|
حاته‌م مه‌نبه‌ری
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری
پاش گه‌مارۆ
گۆشه‌یک له شه‌ڕی نێوان کۆمه‌ڵه و دێموکرات
به‌شی چواره‌م:
کاریگه‌ری تێکشکانی هێرشی حیزب بۆ
سه‌ر "نه‌رمه‌ڵاس" له‌سه‌ر درێژه‌ی شه‌ڕ
کۆمه‌ڵه هه‌وڵی ده‌دا تێکشکاندنی ئه‌م هیرشه
به‌رینه‌ی حیزب ( به حه‌ق) وه‌ک سه‌رکه‌وتنێک
بۆ خوی حیساب بکات . بۆیه هه‌م له رێگای
ته‌بلیغات و هه‌م له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی
هێزه‌کانی دا له شلێر، ئه‌یویست باروو دۆخی
شه‌ڕه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی خوی بهێڵێته‌وه.
زۆربه‌ی شه‌وه‌کان تیمی چه‌ندکه‌سی کۆمه‌ڵه
ده‌هاتنه سه‌ر بنکه‌کانی حیزب و له دووربینی
شه‌و که ئه‌وان هه‌یان بوو که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت ،
تا نزیک سه‌نگه‌ره‌کانی حیزب ئه‌هاتنه‌پێش و
زه‌ربه‌ی بچووک به‌ڵام کاریگه‌ریان له حیزب
ئه‌دا. رادیۆی کۆمه‌ڵه‌ش پاش ئه‌م "سه‌رکه‌وتنه"
هه‌وڵی ئه‌دا ئه‌م تێکشکانه‌ی حیزب به دوایین
هه‌وڵی حیزب بۆ له‌به‌ینبردنی کۆمه‌ڵه نیشان
بدات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رۆژێک دوای ئه‌م
هێرشه‌ی حیزب، وێڕای خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵی
پێکدادان و رده‌کارییه‌کانی ئه‌م هیرشه ،
ژماره‌ی پێشمه‌رگه و جێگای هێنانی هێزه‌کانی
حیزب( مه‌سه‌ڵه‌ن لکی یه‌کی هێزی پێشه‌و یان لکی
دووی هێزی به‌یان و...) له‌وتارێکی پڕ له وشه‌ی
سووک دا، ئه‌م ئاکامه‌ی وه‌رگرت: ئه‌گه‌ر حیزبی
بورژوازی کورد ، پاش ئه‌م سه‌رشۆڕیه‌ش دیسان
شوعاری" جه‌نگ جه‌نگ تا پیرووزی " ( به‌لاسایی
کردنه‌وه له کۆماری ئیسلامی له شه‌ڕی ئێران و
ئێراق دا '' نووسه‌ر") بگرێته به‌ر،
پێسمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه جگه له وه‌ڵامدانه‌وه
به لاسارییه‌کانی حیزبی دیموکرات چاره‌یکی تریان
نابێت و حیزبی دیموکراتیش جگه له رسوایی زیاتر،
هیچی دیکه‌ی به نسیب نابێ.(گێڕانه‌وه به
مانا).
به‌رپرسانی رادیوی حیزب و( حه‌تمه‌ن رێبه‌رانی
حیزبیش له بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی ) چاوه‌ڕوانی
"سه‌رکه‌وتن"ی هێزه‌کانی حیزب له م هێرشه
گه‌وره‌یه دا بوون، بۆیه زۆر به ناڕێک و پێکی
باسی ئه‌م شه‌ڕه‌یان کرد، له لایک ده‌یانه‌ویست
له به‌ربڵاوی هێرشه‌که و مه‌به‌سته‌کانی (
نابوودی کۆمه‌ڵه له نه‌رمه‌ڵاس) که‌م که‌نه‌وه
و له لایکیتر نه‌یانده‌توانی ژماره‌ی کوژراو و
برینداره‌کان بشارنه‌وه! ، له‌به‌ر ئه‌وه
قوربانییه‌کان ته‌نیا له هێزێک نه‌بوون،
به‌ڵکوو زۆربه‌ی هێز و ناوچه‌کانی ده‌گرته‌وه ،
پاساودانی سه‌خت بوو . هه‌رچۆنێک بێت ژماره‌ی
زیانه‌کان له رادیو خوێندرایه‌وه به‌ڵام له
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وتاره توند و پڕ له بێ
رێزییه‌کانی کۆمه‌ڵه ، به‌پێچه‌وانه‌ی جارانی
دیکه خۆیان پاراست!
ئه‌م تێکشکانه ئه‌گه‌رچی له سه‌ر وره‌ی هێندێک
که‌س کاریگه‌ری خراپی هه‌بوو، به‌ڵام به هۆی
زۆری زیانه‌کانیه‌وه جۆرێک گیانی
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له زۆربه‌ی هێزه‌کان دا ساز
کرد و به کرده‌وه‌ش مه‌جالی بۆ به‌رپرسان
فراوانتر کرد تا خۆیان بۆ درێژه‌دانی شه‌ڕه‌که
ئاماده بکه‌ن.
دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌ڕه له ناو حیزب دا
نهێنی و شاراوه نه بوو. تاهێر عه‌لیار که
ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی کومیته‌ی
شاره‌ستانی مه‌هاباد بوو ، به‌کرده‌وه دژایه‌تی
خوی له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌ڕه نه‌ده‌شارده‌وه. ئه‌و
ئێواره‌یه که بڕیار بوو هێرش بکه‌ینه سه‌ر"
نه‌رمه‌ڵاس " له میشیاو وتی: با ئه‌م هێزه
رووبکه‌ینه دژمن ، من دڵنیام ئه‌توانین شاری
سه‌قزی پێ بگرین، با ئه‌و "نه‌وت"ه‌ی شلێر هه‌ر بۆ
کۆمه‌ڵه بێ!. به‌ڵام زوو له لایه‌ن چه‌ند
که‌سه‌وه له‌وانه سه‌رگورد عه‌لیار دژایه‌تی کرا
. پێشمه‌رگه‌یک به ناوی ئیسمائیل ئه‌قده‌م وتی :
لێگه‌ڕێ، به ئه‌ی ره‌قیب ده‌ڕوین و به ئه‌ی
شه‌هیدان ده‌گه‌ڕینه‌وه! دواتریش گه‌لێک نموونه‌ی
له‌و چه‌شنه هاتنه پێش که من هه‌وڵ ئه‌ده‌م
له جێگای خوی دا ئیشاره‌یان پێ بکه‌م،
به‌تایبه‌تی دژایه‌تی ره‌شادی حوسه‌ینی له‌گه‌ڵ
شه‌ڕه‌که به گشتی و له‌گه‌ڵ هه‌ڵویستی
ئه‌ر‌ته‌شییه‌کانی ناو حیزب له په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه دا، وه‌ک سه‌رگورد عه‌لیار،
سه‌وان سابیر و غه‌نی غه‌نی پوور که ئاشکرا رقی
تایبه‌تی خویان له کۆمه‌ڵه نه‌ده‌شارده‌وه و
له به‌کارهێنانی په‌سنی ناسیاسی و ناشیرین دژ
به ئه‌وان خویان نه‌ده‌پاراست.
سه‌رگورد عه‌لیار پاش ئه‌م تێکشکانه زۆر تێکچوو.
له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌کانیش
دا نێوانی ناخوش بوو. ئه‌و پی وابوو هه‌موو
سه‌به‌بی سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌م هێرشه ه‌ی "بێ
نه‌زمی'' پێشمه‌رگه‌یه و وه‌ک سه‌رباز بێ
حورمه‌تانه قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرس و پێشمه‌رگه
دا ده‌کرد. هیج حیسابێکی بۆ وره و بڕوای
پێشمرگه‌ی کۆمه‌ڵه نه‌ده‌کرد و ئه‌ساسه‌ن ئه‌و
بۆ چوونی تایبه‌تی خوی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه هه‌بوو!.
پاش چه‌ند حه‌فته هه‌ردووک فه‌رمانده هێزی
سه‌قز و سنه ( کاوسی نیازمه‌ند و مه‌می ته‌هامی)
به هوی "که‌مکاری" له‌م شه‌ڕه دا له‌سه‌رکار
لابران و سه‌رگوردیش به ژماره‌یک پێشمه‌رگه‌وه
گه‌ڕایه‌وه (یان بانگ کرایه‌وه) بۆ ده‌فته‌ری
سیاسی و له رێگا دا له ناوچه‌ی بانه تووشی شه‌ڕ
له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی بوون .
سه‌رگورد و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یکی‌تر له‌م شه‌ڕه دا
گیانیان له‌ده‌ست دا که من ته‌نیا ناوی
که‌سێکیانم له بیره به‌ناوی عه‌بوبه‌کری
کاکه‌برا ناسراو به عه‌بوو سه‌قزی که پاسه‌وانی
تایبه‌تی سه‌رگورد عه‌لیار بوو.
درێژه‌ی هه‌یه
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|