|
سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ
ڕێبوار ڕه‌شید
له شێوه‌ی باڵنده‌یه‌كدا به سه‌ر ئاسمانی
خه‌یاڵمدا ده‌فڕیت و له ڕووخسارتدا ترسێك ده‌بینم
كه تێ ده‌گه‌م بۆ ئاوا باڵه‌كوتێ و باڵه‌ته‌پێ
ده‌كه‌یت.
له هێلانێكدا بڕیاری فڕینت دا چوارده‌وری
دڕكه‌زێی نه‌شته‌رئاسا بوو. به هه‌ر بارێكدا
ده‌بزووایت كوتێك له گۆشت و له ئێسكت لێ
ده‌بووه‌وه. تۆی سه‌رسه‌خت، تۆی سه‌ربزێو، تۆی
عاشق به ئازادیی ملت نه‌دا و وه‌ك برووسكه‌ی
هیوا، له شێوه‌ی ئه‌ستێره‌كشانێكدا، قه‌فه‌سی
دیلێتیت جێهێشت.
له ئاسمانی تاریك و له شه‌وه‌زه‌نگی
نه‌هامه‌تییدا وه‌ك تیری له كه‌وان ده‌رچوو
ویزه‌ت ده‌هات. له ڕه‌وتی خۆتدا گه‌رمداهاتوو
ئاماده‌بوویت هه‌موو ئامانجێك بپێكیت.
مه‌لان یه‌ك له دوای یه‌ك عاشق به هه‌وای باڵت
بوون، شه‌یدای چریكه‌ی حه‌وت فرسه‌خ بڕت بوون،
قوربانی سنگی بڵندفڕت بوون و یه‌ك له دوای یه‌ك
وه‌دووت ده‌كه‌وتن. هه‌ندێكیان یان زۆریان هه‌ر
به‌وه ڕازی نه‌ده‌بوون مه‌ل بن، ئاره‌زوویان
ده‌كرد تۆ بوونایه.
ژیان وه‌ك خه‌نده‌ی ده‌م به گڕوگاڵێك خاوێن بوو،
چاوان وه‌ك پوره‌هه‌نگوینی په‌ی پێنه‌براو شیرین
بوون، ده‌ستان وه‌ك باریكه‌ئاوێكی به‌هاری
كه‌لیخان خاوێن و مستان وه‌ك گورز به‌هێز بوون.
ئای هاوڕێم، چریكه‌ی ده‌نگت چ حه‌یرانێك بوو!
له شه‌وانی پڕ له جێژواناندا پیره‌هه‌ڵۆیه‌ك
بوویت سنگت تا قاپی خوداكان ده‌كوتا و بای باڵت
باوه‌شێنی ئه‌و نیشتیمانه‌ی ده‌كرد كه له ئاگری
ناحه‌زاندا ده‌سووتا، چریكه‌ت چیرۆكی خه‌ج و
سیامه‌ندی بۆ عاشقانی به دیار ئاگره‌وه وێستاوی
ده‌گێڕایه‌وه.
خاك زه‌مینێك بوو به‌ر له مێژوو، خۆر
ئه‌ستێره‌یه‌كی تازه داگیرساو و ئاو لیكی خۆشاوی
مێینه‌یه‌ك بوو، به ده‌مدا ڕ‌اكشاو و له‌گه‌ڵ
خاكدا تێكه‌ڵ.
هاوڕێم، سیمات سیمای دڵدارێكی دڵ له ناو ده‌ست،
سیمات سیمای پێكه‌نینێكی ناو كانگای دڵ،
به‌رانبه‌رم ده‌وێستایت و به نیگات وشه‌ی
ئازادییت ده‌نووسی. ئارام وه‌ك منداڵێكی باوه‌شی
دایك، سرك وه‌ك كارمامزێكی به‌ربه‌یانی، دڵخۆش
وه‌ك هه‌نگێكی له ناو گوڵاندا گیرخواردوو، هێنده
به‌رانبه‌رم به قاقا پێده‌كه‌نیت ماهیچه‌كانی
ورگت بووبوون به به‌رد.
هاوڕێم، هاژه‌ی ڕووبارێك بوویت هه‌نگاوی نه‌یارانت
شل ده‌كرد، گرمه‌ی هه‌ور و برووسكه‌ی
چه‌خماخه‌یه‌ك بوویت دوژمنانت دووره‌به‌زێن
ده‌كرد.
هاوڕێم، له شه‌وی بوكێنی و شه‌وی زاواییتدا، له
ساته‌وه‌ختی به‌ره‌و ئاسۆ فڕینتدا، له گه‌رمه‌ی
قاقای پێكه‌نین و له ناوه‌ڕاستی قۆڵی له كاردا
هه‌ڵماڵدراو و له شیرینی چڕینی حه‌یرانتدا ده‌ستی
ناحه‌زانی نیشتیمانیان گه‌یانده سه‌رت.
پێشنوێژانی كۆنه‌په‌رستیی و ئاغایانی هه‌لپه‌رستیی
و بێده‌ربه‌ستیی له‌م دیو ڕه‌شماڵی تۆفرۆشتنه‌وه
باده‌نۆشیی خوێنی ڕژاوی تۆیان له‌یه‌ك ده‌كرد.
له تۆ هه‌بووندا نیشتیمان گوڵشه‌نێكی بێ یه‌كانه
و بێ چه‌قه‌ڵ بوو.
وه‌ره، گوڵم، ده‌زانم مه‌لێكی ناوه‌خت
ئه‌نگاوته‌یت. وه‌ره گوڵم، ده‌زانم له ده‌ست
سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ هه‌ڵدێیت.
وه‌ره فێنكایی دڵم، به‌فراوه‌كه‌ی نیشتیمان،
ده‌زانم له ده‌ست سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ تووڕه‌یت.
وه‌ره شیرینم، ده‌زانم، منیش بۆنی مه‌رگ
ده‌ناسمه‌وه.
وه‌ره سه‌ری ماندووت بخه سه‌ر سنگی تاشه‌به‌ردم.
وه‌ره باڵت له ناو ئامێزی ئه‌وینمدا ڕابكێشه.
وه‌ره، له دوورگه‌ی سه‌نگه‌ر و له قه‌ڵای
دمدممدا پشوو بده. وه‌ره ده‌زانم قانعت بۆ قانع
و بێكه‌ست بۆ بێكه‌س بوو، وه‌ره، ده‌زانم بۆ
حاجیت گاڵته‌ی به "حوكمی عه‌داله‌ت" ده‌هات.
وه‌ره له حه‌یرانی "ناڵه‌ی جودایی" ـت حاڵییم،
وه‌ره ده‌نگی شمشاڵی كونگیراو ده‌ناسمه‌وه،
وه‌ره ده‌زانم له ڕه‌شبه‌ڵه‌كی عاشقاندا كام
كوڵمانه سوورهه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
وه‌ره، ته‌نها له ئامێزی بێسنووری ئه‌م دڵه
بێخاكه‌دا سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ له شكان دێت.
وه‌ره ته‌نها به ڕاگرتنی نه‌مرییت ته‌لیسمی
سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ ده‌شكێت.
وه‌ره، ده‌زانم ده‌ته‌وێت له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستم
بتنێژم. وه‌ره ئه‌ی سیمبولی له‌پی ده‌ستێكی له
كاردا خاراو.
وه‌ره، ده‌زانم له دووره‌وه بۆنم پێوه
ده‌كه‌یت و بۆنی خۆڵی پاش بارانه‌ی به‌هارێ و
گوڵه‌گه‌نمی كه‌روێشكه‌كردووم لێ دێت.
برینی ناسۆر و شاپه‌ڕی شكاو و پێڵوی گرانی
چاوه‌كانت ده‌بینم، ده‌زانم سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ
به‌رۆكت به‌ر نادات.
وه‌ره، ئێسته‌كانێ من ده‌خڵێكم تا چاو بڕ بكات
ڕه‌نگی زێڕینم له‌گه‌ڵ ئافتاودا به ناو ئاسۆدا تێ
ده‌په‌ڕێت. وه‌ره بۆنی به‌رهه‌می ڕه‌نجمان بكه و
سنگی قامكت له ئاره‌قی شیرینی شادیی هه‌ڵسوو.
وه‌ره و له ڕووخسارم بڕووانه، خۆت ده‌بینیت.
پشتت له سه‌مای ناحه‌زی مه‌رگ بكه و ڕوو له من
به ده‌م ڕووخساری هه‌میشه ڕووسووریی خۆته‌وه پێ
بكه‌نه.
وه‌ره هاوڕێم.
٥/٥/٢٠٠٨
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|