|
ڕێبوار ڕه‌شید
پیشه‌سازیی ڕه‌جم
حه‌مه‌ی شافیعی كوڕی حه‌مه‌ی حه‌نه‌فی كوڕی
حه‌مه‌ی حه‌مباڵی كوڕی حه‌مه‌ی مالیكی له
دانیشتووی شاری شاروێران، سه‌ر به ته‌كیه‌ی
عه‌بدوڵاخانی سه‌له‌فی، خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته بوو
كه له داستانه‌كانی ئینجیل‌دا به "باخی
عه‌ده‌ن" ناسراوه، كوڕه چڵمنه‌یه‌كی به‌دبه‌ختی
خێرله‌خۆنه‌دیو بوو. بێكار و بێكاسبی، بوو بوو به
سه‌رزه‌نشته‌ی دۆست و ناسیاو. بێ‌ئاگا له
ده‌نگوباسی وڵات تازه ئه‌و وێنانه‌ی ده‌بینی كه
ژنێكیان سه‌نگه‌سار ده‌كرد. له‌گه‌ڵ بینینی
فیلمه‌كه‌دا ده‌ستی دایه پڕمه‌ی گریان و له
حه‌یبه‌تاندا وه‌ك كه‌وڵ كرابێت هه‌ڵ
ده‌به‌زیه‌وه.
هێنده گریا و هێنده به ده‌م گریانه‌وه هات و
چوو، له بیری چووه‌وه بۆچی ده‌گریا. به خۆی گوت
ده‌ی مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه، گریان زه‌ره‌ر نادات،
خۆ ده‌توانم بۆ حاڵی خۆم بگریه‌م. له نه‌گبه‌تی و
بێچاره‌یی و بێپاره‌یی خۆی ده‌ڕاما. ئه‌وی پێی
بگوترایه هه‌بوون بۆ ئه‌م "بێ" ـیه‌كی
له‌به‌رده‌مدا بوو. له پڕدا هاواری لێ
به‌رزبووه‌وه:
ئه‌رێ وه‌ڵا دۆزیمه‌وه، ده‌بم به ملیاردێری ئه‌م
وڵاته.
ئاگای لێ نه‌بوو كه دایكی پیره‌ژنی كه شه‌و تا
ڕۆژ دوعای شه‌ڕی لێده‌كرد له پشتیه‌وه‌ی
ڕاوه‌ستاوه. پێی گوت هه‌تیو ده‌بیت به ملیاردگو.
وا منت له برسان كوشتووه، قڕانێكت ده‌ست
ناكه‌وێت و ئاخریه‌كه‌ی ده‌زانم ده‌بێت به خێر و
له ڕێی خودادا بمشۆن و بمنێژن.
حه‌مه گوتی، كوره دایه‌گیان پێغه‌مه‌ری ئه‌م
دونیایه‌یه هه‌موو له‌م ناوچه‌یه له‌دایكبوون.
تۆ كه چه‌ند ساڵه ڕوو له خودا و له قیبله
ده‌كه‌یت، له خۆت نه‌پرسیه‌وه بۆ.
دایكی كه پێی وابوو حه‌مه‌كه‌ی ئیتر تووشی شێتیش
بووه چه‌مۆڵه‌یه‌كی لێنا و به‌جێیهێشت.
ئه‌و شه‌وه حه‌مه نه‌خه‌وت و هه‌تا به‌یانی كاری
كرد. له‌سه‌ر هه‌رچی كاخه‌زه‌كۆن و په‌ڕه‌ی دڕا‌و و
پارچه‌ی فڕێدراوه، هێنده‌ی كه شتی له‌سه‌ر
بنووسرێت، بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌و كاسبیه‌ی كرد كه
پێی وابوو ده‌یكات به ملیاردێر. هه‌مووی ئه‌وه‌ی
كه نووسی چوار پێنج وشه بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌ی
ته‌له‌فۆنه‌كه‌یدا: ڕه‌جمكردنی ئافره‌ت به
هه‌رزان.
سه‌رله‌به‌یانی كه گه‌یشته ماڵێ هه‌ستی به
شانازی ده‌كرد. ئازاری كار و هه‌ڵسووڕان ته‌واو
ماندووی كردبوو، به‌ڵام دڵشاد بوو، چونكه یه‌ك
دانه دیواری شار نه‌مابوو پارچه‌ی بانگه‌شه‌ی
كاسبیه‌كه‌ی خۆی لێ نه‌دا. هه‌رئه‌وه‌نده فریا
كه‌وت ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی كوژانده‌وه و لێی خه‌وت.
كاتێك خه‌ڵكی شار خه‌به‌ریان بووه‌وه ئه‌و هه‌موو
پارچه‌كاخه‌ز و پارچه‌په‌ڕۆیه‌یان بینی كه به
هه‌موو دیوار و عه‌مودێكی ئه‌له‌تریك(دارنه‌رق) و
وایه‌رێكی ئه‌له‌تریكی شاره‌وه هه‌ڵواسرابوو
واقیان وڕما. هه‌مووی له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ر هه‌ر
ئه‌وه‌ی لێ نووسرابوو: ڕه‌جمكردنی ئافره‌ت به
هه‌رزان.
كوته‌كاخه‌زی ڕۆژنامه و گۆڤار، پارچه‌په‌ڕۆی كراس
و پانتۆڵ و شه‌ڕواڵی دڕا‌و، پارچه‌ی ژێركراس و
ده‌رپێ قوته و سوخمه‌ی مه‌مك و په‌ڕۆی بێهداشتی
هه‌موو هه‌ر هه‌مان په‌یام و ژماره‌ی ته‌له‌فۆنیان
له‌سه‌ر بوو. ڕه‌نگی زه‌رد و شین و خاكی و قاوه‌یی
و وه‌نه‌وشه‌یی و چی و چی هاوئاهه‌نگیانه تێكه‌ڵ
بووبوون.
خه‌ڵكی شار زه‌نده‌قیان چوو. ئه‌مه له كاری
به‌نی ئاده‌م نه‌ده‌چوو.
چ هێزێك هه‌یه هه‌موو دیوارێكی كوچه و كۆڵانی
شار به ملیۆنه‌ها پارچه دابپۆشێت؟ ئه‌گه‌ر كاری
خودا خۆی نه‌بووبێت كاری كه‌سێك بووه كه خودا
هیدایه‌تی داوه. ببینن، خودا هه‌میشه
هه‌ڵبژارده‌ی خۆی له ئۆمه‌تی شه‌ره‌فمه‌ندانی
خۆیدا ده‌ستنیشان كردووه. به‌ڵگه‌ی ناوێت، سه‌یری
مێژوو بكه‌ن ده‌یبینن.
ئه‌و ده‌ستوخه‌ته جوانه، ئه‌و په‌یامه ئازایه،
ئه‌و كاره هونه‌ریه! ئه‌و هه‌موو جۆره
هه‌ڵواسینه، بێ بزمار، بێ مێخ، بێ كه‌تیره، بێ
سرێش، بێ به‌ن، بێ ده‌زوو. هه‌روا سووك و هاسان
سوود وه‌رگرتن له تایبه‌تمه‌ندی سرووشت. ئه‌م
كاره ده‌ر له هیدایه‌تی خودا به كێ ده‌كرێت؟
مقۆمقۆی پیاوانی شار سه‌راپای ڕۆژنامه و گۆڤار و
شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كانی داپۆشی. باربه‌ر و
مامۆستا و خوێندكار و كرێكار و مسگه‌ر و سه‌رتاش و
چی و چی به گرووپ و به ده‌سته له‌سه‌ر
په‌یامه‌كه ده‌دوان و ئاماژه‌یان به گه‌وره‌یی
كاره هونه‌ریه‌كه‌ی ده‌كرد. ده‌ستی خودا له دوور
ڕادا دیار بوو.
گرمه‌گرم و هه‌راوهوریایه‌ك په‌یدا بوو، ئافره‌تان
زه‌نده‌قیان چوو. ورده ورده ئافره‌تانی شار له
چاو ونبوون، بازاڕ و خوێندنگا و نه‌خۆشخانه‌كان ژن
و كچیان تێدا نه‌ما و هه‌موو خۆیان خزانده كونی
ژووره‌وه و له ماڵه‌كانی خۆیاندا گیرسانه‌وه.
ئیتر نه ئاسمانیان لێ دیاربوو، نه ئاسۆ.
سه‌ر له ئێواره دره‌نگانێك كه حه‌مه له خه‌و
هه‌ستا هه‌موو گیانی داهێزرابوو، باڵ و شان و لاق
و قامكی بۆ نه‌ده‌بزووا. نینۆكی په‌نجه‌كانی
هه‌موو خورابوون. به ده‌م باوێشكه‌وه هاته
به‌رده‌رگا دیمه‌نی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆیان هه‌ناسه‌ی
لێ بڕی. بڕوای به چاوی خۆی نه‌ده‌كرد. چۆن
تووانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو كوته‌كاخه‌ز و په‌ڕۆیه
هه‌ڵبواسێت. پێكه‌نینی به خۆی ده‌هات، ملپێچ،
به‌رهه‌ڵبێنه، مه‌مكدان، ژێركراس و په‌ڕۆی خوێن
به‌و سه‌ره‌وه با ده‌یشه‌كاندنه‌وه و سه‌دان
ڕه‌نگیان خه‌مڵاندبوو.
پیاوان له‌م سه‌ر ده‌چوون بۆ ئه‌وسه‌ر و تا زیاتر
تێ‌یان ده‌ڕووانی پتر گه‌وره‌یی خودا كاری تێ
ده‌كردن. هه‌موو پرسیاریان له یه‌ك ده‌كرد: به
یه‌ك دانه شه‌و ئه‌م كاره عه‌زه‌مه‌ته چۆن
ده‌كرێت؟
حه‌مه هاته ژووره‌وه و به په‌له
ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی داگیرساند. له چركه‌یه‌كدا
سه‌دان په‌یامی نووسراوه و په‌یامی ده‌نگیی به
دوای یه‌كدا هاتن. نه‌یده‌زانی كامه‌یان
بخوێنێته‌وه و گوێ له كامه‌یان بگرێت، به‌ڵام
غیره‌تی كاری دوێ شه‌وی به ته‌واوی به‌هێزی كرد.
ده‌ستی به خوێندنه‌وه و به گوێگرتن كرد:
"كاكه ڕه‌جم به چه‌نده؟"، "كاكه له كوێ؟،
چه‌ندمان لێ ده‌ستێنیت؟"، "برا به دۆلار یان به
پاره‌ی خۆمان، قوربان هه‌ر ده‌بێت دیناری ئه‌سڵی
بێت یان ئه‌وه‌ی خۆشمان وه‌رده‌گریت؟"، "ئه‌رێ برا
پێش ڕه‌جمه‌كه فه‌حسی ده‌كه‌یت یان نا، عه‌یب
نه‌بێت جیهازت هه‌یه یان به چی؟"، "كاكه
ڕه‌جمه‌كه‌تان چۆنه، به به‌رده، به بلۆكه به
چییه، ئاخر ماڵئاوه‌دان تۆ هه‌ر چوار كه‌لیمه‌ت
نووسیووه"، "كاكه كچ به چه‌نده و ژن به
چه‌نده، خۆ ئیشه‌ڵا یه‌ك نرخیان نییه؟"، "ئه‌رێ
كاكه، ده دانه پێكه‌وه به چه‌ند ڕه‌جم
ده‌كه‌ن؟"، "خاترمان بگرن مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌فه"،
"به قورئان حه‌قه ئومه‌یی موته‌حیده پاره‌كه‌ی
بۆ بداینایه، ئه‌ی مافی مرۆڤ یه‌عنی چی؟ مه‌گه‌ر
شه‌ره‌فپاراستن مافی مرۆڤ نییه؟"، "قوربان ئێمه
دوو سێیه‌كمان هه‌یه، به‌ڵام دژی وشه‌ی
'ڕه‌جمین'، پێمان خۆشه وشه‌ی 'به‌ردبارانكردن'
به‌كار بهێنیت، كاكه شه‌ره‌فمان چووه با
كوردایه‌تیمان نه‌چێت"، "قوربان خۆتان ده‌یكه‌ن
یان به كرێكار ده‌یكه‌ن، كرێكاری سۆماڵی و
به‌نگلادیشین یان ئی خۆمانه‌ن؟"، "كاكه، برا نه
ده‌كرا نووسینگه‌یه‌كت هه‌بێت، باشه ده‌ی،
شایه‌تومانی پێ دێنیت یان نایه‌ڵیت بیهێنێت، یان
به هه‌وه‌سی خۆمانه؟"، "كاكه ئێمه نامانه‌وێت
شایه‌تومان بێنێت، دووبه‌رابه‌ری پاره‌كه‌یشی
ده‌ده‌ین، پاره چییه، شه‌ره‌ف موهیمه"، "ئه‌رێ
برا، خۆت ته‌ماشاوانی بۆ كۆده‌كه‌یته‌وه یان
ده‌بێت ئێمه به خزم و كه‌سوكار بڵێین؟"، "كاكه،
براگیان، ئێمه دژی ڕه‌جمین، ده‌ڵێن گوایه ڕه‌جم
له عه‌ره‌به‌وه هاتووه، ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین
ئه‌وی خۆمان به كاره‌با بكوژین، كاره‌باتان
هه‌یه، یان جارێ هه‌ر ڕه‌جمه"، "كاكه كاكه
بیستوچوار سه‌عاته خه‌ته‌كه‌ت مه‌ژغوڵه"، "كاكه
تۆ ته‌له‌فۆنێكم بۆ بكه، پاره له‌سه‌ر سه‌رم،
پێویست ناكات زۆر خۆت به‌مه‌ی ئێمه‌وه مه‌شغوڵ
بكه‌یت، هه‌ر به‌ردێكی زل بكێشه به سه‌ریدا و
ته‌واو"، "ئه‌رێ كاكه به قانوونی ده‌یكه‌یت، یان
عه‌یب نه‌بێت پشت له قانوون"، "به قوربانت بم بۆ
خۆت و سه‌نعاتت، خۆ مه‌سئوله‌كان هه‌موو شتێكیان
هه‌ر بۆ خۆیان ده‌وێت، هیچ ده‌ست فه‌قیر و هه‌ژار
ناكه‌وێت"، "قوربان ئه‌گه‌ر به فیلمه‌وه بیگرن
چه‌ند ده‌كه‌وێت، ده‌بێت خۆمان بیهێنین یان خۆت
دێیت و ده‌یبه‌یت؟".
په‌یامه‌كان كۆتاییان نه‌بوو...
دایكی له پڕێكدا هاته ژوور سه‌یری كرد حه‌مه
هه‌موو سه‌ر دیواره‌كه‌ی ڕه‌ش كردووه‌ته‌وه و
په‌یامه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك ڕیز كردووه و
هه‌ر له سه‌ر نووسینیان به‌رده‌وامه. پیره‌ژن
هاواری لێهه‌ستا و ڕووی كرده قاپی خودا به‌و
حه‌وایه‌وه: خودایه بێ باوكت كرد، خه‌تی شافیعی
و حه‌نه‌فی و مالكی و حه‌مبه‌ڵت پێ تێكه‌ڵاو كرد.
به‌و برسی و تینوویه‌تیه شه‌ووڕۆژ ڕوو ده‌كه‌مه
ماڵت، ئێستا چی له‌م كوڕه‌م ده‌كه‌یت؟ جه‌رگی منه
و عه‌بدی تۆ به‌ڵام، هه‌تا ئێستا قومێك ئاوت پێ
نه‌داوه. ماڵت ئاوه‌دان بێت مه‌گه‌ر هه‌ر
مه‌سئوله‌كان وه‌ك تۆ دڵڕه‌ق بن.
حه‌مه گوێی به دایكی نه‌دا و له‌سه‌ر نووسینی
خۆی به‌رده‌وام بوو.
دۆست و ناسیاوان كه له‌وه پێش سه‌ریان ده‌خسته
سه‌ر حه‌مه و گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و لۆمه‌یان
ده‌كرد، كاتێك كه زانیان ژماره‌ته‌له‌فۆنی
حه‌مه‌یه و كار كاری ئه‌وه، سه‌ریان سوڕما،
به‌رماڵیان دا به كۆڵدا و به ته‌زبیحی سه‌دویه‌ك
ده‌نكه‌وه، به تكا و به پارانه‌وه و به
چۆكه‌خشێ هاتنه به‌رده‌می: قوربان ئێمه كردمان
تۆ نه‌یكه‌یت، به خودامان بسپێره و بچووكیمان
قبووڵ بفه‌رموو. هه‌ر له ئێستاوه نوری خودات لێ
ده‌بارێت، ڕووڕه‌شی قیامه‌تمان مه‌كه.
ناحه‌زانی حه‌مه له دووره‌وه‌به‌زێنراو و
ئه‌ژنۆشكاو و هه‌نگاوشلبوو، كۆڕی دۆستان له
سه‌عاتێكدا به سه‌دان زیادی ده‌كرد. هه‌موو شار و
سه‌راپای وڵات له‌سه‌ره‌دا وه‌ستابوون زیاره‌تی
بكه‌ن. وێنه‌ی حه‌مه وه‌كوو برووسكه به سه‌ر
جاده و شه‌قام و كوچه و كۆڵانی وڵات‌دا
بڵاوده‌بووه‌وه. حیزبه‌كان به په‌له به‌رنامه‌ی
خۆیان ده‌گۆڕی و په‌ره‌گرافی نوێیان بۆ پشتگیری
له سه‌نگه‌ساران و به‌رده‌باران و شێوه‌كانی
ڕه‌جم ده‌رده‌بڕی. سه‌دان پارێزه‌ر و سیاسه‌تچی
له گۆڕینی بڕگه‌كاندا به قازانجی ڕه‌جم یاسا و
ڕێسایان ده‌گۆڕی.
پیرۆزبایی له سه‌رۆكی حوكمه‌ت و بنی حوكمه‌ت و
پارله‌مان و دام و دامه‌زراوه‌كانه‌وه وه‌كوو
كولوی به‌فر ده‌ڕژانه سه‌ر ماڵی حه‌مه. پیره‌ژنی
دایكی جاجمی له خۆیه‌وه ئاڵاند و له‌سه‌ربان
وێستا و ده‌سته‌ی زیاره‌تكاران وه‌ك هه‌نگی
پووره‌ی شكاو دایان به‌سه‌ر ماڵیدا.
سه‌دان شیركه‌تی توركی و ئێرانی به لیستی جیاوازی
به‌رد و خشت و بلۆكه‌وه كه‌وتنه بازاڕه‌كان.
به‌ردی یه‌ك كیلۆیی، دوو كیلۆیی، پێنج كیلۆیی.
خڕه‌به‌رد و پانكه‌ڵه‌به‌رد و خشتی چوارگۆشه و
سێگۆشه و لاكێشه‌یی و بازنه‌یی به نموونه
ده‌نێردران. لیژنه‌ی تایبه‌تی له ئێرانه‌وه
به‌ردی ئیسلامی‌یان خسته بازاڕاوه، كه گۆشتی
ده‌كوتا، به‌ڵام ئێسكی نه‌ده‌شكاند. به‌رد هه‌بوو
ناوه‌كه‌ی ئاسنی تێدا بوو، ئی وا هه‌بوو
چوارده‌وره‌كه‌ی لاستیكی نه‌رم بوو، هه‌ندێك
مێخدار بوون و هه‌ندێك زبر و ته‌ڵاشدار. له سعودی
عه‌ره‌بیه‌وه به دیاری خڕه‌به‌رد گه‌یشت كه به
ئاوی زمزم و زیاره‌تی به‌رده‌ڕه‌ش پیرۆز كرابوون.
له ئه‌فگانستانه‌وه به ڕه‌سمیی هه‌زاران
داوانامه گه‌یشت. له ئێران، پاكستان، هیندوستان،
به‌نگلادیش، سۆمالیا، سودان، سعودی عه‌ره‌بی،
جه‌زائیر و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌وه لیستی
دوورودرێژ به پرسیاری نرخ و كات و
چوونایه‌تیه‌وه ده‌گه‌یشتنه جێ. هه‌ندێكیان
سووربوون له‌سه‌ر ڕه‌جمی ئیسلامیی به شێوه‌ی ڕوو
له قیبله،
ئه‌مه گه‌وره‌ترین بێنه‌وبه‌ره و هه‌ڵای
نابووه‌وه.
پرسیار ئه‌وه‌بوو ڕه‌جمكراو ڕووی له قیبله بێت
یان ڕه‌جمكاران.
هه‌زاران مه‌لا و شێخ و سه‌ید و فه‌قێ و كادێرانی
سیاسی ئه‌حزابی عه‌داله‌تخواز و دیفاعكار له مافی
زه‌عیفه و مرۆڤ كه‌وتنه ناو موناقه‌شه‌كانه‌وه.
له بازاڕی جیهانیی بۆرس بۆ كڕین و فرۆشتنه‌كانی
سه‌هم له شه‌ووڕۆژێكدا سه‌همی كاسبیه‌كه‌ی حه‌مه
وه‌ك موشه‌ك نرخی بازرگانیی نه‌وت و ڕووت و سێكس و
چه‌ك و مه‌وادی موخه‌ده‌ری به‌جێهێشت. وڵات له
بازاڕی ئازادی جیهانییدا نیچی پسپۆڕی و كارزانی و
ده‌ستوبردیی له بواری سه‌نگساریدا بۆ خۆی داكوتا.
ڕه‌جمی ئافره‌تان بوو به ماركه و به پێی مافی
خاوه‌ندارێتی پارێزرا. هاوكات داواكان له‌سه‌ر
ژماره، نرخ، شێوه‌ی كردن و جێبه‌جێكردن و چی و چی
تا ده‌هات زیاتر ده‌بوون.
چه‌ندین كه‌س له بواری پێڕه‌وی حه‌نه‌فی، شافیعی،
مالیكی، حه‌مباڵی، هه‌ر سیازده ئیمامه‌كه‌ی
شیعه، ئێزیدی و چی و چیدا كاریان ده‌كرد. دووریی
ڕه‌جمكراو و ڕه‌جمكاران له یه‌كتر، گه‌وره‌یی
به‌رد، شێوه‌ی تێگرتن، شێوه‌ی وه‌ستان، به
بێده‌نگیی یان به چه‌پڵه‌كوتان و هوهاكێشان، به
خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌ت یان به حه‌دیس، به نه‌فره‌ت
یان به ده‌م گۆرانیه‌وه، ڕوو له قیبله، له
ڤاتیكان، له نه‌جه‌ف و له كه‌ربه‌لا و له
دیمه‌شق و له ئورشه‌لیم، هه‌موو شێوه‌ی تایبه‌تی
بوون كه نرخ و تێچوونی خۆیان به پێی لیستێكی
دوورودرێژ دیاری كرابوو.
كار گه‌یشته بانكی جیهانیی. ئه‌ندامانی حوكمه‌ت
هاواریان لێهه‌ستا و ده‌ستیان كرد به دانانی باج
له‌سه‌ر پاره‌كان و له‌سه‌ر دانانی گومرگ له‌سه‌ر
هاورده‌كان. قازانجی گومرگ وه‌ك لافاوی
ڕێژنه‌باران به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵده‌كشا، گوێنی و
ته‌لیس و ساك به‌شی نه‌ده‌كرد، دۆلار و دینار و
قڕان و لیره له‌سه‌ر زه‌وی با ده‌ی بردن.
باس بوو به باسی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی
نه‌ته‌وه‌یی و قازانجی كۆمه‌ڵ و خه‌زێنه‌ی
نیشتیمانیی. له سه‌عاتێكدا هه‌زاران ئابووریكاری
نه‌ته‌وه‌یی، ناسیونال ئیكۆنۆم، خه‌ریكی حیسابات
بوون.
پاره‌ی ئه‌و وڵاته سه‌د جار له پاره‌ی نه‌وتی
سعودی عه‌ره‌بی و لیبیا و ڤه‌نزه‌وێلا و ئێران و
ڕووسیا زیادی كرد. پیشه‌سازی ڕه‌جمی ئافره‌تان
ملیۆنه‌ها كرێكاری له خۆی ده‌گرت كه شه‌ووڕۆژ سێ
شیفته له كاردا بوون، له‌سه‌ر ئاستی پیاده‌كردن،
فێركردن، ده‌وره‌كردنه‌وه، قووڵبوونه‌وه،
پشكنین، سه‌رپه‌رشتیكردن و شتی دیكه. ئیتر
كرێكاران له پراكتیكدا هه‌بوون و ده‌یانتوانی
له‌گه‌ڵ كرێكارانی جیهاندا یه‌ك بگرن.
پیشه‌سازی ڕه‌جم له هه‌فته‌یه‌كدا پشتی پیشه‌سازی
قورسی وه‌كوو چه‌كدروستكردن، ئۆتۆمبیل، پاپۆڕ،
فڕۆكه و شتی له‌و بابه‌ته‌ی شكاند.
پیشه‌سازیه‌كه وا ورد و قووڵ بووه‌وه كه ئیتر
ژنان و كچان به‌ر له‌وه‌ی زینا و ناپاكی بكه‌ن،
به‌رله‌وه‌ی ماچی حه‌رام بده‌ن، به‌رله‌وه‌ی
چاوبگێڕن و چاوهه‌ڵبده‌ن، ناویان ده‌نووسرا بۆ
ئه‌وی پێشوه‌خت سووكه‌ڕه‌جمێك بكرێن. سه‌دان
كارخانه‌ی وڵات خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی ورده‌به‌رد
بوون، ده‌وره و كۆرسی ڕه‌جم به كوردی، به
توركی، به عاره‌بی و ئینگیلیزی و فه‌ڕه‌نسی و
زمانی دیكه ده‌گووترایه‌وه.
به‌ڵام له پڕێكدا هه‌رچی كه‌ناڵی ڕادیۆ و
ته‌له‌ڤیزیۆنی حیزبی و ناحیزبیه كه‌وته هاوار:
ژنان دیار نه‌ماون.
- ئه‌وه كاری شه‌یتانه!
- شیتان ده‌ستی خۆی له كاری خودا وه‌شاندووه.
له میحرابی مزگه‌وت و ئه‌ڵتاری كڵێساكانه‌وه
دوعای خێر له شه‌ڕی ناگه‌هان و به‌ڵای ژنان
به‌رزده‌بووه‌وه.
خه‌ڵكی ئاسایی هه‌ریه‌كه و به شێوه‌یه‌ك هاواری
ده‌كرد. یه‌كێك نه‌یده‌زانی له‌وه به‌دوا كێ
خۆراكی بۆ ساز بكات، یه‌كێك له خه‌می به‌خێوكردنی
منداڵدا بوو، هه‌ندێك له خه‌می ماڵ پاككردنه‌وه
و جل شووتندابوون، هه‌ندێك بیریان له كاری شه‌رعی
ده‌كرده‌وه و هه‌ندێكیش نه‌یانده‌زانی له‌وه
به‌دوا له كێ هه‌ڵده‌ن.
ئه‌حزاب و حوكمه‌ت له‌سه‌ر ئاستێكی دیكه
مامه‌ڵه‌ی ئه‌و پرسه‌یان ده‌كرد و خه‌میان
ده‌خوارد: به بێ ئافره‌ت پیشه‌سازیی ڕه‌جم و
به‌ردبارانكردن چۆن به‌ڕێوه ببه‌ن، چی به‌سه‌ر
سه‌هم و پاره‌ی وه‌گه‌ڕخراویان دێت؟
هه‌موو ماخۆلانیان تێكه‌وتبوو و هه‌ر ده‌هاتن و
ده‌چوون. ئاگایان لێوه نه‌بوو كه ئاسمانی شار
یه‌ك پارچه بووبوو به كۆتره‌شینكه و به
ئارامیی له فڕین‌دا بوون.
كاتێك دایكی هات حه‌مه وه‌خه‌به‌ربهێنێت، به زۆر
له خه‌وی هه‌ستاند. حه‌مه چاوی به ئاسته‌م بۆ
هه‌ڵ ده‌هات.
- ده هه‌سته كوڕم، وا ئێواره‌یه ئه‌و
ناڵه‌ناڵه‌ت له چییه، ده‌ڵێی له خه‌وی
مه‌رگدایت؟ هه‌سته سه‌یر بكه. وڵات یه‌كپارچه
به ئایه‌تی ڕه‌جمكردنی ژنان داپۆشراوه. عه‌یب
نه‌بێت له‌سه‌ر سوخمه و ده‌رپێشیان نووسیووین.
ده هه‌سته كوڕم، ده هه‌سته له شوێنێك
بمشاره‌وه.
- ماڵت به قوڕێ نه‌گیرێت، خۆ ناهێڵیت من به
ڕه‌حه‌تیی بمرم.
- تۆ بۆ ده‌مریت كوڕم؟ پیاوان هاوار ده‌كه‌ن
شه‌ره‌فیان كه‌تووه‌ته خه‌ته‌ره‌وه. تۆ ده‌ژیت،
من ده‌مرم كوڕم.
٩/٥/٢٠٠٧
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|