه ئه‌گه‌ر دیپۆرتی کوردستان
بکرێنه‌وه، ژیانیان ده‌که‌وێته مه‌ترسی.
ده‌کرێ وه‌زاره‌تی کۆچی سویدی به کێسه‌کانیان
دابچێته‌وه‌و ره‌وشه‌کان له‌یه‌کتری جیابکاته‌وه،
بۆ زۆریان رێگا چاره‌یان بۆ بدۆزێته‌وه،
ئاسانکارییان بۆ بکات، تا ژیان و رۆژانه‌یان
ئاسایی ببێته‌وه، ناکرێ له‌و وڵاته که‌سانێک
هه‌بن، ژیانیان له مه‌ترسی دابێت، ناکرێ له‌گه‌ڵ
ئه‌وانه به‌شێوه‌یه‌کی دوور له هه‌موو
پرنسیپه‌کانی مافی مرۆڤ بجولێنه‌وه‌و ببنه
قوربانی سازشه سیاسییه‌کان و په‌یمان و دانیشتنه
دبلۆماسییه‌کان. ئێستا به‌سه‌دان که‌س خۆیان
حه‌شار داوه له سوید له ترسی گرتن و به زۆر
ناردهنه‌وه‌یان، ئه‌وان هه‌ر هه‌موویان له بارێکی
ده‌روونی زۆر خراپ ده‌ژین و بێبه‌ش ده‌بن له
هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کی مرۆڤایه‌تی بۆ نمونه له
کاتی خراپی باری ته‌ندروستیان ناتوانن سه‌ردانی
نه‌خۆشخانه‌کانیش بکه‌ن له ترسی گرتن.
ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی به‌زۆر ره‌وانه
ده‌کرێنه‌وه، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه له نێوان
به‌غداو کوردستان ژیانیان بکه‌وێته مه‌ترسی،
ئه‌وانه‌ی حکومه‌تی مه‌رکزی عیراقی
وه‌ریانده‌گرێته‌وه، گرنتی سه‌لامه‌تی
گه‌یشتنه‌وه‌ی کوردستانیان ناتوانێ بکات،
هه‌روه‌ها له فرۆکه‌خانه‌ی به‌غدا زۆر
به‌نامرۆڤانه هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت
ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی بێسه‌روشوێن کردنیشیان لێ
ده‌کرێت، ئه‌وانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌رجه‌کانی
ژیانی دوارۆژیان له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی
کوردستان بۆ ده‌سته‌به‌ر ناکرێت، ئه‌وانه‌ی
حکومه‌تی سویدی دیپۆرتیان ده‌کاته‌وه که‌مترین
مه‌رجی دوارۆژیان بۆ دابین ناکات، ژیان و
په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان ده‌خاته
مه‌ترسییه‌وه، به‌تایبه‌تی مناڵان و ژنان و
که‌سانی نه‌خۆش و ئه‌وانه‌ی فاکته‌ری سه‌ره‌کی
هاتن و ده‌رچوونیان له کوردستان هه‌رماوه‌و
ژیانیان له مه‌ترسییدایه.
ره‌وشی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی پۆلیسی سویدی
ناونووسی کردوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ کوردستان،
ده‌خوازێت وه‌زاره‌تی کۆچی سویدی له‌به‌ر رۆشنایی
به‌نده‌کانی مافی مرۆڤ ( جاڕنامه‌ی جیهانی بۆ مافی
مرۆڤ به‌ندی 13 هه‌موو تاکێك ئازاده له گه‌ڕان و
هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێ بوون له سنوری هه‌ر
ده‌وڵه‌تێكدا ) و ره‌وشی تایبه‌تی یه‌که‌یه‌کیان
به بریاره‌کانیان دابچیته‌وه‌و رێگا چاره‌ی
باشتریان بۆ بدۆزرێته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ک
کاربکه‌ن تا قه‌یرانه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ن، هه‌ر
هیچ نه‌بێ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
هاوکاری و له‌یه‌ک تێگه‌یشتنێک هه‌بێت، چونکه
ئه‌وانه ده‌گه‌رێنه‌وه کوردستان، ناکرێ به‌بێ
ره‌زامه‌ندی ئه‌و حکومه‌ته پرۆسه‌که له‌رووی
یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی و دبلۆماسی سه‌رکه‌وێت،
هه‌روه‌ها ناکرێ پرۆسه‌که بۆ ئه‌وان و
که‌سوکاریان ببێته بارگرانی و کێشه‌ی ئاڵۆزی
لێبکه‌وێته‌وه.
کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له به‌زۆر نه‌ناردنه‌وه‌ی
په‌ناخوازانی کوردستان.
ستۆکهۆلم 04/05/2008
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|