|

مارکس له ههڕهتی لاویدا |
یازدە تێز لەمەڕ فۆیرباخ
کارل مارکس
و:
هادى محەمەدى
Hadi_m1974@yahoo.com
(1)
لاوازیى سەرەکى هەموو ماتریالیزمى پێشوو ــ لەوانە
ماتریالیزمى فۆیرباخ ــ ئەوەیە کە شتەکان، فاکت،
دنیاى بەرهەست تەنیا بەشێوەى ئوبژکتیڤ یان بینینى
پەسیڤ و [چاودێرانە] یان وەک دەرکى حسى دەبینێ، نە
وەک چالاکى بەرهەستى مرۆڤ، وەک پراتیک، وەک کردیار
[subjectivity].
هەر بەمهۆیە، لە دژایەتى لەگەڵ ماتریالیزم،
ئایدیالیزم گەشە بە رەهەندى ئەکتیڤ دەدات، بەڵام
بەشێوى ئابستراکت. چونکە ئاساییە کە ئایدیالیزم
ناتوانێ چالاکى کۆنکرێت و بەرهەست، بەشێوەى واقعى،
بناسێت. فوێرباخ دەیەوێ ئوبژەى بەرهەست لە ئوبژەى
[بابەتى] ئەندێشە جیابکاتەوە؛ بەڵام چالاکى مرۆڤ
وەک چالاکى ئوبژکتیڤ نابینێ. بەمهۆیە، لە کتێبى
گەوهەرى مەسیحیەت دا تەنیا چالاکى تیۆریک بە
چالاکییەکى بەڕاستى ئینسانى دەزانآ و پراتیک تەنیا
وەک دەرکەوتنى دزێوى ــ یەهودایى تیۆرى دەبینێ.
بەمهۆیە، گرنگى چالاکى "شوڕشگێڕانە"، "گرنگى
تێکۆشانى پراتیکى ــ رەخنەگرانە" دەرک ناکات.
(2)
ئەم پرسە کە ئایا ئەندێشەى مرۆڤ دەتوانێ هەقیقەتى
ئوبژکتیڤ دەرک بکات یان نە، پرسێکى تیۆریک نییە،
بەڵکوو پرسێکى پراتیکییە. لە "پراتیک" دایە کە
مرۆڤ دەبێ هەقیقەت، یانى بوونى توانا و سروشتى
دنیایى ئەندێشەى خۆى بسەلمێنێ. مشت و مڕ لەمەڕ
بوون یان نەبوونى ئەندێشە بە جیاواز لە کردار،
پرسێکى تەواو سکۆلاستیکى یە.
(3)
ئەو بیرە ماتریالیستییە کە مرۆڤەکان بە بەرهەمى
بارودۆخ و پەروەردە دەزانێ و پێى وایە کە بۆ
گۆڕینى مرۆڤەکان دەبێ بارودۆخ و شێوەى پەروەردە
بگۆڕین، لەبیرى دەچێ کە مرۆڤەکان بارودۆخ دەگۆڕن و
خودى راهێنەریش پێویستى بە پەروەردە هەیە.
بەمهۆیە، ئەم بیرە بەناچار کۆمەڵگە بە دوو کەرت
دابەش دەکات کە یەکیان سەرتر لە کۆمەڵگە دەوەستێ
(بۆ نموونە روانگەى رابێرت ئاون).
گۆڕانى بارودۆخ و تێکۆشانى مرۆڤ پێکەوەن و تەنیا
بە پراتیکى شۆڕشگێڕانە دەتوانین بەشێوەى ئەقڵانى
شرۆڤەى بکەین.
(4)
فۆیرباخ بەپێى ئەم بنەمایە کە دین مرۆڤ لە خۆى
بێگانە دەکات، جیهان بە دوو دنیاى دینى ــ خەیاڵى
و واقعى دابەش دەکات. کارى ئەو بریتیە لەوە کە
دنیاى دینى لە بناغەى دنیاى واقعى دا دەتوێنێتەوە.
ئەو نازانێ کە بەم کارە پرسى بنەڕەتى هێشتا روون
نابێتەوە. بەتایبەت ئەم پرسە کە چۆن بنەماى دنیایى
[دنیاى واقعى] لە خۆى جیادەبێتەوە و وەک دەڤەرێکى
سەربەخۆ لەنێو هەورەکان دا جێگیردەبێ. ئەم پرسە
تەنیا بەپێى دوالیزم و ناکۆکى دەروونى بنەماى
دنیایى راڤە دەکرآ. کەوابوو سەرەتا دەبێ ئەم بنەما
دنیاییە بە هەموو ناکۆکیەکانەوە دەرک بکەین، تا
پاشان بتوانین بە پراتیک بە سڕینەوەى ناکۆکییەکان،
بەشێوى شۆڕشگێرانە بیگۆڕین. بۆ نموونە، هەر کە
تێبگەین کە رازى ماڵباتى ئاسمانى لە ماڵباتى
زەمینى دایە، دەبێ بە رەخنەى تیۆریک ماڵباتى
زەمینى شرۆڤە بکەین و بە پراتیکى شۆڕشگێڕانە
بیگۆڕین.
(5)
فۆیرباخ کە بە ئەندێشەى ئابستراکت رازى نابێت، روو
دەکاتە دەرکى حسى، بەڵام دنیاى بەرهەست وەک چالاکى
پراتیکى و واقعى مرۆڤ نابینێت.
(6)
فۆیرباخ گەوهەرى دین لە گەوهەرى مرۆڤ دا
دەتوێنێتەوە. بەڵام گەوهەرى مرۆڤ تاکى ئابستراکت و
ئیزولە [و دابڕاو لە خەڵک] نییە، بەڵکوو تێکڕاى
پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان هەقیقەتى زاتى مرۆڤ
پێکدێنن.
بۆوەى کە فۆیرباخ ئەم دنیا واقعییە راڤەناکات، بە
ناچار:
a)
رەوتى مێژوو لەبەرچاو ناگرآ، مرۆڤ وەک تاکێکى
ئابستراکت و دابڕاو دەبینێ و هەستى دینى وەک شتێکى
نەگۆڕ دەردەخات کە بوونى سەربەخۆیى هەیە.
b)
لە ئەنجام دا، زاتى مرۆڤ تەنیا وەک "تیپ"، وەک
پێکهاتەیەکى دەروونى ئاڵۆز دەبینێ کە تاکەکان بە
شێوەیەکى تەواو سروشتى لێکدەبەستێ.
(7)
کەوابوو، فۆیرباخ تێناگات کە خودى هەستى دینى
بەرهەمێکى کۆمەڵایەتییە و تاکێکى ئابستراکت کە ئەو
شرۆڤەى دەکات لە راستیدا پێوەندى بە فۆرمێکى
کۆمەڵایەتى تایبەتەوە هەیە.
(8)
ژیانى کۆمەڵایەتى لە بنەڕەت دا پراتیکییە.
رێگەچارەى ئەقڵانى هەموو ئەو رەمز و رازانە کە
تیۆرى بەرەو سۆفیگەرایى دەبەن لە کردارى مرۆڤى و
لە دەرکى ئەم کردارە دایە.
(9)
باڵاترین ئاکامى ماتریالیزمى چاودێر (پەسیڤ)، یانى
ماتریالیزمێک کە دنیاى مادى وەک چالاکى پراتیکى
لەبەرچاو ناگرێت، مێتۆدى چاودێرى تاکە
لێکدابڕاوەکانە کە لە "کۆمەڵى مەدەنى"
[بورژوایى]دا بەسەر دەبەن.
(10)
دیدگاى ماتریالیزمى کۆن، کۆمەڵى "بورژوایى"یە.
دیدگاى ماتریالیزمى نوێ، کۆمەڵى مرۆڤى، یان مرۆڤى
سۆسیالیزەیە.
(11)
بیرمەندان تا ئێستا بەشێوەى جیاواز تەنیا جیهانیان
راڤەکردووە، بەڵام گرنگ گۆڕینى جیهانە.
تێبینیی وهرگێڕ:
بۆ ئەوەى لە درووستى دەقە فارسییەکان دڵنیا بم،
پاش بەراورد کردن، ئەم دوو سەرچاوەیەم بەکار
هێناوە:
1) جامعە، فرهنگ، ادبیات، لوسین گلدمن، محمد جعفر
پویندە، نشر چشمە، تهران 1380، ێێ 381-403.
2) ایدئولوژى المانى، ک. مارکس ف. انگلس، پرویز
بابایی، نشر چشمە تهران 1380. ێێ 79-83.
گهر بۆچوونێکت ههیه ئێره کلیک بکه
تکایه ئیشاره بکهن که پهیامهکهتان لهسهر
کام بابهته
مافی بڵاوکردنهوهی ئهم
بابهته بۆ ههڵوێست پارێزراوه ، به هێنانی ناوی سهرچاوه
کهڵک وهرگرتن لهم بابهته ئازاده
|