|
گوتوبێژێک له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسر ره‌زازی!
سازدانی:
حاته‌می مه‌نبه‌ری
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌ڵوێست
گومانێک له‌وه دا نیه که ناسری ره‌زازی یه‌کێک
له گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی بێژی ئه‌م
سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌یه. گه‌ییشتن به‌م ئاسته و
بوون به یه‌کێک له هونه‌رمه‌ندانی
نه‌ته‌وه‌یه‌کی دۆخ‌ناهه‌مواری وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی
کورد کارێکی سووک و هاسان نییه.
گه‌لێک شت و تایبه‌تمه‌ندی گرنگ ره‌زازییان
هێناوه‌ته ئه‌م ئاسته به‌رزه و ئه‌م لووتکه
به‌نرخه که بریتین له:
1 ده‌نگێکی خوش و چریکه‌یه‌کی بولبول ئاسا که
هاوتای له مه‌زنه کوردستانیش دا ده‌گمه‌نه.
2 پشتکار و به‌رده‌وامییه‌کی زۆر و
له‌بننه‌هاتوو که سنووری چل دانه ساڵی سه‌خت و
پڕکاره‌ساتی تێپه‌ڕاندووه.
3 خه‌رمانێک به‌رهه‌می باش و به‌نرخی هێناوه‌ته
به‌رهه‌م، که بوونه‌ته مڵک و ماڵی
نه‌ته‌وه‌یه‌ک و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌کانیتریش
وه‌ک هونه‌ری ره‌سه‌نی کورد ده‌یاناسن و هاسان
بۆیان نادزرێن! .
4 بوون و مانه‌وه له‌گه‌ڵ ره‌نج و ئازاره‌کانی
خه‌ڵکی کورد و به ده‌نگی به‌رز و ره‌سا
هاوارکردنی داوا و داخوازییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی.
5 هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆر بۆ فێربوون و زاڵبوون
به سه‌ر به‌شی زۆری زاراوه‌کانی زمانی کوردی‌دا و
له‌م رێگایه‌شه‌وه چوونه ناو ده‌ریای قووڵی
مووسیقای فۆلکلۆریکی کوردی، که ره‌زازی کردووه
به مڵکی هه‌موو پارچه و ناوچه‌کانی کوردستان.
6 شاره‌زایی و هونه‌رمه‌ندیی خۆی له چرینی هه‌موو
زاراوه‌کانی کوردی‌دا سه‌لماندوه و رچه‌شکێنی
ئه‌م بواره بووه له گۆرانی خوێندندا و
به‌وشێوه نیشانی داوه که هونه‌رمه‌ندی ناوچه
یا زاراوه‌یه‌ک نییه. له‌م بواره‌دا ره‌زازی
توانیویه به ته‌قه‌ڵی گۆرانی هه‌ر چوارپارچه‌ی
له‌تکراوی کوردستان پێکه‌وه بدورێنێته‌وه و
هانده‌رێک بنێت بۆ پێکهاتنی شێوه زمانێکی
یه‌کگرتووی کوردی.
سه‌رجه‌می ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بوونه‌ته هۆی
ئه‌وه که ره‌زازی وه‌ک یه‌کێک له دیارترین
هونه‌رمه‌ندانی کورد پیویستی به ناساندن نه‌بێت،
بۆیه منیش له‌م وتووێژه‌دا له‌وه‌وه ده‌ست
پێناکه‌م که مه‌به‌ستی ناساندنی یه‌کێک له
ناسراوترین گۆرانیبێژانی کورد بێت به‌ڵکوو له
ره‌زازی ده‌پرسم:
1.
ئه‌گه‌ر ئێمه بگه‌ڕینه‌وه بۆ 50 / 60 ساڵ پێش
ئیستا، ئه‌بینین که داگیرکه‌رانی کوردستان
چه‌ندینجار توانیویانه بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی
چه‌کداری کورد، تێک بشکێنن، رێبه‌رانی له سێداره
بده‌ن و سنووری ده‌ستکرد له ناو خاک و دڵی
ئێمه‌دا بکێشن، به‌ڵام هونه‌ر به گشتی و هونه‌ری
شێعر و گۆرانی‌یان بۆ ده‌سته‌مۆ نه‌کراوه، به‌ڵکوو
هونه‌رمه‌ندانی کورد بێ‌ترس له زۆردار و
سته‌مکار، ڕۆڵی خویان گێڕاوه و ئه‌م
سنوورانه‌یان به‌زاندووه.
ئه‌کرێ ئێوه رۆڵی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری شێعر
و گۆرانی له‌م مه‌یدانه نابه‌ره‌نبه‌ره‌دا بۆ
پاراستنی پێناسه‌ی یه‌کگرتووی کورد وه‌ک
نه‌ته‌وه‌یه‌ک باس بکه‌ن؟
وه‌ڵام:
هونه‌ری کوردیی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ساڵانه وا
له‌ژێر کاریگه‌ریی هونه‌ریی چوواری وڵاتی
داگیرکه‌ر و تووشی کێشه‌ی گه‌وره بووه، به‌ڵام
توانیویه‌تی به پلوپا و تێکۆشانی کۆمه‌ڵێک
هونه‌رمه‌ندی به ئه‌مه‌گی کورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و
که‌موکووڕیانه‌ی که هه‌یه‌تی له سه‌ر لاقی خۆی
راوه‌ستێ و له‌ناو دڵی خه‌ڵکی کورددا جێگای خۆی
بکاته‌وه.
هه‌رچه‌ند گه‌لی كورد، گه‌لێكی بنده‌ست و
چه‌وساوه‌یه و تووشی كاره‌ساتی گه‌وره هاتووه و
هونه‌ره‌كه‌ی له ژێربه‌رانی زمان و كولتووری
داگیركهرهكهیدا كلێڵه و
گۆت
بووه و بۆ مانه‌وه‌ی په‌رچه له خۆی ده‌كا و
هێشتا له پاودانی خۆپاراستندایه، به‌ڵام
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م گه‌له
بنده‌سته توانیویانه ئه‌و هونه‌ره بگه‌یێننه
ئاستێك كه شانله‌شانی هونه‌ری گه‌لێكی
خاوه‌نده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت بدا و به دنیاشی
نیشان بده‌ن كه: ئه‌م گه‌له زیندووه و هه‌یه و
ده‌توانێ خۆشی به‌ڕێوه‌به‌رێ و شیاوی ئه‌وه‌شه
كه ده‌وڵه‌تیشی هه‌بێ.
خاڵی هه‌ره‌گرنگیش ئه‌وه‌یه که: جیاوز له
خه‌بات و تێكۆشانی لێره و له‌وێ پارت و حیزبه
سیاسییه‌کان، بۆ رزگاریی كوردستان، بێژگه له‌وه‌ی
که هه‌تا ئێستا زیاتر له 30 شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی
کورد له درێژه‌ی مێژوودا له خوێن گه‌وزاوه و
هه‌ره‌سیان پێ هێناوه، ته‌نیا شتێك كه
نه‌یهێشتووه كورد بمرێ و له‌ناو بچێ و له‌راستیدا
نێوی ئێمه‌ی زیندوو راگرتووه، فۆلكلۆری كوردییه،
به‌تایبه‌ت گۆرانیی و به‌یت و باو. به‌یت و
گۆرانیی کوردیی، بۆ نموونه: هۆره و لاوک و
سیاچه‌مانه و حه‌یران و هیدیکه، زمانی
کوردیییان له مردن رزگار کرد و زیندوویان
هێشته‌وه، چونكه زۆر رووداوی گه‌وره‌ی
مێژووییمان هه‌یه، كه له گۆرانییدا بۆمان
ماوه‌ته‌وه. بۆ نموونه ئه‌و رووداوانه‌ی که له
به‌یتی "دمدم" و "به‌یتی پاشاکۆره" و "سیابه‌ند و
خه‌جێ" و هیدیکه‌دا بۆمان ماوه‌ته‌وه.
گۆرانیی و هۆنراوه‌ی کوردیی، هه‌میشه له پاودانی
په‌رچه و به‌رگریدا بووه بۆ ئه‌وه‌ی تێدا نه‌چێ
و به‌م هه‌موو هه‌وراز و نشێو و که‌وتن و هه‌ستان
و په‌رچه و به‌رگرییه‌وه که تووشی هاتووه و
به ساڵانه بۆ ئه‌وه تێده‌کۆشێ که خۆی بپارێزێ
و له‌ناو نه‌چێ، دیسان هه‌ر باشه و ده‌توانم
بلێم، ئه‌م هونه‌ره باش ماوه. چونکه
زمانه‌که‌مان له بنه‌ڕتدا له‌ناو نه‌چووه،
راسته زه‌بری دیوه و کێشه‌ی هاتۆته پێش، به‌ڵام
هه‌ر له سه‌ر لاقی خۆی به‌هۆی کۆمه‌لێک
هونه‌رمه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
وه‌ستاوه و نه‌فه‌وتاوه.
به‌ڵام به داخه‌وه، هێشتا وه‌کوو پێویست خزمه‌تی
نه‌کراوه و هونه‌رمه‌ندانی کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
که به‌رهه‌مه‌کانیان نافرۆشرێ و هونه‌ری کوردیی
به کاناڵێکی بازرگانیدا تێنه‌په‌ڕیوه و کورد
بنده‌ست و بێده‌وڵه‌ت بووه و هونه‌ری کوردیی
پاره ناکا و هونه‌رمه‌ندی کورد بێپشتیوان و
بێکه‌سه، ده‌بێ ئاوڕی زۆرتری لێبدرێته‌وه.
ئێستا که کورد له
به‌شێک له نیشتمانه‌داگیرکراوه‌که‌ی خاوه‌ن
ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ له‌و به‌شه،
رێوشوێنێ بگرێته به‌ر بۆ دانانی یاسایه‌ک که
مافی هونه‌رمه‌ندی کورد بپارێزرێ، بۆ
ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی کوردیش بتوانێ به
هونه‌ره‌که‌ی بژی و ژیانی خۆی دابین بکا. چونکه
کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی هونه‌ری کوردیی له
ئێستادا ئه‌وه‌یه که نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی خواست
و ویسته‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بداته‌وه، له
هه‌موو بارێکه‌وه! ئه‌گه‌ر هونه‌ری کوردیش وه‌کوو
هه‌موو ئورگانه‌کانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات تێچوونی بۆ
ته‌رخان بکرێ، به‌ڕای من ده‌توانێ شان له شانی
هونه‌ری گه‌لانی دیکه‌ی دنیا بدات!
و له پاشاگه‌ردانی ده‌رباز ببێ.
2. ئه‌و کێشه و گرفت و پاشاگه‌ردانییه چین که
هونه‌ری
گۆرانیی، به‌ره‌و ئاستێکی خه‌راپ برووه؟
وه‌ڵام:
یه‌که‌م:
ئه‌و کێشه و گرفتگه‌له‌ی که بوونه‌ته له‌مپه‌ر
بۆ پێشوه‌چوونی گۆرانیی کوردیی، چه‌ند کۆسپن که
به‌ڕای من، به‌سراوه‌ته‌وه به بنده‌ستبوونی
نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات
و ئورگانه‌وه، چونکه گرفته‌کان زه‌ق و به‌رچاون!
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له کوردستان تێچوون بۆ کاری
هونه‌ریی ته‌رخان بکرێ و وه‌کوو هه‌موو به‌شه‌کانی
دیکه‌ی ئورگانی ده‌وڵه‌تی بوودجه‌ی بۆ دابین بکرێ،
هونه‌ری کوردیی ناکه‌وێته ناو ئه‌و پاودانه‌ی که
ئه‌مڕۆ به‌رۆکی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی کوردی
گرتووه و کێشه‌ی بۆ درووست کردووین. چونکه
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له کوردستان وه‌کوو کێشه‌کانی
دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا چاو له هونه‌ر و کاری هونه‌ریی
بکات و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان بێت، گرفته‌که
هه‌ر هیچ نه‌بێ، به‌شێکی چاره‌سه‌ر ده‌بێ، ئه‌ویش
ته‌رخانکردنی بوودجه‌ی ساڵانه‌یه بۆ کاری
هونه‌ریی و درووست‌کردنی ستۆدیۆی تۆمارکردنی ده‌نگ
و ده‌ره‌تان و تێچوون بۆ هه‌موو لقوپۆپه‌کانی
هونه‌ر. واته ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها چاو له هونه‌ر
بکرێ که: هونه‌ر ده‌توانێ خزمه‌تێکی به‌رچاو
به کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکا و
ئا له‌م روانگه‌یه‌وه چاو له هونه‌ر بکرێ، نه‌ک
بۆ رابواردن و خۆشگوزه‌رانیی، هونه‌ری کوردیی ئا
له‌و ئاسته‌دا قه‌تیس نامێنێته‌وه که ئه‌مڕۆ
ده‌یبینین! له هه‌موو وڵاتانی دنیا ساڵانه
تێچوونێکی که‌ڵان داده‌نرێ بۆ پێشکه‌شکردنی کاری
هونه‌ریی، که‌چی له کوردستان بۆته پاشاگه‌ردانی
و خزموخزمالێ و به‌رتیل و سفارش و سه‌ختی.
دووهه‌م:
هونه‌ری کوردی، به‌تایبه‌ت گۆرانیی، تا ئێستا
وه‌کوو هونه‌ر، نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی خواست و
ویسته‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و جیهانی ئه‌مڕۆی
کۆمه‌ڵگاکه‌مان بداته‌وه! ئه‌گه‌ر وانییه، بۆ
گه‌نج و لاوی کورد و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌کانیشمان،
به زۆریی گوێ له گۆرانیی عه‌ره‌بیی و فارسیی و
تورکیی و هیدیکه ده‌گرن؟! نه‌ک وه‌کوو هونه‌ری
نه‌ته‌وه‌یێکی دیکه، به‌ڵکوو وه‌کوو هونه‌رێک که
له‌باری چۆنیه‌ت و چه‌ندیه‌ت و
ده‌وڵه‌مدنبوونییه‌وه له ئاستی هونه‌رییدا له
کوردیی خۆشتر و پێشکه‌وتووتره! ئه‌گه‌ر وانییه،
بۆ گۆرانیبێژه تازه‌کاره‌کان، من ناڵێم گه‌نج،
ده‌ڵێم تازهکار، هه‌ر هه‌موویان په‌نایان بردۆته
به‌ر شێوازی گۆرانیبێژگه‌لێکی وه‌کوو: جۆرج
ئوسووف، ئیبراهیم تاتڵیسه‌س، موعین و زۆری دیکه و
به‌لای شێوازی گۆرانیبێژگه‌لێکی وه‌کوو: تاهیر
تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ک و هیدیکه‌دا ناڕۆن؟!
ئه‌مانه هه‌موو گرفت و پرسیارن! داخۆ نابێ
وه‌ڵامه‌کانیان وه‌ربگرینه‌وه و به‌دوای
چاره‌سه‌ریدا بڕۆین؟
3. که کورد وه‌ک نه‌ته‌وه لیقه‌وماوه و رێگای
پێشکه‌وتنی لێ ته‌نراوه هونه‌رمه‌ندێکی رووت و
رجاڵ لێ وه‌خاوه‌ن ده‌رکه‌وتووه، به سه‌ره‌تایی
ترین ده‌ره‌تان هه‌وڵی داوه گۆرانیی کوردیی له
توانه‌وه رزگار بکات، به‌ڵام ئیستا که کورد له
چاو بیست ساڵ پێش چه‌ندین به‌رابه‌ر تۆفیری
کردووه، هه‌وڵدراوه جێگای شیاوی ئه‌و
هونه‌رمه‌ندانه له بزووتنه‌وه‌ی کورد دا دیاری
بکرێ؟
وه‌ڵام:
ده‌بێ بڵێم نه‌خێر، چونکه هه‌تا ئێستاش نه‌خش و
رۆڵی هونه‌رمه‌ند له شۆڕشی کوردستاندا له
روانگه‌ی حیزبه‌کانه‌وه نه‌ناسراوه و بایه‌خی
پێنه‌دراوه، چونکه سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌ک له‌لای
ئێمه زاڵه که هونه‌ر به ره‌سمییه‌ت ناناسێ،
دیاره خه‌ڵک وا نین، چونکه ئه‌و رێزه‌ی که
کۆمه‌ڵگا بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی داده‌نێ،
هیچکات حیزبه‌کان داینانێن، ئه‌وان وه‌کوو
که‌ره‌سه چاو له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند ده‌که‌ن و
بۆ که‌ڵکوه‌رگرتنی خۆیان پشتیوانیی لێده‌که‌ن،
خه‌باتی سیاسی پارت و رێكخراوه‌كانی كوردستان،
به‌جێگای ئه‌وه‌ی كه گه‌لی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی
كورد به لای ئه‌وه‌دا رابكێشن كه كورد ده‌بێ خۆی
بناسێ و ببێ به خاوه‌ن خۆی و رێز له زمان و
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كولتووره‌كه‌ی خۆی بگرێ،
خه‌باتی ئه‌م گه‌له‌یان به‌لاڕێدا بردووه و خۆیان
و خه‌ڵکیشیان تووشی کێشه و گرفت کردووه،
ئینسانیش ده‌بێ بوێرانه بڵێ: کاریگه‌ریی ئه‌م
بارودۆخه‌ش، به سه‌ر هونه‌ری ئێمه‌شه‌وه دیاره،
به‌ڵام دیسان جێگای خۆشحاڵییه كه كورد ئێستا
قۆناخێكی دیكه‌ی بڕیوه و ورده‌ورده
تێگه‌ییشتووه كه ده‌بێ بۆ ئه‌وه تێبكۆشێ تێدا
نه‌چێ و به‌وه گه‌ییشتووه ده‌بێ بۆ مافی ره‌وای
خۆی خه‌بات بكا و ته‌نیا شتێك كه به سه‌ركه‌وتنی
ده‌گه‌یێنێ، خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه، هه‌رچه‌ند
هۆكار و فاكته‌ری دیكه‌ش هه‌ن بۆ رزگاربوون له
سته‌م و چه‌وسانه‌وه و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت،
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو کێشه و
سه‌رلێشێواوییه، گرنگترین شت له رۆژی ئه‌مڕۆدا
ئه‌وه‌یه كه له كاری هونه‌ریی زۆربه‌ی
هونه‌رمه‌ندانی كورددا ئه‌وه له‌به‌رچاوه، که
هونه‌ری كوردیی، ده‌یه‌وێ خۆی به گه‌لانی نه‌كورد
و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بناسێنێ و له‌هه‌مان
كاتیش‌دا ببێ به خاوه‌ن مۆركی تایبه‌ت و ناسنامه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی خۆی. به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه
پێشبڕكێی لایه‌نه سیاسییه‌كان کارێکیان کردووه
که هونه‌رمه‌ندان بخه‌نه ناو (بێركم)ی سیاسیی
خۆیان و زۆرێکیان لێ ده‌سته‌مۆ بکه‌ن و که‌ند و
كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی هونه‌رمه‌ندا درووست
بکه‌ن، ئه‌مه‌ش وای کردووه که هونه‌رمه‌ندانی
کورد یه‌کگرتوو نه‌بن.
من به‌و باوه‌ڕه گه‌ییشتووم که حیزبه‌کانی ئێمه
ناتوانن کورد بکه‌ن به نه‌ته‌وه، چونکه دوورن
له هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رنامه‌یێکی روون و
رۆشنیان بۆ کوردی بنده‌ست و کوردستانی داگیرکراو
نییه، به بڕوای من تاکه رێگا بۆ ناساندن و
به‌نه‌ته‌وه‌کردنی کورد، خه‌باتێکی فه‌رهه‌نگی -
سیاسییه و کاری هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی ده‌توانێ
ئه‌و ئه‌رکه له ئه‌ستۆ بگرێ نه‌ک ئه‌و
سیاسه‌ته‌ی که حیزبه‌کانی ئێمه له رۆژهه‌ڵات
گرتوویانه‌ته پێش!
من کاتی خۆی گوتوومه رێزی هونه‌ر له‌لای
حیزبه‌کانی ئێمه له‌م هۆنراوه‌یه‌دا بخوێنه‌وه:
سیاسه‌ت چه‌نده پێچه‌ڵپێچ و هینه
پهكوو یاران نه‌زانین چه‌ند به‌رینه
هونه‌ر هه‌ستی مرۆڤه، هێزه، تینه
نه وه‌ك ئامرازی گاڵته و پێكه‌نینه
له‌لای هه‌ر پارت و حیزبێكی سیاسیی
كه‌چی دارده‌ست و داهاتووی به‌زینه!!
4. ئێوه رۆڵ و جێگای بڕوا و ئیراده له
خوڵقاندنی هونه‌ری نه‌مردا چۆن ده‌بینن؟ مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه بڕوا به ره‌وابوونی داخوازی گه‌لێکی
بنده‌ست، هونه‌رمه‌ندی ئه‌و گه‌له، گه‌ره‌کیه
به هونه‌ره‌که‌ی بیپارێزێ وه‌ک ئه‌وه‌ی
هونه‌رمه‌ندانی ئێمه کردوویانه؟
وه‌ڵام:
هونه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه
هونه‌رمه‌ندی تێدا ده‌ژی و هونه‌رمه‌ند له‌ناو
ئه‌و ئاوێنه‌یه‌دا بیهه‌وێ و نه‌یهه‌وێ، سیمای
راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه و زۆربه‌ی ره‌وت و
رووداو و كاره‌ساته‌كانی كۆمه‌ڵگا، به چاك و
خه‌راپییه‌وه هه‌وێنن بۆ هونه‌ر و، ئینسانی
هونه‌رمه‌ند ده‌بێ توانایی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه
به‌رهه‌میان لێ بخولقێنێ و وه‌ڵامده‌ری خواست و
ویستی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بێ. هونه‌رمه‌ند ده‌بێ
له خزمه‌تی ئینسانییه‌ت و به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی
كورد، ده‌بێ له خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بێ،
چونكه كورد گه‌لێكی بنده‌ست و چه‌وساوه‌یه و له
هه‌موو مافێكی ئینسانی و نه‌ته‌وایه‌تی بێبه‌شه و
له قۆناخێكی ناسك و شه‌وێردا ده‌ژی.
بۆ نموونه له‌ئێران،
2500 ساڵه کورد بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی فارسه و به
زمانی فارسیی له‌ناومان ده‌به‌ن، 2500 ساڵه
خه‌ڵکی کورد له کاروباری ناوخۆی نیشتمانه‌که‌ی
خۆیدا هیچ نه‌خش و ده‌ورێکی نییه و له‌گه‌ڵ هه‌ر
ئێرانییه‌ک قسه ده‌که‌ی، یه‌کسه‌ر به (تجزیه
طلب)ت داده‌نێ و به (اقلیت قومی)ت ناو ده‌با، و
به مۆسیقاکه‌شمان که له باری پێشینه و
مێژووه‌وه زۆر له فارسیی کۆنتره، ده‌ڵێن:
(موسیقی محلی) و، ده‌یان ناو و ناتۆره‌ی دیکه!
له کاتێکدا یه‌کێ له کۆڵه‌که گرنگه‌کانی
مۆسیقای ئێرانیی و ته‌نانه‌ت فارسیش، مۆسیقای
کوردییه و زۆرێک له ژه‌نیاره به‌ناوبانگه‌کانی
ئێران کوردن!
کێشه‌ی ئێمه ئیمڕۆ ئه‌وه‌یه که هونه‌رمه‌ندی
کورد کاتێک ده‌بینێ نه‌ته‌وه‌که‌ی بنده‌سته و له
پاودانی خه‌بات و تێکۆشان‌دا ده‌ژی و هێشتا له
دنیا به نه‌ته‌وه‌ش قوبووڵ نه‌کراوین،
سه‌تله‌سه‌ت ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌بێ له‌و
رێگایه‌دا خه‌بات بکا و ده‌ربه‌ست بێت به‌و
پاودانه‌وه، چونکه ئێمه له قۆناخی خه‌باتی
نه‌ته‌وه‌ییدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین و
کێشه‌که‌مان کێشه‌یێکه که نه ته‌نیا
هونه‌رمه‌ندی کورد به‌ڵکوو هه‌موو تاکێکی کورد
ده‌بێ تێدا به‌شدار بێ و هه‌ست به
به‌رپرسیاریه‌تی بکا و له هه‌موو ئه‌مانه
گرنگتر ده‌بێ ئیمان و بڕوای به‌و رێگایه هه‌بێ،
ده‌نا ناتوانێ تێ‌بگا که کێشه‌ی گه‌لێکی بنده‌ستی
50 ملیۆنی که ساڵه‌های ساڵه بنده‌سته چییه.
هونه‌رمه‌ندی كوردی شاره‌زا و لێهاتوومان زۆرن، چ
له کۆندا و چ ئێستاش. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ
كورد، كار و تێكۆشانی هونه‌ریی به كوردی سه‌رێشه
و هیچوپووچ و بێ داهاته، ناچار واز له‌و تۆزه
تێكۆشانه دێنن و ده‌ڕۆن خزمه‌تی هونه‌ری فارسیی و
تورکیی و عه‌ره‌بیی ده‌كه‌ن! هونه‌ری كوردی له
سه‌رده‌می کۆن و بگره ئێستاش، ئه‌وه‌نده‌ی تێدا
نه‌بووه و نییه كه هونه‌رمه‌ند بتوانێ پێی بژی،
زۆر که‌س له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که من ده‌یانناسم
و ناویان ناهێنم، کوردستانیان به‌جێ هێشتووه و
روویان کردۆته تاران و ستانبوول و به‌غدا و
که‌وتوونه‌ته شوێن ژیانی تاکه‌که‌سی و
خۆشگوزه‌رانیی خۆیان.
ده‌نگخۆش و مووزیكاری به‌نێوبانگی فره‌مان هه‌یه
كه مۆسیقای سوننه‌تی ئێرانیی لێده‌ده‌ن و كوردن و
هیچ خێرێكیشیان بۆ گه‌له داگیركراوه‌كه‌ی خۆیان
نییه! دیاره لێشیان ناگرم و چاوه‌ڕوانیی
ئه‌وه‌شم لێیان نییه، چونكه كوردیی نازانن و له
ره‌پۆشه (فضا)یه‌كی كوردیدا گه‌وره
نه‌بوونه هه‌تا هزر و هۆش و مێشكیان به مۆسیقا و
گۆرانیی كوردیی راهاتبێ و خه‌مڵیبێتن! ئه‌وانه
خزمه‌ت به مووزیكای فارس ده‌كه‌ن و مووزیكاره
فارسه‌كانیش خۆیان ده‌زانن كه كۆڵه‌كه‌یه‌ك له
كۆڵه‌كه‌كانی ئه‌و شێوه مووزیكه به سه‌ر
مووزێكی كوردییه‌وه دامه‌زراوه، به‌ڵام وا گۆش
کراون که: کورد بنده‌ست و ژێرماڵه‌ی ئه‌وانن!
5. کوردی پارچه‌کانیتری کوردستان زیاتر له هێز و
ده‌سه‌ڵاتیان له‌م دۆخ و ده‌ستکه‌وتانه‌ی باشوور
خۆیان به پشتیوان و خاوه‌نی ئه‌و ده‌سکه‌وته
ده‌زانن، داخوا ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێمه ته‌نیا له
باشووری کوردستانه؟ ئه‌و سه‌رهه‌ڵدان و خه‌باته
به‌رینه‌ی باکووری کوردستان وه‌ک ده‌ستکه‌وتی گشت
کوردان ناییه‌ته ئه‌ژمارکردن؟ ئه‌کرێ ئێوه له‌م
باره‌وه بۆچوونی خواتان باسکه‌ن؟
وه‌ڵام:
خاڵی هه‌ره گرنگ خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌و به‌شه
بوو که ده‌توانم بڵێم حیزبه‌کانی به دوای خۆیدا
راکێشا و توانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ست بێنێ.
ئه‌و خه‌باته کۆماوه‌رییه‌ی کوردستانی باکوور،
که شار و گوندی ئه‌و پارچه داگیرکراوه‌ی داگرت و
پیر و لاو تێیدا به‌شدار بوون، ئه‌وه‌ی سه‌لماند
که ئه‌گه‌ر کورد یه‌ک بێ و بۆ مافی ره‌وای خۆی
که رزگاریی کوردستانه به بێ دوودڵیی خه‌بات
بکا، هیچ له‌مپه‌رێک ناتوانێ پیشی پی بگرێ. ئه‌وه
دیسان ئه‌وه‌ی سه‌لماند که ئه‌گه‌ر پارچه‌یه‌ک
رزگاری ببێ، پارچه‌که‌ی دیکه ده‌توانێ له ژێر
سه‌ربه‌رانی ئه‌و پارچه‌رزگارکراوه‌دا خه‌بات بکا
بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانی خۆی.
ئه‌گه‌ر چاو له مێژووی کورد بکه‌ی، زۆربه‌ی زۆری
سه‌رۆک و رێبه‌رانی کورد به فیتی داگیرکه‌ران،
به واژۆکردنی قورئان و به سۆز و به‌لێنی درۆ و
به خاپاندن و کڵاولسه‌رنان، کوژراون و خه‌باتی
کورد و ره‌نجی چه‌ندین ساڵه‌ی له خشته براوه،
باشترین گارانتی بۆ کورد ئه‌وه‌یه که: ئێمه
ده‌بێ یه‌کگرتوو بین و ئیراده‌مان به‌هێز بێ، بۆ
ئه‌وه‌ی هه‌موو پیلانه‌کانی داگیرکه‌ران پووچه‌ڵ
بکه‌ینه‌وه، تێ‌بکۆشین که ناوی کورد قانوونی
بکرێ، چونکه هێشتا له دنیا به نه‌ته‌وه‌مان
ناناسن،
حیزبه‌کانی
ئێمه ده‌بێ پێوه‌ندیی دۆستانه و نه‌ته‌وه‌یی
خۆیان رابگرن و له نێوان به‌شه‌کانی کوردستاندا
پێوه‌ندیی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و
سیاسی خۆیان بپارێزن و نه‌هێڵن داگیرکه‌ران و
نه‌یارانی کوردستان له نێوانیاندا کێشه درووست
بکه‌ن و تووشی گرفتیان بکه‌ن، ئه‌وان و کورد
به‌گشتیی ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و
ده‌سکه‌وتانه‌ی که هه‌تا ئێستا به‌ده‌ست هاتوون،
هه‌روه‌ها ده‌بێ تێ‌بکۆشن و پلوپا بکه‌ن که گیانی
کوردستانیبوون و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له خه‌ڵکی
کورددا به‌هێز بکه‌ن و کوردستانیان خۆش بوێ و
خۆیان به‌که‌م نه‌زانن، چونکه حیزب و لایه‌نی وا
هه‌ن جۆرێک هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و خه‌بات ده‌که‌ن
که ئه‌نجامی بۆ دوارۆژ جگه له شکست هیچ شتێکی
دیکه نییه،
من پێموایه هه‌ر کوردێ که هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی
هه‌بێ و خۆی به‌که‌م نه‌زانێ و باوه‌ڕی به
رزگاریی کوردستان بێ، خه‌باتی هه‌موو پارچه‌یه‌کی
کوردستان خه‌باتی پارچه‌کانی دیکه‌یه و ئه‌گه‌ر
کوردیش له داهاتوودا نه‌توانێ یه‌ک بگرێ و
کوردستان به‌یه‌کپارچه‌یی رزگاریی نه‌بێ و کورد
ببێ به خاوه‌نی چه‌ند ده‌وڵه‌ت، کورد هه‌ر یه‌ک
نه‌ته‌وه‌یه و کوردستان هه‌ر یه‌ک خاک و یه‌ک
زمانه و ئه‌وه نه‌خشه‌ی زلهێزه‌کان بوو که ئه‌و
رۆژه‌یان به‌سه‌ر کورددا هێنا. ده‌سکه‌وتی هه‌ر
پارچه‌یێکی کوردستان ده‌سکه‌وتی گه‌لی کورده به
تێکڕایی و سه‌رکه‌وتنی هه‌ر پارچه‌یێکیش
سه‌رکه‌وتنی هه‌موو کورده به‌گشتی.
6. بارودۆخی ئیستای کورد به گشتی له‌گه‌ڵ
رابوردوو گۆڕانی زۆری به سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام
هونه‌ری کوردیی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می
بارودۆخه‌که‌دا نه‌چۆته پێش، به‌تایبه‌تی له
باشووری کوردستان ئێمه پێشکه‌وتنێکی به‌رچاو له
هیچ بارێکه‌وه نابینن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر
هونه‌ری سینه‌ما چاو لێبکه‌ین ئه‌بینین که
به‌همه‌ن قوبادییه‌ک له ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی
ئێران‌دا ئه‌توانێ شاکاری وه‌ک ئه‌سپه‌کان و
کیسه‌ڵه‌کان بخولقێنێ که‌چی نموونه‌ی له‌و چه‌شنه
له باشووردا هێشتا بیرۆکه‌که‌شی له دایک
نه‌بووه! ئێوه هۆی ئه‌م چه‌قین و وه‌ستانه له
چیدا ده‌بینن؟
وه‌ڵام:
له باشووری کوردستان کار کراوه، له زۆر
باره‌وه، به‌ڵام گه‌نده‌ڵیی و دزیی ئه‌و
پارچه‌یه‌ی وا لێکردووه که تووشی کێشه بووه،
گه‌نده‌ڵییه‌که ئه‌وه‌نده زۆر و زه‌به‌ن و زه‌ق
و به‌رچاوه که ئه‌و کارانه‌شی داپۆشیوه!
له باشووری کوردستان کاتێک ساڵانه بوودجه
ته‌رخان ده‌کرێ بۆ هه‌موو شتێ، به‌ڵام بۆ هونه‌ر
هیچ شتێک له گۆڕێ‌دا نییه، هونه‌ر له کوێ گه‌شه
بکا؟
له باشووری کوردستان کاتێک یه‌ک ستۆدیۆی
تۆمارکردنی ده‌نگ که به‌کار بێ دانه‌نراوه،
گۆرانیبێژه‌کان چۆن په‌نا نه‌به‌نه به‌ر وڵاتانی
ده‌وروبه‌ر؟
له باشووری کوردستان که هێشتا کۆمپانیایه‌ک
نییه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می کوردیی، چۆن
ئیتر به‌رهه‌می گۆرانیی کۆپی نه‌کرێ و کامه یاسا
و رێسا ده‌توانێ به‌ر به کۆپیکردن و دزیی و
تاڵانی گۆرانی و به‌رهه‌می هونه‌ریی بگرێ؟
له باشووری کوردستان کاتێک ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان
هه‌ڵسه‌نگاندنیان نییه و کۆنترۆڵیان بۆ هێچ
کارێکی هونه‌ری نییه، چۆن به‌رهه‌می چاک و خه‌راپ
له‌یه‌ک جوێ بکرێته‌وه؟
له باشووری کوردستان که ده‌سه‌ڵاتێکی داڵۆسکه‌ی
چاره‌نووس نادیار هێشتا نه‌یتوانیوه یاسا بۆ زۆر
شت ده‌سته‌به‌ر بکا و پاشاگه‌ردانی زۆر بواری
ته‌نیوه، کێ پشتیوانی هونه‌ری کوردییه و چۆن
ئه‌و هونه‌ره ده‌توانێ له بنده‌ستی کۆمه‌ڵێک
بازرگانی چه‌ته و ده‌سبڕ قوتاری بێ؟
ئێمه تاکه هیوامان ئه‌وه‌یه ئێستا که
کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و
وه‌کوو جاران نه‌ماوه، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و
هه‌ستی خۆناسین گه‌شه‌یێکی زۆری کردووه، ئیشی باش
کراوه له بواری هونه‌ردا، به‌ڵام کاری واش
کراوه، که به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی تووشی
کیشه کردووه. دیاره ناکرێ کوردستانی باشووری
ده‌سه‌ڵات داڵۆسکه و چاره‌نووس نادیار که له
چووار لاوه که‌وتۆته به‌ر گێچه‌ڵ و فێڵ و
ته‌ڵه‌که‌ی داگیرکه‌ران و گرفت و کێشه‌ی زۆره
له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌کوو تورکییه یان ئێران و
ته‌نانه‌ت سووریه و هیدیکه‌ش به‌راورد بکرێ،
هێشتا له‌م پارچه‌یه دێمۆکراسی جێ نه‌که‌وتووه و
وه‌کوو به‌ره‌ڵایی هه‌ڵس و که‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ،
ئه‌م پارچه‌یه جارێ کێشه‌ی زۆره و یاسا جێگیر
نه‌بووه و پارله‌مان بێده‌سه‌ڵاته و ده‌سه‌ڵات
ده‌سه‌ڵاتی حیزبه نه‌ک خه‌ڵک. به‌ڕای من،
چاره‌سه‌ری ئه‌و چه‌قین و وه‌ستانه له‌وه‌دایه:
مه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی نوێ و بێ گێچه‌ڵ بتوانێ
ده‌سه‌ڵاتێک بێنێته سه‌رکار که دادوه‌ریی
کۆمه‌ڵایه‌تی تێدا ده‌سته‌به‌ر بێ و گرفته‌کانی
ئێمه‌ش چاره‌سه‌ر ببێ، ده‌نا له‌کاتی ئێستادا دۆخ
هه‌ر ئه‌م دۆخه‌یه که داوێنگری کاری هونه‌ریی
بووه و بۆته پاشاگه‌ردانیی.
7. بۆچی پاشاگه‌ردانییه؟ ئایا مۆسیقای کوردیش
بۆی نییه وه‌کوو مۆسیقای نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی
ده‌وروبه‌ری پێش بکه‌وێ؟ داخوا بۆی نییه له
مۆسیقای گه‌لانی دیکه که‌ڵک وه‌ربگرێ؟
وه‌ڵام:
ماوه‌یێکه هه‌ندێ گۆرانیبێژی نه‌ته‌وه‌که‌مان بێ
ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه ئه‌مه کارێکی
هه‌ڵه‌یه و زه‌ره‌رێکی زۆر له کولتووری
نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌دا، خه‌ریکی چڕینی هه‌ندێ
گۆرانین که له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌بییه و
وه‌رگێڕدراوی گۆرانیی گۆرانیبێژه عه‌ره‌به‌کانی
وه‌کوو (سوعاد حوسنی و نه‌جات سه‌غیره و فه‌رید
ئه‌تره‌ش و هیدیکه‌ن)، ئه‌وانه‌ش ئه‌م ئاوازانه
داده‌نێن خۆیان سوور ده‌زانن چیده‌که‌ن به‌ڵام به
داخه‌وه ناوی ده‌نێن نوێگه‌ریی و داهێنان! له
کاتێکدا وه‌کوو خۆرکه چوونه‌ته ناو که‌وڵی ئه‌و
گۆرانیبێژانه و گۆرانیی کوردی‌یان تووشی
سه‌رلێشێواویی کردووه. پاشانیش هه‌ندێ قه‌ڵه‌م
به‌ده‌ستی نه‌زان، دیفاعیان لێده‌که‌ن و بۆیان له
ئه‌ستۆ ده‌ده‌ن و ناوی ده‌نێن: (ململانێی
نه‌وه‌کان له مووزیک و گۆرانیی کوردی‌دا).
ئه‌مه‌یه کاره‌سات!، له کاره‌سات کاره‌ساتتریش
ئه‌وه‌یه که ئه‌م به‌ناو ئاواز دانه‌رانه
نوێنه‌ری مۆسیقای نه‌ته‌وه‌یه‌کن له ده‌سه‌ڵاتی
کوردستاندا. به داخه‌وه من له‌گه‌ڵ زۆر که‌س
له مووزیککارانی کوردستان قسه‌م کردووه و
پێمگوتوون بۆچی بێده‌نگن؟!، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن:
چیبکه‌ین ناتوانین ده‌ستیان بشکێنین، چونکه له
ده‌سه‌ڵات نزیکن و "پشتیان ئاسه"، ئه‌گه‌ر قسه
بکه‌ین نانبڕاومان ده‌که‌ن!
من دژ به‌وه نیم هونه‌ری کوردیی گه‌شه بکا و
پێش بکه‌وێ، به‌ڵام دژ به‌وه‌م گۆرانیی نه‌کوردیی
له وێنه‌ی تورکیی و عه‌ره‌بیی و فارسیی و هیدیکه
ده‌قاوده‌ق بدزرێ و بهێنرێته ناو گۆرانیی کوردیی
و به تازه‌گه‌ریی و به کاری نوێ له‌قه‌ڵه‌م
بدرێ. من دژ به‌وه نیم گۆرانیبێژانی کورد له
مۆسیقای و گۆرانیی گه‌لانی دیکه‌ی دنیا که‌ڵک
وه‌ربگرن بۆ ده‌وڵه‌مه‌نکردن و به‌جیهانیکردنی
مۆسیقا و گۆرانیی کوردیی! با گۆرانیبێژه‌کانمان
تێ‌بکۆشن ئاوازی تازه دابنێن، یان له فۆلکلۆری
کوردیی که‌ڵک وه‌ربگرن و به سه‌ریه‌وه ئاوازی
تازه دابنێن و به تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ مۆسیقای
رۆژاوایی به‌رهه‌می تازه بخولقێنن، چونکه
چووارچێوه‌ی مۆسیقا و گۆرانیی کوردیی، بۆ ئه‌و
کاره ده‌ست ده‌دا، ئیتر بۆچی ده‌قاوده‌ق
گۆرانییه‌کانی نه‌جات سه‌غیره و سوعاد حوسنی و
فه‌رید ئه‌تره‌ش و گۆرانیبێژه عه‌ره‌به‌کانی
دیکه ده‌که‌نه کوردیی، ئه‌مه خزمه‌ت نییه ،
ئه‌مه خه‌یانه‌ته. ئه‌م شێوازه که به
(ئه‌رابێسک) یان (ته‌ره‌ب) ناوی ده‌ر کردووه،
کاتی خۆی تورکه‌کانی تورکیه وه‌کوو شه‌قڵێکی
مۆسیقای سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان له عه‌ره‌ب
وه‌ریان گرت و زیندوو رایانگرت تا ئه‌مڕۆ، جا
چونکه نه‌یانتوانی بیشارنه‌وه، ناویان نا
(ئه‌رابێسک) که له وشه‌ی (Arabish)
ی ئینگلیسی که‌وتۆته‌وه، به‌ڵام له وڵاتانی
عه‌ره‌بی پێیده‌گوترێ: (طرب)، ئه‌مه
لاساییکردنه‌وه‌یێکی خه‌ته‌رناک و پڕمه‌ترسییه بۆ
دوارۆژی گۆرانیی کوردیی. به‌تایبه‌ت ئه‌م
شێوه‌یه‌ی که (کاک هه‌ڵکه‌وت زاهیر) ده‌یکا!
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌که‌مین نه‌ته‌وه که
ئه‌م شێوازه‌ی ده‌ست پێ‌کرد، تورکی عوسمانیی بوون،
پاشان فارس و ئه‌وسا ره‌گه‌ی هاویشته ناو گه‌لانی
دیکه‌ی وه‌کوو ئه‌ڤغانیی و ئازه‌ریی و هیدیکه‌وه.
ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی له وڵاتی ئێران، به‌م
شێوازه گۆرانی‌یان ده‌گوت: تاجیک، جبلی، رۆح
په‌روه‌ر، ایرج مه‌دیان، عباس قادری، ئازیتا، گیتا،
جه‌واد یه‌ساری، داوود مقامی و کۆمه‌ڵێکی دیکه.
ئێستا و ئێستاش گۆرانییه‌کی ئه‌مانه له رادیۆ و
ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران‌دا بڵاو نه‌بووه‌وه. چونکه
ده‌یانگوت زه‌ره‌ره بۆ مۆسیقای ئێرانیی.
هه‌رچه‌ند گۆرانییه‌کانیش زۆر به سۆز و به
ناوه‌رؤكێش گهلێریی بوون.
کاتی خۆی هونه‌رمه‌ندان: موحه‌ممه‌دی ماملێ و
حه‌سه‌ن زیره‌ک و مه‌لا حوسێن و هاشمی فیدایی
چوونه‌ته ئازه‌رباییجان و له‌گه‌ڵ مۆسیقای
ئازه‌ریی له ته‌ورێز، گۆرانیی کوردی‌یان تۆمار
کردووه، له تاران له‌گه‌ڵ مۆسیقای مه‌جلیسیی
رادیۆ تاران گۆرانی‌یان چڕیوه، چونکه له
کوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه، کرماشانی لێده‌رچێ،
کورد له کوردستانی رۆژهه‌ڵات، له هیچ شارێک
گرووپی مۆسیقای نه‌بووه، ئه‌و گۆرانییانه
ئێستاش هه‌ر مۆرکی کوردانه‌ی خۆیان له ده‌ست
نه‌داوه و، یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و
لێوه‌شاوه‌یی ئه‌و گۆرانیبێژانه ئه‌وه بووه،
ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆرانییه‌کی نه‌کوردییان کردبێته
کوردیی، به بێژره جووانه‌که‌ی خۆیان به‌رگێکی
کوردی‌یان له‌به‌ر کردووه، چونکه هه‌ر هه‌موویان
خاوه‌ن شێواز و قوتابخانه بوونه و شاره‌زای
گۆرانیی گه‌لێری و به‌ند و باوی نیشتمانه‌که‌ی
خۆیان بوونه. کاک موحه‌ممه‌دی ماملێ زیاتر له
80 گۆرانیی ئازه‌ریی کردووه به کوردیی و له دڵ
و ده‌روونی لایه‌نگرانی ئه‌و گۆرانیبێژه‌دا
ریشه‌یان داکوتاوه و کوردین و با ئازه‌ریش بن
تازه موڵکی کوردن.
به‌ڵام له باشووری کوردستان، هه‌ر که‌س ده‌نگی
خۆشه و تازه دێته ناو دنیای گۆرانیی،
گۆرانییه‌کی ته‌واوعه‌یار عه‌ره‌بی بۆ ده‌دزن و
وشه‌ی کوردیی له سه‌ر داده‌نێن و ده‌ڵێن فه‌رموو
بیخوێنه. له کاتێکدا ئه‌و گۆرانیبێژه هێشتا
که‌ونه‌گۆرانیبێژه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ناناسێ،
هێشتا له فۆلکلۆری نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی شاره‌زا
نییه، هێشتا هۆنراوه‌ی چوار شاعیری کوردی له‌به‌ر
نییه، ئاگای له رابردووی گۆرانیبێژه کۆنه‌کان
نییه تا بیکا به بنه‌مای کاره‌که‌ی، که‌چی به
گۆرانیی عه‌ره‌بیی یان تورکیی گۆش ده‌کرێ و بێژره
(تلفظ) و ده‌ربڕین (اداء)ی ئه‌و گۆرانیبێژه که
سه‌ره‌تای کاری هونه‌رییه‌تی و تازه‌کاره، به‌لای
عه‌ره‌بیدا ده‌به‌ن و له کوردیی دووری
ده‌خه‌نه‌وه. به جێگای ئه‌وه‌ی فۆلکلۆری کوردیی
پێ بناسێنن، فێری گوتنی عه‌ره‌بیی و تورکیی و
فارسیی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌یه چاره‌ڕه‌شی و
دواکه‌وتوویی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست!
به‌دبه‌ختییه‌که‌ی ئێمه له‌وه‌دایه، ئه‌م
قۆناخه‌ی که ئێمه تێداین قۆناخی رزگارییه،
به‌ڵام به‌داخه‌وه لێکی ناده‌نه‌وه و
نه‌ته‌وه‌یێکی بنده‌ستی بی ده‌وڵه‌ت که هێشتا به
نه‌ته‌وه‌ش له دنیای ده‌ره‌وه‌ی کوردستان قوبووڵ
نه‌کراوین، ده‌یه‌وێ لاسایی مادۆنام بۆ بکاته‌وه،
له کوردستانێ که هێشتا برینی خاوه‌ن
ئه‌نفاله‌کان ساڕ‌ێژ نه‌کراوه، ئه‌م هه‌ستێ له
ته‌له‌ڤزیۆندا وا نیشانی بدا که پێشکه‌وتووه و
رێچکه‌شکێنه و له گه‌لانی دیکه به‌جێ نه‌ماوه!
8. ئه‌گه‌ر وایه، ده‌بێ چی بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی که
پێش به‌م پاشاگه‌ردانییه بگیرێت؟
وه‌ڵام:
من هیچکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم مۆسیقای کوردیی له
جێگه‌دا بمێنێته‌وه و هه‌ر به ده‌وری
ره‌سه‌نایه‌تیدا بخولێته‌وه! کورد جارێ خۆی له
سه‌رده‌می خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا ده‌ژی و هێشتا
ئه‌و قۆناخه‌ی تێپه‌ڕ نه‌کردووه که کیژه
گۆرانیبێژه‌کانمان به تایبه‌ت ئه‌و کیژه
گۆرانیبێژانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین،
وه‌کوو کیژه‌گۆرانیبێژه‌کانی ئه‌ورووپا و ئامریکا
هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن. خۆ ده‌رخستن و خۆ
رووتکردنه‌وه و ناز و خه‌مزه نواندن، نوێگه‌ری
نییه. مه‌گه‌ر جیاوازیی نێوان ئه‌و
کیژه‌گۆرانیبێژه‌ی له که‌رکووک یان سلێمانی
ده‌ژی، چییه له‌گه‌ڵ ئه‌و کیژه‌گۆرانیبێژه‌ی له
سوید یان هوله‌ند ده‌ژی؟! جلی ره‌نگاوڕه‌نگ
له‌به‌رکردن و سمت و پووز ده‌رخستن کامه شوێنی
نوێگه‌رییه؟! گۆرانیی نه‌جات سه‌غیره بکرێته
کوردیی و کیژه‌کوردی ده‌نگخۆشی کورد بێچڕێ له کوێ
نوێگه‌رییه؟! نوێگه‌ریی ئه‌وه‌یه که ئاوازی
تازه، وشه‌ی تازه‌ی له‌سه‌ر بێ، به‌کورتیی به‌سته
(شێعری گۆرانی) ده‌بێ نوێ بێ و مۆسیقاش ده‌بێ
کارێکی تازه‌ی کردبێ هه‌تا پێی بگوترێ نوێگه‌ریی!
کورد هێشتا بنده‌سته و خۆی له بنده‌ستیی رزگار
نه‌کردووه و جارێ مۆسیقا و گۆرانیی کوردیی هێشتا
هه‌ر له ژێر کاریگه‌ریی مۆسیقای نه‌ته‌وه‌ی
باڵاده‌ستدایه و نه‌یتوانیوه رێچکه‌یه‌کی رێک و
خاڵی له کاریگه‌رییه‌کانی مۆسیقای نه‌ته‌وه‌ی
سه‌رده‌ست بگرێته به‌ر. کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه،
که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی نیوه داڵۆسکه‌ی
جاره‌نووس‌نادییاره له‌باری سیاسییه‌وه، کێشه‌ی
زۆره و پێویسته له هه‌موو بارێک و له هه‌موو
ئاستێک و له هه‌موو بوارێکه‌وه، چی سیاسی، چی
ئابووری، چی کۆمه‌ڵایه‌تی و هیدیکه هه‌نگاو
هه‌ڵبگرێ و بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و
پاککردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری داگیرکه‌ران خه‌بات بکا،
هه‌ر ئاوه‌هاش ده‌بێ تێ‌بکۆشێ که له باری
فه‌رهه‌نگییه‌وه زمانه‌که‌مان و مۆسیقاکه‌شمان
له کاریگه‌ریی و کارتێکه‌ریی ئه‌و داگیرکه‌رانه
پاک بکاته‌وه، به‌ڵام گوناه نییه که‌ڵک له
هه‌موو شتێکی ئه‌م دنیا پان و به‌رینه
وه‌ربگیردرێ بۆ پێشکه‌وتن و هه‌ڵچوونی کۆمه‌ڵگای
کورده‌واری. له‌م سه‌رده‌مه‌دا که سه‌رده‌می
گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژیایه. گه‌شه و خێرایی و
کارتێکه‌ریی ته‌کنۆلۆژیا ئه‌وه‌نده بڕێنه‌ر و
کاریگه‌ره، به ده‌ستی من و تۆ نییه و
شوێنه‌واری خۆی هه‌ر به جێ دێڵێ، به‌ڵام
ئه‌وانه‌ی دانسته به‌رهه‌می عه‌ره‌بیی له قاڵبی
کوردییدا ده‌رخواردی خه‌ڵکی کورد ده‌ده‌ن نوێگه‌ر
نین، چونکه ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ن بۆچی نا‌وێرن
بێنه ته‌له‌ڤزیۆن و دیالۆگێک به‌رپا بکه‌ن هه‌تا
خه‌ڵک ئه‌م نوێگه‌رییه‌یان بناسێ؟! ئه‌وانه‌ی
ئه‌مه به نوێگه‌ریی داده‌نێن، یان نه‌خوێنده‌وار
و نه‌زانن یان قه‌ڵه‌مفرۆشن که له رۆژنامه‌دا
دیفاع له کاری وا ده‌که‌ن و به نوێگه‌ریی
داده‌نێن!
کورد بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌کا: دوهه‌زار و
حه‌فتسه‌د و په‌نجا و شتێک ساڵه بوونی هه‌یه، ئێ
باشه له رۆژی وه‌کوو ئه‌مڕۆدا ئه‌گه‌ر چووار
تووریست و چووار گه‌ڕۆک و کۆمه‌ڵێک میوان هاتنه
ئه‌م وڵاته چی‌یان پێ نیشان ده‌ده‌ن؟ خۆ ناکرێ
هه‌ر باسی گۆرانیبێژه کۆنه‌کانیان بۆ بکه‌ن،
ئه‌دی دوای 38 ساڵ حوکمی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ، نابێ
له پلوپای ئه‌وه‌دا بن شتێکی نوێ بخولقێنین و
گه‌شه به مۆسیقاکه‌مان بده‌ین! گه‌لێکی وه‌کوو
تورک، له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌نی هیچ کولتوورێک
نییه، که‌چی ئه‌مڕۆ بۆته خاوه‌ن مۆسیقایه‌ک له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌ستی چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی
وه‌کوو عه‌ره‌ب و فارسی و هیدیکه‌ی له پشته‌وه
به‌ستووه و کاریشی کردۆته سه‌ر ئێمه! کورد
بێزمان و بێفهرههنگ نییه، کورد بێخاک و بێمێژوو
نییه، هه‌رچه‌ند زمان و فه‌رهه‌نگ و خاک و
مێژووه‌که‌شمان پڕه له رووداو و کاره‌سات و
بێخاوه‌نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها بڕوا،
ته‌مه‌نێک تووشی کێشه ده‌بین که هه‌ین و کێشه‌ی
فه‌رهه‌نگییش کێشه‌یه‌که هه‌روه‌ها به ئاسانی
چاره‌سه‌ر نابێ! له کوردستانی بنده‌ستی تورکیه،
له‌و کاته‌وه که زمان قه‌ده‌خه کرا و
کوردیپه‌یڤین له‌م پارچه‌یه یاساخ کرا، زمانی
تورکیی بوو به زمانی ئاخافتنی ئه‌و خه‌ڵکه و
تێکستی سه‌دان گۆرانیی کوردیش له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک
کوردی ده‌نگخۆشی کوردی نه‌زانی تورکیفێرکراو، که
نه‌یانده‌وێرا ببڕایببڕ باسی وشه‌ی کورد بکه‌ن،
کرا به تورکیی و تیکست یان به‌سته‌ی ئه‌و
گۆرانییگه‌له بزر بوون و نه‌مان! ئه‌م کاره‌ساته
بوو به هۆی ئه‌وه له چه‌ندین لاوه زه‌ره‌ر
له کولتووری کورد بدا، که ئێستا و ئێستاش ئه‌م
برینه چاره‌سه‌ر نه‌کرا و هۆنراوه‌ی ئه‌و
گۆرانییانه بۆ هه‌تاهه‌تایه نه‌ما و له‌ناو
چوون! مۆسیقای تورکیش وا خۆی راگرت و هێزی وه‌رگرت
که ئه‌مڕۆ ده‌بینین چۆن کاریگه‌ریی له‌سه‌ر
گۆرانیبێژه تازه‌کاره‌کانمان داناوه و مۆسیقای
کوردی‌یان چه‌واشه کردووه!
پێمخۆشه دیسان بڵیمه‌وه که ئه‌م بارودۆخه‌ی که
به‌رۆکی گۆرانیی کوردیی گرتووه، گرفتێکی جددییه
له کوردستان، من داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
ده‌که‌م، پێش به‌م پاشاگه‌ردانییه بگرێ و
داوایان لێده‌که‌ین، گوناحه له ریگای ئه‌م
جۆره کارانه‌دا تێچوون ده‌کرێ و پاره‌یه‌کی زۆر و
زه‌به‌ن هه‌روا به خۆڕا له کیس ده‌درێ و
گۆرانیی عه‌ره‌بی ده‌قاوده‌ق ده‌که‌نه کوردیی!
ئه‌م دۆخه‌ی که ئه‌مڕۆ داوێنگری گۆرانیی کوردیی
بووه، هیچ خزمه‌تێک به گۆرانیی کوردیی ناکا و
به پێچه‌وانه‌وه تووشی شه‌ڵته‌ی ده‌کا و
کردوویه‌تی، هه‌تا ئێستاش چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی
دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌که‌مان له سه‌ر ئه‌م کاره
نووسیویانه به‌ڵام به جێگای چاره‌سه‌رکردنی، له
لایه‌ن هه‌ندێ ئینسانی ناشاره‌زا و
نه‌خوێنده‌واره‌وه، به خراپ وه‌ڵام
دراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یان به دژی نوێگه‌ریی
زانیوه و پاشان وای نیشان ده‌ده‌ن که ئێمه دژی
حیزب و ده‌سه‌ڵاتین! ئه‌مه ته‌نیا دڵسۆزیییه
بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی که داوێنگری مۆسیقای کوردیی
بووه و هیچی دیکه!
9. گوایه به‌رهه‌می نوێت خه‌ریکه بڵاو بێته‌وه،
ئه‌گه‌ر وایه هێندێک له سه‌ر ناو و ناوه‌رۆکی
گۆرانییه‌کانی باس بکه و بشفه‌رموو له کوێ ده‌ست
ئه‌که‌وێ تا لایه‌نگرانی ده‌نگ و هونه‌ری تۆ
بتوانن ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش وه‌ده‌ست بێنن؟
وه‌ڵام:
به‌ڵێ ئه‌وه ماوه‌ی پێنج ساڵه، خه‌ریکی
وه‌به‌رهێنانی سیدییه‌کی نوێم، به‌ڵام
به‌داخه‌وه له‌به‌ر گواستنه‌وه‌مان بۆ کوردستان و
کۆچی دوایی مه‌رزیه و نه‌خۆشی خۆم و جارێکی دیکه
هاوسه‌رگیریی و له‌سه‌رڕا ده‌سپێکردنه‌وه‌ی ژیان،
هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی که‌وته دره‌نگ، سیدییه‌که له
14 تراک پێکهاتووه، ناویشم ناوه:
(ئێواره‌یه)
Ewareye.
به‌ڵام کاتێک که گۆرانییه‌کان ده‌به‌ن بۆ چاپ بۆ
تورکیه، یه‌کێ له گۆرانییه‌کان نه‌کرابووه‌وه،
هه‌رچه‌ند، چه‌ندین جار هاتوچۆیان کرد و هه‌وڵیان
دا بیکه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌ر نه‌کرایه‌وه، ناچار
ویستمان وازی لێ بێنین و بیکه‌ین
به 13 تراک، به‌ڵام هاوڕێی دڵسۆزم کاک جه‌مالی
زه‌حمه‌تی دا به‌ر خۆی و کارێکی کرد که ئه‌و
گۆرانییه به
یارمه‌تی برای به‌ڕێزم مامۆستا گۆران کامیل بۆ
بکاته‌وه و جارێکی دیکه بینێرینه‌وه بۆ
تورکیه، که ئێستا له ژێر چاپه‌و هیوادارم به
زووترین کات بێته ده‌رێ. به‌شێکیشی له‌به‌ر بێ
پاره‌یی بوو، که باش بوو برای به‌ڕێزم کاک کوردۆی
به‌رپرسی رادیۆ نه‌وا، پاره‌ی به قه‌رز پێدام
هه‌تا کاره‌کان ته‌واو بکه‌ین، ئه‌وسا له کاتی
بڵاوکردنه‌وه‌ی پاره‌که‌ی بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه. کاک
گۆرانیش له‌م سیدییه‌ی مندا زه‌حمه‌تێکی زۆری کێشا
و دڵسۆزانه کاری بۆ کرد و
به‌شی زۆری گۆرانییه‌کان ئه‌و دابه‌شی کردوون و
گۆرانییه‌کیشی مامۆستا فارۆق باپیر دابه‌شی
کردووه و گۆرانییه‌کیشی مامۆستا ئارا موحه‌ممه‌د.
هۆنراوه‌کانیش هی کاک ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د و کاک
شاهۆ تۆفیق و خۆم و چه‌ند که‌سی دیکه‌ن،
ئاوازه‌کانیش به‌شێکی هی خۆمن و به‌شێکیشی
فۆلکلۆرن. له‌سه‌رمان نووسیوه که ئاوازی کێ و
هۆنراوه‌ی کێن،که هاته ده‌رێ ده‌زانن چۆنه و
چییه و له کوێ تۆمار کراوه.
ستۆکۆڵم 20 .05 . 2009
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|