|
حاته‌م مه‌نبه‌ری
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری
hatemmenberi@hotmail.com
پاش گه‌مارۆ
گۆشه‌یک له شه‌ڕی نێوان کۆمه‌ڵه و دێموکرات
به‌شی پانزده‌هه‌م:
کۆنگره‌ی هه‌شته‌می حیزبی دیموکرات،پشتگوێ خستنی
شه‌ڕی کۆمه‌ڵه و سازکردنی شه‌ڕێکی‌تر
کۆنگره‌ی هه‌شته‌می حیزبی دیموکرات له زستانی
1366ی هه‌تاوی له شاری سلێمانی دا به‌سترا. ئه‌و
کات و سه‌رده‌مه نه‌ک ته‌نیا به‌نیسبه‌تی حیزبی
دیموکراته‌وه به‌ڵکوو به نیسبه‌تی گشت
بزووتنه‌وه‌ی کوردستانه‌وه زۆر گرنگ و چاره‌نووس
ساز بوو. له لایه‌ک شه‌ڕی ئێران- ئێراق
گه‌ییشتبووه لووتکه‌ی مه‌ترسییه‌کانی خوی،
هه‌ردووک ده‌وڵه‌ت به دڕه‌ندانه‌ترین شێوه شار و
گونده‌کانیان تۆپ، مووشه‌ک و بۆمبباران ده‌کرد.
هه‌ر
سه‌ره‌تای هاوێنی ئه‌و ساڵه( 28-4-1366) بوو که
ده‌وڵه‌تی سه‌دام بێ پرس و ترسی که‌س، شاری
سه‌رده‌شتی دایه به‌ر بۆبمبای "قه‌ده‌خه کراوی"
شیمیایی
.
سه‌دان که‌سی سیڤیل و بێتاوانی کوشت و هه‌زاران
که‌سی تریشی بریندار کرد که چی به ئه‌ندازی
ژاراوی بوونی ده مراوی (سۆنه) له یه‌کێک له
ده‌ریاکانی وڵاتێک دا، خه‌ڵکی خاوه‌ن ته‌مه‌دونی
دونیای رانه‌چڵه‌کاند! ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ئێران
خوشی حازر نه‌بوو دوو هه‌واڵنێری بێگانه بباته
ئه‌و شاره و دنیا له‌و تاوانه ئاگادار بکات!
ریژیمی هار و دڕه‌نده‌ی سه‌دام پڕۆسه‌ی دژی
ئینسانی ئه‌نفالی خستبووه کار و رۆژانه شار و
گوندی کوردی له‌گه‌ڵ خاک ته‌خت ده‌کرد.
زیندانه‌کان له تێکۆشه‌رانی کورد پڕکرابوون و
سڕینه‌وه‌ی فیزیکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ندین میلیۆنی
به کرده‌وه له ئارادا بوو !
له لایه‌کیتره‌وه جووڵانه‌وه‌ی کورد له
هه‌رچوار پارچه‌ی وڵات دا له ژێر فشاری
داگیرکه‌ران و شه‌ڕی خۆکوژی دا رۆژ له دوای رۆژ
لاوازتر و خه‌ریکی به‌چۆک دا هاتن بوو
.
دنیای ده‌ره‌وه و وڵاتانی ده‌سه‌ڵاتداری دنیا و
رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ، پارێزه‌رانی
مافی مرۆڤ ، ئه‌منستی ئیته‌رناسیۆناڵ، سه‌لیبی
سووری جه‌هانی و... که‌مترین بایه‌خیان به‌م
خه‌ڵک قڕانه نه ئه‌دا و...
هه‌موو ئه‌م هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌یان خواست و
رێبه‌رانێکی هۆشیار و به‌رپرسیش ده‌بوا ده‌رکی
پێبکه‌ن که کورد ئه‌بێت کێشه ناوخۆیه‌کانی خوی
که‌م کاته‌وه.
هه‌وڵی جۆرێک لێک حاڵی‌بوون و یه‌کگرتن بدات و
توانا‌و ئیمکاناته‌که‌ی بۆ مانه‌وه و خۆپاراستن
به‌کاربێنێ؛ نه‌ک بۆ بڕینه‌وه‌ی ریشه‌ی خوی! بۆ
نموونه ده‌بوا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا بێ
راوه‌ستان و بیانوو هێنانه‌وه، کۆتایی به شه‌ڕی
بێئاکامی چه‌ندین ساڵه‌ی نێوان دوو هێزی سه‌ره‌کی
مه‌یدانی خه‌بات(کۆمه‌ڵه و دێموکرات)
بهێنرێ،به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پیویستی و
داخوازییانه، له نێوان کۆنگره‌ی حه‌وت و هه‌شت
دا کێشه ناوخۆیه‌کانی حیزبی دیموکرات وا به‌ربڵاو
و گه‌وره ببوونه‌وه که ده‌گمه‌ن که‌سانێک
په‌یدا ده‌بوون که شه‌ڕی نێوان کۆمه‌ڵه - حیزب
و ئه‌م باره ناهه‌مواره مه‌ترسیداره‌یان له بیر
بێ!
دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌رفکه‌ندی له فکری
یه‌ک ده‌ست کردنی رێبه‌ری حیزب و وه‌لانانی
ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی رێبه‌ری‌دا بوون . بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زۆر پێش کۆنگره کاری خویان
کردبوو. هه‌ر له کاتی کۆنفه‌رانسه‌کانی
کۆنگره‌وه کێشه‌کان ده‌رکه‌وتن و کاتی
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی رێبه‌ری ئه‌م کێشانه
گه‌ییشتنه ئه‌وپه‌ڕی خوی.
پێشتر رسم و عاده‌ت وابوو که هه‌موو به‌شدارانی
کۆنگره،( به شه‌رتێک دوو ساڵ ئه‌ندامی حیزبوو
بن) ئه‌یانتوانی خویان بۆ ئه‌ندامی رێبه‌ری کاندید
بکه‌ن و ئه‌گه‌ر ده‌نگی پیویستیان هێنابا ده‌بوونه
ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی. به‌ڵام له‌م
کۆنگره‌یه دا لیسته‌یه‌ک له لایه‌ن دوکتور
قاسملووه‌وه ئاماده کرابوو و، به‌شدارانی
کۆنگره ده‌بوا ده‌نگ به لیسته‌که بده‌ن نه‌ک
به هه‌رکام له ئه‌ندامانی ناو لیسته‌که. واتا
ده‌نگ دان به لیسته ده‌نگ دان بوو به 23 که‌س
که پێشتر وه‌ک دڵخوازی دوکتور و هاوبیرانی ناویان
له لیسته‌که دا نووسرا بوو. ئه‌م شێوه ده‌نگ
دانه خوی وه‌ک خاڵێک که‌وته ده‌نگ دانه‌وه و
له ژێر کۆمه‌ڵێک فشار و "تۆران" و.... به
شێوه‌یه‌کی لاواز ده‌نگی هێنایه‌وه. سه‌ره‌نجام
هه‌ڵبژاردنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌و شێوه‌یه
ئه‌نجام درا . هه‌موو که‌سه دڵخوازه‌کانی سکێرتری
حیزب بوونه ئه‌ندامی رێبه‌ری حیزب و ئه‌وانه‌ش
که ده‌بوا وه‌لا بنرێن وه‌لا نران.
هه‌ر له سالۆنی کۆنگره‌وه تا دوومانگ دواتر ئه‌م
کێشانه له سه‌راسه‌ری ئورگانه‌کانی حیزب دا
به‌رده‌وام بوون و گه‌لێک هه‌وڵ و ته‌قالا درا تا
به‌ڵکوو کۆنگره‌یه‌کی نائاسایی بگیردرێت و
چاره‌یه‌ک بۆ یه‌کپارچه هێشتنه‌وه‌ی حیزب
بدۆزرێته‌وه. به‌ڵام باڵی باڵاده‌ست و له
کۆنگره دا "سه‌رکه‌وتوو" رازی نه‌بوو .
سه‌ره‌نجام رۆژی 1-1-1367 ی هه‌تاوی 15 که‌س له
ئه‌ندامانی رێبه‌ری پیشووی حیزب له
به‌یاننامه‌یه‌کی زۆر توند و نا دۆستانه دا
رایانگه‌یاند که ئه‌وان "فراکسیۆنی
شه‌ره‌فکه‌ندی-قاسملوو"یان له حیزب دا "ته‌رد"
کردووه و به ناوی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێری حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران ده‌یان هه‌وێ حیزب
بهێننه‌وه سه‌ر رێبازی راسته‌قینه‌ی خوی.
ئه‌م پازده‌که‌سه ئامانجه‌کانی خویان له ده‌خاڵ
دا ده‌ست نیشان کردبوون و داوایان کردبوو که
ئه‌ندامانی حیزب پشتیوانی‌یان لێبکه‌ن. زۆری
نه‌خایاند که له هه‌موو ناوچه ،هێز و
کومیته‌کانی حیزبه‌وه پۆل پۆل کادر و پێشمه‌رگه
به‌ره‌و شاری رانیه‌ی باشووری کوردستان،شوێنی
نیشته‌جێ بوونی ئه‌و پازده‌که‌سه هاتن و له
ماوه‌ی مانگێک دا ژماره‌ی لایه‌نگرانی
رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ گه‌ییشته نزیک 500 که‌س که
به‌شێکی زۆری کادره کۆن و خاوه‌ن رابوردووه‌کانی
حیزیان له‌به‌ر ده‌گرت.
به‌شێکی زۆری ئێمه( هێزه‌کانی زاگرۆس،دووی
رێبه‌ندان و به‌یان) دوای بینینی سه‌ناریۆی تاڵ و
پڕ له کاره‌ستای خنکانی هه‌ڵه‌بجه و رزگاربوون
له گه‌مارۆی سه‌خت و پڕ له مه‌ترسی هێزه‌کانی
ئێران له ناوچه‌ی شاره‌زوور، وه‌ک دیاری ساڵی
تازه و نه‌ورۆزانه له ئوردووگای " زه‌ڕه‌یان "
له کاتێک دا دوکتور قاسملوو بۆ خوی هاتبوو به
پیریمانه‌وه بۆ ئه‌و شاره، هه‌واڵی ئه‌م دوو
له‌ت بوونه‌ی حیزبمان له زاری ئه‌وه‌وه بیست.
( من ئه‌زانم
درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه هێندێک له ئه‌سڵی
بابه‌ت دوورمان ده‌خاته‌وه به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م
بۆ روونبوونه‌وه‌ی رووداوه‌کان پیویسته. چوونکه
پێموایه ئیتر درێژه‌دان به شه‌ری ناوخۆ ببووه
وه‌سیله‌یه‌ک بۆ پێشبردنی ئامانجه ناوخۆیه‌کانیش)
رۆژێک دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی
رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر، حیزبی دیموکراتی کوردستانی
ئێران له زمان کومیسیوونی سیاسی- نیزامییه‌وه
ئه‌م پازده که‌سه‌ی "له حیزب وه‌ده‌رنان" و وه‌ک
"باندی لاده‌ری چاش موجاهێد" ناودێری کردن.
................
حیزبی دیموکرات بوو به دوو له‌ت ، من یه‌کێک له‌و
که‌سانه بووم که له‌گه‌ڵ باڵی رێبه‌رایه‌تی
که‌وتم و له‌و کاسانه‌شیان بووم که هه‌وه‌ڵجار
گه‌ڕامه‌وه بۆ ناوچه. رێبه‌رایه‌تی دوای مانگێک
"یه‌ک لایه‌نه!" ڕاگرتنی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه
راگه‌یاند (کۆمه‌ڵه هه‌ر دوای شه‌ڕی
هه‌ورامانه‌وه خوازیاری ئاگربه‌س و راگیرانی شه‌ڕ
بوو و به هه‌زار زمانیش هاواری بۆ ده‌کرد) و
کۆمه‌ڵه‌ش زوو قه‌بووڵی کرد و جۆرێک په‌یوه‌ندی
له نێوان ئه‌و دوو حیزبه دا هاته ئاراوه که
به بڕوای من بوو به بناخه بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی
دواتری ناو حیزبه‌کانی دیکه‌ش.
ئێمه که چووینه‌وه ناوچه ترسی شه‌ڕی
کۆمه‌ڵه‌مان نه‌ما بوو به‌ڵام هاوڕێیانی دوینێ
خومان لی ببونه دوژمن. بۆیه شتێک له باری ئێمه
که‌م نه‌ببوه‌وه. سه‌ره‌تا که گه‌ڕاینه‌وه
ناوچه له ده‌وروبه‌ری بانه تووشی ژماره‌یه‌ک
پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نی به‌رابه‌رمان بووین و وایان
لێ حاڵی بووین که ئه‌وه‌ی رادیۆی حیزب ده‌یڵێ
زیاتر "بۆ ترساندنه" ده‌نا که‌س حازر نیه
شه‌ڕێکی تر ساز بکات. له ناوچه‌ی سه‌قزیش سێ
کادری خومان لێ جیا بوونه‌وه و قه‌رار بوو بڕۆن
بۆ نزیک شاری سه‌قز و کاری رێکخستن بکه‌ن. دوای
دووڕۆژ ئاگادار کراین که ئه‌و سێ که‌سه‌ی ئێمه
تووشی هێزی دووی رێبه‌ندانی ئه‌ولاکه‌ی حیزب بوون
و له‌گه‌ڵیان دا خه‌ریکی گه‌ڕانن! راستییه‌که‌ی
ئه‌م هه‌واڵه بۆ من زۆر دڵخوشکه‌ر بوو چوونکه
بڕوام کردبوو که قسه‌ی ئه‌و هاوڕییانه راسته‌و
رێبه‌رانی حیزب ته‌نیا ویستوویانه بمانترسێنن تا
به‌و شێوه‌یه پێشی هاتنه خواره‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی
زۆرتر بۆ لای رێبه‌رایه‌تی بگرن! دوای حه‌فته‌یه‌ک
له رادیۆی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه
گوێمان له‌م هه‌واڵه بوو: که‌سێک به ناوی
حه‌سه‌نی ئیسلامی که پێشتر ئه‌ندامی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، پاش ئه‌وه‌ی که
هێندێک شتی گرنگ و نهێنی حیزبی دزی بوو خوی ون
کردبوو و سه‌ره‌نجام هاوڕێیانمان ناوبراویان له
ناوچه‌ی سه‌قز دیته‌وه،پاش لیپرسینه‌وه و
.....حه‌سه‌نی خایه‌ن له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانی
حیزبه‌وه به سزای خیانه‌ته‌کانی گه‌ییشت!!؟؟.
حه‌سه‌ن به‌رپرسی ئه‌و دوو کادره‌ی دیکه‌ی ئێمه و
کادرێکی چه‌ندین ساڵه‌ی حیزب و رۆڵه‌یه‌کی شه‌ریف
و سادقی خه‌ڵکی کوردستان بوو. جگه له‌وه وه‌ک
هه‌موو ئێمه هه‌ڵویستی گرتبوو و بیسیمێک که پێش
جیابوونه‌وه کاری له‌سه‌ر ده‌کرد و له گه‌ڵ
(وه‌ک زۆر که‌سیتر) خوی هێنابووی. ئه‌گینا هیچ
به‌ڵگه‌ی گرنگ و نهێنێه‌کی حیزبی نه‌دزی بوو،
پێشتریش برایه‌کی له ریزی حیزب دا گیانی له
ده‌ست دابوو.
خه‌به‌ری ئیعدام کردنی حه‌سه‌ن به‌ده‌ستی هاوڕیانی
دوێنیی خۆی و به‌فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی
رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیڕان
هه‌موو خوشخیاڵییکی ئێمه‌ی پووچه‌ڵ کرده‌وه،
ده‌رکه‌وت که هه‌ڕه‌شه‌ی حیزبی دیموکرات ته‌نیا
قسه نیه ، ده‌بوا ئاگامان له خومان بێت و
ئاماده‌ی براکوشتن و ماڵوێرانیه‌کی تر بین.
رۆژێک دوای ئه‌م هه‌واڵه به بیسیم له‌گه‌ڵ
تیمێکی کۆمه‌ڵه قسه‌مان کرد و پاش خوناساندن
جێگای خوشمان پێ ڕاگه‌یاندن، دواتر به دووربین
جێگای ئه‌وانیشمان دیته‌وه و بڕیارمان دا
ته‌لیسمی دووری گرتن و له‌یه‌ک مۆڕ بوونه‌وه
بشکێنین و به جێ به بیسیم بڕوین و له نزیکه‌وه
قسه بکه‌ین.
کاک ره‌شاد حوسه‌ینی و پێنج که‌سیتر له جێگایه‌ک
مانه‌وه و من و پێشمه‌رگه‌یه‌ک به ناوی "هادی
رۆسته‌می" چووین بۆ ئه‌و جێگایه که
پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی لێ‌بوو. دۆڵێک له پشتی
ئاوایی "گوڵچییه‌ر". تا ئێمه نه‌چووینه بیست
سی میترییان نه‌یان زانی و که زانییان زوو
ده‌وره‌یان گرتین. به‌ره‌و پیرییان روویشتین و
دوای چوار ساڵ یه‌کتر کوشتن ده‌ستمان کرده ملی
یه‌ک و ئه‌م لاو ئه‌ولای یه‌کترمان ماچ کرد. دواتر
ناردمان پێشمه‌رگه‌کانی تری ئێمه هاتن و نان و
چایه‌کی پێشمه‌رگانه‌مان له‌و دۆڵه دا
به‌یه‌که‌وه خوارد . سه‌رجه‌م سێ رۆژ و دوو شه‌و
پێکه‌وه بووین و کۆڵێک خواردن و که‌ل و په‌لیشیان
پێداین.به‌رپرسانی ئێمه ره‌شاد حوسه‌ینی و
نه‌جمه‌ی زۆرئه‌سنا و به‌رپرسانی ئه‌و کاروانه‌ی
کۆمه‌ڵه‌ش عه‌بدوڵا دارابی و ساڵح سه‌رداری بوون و
رۆژی دواتر کاک مینه‌ی حیسامی و چه‌ند به‌رپرسێکی
تری کۆمه‌ڵه‌مان بینین...
گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکه‌ن که په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر
کام بابه‌ته
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م
بابه‌ته بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سه‌رچاوه
که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته ئازاده
|