|
كوردۆ باكسی |
خه‌ڵاتی
سوێدیی بۆ ڕۆژنامه‌وانێكی كوردی به مه‌رگ
حوكم‌دراو
رێبوار ره‌شید
له سوئێدی‌یه‌وه‌کردوویه
به کوردی
لیستی ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر مرۆڤ له ئێران
ده‌توانێت فره درێژ بكرێته‌وه، به‌ڵام یه‌كێك
له‌وانه‌ی كه له‌م دواییه‌دا له جیهاندا ده‌نگی
داوه‌ته‌وه و بووه به مایه‌ی باس، حوكمی
مه‌رگه دژ به ڕۆژنامه‌وانی كورد عه‌دنان
حه‌سه‌نپوور كه ڕۆژی ٢٠/٢/٢٠٠٨ خه‌ڵاتی ئازادیی
ڕۆژنامه‌وانیی له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور
(Reportrar
utan gränser)
بۆ ساڵی ٢٠٠٧ له ستۆكهۆڵم له بنكه‌یه‌كی
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، پێ به‌خشرا. له كاتی
بۆنه‌كه‌دا گونێل ڤێمه‌ر (Gunnel
Werner)
به‌رپرسی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور ، كارینا
ڕویدبیباری (Carina
Rydbyberg)
نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی سوێدی و من (كوردۆ باكسی)
به‌شداریمان كرد. سه‌د كه‌سێك ئاماده‌ی ئه‌و
بۆنه‌یه بوون كه زۆربه‌یان كه‌سایه‌تی كولتوریی
و فه‌رهه‌نگین له سوێد.
ده‌لیلی خه‌ڵاته‌كه كورته، به‌ڵام له جێی
خۆیدایه: "له وڵاتێكدا كه حوكمه‌تێكی
چه‌وسێنه‌ر ڕێگا له ڕۆژنامه‌وان ده‌گرێت كه به
ئازادیی كاری خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، عه‌دنان
غیره‌تی هه‌بوو كه ڕه‌خنه‌گرانه بنووسێت.
له‌به‌رئه‌وه مه‌حكوم به مه‌رگ ده‌کرێت".
عه‌دنان حه‌سه‌نپوور كێیه؟
عه‌دنان حه‌سه‌نپوور لاوێكی ٢٦ ساڵه‌ی
ڕۆژنامه‌وانه كه ٢٥/١/٢٠٠٧ له‌گه‌ڵ ئامۆزا و
هاوكاری خۆی، هیوا بوتیمار، له‌به‌ر ئه‌و وتارانه
كه له ئاست حوكمه‌تدا ڕه‌خنه‌گرانه بوون و كه
له ڕۆژنامه‌ی "ئاسۆ" دا بڵاوده‌بوونه‌وه گیرا.
ئه‌م ڕۆژنامه‌یه هه‌ر ساڵی ٢٠٠٥ قه‌ده‌خه كرا
له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێگای به خوێنه‌رانی خۆی ده‌دا
بێن و كێشه‌ی كورد بخه‌نه به‌ر باس.*
ڕۆژی ١٦/٧/٢٠٠٧ دادگایه‌ك له شاری سنه عه‌دنان
حه‌سه‌نپوور و عه‌بدولوه‌هاب هیوا بوتیماری له
ڕێگای هه‌ڵواسینه‌وه به سێداره به مه‌رگ
مه‌حكوم کرد. نوێنه‌رێكی حوكمه‌ت ڕایگه‌یاند كه
ئه‌مانه "دوژمنی خودان". ئه‌ڵبه‌ت له ڕاستیدا
له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌كانیان له ڕژێم ئه‌و سزایه دران.
هیوا بوتیمار هه‌روه‌ها خه‌باتكارێكی ژینگه‌شه.
٢٢/١٠/٢٠٠٧ دادگای باڵا له تاران حوكمی له
سێداره‌دانی عه‌دنان حه‌سه‌نپووری داسه‌پانده‌وه
له كاتێكدا كه نه عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و نه
پارێزه‌ره‌كه‌ی له‌وێ ئاماده‌بوون. لێره‌دا دادگا
ده‌ڵێت كه گوایا "عه‌دنان حه‌سه‌نپوور خه‌ریكی
كاری جاسووسی بووه بۆ ئه‌مه‌ریكا، فاكتای
سه‌باره‌ت به بنكه‌ی سه‌ربازیی ئێران ڕه‌وانه‌ی
ده‌ره‌وه كردووه و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كارمه‌ندێكی
سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریكا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌مه‌ریكا گرتووه". به‌و شێوه‌یه دادگا پێی
وایه كه ناوبراو "وه‌ك دوژمنی خودا هه‌لسوکه‌وتی
كردووه".
مایه‌ی خۆشحاڵییه كه ڕێكخراوه‌ی ڕۆژنامه‌وانی و
ئازادیی ده‌ربڕین (ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور)
گرینگی به چاره‌نووسی ژیانی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور
ده‌دات، به‌ڵام به ڕاستی جێی قبووڵکردن نییه
كه نه ئورووپا و نه سوێد ئاوا به‌و شێوه‌یه
بێده‌نگیی ده‌نوێنن. هه‌ر زۆر گرینگه كه سوێد
ببزوێت و هه‌وڵ بدات ئه‌و مرۆڤه به مه‌رگ
مه‌حكومه له گه‌رووی مه‌رگ ڕزگار بكات. من داوا
له وه‌زیری ده‌ره‌وه، كارل بیلد (Carl
Bildt)
و وه‌زیری كو‌لتور لێنا لیله‌روت (Lena
Liljeroth)
ده‌که‌م كه ده‌سبه‌جێ ناڕه‌زایی خۆیان به‌رانبه‌ر
هاومه‌قامه‌كانیان له تاران ده‌رببڕن.
وه‌كوو ده‌زانن فه‌ڕه‌نسا زۆر به توندی سه‌باره‌ت
به چاره‌نووسی سیسته‌ره بولگارییه‌كان له لیبیا
مامه‌ڵه‌ی كرد. ئایا بۆچی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
سوێد ناتوانێت كارێكی له‌و چه‌شنه بكات و
مه‌حكومكراوێك به مه‌رگ ڕزگار بكات؟ كه‌نگێ سوێد
له گۆڕه‌پانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌نگی له‌مه‌ڕ
مافه‌كانی مرۆڤ هه‌ڵده‌بڕێت؟
ڕۆژی ١٤/٣ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانه له ئێران و ئا
له‌م كاته‌دا حوكمه‌تی ئێران نایه‌وێت كارێكی وا
بكات كه به ئیشاره‌تی خراپ له جیهاندا لێی
تێبگه‌ن و له‌به‌رئه‌وه هه‌وڵده‌دات هه‌موو
ئیعدامكردنه‌كان تا ئه‌و ده‌مه ڕابووه‌ستێنێت.
به‌ڵام نازانرێت له پاشاندا چۆن ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئه‌وا چوار مانگ به‌سه‌ر
ئه‌و حوكمه‌دا تێده‌په‌ڕێت به‌داخه‌وه جیهان
به‌رانبه‌ر ئه‌م حوكمه به‌ڕبه‌ڕیه بێده‌نگه.
فره گرینگه كه سوێد بكه‌وێته كار و هه‌وڵ بدات
ژیانی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور ڕزگار بكات. من داوا
له وه‌زیری ده‌ره‌وه، كارل بیلد و وه‌زیری
كو‌لتور لێنا لیله‌روت كه ده‌سبه‌جێ ناڕه‌زایی
خۆیان به‌رانبه‌ر هاومه‌قامه‌كانیان له تاران
ده‌رببڕن.
پشتكردن له ڕۆژنامه‌وانێك پشتكردنه له
مرۆڤایه‌تی. كاری وا نابێت بكردرێت.
كوردۆ باكسی
ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ر
تێبینیه‌كانی وه‌رگێڕ:
١. له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردێكی كوردستانیی كه به
ڕه‌گه‌ز كوردی باكووره ئه‌م وتاره‌ی نووسی
به‌لامه‌وه گرینگ بوو كه له خۆرهه‌ڵاتی
كوردستان بكه‌وێته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ری كورد.
دیاره كوردۆ باكسی پێش ئه‌وه‌ی من ئه‌و بڕیاره
بده‌م خۆشحاڵی خۆی بۆ كارێكی وا ده‌ربڕی.
٢. كه‌سایتی دیكه‌ی كورد له‌وێنده‌رێ ئاماده‌بوون،
بۆ نموونه ناسری سینا، ئاسۆ ساڵح (كه هه‌روه‌ها
ڕۆژنامه‌وانێكی لاوی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه)
كوێستان داودی، زانا سه‌رین، ڕێبوار ڕه‌شید،
شه‌فیق قایا.
٣. ناسری سینا پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ له‌یلا
حه‌سه‌نپووری خوشكی عه‌دنان حه‌سه‌نپووردا گرتووه
و ئه‌و خانمه به ڕه‌سمی په‌یامی خانه‌واده‌ی
گه‌یاند. ڕێكخراوه‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور به
ڕه‌سمی ئه‌و خه‌ڵاته‌یان به ئه‌مانه‌ت سپارد به
ناسری سینا كه به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی زایه‌ڵه،
به‌شی كوردیه له سوێد، تا ئه‌ویش بیگه‌یه‌نێت
به خانه‌واده‌ی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور. دیاره به‌و
هیوایه‌ی كه به عه‌دنان حه‌سه‌نپوور بگات و له
ته‌مه‌نێكی درێژ و له ژیانێكی به‌خته‌وه‌ردا
شانازیی پێوه بكات.
٤. به‌رنامه‌ی ڕادیۆی زایه‌ڵه ئه‌م باسه‌ی له
په‌خشی خۆی ڕۆژی ٢١/٢/٢٠٠٨ دا بلاو كردووه‌ته‌وه.
سوپاس
*
تێبینیی هه‌ڵوێست: سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌ن ئیمتیزاژی
ئه‌و رۆژنامه‌یه به‌رێز "جه‌لیل ئازادیخواز"
سه‌ره‌نجام به هۆی زه‌خت و زۆر و هه‌ڕه‌شه‌کانی
حکوومه‌تی ئیران، ناچار به ته‌رکی وڵات کرا.
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|