جوانى لە ڕوانگەى هونەرەوە

هێمن ئەمانى

  هونەر، بەهۆى هەل و مەرجى مێژوویى، ماوەک تەنیا هەۆکارى هەڵسوڕانى مرۆڤایەتى بوو کە جوانى ناسیش لایەنێکى بوو. هێگل، ئەو بیرمەندە مەزنە، هێڵێکى تەواوى بۆ ئەو لقەى فەلسەفە دیارى کرد و هونەرە جوانەکانى بە ناوەڕۆکى ئەو دائەنا.

 تا ماوەیەک لەمەوبەر، بیرمەندان و هونەرمەندانى شۆڕەوى کۆنیش ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەیان هەبوو، وە لە حاڵێکدا کە بوونى جوانى سروشت و ژیانى مرۆڤیان قەبوڵ دەکرد، لەسەر ئەو باوەڕەش بوون کە ناتوانرێ بە یارمەتى یان بە هۆى هونەرەوە هەست پێ بکرێ. ئەگەر بڵێین کە هەست و سۆزەکانى هونەرمەند، بەرهەمى هەستى جوانییە کەمێک بەپەلە ڕۆیشتووین، دەبێ چێژى ئەم کارە باس کرێ، کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى هەستى جوانى ناسیە.

  یورى گاگارین لە کتێبەکەیدا بە ناوى (ڕێگاى ئەستێران) دەنووسێ: "ئێمە وەها پاڵەوانێکمان خۆش دەوێ کە خەڵک بەم جۆرە باسیان دەکەن: تەواوى ژیانى ئەو شاکارێکى جوان و بەهێز بوو". هەستى جوانى ناسیش جۆرێک سۆزى ئاشکراى مرۆڤە. ئایا ئەم سۆزە بۆ ڕوون بووونەوەى لێهاتوویى گرنگ نییە؟ ئایا هەستى مرۆڤ بەرامبەر جوانى، چ کۆمەڵگا و چ قارەمانێتى، لە بوارى بەرجەستە بوونیەوە بۆ بەرهەمى کار گرنگى هەیە؟ هەروا کە چۆن پێشتر وتمان ئەم هەستە یەکێک لە بەهێزترین مەبەستەکانى مرۆڤە لە ڕێگاى هەستان بە کردنى کارێک، وە خۆى لە داواکارى مرۆڤ کە بەبێ ئەو هیچ کارێک ناکرێ، سەرچاوە دەگرێ. هەروەها جوانى سروشت کە هەموو خەڵک دەیبینن و دەزانن، بە ڕاستیەکى حاشا هەڵنەگر دادەنرێ. وە شتێکە کە پێویستى بە هۆکار و ڕوون کردنەوە نییە.

  زۆربەى ئێمە، تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕە نین کە دەڵێ جوانى سروشت کاتێک دێتە ئاراوە، لە قسە کردن و بابەتى تردا، چ شتێکى سەرنج ڕاکێشمان پێ دەڵێ . هەروەها هاسان نیە کە مرۆڤ بیەوێ جوانى سروشت وەکوو یەکێک لە ماناکانى (مێژوو) تێبگات.

  لە ڕاستیدا ئەمە بەس نییە کە بڵێین: "سەیر کردن لە منداڵاندا، بەرانبەر سروشت، بە جێگاى خۆى هۆکارى تەواوە بۆ هەستى ژینگە دۆستى." مرۆڤ دەبێ بزانێ لە چ ڕێگایەکەوە دەتوانێ بە هەموو ئامانجەکانى بگات. قسە کردن لەسەر جوانى سروشت پێویستە و توانایى ڕوون کردنەوەى شێوازى ئەدەبى هەیە و وەک ئەوەیکە لەسەر شا ڕێگایەک وەستاوە، ناخى مێژوویى ئەم لایەنە بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە و هەموو کەسێک دەزانێ کە جوانى سروشت ماوەیەکى زۆر وەک هێزى بزوێنەرى هونەر ناو دەبرا.

  سروشت ئێستاش ئەو گەورەییەى هەیە کە ئێمە لە خۆیدا جێ بکاتەوە. هەروەها بناغە دانەرى فەلسەفەى زانستى زۆرجار ماناى سروشتى بە شێوەیەک بەکار هێناوە کە هەموو جیهانى مادى و کۆمەڵگاش دەگرێتەوە. لەم بوارەدا پێویستە قسەکانى (میخائیل پریشوین) لە کتێبى (ئاوێنەى مرۆڤ)دا باس بکەین کە دەڵێ: "هونەر و زانست هەر وەک درگایەکى کە لە سروشتەوە بە ڕووى دونیاى مرۆڤایەتیدا دەکرێتەوە، سروشت لە درگاى زانستەوە دەچێتە دونیاى مرۆڤ و مرۆڤیش لە درگاى هونەرەوە دەچێتە سروشتەوە کە لەوێدایە بە هەست و سۆزى خۆمان دەکەین و سروشت بە دایکى خۆمان دادەنێین.

  جیهان لە بیرى هونەرمەند یان سروشت ناسدا کە لە ڕاستیدا هەیە گەورە دەبێتەوە، وە بەم هۆیەوە ئەوان زۆرجار زیاتر لە فەیلەسوفەکان لە ڕاستیەکان نزیک دەبنەوە. ئەمە بێ هۆکار نییە کە ویلادیمێر دەڵێ: "ڕاستیەکان واى لە زۆربەى سروشت ناسەکان کردووە لە کارەکەیاندا ببنە ماتریالیست، گەرچى ئەوان لە ماناى ماتریالیست بوون ڕایان ئەکرد.

  لێرەشدا دێمە سەر باسى خەیاڵى هونەرى، کە لە مانا گرنگەکانى جوانى ناسیە. لە ساڵەکانى پێشوودا لە جوانى ناسى بورژوایدا وا دائەنرا بیر کردنەوە لەسەر ڕێڕەوى خەیاڵاتى هونەرى، لە خووە تایبەتیەکانى هونەر نییە، بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە مەسەلەى ڕاستى، ئیتر هیچ جۆرە مانایەک لەخۆ ناگرێ و هەر شوێنێک لە هونەرى خەیاڵ مافى ئەوەى دەبێ کە خۆى بە نوێترین شێوەى هونەرى ناو ببات.

  بیر کردنەوە لەسەر بناغەى خەیاڵ دواى چەند سەدەیەک، شێوەیەکى پوختە و تەواوى وەرگرتووە و بەرهەمە هونەریەکان بە هیچ جۆرە هێرشێک کە بکرێتە سەریان لەناو ناچن. لەگەڵ ئەوەیکە هونەر و زانست هەردوکیان تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەى ڕاستیەکانن، کە ئەم ڕادەیى بوونە لە هونەردا نهێنى، یان، شاراوەیە، وەکوو ڕادە لە زانستدا ڕاستەوخۆ ئاشکرا نییە، لەبەر ئەوە لەکاتى شکڵ و گەشە کردنى هونەردا شێوە سەرەتاییەکانى هونەر وەک (ئەلیدە و ئۆدیسە)، بە هونەرى پێشکەوتووى کۆن دەرناکەوێ بەڵکوو هەروا گرنگ ئەمێنێتەوە و شان بە شانى شێوەى نوێى هونەر، درێژە بە ژیانى خۆیان ئەدەن و هەروا چێژیان لێ وەردەگیرێ.

   بیرۆکەکان لە بەردەوام بوون ئەوەستن، بەڵام ئەو شێوازە بە هیچ چەشنێک لە بوارى هونەردا باس ناکرێ. کارى هونەرى هەروا بە شیوازێکى بچووک، دونیایەکى مەزنە، وەکوو شێعرەکانى هومێر کە وێنەیەک لە بازرگانى، بیناى کۆمەڵگا، بیرۆکەکان و هەڵس و کەوتى یۆنانیەکان لە بەرانبەر مرۆڤدا وێنا دەکا.

 

 گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه‌ ئێره‌ کلیک بکه

تکایه‌ ئیشاره‌ بکه‌ن که‌ په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر کام بابه‌ته‌

مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه‌ ، به‌‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته‌ ئازاده‌


هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت      Copyright © 2004-2006 , www.helwist.com