حاته‌م مه‌نبه‌ری

حاته‌می مه‌نبه‌ری ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری            hatemmenberi@hotmail.com

له‌ ساڵیادی ئه‌نفال دا ، نه‌هێڵێن ئه‌نفالکردنی ده‌یان هه‌زار هاونیشتمانی فه‌یلی‌مان  فه‌رامۆش بکرێت

رۆژی چواردەی ئاپریل رۆژی رێزلێنان و وەبیرھێنانەوەی ئەو سەدان ھەزار مرۆڤەیە كە تەنیا بەتاوانی كوردبوون گیران ، شكەنجە و پاشان بێسەروشوێن كران، سەراسەری تەمەنی ریژیمی سەدام حوسەین بۆ خەڵكی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین نەگبەت و وێرانی بوو, بەڵام بۆ كوردان جگە لەمانە قڕكردن و لە رەگ وریشە دەركێشانیش بوو.

سەدام و دەسەڵاتی بەعس تا بۆیان كرا لە وڵاتی ئێمە دا تاوانیان كرد و لەم بارەوە گشت سنوورێكیان بەزاند، شار و گوندی ئێمەیان رووخاند و سەرچاوەی ژیانیان لێ بەستین، كانیاوەكانیان كوێر كردنەوە و رەز و باخ و مووچە و مەزرایان  وشك كردین، خەڵكی ئەم جێگا وێرانكراوانەیان بەكۆمەڵ كوڵەپێچ كردن و بۆ جێگای دوور و بیابانی لە جەھەندەم چووی عەربستانیان بردن، لەوی پاش ھەموو دڕەندەگییك كۆمەڵ كوژیان كردن و گۆڕەكەشیان لە خەڵك شاردنەوە. ھەموو جوورە چەكێكی قەدەخە كراویان لە دژ بەكار بردین و بە زۆری زۆرداری تاوانەكانیان لە دونیا شاردەو.

سەرەتای ھەشتاكان و لەگەڵ دەستپێكرانی شەڕی ئێران و ئێراق  دا ،دەركردن و راونانی كوردە "فەیلییەكان" دەستی پێ كرد و لە پڕۆسەییكی چەند مانگە دا وێڕای وەدەرنانی دەیان ھەزاریان  لە ئێراق، نزیك پازدەھەزار  كوڕ و پیاوی نێوان 15-45 ساڵ بێسەر و شوين كران و پێنچ ساڵ پاش نەمانی ریژیمی بەعسیش  ھێشتا كەس لە جێگای كوشتن و گۆڕستانە كەشیان خەبەری نیە!! دەوڵەتی كوردی و دەوڵەتی نوێ ئێراق كە بەرپرسی روون كردنەوەی تاوانەكانی ریژیمی پیشوون، تائیستا بچووكترین زانیارییان بە بنەماڵەی ئەم قوربانییانە نەداوە.

"فەیلییەكان" بەشی ھەرە ستەملێكراوی  كوردن، بەعس و سەدام ئەوانیان پێ كورد و ئێرانی بوون و تۆڵەی  سەدان ساڵەی عەرەب  لە عەجەمیان لێ دەكردنەوە، ئێرانیەكان ئەوانیان پێ ئێراقی و كورد بوون و تۆڵەی تۆڵەیان لێ دەكردنەوە و پاش سی ساڵ مانەوە لەئێران وەك زیادی و مێوانی نەخوازراو چاو لێ دەكران و كوردەكانی دیكەش قەت حیسابی كوردیان بۆ ئەم بەشەی نەتەوەی خویان نەكردووە، یان لە باشترین حاڵەت دا پشتگوێێان خستوون و بە نیسبەتیانەوە بێ موبالات بوون. بەڵگەش لەمبارەوە فراوانن و تەنیا یەك دانەیان ئەوەیە كە مێدیای سەربە گشت لایەنە كوردییەكان بچووكترین جێگایان بۆ ئەم تاوانەی سەدام و ئەم سەدان ھەزار كوردە قوربانیە تەرخان نەكردووە.

ھەڵبجە و بارزانیەكان وەك دوو خاڵی لووتكە لە پڕۆسەی دەیان ساڵەی تاوانەكانی سەدام دژ بە گەلی كورد بۆ كورد و تا ئەندازەییكیش بۆ خەڵكی جیھان ناسراون ، بەلام لەناو بردنی "كوردە فەیلییەكان" ھێشتا لە تاریكی دا ماوەتەوە و جێگای شیاوی خوی پێ نەدراوە، بە ھەموومان ھەوڵ بدەین ئەم دیوارە بێده‌نگی‌یه‌ بڕووخێنین و لەم بەشە ماف پێشێلكراوەی نه‌ته‌وه‌که‌مان خاوەن دەركەوین، بەم كارەمان ھەم ئەركی ئینسانی خومان بەجێ بێنین و ھەم تاوانێكی گەورەی تاوانباران ئاشكرا بكەین.

 

 گه‌ر بۆچوونێکت هه‌یه‌ ئێره‌ کلیک بکه

تکایه‌ ئیشاره‌ بکه‌ن که‌ په‌یامه‌که‌تان له‌سه‌ر کام بابه‌ته‌

 

مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌ڵوێست پارێزراوه‌ ، به‌‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بابه‌ته‌ ئازاده‌


هه‌ر بابه‌تێک له‌ لایه‌کی دیکه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ له هه‌ڵوێست دا  ئارشیڤ ناکرێت      Copyright © 2004-2006 , www.helwist.com